پشیله‌ی فیلسووف … فه‌ڕۆخ نێعمه‌تپوور
حه‌وشه‌که‌ی ئێمه ئه‌وه‌نده گه‌وره بوو که پشیله گه‌ڕۆکه‌که‌ی ماڵه‌که‌مان ئیتر ته‌مه‌عی گه‌ڕانی حه‌وشه و خانووه‌کانی تری گه‌ڕه‌ک نه‌یده‌گرت. ئه‌سڵه‌ن هه‌ر له ئه‌زه‌له‌وه قه‌ت توخنی هیچ خانوو و به‌ره‌یه‌کی تر نه‌که‌وتبوو،… پێم وابێ! لێی پاڵده‌که‌وت و دڵنیا له‌وه‌ی لێره سه‌رئه‌نجام شتێکی ده‌ست ده‌که‌وێت، سه‌یری سه‌مای گه‌ڵای دره‌خته‌کانی ده‌م “با” ی ده‌کرد. پشیله‌که‌ی حه‌وشه‌که‌ی ئێمه شێت و شه‌یدای سه‌مای هاوبه‌شی “گه‌ڵا” و “با” بوو. پشیله‌یه‌کی فه‌لسه‌فی! پرسیاری گه‌وره لای وی ئه‌وه بوو که چلۆن ده‌کرا شتێکی نادیار، شتی دیار بجوڵێنێ.
حه‌وشه‌که‌ی ئێمه یه‌کجار گه‌وره بوو. دوو گچکه باغ له پێشه‌وه و پشته‌وه‌ی خانووه‌که و ئه‌و که‌ردووه خنجیله هێڵ ئاساییانهیش، له به‌شێکی تری‌دا که سه‌وزه و خه‌یار و ته‌ماته‌یان تیا راکشابوون. “با” جاری وابوو ئه‌وه‌نده به‌هێز راده‌خوشا که هه‌موویانی له سه‌ر زه‌وی پاڵدهخست.
که‌س به قه‌د پشیله‌ی حه‌وشه‌که‌ی ئێمه حه‌زی به “با” نه‌بوو. “با” خشپه‌ی پێی ئه‌و و ده‌نگی جوڵه‌ی جه‌سته‌ی ده‌مراند. ده‌نگه‌کانی تر ئه‌وه‌نده زاڵ ده‌بوون که چۆله‌که و مشکه‌کان ده‌نگی ئه‌ویان نه‌ده‌بیست. هه‌ر بۆیه راوکردن له حه‌وشه‌که‌ی ئێمه یه‌کجار بۆی ئاسان بوو. پشیله‌که جاری وابوو خه‌نده‌یه‌کی فه‌لسه‌فی ده‌یگرت، به مشک و چۆله‌که‌کان پێکه‌نینی ده‌هات، به گه‌مژه‌ییان، ئاخر با ده‌نگیشی نه‌بیستن، به‌ڵام چلۆن ده‌کرا بوونه‌وه‌رێک له بیر به‌رن که ساڵانی ساڵ له‌و حه‌وشه‌دا بوو و ئه‌وانی ده‌خوارد،… نه‌وه له دووای نه‌وه، ژیان له دووای ژیان. جا با “با”یشی بێت، ئه‌ی بیر بۆ چییه؟ ئه‌و جاری وابوو له به‌ر خۆیه‌وه به بزه‌یه‌که‌وه ده‌یگووت:
ـ خه‌تای “با”یه! “با” بیریش ده‌مرێنێ،… له گه‌ڵ خۆی ده‌یبا.
پشیله‌که جاری وابوو به‌و ئاکامه ده‌گه‌یشت که گه‌ڵاکان له مشک و چۆله‌که‌کان زیره‌کترن، یه‌کجار زیره‌کتر.
دایکم دڵنیا له بوونی ئه‌م بوونه‌وه‌ره فه‌لسه‌فییه له حه‌وشه گه‌وره‌که‌ماندا، پاشماوه‌ی چێشته‌کانی له په‌نجه‌ره‌که‌وه فڕێده‌دا ده‌ره‌وه. پشیله‌که جاری وابوو له گه‌ڵ خواردنی دیارییه‌کی دایکم، چۆله‌که یان مشکێکیشی له گه‌ڵ نۆشی گیان ده‌کرد. ئه‌و، ئه‌و چۆله‌کانه‌ی ده‌خوارد که وه‌ک ئه‌و عه‌وداڵی به‌رماوه‌کانی ده‌ستی دایکم بوون.
جاری وابوو بۆنی وه‌ها خۆش له ماڵ و حه‌وشه‌ی دراوسێکانه‌وه ده‌هات که سه‌رتاسه‌ری حه‌وشه‌که‌ی ئێمه‌ی ده‌ته‌نی و وڕی ده‌کرد. بۆنی که‌باب و گۆشتی بر‌ژاو و ماسی. ئه‌وه‌نده به‌له‌ززه‌ت، خه‌یاڵ نایگاتێ. من له جیاتی پشیله‌که لوتم به‌رز ده‌کرده‌وه و ده‌مگێڕا، بۆ ئه‌وه‌ی بزانم له کوێوه دێت، بۆ ئه‌وه‌ی بزانم ئه‌م بۆنه تا چ سنورێک ده‌توانێ خۆش بێت. که‌چی پشیله‌که مێش چییه میوانی نه‌بوو. عه‌ینی خه‌یاڵی نه‌بوو. وه‌ک بڵێی هیچ بۆنێک نه‌ده‌هات. ئه‌و به گوێره‌ی بیرکردنه‌وه فه‌لسه‌فییه‌کانی پێی وابوو بۆن دیارده‌یه‌کی ئۆبژێکتیڤییه، واته په‌یوه‌ندیی به‌و که‌سه‌وه هه‌یه که بۆن ده‌کا و، هه‌ر بۆیه یه‌قین کردن له سه‌ر بوون و نه‌بوونی یه‌کجار دژواره.
حه‌وشه‌که‌ی ئێمه یه‌کجار دڵخوازی ئه‌و بوو. خۆشترین حه‌وشه‌ی دونیا! بهرههستترین “بوون”.
ساڵان گوزه‌را. کت‌وپڕ رۆژێک سه‌روسه‌کوتی پشیله‌یه‌کی تر په‌یدا بوو. رێک له سه‌ر حه‌ساره‌که‌وه په‌یدا بوو. ئه‌و حهسارهی به بلۆک چێکرابوو و هاوینان له به‌ر گه‌رمای هه‌تاو وه‌ها گه‌رم داده‌هات، وه‌ک پشکۆی ئاگر. ئا، پشیله‌یه‌کی ره‌شی سه‌ر زل به چاوه زه‌قه سهوزهکانییهوه. پشیله ره‌شه‌که سه‌ره‌تا جوان جوان سه‌رتاپای حه‌وشه‌که‌ی به چاوه زیتهڵهکانی پشکنی. سه‌یری په‌نجه‌ره ته‌نیاکانی کرد، سه‌یری دره‌خته‌کانی سه‌مای به‌ر “با” و ئه‌و چۆله‌کانه‌ی قه‌ت له جریوه نه‌ده‌که‌وتن. پرسیارێکی گه‌وره لای وی که قه‌ت نه‌یتوانیبوو وه‌ڵامه‌که‌ی بدۆزێته‌وه، ئه‌وه‌ی که چۆله‌که بۆ ئه‌وه‌نده ده‌جریوێنێ. به ئارامی و گه‌لێک نه‌رم له حه‌ساره‌که دابه‌زییه خواره‌وه. حه‌وشه گه‌وره‌که وه‌ک رازێکی گه‌وره بانگی لێده‌کرد. بیری کرده‌وه: “گه‌وره‌ترین حه‌وشه‌ی گه‌ڕه‌ک، یاخود ته‌واوی شار!” دووای راوه‌ستانێکی کورتی سه‌ر سێ قاچ، به ناو گیا تا ناوقه‌د بڵیندهکانیدا تێپه‌ڕی. بیرێک به مێشکیدا گه‌ڕا: “وڵات تا گه‌وره‌تر، خواردنیشی بهلهززهتر! مشکه‌کان لێره ماسولکه‌یان زیاتره!”به‌ره‌و بیره‌که رۆیشت، ئه‌و بیره‌ی له چاڵه‌کانی ده‌ورووبه‌ریدا هێشتا ئاوی به هه‌ڵم نه‌بوو ده‌بینرا. توونی بوو. زمانه نیوه ته‌ڕه‌که‌ی به سه‌ر لێوه وشکه‌کانیدا گێڕا. هێشتا یه‌که‌م زمانی له ئاوه‌که به جوانی نه‌خشاندبوو که جوڵه‌ی شتێکی سه‌یری ئه‌و به‌ری بیره‌که، سه‌رنجی راکێشا. سرک سرک، له کرده‌یه‌کی نێوان راکردن و هێرش دا مایه‌وه. کت‌وپڕ سه‌رێکی ره‌نگ خۆڵه‌مێشیی خڕی وه‌ک خۆی بینی. پشیله‌یه‌کی تر. ماوه‌یه‌کی چاک له یه‌کتر رامان. چاو له چاو. هه‌ر دووکیان به ئارامی میاواندیان. دوو میاواندنی غه‌ریب. ئه‌مڕا سه‌ر خۆڵه‌مێشییه‌که به‌ره‌و باخه‌که‌ی پێش خانووه‌که رۆیشت و سه‌ر ره‌شه‌که به‌ره‌و باخه‌که‌ی پشته‌وه.
پشیله سه‌ر خڕه ره‌شه‌که نه‌یده‌زانی که به تووش چ بوونه‌وه‌رێکی سه‌یره‌وه بووه. ئه‌و قه‌ت وشه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی له ژیانیدا نه‌بیستبوو.
پشیله‌که‌ی حه‌وشه‌که‌ی ئێمه زانی ئیتر به تووش کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌وه بووه. زانی ئیتر له‌مه‌به‌دووا خۆی به ته‌نیا لێره نابێ. له به‌ر سێبه‌ری دار قه‌یسییه‌ک چوارچنگۆڵ لێی دانیشت و بیری کرده‌وه. بیری ئه‌وه‌ی ئیتر ته‌نیا ئه‌و نیه چۆله‌که و مشکه‌کان له‌م حه‌وشه گه‌وره‌یه‌دا راودهکا، بیری ئه‌وه‌ی ئیتر هه‌ر ئه‌و نیه له پاشماوه‌ی خواردنه‌کانی به‌ر په‌نجه‌ره‌که ده‌خوا. ئه‌وه‌ی که ئه‌م پشیله ره‌شه وه‌ک بۆنه خۆشه‌کانی دراوسێکان نیه و بوونێکی ته‌واو راسته‌قینه‌یه. رۆژه زێڕینه‌کان ته‌واو بووبوون،… کۆتای‌یان پێهاتبوو. ده‌با هه‌ر چی زووتر چاره‌یه‌ک بدۆزێته‌وه، به‌ڵام چۆن؟ ئه‌وه‌ی ئه‌و بینیبووی، ئه‌و سه‌ر و قه‌ڵافه‌ته به هه‌یبه‌ته، رێگا و ئیزنی هیچ چاره‌سه‌رێکی کتوپڕی نه‌ده‌دا.
رۆژان تێپه‌ڕین. هه‌وڵیان ده‌دا زۆر به تووش یه‌کتره‌وه نه‌بن. ئه‌و جاری وابوو به‌و ئاکامه ده‌گه‌یشت که نه‌دیتن ده‌کرا بوونه‌وه‌رێکی راسته‌قینه به‌ره به‌ره ون کا. ئا، بزری کا،… بۆ هه‌میشه، به‌ڵام نێچیره‌کان روویان له که‌می کردبوو. ته‌نیا خواردنی دایم، هه‌مان پاشماوه‌که بوو که ئه‌ویش نه‌ده‌کرا پێکه‌وه له سه‌ری حازر بن. له رێی یه‌کتر ده‌وه‌ستان. که‌میی نێچیره‌کان، له راستیدا ئاماژه بوو به راستییه‌کی ترسناک. راستییه‌که‌ی یه‌کجار حاشاهه‌ڵنه‌گر.
ئیدی له مێژ بوو ئه‌میان به باخه‌که‌ی پێشه‌وه‌و ئه‌وی تریان به باغه‌که‌ی پشته‌وه رازی بووبوو. ژنه‌که‌ی پشت په‌نجه‌ره‌که‌یش له‌وه نه‌ده‌چوو هه‌بوونی چه‌ند پشیله له یه‌ک حه‌وشه‌دا زۆر بۆی گرینگ بێت. عه‌جه‌ب رۆژانێکی دڵته‌نگ و دژوار بوون. چ کاره‌ساتێک! چ ده‌ورانێکی دژوار بۆ فه‌لسه‌فه!
سه‌رئه‌نجام ئه‌وه‌ی خۆیان لێده‌بوارد، واته رۆژی شه‌ڕه گه‌وره‌که هات. ئه‌و که پێی وابوو شه‌ڕ شتێکه په‌یوه‌ندی به مێژووه‌وه هه‌یه نه‌ک به فه‌لسه‌فه‌وه، به‌ره‌به‌ره نزیکبوونه‌وه‌ی سێبه‌ره ترسناکه‌که‌ی ده‌بینی. ئێواره‌یه‌کی دره‌نگ وه‌ختی پاییز، هه‌ر دووکیان له سه‌ر سنووری نێوان دوو باغه‌که، رێک له‌و شوێنه‌ی دایکم پاشماوه‌ی خواردنه‌کانی رۆده‌کرد، به یه‌ک گه‌یشتن. موو گرژ، پشت کوڕ و چاو هه‌راسان (ره‌نگه مووی ئه‌و که‌متر گرژ، پشتی که‌متر کوڕ، به‌ڵام چاوه‌کانی زیاتر هه‌راسان). سه‌ره‌تا میاواندنێکی سه‌یر و ترسناک، یه‌کجار درێژ خایه‌ن. ده‌نگێک که مه‌علوم نه‌بوو هه‌رای شه‌ڕه یا نه‌وایه‌کی غه‌مناک. ئه‌وسا به یه‌کا هه‌ڵپژان. له یه‌که‌م ههڵپژاندا که دیار نه‌بوو کامیان تیایدا سه‌رکه‌وتوو بوو، هه‌ر کامه‌یان به‌ره‌و باخه‌که‌ی خۆی به په‌له و به هه‌ڵه‌داوان کشایه‌وه و، هه‌ڵات.
له‌و رۆژه‌وه ئیتر باخه‌که‌ی پشته‌وه به ته‌واوی بوو به باخی پشیله ره‌شه‌که و باخه‌که‌ی پێشه‌وه بووه به باخی پشیله خۆڵه مێشییهکه. په‌نجه‌ره‌که‌ی دایکیشم سنووری نێوانیان.
حه‌وشه گه‌وره‌که‌ی ئێمه بۆ ئێمه وه‌ک جاران هه‌ر هه‌مان حه‌وشه‌یه،… به‌ربڵاو و جێدار به باخه جوانه‌کانییه‌وه. بنه‌ماڵه‌ی ئێمه هیچ کاممان نه ئاگامان له سنووری نێوان پشیله فیلسووفهکه و پشیله سه‌رخڕه ره‌شه‌که‌یه و، نه ئاگامان له ترس و گله‌یی و گازنده‌ی چۆله‌که و مشکه‌کان. ئه‌وانه‌ی وا ئیستا یه‌کجار زیاتر له جاران ده‌جریوێنن و یه‌کجار زیاتر له جارانیش له په‌نا و کونه‌کاندا خۆیان حه‌شار ده‌ده‌ن.
چۆله‌که و مشکه‌کان پێیان وایه خۆشترین ده‌وران ئه‌و ده‌ورانه بوو که پشیله فیلسووفهکه تاقه حوکمڕانی حه‌وشه‌که‌ی ئێمه بوو.