Skip to Content

Monday, December 9th, 2024
نمونه‌ی یه‌کگرتووی ئیسلامی بۆ کوردی باکووریش له‌ شوێن خۆیه‌تی

نمونه‌ی یه‌کگرتووی ئیسلامی بۆ کوردی باکووریش له‌ شوێن خۆیه‌تی

Closed
by May 16, 2008 گشتی

مه‌هدی كاوانی ……

کورده‌کان 75 ئه‌ندامی په‌ڕله‌مانیان له‌ ناو پارتی بوژانه‌وه‌و گه‌شه‌پێدان(ئه‌كه‌په‌) گه‌یانده‌ په‌ڕله‌مانی تورکی و هی ده‌ته‌په‌ش له‌ ده‌وروبه‌ری 25 ئه‌ندام په‌ڕله‌مان گه‌یشتنه هه‌مان‌ په‌ڕله‌مان . به‌ ناوی گه‌مه‌ی هه‌ڵبژارد 100 ئه‌ندام په‌ڕله‌مانی كوردی بگاته‌ ناو په‌ڕله‌مانی تورکی به‌و هه‌موو نکۆلی کردنانه‌ی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی تورکی  كه‌ به‌‌ بچووکترین داخوازی کورده‌کان له‌ مه‌ڕ کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تییان نایه‌ته‌ پێشه‌وه‌ تا بڵێیت دروسته‌ . به‌ڵام ئه‌و پرسیاره‌ی که‌ لێره‌ پێویست ده‌کات بکرێ ، ئایا ئه‌و نوێنه‌ره‌ کوردیانه‌ که‌ نه‌توانن بچووکترین مافی نه‌ته‌وایه‌تی بۆ کورده‌کان وه‌ده‌ست بێنن، ئایا نه‌ بوونیان له‌ بوونیان باشتر نیه‌ . لێره‌دا ڕا زۆره‌و وه‌ڵامی وێکچووت لێیه‌وه‌ به‌ ده‌ست ناکه‌وێ . ئه‌و 22-25 ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌ی ده‌ته‌په‌ تا بڵێیت ئه‌کتیڤن . ئه‌و حاله‌ته‌ی‌ ئێستا ده‌ته‌په‌ تێی دایه‌ زۆر به‌ دۆمای ڕووسی سه‌رده‌می قه‌یسه‌ر ده‌چێ . ئه‌و کاتی به‌لشه‌ویک (پارتی کۆمه‌نیستی سۆڤیه‌تی) و مه‌نشه‌فیک و پارتی تریش هه‌بوون خه‌باتی نهێنیان ده‌کردو ئه‌و پارته‌ی له‌ ناو دۆماش کاری ده‌کرد وه‌ک ده‌ته‌په‌ی کوردانی ئێستا به‌ یاسایی کاری ده‌کرد . تورکه‌کان ده‌ته‌په‌ ڕێکاو ڕێک به‌ په‌که‌که‌ ده‌چوێنن هی سه‌رده‌می به‌لشه‌فیک و دۆماش به‌ هه‌مان شێوه‌ . ئه‌و دوو جۆره‌ پارتیه‌ کوردیه‌ یه‌کێکیان  خه‌باتی سیاسی و ڕێکخراوه‌یی نهێنی وخاوه‌ن بزاڤی چه‌کداریشه‌ ، ئه‌وی تریشیان خه‌باتی سیاسی و ڕێکخراوه‌ی به‌ ئاشکراو له‌ ناو په‌ڕله‌مانی تورکی ده‌کات و مه‌به‌سته‌کانی هه‌ردوو لاشیان تێک ده‌کاته‌وه‌و ته‌واوکه‌ری یه‌کتریشن ، تا بڵێیت شێوه‌ خه‌باتێکی گونجاوی بزاڤی سیاسی کورده‌ . به‌ڵام گیرو گرفته‌که‌ ناوه‌ندی ئاینیه‌ . ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌، ده‌توانم بڵێم له‌ سه‌رده‌می سه‌لاحه‌دین ئه‌یوبیه‌وه‌ تا وه‌کو ئێستا ئه‌زموونیان هه‌یه‌ بۆ ڕاکیشانی سه‌رنجی کورده‌کان بۆ لای خۆیان به‌ ناوی ئاینه‌وه‌  . عوسمانیه‌کان زیاتر له‌ سێ سه‌ده‌ له‌ ژێر په‌رده‌ی ئاینه‌وه‌ توانیان سه‌رنجی میرنشینه‌ کورده‌کان بۆ لای خۆیان ڕاکێشن . له‌ کاته‌کانی پێش و پاش جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م کاتێ که‌ ناکۆکی کوشنده‌ که‌وته‌ نێوان پارتی موسته‌فا که‌مال ئه‌تا تورک و ده‌وڵه‌تی عوسمانی پێشوو ، هه‌ردولایان گره‌ویان له‌ سه‌ر ڕاکێشانی سه‌رنجی کورده‌کان بوو بۆ لای خۆیان و هه‌ردوو لاشیان هۆکاری ئاینیان به‌ سه‌ریان کێڵ ده‌کرده‌وه‌ . ئه‌تاتورک ناوه‌که‌ی به‌خۆوه‌ بوو که‌ پارتێکی ئاڕاسته‌ سکۆلیاریزم و دژی هه‌موو سه‌رهه‌ڵدانه‌ ئاینیه‌کانیش ده‌وه‌ستان ، هه‌تا پارتی ئه‌که‌په‌ش نه‌هاتبووه‌ سه‌ر حوکم کاری سیاسیان به‌ هه‌مان ئاڕاسته‌ ده‌کرد که‌چی سه‌رنجی کورده‌کانیان ئه‌و كاتی به‌ سۆزی ئاینی ڕاده‌کێشا . ئه‌که‌په‌ش ئێستاکه‌ هه‌مان سیناریۆی عوسمانیه‌کان و ئه‌تاتورک به‌ سه‌ر کورده‌کان به‌ ناوی سۆزی ئایینی دووباره‌ ده‌کاته‌وه‌ . ئه‌و ڕاكێشانه‌ به‌ سۆزی ئاینیه‌وه‌ به‌شه‌كانی تری كوردستانیشی گرتبۆوه‌ به‌ڵام به‌پله‌ی كه‌متر له‌توركه‌كان . شێخ مه‌حمودی نه‌مر خۆ شۆڕشێكی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌ڵگیرساند ، به‌ڵام سۆزی ئاینی زۆر جار وای لی ده‌كرد كه‌ وه‌ك پێویست له‌ ئینگلیزه‌كان نه‌یه‌ته‌ پێشه‌وه‌و جارو باریش توركه‌كان ئه‌و سۆزه‌یان به‌سه‌ردا كێڵ ده‌كرده‌وه‌ .  ئه‌و دسه‌رده‌مه‌ی که‌ سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی به‌ ناوی موسلمانانه‌وه‌ حو‌کمی ته‌واوی وڵاتانی ئیسلامی ده‌کردو له‌ ناو ته‌شکیله‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیشیدا وه‌ک زۆر له‌ توێژه‌ره‌وه‌ سیاسی و مێژوویه‌کان باسی لێوه‌ ده‌که‌ن سوپاکه‌ی له‌ کوردو تورک و عه‌ره‌ب پێک هاتبوو و ژماره‌ی کورده‌کان له‌ ئه‌وانی تر زیاتر بوو و نزیکه‌ی یه‌ک سه‌ده‌ش حوکمی باوانی ده‌کرد واته‌ تا نزیک یه‌ک سه‌ده‌ پاش مردنی سه‌لاحه‌دین فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ته‌واوی موسڵمانان بۆ کوڕو نه‌وه‌کانی که‌ هه‌موویان کورد بوون ده‌گوێزرایه‌وه‌ . ئه‌و كاتی‌ کورده‌کان سه‌رده‌ست بوون . که‌چی له‌ کاته‌کانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی ژیرده‌ست بوون . ئا لێره‌یه‌ ئه‌و جیاوازیه‌ به‌دی ده‌کرێ وه‌ک بگوترێ له‌ سه‌رده‌می یه‌که‌م ده‌نگ و ڕه‌نگی کوردان گه‌لێ زیاتر بوو له‌ هی سه‌رده‌می دووه‌م . ئه‌گه‌ر پرسیاری له‌و بابه‌تانه‌ش بکرێ و بگوترێ ئه‌ی باشه‌ بۆ ئه‌وان کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کوردیان نه‌ده‌برده‌ پیشه‌وه‌ . وه‌ڵامه‌که‌ی زۆر ئاسانه‌ ، چونکه‌ تا سه‌ده‌ی 19 -20 کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و پێک هێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ ته‌واوی جیهان نه‌ببوه‌ مه‌سه‌له‌یه‌ک . سه‌ده‌ی 20 به‌ سه‌ده‌ی پێک هینانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی ده‌ژمیردرێ . ئێستاكه‌ ته‌شکیله‌ی ئاینی ئه‌گه‌ر به‌ ڕه‌نگی کوردیه‌وه‌ بێته‌ مه‌یدانه‌وه‌ و وه‌ک پارته‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌ کوردیه‌کانی تر کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی
کورد به‌رز كه‌نه‌‌وه‌ ، چی تێدایه‌ با ڕۆڵی خۆیان ببینن .
ما یه‌کگرتووی ئیسلامی لێره‌ لامان له‌ به‌رچی له‌ گه‌شه‌کردن دایه‌ ، ئایا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ پارتێکی هه‌لگری نامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیه‌ . هه‌لبه‌ته‌ به‌ نه‌خێر وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌ . ئه‌و پارته‌ وه‌ک خه‌لک هه‌ستی پێ بکات له‌ پاش ڕاپه‌ڕینی 1991 ده‌ستیان به‌ چالاکی سیاسی کرد . ئه‌وانه‌ له‌ سه‌رده‌می شاخ نه‌فه‌رێکیشیان وه‌ک هه‌ستی پی بکرێ له‌ چیا نه‌بوو . ڕێكخراوی ئاینی تر له‌ بابه‌تی بزوتنه‌وه‌ و هه‌ندێكی تر له‌ناو بزاڤی چه‌كداری هه‌بوو به‌ڵام تا بڵێیت لاواز بوون . ته‌شكیله‌ی بزاڤی نه‌ته‌وایه‌تی كوردی باشوور زۆر باڵاده‌ست بوون كه‌چی له‌ كاتی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ، بزاڤی ئایینیش خه‌ریكه‌ چه‌كه‌ره‌ ده‌كات . ئه‌وه‌ بۆ وایه‌ به‌ مه‌زنده‌ی من له‌ به‌ر ناڕێكی ده‌سه‌ڵاتی كوردی و زیره‌كی یه‌كگرتووه‌ كه‌ شانبه‌شانی داخوازی ئاینی كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیشیان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ . خه‌ریكه‌ پارته‌ ئاینیه‌كانی تریش چاو له‌ یه‌كگرتوو ده‌كه‌ن و داخوازی نه‌ته‌وایه‌تی كورد به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ . تێكه‌ڵاوبوونی بزاڤی نه‌ته‌وایه‌تی و ئاینی به‌ ڕه‌نگی سه‌رده‌م ، به‌ ڕه‌نگی دیموكراتی و گه‌مه‌ی هه‌لبژاردنه‌وه‌ تا بڵێیت ته‌ندروسته‌ و له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ گۆڕه‌پانی سیاسی فراوان ده‌كرێت و له‌ گه‌ڵ زۆر كاری پۆزه‌تیڤانه‌ی تریان كه‌ له‌ ناو بابه‌ته‌كه‌م ناتوانرێ شوێنی بۆ بكرێته‌وه‌ .  ڕه‌نگه‌ ئه‌و گوێزانه‌وه‌یه‌ بۆ كوردی ڕۆژهه‌ڵات له‌ شوێن خۆی نه‌بێت ، چونكه‌ ئاخونده‌كان ئاینیان له‌ ئێران به‌ تایبه‌تی له‌ به‌شی كوردستانی به‌ ته‌واوه‌تی ڕسوا كردووه‌ ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و نمونه‌یه‌ بۆ كورده‌كانی باكوور بگوازرێته‌وه‌ له‌ شوێن خۆیه‌تی . ئه‌و  حاله‌ته‌ی ئیستا ئه‌و ٧٥ ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌ ئاینیه‌ تێی دانه‌ ، ناكرێ بگوترێ هه‌ر هه‌مووی نێگه‌تیڤه‌ . با به‌شی داكۆكی كردنه‌كانیان له‌ سه‌ر كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی وه‌لاوه‌ نێین ، به‌ڵام له‌ سه‌ر بوژانه‌وه‌ی ناوچه‌كوردیه‌كان و خزمه‌تگوزاری و زۆر له‌ ده‌زگا یاساوڵیه‌كان و هه‌ندێ مافی كۆمه‌ڵایه‌تی كاری پۆزه‌تیڤانه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن . گریمان له‌ ناو ئه‌و ته‌شكیله‌ ئاینیه‌ نیوه‌یان له‌ ناو پارتی ئاینین له‌ بابه‌ت یه‌كگرتووی ئیسلامی دابوونایه‌ ، له‌و حاله‌ته‌ هه‌نده‌ك داكۆكیان له‌ كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كورد ده‌كردو كه‌مه‌ك گوشاریشیان له‌ سه‌ر ده‌ته‌په‌ كه‌متر ده‌كرده‌وه‌ . خه‌ریكه‌ له‌ كوردستانی باشوور  ڕێكخراوه‌ ئاینیه‌كان هه‌نده‌ك به‌ ڕه‌نگی كوردایه‌تیش بێنه‌ پێشه‌وه‌ و  به‌ هۆیه‌وه‌ زه‌مینه‌یه‌ك ده‌ڕه‌خسێ كه‌  چه‌كی ئاینی له‌ بن ده‌ستی نه‌یارانی كورد بسه‌نرێته‌وه‌و بكه‌وێته‌ بن ده‌ستی خودی كورده‌وه‌ . ئه‌گه‌ر ئه‌و حاله‌ته‌ بۆ باكووریش بگوازرێته‌وه‌ ، له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ سنوری نه‌ته‌وایه‌تی فراوانتر ده‌بێت و گوشار خستنه‌ سه‌ر كورده‌كان كه‌متر ده‌بیته‌وه‌ . به‌ تاقی كردنه‌وه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ ئایین له‌ ناو كۆمه‌لگای كوردی بمانه‌وێ نه‌مانه‌وێ ڕه‌گی خۆی داكوتاوه‌ ، كه‌وابێ بۆ هه‌وڵ نه‌ده‌ین موتربه‌ی بكه‌ین به‌ ڕه‌نگی نه‌ته‌وایه‌تی . 
ئێستاكه‌ له‌ شوێن خۆیه‌تی ده‌ته‌په‌و په‌كه‌كه‌ هانی كه‌سایه‌تیه‌ ئاینیه‌كان بده‌ن به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی پێگه‌ی به‌رزیان له‌ ناو بزاڤی كوردی و كۆمه‌ڵگای كوردیه‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك یارمه‌تیان بده‌ن بۆ پێك هێنانی پارتی ئاینی به‌ خێوبۆی كورده‌واری . دروست بوونی پارتی ئاینی داكۆكی كه‌ر له‌ نیشتمان له‌ لایه‌كه‌وه‌ گۆڕه‌پانی تێكۆشانی كوردان فراوانتر ده‌كات ،له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ سنوری دوژمنانی كورد ته‌سك تر ده‌كات كه‌ ده‌نگی كورده‌كان به‌ سۆزی ئاینی بۆ لای خۆیان ڕاكێشن .

/  14/ 05/2008
mahdikawani@yahoo.co.uk

Previous
Next