Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
فریای خۆتان بكەون، خێرا بابەتەكانی یەك ساڵی ڕابوردووتان بشارنەوە

فریای خۆتان بكەون، خێرا بابەتەكانی یەك ساڵی ڕابوردووتان بشارنەوە

Closed
by July 4, 2013 گشتی

 

 

 

ھەژێن

٠٣ی جولای ٢٠١٣

 

لەم ساتەدا كە من ئەم وشانە دەنووسم، جەماوەری ملیۆنی لە مەیدانی تەحریری قاھیرەدا بەبێ سەركردە و پێشڕەویی پارت، چەند ڕۆژێكە لە سەرتاسەری وڵاتی میسردا لە كۆدەنگییەكی جەماوەرییدا ناڕەزایەتی دەردەبڕن و بڕیاریانداوە، میرایەتی ئیخوانەكان و سەرۆكایەتی مورسی، وەك میرایەتی و سەرۆكایەتی حوسنی موبارەك، بە كۆدەنگی جەماوەریی  وەلابنێن.

ھەرچەندە بە سەرۆكایەتی گەییشتنی مورسی و بەدەسەڵاتگەییشتنی ئیخوانەكان، بە كەمترین دەنگ و ڕەزامەندی كۆمەڵگەوە، تەنیا لە سیستەم و میكانیزەمەكانی كاركردی دێمۆكراسیی پارلەمانییدا ئەگەر و توانانی سەرگرتنی ھەیە و  لە ھەڵبژاردنەكانی پارساڵ  ٢٠١٢دا لە كۆی ھەژماری مافدارانی دەنگداندا كە (50.996.746) ملیۆن كەسی ناو تۆماركراو بوون، تەنیا (23.672.236) ملیۆن كەس بەشداریی دەنگدان دەكەن و لەو ھەژمارەش تەنیا (5.764.952) ملیۆن كەس دەنگ بە سەرۆكایەتی مورسی دەدەن و لە بەرامبەردا زۆرینەیەك لەو ھەژمارە (27.324.510) ملیۆن كەس، بایكۆتی دەنگدان دەكەن و  لە ٨٠% خەڵكی دژی ئەو سەرەنجامە بوون، ئەگەر دەنگی ئەوانەش كە مافی دەنگدانیان نەبووە، وەربگرین، ئەوا تەنیا كەمایەتیەكی بچووكی كۆمەڵگەی میسری بەشداری دەنگدانی كردووە و  لەو كەمایەتییەش، تەنیا نزیكەی نیوەی، خوازیاری دەسەڵاتی ئیخوانەكان و سەرۆكایەتی مورسی بووە. كەچی تا ھەفتەیەك پێش خرۆشانەوەی جەماوەر لە میسر، زۆربەی ھەرە زۆری نووسەرانی چەپ و ڕاستی كۆمەڵگەی كوردستان، قەوانێكیان بەدەمەوە گرتبوو و بە ئارەزووی خۆیان شوناسی ئیسلامیبوونیان بەسەر  ڕاپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبیدا دەبڕی و تەنانەت لەوەش زیاتر چەپ لەبەرنەبوونی خوێندنەوە بۆ خودی ڕاپەڕینەكان و دەركنەكردنی سروشتی ڕاپەڕینەكان و نادیدەگرتنی ھۆكاری ڕاپەڕینەكان، ھەر ئاوا وەك تووتی كەوتنە گوتنەوەی دەستەواژەی ھوشیارانە ئامادەكراوی ماسمیدیای خۆراوا، “بەھاری عەرەبی”، بەھەمان شێوە كەوتنە وتنەوەی دەستەواژە ئامانجدارانەكانی ماسمدیای خۆرھەڵاتی نێوەڕاست، كە بەخۆیان لەبەردەم مەترسی ڕاماڵیدابوون وەك میرایەتی تونس و میسر.

ئەگەر جارەكانی دیكە، بەخت یاری ئەو چەپانە بووبێت و پاگەندە قەرزكراوەكانیان چەند ساڵێك بەدرۆنەخرابنەوە، ئەوا ئەم جارەیان، زۆری نەبرد و كاتی ئەوە ھاتووە فریای وتارە توانجاوی و توتیئاساییەكانیان لەمەڕ ڕاپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبی، كە بە “بەھاری ئیسلامی” و بە “بەھێزكەری ڕەوتی ئیسلامی”یان لێكدەدانەوە، بكەون و بیانسووتێنن. 

وەك بینیمان، جەماوەری نارازی و ئازادیخوازی و گیانی یاخیبوون لەو ڕاپەڕینانەدا كە داینەمۆ و ھەستەی چالاكی و بزووتنەوەكان بوو، زۆر لەوە بەھێزتر و لێبڕاوتر بوو، كە ماسمیدیای خۆراوا و زەمینەسازیی و پێشكاریی ئیخوانەكان و ھەوڵی دەستەمۆگەرانەی پارتە ڕامیارییەكان و لێكدانەوە نادروستەكانی لە چەشنی لێكدانەوەی چەپی عیراق و كوردستان، بتوانێ لە بەردەوامی شۆڕش و نۆژەندكردنەوەی ڕاپەڕینەكان نائومێدی بكات.

پاش شكستخواردنی كاتیی ڕاپەڕینی جەماوەریی میسر و بە میرایەتی گەییشتنی ئیخوانەكان لە ڕێگەی دێمۆكراسی پارلەمانییەوە، كەم نەبوون، ئەو ڕامیارانەی كە لە چەپ و ڕاستی كۆمەڵگەوە، ئەو پەیامە چەواشەكارانەیان بە گوێی ناڕازییانی عیراق و ھەرێمی كوردستاندا دەدا، مادام ڕاپەڕیوانی تونس و میسر، خاوەنی پێشڕەوی پارتیی و ڕامیاریی خۆیان نین، سەرەنجام خەبات و چالاكییەكانیان چوونە باخەڵی ئیسلامییەكانەوە. بەڵام وێنە و دیمەنە ڕاستەقینەكانی ژیان و كەتواری ئەو دوو كۆمەڵگە شتێكی دیكەی جیاواز لەوەی كە ماسمیدیای خۆراوا و دەوڵەتانی عەرەبی نیشانیاندەدا، بوو. 

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابوردوودا ڕۆژانە لە تونس بزووتنەوەی لاوان و بزووتنەوەی خوێندكاران و بزووتنەوەی بێكاران و سەربەخۆكان (ئۆتۆنۆمەكان) بە خۆپیشاندان و دەستبەسەرداگرتنی خانووبەرەی دەوڵەتی و كاری ھونەریی و خەباتی مەیدانی و چالاكی ڕاستەخۆ، ڕووبەڕووی دەسەڵاتی (نەھزەی ئیسلامی) دەبنەوە و لێیان زیندانی دەكرێت و ڕاودەنرێن و ڕووبەڕووی توندوتیژی دەستە چەقۆكێش و شەلاتییەكانی دەسەلاتی ئیسلامی دەبنەوە، كەچی نە ماسمیدیای خۆراوا و نە میدیای وڵاتانی عەرەبی و نە میدیای چەپی خۆرھەڵاتی نێوەراست، بۆ جارێكیش ڕۆشناییان نەخستەسەر ئەو ڕوودا و دیمەنانە.

ھەر لەبەرئەوە، بۆ ئەوانەی كە سەرچاوەی زانیاری و ئاگادارییان لە بزووتنەوەكانی نێو كۆمەڵگەی میسری، تەنیا ماسمیدیای ئەوروپی و دەوڵەتانی عەرەبی بووە، تەنانەت وێنە و دێمەنی ناڕەزایەتییەكانی دێسەمبەری ٢٠١٢ و ئەپڕیڵی ٢٠١٣ نادیدەدەگرن، ئەو ھەوڵەیان تەنیا لەپێناو یەك شتدا بوو، كە پاگەندەی “ئیسلامی بوون”ی ڕاپەرینەكان بیسەلمێنن و لەوێوە پێمانبڵێن، ئەگەر بزووتنەوەی چین و توێژە بندەستەكان و جەماوەرییەكان و تاكە ئازادیخوازەكان، بیانەوێت سەربەخۆ و لە دەرەوەی پاوانگەریی (دۆمینەیتی) پارتەكان و دەستەبژێرە ڕامیارەكان، ھەنگاو بنێت و بەكارێك ھەستێت، ئەوا سەرەنجامەكەی بە دەسەڵاتگەییشتنی ھێزە كۆنەپەرستەكان دەبێت. ئەمە دیوی ڕاستەقینە و ئامانجی پاگەندەی ئەو پارت و گروپە دەسەڵاتخوازانەیە، كە دەترسن شەپۆلی بزووتنەوە ڕادیكاڵەكانی یۆنان و تونس و میسر بگوێزرێتەوە ھەرێمەكەیان و متنانەی جەماوەرییان لەنێوبەرێت.

بەڵام بۆ ئەوانەی كە لە ساڵانی ٢٠٠٧ بەم لاوە ئاگاداری ڕادیكاڵبوون و ھەر ڕۆژەبوونی ناڕەزایەتییە كرێكارییەكانی وڵاتی میسر بوون و ئاگاداری سزادانی ئەفسەر و سەربازە ئازادیخوازەكان و دواتر سووتاندن و ھەڵكەندنی چادری ئازادیخوازان پاش بەدەسەڵاتگەییشتنی مورسی و سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكانی ئەپرێلی ٢٠١٣ و مانگرتنە بێئەژمارەكانی كرێكاران و بزووتنەوەی دەستگرتن بەسەر كارگە و كارخانەكان و بزووتنەوەی بنیاتنانتی ھەروەزییە كرێكاریی و جەماوەرییەكان بێت، ھیچ كات بەو سەرەنجامە ناگات كە بەدەسەڵاتگەییشتنی نەھزە و ئیخوانەكان لە تونس و میسر، بەرەنجامی ڕاپەڕینی سەربەخۆی جەماوەریی بێت. ھەروەھا لەوەش تێدەگات، چونكە ھەڵبژاردنی ئیسلامییەكان چەند ھۆكاری تایەبتی ھەیە؛ لەوانە كاركردن و ئامادەكاریی چەند ساڵەی ئیخوانەكان بە قۆستنەوەی ھەژاری و نەبوونی بیمەی دەرمانی بۆ ھەژاران، كە باشترین نەخۆشخانەیان لە قاھیرە و شارەكانی دیكەی وڵاتی (میسر)دا بۆ ئەو مەبەستە ھەبوو و ھەروەھا پاگەندەی ماسمیدیای جیھانی لە كاتی ھەڵبژاردنەكاندا بە گەورەكردنەوەی ئەگەری بردنەوەی ئیخوانەكان و گەورەكردنی جەماوەریان لە پاگەندە میدیاییەكاندا، توانییان ڕێژەیەكی زۆر لە دەنگی بەشداربووان بەدەستبھێنن. ڕووداوێكی لەو جۆرە، بۆ وڵاتانی ناوچەكە و دەوڵەتە ئەوروپییەكان لەوە باشتر بوو، كە ناڕەزایەتییەكان بەردەوامییان ھەبێت و ببنە پشتیوانە بۆ وڵاتانی دیكەی كەنداو و خۆرھەلاتی نێوەراست.

ڕاپەڕینەوەی جەماوەری ئازادیخوازی میسر لە چەند ڕۆژی ڕابوردوودا، نیشاندەری بەردەوامی ناڕەزایەتی و یاخیبوونی ئازادیخوازانەیە، بوونێك كە بۆ تاكە ساتێكیش لەو وڵاتەدا خامۆش نەبووە و بەردەوام جۆشی خواردووە و پێگە جەماوەرییەكانی خۆی بەھێزتر كردوون. ئەزموونی میسر، نیشانیدا، كە بزووتنەوەی سەربەخۆی جەماوەریی لە دەرەوەی قورمیش و پیلانگێڕیی پارتە ڕامیارییەكاندایە و بە ئاسانی بۆ دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازان دەستەمۆ و سەركوتناكرێت، ھەرە لەبەرئەوەیە،كە لە مێژوودا سەروەریی چینایەتی لە دێمۆكراتیترین مۆدێلیدا بۆ پاراستنی خۆی، تەنیا بە سەركوتی پۆلیسی و سەربازیی و ھێنانە سەركاری میرایەتییە دیكتاتۆرەكان توانیویەتی پاشەكشێ بەو بزووتنەوانە بكات.

ھەروەھا بزووتنەوە و ڕاپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبی و یۆنان و ئیسپانیا و وۆڵستریت و لەندەن و برازیل، نیشانیاندا، كە ئەوەی تۆڕێكی كۆمەڵایەتی بۆ ھەڵخڕاندنی جەماوەریی دەتوانێت ئەنجامیبدات، سەدان پارت بە دەیان ساڵ ناتوانن، ئەنجامیبدەن. بێجگە لەوەی كە مێژووی پارتە ڕامیارییەكان لە چەپەوە بۆ ڕاست نیشانیداوە، كە بێجگە لە ھەوڵی دەستەمۆكردن و بەلاڕێدابردنی بزووتنەوە ڕادیكاڵاكان، پارتە ڕامیارییەكان لە مێژووی چەند سەدەی دواییدا، ھیچیان ئەنجامنەداوە و ئەمە باشترین بەڵگەی ناكارایی و ناپێویستبوونی پارت و دەستەبژێرە ڕامیارییەكانە و ئەگەر سەرنجی بزووتنەوەكانی سەدەی بیست و سەدەی بیست و یەك بدەین، ھەر بزووتنەوەك، كە كەوتبێتە ژێر كارایی ڕامیاران و جەنەڕاڵە سەربازییەكان، ئەوا سەرەنجامی دەستەمۆبوون و جەنگی خوێناوی نەبڕاوە بووە. لەم بارەوە دوو نموونەی زیندوومان لەبەردەستتان؛ نموونەی یەكەم بزووتنەوەی جەماوەریی ” ١٧ی شوبات”ی ھەرێمی كوردستان، بەھۆی زاڵی پارتە ڕامیارەكان و  دەستەبژێرە ڕامیار و ڕۆشنبیرەكانەوە، دەستەمۆكرا و كرا بە بزووتنەوەی نوێژی ھەیینی لەسەر شەقامەكان؛ نموونەی دووەم، ڕاپەڕینی خەڵكی (سوریا)یە، كە بەھۆی زاڵیی میلیشیا چەكدارەكانەوە، گۆڕدرا بە جەنگێكی خوێناوی نەبڕاوە، كە سەرەنجام خەریكە بیگۆڕن بە جەنگی مەزھەبیی نێوان شیعە و سوننە مەزھەبەكان.

ھەروەھا ڕاپەڕینەوەكانی دوو ساڵی ڕابوردووی میسر و لیبیا و سوریە و بەحرێن، ئەو ئەزموونەیان خستە بەرچاومان، كە ھەر كات بزووتنەوەكان لاوازبن و شیاوی دەستەمۆكردن بن، ئەوا دەوڵەتە ئەوروپییەكان و ئەمەریكا ھەوڵدەدەن بە پشتیوانی لە میرایەتی وڵاتەكە، بزووتنەوەكان تووشی شكست بكەن، وەك جەزائیر و بەحرەین و سعودیە، ئەگەر بۆیان سەركوت نەكرا، ئەوا لە ڕێگەی دەڵاڵانی بازاری چەك و گروپە مافیاییەكانەوە بیگۆڕن بە ڕووبەووبوونەوەی میلیشیایی و جەنگی بەردەوام وەك لیبیا و سوریە، ئەگەر ھیچكام لەو دوو ھەوڵەی یەكەم و دووەم سەریاننەگرت و ناكاممانەوە، ئەوا لە ڕێگەی پاگەندە و  ھەڵبژاردنی پارلەمانییەوە  زەمینەسازی بۆ بەدەسەلاتگەییشتنی ھێزە كۆنەپەرستەكانی وەك (نەھزە) لە تونس و (ئیخوان)ەكان لە میسر مسۆگەربكەن و ئەگەر ھاتوو بەوەش شەپۆلی یاخیبوون و ناڕزەایەتی جەماوەر دانەمركایەوە، وەك پیلانی بەگەڕخستنی ھێزی سەربازیی ساڵی ٢٠١١ و ئەم دوو ڕۆژەی دوایی میسر، ھەوڵی پاراستنی سەروەریی دەوڵەت و بەرژەوەندی كۆمپانییە جیھانلووشەكان بدەن، 

ھەروەھا لە ھەرێمی كوردستانیشدا، ئەم ڕۆژانە بەكردەوە سەرەنجامی زاڵبوونی پارتە ڕامیارەكان و دەستەبژێرەكان بەسەر ناڕەزایەتی و خرۆسانی جەماوەرییدا دەبینین، كە چۆن لیستی نەوشیروانییەكان (پۆستجەلالییەكان) و ھاوپەیمانە ئیسلامییەكانیان، لە زاڵبوونیاندا بەسەر ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەكانی “١٧شوبات”ی ٢٠١١ی ھەرێمی كوردستاندا، دوو ساڵ تازەكردنەوەی شوانەیی مەسعود بارزانی بەسەر كۆمەڵگەی كۆردستاندا، مسۆگەر دەكەن. ئایا وەھا سەرەنجامێك، بەرھەمی قۆستنەوەی خۆشباوەڕیی جەماوەر و سازشكاریی ئۆپۆزسیۆن نییە، كە لەبری ئەوەی بزووتنەوەی “١٧ی شوبات” بەرەو وەلانان و ھەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی، نوێنەر دەنێرێنە لای سەرۆك و داوای بەزەیی و چاكسازیی لێدەكەن؟ ئایا بڕیاری دیكتاتۆرانەی پارلەمانی ھەرێمی كوردستان، سەرەنجامی ڕێككەوتنی ئۆپۆزسیۆن نییە لەپێناو كۆمەلێك دەستكەوتی كەسیی چەند پارلەمانتارێك و چەند گروپ و پارتێكی ڕامیاریی ؟ ئایا لە ھیچ سەردەمێكی مێژوودا وەك ئەمڕۆ و ئەم ساتە، دەستی ڕامیاران لە پیلان و سازشكارییەكاندا دەرەكەوتووە؟ ئایا لەمە زیاتر پێویستمان بە بەڵگەھێنانەوە لەمەڕ مشەخۆریی و گەندەخۆریی و پەتبەتێنی پارتەكان و دەستەبژێرە ڕامیارەكان ھەیە؟ 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.