موباره‌ك و مورسی …
موباره‌ك و مورسی …
دوو دۆڕاوی سیاسیی له‌به‌رانبه‌ر هێزی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵكدا
مورسی ئاوا به ئاسانی له دیمه‌ن و شانۆی سیاسیی به‌رچاو دوور نه‌ده‌خرایه‌وه ئه‌گه‌ر پێیوابوایه ئه‌وه‌ی لایه‌تی به ته‌نها هی خۆی و هی رێكخراوه سیاسیه‌كه‌ی نییه به‌ڵكو هی هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌یه پشكدار بوون له لادانی ده‌سه‌ڵاتی پێشوو. كاتێك له رووداوه نا رێكخراوه‌كه‌ی تونس ئه‌و شه‌قه‌ی به‌ر بووعه‌زیزی كه‌وت و له به‌رانبه‌ردا ئاگری له خۆی به‌ردا و ئه‌م ئاگره ده‌سه‌ڵاتی بن عه‌لی خوارد، میسرییه‌كانیش سۆزی سیاسیی و هه‌ست و غیره‌تیان جولا و له ناكاو بڕیاریاندا رێژیمی سیاسی موباره‌ك چیدی مافی ئه‌وه‌ی نییه وڵات به‌ڕێوه به‌رێت.
تا ئێره بڕیار بڕیاری هه‌موو ئه‌و میسریانه‌یه كه ده‌یانه‌وێ ده‌سه‌ڵات بگۆڕن و ئۆرگانی دیكه بیگرێته ده‌ست، حه‌زی گۆڕان له بونیادی سیاسیی و ده‌وڵه‌تداری و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات له هه‌موو رووه‌كانه‌وه حه‌زێكی گشتییه و له هه‌ستی به كۆی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری تاكه‌كان ئاماده‌یی هه‌یه.
به‌ڵام ئه‌و بوونه‌وه‌ره سیاسیانه‌ی باش له رووی سیاسییه‌وه به خێو نه‌كراون و له سۆنگه‌ی باش حاڵینه‌بوون له چه‌مكی موڵكدارییه‌وه قه‌واره‌ی هێز و توانا جه‌ماوه‌رییه‌كه هه‌ر هه‌مووی به هی خۆیان ده‌زانن و پێیانوایه ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌موویان له مه‌یدانه‌كان كۆ ده‌كاته‌وه سبه‌ینێش له به‌ڕێوه‌بردنێكی دیكه‌دا هه‌ر هه‌مان یه‌كریزی و یه‌ك خوواستی و یه‌ك راییان هه‌یه.
كه‌سه‌كان .. ئۆرگانه‌كان..گرووپ و رێكخراوه‌كان هه‌ر لایه‌ی نمایه‌نده‌ی لایه‌ن و پانتاییه‌كی فراوانن و نوێنه‌رایه‌تی ئه‌وان ده‌كه‌ن له ده‌ربڕینی ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ و ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ له ره‌فتارێكی به‌كۆدا هه‌موویان یه‌ك ده‌نگیان له ده‌م دێته ده‌ر و به یه‌كه‌وه ده‌ڵێن (بڕۆ موباره‌ك) سبه‌ینێ ده‌بن به ده‌نگی جودا جودا و هه‌ر لایه‌نه تێز و خواستی خۆی چاودێری ده‌كا و وا ده‌خوازێ كه بۆی بێنه دی، له بنچینه‌شدا گۆڕین به شێوه دیموكراسییه‌كه‌ی هه‌ر ئه‌وه‌یه و مه‌گه‌ر نا موباره‌ك بڕوا و مورسی بێت چی له دۆخه‌كه ده‌گۆڕێت ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌یشێوێنێ و تین و توانای خه‌ڵكه‌كه‌ش به فیڕۆ نه‌دات.
رووداوه گه‌وره‌كه‌ی به قه‌ولی میسرییه‌كان 25 یه‌نایه‌ر هه‌ر به‌ته‌نها ئیخوانه‌كان تیایدا له‌سه‌ر شانۆ نه‌بوون و هه‌ر ئه‌وان به ته‌نها ئه‌و هێزه نه‌بوون بتوانن ریژیمی تۆكمه و پته‌وی ئه‌منی و سه‌ربازی و موخابه‌راتی موباره‌ك بله‌رزێنن، ده‌یان رێكخراو و پارت و ئۆرگانی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و ئاینی جیاجیا هه‌بوون ته‌نها له وتنه‌وه‌ی رسته‌ی (بڕۆ موباره‌ك) له‌گه‌ڵ ئه‌وان یه‌كی ده‌گرته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی رووداوه‌كان به‌و ئاراسته‌یه چوون كه ئیدی موباره‌ك و دار و ده‌سته‌كه‌ی توانای به‌رگه‌گرتنی ئه‌م شه‌پۆله جه‌ماوه‌رییه هه‌مه ره‌نگه‌یان نییه، سوپای ئه‌و وڵاته وه‌ك هێزێكی سیستماتیك و یه‌ك پارچه له هه‌ڵوێستێكی نیشتمانیانه‌ی بێوێنه‌دا كه من پێموایه له مێژووی هێزه سه‌ربازییه‌كانی خۆرهه‌ڵات و دنیای كه‌ناردا بێ نه‌زیر بوو هاوكێشه‌كه‌یان به لای خه‌ڵكدا برد و ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شیان هه‌م رێز بوو به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی پێشوو و هه‌م رێزیشه به‌رانبه‌ر ئه‌وانه‌ی وا خه‌ریكن و ده‌یانه‌وێ ده‌سه‌ڵاتێكی دیكه بینا بكه‌ن.
دوای ئه‌وه‌ی موباره‌ك له دیمه‌نی سیاسی ون بوو پاشان له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی و سه‌رۆكایه‌تیدا مورسی و ئیخوانه‌كان بردیانه‌وه، هه‌ڵوێسته‌كانی مورسی ئه‌وه‌ی لێده‌خوێندرایه‌وه بڵێ وازم لێبێنن بزانن چۆن وڵات به‌ڕێوه ده‌به‌م!!، مه‌گه‌ر نا هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی به‌شدار بوون له درووستكردنی رووداوی 25 ی یه‌نایه‌ر و هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌ش كه رژابوونه سه‌ر جاده‌كان خۆ هه‌ر هه‌موویان مورسیان قبوول نه‌بووه، مورسی ته‌نها له پێشبڕكێیه‌كی ده‌نگه‌كاندا بردوویه‌ته‌وه، ئایا هه‌ر كه بردییه‌وه ئیدی چیدی پێویستی به‌و هه‌موو هێزه نییه كه رووداوه هه‌ره گه‌وره‌كه‌ی درووستكرد؟. ئه‌مان ئیدی له مه‌یدان و دیمه‌نی سیاسیی ده‌بێ بۆ ماوه‌یه‌ك ون بن و له دووره‌وه چاو‌دێر بن بزانن مورسی و ئیخوانه‌كان چۆن وڵات به‌ڕێوه ده‌به‌ن ؟.
مورسی و ئه‌وانه‌ش كه وه‌ك ئه‌و بیرده‌كه‌نه‌وه و له نموونه‌یان له خۆرهه‌ڵات و لای خۆشمان زۆره دووچاری كوێری ره‌نگه‌كان بوونه و دنیا له ره‌نگێك یا دوان زیاتر نابینن، مه‌گه‌ر نا له نه‌خشه‌ی رووداوه‌كانی 25 ی یه‌نایه‌ردا ئه‌گه‌ر هێزی ئیخوانه‌كان ژماره (1) بوون ئه‌وا هێزه‌كانی ژماره 2 و 3 و 4 و5 و….هه‌ر یه‌كه‌كان به‌ته‌نها هه‌ن و ئه‌گه‌ر به ته‌نها له ئاست هێزی ژماره 1 نین ئه‌وا به یه‌كه‌وه رووبه‌ر و قه‌واره‌ی هه‌ره گه‌وره ژماره 2+3+4+5 …تاد پێكده‌هێنن. هه‌ر بۆیه چۆن هێزه‌كانی دیكه پشكدار بوون له درووستكردنی رووداوه گه‌وره‌كه و له رووخاندنی رێژیمی پێشوو ئاوه‌هاش ده‌بێ پشكدار بن له بیناكردنه‌وه‌ی سیستمی ئێستادا، ئه‌مه‌یه بنه‌ماكانی هزری سیاسیی دیموكراسی و كاری به‌یه‌كه‌وه‌یی. خۆ ئه‌گه‌ر مورسی له یارییێكی سیاسی‌دا ئه‌گه‌ر ناوی دیبلۆماسییه‌تیشی لێ نابا ده‌ستی بۆ هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ی دوێنێ له رووخانی موباره‌كدا له گه‌ڵیبوون درێژ كردبایه و له توانای ئه‌وان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت سوودی وه‌رگرتبایه باوه‌ڕ ناكه‌م كه‌لێن درووست بووبایه بۆ هاتنه پێشه‌وه‌ی سوپا له دیمه‌نی سیاسی‌دا.
سیاسه‌تی په‌راوێزخستن و لادان و نه‌خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ئۆرگان و لایه‌ن و سه‌رچاوه سه‌ره‌كیانه‌ی بیناكه‌ر و خولقێنه‌ری ره‌سه‌نی هێزن، رووی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌ر براوه‌یه‌ك له ده‌سه‌ڵات یا هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارێك ئه‌وه‌نده ناشیرین ده‌كه‌ن ئیدی هه‌میشه ئومێدی ونبوون و نه‌مانی ده‌خوازرێت.
ئه‌گه‌ر چی بوونی عه‌سكه‌ر به یاریكه‌ری هه‌ره به هێز له مه‌یدانه‌كه‌دا نیشانده‌ری زشتیی دیمه‌نی سیاسین له هه‌ر وڵاتێكدا چوون سوپا ئه‌ركه‌كانی دیاره و ئه‌گه‌ر لاڕێ بوو ئه‌وا ناوی دیكه‌ی لێده‌نرێت، وه‌لێ بێنه به‌رچاوی خۆت له وڵاتێكی وه‌ك میسر ئه‌گه‌ر سوپا به‌و تۆكمه‌ییه‌ی نه‌بوایه و ئه‌م هه‌ڵوێسته سیاسییه‌ی نه‌بوایه وڵاته‌كه چی به‌سه‌ر ده‌هات؟ (ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیشیان باش به‌ڕێوه ناچێت چا نییه سوپایه‌كی رێك و پێكیان هه‌یه باش له هه‌ڵوێسته مه‌ترسیداره‌كاندا دێته سه‌ر خه‌ت!!).
من وای ده‌بینم كه موباره‌ك زۆر له مورسی زیاتر هێزی هه‌بوو و ئه‌گه‌ر كێشه‌كه به ته‌نها له نێوان مورسی و موباره‌كدا بوایه ئه‌وا هه‌رگیز مورسی و حیزبه‌كه‌ی به موباره‌ك و هێزه‌كه‌ی نه‌ده‌وه‌ستان ، به‌ڵام وێنه‌كه له بنچینه‌دا به‌م شێوه‌یه نییه ،چون له ته‌ك مورسی ده‌یان هێز و ئۆرگانی دیكه هه‌بوون هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد تابلۆكه‌یان به شێوه‌یه‌ك ده‌نه‌خشاند كه ئیدی با موباره‌ك بڕوات.
ئه‌م عه‌قلییه‌ته‌ی به شێوه‌ی مورسی وڵاتی پێ به‌ڕێوه ده‌برا عه‌قلییه‌تی په‌راوێز خستن و دوور خستنه‌وه و نه‌خوێندنه‌وه و لادان بوو هه‌ر به‌ته‌نها ئه‌ویش ئه‌م سیاسه‌ته‌ی پیاده نه‌كردووه و بگره ئه‌م خووه نه‌خوازراوه سیاسییه تێكه‌ڵی حه‌زه كه‌سییه خودییه‌كانی سیاسییه ته‌نگ نه‌زه‌ره‌كان بووه و هه‌ر بۆیه‌ش له گوتار و ره‌فتار و هه‌ڵوێسته‌كانیاندا ئه‌م په‌راوێزخستن و لادانه دیاره.
له وڵاتی ئێمه‌ش حیزب و رێكخراوه سیاسییه‌كان هه‌ر هه‌موویان به بێ جیاوازی پێیان وایه به ته‌نها وڵاتیان له‌سه‌ر ئاوازی سیاسیی خۆیان پێ به‌ڕێوه ده‌چێ و له‌م كاره ده‌سته‌جه‌معی و پرۆسه نیشتیمانییه فراوانه‌دا پێویستیان به یه‌كتر نییه، ئه‌م نه‌فه‌سی په‌راوێز خستنه له گوتار و ره‌فتاری سیاسی و حیزبیان به‌رانبه‌ر یه‌كتر دیاره و هه‌م ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان له ده‌سته و ئه‌وانه‌ش كه چاوه‌ڕێی ئه‌م نیعمه‌ته!! ده‌كه‌ن، له چه‌مكی ده‌سه‌ڵات به مانا هزری و مۆراڵی و زانستییه‌كه‌ی نه‌گه‌یشتوون و بڕوایان به‌كاری ده‌سته جه‌معی سیاسی نیه.
ئه‌م روانینه بۆ ده‌سه‌ڵات رق و كینه‌ی شه‌خسی سیاسیه‌كانی گواستۆته‌وه سه‌ر رقی لایه‌نگرانیان له یه‌كتر و هه‌ر بۆیه له‌و سه‌رزه‌مینه‌ی خۆماندا نه‌ك كار بۆ به‌یه‌كه‌وه بیناكردنه‌وه‌ی نیشتیمان ناكرێ بگره هه‌ر بیریشی لێ نه‌كراوه‌ته‌وه و ره‌فتاره‌كان زیاتر به‌ره‌و هه‌ره‌سی سیاسیمان ده‌به‌ن نه‌ك بینای سیاسیی.
محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن