Skip to Content

Monday, May 6th, 2024
سۆشیاڵ میدیا و ئەدەب … گۆران عەبدوڵڵا

سۆشیاڵ میدیا و ئەدەب … گۆران عەبدوڵڵا

Closed
by June 26, 2013 گشتی

 

 

 

 

کۆتایی نەوەتەکان و بەدیاریکراویش سەرەتاکانی دووهەزار، بە پێچەوانەی هەر زانستێکیترەوە ، زانستی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت لای کورد پێشوازییەکی باشی لێکرا. هۆکاری ئەو باوەش گرتنەوەیە هەرچییەک بووبێت، لە کۆتاییدا پێشوازییەکی پۆزەتیڤانە بوو لە دیدی مندا.

شۆڕشی زانیاری تەکنۆلۆژی کە بە IT  ناسراوە لە ماوەیەکی کورت و ڕووبەرێکی فراوان لە جیهاندا بڵاو بووەوە، مەزەندە دەکرێت زیاتر لە30% خەڵك لە کۆی 7 بلیۆن کەس لە جیهاندا دەستیان بە ئینتەرنێت بگات. ئینتەرنێت بە جیاواز لە میدیاکانی پێش خۆی کە هەردەبوایە ئێمە ئەوان ببینین و بخوێنینەوە و گوێگریان بین، شانسی ئەوەی پێداین ئەوانیش ئێمە بخوێننەوە یان لە ڕێگای بلۆگێکەوە یان ماڵپەرێکەوە دەڕبڕی دیدو بۆ چوونەکانی خۆمان بین. دەرفەتێکی درووستکرد ، ئیتر ڕۆژنامەو بڵاوکراوە قۆرغکراوەکانی دەسەڵات و گروپە جیاوازەکان نەتوانن بە ئاسانی ئاراستە و فیکری تاکەکان لە قاڵب بدەن و بە گوێرەی بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسێکانی دەستەیەک، کۆمەڵگە بەسەر کۆمەڵێک لە حەڵاڵ و حەرامدا دابەش بکەن. 

دونیای ئەدەب وەک هەر بوارێکیتر نەیتوانیوە خۆی دووربگرێت لە کاریگەرییە پۆزەتیڤ و نەگەتیڤەکانی ئەو ماشێنە زەبەڵاحەی پێیدەڵێن ئینتەرنێت، کە دونیایی بچوک کردۆتەوە بۆ سکرینێکی چەند ئینجی.

کرانەوەی ژمارەی سەرسوورهێنەر لە وێبلاگ و ماڵپەڕ لە جیهاندا و دەست ڕاگەشتنی هەموو بەکار هێنەرێکی ئینتەرنێت پێیان بە ئاسانی، بۆ خۆی تێکشکاندنی کۆت و بەندەکانی کات و شوێنە بۆ بەشەرییەت، ئەو کات و شوێنانەی ، لە زۆر جێگای ئەم جیهانەدا، تێڕوانینە جۆراوجۆرەکانی بە یەک ڕەنگ، لە چوار ڕۆژنامە و دووگۆڤاردا کورت دەکردەوە.  

 گەڕان بەناو تۆڕەکانی ئینتەرنێت دا لە بواری ئەدەبدا توشی هەزارن لاپەرەی تاکەکەسی دەبین لەم سەری دونیاوە بۆ ئەو سەری . بە زانینی یەکێک لە زمانەکانی گوگڵ و وەرگێرانیان، کار ئاسانییەکی زۆر دەکات بۆ تێگەشتنمان لەو بابەتە، لێرەوە دەکەوینە بەرانبەر ئەوەی ئێمە خۆمان چیمان پێیە، وە چ خوێندنەوەیەکمان بۆ ئەو دەقە ئەدەبییە هەیە کە دەست بۆ خوێندنەوەی دەبەین، یان ئەو کتێبەی بریاری وەرگێرانی دەدەین بۆ سەر زمانەکەی خۆمان. کتێبخانەکانی کوردستان پڕ بوونە لە کتێبی وەرگێڕدراو، بەڵام زۆربەی جار هیچ حیکمەتێک نادۆزیتەوە لە پشتی ئەو وەرگێڕانەوە، ئەوە نەبێت کە وەرگێڕ دەیەوێت ژمارەیەکی تر زیادبکات بۆ کارەکانی.

ئەگەر نەتوانرێت پردێکی پتەو و تەندروست لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا درووست بکرێت و نەتوانرێت زیرەکانە مامەڵە لەگەڵ میدیای نوێدا بکرێت، بە دڵنیایەوە نەوەی نوێ کەسەروکارێکی زۆری هەیە لەگەڵ دونیایی ئینتەرنێت، بەر ئەو شەپۆلی بێسەرو بەرییە دەکەوێت . بەڕای بەشێک لە خوێنەران و نووسەران، پێیان وایە هەتا دێت جوانێکان ڕوو لە کاڵ بونەوەدەکەن، هەتا دێت داهێنان کەمتر دەبێتەوە.

جاک شیراک سەرۆکی پێشوی فەرەنسا لە وتەیەکی خۆیدا وتی” ئەگەر زمانەکەمان، بەرنامەکانمان و داهێنانەکانمان بە شێوەیەکی بەهێز لەسەر چاوەکانی میدیاوە ئامادەییان نەبێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە نەوەی نوێمان لە ‌ڕووی کلتورو ئابورییەوە پشتگوێدەخرێن”.

 

مەی٢٧، ٢٠١٣

لە هەتەنامەی نسێ ژمارە ٤٦ لە گۆشەی دیدگە بڵاوبۆتەوە
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.