تێنه‌گه‌یشتن له رۆمانی به‌فر، یان خۆ به‌هه‌ڵه‌دا بردن
چه‌ند سه‌رنجێكی دۆستانه له‌سه‌ر نووسینه‌كه‌ی كاك غه‌فوور ساڵح….
ئارام سدیق……..
سه‌ره‌تا….
كرده‌ی نووسین یه‌كێكه له‌و كردانه‌ی كه هه‌م وردبوونه‌وه‌ی زۆری ده‌وێت و هه‌م پێویستی به باكگراوندێكی رۆشنبیری به‌رده‌وام هه‌یه و هه‌م به‌رپرسیارییه‌كی ئه‌خلاقیشه كه ده‌كه‌وێته سه‌رشانی نووسه‌ر. رێبوار سیوه‌یلی له‌و باره‌یه‌وه ده‌نوسێت: هه‌موو هه‌ستكردنێك به به‌رپرسیاری له‌ئاست ده‌ره‌وه‌دا هه‌ستكردنه به به‌رپرسیاری له‌ئاست ناوه‌وه‌ی خۆماندا. بۆیه ده‌رده‌كه‌وێت نووسه‌ر ته‌نها له ئاستێكدا به‌رپرسیار نییه، به‌ڵكو له هه‌موو ئاسته‌كاندا به‌رپرسیاری له‌سه‌ر شانه. ئه‌گه‌ر نووسه‌رێك یه‌كێك له‌و سێ تایبه‌تمه‌ندییه‌ی سه‌ره‌وه‌ی تێدا نه‌بێت كه خستمانه‌ڕوو بێگومان نووسین لای ئه‌و توشی ناهاوسه‌نگی ده‌بێت. نا هاوسه‌نگییه‌ك تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی تێبكه‌وێت و هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی مێژووی بكات.
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌م نووسینه‌یه قسه‌كردنه له‌سه‌ر نوسینێكی دووبه‌شی كاك "غه‌فور ساڵح" له ژێر ناونیشانی (رۆمانی به‌فر نێگه‌تیڤانه له كورد ده‌دوێت) له ژماره‌كانی (578-579)ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه. نووسینه‌كه به‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌ره‌یه‌كدا دابه‌ش ده‌بێت كه به‌شێكی ته‌رخانه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر خه‌ڵاتی نۆبڵ و كێ شایسته‌یه و كێ شایسته نییه؟ هه‌روه‌ها به‌شێكی ته‌رخانه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر وه‌رگرتنی نۆبڵ له‌لایه‌ن ئۆرهان پامۆكهوه،كه له‌ساڵێ (2006)دا له‌پای سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و خه‌ڵاته‌ی وه‌رگرت. به‌شێكی تریشی ته‌رخانه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه رۆمانی "به‌فر"ی ئۆرهان پامۆك كه گوایه به‌شێوه‌یه‌كی سلبی له كوردی روانیوه و باسی كورد ده‌كات. من له‌م نووسینه‌دا نامه‌وێت كێبه‌ركێیه‌كی ناشه‌ریفانه له‌گه‌ڵ كاك غه‌فووردا بكه‌م، به‌ڵكو مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌م نووسینه بۆ دروستكردنی گفتوگۆیه‌كی دۆستانه‌یه، كه من پێموایه كاك غه‌فوور كه‌وتۆته چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌كه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌م له خوێندنه‌وه‌ی رۆمانی ناوبراودا ورد نه‌بووه و هه‌م له تێگه‌یشتن له خه‌ڵاتی نۆبڵیشدا راكانی ورد و لۆژیكی نین. من ده‌خوازم سه‌رنجه‌كانم له دڵێكی فراوانه‌وه وه‌رگرێت.
نۆبڵ به كێ ده‌درێت؟
ئه‌گه‌ر ئێمه سه‌ره‌تا له‌و پرسیاره‌وه ده‌ست پێبكه‌ین كه نۆبڵ به كێ ده‌درێت؟ تێده‌گه‌ین كه كاك غه‌فوور ته‌واو به هه‌ڵه له وه‌رگرتن و پێدانی نۆبڵ تێگه‌یشتووه. خه‌ڵاتی نۆبڵ خه‌ڵاتێكی جیهانییه و ساڵانه له‌لایه‌ن ئه‌كادیمایی سویدییه‌وه ده‌درێت به چه‌ند كه‌سێك له بواری جیاجیادا كه یه‌كێك له‌و بوارانه ئه‌ده‌به. له بواری ئه‌ده‌بدا ده‌درێت به نووسه‌رێك كه تاڕاده‌یه‌كی زۆر خزمه‌تی به مرۆڤایه‌تی كردبێت، نه‌ك ته‌نها خزمه‌تی به مرۆڤ له‌نێوه‌ندێكی دیاریكراودا كردبێت. نۆبڵ ئه‌و نووسه‌رانه ده‌گرێته‌وه كه له بیركردنه‌وه‌ی ناوچه‌یی ده‌رچوون و نوسینه‌كانیان بوونه‌ته موڵكێكی مرۆیی و تێیدا هه‌وڵی به‌ره‌و به مهدهنیوونی میله‌تان ده‌ده‌ن و قسه له‌سه‌ر پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌ی گه‌ل و نه‌ته‌وه جیاجیاكان ده‌كه‌ن. واته به كورتی هه‌وڵی پێوه ژیانی ئاشتیانه ته‌واوی مرۆڤایه‌تی ده‌ده‌ن و چه‌مكی "مرۆڤ" لایان سه‌روه‌ره نه‌ك چه‌مكی (مرۆڤی توركی، یان كوردی، یان ئه‌وروپی و… هتد). واته ئه‌و نووسه‌رانه‌ی نۆبڵیان پێده‌درێت.
وه‌رگرتنی نۆبڵ له‌لایه‌ن پامۆكهوه به‌رای من بۆ چه‌ند هۆیه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه یه‌كێك له‌و هۆیانه ئه‌و له رۆمانه‌كانیدا هه‌وڵی خستنه‌ڕووی كێشه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی توركیای داوه به (كورد و تورك و ئه‌رمه‌ن)ه‌وه به‌تایبه‌تیش له رۆمانی (به‌فر)دا، هه‌روه‌ها هه‌وڵی پێكه‌وه ژیانی نێوان ئه‌و پێكهاتانه و به‌ستنه‌وه‌ی توركیا به ئه‌وروپاوه و كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی توركی داوه، باشترین نموونه‌ش بۆ ئه‌م قسانه ره‌نگه ته‌نها رۆمانی "به‌فر" بێت كه كاك غه‌فوور باسی ده‌كات.
كاك غه‌فوور له به‌شێكی تری نوسینه‌كه‌یدا باس له‌وه ده‌كات كه كه‌سانی وه‌ك یاشار كه‌مال و عه‌زیز نه‌سین شایهنتربوون بۆ وه‌رگرتنی نۆبڵ. بێگومان بۆ وه‌ڵامی ئه‌مه من نامه‌وێ به‌رگری له پاموك بكه‌م و خۆم به به‌رگریكه‌ر له هیچ نووسه‌رێك نازانم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆته هۆی ئه‌وه‌ی نۆبڵ به ئۆرهان پامۆك بدرێت و نه‌درێت به "یاشار كه‌مال و عه‌زیز نه‌سین" كه پێموایه هه‌ردووكیان به‌رهه‌میان له پامۆك زیاتره ئه‌وه‌یه كه دنیابینی پامۆك دنیابینییه‌كی قوڵ و هه‌مه‌لایه‌نه‌یه و ته‌نها به‌رگری له‌لایه‌ك ناكات و له‌یه‌ك په‌نجه‌ره‌وه ناڕوانێته دنیا، كه پێموایه ئه‌م حاڵه‌ته لای یه‌شار و نه‌سین كه‌متر ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه. واته ئه‌و دوو نووسه‌ره زیاتر وه‌ك به‌رگریكه‌ر له چینێكی دیاریكراو له‌نێو رۆمان و چیرۆكه‌كانیاندا به‌ده‌ر ده‌كه‌ون. واته تێگه‌یشتن له‌وه‌ی كه نۆبڵ ده‌درێت به‌كێ تێده‌گه‌ین پێدانی نۆبڵ به كه‌سێكی وه‌ك پامۆك له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌كه. ئه‌گه‌رچی زۆرجار ره‌خنه له ئه‌كادیمیای سویدی گیراوه كه لایه‌نداری له به‌خشینی ئه‌و خه‌ڵاته‌دا ده‌كه‌ن، به‌ڵام پێده‌چێت لایهندارییهكه له‌و ئاسته‌دا نه‌بێت كه بێبنهمابێت، واته بنه‌مایه‌كی لۆژیكی هه‌یه.
كاك غه‌فوور له به‌شێكی تری نووسینه‌كه‌یدا ده‌نوسێت: پاموك ناگاته ناوقه‌دی نووسه‌رێكی وه‌ك یه‌شار كه‌مال. من سه‌یرم لێدێت كاك غه‌فوور حوكمێكی ئاوها بێ بنه‌ما ده‌دات، ئایا چۆن ده‌توانێـت بیسه‌لمێنێت كه ئه‌و نووسه‌ره ناگاته نێو قه‌دی یه‌شار به چ به‌ڵگه‌یه‌ك؟ كوان ئه‌و خاڵانه‌ی پامۆك له یه‌شار به نووسهرتر ده‌زانن؟ یان ده‌نوسێت: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌شار كورده بۆیه نۆبڵ وه‌رناگرێ. بێگومان ئه‌م قسانه هه‌موو كه‌س ده‌توانێ بیانكات، به‌ڵام گرنگ سه‌لماندنی به‌ڵگه‌یه من پێم باش بوو كاك غه‌فوور له توێژینه‌وه‌كدا به‌چڕو پڕی ئه‌و رسته‌یه‌ی بسه‌لماندایه نه‌ك به‌سه‌رپێی ئه‌و رسته‌یه بخاته‌ڕوو.
له‌به‌شێكی تردا دێته سه‌ر باسكردن له گه‌وره‌یی عه‌زیز نه‌سین و پێیوایه عه‌زیز نه‌سین له پامۆك شایه‌نتره بۆ وه‌رگرتنی نۆبڵ، بێگومان ئه‌مه رایه‌كه و شایه‌نی گوێلێگرتنه، به‌ڵام ئه‌م رایه پێویستی به لێكۆڵینه‌وه و سه‌لماندن هه‌یه، خستنه‌ڕووی هه‌ر رایه‌ك پێویستی به سه‌لماندن هه‌یه كه كاك غه‌فوور ئه‌مه‌ی نه‌كردووه و پێموابێت ناشیه‌وێت بیكات. من لاشم وایه نه‌سین له پامۆك گه‌وره‌تر نییه، به‌ڵام نووسه‌رێكی دیار و گه‌وره‌یی توركه.
لێكچوونه‌كانی رۆمانی به‌فر
بۆرخیس ده‌ڵێـت: هه‌موو شته‌كان وتراون شتێك نه‌ماوه‌ته‌وه بوترێ. له‌م قسه‌یه‌ی بۆرخیسه‌وه تێده‌گه‌ین كه هه‌موو ده‌قێكی نوێ فۆرمێكی تر و روانینێكی تره بۆ بابهتهكان. یان وه‌ك نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د ده‌نوسێت: دهقئامێز "تناێ" یان به‌یه‌كداچوونی ده‌قه‌كان به‌و پێیه‌ی منومكین نییه هیچ ده‌قێك بێلایه‌ن و پاك بێت،چونكه ده‌ق له ماهییه‌تدا له چه‌ند ده‌قێكی پێشووتری له‌خۆگرتووه. بۆیه ده‌ستنیشانكردنی لێكچوونی نێوان دوو ده‌ق ئه‌گه‌ر لێكچوونهكانه هێنده زۆر نه‌بن كه له‌نیوه‌ی تێكسته‌كه بگرێته‌وه شایه‌نی باسكردن نییه.
یه‌كێكی تر له‌و خاڵانه‌ی كه كاك غه‌فوور له نوسینه‌كه‌یدا وروژاندوویه‌تی ئه‌وه‌یه كه رۆمانی به‌فر له رۆمانی(ته‌لاری یهقوبیان)ی (عه‌لا ئه‌سوانی) ده‌چێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئوتێل "به‌فر پاڵاس" كه به‌شێكی رووداوه‌كانی نێو رۆمانی به‌فری تێدایه و "كا" كه له فرانفۆرتهوه ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌وێدا پشوو ده‌دات.له رۆمانه‌كه‌ی (عه‌لا ئه‌سوانی)شدا به‌شێكی زۆری رووداوه‌كان له (ته‌لاری یهقوبیان)دا رووده‌دات و هه‌ردوو بیناكه كۆنن و مێژوویه‌كی دێرینیان هه‌یه. خستنه‌ڕووی لێكچوونی ئه‌م دووبینایه لای كاك غه‌فوور بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه ته‌واوی رۆمانی به‌فری پێ باش نه‌بێت و پێی رۆمانێكی بێكهڵ بێت. بێگومان خستنه‌ڕووی ئه‌م رایه مافێكی ئاسایی كاك غه‌فووره،وه‌ك خوێنه‌رێك ده‌كرێت رۆمانه‌كه ره‌ت بكاته‌وه و چێژی لێوه‌رنه‌گرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاسایی نییه بێت و ئه‌و رایانه‌ش بخاته‌ڕوو و به‌ڵگه‌ی سه‌لماندنیشی نه‌بێت، یان نه‌توانی پێناسه‌یه‌كی (لێكچوون) و جۆری لێكچوونه‌كه بكات؟ یان ئایا ئه‌وه (دزی ئه‌ده‌بییه) ئه‌گه‌ر دزی ئه‌ده‌بییه بۆ كاك غه‌فوور پێناسه‌كی دزی ئه‌ده‌بی ناخاته‌ڕوو؟ هه‌روه‌ها ئایا به چ لۆژیكێك لێكچوونی دوو بینای نێو دوو تێكست ده‌بێته هۆی لێكچوونی كۆی تێكسته‌كان. كاك غه‌فوور ئه‌وه‌شی روون نه‌كردۆته‌وه كه ئه‌و لۆژیكه‌ی ئه‌و كاری پێده‌كات چ لۆژیكێكه و له ژێر چه‌تری چ قوتابخانه‌یه‌كی رهخنهیدایه؟
كاك غه‌فوور له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕیاریداوه كه به سوكی سه‌یری رۆمانی "به‌فر" بكات، بۆیه له باسكردنی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و رۆمانه‌شدا كۆمه‌ڵێك نموونه‌ی بێ به‌ڵگه ده‌هێنێـته‌وه كه دیسان شایه‌نی له‌سه‌ر وه‌ستانه. به‌شێك له بونیادی رۆمانی به‌فر له‌سه‌ر ئه‌وه پێكهاتووه كه "كا"ی پاڵه‌وان ده‌یه‌وێت ئاماری خۆكوشتنی كچ و ژنانی شارۆچكه‌ی "قارس" كۆبكاته‌وه و به‌دواداچوونی بۆ بكات. كاك غه‌فوور ئه‌وه به لێكچوون ده‌زانێت كه له چیرۆك و رۆمانه‌كانی ته‌سلیمه نه‌سرینی نوسه‌ری به‌نگلادیشی وه‌رگرتووه بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به ناوی هیچ رۆمان و چیرۆكێك بكات، یان ئاماژه به‌جۆری وه‌رگرتنه‌كه بكات، كه ئه‌مه‌ش دیسان هه‌ڵه‌یه‌كی لۆژییكییه. هه‌روه‌ها بوونی كه‌سێتی (فۆندا ئه‌سه‌ر) به بڕوای كاك غفوور (راستر وایه بڵێم به لۆژیكی كاك غه‌فوور) پاموك ئه‌و كه‌سێتییه‌ی له ئه‌كته‌ری چه‌پی ئه‌مریكی (جین فۆندا) وه‌رگتووه. نازانم كاك غه‌فوور ته‌نها له‌به‌ر لێكچوونی ناوه‌كانیان ئه‌وه‌ی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی بۆ هاتووه و خستوویه‌تییه‌ڕوو یان چ شتێكی تر كه ئه‌وه‌ش هه‌ر روون نییه.
لێكچوونی ناوی رۆمانی به‌فر
كاك غه‌فوور كه له‌و نوسینه‌دا ده‌یه‌وێت رۆمانی "به‌فر" له‌به‌رچاوی خوێنه‌ر سوك بكات و پێموابێت هه‌ر ته‌نها ئه‌وه‌شی مه‌به‌سته له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆمانێكه فرۆشێكی زۆر و خوێنه‌رێكی به‌رچاویشی هه‌بووه، بۆیه كاك غه‌فوور به‌راست و چه‌پ تێی كه‌وتووه. ئه‌و باس له‌وه ده‌كات كه ناوی رۆمانی به‌فر ناوێكی خوازراوه و رۆمانی تریش هه‌یه ناوی به‌فره، بۆیه گرنگی تێدانییه كه بخوێنرێته‌وه، چونكه رۆمانی (به‌فر)ی "ماكسێنس فێرمین"یش هه‌مان ناوی هه‌یه. بێگومان خستنه‌ڕووی ئه‌م حاڵه‌ته تا ئاستێكی زۆر سه‌رسوڕهێنه‌ر و مایه‌ی پێكه‌نینه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر كه دوو رۆمان ناویان له‌یه‌كچوو ئیتر ته‌واو و كامیان زووتر بڵاوبوه‌وه ئه‌وه‌یان رۆمانی راسته‌قینه‌یه. ئیتر كاك غه‌فوور بیری ده‌چێت كه له‌نوسیندا گرنگ رووكه‌ش نییه، به‌ڵكو گرنگ ناوه‌ڕۆكه چی تێدا نوسراوه و نووسه‌ر چ بیرێك ده‌خاته‌ڕوو.
له‌به‌شێكی تری نوسینه‌كه‌یدا كاك غه‌فوور باس له‌وه ده‌كات كه رۆمانی "به‌فری كلیمانجارۆ"ی هه‌مه‌نگوای و به‌شێكی زۆر له رۆمانه‌كان و چیرۆكه‌كانی "جاك له‌نده‌ن" و "چیخۆف"یش كه‌شێكی به‌فری هه‌یه بۆیه بوونی كه‌شێكی به‌فری له نێو رۆمان‌دا شتێكی نوێ نییه، كه پامۆكیش به‌كاری هێناوه ئه‌وه له‌و نووسه‌رانه‌ی وه‌رگرتووه. بێگومان خستنه‌ڕووی ئه‌م قسانه ته‌نها به‌هانه هێنانه‌وه‌یه بۆ قسه‌كانی پێشووتری خۆی كه ده‌یه‌وێت رۆمانی "به‌فر" سوك ته‌ماشا بكات و له‌به‌رچاوی خوێنه‌ری كوردی بخات. هه‌روه‌ها كاك غه‌فوور ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه رۆمانێكی "حه‌نا مینا" هه‌یه به‌ناوی (به‌فر له په‌نجه‌ره‌وه دێت) ئه‌ویش بابه‌ته‌كانی زۆر نزیكه له رۆمانی به‌فره‌وه و كه‌شێكی به‌فراوی ته‌واوی رۆمانه‌كه‌ی "حه‌نا مینا"شی داپۆشیووه. خستنه‌ڕووی ئه‌م قسه سه‌رپێییانه گه‌مه‌یه‌كه كه كاك غه‌فوور له زۆرێك له نوسینه ره‌خنه‌ییه‌كانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا كردوویه‌تی و بێئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌یه‌ك بهێنێته‌وه و بێ ئه‌وه‌ی باس له جۆری لێكچوون (تناێ)هكه بكات، كه بێگومان فڕێدانی ئه‌و رستانه بایه‌خی زانستیان نییه و ناچنه خانه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ی ره‌خنه‌ی سه‌رپێین.
ئایا رۆمانی به‌فر نێگه‌تیڤانه له كورد ده‌ڕوانێت؟
رۆمانی به‌فر نێگه‌تیڤانه له كورد ده‌ڕوانێت ناونیشانی كۆی وتاره دوو بهشییهكهی كاك غه‌فوور و تا كۆتایی رۆمانه‌كه‌ش وه‌ڵامی ئه‌وه ناداته‌وه كه ئایا رۆمانی به‌فر نێگه‌تیڤانه له كورد ده‌ڕوانێت؟ یان نا، ئه‌گه‌ر نێگه‌تیڤانه ده‌ڕوانێت چۆنه و به‌پێی چ لۆژیكێكه. گریمان رۆمانی به‌فر نێگه‌تیڤانه له كورد ده‌ڕوانێت؟ به‌ڵام ئایا كورد شایه‌نی ئه‌وه نییه كه ره‌خنه‌ی لێبگیرێت. ئایا كورد هه‌موو پیاوچاكه؟ هه‌روه‌ها ئایا كاری نووسین ئه‌وه‌یه كه نموونه‌ی جوانی كۆمه‌ڵگه بخه‌یته‌ڕوو یان نموونه‌ی دزێو‌و؟ بێگومان به‌شێكی زۆری ئه‌ده‌بیاتی دنیا له‌سه‌ر ره‌خنه‌گرتنی مرۆڤ بیناكراوه و به‌شێكی تریشی له‌سه‌ر ئه‌و سیستمانه بیناكراون كه ده‌ستكردی مرۆڤن، بۆیه كاری نووسه‌ران ره‌خنه‌گرتنه له كۆی سیستمه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ته‌كنه‌لۆژییه‌كان و هه‌وڵدان بۆ دروستكردنی دنیای جوانتر.
پامۆك له رۆمانی به‌فردا باسی كوردی كردووه وه‌ك یه‌كێك له پێكهێنه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ئێستای توركیا و نووسه‌ر له رۆمانی به‌فردا هه‌وڵی خستنه‌ڕووی ئه‌و ململانێ سیاسییه‌ی داوه كه توركیای ئه‌مڕۆ له هه‌ناویدا هه‌ڵی گرتووه. پامۆك به وشیارییه‌وه كێشه‌ی كورد و ئه‌رمه‌نی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی توركیادا خستۆته‌ڕوو و نموونه‌یه‌كی له كێشه‌كه وه‌رگرتووه نموونه‌یه‌ك كه ره‌نگه خۆی لێوه‌ی نزیك بێت، یان ده‌ستی به‌و نموونه‌یه گه‌یشتبێت. ئه‌گه‌ر ئه‌و نموونه‌یه‌ی كه پاموك له رۆمانی به‌فردا باسی ده‌كات نموونه‌یه‌كی باش نه‌بێت، ئه‌وه شتێكی ئاسایییه و پێده‌چێت نموونه‌ی زۆرباشتر یان خراپتری كورد له توركیادا هه‌بێت. بۆیه موناقه‌شه‌كردنی ئه‌وه‌ی پامۆك چ جۆره نمونه‌یه‌كی له كورد و ئه‌رمه‌ن وه‌رگرتووه ئه‌وه نه‌ك كێشه نییه، به‌ڵكو شایه‌نی باس كردنیش نییه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نوسه‌ر ئازاده چۆن ده‌نوسێت و چۆن بیر ده‌كاته‌وه خۆ ناكرێت ئێمه باس له‌وه بكه‌ین كه ئازادی نووسین و بیركردنه‌وه له نووسه‌رێك بگرین، كاتێك كه ئه‌وه‌مان كرد ئه‌وه ئێمه‌ش ده‌بینه دیكتاتۆری نێو ئه‌ده‌ب.
به‌ر له‌وه‌ی پامۆك خه‌ڵاتی نۆبڵ وه‌ربگرێت توركه‌كان دادگایی پامۆكیان ده‌كرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گرنگی به كێشه‌ی كورد و ئه‌رمه‌ن داوه و ئه‌وه‌تا كاك غه‌فووریش ده‌یه‌وێت به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان دادگایی بكات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نێگه‌تیڤانه له كوردی روانیووه.
قسه‌كردن له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد له توركیادا به‌و شێوه‌یه‌ی پاموك باسی كردووه قسه‌كردنێكه پێشتر نه‌بووه، چونكه پامۆك زۆر به روونی و بێپه‌رده باسی ئه‌حزابه‌كانی توركیای كردووه و به‌تایبه‌ت (په‌كه‌كه) كه تا ئه‌وسا باسكردنی ئه‌و حزبه له توركیادا ئه‌وه‌نده قه‌ده‌غه‌بوو كه به‌پێی ئه‌وه‌ی له میدیاكانه‌وه به‌گوێمان ده‌كه‌وت ده‌یان كه‌سی كوردی له‌سه‌ر له سێداره دراوه. بۆیه پامۆك نه‌ك تێگهتیڤانه له كوردی نهڕوانییوه، به‌ڵكو دۆزی كوردی هه‌نگاوێك برده پێشه‌وه له توركیا‌و خزمه‌تی ئه‌و دۆزه خنكێنراوهی كرد كه كهمالیستهكان ده‌یانویست به ته‌واوی بیخنكێنن.
دوا سه‌رنج
رۆمانی به‌فر له‌و رۆمانانه‌یه كه ناكرێت سه‌رپێییانه قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت، چونكه رۆمانێكی فره ره‌هه‌نده و ده‌كرێت له چه‌نین گۆشه‌نیگای جیاوازه‌وه لێی بدوێین، بۆیه كورتكردنه‌وه‌ی ئه‌و رۆمانه ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی كه نێگه‌تیڤانه له كورد ده‌ڕوانێت ئه‌وه كارێكی هه‌ڵه‌یه، چونكه كاری تێكستی ئه‌ده‌بی چه‌نده خستنه‌ڕووی جوانییه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگه‌یه ئه‌وه‌نده‌ش خستنه‌ڕووی ناشیرنییهكانی نێو كۆمه‌ڵگه‌یه. ئه‌گه‌ر به لۆژیكی كاك غهفووربێت ده‌بێت ده‌یان تێكستی نێو ئه‌ده‌بی كوریش سوك سه‌یر بكرێت، چونكه نێگه‌تیڤانه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیان روانییوه. بۆیه پێموایه رۆمانی به‌فر نێگه‌تیڤانه له كورد و ئه‌رمه‌نی نهڕوانییوه، به‌ڵكو خزمه‌تی دۆزهكهیانی كردووه، به‌ڵام كاك غه‌فوور یان به‌هه‌ڵه له رۆمانی به‌فر تێگه‌یشتووه، یان خۆی به‌هه‌ڵه‌دا بردووه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خوێنه‌ره زۆره‌ی "به‌فر" چه‌واشه بكات. كه هیوادارم گریمانه‌ی یه‌كه‌م راست بێت. دواجار هیوادارم كاك غه‌فوور ئه‌م چه‌ند سه‌رنجه به سه‌رنجێكی دۆستانه وه‌ربگرێت، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی هه‌موو نووسینه‌كه‌ی كاك غه‌فوور بده‌مه‌وه ئه‌وه ئه‌م نوسینه زۆر له‌وه درێژتر ده‌بوو به‌ڵام من ته‌نها ئه‌و چهندخاڵهم زۆر لامه‌به‌ست بوو.
سه‌رچاوه‌كان:
1- غه‌فور ساڵح عه‌بدوڵڵا، رۆمانی به‌فر نێگه‌تیڤانه له كورد ده‌دوێت، له ژماره‌كانی (578-579)ی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردستانی نوێ.
2- رێبوار سیوه‌یلی، نووسین و به‌رپرسیاری، چاپی دووه‌م، له‌بڵاوكراوه‌كانی چاپخانه‌ی ره‌نج ساڵی (2006).
3- نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د، ئه‌زموونی خوێندنه‌وه، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م ساڵی(2006).