Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
یاداوەرییەكانی ١٨ی مارچ، ڕۆژی ساڵیادی كۆمونەی پاریس و شوراكانی كوردستان

یاداوەرییەكانی ١٨ی مارچ، ڕۆژی ساڵیادی كۆمونەی پاریس و شوراكانی كوردستان

Closed
by July 6, 2013 گشتی

 

 

 

ھەرچەندە من لە ڕۆژانی ڕاپەڕین و سەردەمی سەرھەڵدان و تێكشكانی “بزووتنەوەی شورایی كوردستان”دا، لە ھەرێمی كوردستاندا نەبووم، بەڵام بەجۆرێك لە جۆرەكان بەشێكبووم لەو بزووتنەوەیە. كاتێك كە تێكشكانی بزاڤی چەكداری و ئاوارەبوون ئێمەی كردە پەنابەری نێو ئۆردووگەكانی وڵاتانی دەوروبەر، بواری زۆرتر ئاشنابوونم بە بزووتنەوەی جەماوەریی و خەباتی جەماوەریی و شۆڕشی كۆمەڵایەتی بۆ ڕەخسا و بە دابڕانم لە بزاڤی چەكداریی، ئاسۆیی بیركردنەوەم فراوانتر و خوێندنەوەم بۆ مێژووی بزووتنەوە جۆرا و جۆرەكان پەرەیسەند و ھەلم بۆ ڕەخسا، كە لەو بارەوە بۆچوونی تایبەتی خۆم بەپێی تێگەییشتن و پێگەییشتنی خۆم، پەرەپێبدەم.

وەھا سەرەتایەك بوو، بوو بە ھاندەرم بۆ كاركردن و چالاكی لەنێو پەنابەران و بانگەوازكردن بۆ پێكھێنانی شورای سەربەخۆیی پەنابەرانی خۆیان و پوچەڵكردنەوەی ھەوڵی بەكرێگیراوان و شوراكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، كە بە ئاشكرا و نھێنی لە ڕێگەی ڕەوتە ئیسلامییەكانی نێو ئوردووگەكانی پەنابەراندا، كۆماری ئیسلامی دەیسەپاندن و دەیكردنە دەمراستی خەڵكی. ھەرچەندە ھەوڵ و كۆششی من و ھاوڕێكانم بەرەنجامێكی ئاوای بەدەستەوەنەدا، بەڵام ھیچ كات تا كاتی گەڕانەوەم بۆ ھەرێمی كوردستان، دەستبەرداری پاگەندە و ھەوڵدان بۆ وەھا شورایەك نەبووم و ھاوكاتی پاگەندەكردنم بۆ ڕێكخراوە و یەكێتی جەماوەریی كرێكارانی كورەخانە و كیشاوەرزی، بەردەوام كارم لەسەر ھوشیاریی كەسەكانی دوروبەرم لەبارەی بزووتنەوەی جەماوەریی و كارایی سەربەخۆبوونی و ڕۆڵی لە بەدیھاتنی داخوازییەكانی پەنابەراندا، دەكرد.

گەڕانەوەم بۆ ھەرێمی كوردستان، ھاوكاتی دەنگدانەوەی ڕەخنەكانی ئیرەجی ئازەرین [ئەندامی فراكسیۆنی كۆمونیزمی كارگەریی نێو پارتی كۆمونیستی ئێران (حكا) و دواتر یەكێك لە دامەزرێنەرانی پارتی كۆمونیستی كارگەریی ئێران (حككا) و پارتی كۆمونیزمی كرێكاریی عیراق (حككع)] بوو. ئەودەم تەواوی لایەنگرانی ڕەوتی كۆمونیزمی كرێكاریی، بە ھەموو ھێز و توانایانەوە، لە ھەوڵی خۆتەكاندن لە تۆزوگەردی ڕۆژانی ڕاپەڕین بوون و ڕاپەڕینیان تا ڕادەی بەگاڵتەگرتن و بە چەتەگەریی چواندن و لە باشترین باردا خۆیان واتەنی بە “ھەڵچوونی تاڵانگەرانەی جوتیاریی” دەچواند و ھەموویان بەپێچەوانەی ئێستاوە، كە خەریكی نۆرەبڕێیكردن و خۆكردنە ڕۆڵەی ڕاپەڕین و  قارەمانسازیین، كەوتبوونە نكۆڵیكردن لەوەی كە بەشدار یا لایەنگری وەھا ڕاپەڕینێكی سەربەخۆی جەماوەریی بووبن. تەنیا یەك شت نكۆڵییان لێنەدەكرد، ئەویش ھەوڵدان و پاگەندەیان بوو لە ڕۆژانی پاش (ڕاپەڕین)دا بۆ شورا كرێكارییەكان، ھەرچەندە ئەوەش بە ھەمان ورە و لێبڕاویی ئەوسایانەوە نەبوو، پارادۆكسی شانازیی ڕۆژانی ڕاپەڕین و پەشیمانی و ڕەدووكەوتنی ڕەخنە ئایدیۆلۆجییەكەی (ئیرەجی ئازەرین)، بووبووە باری گرانی سەرشانیان و لە شەڕەدەندووكی سكتاریستییان لەتەك لایەنگرانی شورای خەڵكیدا، زمانی كولكردبوون.

بەڵام بۆ من، كە پێناسە و لێكدانەوەی خۆمم بۆ ڕاپەڕینی جەماوەریی ھەبوو، ھەگیز بەدەم ئەو سووكایەتی و گاڵتەكردنانەوە پێنەكەینیم، كە ڕاپەڕینیان بە تاڵانی و ڕاورووت دەچواند و ھەرگیزیش جوتیارییبوونی ھیچ ڕاپەڕینێكم بە كەمیی نەزانی و وەك ئەوان جوتیارانم بە ناشۆڕشگێڕ ناونەبرد. ھەر لە دووەمین ڕۆژی پەیوەستبوونم بە ڕێكخراوی (ڕەوتی كۆمونست)ەوە، ھەستم بە جیاوازیی بۆچوونم، بەتایبەت لەمەڕ ڕاپەڕین و لێكدانەوە دوور لە كەتوارییەكانی (ئیرەجی ئازەرین) لەتەكیاندا كرد، لێرەا ناچمە نێو قوڵایی ئەو بابەتە، چونكە لە [یاداوەریی و ئەزموونەكانی ڕۆژانی چەپایەتیم]دا فراوانتر لەو بارەوە ڕوونكردنەوە دەدەم.

پاش داخستنی بنكەی ڕەوتی كۆمونیست و پووچەڵبوونەوەی بڕیاری ڕەوكردنی ھەموو ئەندامانی ئەو ڕێكخراوە بۆ ھەندەران، بۆنە و ساڵیادەكانی ٨ و ١٨ی ئازار و یەكی ئایار و ….تد بوونە سەكۆیەك بۆ پاگەندەی ڕێكخراوەیی و ئایدیۆلۆجی. پاش شكستی بزاڤی شورایی و داخستنی بنكەكانی ڕەوتی كۆمونیست، یادی ١٨ی ئازار دووەمین مەراسیم بوو، كە چەپی دەھێنایەوە ڼێو مەیدان و بە كۆمەڵگەی دەناساندەوە. بۆ من یادی (كۆمونەی پاریس)، شتێكی تازە و نائاشنا نەبوو، ھەموو ساڵێك لەتەك ڕادیۆ كۆمەڵە و لە ڕێی بەرنامە تایبەتەكانی لەو ڕۆژەدا، ئاشنای بەسەرھات و ڕووداوەكان و ئەدەبیاتی ئەو ساڵیادەبووم، ئەوەی كە بۆ من نوێ بوو، ھەم بەشداریكردنی چالاكانەی خۆم بوو لەو ساڵیادەدا و ھەم بەشدارییكردنم بوو لە یادی “بزووتنەوەی شورایی” ھەرێمی كوردستاندا، كە دەیتوانی بەجۆرێك خۆزگە و ئەفسووسەكانم بۆ بەشداریكردن لەو بزووتەنەوەدا، كەتواریی بكاتەوە. بەو بۆنەوە، حەزمدەكرد لەو ڕۆژەدا بە ھەموو بوونێكمەوە، توانا و وزەم بۆ ئەو یادە بخەمەگەڕ.

 

١٨ی ئازاری ١٩٩٢ سلێمانی

بە وەھا ئامادەییەكەوە، بەشداری یادی ١٨ی ئازار؛ ساڵیادی “ڕۆژی كۆمونە” و ساڵیادی “بزووتنەوەی شورایی” لە كوردستانم كرد. ئەو كات ئەزموونی چالاكی و ئامادەكارییمان زۆر كەم بوو، پاش مەراسیمی ٨ی ئازار؛ ڕۆژی جیھانی ژنان، ئەوە دووەمین مەراسیم بوو، كە ئامادەكاریمان بۆ دەكرد، دابەشكار و جیاكردنەوەی دەستەكانی ئامادەكاریی لەئارادانەبوو، ھەندێكمان خەریكی پاگەندە و ئامادەكردن و زیادكردن و بڵاوكردنەوەی پلاكارت و بانگھێشتكردنی جەماوەر بوون، ھەندێكی دیكەش خەریكی ئامادەكردنی شانۆیی و سروود بوون و ئەوانی دیكە وەك پیشەی ھەمیشەیی ڕێكخراوەی ڕامیاریی خەریكی خۆئامادەكردن بوون بۆ وتاردان.

من ھەم لە گروپی سروودوتندا ھەبووم و ھەم لەبەر  نەخۆشبوونی ھاوڕێیەك لە پرۆڤەی شانۆییەكەدا بەشداربووم. ھەروەھا پێش ئامادەكاریی مەراسیمەكە، سەرنووسەری یەكێك لە گۆڤارەكانی ئەو دەمە، داوای وەرگێڕانی شانۆنامەی [ “نە بۆ دەنگدان / نا بۆ ڕیفراندۆم”، نووسینی بێرتۆڵد برێشت]ی لە زمانی فاسییەوە، لێكردم و منیش پاش ماندووبوونێكی زۆر و وەك یەكەمین وەرگێڕانی دەقی فارسی، تەواومكرد، بەڵام بەداخەوە، ھەرچەندە دواتر بەناوی خۆیانەوە بڵاویانكردەوە، بە منیان گوت “وەرگێڕانەكەت چاك نییە”. ئەگەر بە باشی لەبیرممابێت، وابزانم ھەر ئەو دەقە شانۆییە بوو، كە تیپە شانۆیییەكە [بەداخەوە دڵنیانیم، كە ئایا تێپی شانۆی ئایار بوو یا تیپی شانۆی نینا] بۆ یادی ١٨ی ئازار پرۆڤەی دەكرد.

بەڵێ ئەو ڕۆژە بۆ من، ھاتنەدی خەونێكی دێرین بوو، كە لە سەرزەمینی ڕاپەڕینی ٧ی ئازاری ١٩٩١دا لەو ڕۆژەدا دوا پەیام و سروودی كۆمونارەكانی پاریس بە گوێی ھاوچینەكانمدا بچرپێنین و لە یادی “بزووتنەوەی شورایی كوردستان”دا ئەو دەنگانە بێننەوە سەرشانۆ. ڕۆژێك، كە ھەرگیز وێنە و یاداوەرییەكانی چۆنیەتی كاركردن و لەخۆبردوویی ئەو ڕۆژانەی ھاوڕێیان و نادەربەستی و وێناكردنی ناكەتوارییانەی ئەم ڕۆژانەم بەیەكەوە بۆ كۆناكرێنەوە. وێڕای یاداوەرییە خۆشەكانی ئەو ڕۆژە، دەنگبڕان و برینداربوونی دەنگەژیـم لە كاتی وتنی سروودی “ھاوڕێیانی گیانبەختكروو ؛ بەڕێزە گیانبازیتان “، كە بەھۆی زاڵنەبوونی ھاوڕێكانی تەنیشتمەوە بەسەر ھۆنراوە و ئاوازەكەیدا، ناچاربووم، بۆ  پڕكردنەوە و بەرزكردنەوەی دەنگی ئەوان، من فرەتر دەنگھەڵبڕم، ئەمە بووە ھۆی تێكچوونی دەنگەژێم بۆ ھەمیشە.

بەڵێ ئەو ڕۆژە دڵخۆشی و ورەبەرزیی و بوژانەوە باڵی بەسەر گشت ئەو ھاوڕێیانەدا وەك یەك جەستە و یەك دەنگ و یەكخواست كێشابوو، ئەوانەی كە ئەمڕۆ وەرەمی پارتایەتی سەراپایانی تەنیوە و كردوونی بە ھەزار و یەك پارچەوە و ھەر چەند كەسێكیان لە بەرامبەركێی دەسەڵات و ناوبانگخوازانەدا، پارت و ڕێكخراو و گروپێكیان قوتكردووەتەوە و كەس ئامادەی گوێگرتن لە كەسی دیكە نییە و ھەر كەسە خەریكی دەبەنگنیشاندانی بەرامبەرەكەیەتی، كە لە ڕاستیدا ئەگەر دەبەنگییەك لە ئارادابێت، ئەوا تەنیا ئەو سكتاریزم و دەسەڵاتخوازییە پارتییەیە، كە باڵی بەسەر ھۆش و بیركردنەوەی زۆربەیاندا كێشاوە و ھاوڕێیانی دوێنێی كردووەتە دوژمنی سەرسەختی ئەمڕۆی یەكدی.

ڕۆژگارێك كە كۆمونیستخوازەكان، پارتی پۆڵایینیان نەبوو و بەسەر كۆمەلێك ڕێكخراو و دەستە و كۆڕ و كۆمەڵی جیاوازدا دابەشبووبوون، ھەمووان لە بەرەیەكەدا وەك بۆچوونە جیاوازەكانی ئاوەزێك و بوونێك (جەستەیەك/ كەسێك) دەردەكەوتن، بەڵام ئەمڕۆكە پاش ئەوەی كە بە فەرمانی سەرووی خۆیان لە پارتێكدا توانەوە، بوونە خاوەنی دەرزەنێك پارتی لەیەكچوو بەڵام تینووی خوێنی یەكدی. كاتێك وێنەكانی پاش تەواوبوونی مەراسیمی ١٨ی ئازاری ١٩٩٢ دەھێنمەوە پێشچاوم، كە ھەمووان سەرەڕای جیاوازیی بۆچوون و تێڕامانیان، بەڵام لە كەشێكی ھاوڕێیانە و زانیارییخوازانەوە خەریكی مشتومڕبوون، بەداخەوە ناتوانم بۆ ھیچ كەسێكی بسەلمێنم، ئەو كەسانەی كە لەوێدا بوون، ھەر ئەوانەن، كە ئەمڕۆ لە كایەی پارت و لیدەرچیەتی و ھەڵپەی پلەوپایە و ناوبانگدا تا بینەقاقا نوقمی كولتوور و بیركردنەوەی بۆرجوازییانە بوون و لەبری ڕەتكردنەوەی سەروەریی بۆرجوازی كورد، گلەیی لێدەكەن و خەریكی ئامۆژگارییكردنینی، كە چۆن سەرۆكی باش و میرایەتی باش و  پارتی باش و پارێزەری دێمۆكراسی پارلەمانی و سەروەریی یاساكەیان بن!

 

١٨ی ئازاری ١٩٩٣ ھەولێر

لە ھەولێر بەپێچەوانەی سلێمانییەوە، وەك پێشینەی مەراسیمەكانی پێشووتر، بەر لە مانگێك كەوتینەخۆ و بانگەوازمان بۆ كۆبوونەوەی گشتی گشت چالاكان و بەشداری و پێكھێنانی كۆمیتەی مەراسیمی ١٨ی ئازاری ١٩٩٣ی ھەولێر كرد، وەك ھەموو جارێك ھاوڕێیانی ڕێكخراوە ڕامیارییەكانی دیكە (ڕەوتی كۆمونیست و یەكێتی خەباتی كۆمونیزمی كرێكاری و سەرنجی كرێكار) و ڕێكخراوە جەماوەرییەكانی وەك ھاوڕێیانی یەكێتی بێكاران و كۆمەڵەی ئاوارەكان و ھاوڕێیانی كانونی ھونەر و ئەدەبیاتی شەبەنگ و دەستە و كۆڕ و كۆمەڵەكانی دیكە و تاكە سۆشیالیست و نزیكەكانی ئەو ڕێكخراو و كۆڕ و كۆمەڵانە، لە كۆبوونەوەی یەكەمدا بەشدارییانكرد، لە ھاوڕێیانی بەشدار [ ئیسماعیل (ئازاد ئاڕمان)، جەمال چاوشین، عەبدولراحمان مەولوود، گۆران عەبدوڵڵا، شاپوور عەبدولقادر، قابیل، ئەحمەد پاشا، دلێر، ئارام عەلی، جەعفەر عەلی، ناڵە حەسەن، ھیوا، بەختیار، بەخیتیار (كرێكاری كارەبا)، سۆران كەریم، ھیوا كەریم، رێبوار میدحەت، مامە كەریم، كاوە حەسەن، من و كۆمەڵێكی دیكە ھاوڕێ] بەداخەوە تەنیا ناوی ئەمانەم لەبیرماوە. لەم كۆبوونەوەدا بەپێی ئامادەیی و خۆبەخشیی كەسەكان دابەشكار كرا و لێژنەكانی ئەنجامدانی كارەكان پێكھێنران و ڕۆژی كۆبوونەوەی سەرپەرشتیكارانی لێژنەكان دیاریكران و ھەر لێژنەش سەرخەتی كارەكانی خۆی دەستنیشانكردن. 

ئەگەر بەھەڵەدانەچووبم، ئەو دانیشتنەمان لە بنكەی كانوونی ھونەر و ئەدەبیاتی شەبەنگ واتە شوێنی پڕڤەی تیپی شانۆی مژدە یا لە بنكەی یەكێتی بێكاران، ئەنجامدا. وەك جارەكانی دیكە، من كەوتمەوە لێژنەی ھونەری و لێژنەی پاگەندە و بڵاوكردنەوەی پلاكارت و ڕاگەیاندن، ھەروەھا وەك نوێنەری لێژنەی خۆجێی ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست، لەبەرئەوەی ڕێكخراوەكەی ئێمە بەشی ئاشكرای ھەبوو، گرتن و مۆڵەتوەرگرتنی ھۆڵ بۆ مەراسیمەكە بە ئێمە سپێردرا و منیش ئەو داواكارییەی كۆمیتەی مەراسیمەكەم بە نوێنەری بەشی ئاشكراوی ڕێكخراوەكەمان لە ھەولێر گەیاند و ئەویش لەوە دڵنیای كردمەوە، كە بێخەم بم و ئەوە كاری ئەوە و زوو ئەنجامیدەكات و نامەی مۆركراو بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی دەزگەی ئاساییش، ئامادەدەكات و بەخۆی جێبەجێیدەكات.

ھەرچەندە ناكۆكی بیركردنەوە و بۆچوون و شێوازی كار و ھەڵسوكەوتمان لەتەك ڕێكخراوەكانی دیكەدا، جیاواز بوو و سووكە گومانێكم لەوە ھەبوو، كە كارەكە ئەنجامنەدات، بەڵام لەولاشەوە بڕوام بەخۆم دەھێڼا، بە خۆمم دەگوت “بڕواناكەم تا ئەو ڕادەیە كار و پرسە گشتییەكان و كارە ھاوبەشەكان بكاتە قوربانی ناكۆكی كەسیی و بۆچوونی كەسیی”. 

ئێمە ئەندامانی لێژنەكان، ڕۆژ بە ڕۆژ كارەكانمان ئەنجامدان و ھاوڕێ ئازاد ئاڕمان ئۆتۆمەبێلەكەی خستبووە پێناو ئەنجامدانی كارەكانمان و بەخۆیشی ھاریكارمان بوو. لەو ڕۆژانەدا نزیكایەتی و ھاوڕێیەتییەكی وەھا باڵی بەسەر پەیوەندی ھەندێكماندا كێشابوو، كە بۆ كەسانی دەرەوەی ئەو سێ ڕێكخراوە، ئاساننەبوو، بزانێت كێ لە كام ڕێكخراوەدا ئەندامە و جیاوازیی ڕێكخراوەییمان چییە. بەتایبەت نێوان ئێمە ھاوڕێیانی (حەوزەی شققە) لەتەك ھاوڕێیانی یەكێتی خەباتی كۆمونیزمی كرێكاری (ئارام عەلی)، سەرنجی كرێكار (جەعفەر عەلی و بەختیاری كرێكاری كارەبا) و ھاوڕێیان ئازاد ئاڕمان و جەمال چاوشین و ھاوڕێیانی گیانبەختكردوو شاپوور و قابیل و كۆمەلێك خوێندكاری زانكۆ، ھێندە گەرموگوڕ بوو، وەك خێزانێكی گەورەمان لھاتبوو. پەرتووكفرۆشییەكەی ئێمە سەرەتا بەرامبەر ئاساییش و بەردەم قەڵا و دواتر بەرامبەر سینەما كریستاڵ، بووبووە بنكەی كۆبوونەوەی گشت چەپەكان و یەكدی بینینیان.

ڕۆژی ١٨ی ئازار، كاتێك كە بە ئۆتۆمەبێلەكەی ھاوڕێ (ئازاد ئاڕمان)، كەرەستەكانی مەراسیمەكەمان بردنە ھۆڵی ڕۆشنبیریی جەماوەر، لەوێ پاسەوانی ھۆڵەكە پێیگوتین، ئێمە ئاگادارنەكراوین و بەبێ مۆڵەتی ئاساییش بۆتان نییە مەراسیم بكەن. قسەیەكی ئاوا وەك فیشەكێك بوو، بە ھەموومانەوە نرا، ئەم، لەوی دەپرسی و ئەو، لەمی دەپرسی “چۆن مۆڵەت وەرنەگیراوە” و ” ئەو دەیگوت، مەگەر ئێمە یەكەمجارمانە مەراسیم بكەین، بۆ شتی وانەبووە” و ھەمووشیان ڕووی دەمیان لە من دەكردەوە ” مەگەر بڕیار نەبوو، تۆ ئەو كارە ئەنجامبدەیت”. منیش ھەرچەند لە كۆبوونەوە ھەفتانەییەكانی پێشووی مەراسیمەكەدا لەوە ئاگادارم كردبوونەوە، كە لیپرسراوەكەمان بەڵێنی داوە بەخۆی ئەو كارە ئەنجامبدات و بە منی گوتووە “پێویستناكات، تۆ خەیاڵی خۆت بەوەوە خەریكبكەیت و من ئەو كارە ئەنجامدەدەم”. دیسانەوە درامەوە بەر ڕێژنەی پرسیار  “مەگەر ئێوە لە لێژنەی خۆجێی ھەولێر و  بەشی ئاشكرای ڕێكخراوەكەتاندا پێكەوە كارناكەن و چۆن لە كارەكانی یەكدی ئاگادارنین؟” دیسانەوە ناچاربووم بڵیم ھاوڕێیان، بەداخەوە من ماڵی ئەو ھاوڕێیە نازانم لەبەرئەوەی تا ئێستاكە بۆ ئێمە ئاشكرا نییە، ھەرچندە بەخۆی لێپرسراوی بەشی ئاشكرای ڕێكخراوەكەكانە!

پاش ماوەیەك چاوەرێ ماینەوە، دواجار ناچاربووین، [ئەگەر بەباشی لەبیرممابێت] ھاوڕێیەك لەتەك ھاوڕێ ئازاد ئاڕمان بە ئۆتۆمەبێلكەكەی چوون بۆ ماڵی لێپرسراو و لەوێوە چووبوونە ئاساییش و ھاتنەوە و لێپرسراو و مۆڵەتەكەیان لەتەك خۆیان ھێنا. لەم ساتەدا كە ئەوان ھاتنەوە، نزیكەی ٢٠ خولەكی بۆ ئەو كاتەی، كە بۆ دەستپێكی مەراسیمەكە دیاریمانكردبوو، مابوو. ھەرچۆن بوو، بە پەلەپەل، وەخۆ كەوتین و مەراسیمەكەمان بەرپاكرد. ھاوڕێی لێپرسراو بە پێكەنێكی دەستكردەووە وتی “خۆ دیتان بەبێ من ھیچتان بۆ ناكرێت”، لەو كاتەدا سەیرێكی منی كرد و ھاوڕێیانی بەشدار لە كۆمیتەكەدا لەوە تێگەییشتن، كە ھاوڕێی لێپراسراو ئامانجدارانە وەرگرتنی مۆڵەتەكەی دواخستووە و  بە منیان گوت ” ئەگەر بمانزانیایە، بەرامبەر بە تۆ ناكۆكی ھەیە، ئەوا بەخۆمان داوای نامەی مۆركراوی ڕەوتمان بۆ وەرگرتنی مۆڵەتەكە لێدەكرد و تووشی ئەم دەردیسەرییە نەدەبووین”.

بۆ من، ئەم مەراسیمە دوو ئەزموونی تێدابوو، یەكەم قسەكەی ھاوڕێ (ئـ.. ح-ك) ئەندامی بەشی ئاشكرای ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست لە سلێمانی بۆ سەلما، كە دەیگووت “ئەگەر دەتەوێت گویط لێبگرن و بە پلەیەكی بەرزتر بگەیت، پێویستە دەست بەكڵاوەكەتەوە بگریت”. منیش لەو كەسانە بووم، كە كڵاوێكم نەمابوو تا دەستیپێوەبگرم، دووەم، ئەوانەی ھەڵپەی پشت مایكرۆفۆن و بەردەم كامێرایان بوو، بە ھەموو شێوەیەك دەیانویست چتبوونی خۆیان بسەلمێنن. ھەڵبەتە ئەم كارە، سەرەتای دژایەتیكردنی من بوو، لە زۆربەی چالاكییەكاندا و دواتر لە مەراسیمی یەكی ئایاری ١٩٩٣دا تاڕادەی دژایەتی و گەرپێفرۆستن و دەرپەڕاندن، ناچاریانكردم بەرەو ئاكرێ ملی ڕێگە بگرم. ھەروەھا بەرگرتن بە بەرپاكردنی مەراسیمی ڕۆژی جیھانی منداڵان كە لە ساڵی ١٩٩٣دا، پێشنیار و ئیدەی من بوو، لەلایەن لێپرسراوی بەشی ئاشكرای ڕێكخراوەكەمانەوە، كە ڕێكخستنی شارەكانی ڕەوتی كۆمونیست ڕەزامەندی لەسەر دابوو و ھەروەھا بەرگرتن بە كۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەرامبەر سووتاندنی پەتووكخانەی ڕاپەڕین لە ڕانیە، كە نزیكەی ٥٠ كەس لەسەر بانگەوازی ئێمە [ھاوڕێیانی شوقە و ھاورێ ئازاد (بژار) بەناوی لێژنەی خۆجێی ھەولێری ڕەوتی كۆمونست، بەیاننامەی سزاواركردن و بانگەوازمان بۆ كۆبوونەوەی گشت ئازادیخوازانی ھەولێر دەركردبوو و كۆبوونەوەكەمان لە گڵكەند بەرپاكرد. دواتر لە گێڕانەوەی یاداوەرییەكانمدا بەناوی [یاداوەریی و ئەزموونەكانی ڕۆژانی چەپایەتیم]، بە وردی دەچمە سەر زۆر بابەتی دیكەی شاراوەی ئەو ڕۆژانە.

خوێنەری ھێژا، ئەمە كورتەی یاداوەرییەكانی من بوون، لەمەڕ مەراسیمی ساڵیادی كۆمونەی پاریس و بزووتنەوەی شورایی؛ ١٨ی ئازاری ١٩٩٢ و ١٩٩٣. دەكرێت زۆر لایەنی دیكەی ئەو چالاكییانە و ھەڵویستگیرییەكانی ئەودەمە، بۆ ھاورێیانێكی دیكە سەرنجڕاكێشتر بووبن و  بەو ھۆیەوە لە یاداوەیی مندا تۆمار نەبووبن یا لەبیرم نەمابن، مایەی دڵخۆشییە، ئەگەر ھاوڕێیانی بەشدار و جالاكی ئەو ڕۆژانە قۆڵی لێھەڵماڵن و لەتەك ئێمەدا یاداوەرییەكانیان بەشبكەنەوە. داوایلێبوردن دەكەم، كە لە ھەندێك جێگەدا ناچاربووم، زیاتر لەسەر شتەكان بوەستم یا ڕۆشنكردنەوەی زیاتر بدەم، تاوەكو بتوانم وێنایەكی ڕۆشنتر بخەمە بەرچاوی ئەو خوێنەرە ئازیزانەی، كە لەو ساتەدا ئامادە و بەشدارنەبوون و ئاگایان لەو پرسانە نەبووە.  ھەروەھا ئەو كاتیش وەك ئێستا من دژی پلەوپایەی ڕێكخراوەیی بووم و وەك سەرەتاییەك (مەبدەئێك) ڕەتمدەكردەوە و ڕەتیدەكەمەوە و ئەندامبوونم لە لێژنەی خۆجێی ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیستدا، تەنیا لەبەر داواكاریی و سووربوونی ھاوڕێیانم [مامە كەریم، ڕێباز، ڕێبوار میدحەت، سۆران كەریم، ھیواكەریم، سیروان عەلی (ئەندامانی حەوزەی شوقە)] ڕازیبووم. بەداخەوە بەپێچەوانەی چاوەڕوانی ئەو ھاوڕێیانەوە، نەك ھەر ڕازیبوونی من، نەبووە ھۆی باشتركردنی پەیوەندی ئێمە لەتەك لێپرسراوی بەشی ئاشكرای ڕەوت لە ھەولێر و ڕێكخستنی نھێنی شارەكان، بەڵكو بووە ھۆكاری توندوتیژبوونەوەی دژایەتی دوو ھاوڕێی ڕێكخراوەیمان بۆ من، كە لە دەرەوەی ئاپارتمان (شققە)كەی ئێمە دەژیان.

 

بۆ خوێندنەوەی یاداوەرییەكانی ٨ی ئازار؛ ڕۆژی جیھانی ژنان، كرتەلەسەر ئەم بەستەرە بكەن: www.hezheen.tk

 

ھەژێن

١٦ی ئازاری ٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.