ئاڵۆسکان……کارزان عوسمان
((بە دواى تەزبیح و كورسیەكى كۆندا دەگەڕێم تا بگەڕێمەوە دۆخى جاران))
محەمەد ماغوت
ئەو وەختەى شكست دێت
بەگومانم لەوەى ئەوە شكست بوو
لە مناڵیمدا خۆى لە كایەكانمدا نمایش كردو
نەى هێشت بە خەونە ساكارەكانى مناڵیم ڕابگەم؟
ئەدى ئەوبوو؟
لەیەكەمین عیشقى حەڤدە پایزى تەمەنمدا
خۆى هەڵقورتاندوو،سەرزەدەى كردم وو
مەعشوقەكەم بوو بەهەڵم!
بەڕاست.. ئەوە شكستە یان شەپۆلێكى دڵ ڕەق
وەختێك ماسیەك دەخاتە سەر لمى كەنار دەریا!؟
دڵنیامكە لەوەى ئەوە شكستە یان ئومێد
شۆڕش هەڵایسێنآ !؟
ئەدى شكستە یان غەریزە جەلاد دروست دەكات!؟
تێناگەم لەوەى ئەووەختەى پیاوێك خۆى ملى دەكات
بەو گوریسەى بە ناوەڕاستى ژورەكەیدا هەڵی واسیوە
ئەجەلە یان شكست ئەو بڕیارەى پآ دەدات!؟
ئاى شكستى دلأ بەرد
چ تاڵ بوو
ئەو وەختەى تێگەیشتم لەوەى
نەزمێكى گومانوو پرسیارەكان تۆیت
دڵنیا بوم لەوەى شقڵێكى بیركردنەوەكان زادەى تۆن!
من كەئیتر بڕیارى ڕۆیشتنم بە زۆرترین رێگەدا دابو
تۆ هەر لەسەرتای بڕیارمەوە ئاشنات كردم بە هیچ..
***
سەروەختى ئاشنایەتى عەدەم
ئەى عەدەم تۆ حیكمەتى ژیانم پآ بڵآ؟
من نهێنیەكانى مردنت بۆ ئاشكرا دەكەم!
تۆ قومێك ئومێدم بدەرآ
من مەرگ لە قەدەرەكانما دەردەهێنم!
كەى توانیت لە نیوەڕۆیەكدا
خودام نیشان دەیت؟
من هەموو سورەتى ئەنفال ئەز بەر دەكەم
پێمەكەنە ئەى ئاڵترین تاڵى..پێمەكەنە
دڵنیام كەرەوە لەوەى
ئەوە تۆیت یان مردن
لەوسەرى ڕێگانى بیركردنەوەمەوە
خەنى دەبیت و
بەدەنگێكى نە شاز پێم دەڵێت
(لەو بەرەوە تراویلكەیەك تامەزرۆى بینینتە)؟
ئاى عەدەم…
من كە نەمتوانى لێت هەڵبێموو
تۆش كە نەیت هێشت بەوسەرى هیچ كام لەڕێگاكان بگەم
من كە وەك منداڵێك وڕكم لە وەڵامى پرسیارەكانم گرتبوو
تۆیش كە پتر وەڵامەكانت لىَ ئاڵۆسكاندم
لێم وون بە
وەك ئەو كچەى دەترسم هەتاویش نەیبینیبێتەوە
ون بە
وەك ئەو پیاوانەى نە لە جەنگەكاندا مردنوو نە گەڕایشنەوە!
وەك ئەو كۆترانەى كەسنوریان جێهێشت
تەنیا لە زاكیرەى دایكاندا مانەوە
تكایە ون بە یان ونم بكە…
ئەى بارانى ئومێد
لێت دەپاڕێمەوە بەسەر ئەم ئاگرى عەدەمەدا دابكە
***
تروسكاى ئومێد
ئەى ئومێد..
سەرم ناسوڕمآ لەوەى دەیان جار
ڕوبەروم بزەت بۆكردبێتموو نەم دیبیت
هاوارت لىَ كردبێتموو نەمبیستبێتیت
لەمست كردبێتموو هەستم پێت نە كردبێت.
وەلىَ سەدان جار تۆقیوم لەوەى
ڕوبەڕوت هاتومو خۆت لىَ هەڵە كردووم!
هاوارم لێت كردوەو پەنجەت لە گوێكانت ئاخنیوە!
ویستیومە لەمست كەم،لێم هەڵاتووى!
من دڵنیام دەیانجار تۆ خۆت نیشانداوم و
من لەنێو شەوقى شكست وئاگرى عەدەمدا ونم كردویت!
دڵنیام هاژەت هاتوەو
من لە تاو نەڕەى شكست و گرمەى عەدەم نەم بیستویت!
ئاە..ئەى ئومێد!
ئەو وەختەى من لە نێوو شاخێك تەڵادا
شكست گەمارۆم دەدات
تۆ لە نێو زبڵخانەكاندا قاقا..لێدەدەیت!
من لە شكستا هیچ و لە هەردوكیانا تۆ دەبینم
لە تۆشدا دونیایە ك تراویلكە دەبینم…
ئاى ئومێد…
لەم نزیكیەوە چەند دوریت لێم!!
Karzan984@yahoo.com
مانگى 2 \2008
تێبینى\ لە ژمارە(584)ى ئەدەب و هونەرى كوردوستانى نوێدا بڵاو كراوەتەوە بەڵام بە ناتەواوى ، ئەویش بەوەى پارچەى كۆتاى (تروسكاى ئومێد)ى لىَ لاابراوە.