Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
مەدام  بۆڤاری  ئەو دایکەی کە چەند ڕۆماننووسی تری بەخێوکرد

مەدام بۆڤاری ئەو دایکەی کە چەند ڕۆماننووسی تری بەخێوکرد

Closed

 

 

 

پێش چەند ساڵێک لە گۆڤاری شپیگلی ئەڵمانیدا، لیستی سەد کتێبی جیهانی دانابوو، کە پێویستە مرۆڤ لە تەمەنیدا بیانخوێنێتەوە. دیارە لیستەکە زۆر ڕۆمان و چیرۆک و کتێبی تری تێدابوو، یەکێک لەو ڕۆمانانەی کەلەم لیستەدابوو، ڕۆمانی ” مەدام بوڤاری”یە، کەلە نووسینی نووسەری نێوداری فەرەنسی ( گۆستاف فلوبێرە).

ئەم رۆمانە  کاریگەرییەکی ئێجگار گەورەی بەسەر تەواوی نووسەرانی پاش فلوبێر هەبووە، دەتوانم بڵێم بۆتە دایکێک بۆ لەدایکبوونی چەندین رۆمانووسی مەزنی تری جیهان وەکو ( ئەمیل زۆلا،  هاینریش مان، تۆلستۆی،ماریۆ بارگاس یۆسا،،هتد) ئەمرۆ لە جیهانی ئەدەبیاتدا، ئەم ڕۆمانە بە بەردی بناغەی رۆمانی مۆدێرن دێتە ژماردن. 

 

کاریگەری ئەم ڕۆمانە بەسەر نووسەرانی جیهانەوە/

کاتێک تۆلستۆی رۆمانە مەزنەیەکی ( ئەنا کارانینا) دەنووسێت، سووپاسی مەدام بۆڤاری دەکات و دەلێت: ( گەر مەدام بۆڤاری نەبوایە، ئەوا ئەنا کارانیناش لەدایک نەدەبوو.) رۆمانووسی ناوداری فەرەنسیش ” ئەمیل زۆلا” لەبارەی ئەم رۆمانەوە دەلێت : ( هەموو ئەو کارانەی ئێمە دەینووسین و پێمانوایە واقعین، لە پێوانە بە کارەکانی فلۆبێردا ، کار گەلی ڕووکاری و هەستەوەرین و بە کەڵکی شانۆی لاکۆڵان دێن .) ئەمە لەکاتێکدا کە زۆلا خاوەنی چەندین رۆمانی مەزنە لەوانە ” جێرمیناڵ”، کە بە گرینگترین و مەزنترین رۆمانی فەرەنسی و جیهان دێتە ژماردن. 

 

ئەم رۆمانە باسی چی دەکات /

ئەم رۆمانە باس لە ژیانی کچە لادێیەک ” ئیما” دەکات، کچێکی جوان و نازدار و خوێندەوار، شوو بە دکتۆر ” چارل فلۆبێر” دەکات. ئیما سەرەتا زۆر بە ژیانی خۆشحاڵ دەبێت، بەتایبەتی کاتێک لە گوندەوە دێتە شار و لەگەڵ مێردەکەیدا ژیانێکی خۆشیان دەبێت. لێ پاشان ئەم ژنە حەزی گەڕان و گۆڕانکاری و شەهوەت بەسەریدا زاڵ دەبێت و تەواوی ژیانی دەگۆڕێت. لەم رۆمانەدا” سێکس، خۆشەویستی، حەزی سەربزێویی و خیانەتی خێزانی،فکرو سیاسەت” بەسەریدا زاڵ دەبێت. 

ئیما پاش ماوەیەک نەک مێردەکەی خۆشناوێت، بەڵکە ڕقیشی لێدەبێتەوە. ئیما تەنانەت ڕقی لەو کەسانەش دەبێت، کە پێشتر خۆشی ویستوون وەکو باوکی. ئەو زیاتر خەون بە پاریس و شەوانی ئاهەنگ و خۆشیەوە دەبینێت. ئەو دەیەوێت مێژووی خۆی لەبیر بکات، لێ هەمیشە ئەم مێژووە لەگەڵیدایە.

 ( وەک زۆربەی خەڵکانێک کە بنەچەیەکی گوندیان هەیە، بەردەوام شوێنەوارێک لە توێخی پینە بەستووی دەستی زبری باوکانیان لەناخیاندا دەمێنێتەوە.ل138) 

چیتر نایەوێت کچە لادێیەک جاران بێت، بەڵکە ڕقیشی لە خەڵكی لادێی دەبێتەوە. پاشان لە مێردەکەی بێزار دەبێت و تووشی حاڵەتێکی غەمۆکی دەبێت . لە خۆی دەپرسێت ” ئاخۆ خودایە گیان بۆ شوومکرد.” ئیما بۆ ئەوەی لەم ڕەوشە خراپە دەروونیەی ڕزگار بێت، هانا بۆ سێکس دەبات . 

( ئیما هەموو خەموخەفەتەکانی ژن و مێردایەتی لە زینادا دەدۆزییەوە. ل.453)

 بۆ یەکەمجار خیانەت لە مێردەکەی دەکات، پیاوێکی دەوڵەمەند هەڵیدەخەڵەتێنێت، ماوەیەکی زۆر پێکەوە دەبن، راستە جار جار کێشەیان دەبێت ، بەڵام زوو ئاشت دەبنەوە. ( هەموو ناکۆکییەکان بەفر ئاسا بە گەرمایی ماچێک توایەوە.305). 

ئەم پیاوە بەڵێنی پێدەدات کە پێکەوە شار بەجێبهێڵن بۆ دوور بڕۆن، لێ پاشان پیاوەکە دەستی دەبڕێت و  درۆی لەگەڵ دەکات، ئیما نەخۆش دەکەوێت، پاش ماوەیەک چاکدەبێتەوە، دیسانەوە هەڵەیەکی تر دەکاتەوەو، دەستی لەگەڵ کورێکی گەنج تێکەڵ دەکات، ئەویش پاش ماوەیەک دەستی دەبڕێت. لە کۆتاییدا لە ڕووی ماددیەوە، باری دارایی خێزانەکەیان تێکدەچێت . 

ئیما زۆر درەنگ هەست بە هەڵەکانی خۆی دەکات، لێ لەجیاتی ئەوەی هەڵەکی چاکبکاتەوە، هەڵەیەکی گەورەتر دەکات ، ئەویش خۆی ژەهرخوارد دەکات و کۆتایی بە ژیانی دەهێنێت. 

ڤلوبێر لەبارەی ئیماوە دەڵێت : 

( چیرۆکی هەڵەی ژنێک کەبە ئەنجامدانی یەکەمین هەڵە، هەڵەی دووەمیشی ئەنجام دەدات و پاشان سێیەم و دواجار هەڵەی تریش کە سەرەنجام بە خۆکوژی ئەو ژنە کۆتایی دێت. ل.23)

.  فەیلەسووفی ناوداری ئەڵمانی “هیگل”  لەبارەی ئەم رۆمانەوە دەڵێت : 

( ئەم رۆمانە گوزارشت لە مەلحەمەیەکی ژیانی بۆرجوازی شار دەکات.). 

جۆری نووسین و تەکنیکی نوێی رۆمان /

فلوبێر ماوەی پێنچ ساڵ 1851 تا 1856 خەریکی نووسینی ئەم رۆمانە بووە. کاتێکی زۆری بۆ داناوە، تەنانەت چەندجارێک سەردانی ئەو و شارۆچکانەی کردووە، کە بوونەتە تەوەری سەرەکی رۆمانە، کاتێک ساڵی 1856 کۆتایی بە دەستنووسەکە دەهێنێت، نزیکەی 4392 لاپەرە دەبێت، پاش ئەوەی کۆمەڵێک دۆکۆمێنت و تابلۆی هەمەجۆری لەبارەی کەسایەتی و شوێنەکان دەستدەکەوێت. لەبەرئەوە فلوبێر زۆر بە جددیەتەوە خەریکی نووسینی ئەم رۆمانە بووە.)  

 

درێژدادڕی و زاڵبونوی زمانی پەخشان /

یەکێک لە خاڵە نێگەتیڤەکانی ئەم رۆمانە ئەوەیە، کە زمانی پەخشان زۆر زاڵە بەسەریدا، بە شێوەیەک لە درێژدادریی نزیک بۆتەوە. لەو کاتەدا رەخنەگری ناوداری فەرەنسی (Edmond Duranty ئێدمۆند دورانتی )  لەبارەی مەدام بۆڤاریەوە دەلێت : (  رۆمانێکی سارد و سڕ و بێ ئیحساسە، فلوبێر جۆرە کەسایەتییەکی خۆپەرستی خوڵقاندووە، کە لەناو کۆمەڵی فەرەنسیدا بوونی نییە)

فولبێر زیاد لە پێویست زمانی وەسف بۆ شوێن و کەسایەتییەکان بەکاردەهێنێت، ئەمەش تاڕادەیەک خوێنەر بێ تاقەت دەکات، چونکە رۆمانی مۆدێرنی  ئەمڕۆ ، هێندە خۆیان بە وەسفکردنی کەسایەتی و شوێنەوە خەریک ناکەن. لێ نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت، کە ئەم رۆمانە بە شێوازی کلاسیک نووسراوە، لەو کاتەشدا، وەسف ، کلیلی سەرەکی رۆمان بووە. 

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم رۆمانە زۆرجار بە بەردی بناغەی مۆدێرن دێتە ژماردن. رەخنەگری ئەڵمانی ” جۆرج م، ئۆسڤالد Georg M. Oswald” دەڵێت : ( گوستاڤ فلوبێر لە رۆمانی مەدام بوڤاریدا، داهێنانێکی نوێ هێنایە ناو تەکنیکی رۆمانەوەو بەردی بناغەی تەکنیکی رۆمانی مۆدێرنی دامەزراند. )

شەڕی پیاوانی ئایینی  و عەلمانییەت/

دیارە ئەم رۆمانە باسی قۆناغێکی مێژوویی وڵاتی فەرەنسا دەکات، لەو کاتەدا هێشتا شەڕی پیاوانی ئاینی و عەلمانییەکان کۆتایی نەهاتبووە. لەم رۆمانەدا جەندینجار ئەو شەرە باسدەکرێت، بەتایبەتی لە دیالۆگی نێوان دەرمانسازەکە” ئۆمە” و قەشەکە. 

(قەشەکان هەموو تەممەڵ و بێکارەن، کەس نازانێ لە کوێن  و تەنها کاتی گردکردنەوەی یارمەتییەکان دەردەکەون ،،،بە پێویستی نازانم بڕۆمە کڵێسا، کەلوپەلە زیویەکان ماچ بکەم و بە خەرجی خۆم مشتە گاڵتەجارێک قەڵەو بکەم کە خورد و خۆراکیان لە هی ئێمە باشترە ! چونکە دەکرێ خودا لە دارستان ، لەناو کێڵگەش بپەرسترێ ،،، من ناتوانم ئەم خودایە قبوڵ بکەم ، کە ئەمانە بە شێوەیە پیرەمێردێک پیشان دەدەن ، بە دارەکەی دەستیەوە لەناو باخچەیەک پیاسەیەک دەکات ئەم کار و ئەو کار دەکات،،، کە ئەمە خۆی لەخۆیدا پیشانی دەدات قەشەکان هەمیشە دووچاری نەزانی بوون و دەیانەوێت خەڵکیش وەکو خۆیان لێبکەن…154) 

دادگاییکردنی فلوبێر/

لەپاش بڵاوبوونەوەی ئەم رۆمانە ، کۆمەڵێک ناحەزی فلوبێر کە زیاتر  لە کەسانی ئایینخواز بوون، چوون لە دادگادا شکاتیان لە فلوبێرکرد،بەو تۆمەتەی( بانگەشەی بەڕەڵایی دەکات، دەیەوێت ڕەوشتی گشتی کۆمەڵگا خراپ بکات.) فلوبێر نارەحەتی وئازارێکی زۆری لەسەر ئەم رۆمانە کێشا. ڕاستە لەو کاتەدا فلوبێر کەوتە بەرهێرشی کەسانی دڵڕەقەوە، لەهەمانکاتیشدا زۆر رەخنەو قسەی ناشرینی پێگوترا، لێ ئەمڕۆ هەموو فەرەنسا و جیهان، ئەو کارەی فلوبێر ، بەیەکێک لە داهێنانە مەزنەکانی جیهانی ئەدەب دادەنێن. 

خۆشەویستی و پەیوەندی خێزانی /

مەدام بۆڤاری جارێکی تر پێناسەی خێزان و بەها کۆنەکانی کۆمەڵگەی فەرەنسی کردووە، چۆن حەزە ” سێکسی ” یەکان دەتوان بەسەر نەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکاندا زاڵبن، لەهەمانکاتیشدا توانی پێناسەیەکی نوێ بۆ خۆشەویستی بکاتەوە، گۆستاڤ فلوبێر لە ڕێگای ئەم ڕۆمانەوە پێماندەڵێت: ( خۆشەویستی هیچ سنوورێکی نییە، پیر و گەنجێتی ناناسێت، دەوڵەمەند و هەژار بۆی نییە، ) لەهەمانکاتیشدا خۆشەویستی ڕەگێکی شێتی پێوەیە، کە دەتوانێت زۆرجار ژیانی ئەو کەسە وێران بکات . 

سەرەتاییەکی خۆش  و کۆتاییەکی تراژیدی/

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی تری ئەم ڕۆمانە ئەوەیە، کەسەرەتای ڕۆمانەکە بە کۆمەڵێک چیرۆکی خۆش دەستپێدەکات، هەموویان گوزارشت لە بوونی ژیانێکی خۆش و پڕ هیوا دەکەن، بەڵام لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا، کاتێک ڕۆمانەکە دەگاتە ترۆپکی خۆی، کۆتاییەکی ئێجگار تراژیدییانەی هەیە. بەڵام فلوبێر قۆناغ بە قۆناغ، هەنگاو دەنێت، ووردە ووردە دەمانخاتە ناو دەریای تراژیدیایەکی گەورەوە. ئەمەش خۆی لە خۆیدا، پاشتر بوو بە تەکنیکێکی گرینگی ڕۆمانی مۆدێرن لە سەدەی نۆزدەو بیستەمدا بەکارهێنرا.

 

پێش کۆتایی/

دیارە خوێندنەوەی رۆمانێکی خۆش، کەلە ڕووی ئەدەبیی و هزرییەوە سوودبەخشبێت، وات لێدەکات کە چەند سەرنجێکی خۆت لەبارەی ئەم رۆمانەوە بنووسیت، بە پێچەوانەوە گەر رۆمانەکە خۆش نابێت، هەر تاقەتی خوێندنەوەشت نابێت.  منیش پاش تەواوبوون لە خوێندنەوەی ئەم رۆمانە، پێم خۆشبوو ئەم چەند سەرنجەی خۆم لەبارەوەیەوە بنووسم ، دیارە لێرەدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشییەکی گەورە لە کاک ” جەبار سابیر” بکەین، کەبەراستی هیلاکییەکی زۆریکێشاوە بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەم رۆمانە مەزنەی جیهان. 

 

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

 

سەرچاوەکان:

1. گوستاڤ فلۆبێر. مادام بۆڤاری. وەرگێرانی : جەبار سابیر. چاپی یەکەم . بەڕێوبەرایەتی چاپ وبڵاوکردنەوەی سلێمانی.2012

Georg M. Oswald-2. Madame Bovary, neu übersetzt Ein Gesellschaftsfeind nimmt Rache . www.faz. net

 

www.Literaturwissenschaft-online.Flaubert.Madame Bovary-3

 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.