کێن ئەوانەی ناهێڵن زوو زوو شۆک بین؟
کاک بەختیار سڵاو و ڕێز!
دوای خوێندنەوەی ئەو دەقەی کە لە وێبسایتەکەی خۆتدا بڵاوت کردۆتەوە بەناوی «کێن ئەوانەی زوو زوو تووشی شۆک دەبن؟»، زەرورەتم بینی ئەم نامە کراوەیەت بۆ بنووسم تا هەندێک ڕای خۆم لەسەر تێزی ناو ئەو دەقەت و لەسەر کارکردی نێگەتیڤی ئەو جۆرە بەشدارییەی تۆ لە دێباتی سیاسیی ئەمڕۆدا،بە تۆ و بە خوێنەرانی کورد بگەیەنم.
٭ ٭ ٭
یەک ووتار – چوار تێزی دژ بە یەک
سەرەتا ئەوە بڵێم کە بۆ من دیار نییە، (وە وەک دەردەکەوێت بۆ تۆ خۆشت دیار نییە) کە ئایا تێزی تۆ لەو دەقەدا بەدیارییکراویی چییە و بۆچی پێتوایە پێویست ناکات کەس بەوە شۆک بێت کە ئەم هەفتەیە دەزگای پەرلەمان بۆ پێشێلکردن و بێحیسابکردنی”نۆرمیدیموکراتیی دەستاودەستکردنی دەسەڵات”بەکار هێنرا.
ئەو قسانەی تۆ لەو دەقەدا چوار مانا دەدەن:
یەکەم:بۆی هەیە تۆ مەبەستت ئەوە بێت کە ئەو دۆخە هیچ چاری نییە، بۆیە پێویست ناکات شۆک بین و تەنانەت پێویستیش ناکات ئیتر ئەوەندە بیری خۆمانی بهێنینەوە کە ئەو دۆخە دیکتاتۆرییەتە چونکە «دیکتاتۆرییەت لە کوردستاندا خۆی پەنجا ساڵە هەر هەیە و تازە چەند زۆرینەی پەرلەمانیشمان بەدەستەوە بێت و تەنانەت دەقی دەستوری کوردستانیش بە دڵی خۆمان بنووسینەوە، ستراکتوری دەسەڵات لە کوردستاندا هەر ناگۆڕێت و دیسانەوە پەنجا ساڵی تر دیکتاتۆری ناشیرینتر لە دیکتاتۆرەکانی ئەمڕۆ دروست دەبنەوە».
دیارە ئاسانە کەسێک ئەوە ببینێت کە ئەم قسەیەی تۆهەر تەنها قسەیەکی ڕەشبینانەی پڕ لە توورەیی کەسێکی دڵسۆزە، نەک قسەیەکی پڕ لە فیکر و لێکدانەوە و تەبریری ڕاشیۆناڵانە.
دووەم: کەسێک بۆی هەیە وا لەو قسانەت تێبگات کەتۆ داوا دەکەیت بە خۆفەرزکردنی دەسەڵاتدارە خۆفەرزکەرەکان هەڵنەچین چونکە هیچ بەرهەمی نابێت وچارەسەر ئەوەیە بە شۆڕشێک هەمووی ژێرەوژێر بکەین و بە جۆرێکی تر ئەو کۆمەڵگایە داڕێژینەوە.
سێیەم: بۆی هەیە تۆ ئەو گۆڕانکارییە شۆڕشگێڕییە ڕادیکاڵەت مەبەست نەبێت و تەنها مەبەستت ئەوە بێت کە پێویست ناکات ئەوەندەی بڵێینەوە کە ئەوە دیکتاتۆرییەتە و، گرنگە لەبری ئەوە بیر لە ستراتیجییەتێک بکەینەوە بۆ ڕزگاربوون لەو دیکتاتۆرییەتە.
چوارەم: بۆیشی هەیە تۆ ئەو قسانەت هەر تەنها بەکارهێنانێکی ئەو جۆرە ڕێتۆریکە بێت کە کەسێک بۆ پیشاندانی تووڕەیی خۆی لە سەرکوتگەریی، بۆ نموونە، سەرکوتگەریی ڕژێمێکی هەجین [Hybrid regime: ڕژێمێک کە دیموکراتییەتێکی بێکارکردی تیایە و نیمچە-دیکتاتۆرییەتێکە] دەڵێت: «ئەوە گومانی تیا نییە کە ئەم سیستەمە لە هەجینییەتی تێپەڕاندووە و گەیشتۆتە دیکتاتۆرییەت و ئەمە ئیتر پێویست بە قسەلێکردن ناکات».بە مانایەکی تر، نیمچە-دیکتاتۆرییەتێک بە دیکتاتۆرییەتی تەواو ناو دەبات تەنها لەپێناو ئەوەدا پیشانی بدات کە ئەو چەند بێزارە لەو ڕژێمە و چۆن خوازیارێتی بگۆڕێت.
٭ ٭ ٭
قسەکردن لەپێناو ئەوەدا هەر شتێک بڵێیت
وەک دەبینیت تۆ لە یەک دەقدا بە چوار تەبریری یەک لە یەک جیاوازتر ئارگیومێنت بۆ ئەوە دەکەیت کە بۆچی پێویست ناکات شۆک بین. نەک هەر ئەمە، بەڵکو گرنگە ئەوە ببینین کە ئەو چوار تەبریرە نەک هەر تێزی جیاوازن لەیەکتر، بەڵکو موتەناقیزیشن لەگەڵ یەکتر، کەچی تۆ لەدەقێکدا کۆیان دەکەیتەوە و کەسیش پێی نازانێت.
بۆ نموونە لە سێ دانەی یەکەمیاندا هیچ دیار نییە کە ئایا تۆ ڕەشبینیت و هیچ هیوایەکت بە داهاتوو نییە و پێتوایە هەرچییەکیش بکەین کەڵکی نییە و پەنجا ساڵی تریش هەر دیکتاتۆرییەت هەیە لەکوردستاندا، یان تۆ گەشبینیت و ڕێگەی شۆڕش یان ڕێگەیەکی ناتوندوتیژترت لەبەرچاوە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا. ئاخر تۆ ناکرێت هەردوو ئەم بەدیلەت بەیەکەوە هەبێت. بۆیە پرسیار ئەوەیە کە ئەگەر ڕەشبینیت و هیچ هیوایەکت بە چاکبوونی کۆمەڵگای کوردیی نییە و دیکتاتۆرییەت [بە تەعبیرەکەی کاک مەریوان وریا] بە بەشێک لە جیناتی هەموو سیاسەتمەدارێکی کورد دەزانیت، ئەی چۆنە لەو نووسینەدا وا پیشان دەدەیت کە تۆ پێتوایە ئەگەر وازمان لەوە هێنا بڵێین «سەرۆک بەرەو بەدیکتاتۆربوون دەڕوات»، ئەوا هیوای ئەوە هەیە پەنجا ساڵی تر سیستەمی حوکم لە کوردستاندا دیکتاتۆریی نەبێت؟وە ئەگەریش گەشبینیت و بەدیلی دووەمت هەیە، ئەی چۆنە پێتوایە و دەنووسیت کە ئەگەر زۆرینەی پەرلەمانیشمان بەدەستەوە بێت و تەنانەت دەقی دەستوری کوردستانیش بە دڵی خۆمان بنووسینەوە، هێشتا هەر دیکتاتۆرییەت یەخەمان بەرنادات؟
نایشارمەوە کە ئینتیباعی من ئەوەیە کە تۆ هیچیانت مەبەست نییە و خۆت نازانیت چی دەڵێیت. بەسەراحەت بیڵێم، بۆ من وادێتە بەرچاو کە تۆ بەبێ هەبوونی تێزێکی ڕۆشن یان پەیامێکی ڕۆشن دەستت داوەتە قەڵەم بۆ ئەوەی هەرچۆنێک بێتلەو دۆزەدا هەر شتێک بڵێیت.کارێکی وا بەلای منەوە جێگەی ڕەخنەیە و ئەهوەنترین ڕەخنەش ڕووبەڕووی بکرێتەوە ئەوەیە کە دەبێت بە هەستنەکردن بە مەسئولییەت لە قسەکردن و هەستنەکردن بە مەسئولییەت لەئاست چارەنووسی کۆمەڵگای کوردییدا ناو ببرێت.
تکایە تۆ مولزەم نیت بنووسیت ئەگەر قسەت نەبێت، وە ئەوە گرفتی تۆیە و گرفتی کۆمەڵگای کوردیی نییە ئەگەر تۆ هەست بە ”گوشاری چاوەڕوانیی” (Expectation pressure) خوێنەر دەکەیت بەسەر خۆتەوە بۆ قسەکردن لەو ڕۆژانەدا کە ڕووداوەکان چڕ دەبنەوە و خەڵک حەماسەتێک دەیگرێت بۆ بەشداریی سیاسیی. پێم خۆشە ئەمەت ئاوا توند پێ بڵێم چونکە هەم هیچ تێگەیشتنێکم بۆ ئەوە نییە کە تۆ خۆت بە مولزەم دەزانیت و پێتوایە هەرچییەک بێت هەر دەبێت شتێک بڵێیت و، هەمیش چونکە دەزانم وتار و قسەکردنی وا بێسەروبەر لە نوخبەی ڕۆشنبیرییەوە چەند زەربەی کوشندە دەدات لە دۆزی بردنەپێشەوەی پرۆسەی دیموکراتیی لەو هەرێمەدا کە بۆ هەموومان گرنگە.
٭ ٭ ٭
قسەی بێسەروبەرمانای ئەوە نییە کاریگەریی نییە
من نازانم تۆ لە ڕاستییدا، لە دەرەوەی ئەو نووسینە، ئەو چوار تێزە کامیان بە لێکدانەوەیەکی دروستی ڕای خۆت لەسەر ئەو دۆزەولەسەر دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کوردیی دەزانیت. بەڵام هەرکامێکیان ڕای ڕاستەقینەی تۆ بێت، ئەوەی بۆمن گرنگە ئەوەیە کە تۆ ئەو نەتیجەگیرییەی لەسەر بونیاد دەنێێت کە دەڵێیت «سەرۆک چەندین ساڵی تریش خۆی فەرز بکات بەسەر خەڵکی کوردستاندا هەر دیسانەوە پێویست ناکات هیچ شۆک بین چونکە چی بکەین ئەو دیکتاتۆرە و دیکتاتۆریش وایە».
نایشارمەوە تەواو بێتاقەت و نائومێد دەبم بەوەی تۆ بەو ئەندازەیە کورتدەهێنیت لە لێکدانەوەی سیاسییدا کە نەبینیت ئەو تێزەت کورتوکوێر و ناتەواوە و، نەتوانیت لە خۆت بپرسیت ”ئەرێ ئەم قسەیە چییە من دەیکەم و چی مانایەکی عەمەلیی هەیە؟”.
من دەزانم تۆ ئەو دەقەت ناو دەنێیت ”دەردەدڵ” نەک وتار. بەڵام دیار نییە تۆ چی جیاوازییەک دادەنێیت لەنێوان ”ژانری دەردەدڵ” و ژانری وتاردا. بەهەرحاڵ من پێموایە دەقێک کە بۆ ئارگیومێنتکردن نووسیت و بڵاوت کردەوە، ئەوە ئیتر وتارە و، بەم مانایە من هیچ جیاوازییەکلەنێوان ئەو دووانەدا نابینم. ئەگەریش تۆ پێتوایە لە حاڵەتی دەردەدڵدا نووسەر دەتوانێت قسەی بێسەروبەر و ناکۆنسیستێنت بدات بەسەریەکدا، ئەوا من گرفتێکم لەگەڵ ئەوەدا نییە و ئەوە بابەتێکی گرنگ نییە بەلامەوە تا قسەی لێبکەم. گرفتی من ئەوەیە کە تۆ باکت نییە بەو قسە بێسەروبەرانەت لە ڕۆژی ٣٠ حوزەیراندا-دا چی زەربەیەک دەدەیت و، قبوڵت نییە لە ڕۆژێکیوادا کەقسە و تێزی رۆشنت نییە، بۆ خۆت کونجێک بگریت و ”دردەڵڕشتن” و قسەی تێکەڵوپێکەڵ هەڵگریت بۆ خۆت و بۆ ڕۆژێکی تر.
تۆ کاتێک لە ڕۆژێکی وا پڕ لە تووڕەیی خەڵکدا لە دەسەڵات، دەچیت ”دەردەدڵ”ی پڕ لە قسەی بێسەروبەربڵاو دەکەیتەوە، دەبێت حیسابێک بۆ ئەو ڕاستییە بکەیت کە توانای بەشێکی زۆر لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی ئێمە ئەوەندە نییە ئەوە ببینن کە تۆ لەو دەقەدا بەناوی دەردەڵەوە چۆن هەر قسەی ”بیرلێنەکراوە”ت داوە بەسەر یەکدا و هەر دێڕەو لە ئاوازێک دەخوێنیت. تۆ دەبێت ئەوە بزانیت کە توانای بەشێکی زۆر لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی ناو ناوەندی ڕۆشنبیریی ئێمە لە شیکردنەوەی دەقدا زۆر سنووردارە، بۆیە دەبێت حیسابی ئەوە بکەیت کە چەندینیان دەچن لەو ڕۆژەدا ئەو دەردەدڵە نا-وردەی تۆ پەیتا پەیتا لە فەیسبووک شەیر دەکەن و لەسەری دەنووسن «دەقێکی زۆر وردی کاک بەختیار عەلی لەسەر ئەم دۆخەی ئێستا» و «لێکدانەوەی زۆر وردەکارانە بۆ ئەم دۆخە» و «کۆمەڵێکلێکدانەوەی ورد و قوڵ و گرنگ» و،ئیتر خەڵکیش پەیتا پەیتا لایکی دەکەن و، دوای لایککردنیشی ئیتر تووڕەیی و حەماسەتی خۆیان بۆ وەستانەوە لەبەرامبەر دەسەڵاتدا دەخەنە لاوە و دەڵێن کاک بەختیار پێیوایە هیچ بیانوویەکمان نییە بۆ تووڕەبوون و هیچ پێویستییەک نییە بۆ ناڕەزاییدەربڕین.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کە تاکە هێزێک کە ڕۆژی 30.06.2013 مابووەوە بتوانێت شایی خۆفەرزکردن بەسەر ڕێساکانی گەمەی دیموکراتییدا لە مەسعود بارزانیی تێکبدات تەنها تووڕەیی خەڵکەکە بوو، ئەوا من پێموایە ئەو نووسینەی تۆ لەو ڕۆژەدا باشترین دەستگیرۆیی و خزمەت بوو بە مەسعود بارزانیی لەو تەنگانەیەدا کە لە ترسی خامۆشنەبوونەوەی تووڕەیی خەڵک تێی کەوتبوو. هەروەها بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ساردبوونەوەی خەڵک لەو تووڕەییەیان و ڕازییبوونیان بەوەی کە ئیتر پرەنسیپی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا بەئاسانیی حەرەمی بشکێنرێت، زەربەی کوشندە لە خەونی بەدیموکراتییکردنی وڵات دەدات، ئەوا تۆ هەرچییەک بێت کەسێک نەبوویت کە لەوڕۆژەدا کارێکت بۆ پلورالیزمی سیاسیی کردووبێت، بەڵکو، بێئەوەی خۆت بتەوێت یان بزانیت، خەڵکت بۆ یەکێتیی و پارتیی سارد دەکردەوە.
٭ ٭ ٭
سەبارەت بە گرنگیی بەهرەی شۆکبوون و ڕێگرتن لە بەنۆرماڵبوونی دیکتاتۆرییەت لە زیهنی خەڵکدا
من و تۆ دەکرێت لەسەر ئەوە کۆک بین کە هۆکارێکی گەورەی ئەوەی کە دیکتاتۆرییەت دەکەوێتەوە و دیکتاتۆرێک بەربەرییانە دەکەوێتە کوشتنی خەڵک و کەچی هەر لە حوکمدادەمێنێتەوە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە خەڵکەکە بەئەندازەی پێویست هەست ناکەن کە ئەوە چی کارەساتێکە کە لە دەوریان دەقەومێت. تۆ دەزانیت کە هیتلەر بۆیە توانی شەش ملیۆن ئینسان بسووتێنێت و خەڵکەکەش تەنانەت بە سووتاندنی منداڵیش شۆک نەدەبوو چونکە کوشتنی ئینسان لەلایەن دیکتاتۆرەوە لەو ڕۆژانەدا نۆرماڵیزە ببوو لای خەڵک و ئەو شۆکەی دروست نەدەکرد کە دەبوایە دروستی بکردایە. ئەم ڕاستییە بوو وایکرد قوتابخانەی فڕانکفۆرتیی لەدوای شەڕی جیهانی دووەم«بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە» وەک ئامرازی کارا بۆ ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی هۆڵۆکۆست و کەوتنەوەی ستەم تەرح بکات. بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بەو مانایەی کە هۆرکهەیمەر وەک ”دوورکەوتنەوە لە پێداگریی دۆگماتیکییانە لەسەر ئەوەی کە هەیە و فێری بوویت و وەرگرتنی وەک زانیاریی لێبڕاوە” پێناسەی دەکات. تیۆدۆر ئەدۆرنۆ لە دەقی «پەروەردە لەدوای ئاوچویتز»دا پێیوایەئەوەی کە کەوتنەوەی ئاوچویتزی مومکین کرد، نۆرمالیزەبوونی دیکتاتۆرییەتی هیتلەر و کاڵبوونەوەی باسی دیکتاتۆرییەتی ئەو لە ژیانی ڕۆژانەدا و شۆکنەبوون و هەستنەکردنی قوڵی خەڵک بوو بە پلەی کارەساتباریی ئەوەی کە لە ئاوچویتز ئەنجام دەدرا. ئەو پێیوایە کە خودی ئەوەی کە پێویستمان بەوە هەیە شەرحی بکەین کە ئەو بەربەرییەتە چەند بەربەرییەت بوو، ئەوە ئەعراز و نیشانەی ئەوەیە کە ئیحتیمالی سەرلەنوێ ڕوودانی ئەو بەربەرییەتە لەناو کۆمەڵگادا هەر ئامادەیە. هەر ئەمەشە، بۆ نموونە، نهێنیی ئەوەی کە لە کوردستانی ئێمەدا لە کۆڵانێکدا بە خەیاڵڕاحەتییەکی وەک ئەو خەیاڵڕاحەتییەیکە قەسابێک لە کاتی سەربڕینی مەڕێکدا هەیەتی، ئینسانێکی مێینە لەلایەن پیاوێکەوە دەکوژرێت و، کوشتنێکیواش هەر تەنها دوو ڕۆژ لەو کۆڵانەدا دەبێتە باس.
ئەوەی ئەمەی مومکین کردووە سڕبوونی بەهرەی شۆکبوونی ئینسانی ئێمەیە لەئاست ئەو بەربەرییەتەدا. بەنۆرماڵبوونی کوشتنی ئینسانی مێینەیە لەنەتیجەی ئەو تەبلیغەی کە هەموو ڕۆژە دەکرێت بۆ سڕکردنی توانای شۆکبوونی ئێمە و دەوترێت کولتوری ئێمە خۆی چەندین ساڵە هەروا بووە و پێویست ناکات هەموو ڕۆژە بیڵێینەوە کە ئەمە بەربەرییەتە و زوو زوو شۆک بین و بڵێین ئەمە چۆن دەبێت وابێت.
تۆ سەیرکە کوشتنی دوعا خەلیل بە بلۆک سەرەتا هیچ شۆکێکی لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا دروست نەکرد. پێموایە کەس ئاگادار نەبێت کە هەواڵی کوشتنی دوعا بەو شێوەیە سەرەتا لە لاپەڕەیەکی ناوەوەی ڕۆژنامەیەکی شاری هەولێردا وەک هەواڵێکی چەند دێڕیی بڵاو بووەوە و هەواڵەکە تەنانەت پێستی ڕۆژنامەنووسەکەشی نەجوڵاندبوو نەک ناخی. من هەواڵەکەم بینی و توانیم بیهێنمە پێش چاوی خۆم کە ئەوە چی کارەساتێک بووە و توانیم خۆم بخەمە ئەو دۆخە دەرونییەوە کە دوعا هەیبووە لەو لەحزەیەدا بلۆکێک بەر جەستەی دەکەوێت و خەڵکێکی لێ ئاڵاوە کە نۆرمالیزەبوونی کوشتنی ئینسان لەسەر ”شەرەف” لەلایان ئەو توانایەی تیا نەهێشتوون کە بتوانن زوو زوو شۆک بن. کۆمەڵگای ئێمە پێویستی بەوە بوو کە سەرەتا چەندین ڤیدیۆی بەردبارانکردنەکەلەچەندین گۆشەی جیاجیاوە ببینێت ئینجا بتوانێت شۆک بێت و تێبگات کە ئەو کارەساتە کارەسات بووە.
بۆیە بۆ ڕێگرتن لە کەوتنەوەی بەربەرییەتو بۆ ڕێگرتن لەوەی پلەی دیکتاتۆرییەت لە کوردستانیشدا بچێتە ئەو پلەیەوە کە لە زیمبابۆی و سودان و سوریادا هەیە، ڕێگەچارەئەوە نییە وەک تۆ بڵێین خۆی دیکتاتۆرییەتی سەرۆکحیزبە کوردییەکان هەر لە زووەوە لە پلەی دیکتاتۆرییەتی مۆگابی و عومەر ئەلبەشیر و بەشار ئەلئەسەددایە و پێویست ناکات هۆشداریی بدەین و بڵێین مەسعود بارزانیی زەمینە ساز دەکات ببێتە دیکتاتۆرێکی لەو جۆرە؛بەڵکو ڕێگەچارەئەوەیە لێگەڕێین خەڵک شۆک بن بەوەی کە مەسعود بارزانیی (بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا)، خووی دیکتاتۆریی گرتووە. ڕێگەچارە ئەوەیە لێگەڕێین ئەمە قەلەقمان بکات. ڕێگەچارە ئەوەیە لێگەڕێینئەوانەمان کەقەلەق نین و شۆک نابن بەمە، کەسانی تر تێیانبگەیەنن کە دۆخەکە چەند خەتەرناکە و زوو زوو شۆکیان بکەن.
کەواتە مەسەلەکە ئەوە نییە نەخۆشێک نەخۆشیەکی گەورەی هەیە و کەسەکانی هەموو ڕۆژێک بیبەنە خەستەخانە و هەموو ڕۆژێک کە بۆیان دەردەکەوێت نەخۆشە شۆک ببن. ئەم نموونەیەی تۆ دەیهێنیتەوە شوبهاندنێکی مووەفەقانە و وەسفێکی دروستی مەسەلەکە نییە. شوبهاندنێکی دروستتریئەم ئیشکالییەتە ئەوەیە کە بڵێین ئەو نەخۆشە هەموو ڕۆژێک دوای گەڕانەوە لە خەستەخانە بیری دەچێتەوە کە نەخۆشییەکی گەورەی هەیە و قەناعەت ناهێنێت کە پێویستی بە چارەسەرە، بۆیە کەسەکانی ناچار دەبنەوە سبەی ڕۆژیش بیبەنەوە خەستەخانە تا بیری بخەنەوە و قەناعەت بێنێ، بەڵام لە کۆتاییدا دەردەکەوێت کە بیرچوونەوەکەی ئەو و ملنەدانی بە چارەسەر هۆکارەکەی ئەوەیە کە کەسێک کە تهواو جێگەی بڕوای نەخۆشەکەیە، دوای سەردانی خەستەخانەکە دەچێتەوە بن دەستی و بە چرپە پێی دەڵێت ”جا چییە و بۆچی شۆک دەبیت؟! تۆ خۆت هەر نەخۆش بوویت و هەر نەخۆشیش دەمێنیتەوە و پێویست بەو چارەسەرە ناکات کە کەسوکارەکەی دەیانەوێت بۆت بکەن”.
٭ ٭ ٭
حەزی دژەیموکراتییانەی نوخبە بۆ کردنەدەرەوەی غەیرەنوخبە و مۆنۆپۆلکردنی سیاسەتکردن بۆ نوخبە
کەواتە گرنگە ئەوە بزانین کە ئەوانەی تۆ ڕەخنەت لێیان هەیە و دەڵێیت لەسەریەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە «سیستەمی حوکمڕانیی بەرەو دیکتاتۆرییەت دەڕوات» و «مەسعود بارزانیی ئێستا بەفیعلیی دیکتاتۆرە»، ئەوان بەو کارەیان لە هەوڵی ڕێگگرتندان لەوەی پلەی دیکتاتۆرییەت لە کوردستاندا بەرەو زیاد و زیادتر بڕوات.
تۆ دەزانیت بەشی گەورەی خەڵکی ئێمە، لەوانە زۆربەی سیاسەتکاران و نووسەرانمان، وەک هەر خەڵک و میللەتێکی تری ئاسایی، توانای فۆرمۆڵەکردنی هەستی تووڕەیی خۆی بە زمانێکی ئاڵۆز و داڕشتنەوەیەکی کاریگەر نییە.ئەمەیە وایکردووە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەوانەمان کە توانای ئەوەمان هەیە قسەکانمان بە نووسین بڵێین، ناوی نووسەریان لێ دەنرێت. نووسەران و خەڵکانێکی زۆری تر کە ئەو مەحدودییەتەیان هەیە لێکدانەوەی ئاڵۆز بکەن، بەڵام هاوکات هەست بە خەتەرناکیی کارەکە و هەست بە بەرپرسیارێتیی دەکەن، ئەو جیدییەتە دەنوێنن و پەیتا پەیتا تاکید لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەبێت سنوور بۆ تەماحەکانی بارزانیی بۆ بوون بە دیکتاتۆر دابنێین. بۆیە سەیرکە، تۆیەک کە دێیت و داوا دەکەیت ئەو توێژە گەورەیە و ئەو هەموو خەڵکە بە حەماسەتە بۆ بەشداربوون لە سیاسەتدا،هەموو واز لەو بەشدارییەیان بێنن، ئینجا دەبێت بزانیت کە تۆ چی هاوپەیمانییەکی شەعبیی گرنگ و جیددی لەبەرامبەر دەسەڵاتداراندا پەک دەخەیت و، چۆن کارێکی نادیموکراتیی وا دەکەیت کە بەشدارییکردن لە سیاسەتدا لە فیئەیەکی گەورەی خەڵک و ڕۆشنبیران دەسێنیتەوە و، دەتەوێت قسەکردن لە سیاسەتدا بۆ نوخبەی ڕۆشنبیریی و سیاسیی مۆنۆپۆل بکەیت.بیهێنە پێشچاوی خۆت تۆ بەو قسەیەت چەند کەست لەو بەشدارییە سیاسییە گرنگە خست وئیتر چەندیان لە فەیسبووک و لە وتارەکانیان و لە دێباتەکانی ناو میدیاکاندا واز لەوە دێنن هۆشداریی ئەوە بدەن کە مەسعود بارزانیی نیازی خراپ و خراپتری هەیە و دەبێت سنووری بۆ دانرێت. بە مانایەکی تر، تۆ بەو کارەت بەشێوەیەکی کاریگەر دژ بە ”دیموکراتییبوونەوەی چالاکیی سیاسەتکردن” کار دەکەیت و دەتەوێت هەر تەنها ئەوانە قسەیان لە سیاسەتدا هەبێت کە تا ئێستا قسەیان لە سیاسەتدا هەبووە و توانیویانە ئەو دۆزەخەمان لە کوردستاندا بۆ بخەنەوە کە ئێستا کەوتۆتەوە. ئەمەی تۆ دەیکەیت شەڕ و موقاوەمەتێکە کە لە هەموو وڵاتێکدا نوخبە، بەئاگایی و بەبێئاگایی، کەم و زۆر لەپێناو مانەوەی بەنوخبەیی خۆیدا، لەبەرامبەر دیموکراتییەت بەمانای”حوکمی خەڵک” و، لەبەرامبەر بەشداریی سیاسیی ”خەڵکی ڕەمەکیی”دا دەیکات.
٭ ٭ ٭
بۆچی دەهێنێت بەوە شۆک بین کە لە ٣٠ حوزەیراندا کرا؟
من تێناگەم چۆنە تۆ دەتەوێت ئەوەی کە لە ٣٠ حوزەیراندا دوو حیزبی ناو حکومەت لە پەرلەماندا کردیان،بە ڕووداوێکی نۆرماڵ وەرگرین و ناوی نەنێین «هەنگاوێکی گەورەی تر ڕووەوە چەسپینی دیکتاتۆرییەتێکی ڕووت لە کوردستاندا».
ئەوە لێکدانەوەیەکی دروست نییە کە تۆ دەیڵێیت گوایە ئەو ئیجرائەی ئەمجارە لە پەرلەماندا کرا هەر چەشنی ئەو ئیجرائاتە خۆفەرزکەرانانەی پێشوتری ئەو دوو حیزبەیە لە پەرلەماندا. جیاوازیی ئەوەی ئەمجارە لە پەرلەماندا کرا ئەوەیە کە ئەمجارە پەرلەمان کرا بە وەسیلەیەک بۆ پشتگوێخستن و بێئیعتیبارکردنی یەکێک لەو نۆرمە بناغەییانە کە دیموکراتییەتی لەسەر دادەمەزرێت کە نۆرمی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە. ئەمە کارێکە کە پەرلەمان لە سەڵاحییەتیدا نییە بیکات و لە حاڵەتی وادا کاری دروست ئەوەیە هەموو جۆرە خەباتێکی ناتوندوتیژ بگریتە بەر و هەموو وڵات بکەیتە قەیران و تا لێکێشانەوەی متمانە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو پەرلەمانە و جاڕدانی هەڵبژاردنی تازەی دەستبەجێ، واز نەهێنیت.
جیاوازیی ئەم کارەی ئەمجارەی پەرلەمان ئەوەیە کە پەرلەمان تائێستا چەندین کاری کردووە و چەندین یاسای دەرچواندووە کە لە ڕووی یاسایی و دەستورییەوە مافی هەبووە دەریبکات ئەگەرچی ئەو کار و یاسایانە کارکردی سەلبیی و کوشندەی هەبووە بۆ دیموکراتییەت لەو دەڤەرەدا، بەڵام ئەمجارە دوو یاسا دەردەچێنێت کە یاسا و دەستور ڕێگەی پێ نادات دەریچێنێت، چونکە ئەگەر یاساکان و کارەکانی پێشووی پەرلەمان خەتەرناک بوون بۆ دیموکراتییەت، ئەمەی ئەمجارەیان کاری ئاکتیڤ و بە ئەنقەستە بەپێچەوانەی ڕێساکانی گەمەی دیموکراتییەتەوە کە ڕێککەوتووین هەموو لایەک قبوڵی بکەن و ڕەچاوی بکەن.بە شێوەیەکی تر بیڵێم، بەڵی پەرلەمان ئەو سەڵاحییەتەی پێدراوە کە یاسا تێپەڕێنێت و ئەو کارە یاساییە. بەڵام جیاوازییەک هەیە لەنێوان پێودانگی ”ڕەوا” (Legitimate) و پێودانگی ”یاسایی” (Legal)دا، وە مەرج نییە هەر شتێک یاسا بوو، ئیتر ڕەواش بێت. پەرلەمان سەڵاحییەتی نییە یاسای ناڕەوا و پێچەوانەی ڕێساکانی گەمەی دیموکراتیی دەرچوێنێت و ئەمجارە بەپێچەوانەی جارەکانی ترەوە، ئەمەی کردووە.
٭ ٭ ٭
بەدیموکراتییکردن پرۆسەی کردنی ڕیفۆرمێک لێرە و ڕیفۆرمێک لەوێیە
من لەگەڵ ئەو قسە ڕادیکاڵانەی تۆدا نیم لەسەر دیموکراتییەت کە پێتوایە نە بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمان و،نە هەموارکردنی دەستوور و،نە ڕێگرتن لە پێشێلکردنی نۆرمی دەستاودەستکردنی دەسەڵات و،نە فەرزکردنی ڕەچاوکردنی ڕێساکانی گەمەی دیموکراتیی بەسەر هەموواندا، هیچ ئەهەمییەتێکیان نییە و، پێتوایە دۆخی سیاسیی کوردستان «زبڵێکی سیاسییە» و ڕیفۆرمی دیموکراتیی هیچ قیمەتێکی نییە. مانای چییە تۆ پێتوایە ڕیزگرتن و ڕێزنەگرتنی نۆرمی دەستاودەستکردنی دەسەڵات هیچ جیاوازییەکی نییە و پێویست ناکات شەڕ بۆ ڕێزلێگرتنی بکەین؟ تۆ دەبوایە ئەوە بزانیت کە جێگرتنی تەواوەتیی دیموکراتییەت لە هەر کۆمەڵگایەکدا بەو بەرد لەسەر بەردە بونیاد نراوە نەک ئەوەی لەپڕ وڵات هەموو بڕیاریان دابێت ئیتر سیستەمی دیموکراتیی پیادە دەکەن و دەسەڵات لە ئۆتۆریتارییەتی خۆی بکەوێت. ئەم جۆرە قسەکردنە نائومێدانەیەی تۆ لەسەر سیاسەتکردن لە کوردستاندا لە فۆرمدا هەر لەو قسە پڕ ئومێد و خاڵیی لە فیکرەی سەلەفیی-جیهادییەکان دەچێت کاتێک بەدیلی ژێرەوژوورکردنی تەواوەتیی سیستەمی سیاسیی و بونیادنانەوەی خەلافەت لەسەری، وەک تاکەچارەسەر باس دەکەن بۆ وردودرشتی ناڕێکییەکانی ناو کۆمەڵگای کوردستان. ئەم جۆرە قسەیە کە لە نائومێدییەوە دەکرێت تەنها دەربڕینی بێزارییەکە لەوەی کە سیاسەت تائێستا لای ئێمە کردوویەتی، نەک ئەوەی کە مومکینە سیاسەت چی بێت و چی پێ بکرێت. من لە سیاقی تریشدا بینیومە کە بەڕێزت سیاسەتت وەک گەمەیەکی ناپاکانە پێناسە کردووە. ئەم بەهەڵەتێگەیشتنە لە سیاسەت دیاردەیەکی ناباو نییە. هەر ئەم تووڕەییە بوولە سیاسەت کە وایکرد خەڵکی ڕۆمانیای سەردەمی ڕژێمی کۆمۆنیستییلە ساڵی ١٩٨٩-دا دوای ڕوخانی ڕژێمی چاوچیسکۆ داوا بکەن و بڵێن «ئیتر سیستەمی سیاسەتمان ناوێ و دەمانەوێت لەجیاتی سیاسەت سیستەمی دیموکراتییەتمان هەبێ». ئەوان سیاسەت بەوە تێگەیشتبوون کە چاوچیسکۆ و ڕژێمەکەی کردبووییان و دەیانکرد.
تۆ کە خۆت بە ڕادیکاڵ یان بە ڕەشبینێکی بێهیوا نازانیت، حەقە ئاوا هەر قسەی ڕادیکاڵانە نەکەیت و لە قسەکردن لە سیاسەت لە کوردستاندا کارت نەبێتە ئەوەی ڕەشبینیی بە چوار دەوری خۆتدا بڵاو بکەیتەوە و بڵێیت گۆڕانکاریی دیموکراتیی بچوک سوودی نییە و «دیکتاتۆری کوردیی بە مردوویی و بە ئیفلیجیی و بەبێزمانییش هەر لەسەر عەرشی دەسەڵاتی خۆی دانابەزێت و تارماییەکەی هەر حوکمی کەسە بچوکەکانی ژێر خۆی دەکات». ڕەنگە تۆ خۆت ئاگادار نەبیت ئەو دەردەڵانەی تۆ لەسەر دۆخی سیاسیی لە کوردستان دەیاننووسیت و بەناوی ووتاری فیکریی گرنگەوە بڵاو دەبنەوە، بوونەتە چی تەبریرێک و دەلیلێک بەدەست کۆمەڵێکی زۆر لەو گەنجانەوە کە کۆمەڵگا گەنجییانی بەتاڵان بردووەبۆ خۆداڕوخاندن و خۆخەمباکردن و پێداگریی لەسەر عەبەسییەتی سیاسەتکردن و عەبەسییەتی ژیانکردن بە گشتیی.
٭ ٭ ٭
دوا ووتە
من دەزانم ئەم قسانەی من لێرەدا کردوومن ڕەنگە ڕەق بێنە بەر گوێی تۆ بەحوکمی گەشەنەکردوویی کولتوری دێبات لەناوەندی ڕۆشنبیریی کوردییدا کە بووەتە هۆی ئەوەی تۆڵێڕانس بۆ ڕادەربڕین و ڕاگۆڕینەوە و ڕەخنە زۆر کەم بێت.بۆیە زەرورەت دەبینم تاکید لەسەر ئەوە بکەمەوە کە من ئەگەرچی ڕێزی گەورەم بۆ تۆ هەیە و وەک نووسەرێکی پڕبەرهەم کە خەمێکی ڕۆشنبیریی گەورەی هەیە، خۆشەویستیی زۆرم بۆت هەیە،بەڵام هەرچییەک بێت پێم باش نییەڕێگە بە خۆم بدەم ئەو ڕیز و خۆشەویستییە دەستم ببەستێتەوە لەوەی هەرکاتێک ڕەخنەیەکم هەبوو بیڵێم.
من ئەو سانسۆرەم پێ قبوڵ نییە کە ڕۆشنبیرانی ئێمە لە ترسی لەیەکترڕەنجان و بۆ خۆپارێزیی لە تووڕەیی بەرامبەر و بۆ ڕاگرتنی دڵی ئەم و خۆشیرینکردن لای ئەو، خستوویانەتە سەر خۆیان. ئەو کلتوری موجامەلە و چاوترساوییەی لەناوەندی ڕۆشنبیریی کوردییدا باوە گورزی کوشندەی لە چالاکیی ڕەخنە لە فەزای گشتییدا داوە و ڕۆشنبیرانی ئەو ناوەندەی لەلایەکەوە کردۆتە کۆمەڵێک لە ئەحباب و دۆست کە هیچ ڕایەکیان لەسەر ڕای یەکتر نییە و، لەولاشەوە کۆمەڵێک لەیەکترڕەنجاو کە لەیەکتر گەڕاون نە یەکتر دەخوێننەوە و نە ڕای یەکتر دەخوێننەوە. تا ئەو شوێنەیجار هەیە خۆڕەنجاندن و یارییکردنی ڕۆڵی قوربانیی دەکرێتە چەکی خۆپارێزیی لە ڕەخنە و هەوڵی کۆڵدانی بەرامبەر لە ووتنی ڕای خۆی. ئەمە بە هەردوو ڕووەکەیدا چالاکیی ڕەخنەی کۆت کردووە و پێکداتەقانی ڕاستەقینەی ڕا جیاوازەکان و دێباتکردنی تەواو غائیب کردووە لەو ناوەندەدا.
بۆ من لێرەدا داکۆکیی لە گەشەپێدانی دیموکراتییەت و ڕێگریی لە بەدیکتاتۆربوونی مەسعود بارزانیی لە کوردستاندا لەسەرووی هەموو ئەو ئیعتیباراتانەی سەرەوە دێت. بۆیە پێم باش ئەم نامەیەت بۆ بنووسم.
هیوام شادیتە و ڕێزی زۆرم بۆت.
سیروان
ئۆسلۆ –03.07.2013