Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
پێشوەخت  …  نەوزاد بەندى

پێشوەخت … نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

-1-

وەک ئەوەى شیعر مردبێ ،

شار ڕەش و سپیە ..

کوکوختییەک  پاقلە ئەفرۆشێ ..

من لە سێبەرى دەبابەیەکدا دانیشتوم ،

وەک ئەوەى بوار نەمابێ بۆ خواحافیزیى ..

بۆ داگیرسانى جگەرەیەک ..

زستان ڕنوە بەفرەکانى هەڕاج کرد ..

خودایە ! سەر زەمینەکەت چى بەسەرهات ؟

 

 

-2-

گیرفانەکانم پڕن لە ڕاگەیاندراو ..

هەر کەسێ ڕاست ئەبێتەوە ،

ڕاگەیاندراوێکم بە خۆڕایى ئەداتێ ..

بە زمانى کوردى و عەرەبى و ئینگلیزى..

هەروەها فارسى و تورکى ..

وا نیشان ئەدەم کە تێیان ئەگەم ،

ئەیانبەمەوە بۆ ماڵەوە و

ئەیاندڕم ..

 

-3-

سەردەمى زێڕینى سینالکۆ و مشن ..

جگەرەى سۆمەر و بەغداد ..

ئوتومبیلى مۆسکۆفیج و لادا ..

دەرزى کریسلاین پەنسلین ..

حەلاوە تەیب ..

نوقوڵى مینۆ ..

( ناگەڕێتەوە ! )

 

-4-

خەریکە لە قەڵەم نائومێد ئەبم ..

ئێستا زیاتر گوێچکەى پێ پاک ئەکەمەوە ..

پلاکى 3 چوکڵەیى پێ ئەکەوە ..

تەپڵى سەرى پێ ئەخورێنم ..

 

-5-

لە پەڵەیەک سەوزاییدا ..

کۆمەڵێ گیاندارى گۆشت خۆر ،

قاچیان لێ ڕاکێشا بوو ..

گۆرانییان ئەوت ..

جڕتیان ئەکێشا ..

پاشماوەى فستقیان ئەگرتە پشیلەکان ..

بە ڕەسمى سۆزانییەکان ،

بیست و یەک و

ناپلیۆنیان ئەکرد ..

 

-6-

بەیانى زوو ..

زۆر  زوو ..لە خەو هەڵئەستم ..

بەڵکو لە نێوان تاریکى و ڕوناکیدا ،

دەلاقەیەک بدۆزمەوە و

خۆم دەربازکەم ..

( لە شەو ..

لە ڕۆژ ..

لە پێکەنین و گریان ..)

 

-7-

ئازیزم !

ئێمەیش لە چرکەیەکدا ،

ئەڕۆینە ناو ئەرشیفەوە ..

ئەڕۆینە ناو

خەتى ڕاست و چەپى

یارییەکى ئەزنیفەوە ..

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.