Skip to Content

Sunday, March 3rd, 2024
سیناریۆیه‌كی چاوه‌ڕوانكراو!

سیناریۆیه‌كی چاوه‌ڕوانكراو!

Closed

 

 

 

 

  ئایا ئێوه‌ بیرتان بۆ ئه‌وه‌ ناچێت، ئه‌م كاره‌ی دوێنێی پارله‌مان، سیناریۆیه‌كی تایبه‌تیی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بێت؟

 من ده‌ڵێم ڕه‌نگه‌ یه‌ك دوو كه‌سی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی (بۆ نموونه‌ مه‌سعوود بارزانی و نێچیرڤان یان مه‌سعوود و مه‌سروور و نێچیرڤان) ئه‌م سیناریۆیه‌یان داڕشتبێت و ته‌نانه‌ت مه‌كته‌ب سیاسیی پارتیشیان لێی ئاگادار نه‌كردبێته‌وه و كڵاویان نابێته‌ سه‌ر ئه‌ندامانی پارله‌مانی سه‌ر به‌ فراكسیۆنی كوردستانییش (به‌وانه‌ی پارتییشه‌وه).

 

ناوه‌ڕۆكی سیناریۆكه:

  مه‌سعوود بارزانی ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه، ڕێك له‌و كاته‌دا هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی كۆده‌بنه‌وه و له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی هه‌رێم ڕێكده‌كه‌ون، دوای ڕۆژێك ده‌یكه‌ن به‌ پرۆژه‌ یاسا و له‌ په‌رله‌مان به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌زه‌لی و به‌ په‌له‌پروزێ تێیده‌په‌ڕێنن. هه‌را له‌ میدیاكاندا دروستده‌بێت و گه‌وره‌ و بچووكی ئه‌م وڵاته‌ ده‌می بستێك داده‌چه‌قێت، به‌ جه‌ماوه‌ری پارتی و یه‌كێتیشه‌وه. پارته‌كانی ئۆپۆزسیۆن به‌یاننامه‌ی ناڕه‌زایی ده‌رده‌كه‌ن، قاعیده‌ی یه‌كێتی نیشتمانی هه‌ست به‌ شه‌رمه‌زارییه‌كی زۆر ده‌كه‌ن و له‌ سه‌ركرده‌كانیان زویر ده‌بن…

  ئێستا ئیتر پرۆژه‌ یاساكه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌رچووه‌ و ته‌نها چاوه‌ڕێی مه‌رحه‌مه‌تی ده‌ست و په‌نجه‌ی موباره‌كی سه‌رۆكه‌، قه‌ڵه‌مێكی لێبدات و ئیمزای بكات.

  دوای چه‌ند ڕۆژێك سه‌رۆكی هه‌رێم دێته‌وه‌ و وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاگای له‌ هیچ نه‌بێت، پرس و ڕاوێژ به‌ ده‌وروبه‌ری خۆی ده‌كات و یه‌ك دوو كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجامده‌دات و له‌ناكاو ڕایده‌گه‌یه‌نێت، من به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ ئیمزا ناكه‌م و به‌ كارێكی باشی نازانم! خه‌ڵكی جارێكی تر بستێ ده‌میان داده‌چه‌قێت و ده‌یكه‌ن به‌ خۆشی و فیكه‌لێدان.

سوودی ئه‌م سیناریویه‌ بۆ كێیه‌ و چییه‌؟

1. بارزانی بازووی گه‌وره‌یی و به‌خشنده‌یی و لێبورده‌یی خۆی پیشانی جه‌ماوه‌ر ده‌دات و زۆر خه‌ڵكی ساده‌ پێی ده‌خه‌ڵه‌تێن.

2. گورزێكی گورچكبڕ له‌ په‌یكه‌ری نه‌خۆش و نیمچه‌ڕووخاوی یه‌كێتی نیشتمانی ده‌دات و ئه‌وه‌نده‌ی تر لاوازی ده‌كات، ئه‌ویش له‌ڕێی درزخستنه‌ نێوان قاعیده‌ و سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و حیزبه‌وه، ئه‌و وه‌خت جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی په‌ی به‌ نه‌فامی و ساده‌یی سه‌ركرده‌كانیان ده‌به‌ن و ئه‌وه‌نده‌ی تر لێیان تووڕه‌ ده‌بن و ده‌ته‌كێنه‌وه‌ و، بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت پارتی چۆنی بوێت ئاوها یارییان پێده‌كات. دوور نییه‌ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی له‌ناو خۆیشیاندا له‌سه‌ر ئه‌و ڕیسوابوونه‌یان به‌شه‌ر بێن!

3. پارتی لای جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی خۆیشی، بارزانى _كه‌ زۆرێكیان وه‌ك نیمچه‌خودایه‌ك لێی ده‌ڕوانن_ ئه‌وه‌نده‌ی تر گه‌وره‌ و كارێزما پیشان ده‌دات.

4. ئینجا بارزانی دێت و ده‌ڵێت: من ئه‌و گه‌وره‌ییه‌م نواند، ئۆپۆزسیۆن ئێوه‌ش بێده‌نگ بن و با ده‌ستوور بخرێته‌ ڕیفراندۆمه‌وه.

5. دوا هه‌نگاویش به‌ڕێز كاك (مه‌سروور بارزانی) ده‌بێته‌ كاندیدی پارتی بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم.

ئاو بێره و ده‌ستت بشۆره!

 

هێمن خورشید

Hemnxurshid79@Gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.