Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
یاداوەرییەكانی یەكی ئایار … ھەژێن

یاداوەرییەكانی یەكی ئایار … ھەژێن

Closed
by July 8, 2013 گشتی

 

 

 

 

یەكی ئایار لە منداڵی مندا

یاداوەرییەكانی سەردەمی مناڵێم لە بارەی ڕۆژی یەكی ئایارەوە، گەلێك لە یاداوەرییەكانی سەردەمی ھەرزەكاری و دواترم جیاوازن. كاتێك كە قسە دەھاتە سەر كۆمونیزم و كرێكار، بەردەوام لە دەمی باوكمەوە دەمبیست، كە “لە ساڵی ١٩٥٨دا ھەموو كەسێك وەك مۆدێڵ ئەندام و دۆست و لایەنگری پارتی كۆمونیست بووە”، بەڵام ئەو بەخۆی نا. ئەو دەیگێڕایەوە كە” لە یەكی ئایاری ١٩٥٨دا ھەر كەسێك دەستی پاچ و خاكەناز و چەكوش و بێڵی گرتبێت، ئەوەی ھەژار و برسی و كۆڵبەر بووبێت، لە ڕۆژی یەكی ئایاردا خرۆشاوەتە نێوەندی مەیدان و دروشمی بەسەر (لێنین و ستالین) ھەڵداوە”. 

ھەرچەندە بەوە دڵخۆشدەبووم، كە كەسە ھەژار و زەحمەتكێشەكان لەو ڕۆژەدا ھێندە ھاودەنگ و یەكگرتوو بوون و پێكەوەبوون. بەڵام داستانێكی ئاوا بۆ من، ھیچ سەرنجراكێشییەكی تێدانەبوو، چونكە  من تێنەدەگەیشتم بۆچی و ئامانجیان چی بووە، یا ڕاستر بڵێم، لەبەرئەوەی كە باوكم خۆشی لە كۆمونیستەكان نەدەھات.

ساڵ ھات و ساڵ چوو، ساڵانی پاش ھەرەسھێنانی بزووتنەوەی چەكداریی ناسیونالیستی كورد، ھەموو ساڵێك لە ڕۆژی یەكی ئایاردا خەڵكی ڕوویان لە دەشت و دۆڵ و كێوان دەكرد و دەبووە ئەو ڕۆژەی كەس بە كەس نەبوو و بەزۆری خواردنەوە بووبووە مۆدێلی یەكی ئایارەكان و تا یەكی ئایاری ١٩٧٧ كەسانێكی زۆر چووبوون بۆ سەیران و بەھۆی خواردنەوە و بەدمەستبوونی ھەندێكەوە، لەنێوان لایەنگرانی (حشع) و لایەنگرانی (پدكع)دا بووبوو بە دەمەقاڵێ و سووكایەتیكردن بەیەكتری و ڕۆژەكە لە سەیران و خۆشیییەوە، گۆڕابوو بە ڕۆژێك، كە ناخۆشترین یاداوەریی لە منداڵی مندا بەجێھێشت.

بەڵێ یەك دوو شەو پاش یەكی ئایار، دوو كەس لەلایەن دەستە سەرەتاییەكانی بزووتنەوەی چەكداری تازە دروستبووەوە كوژران و لە دەروونی منی مناڵدا مۆری ناخۆشی و ڕكبوونەوەیان لەو ڕۊژە دا و تەنانەت ڕكم لە سەیران دەبووە و تا ئێستاش بەجۆرێك حەزم بە شادیی و ھەڵپەركێ و ھەرا نییە. ھەموو جارێك كە ھاوسەر و منداڵی كوژراوەكانم دەبینین، خۆبەخۆ یەكی ڕۆژی ئایار وەك یاداوەرییەكی ناخۆش دەھاتەوە بەرچاوم.

 

یەكی ئایار لە ھەرزەكاریی مندا

كاتێك كە ھێزە چەكدارەكانی (ینك) پەلاماری (قڕناكا و پشتئاشان)یان دا، منی ھەرزەی ڕامیاریی تا بینەقاقام لەژێر كارایی ھەرا و پاگەندەی ئەو ڕۆژانەدا، ھەستم بە سەركەوتنێكی گەورە و بەرز دەكرد، بەتایبەت، كە گوێم لەم دەستەواژانە دەبوو ” لێنین، گۆڕ ھەڵتەقێنە، تەحریفییەكان …. لە كوردستان … “. بەڵام ھەستكردن بەو خۆشی و سەركەوتنە زۆری نەخایاند و كۆتایی پاییزی ھەمان ساڵ، كە بەخۆم بوومە پێشمەرگە و لە دەمی ھاوسەنگەرەكانمەوە وردەكاری ھێڕشەكان و باری دەروونی گیراوەكانی لایەنی پەلاماردراو و ئامانج و تاكتیكی پەلاماردەرم بیست، سەد و ھەشتا پلە ھەستم بە شەرمەزاری دەكرد و دەنگێك لە ناخمدا ھاواری خنكێنراوی كوژراوەكان و قینی چاوی ھاوڕێ بەجێماوەكانیانم بە ھۆشمدا دەدا و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر و زیاتر بە ئاگایدەھێنام. ھەڵبەتە خودی ململانێی نێوان عیراقچی و كاردستانچییەكان، كە من فرەتر بەلای عیارقچییەكاندا دەچووم، لەو بارەوە كارایی خۆی ھەبوو.

 

یەكی ئایار لە دەمی ھوشیاربوونەوەمدا

ناسین و دەرككردنی پێشینەی ڕۆژی یەكی ئایار، وەك ڕۆژێكی چینایەتی و سیمبولی خەباتی كرێكاران دژی مشەخۆران (بۆرجوازی) ، بۆ كارایی بەرنامەكانی ڕادیۆ كۆمەڵەی زەحمەتكێشان دەگەڕایەوە، كە بە دابڕانم لە بزووتنەوەی چەكداری، ڕۆژانە لە لایەنگریی لایەنەكەی خۆم دووری دەخستمەوە و بەرەو بیری ڕزگاری كرێكاران و زەحمەتكێشان ڕایدەكیشام. كارایی بەرنامەكانی كانونی ھونەر و ئەدەبیاتی كرێكاریی لەسەر من ھێندە بەرفراوان بوو، كە چیدی گوێم لە ڕادیۆی لایەنەكەی خۆم ڕانەدەگرت و ڕۆژانە بە بەرنامەكانی ئەو ڕادیۆیە بەنگبووبووم.

 

یەكی ئایاری ١٩٩٠ لە دەمی خۆھوشیاریی كەسیی خۆمدا

لەتەك دابرانی یەكجارەكیم لە بزووتنەوەی چەكداریی كە لە ڕاپەڕینەكەی ١٩٨٧دا بە ناچاری ڕوومتێكردبووەوە، بووە خاڵی وەرچەرخانی ھزریی و بۆچوونەكانی من بۆ ھەموو شتەكان، ھەرچەندە من لە جەرگەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێراندا دەژیام، ھەموو ساڵێك لە یەكی ئایاردا وەك سوونەتێك نەدەچوومە سەركار و لەو ڕۆژەدا وەك شەیدایەكی بێباك لە شەقامی شارەكاندا بەدەم وتنەوەی سروودی یەكی ئایار و سوودی (ئینتەرناسیوناڵ)ە، لە دووی ھاوبیرانی خۆم دەگەڕام، بەرنامە و سروودەكانی كانوونی ئەدەبیاتی كرێكاریم تۆماردەكردن و دەستاودەست بە ھاوەڵان و ھاوڕێیانی خۆم، بەتابەت لایەنگرانی ئاڵای شۆرش و (حشع) و گروپی ئینتەرناسیونالی كۆمونیست، دەگەیاندن، دەمویست لەو ڕۆژەدا لە ڕەفتار و دڵخۆشیمدا جیاوازی ئەو ڕۆژە بۆ من بە ھەمووان نیشانبدەم، بەتابەت ھاوچینەكانم (كرێكارانی كورەخانەكان).

لەم ساتانە بەدواوە، چیدی یەكی ئایار بۆ من بۆنەیەكی ناڕۆشن نەبوو و ھۆكاری جەنگ و سەیران و خۆمەستكردنی داخدارانەی كەسەكان و كوشتنی كەسەكان بۆ من ناڕۆشن نەبوون، چونكە بەخۆم بووبوومە كرێكار و ڕۆژانە بەپێست و ئێسكم، جیاوازییە چینایەتییەكانم دەركدەكردن و زیاتر زیاتر ناتەبایی و ناجۆری سیستەمە ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكەم بۆ دەردەكەوت و باوەڕم بە ھزری ڕزگاری چینەكەم بەھێزتر دەبوو. چیدی لوولەی چەكەكان بۆ من، یەكلاكەرەوەی كێشەكان و كۆتاییھێنەری ستەم نەبوون، دژی شەڕبوون و دژی دەمارگیری نەتەوەیی و دژی سەرمایەداریبوون، ئاوازی سروودێكی مرۆییبوون، كە ڕۆژ بە ڕۆژ منیان لە مرۆڤخۆشویستن و لە ھاریكاری و ھەرەوەزیی و خەمخۆریی بۆ خەڵك نزیكدەكردەوە، وەك داڵدارێكی دێوانە، ھیچ ھۆگرییەكم بۆ حەز و چێژە خۆویستییەكان نەمابوو. حەزمدەكرد لەو ڕۆژەدا ببمە بوركانێك و سیستەم و دەسەڵاتی چینی مشەخۆر بەخۆی و دەوڵەتەكان و لەشكرەكان و ھەمبارەكانی پیشەسازی چەك و بازارەكانی سوودخوازیییەوە، ژێروژوور بكەم.

 

یەكی ئایاری ١٩٩١

یەكی ئایاری ١٩٩١، ھەرچەندە خەمی شكستی ڕاپەڕین و كۆڕە و باڵی بەسەرمدا كێشابوو، بەڵام دیسانەوە لەو ڕۆژەدا ھەر لە دووی ھاوبیرەكانم وێڵبووم، بەتایبەت كە زۆرێك لە ھاوەڵەكانم گەڕابوونەوە ھەرێمی كوردستان و چەكداری لایەنەكانیان بوون و من ھەستم بە تەنیاییەكی زۆر دەكرد. لەو تەنیاییەدا بۆ یەكەم جار، دیتن و دەركەوتنی دروشمێك بەبۆنەی ڕۆژی یەكی ئایارەوە، شاگەشكەی كردم، ھەرچەندە ھاوبۆچوونیم لەتەك ئەو ڕێكخراوە (راھی كارگر)دا نەبوو، بەڵام دیتنی دروشمی “كرێكارانی جیھان یەكگرن” لەسەر دەرگەی پۆستی ئەو شارەی لێیدەژیام، مژدەیەكی گەورە بوو بۆ من و ھەستی تەنیایی منی لە ڕۆژی یەكی ئایاری ١٩٩١دا ڕەواندەوە و ھیوایەكی بە من بەخشی، بەوەی چیدیكە لەوێدا تەنیابیم.

 

یەكی ئایاری ١٩٩٢

ھەرچەندە نزیكەی نۆ مانگ بوو گەڕابوومەوە ھەرێمی كوردستان و سەرقاڵی چالاكی ڕێكخراوەیی و یادی ڕاپەڕین و مەراسیمەكانی ٨ی مارچ و ١٨ی ئازار ڕۆژی كۆمونەی پاریس و شوراكانی كوردستان بووم، بەڵام بەداخەوە بەھۆی ئەركێكی ڕێكخراوەییەوە، كە لەو ڕۆژانەدا بە من دەسپێردرا [ بردنی ئۆرگان و بڵاوكراوە و نامە ڕێكخراوەییەكانی حككا بۆ ئێران] ئایاری ئەو ساڵەش ھەر لە كۆڕ و كۆبووبەوە ئایارییەكانی ھەرێمی كوردستان بێبەش بووم و لەو ڕۆژەدا ھەردەم بیرم لەلای ھاوڕێ و ھاوكارەكانی مەراسیمەكان بوو. بەڵام لەیەك شت دڵنیابووم، ئەویش ئەوەبوو، كە یەكی ئایاری ئەم ساڵ، سەرەتایەكی دیكە دەبێت بۆ سەرلەنوێ ناساندنەوە و گێڕانەوەی مێژوویی ئەو ڕۆژە و ڕەواندنەوەی ئەو وێنا نادروست و جەژنانەكییەكانەی، كە لە دەھەی ھەفتاكان و ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردوودا لە ھۆش و یاداوەریی ھەزرانی وەك مندا بۆ ڕۆژی یەكی ئایار، دروستكرابوون. لەو ڕۆژەدا دیسانەوە لە شەقامەكانی ئێراندا كەوتمەوە سروودگوتن لەبەرخۆمەوە و گەڕان لە دووی كەسانێك، كە لەو ڕۆژەدا ژیان بۆیان واتایەكی دیكەی دەدا؛ ڕۆژی خەباتی چینایەتی و لەدایبوونەوەی ئازادئەندێشی.

 

یەكی ئایاری ١٩٩٣ ھەولێر و ناچاربوونم بە چوون بۆ ئاكرێ

وەك مەراسیمەكانی دیكە، بە مانگێك پێش ھاتنی ئەو ڕۆژە، چالاكانی ڕێكخراوە چەپەكانی ئەو كاتە لە باخچەی گڵكەند كۆبووینەوە. ئەوانەی كە لەبیرەوەیمدا ناو و وێنایان مابێت، ئەم ھاوڕێیانە بوون: گۆران عەبدوڵڵا، ئەحمەد پاشا، دڵێر، ئارام عەلی، جەعفەر عەلی، بەختیار (كرێكاری كارەبا)، بەختیار (ھۆنەر)، ھیوا، جەمال كرێكار، ئازاد ئارمان (ئیسماعیل)، كاوە حەسەن، چنار حەسەن، سۆران كەریم، ڕێبوار میدحەت، ھیواكەریم، مامە كەریم، ڕێباز، سیروان عەلی، د. ئەمین، شاپوور، قابیل، عەبدولڕەحمان مەولود، ناڵە حەسەن و كۆمەلێكی دیكە، بەداخەوە ناوی ھەمووانم لەبیر نەماوە …..

پاش بڕیاردان لەسەر شوێنی مەراسیم و بڕگەكانی مەراسیمەكە و  وتاری كۆمیتەی مەراسیم و وردەكاری دیكە، بەپێی توانا و ئامادەیی خۆبەخشانە، لێژنەكانی كاركردن و بەرپاكردنی مەراسیم دیاریكران، لەوانە: لێژنەی ھونەریی، لێژنەی پەیوەندی، لێژنەی دارایی و گرتنی ھۆڵ، لێژنەی دابەشكردن و پەخشكردنی بەیاننامە و پلاكارتی مەراسیمەكە. وەك ھەموو جارێك ئێمە [ ڕێبوار و ھیوا و سۆران و ڕێباز و مامە و سیروان و من] ھەم لە لێژنەی ھونەرییدا و ھەم لە لێژنەی ئامادەكردن و كۆپیكردن و پەخشكردنی پلاكارت و كارتی بانگھێشكردندا بەشداربووین.

من بەپێی ئەزموون و دەركەوتنەكانی پێشووتر، داوام لە لێپرسراوی بەشی ئاشكراوی رێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست كرد، كە ئەوكات ھەردووكمان ئەندامی لێژنەی خۆجێیی [مەحەلی] ڕێكخراوەكەمان بووین و لە مەراسیمەكانی دیكەدا چەندین ھەوڵ بۆ بەرگرتن بە من و لێدان لە بوونی من لە ھەولێردا، ڕووبەڕووی گێچەڵ بووبوومەوە، كە بە ھاوڕێ […] بڵێت، لەوێدا گێچەڵ و ناتەبایی دروستنەكات و ململانێ و كێشە نێوخۆییەكانی خۆمان لەوێدا دروستنەكاتەوە. ئەویش بەڵینی بە من دا، ھەرچەندە من بڕوا و متمانەم بە بەلێنەكانی نەمابوو، جونكە ئەو بەخۆیی ھاندەری ئەو ھاورێیە بوو بۆ دژایەتی من.

لە یەكەمین كۆبوونەوەی سەرپەرشتیكەرانی لێژنەكاندا كە پاش ھەفتەیەك، من لێژنەكەم ئاگاداركرد، كە لە گەشتێكی چەند ڕۆژەدا سەردانی سلێمانی دەكەم. ئەوانیش بەتایبەت ھاوڕێ ھیوا محەمەد، داوایان لە من كرد، كە وەك نوێنەری كۆمیتەی مەراسیمی یەكی ئایار لە ھەولێر، لە كۆبوونەوەكانی كۆمیتەی مەراسیمی یەكی ئایار لە سلێمانی بەشداری بكەم و ھەم ئەزموونەكانی خۆمان بۆ ئەوان بگیرمەوە و ھەم لەوانەوە ئەزموونگیری بكەم، تاوەكو بەخۆمان لە ھولێر سوودیان لێوەربگرین.

بەو جۆرە من ڕۆژی دوایی بەرەو سلێمانی و مالوان و ھەڵەبجە، كەوتمەڕێ و لە زنجیرەیەك سەردانی كەسیی و بەشداری كۆبوونەوەكاندا ھەوڵمدا شێوازی كاركردنی خۆمان لە كۆمیتەی مەراسیمەكاندا و چۆنیەتی ڕاپەڕاندنی ئەركەكان لەلایەن لێژنەكانەوە، بە ھاوڕێیان لەو شوێنانە بگەیێنم. بە ھاریكاری و ئاگاداركردنەوەم لەلایەن ھاوڕێیان [بەھنام محەمەد و فاروق محەمەد]ەوە ھەر لەتەك ئەوانیشدا چووم بۆ شوێنی كۆبوونەوەكە.

شوێنی كۆبوونەوەكە، ھۆڵی فێرگەیەكی ئامادەیی بوو، لەو ھۆڵەدا تیپی شانۆی ئایار [ئەگەر ناوی تیپەكەم بە دروستی لەبیرمابێت]، لەوێدا پرۆڤەیان دەكرد، پاش ئەوەی كە ھەمووان ئامادەبوون، لەسەر سەكۆی ھۆڵەكە دانیشتین و پاش خۆشھاتن گوتن و دەستپێكردنی كۆبوونەوەكە، ھاوڕێیەك، باش لەبیرمنەماوە، كە كێ بوو، بە ھەمووانی گوت “ئەم ھاوڕێیە لە ھەولێرەوە ھاتووە و ئەندامی كۆمیتەی مەراسیمی یەكی ئایارە و وەك نوێنەری ئەوان ھاتووە، ھەم ئەزموونی چۆنیەتی كاركردنی خۆیان لە ھەولێر بۆ ئێمە بگێڕێتەوە و ھەم لە ئێمەشەوە ئەزموونگیری بكات و بە ئەوێی بگەیێنێت”.

منیش بە یارمەتی ھەمووان، پاش گەیاندنی سڵاو و پەیامی ھاوڕێیانم لە كۆمیتەی مەراسیمی یەكی ئایاری ھەولێر، گوتم ” ئێمە لە یەكەمین كۆبوونەوەی چالاكانی ئامادەی بەشداریكردن لە كۆمیتەكەدا، دەستنیشانی لێژنەكانی ئامادەكاریی دەكەین و پاشان بەپێی خواستی كەسەكان، خۆیان بۆ لێژنەكان ناونووسدەكەن و ھەفتانە تا ڕۆژی مەراسیمەكە، نوێنەرانی لێژنەكان، كۆدەبنەوە و ڕاپۆرت لەسەر چۆنیەتی پێشەوەچوونی كارەكان و پێداویستییەكان و ڕێگرییەكان و ھەنگاوەكانی دوایی و ئەنجامگیری و گێڕانەوەی قسەوباسەكان و ئەنجامگیری كۆبوونەوەكە بۆ بەشداربووانی لێژنەكان. ھەروەھا بە دیاریكراوی قسەم لەسەر چۆنیەتی كاری لێژنەی ھونەریی كە بەخۆم سەرپەرشتیگەری بووم، كرد، ھێشتا دوا ڕستەكەی، پەیامەكەم تەواونەكردبوو و نەچووبوومە سەر وردەكاریی چالاكییەكانی كۆمیتەی ئامادەكاریی، كەسێك لەو بەرمەوە، دەنگی ھەڵبڕی و گوتی “سوپاس كاكە، ئێمە خۆمان دەزانین چۆن كاردەكەین”. یەكسەر ھاوڕێ “فاروق محەمەد” ئانیشكێكی كوتایە پەراسووەكانی لای ڕاستم، چپاندیە گوێم ” دەزانیت ئەوە كێییە، ئەوە سەرنووسەری بڵاوكراوەی (كۆمونیزمی كارگەری) ئۆرگانی ڕێكخراوی (یەكێتی خەباتی كۆمونیزمی كارگری)یە. پاش ئەوەی كە چووینە دەرەوە، بە ھاوڕێیان (بەھنام و فاروقم)م گوت “بە پێچەوانەی سەرنووسەرەكەیانەوە، ھاوڕێ (….) كە ئەندامی كۆمیتەی نێوەندییانە، لە زۆربەی شتەكاندا دەڵێت ” ھەرچی ھاوڕێ (… / من) بڵێت، من لەلام پەسەندە.

پاش ئەوەی كە ڕۆژی دوایی گەڕامەوە ھەولێر، لە كۆبوونەوەی سەرپەرشتیكارانی لێژنەكاندا، پاش گێڕانەوەی ئەوەی لە كە كۆبوونەوەی كۆمیتەی مەراسیمی یەكی ئایاری سلێمانیدا دیتبووم و بیستبووم، دەستبەجێ لەلایەن ھاورێیەكەوە، كە ھاوڕێكخراوەیی خۆم بوو و پێشتر بەپێی ئەزموونی مەراسیمەكانی پێشوو، پێشبینی ئەوەم كردبوو، كە ھەوڵی رێگریی لە من و دەرپەڕاندنم دەدات، چونكە ئەو و ئەو كەسەش، كە ھانی ئەوی دەدا، دەیانزانی پرنسپڵی ڕێكخراوەیی من و كاركردنم ڕێگەی بەشداریكردنی شەڕەدەندوكی كەسیی و لابەلاییم نادات. ھەر ئەم خاڵە لەلایەن ئەوانەوە دژ بەخۆم قۆسترایەوە و ناچاریانكردم لەبەرئەوەی ڕێكخراوەكەمان نەبێتە قوربانی پیلانێك و كینەدۆزی كەسیی ئەوان، بڕیاری كشانەوەی خۆمم لە كۆمیتەی مەراسیم ڕاگەیاند، بەڵام لەوە دڵنیامكردنەوە، كە ھەموو ئەو كارانەی كە وەك ئەندامی كۆمیتە بڕیاربووە، ئەنجامیانبدەم، لە دەروەی كۆمیتەش ئەنجامیاندەدەم، تەنیا ئامانجم ئەوەیە، كە كێشەی كەسیی كەسێك لەتەك مندا نەبێتە ھۆی پەككەوتنی كارەكانی كۆمیتەكە و مەراسیمەكە، ھەرچەندە ھاوڕێ ھیوا محەمەد و ھاوڕێ ئازاد ئاڕمان و ناڵە حەسەن و بەختیار (كرێكاری كارەبا) و ھاوڕێ ئارام عەلی داوایانلێكردم بمێنمەوە و تەنانەت ھەندێكیان پێیانخۆشتر بوو، من بمێنمەوە و ئەو بڕوات. چونكە ئەو یەكەم جار بوو، كە خۆی بۆ لێژنەكانی مەراسیم ناونووسبكات و ھەر لە سەرەتاشەوە، دەمزانی ئامانجێكی دیاریكراو لە پشت ئامادەبوونەكەیەوە ھەیە، ھەر بۆیە لە سەرەتای دەستپێكی كۆمیتەكەدا داوام لە لێپرسراوی ھەولێری رێكخراوەكەمان كرد، كە ئەو كەسە لەوە ئاگاداربكات، كە ململانێی نێوخۆیی خۆمان و ڕێكخراوەكەمان نەكێشێتە نێو كۆمیتەی مەراسیمەكەوە.

بەو جۆرە من ناچاركرام، ئەوێ بەجێبھێڵم و لەتەك ھاوڕێیانی (شقە)، بچم بۆ ئاكرێ و لەوێ چالاكی ئایاریی ئەنجامبدەم. ھەرچەندە زۆرم پێناخۊش بوو و دەتوانم بڵێـم، ئەو دەرچوونە بوو بە ھۆی زنجیرەیەك ناخۆشی و پەشیمانیی كەسیی لە درێژەی ژیانمدا، كە تا ئێستاش باجەكەیاندەدەم. [كە پرسێكی كەسییە و پەیوەندی بە چالاكی ڕیكخراوەییەوە نییە]، بەڵام بەدڵنیاییەوە رێكەوت و قەزاوقەدەرە ڕێكخراوەییەكان، ھۆكاری ڕوودانی ئەو چارەڕەشییەبوون.

 

یەكی ئایاری ١٩٩٣ لە ئاكرێ

چوونمان بۆ ئاكرێ و شێوەی كاركردنمان وەك ھەولێر نەبوو، چونكە یەكەم بڕیارەكە كتوپڕ بوو و دووەم ماوەی دوو ڕۆژمان بەدەستەوە مابوو. لەبەرئەوە ئەو دوو ڕۆژە تەنیا خەریكی پرۆڤەی سروودەكان و كۆپیكردن و ھەڵواسین و خۆئامادەكردن بووین.  ھەرچەندە ئێمە لە ھەولێرەوە چووبووین و ئاكرێ و خەڵكەكەی بۆ ئێمە شوێنێكی نائاشنابوون و ھەستمان بە نامۆیی دەركرد، ھەروەھا لەبەرئەوەی كە یەم جار بوو لە ئاكرێ ڕێكخراوی ڕەوتی كۆمونیست و بەگشتی چەپیش لەوێ مەراسیم بەو سوونەتەوە كە ئێمە ھەمانبوو، بكات، لە ڕاستیدا كەمێك ترسیشمان ھەبوو و داماننابوو، كە چەكدارەكانی پارتی بمانگرن.

بەڵام بە پێچەوانەوە لەتەك دڵخۆشی و پێخۆشبوونی خەڵكەكە و تەنانەت چەكدارەكانی پارتیش ڕووبەڕووبووین، ئەوەش دیسانەوە دوو ھۆكاری ھەبوو؛ یەكەم تازەیی مەراسیمی یەكی ئایار لەوێ و دووەم بەشداریكردنی گۆرانیبێژی ئاكرێ (محەمەد تەھە) بە كۆمەلێك گۆرانی خۆش.  بەو جۆرە لە ئامێزی میھرەبانی خەڵكی (ئاكرێ)دا، مەراسیمێكی سەركەوتوومان بەرپاكرد، كە ئەو كەسانەی لە ھەولێر دژایەتی ئێمەیان دەكرد، خەریكی فاڵگرتنەوە بوون لەسەر شكستھێنان و گرتمان. بەتایبەت بۆ من، كە دەرپەراندنم لە مەراسیمی یەكی ئایاری ئەو ساڵە لە ھەولێر، نەك لە كێشی كەسیی منی كەمنەكردەوە، بەڵكو متمانە و خۆشەویستی منی بردەسەر، چ لە نێو ڕێكخراوی خۆمان و چ لەنێو ڕێكخراوەكانی تردا.

بێجگە لە ھەموو سەختییەك و ترس و نیگەرانییەك، ھاوكاتیش خۆشییەكی ھەبوو، یەكێك لەو شتە خۆشانەی، كە قەد لەبیرم ناچنەوە، ئەوەبوو، كە ئێوارەی یەكی ئایار پاش مەراسیمەكە، لە ماڵی ئەو ھاورێیەمان (ح.ع) بووین، كە لەتەكیدا چووبووین و میوانێكی زۆر كۆبووبوونەوە لێمان، لەنێویاندا ئەوانەی كە پاش ڕاپەڕین ئەندام و پێشمەرگەی ڕەوتی كۆمونیست بووبوون. لە وێژەری دەنگوباسی ئەو ڕۆژەی كەناڵی پارتییەوە، لە بارەی یەكی ئایارەوە، بەردەوام گوێم لە وشەی “عەولی” دەبوو، ڕاستییەكەی ھەرچەندە تێگەییشتنم لە كرمانجی بە ھۆی ڕادیۆی یەكێتی و كۆمەڵەی زەحمەتكێسان لە ساڵانی ھەشتاكاندا زۆر باش بوو، كەچی لەتاو قەرەباڵغی و دەنگەدەنگی نێو ھۆڵەكە، من “عەولی”م لێبووبووە ناوی كەسێك و وامزانی كەسێكی زۆر بەناوبانگی ئەو ناوچەیە و لە ھاورێیەكم پرسی، ئەرێ ئەو “عەولە” كێیە، لە ڕۆژی ئایاردا ئەوەندە ناویدەھێنن، لەوەدەچێت، شیوعییەكی بەناوبانگ بێت؟ ئیتر بوو بە پێكەنین و ھەرایەك، ھەر مەپرسن، منیش ھەم وڕبووبووم و ھەم لەتەك ئەواندا تا ڕادەی گریان پێكەنیم و ھاتمەوە سەر سفر، (عەول)ە شیوعییەكەی من، تەنیا ژمارەیەك دەرچوو، ھەر “اول من أیار”ەكەی عەرەبی بوو و تا گەییشتبووە بادینان، بوو بوو بە (عەولی ئایار) و دڵی منی بە بوونی چالاك و كەسایەتییەكی ئاوا ناسراو لە بادینان بەناوی “عەول” خۆشكردبوو.

ako_halmat94_163974541.jpg

یەكی ئایاری ١٩٩٤ی ھەولێر

لە سەرەتای مانگی ئەپڕیلی ١٩٩٤دا بوو، لە لای ھاوڕێ گۆران عەبدوڵڵا بووم و لە بارەی مەراسیمی یەكی ئایاری ئەو ساڵەوە دەدواین، منیش كتوپڕ ئەم پێشنیارەم بەخەیاڵدا ھات “بۆ ھەوڵندەین، یەكی ئایاری ئەم ساڵ بەنێوی یەكێتی بێكارانەوە بەرپابكرێت، تاوەكو تەكانێك بەم رێكخراوە بدەینەوە و سەرلەنوێ جەماوەری لە دەور كۆبكەینەوە؟”. ھاوڕێ گۆران دەستبەجێ گوتی زۆر باشە و منیش ھەمان بۆچوونم ھەیە، لەم كاتەدا ھاوڕێ (سەردار حەمید) بەرەو بنكەی یەكێتی بێكاران دەھات، لە ئەویشمان پرسی، ئەویش لە وەڵامدا گوتی “منیش ھاوڕاتانم”، دوابەدوای ئەو، ھاوڕێیان (سیروان عەلی) و (كاوە حەسەن) ھاتن و ئەوانیش پێشوازییان لە پێشنیارەكە كرد، ئەگەر باش لەبیرممابێت، ھاوڕێ (عەبدولڕەحمان مەولود)یش بەسەر قسەوباسەكەدا ھات و زۆری پێباشبوو.

بەڵام ڕۆژی دواتر، كە دانیشتنی تایبەتمان بۆ پێكھێنانی كۆمیتەی بەرپاكردنی مەراسیمی یەكی ئایار ھەبوو، ھاوڕێ (سەردار ) بۆچوونی گۆڕابوو و لەوەش سەیرتر (لێپرسراوی بنكەی ئاشكرای حككع)، ھەرچەندە بانگھێشت نەكرابوو و كۆبوونەوەكە تەنیا بۆ ئەندامانی یەكێتی بێكاران و كۆمەڵەی ئاوارەكان و ڕێكخراوی سەربەخۆی ژنان بوو، كەچی ئەو لەوێ ئامادە بوو و دژایەتی تەواوی پێشنیارەكەی ئێمەی دەكرد و بەدژایەتی (حككع)ی ناویبرد و ئەندامانی حككع لەسەر ڕابەری پارتەكەیان لە مەراسیمەكەدا و پاشكۆبوونی یەكێتی بێكاران پێداگرییاندەكرد. ھەڵبەتە ئەوەمان لەبیرنەچێت، كە ئەندامانی (حككع) لەو سەردەمەدا لە زۆربەی پرسەكاندا دوو دەستەبوون، بۆ نموونە ھاوڕێیان (گۆڕان عەبدوڵڵا و سیروان عەلی) كە ئەو كات ئەندامی چالاكی ئەو پارتە بوون، زۆر بەتەنگ یەكێتی بێكاران و خەباتی جەماوەرییەوە بوون و لەتەك ئێمەدا ھاوبۆچوون بوون و لەلایەن قسەكەرانی پارتەوە، وەك ئێمە دژایەتییان دەكرا. 

پاش ململانێییەكی زۆر، بڕیار لەسەر كۆمیتەی ئامادەكاریی مەراسیمەكە، بەناوی یەكێتی بێكاران و ھاوپشتی و كۆمەكی (حككع)ەوە درا. وەك ڕێسای جێكەوتە و پێشینەی ساڵانی ڕابوردوو، كەوتینە دیاریكردنی لێژنەكانی كۆمیتەكە و بۆ ھەر یەكێك لە كارەكان، لەوانە لێژنەی ھونەریی [كە من سەرپەرشتیگەری بووم]، لێژنەی كۆكردنەوەی كۆمەكی دارایی و پەیوەندی لەتەك لایەنەكان و ڕێكخراوەكانی دیكە، لێژنەی پاگەندە و ڕاگەیاندن. بەو جۆرە بەخۆشی و  ورەبەزییەكەوە، بۆ ئامادەكاریی و بەرەوپێشبردنی ئەركەكان، دەستەبەكابووین.

بۆ من جیاوازی یەكی ئایاری ئەو ساڵە لەتەك ساڵەكانی پێشتر، دوو شت بوو، یەكەم، ئەو كەسانەی كە ھەموو كار و ئامانجێكیان بووبووە دژایەتی من و ساڵی ١٩٩٣ بە دژایەتی كەسیی، منیان ناچار بە كشانەوە لە كۆمیتەی مەراسیمی یەكی ئایار لە ھەولێر كرد، لەوێ نەمابوون، دووەم، یەكێتی بێكاران وەك ڕێكخراوەیەكی جەماوەریی سەربەخۆی زیاتری ھەبوو و بەپێچەوانەی ساڵانی ڕابوردووەوە، كە كۆمیتەكە و مەراسیمەكە بەناوی ڕیكخراوە ڕامیارییەكانەوە [ڕەوتی كۆمونیست، یەكێتی خەباتی كۆمونیزمی كرێكاریی و سەرنجی كرێكار]، ئەو ساڵە یەكی ئایار بەناوی [یەكێتی بێكاران لە كوردستان]ەوە بەرپادەكرا . ئەمە بۆ من ھاتنەدی یەكێك لە خەونەكانم بوو، كە لە ساڵی ١٩٩١ەوە قسەوباسم لەسەر دەكرد.

جەماوەرییبوونەوە و كەمكردنەوەی كارایی و دەستتێوەردانی (حككع) لە كۆمیتەی ئامادەكاریی مەراسیمەكەدا، بواری بۆ بەشداری كەسانی سەربەخۆ و لایەنداری دیكە ڕەخساند، بەتایبەت لە كارە ھونەرییەكاندا، كە من سەرپەرشتیمدەكردن. بۆ نموونە بۆ یەكەم جار كەسانی دەرەوەی بازنەی ڕەوتی كۆمونیزمی كرێكاری بواریان بۆ ڕەخسا، كە بەشداری بێبەند و مەرج بكەن و تواناییە ھونەررییەكانیان بخەنەگەڕ و سیمایەكی دیكە بە مەراسیمەكە ببەخشن. لەو  كەسانە (ھەڵمەت تاھیر)ی شانۆكار خەڵكی ھەولێر، (فازیل عوسمان) خەڵكی كەركووك، خوێندكار لە ھەولێر، (ھەژار )خەڵكی كۆیە، خوێندكار لە ھەولێر، بێجگە لە شانۆكار ناڵە حەسەن و خۆمان تیپی سروودبێژی، كە پێشتریش لە مەراسیمەكاندا بەشی سەرەكی لێژنەی ھونەری مەراسیمەكانی ٨ی مارچ و ١٨ی ئازار [ڕۆژی كۆمونە و شوراكانی كوردستان] و مەراسیمی یەكی ئایار بووین.

بەو جۆرە ھاوڕێ (فازیل عوسمان) بە چەند سروودێكی نوێ، كە دانەری ئاوازەكانیان بەخۆی بوو، ھاوڕێ (ھەڵمەت تاھیر) بە شانۆییەكی كۆمیدی فوتباڵ، كە دواتر  من كۆمەڵێك ئیدی خۆمم بۆ زیادكرد و بوو بە شانۆگەرییەكی ڕامیاریی، ھاوڕێ (ناڵە حەسەن) بە شانۆگەرییەك، كە منیش ڕۆڵم تێدا كایەكرد، ھاوڕێ (ھەژار) بە گوتنی كۆمەلێك سروود بەشدارییانكرد.

ھەرچەندە ھەژماری ئەندامانی كۆمیتەی مەراسیم و چالاكانی یەكی ئایار لە ھەولێر لە پێویست زیاتربوون، كەچی وەھا دەركەوتنێكی تازە، ئەندامانی (حككع)ی تووشی شۆككردبوو و ناچاربوون بۆ ھاوسەنگی ھێز، كۆمەڵێك لە ئەندامان و چەكدارانی خۆیان لە سلێمانییەوە بە بیانووی پشتیوانی و سەرپەرشتی بھێنن. ھەڵبەتە ئامادەیی چەكدارانە و ھێنانی ئەندامانی ئەو پارتە لە سلێمانییەوە، چاوەڕوانكراو نەبوو و كتوپڕ دەركەوتنیان لە ڕۆژ و شوێنی بەرپاكردنی مەراسیمەكە [باخچەی گڵكەند]دا پێشبینیكراو نەبوو و كەسانێك كە ئەندامی ئەو پارتەنەبووین، بەتایبەت ھاوڕێ (كاوە حەسەن) و من، ھیچ كاردانەوەیەكمان لە خۆمان نیشاننەدا، تا كاتێك كە ئەوان [لەشكری ئاوردە] كەوتنە ھەوڵی دەستتێوەردانی بڕگە و بەرنامەكانی مەراسیمەكە و لابردنی وتاری ھەندێك لە ھاوڕێیان و پاشوپێشپێكردنی بڕگەكان.

بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەندامانی ھاوردەی (حككع) لە سلێمانییەوە، تەنانەت لە كاتی پێشكەشكردنی بەشەكانی مەراسیمەكەشدا ھەوڵی پاشقوڵگرتنیان دەدا و بڕگە پێشتر دانراوەكانیان لادەبردن و كەسانی خۆیانیان دەخزاندە نێو بەرنامەی مەراسیمەكەوە. ھەرچەندە من بۆخۆم بەپێی ئەزموونەكانی خۆم لەنێو ئەو ڕەوتەدا، دەمزانی كە بە ھەموو شێوەیەك ھەوڵی پاوانكردن (دۆمنیەت)ی مەراسیمەكە دەدەن، بەڵام لەو بڕوایەدانەبووم؛ یەكەم، لە سلێمانییەوە ھێز بێنن و دووەم، بە ئارەزووی خۆیان بكەونە پاش و پێشكردن و لابردنی ھەندێك لە بڕگەكانی مەراسیمەكە.  وەھا دەستتێوەردان و چەپەڵكارییەك، ئێمەی ناچاركرد و  لەسەر لابردنی وتارێكی ھاوڕێ (ھیوا كەریم) كرێكاری چێشتخانە و دواخستنی بڕگە ھونەرییەكان، ھاوڕێ كاوە و من لەتەكیاندا ڕووبەڕووبووینەوە. ھەروەھا كە لە كاتی ئامادەكاری كارەكاندا كێشەی زۆریان بەتایبەت بۆ لێژنەی ھونەریی دروستدەكرد، دژی ئەوەبوون، كە ھاوڕێ (فازڵ عوسمان) سروود بچڕێت و بەشداریبكات، دەیانگوت “ئەنارشیستە” [ھەرچەندە ئەو ئەناركیست نەبوو و كەسێكی كۆمونیست بوو، بەڵام لە جۆری كۆمونیزمی حیكمەتی نا]، ھەروەھا بەشداری ھاوڕێ (ھەڵمەت تاھیر)یان پێباشنەبوو، چونكە بۆ ئەوان كۆمونیست نەبوو یا كۆمونیستی ھاوجۆری ئەوان نەبوو . 

لەو مەراسیمەدا بێجگە لە وتاری یەكێتی بێكاران و كۆمەڵەی ئاوارەكان و ڕێكخراوی سەربەخۆی ژنان و وتاری (حككع) و پەیامی لایەنەكانی دیكە، دوو شانۆنامە پێشكەشكران، یەكەم ئیدە و دەرھێنانی ھاورێ (ھەڵمەت تاھیر) بوو و دووەم، نووسین و دەرھێنانی ھاوڕێ (ناڵە حسەن) بوو. ھەروەھا بەپێشكەشكردنی كۆمەڵێك سروود و ھۆنراوە و پەخشان و گۆرانی ناوەڕۆك و سیمای مەراسیمەكە لە مەراسیمەكانی ساڵانی پێشوو جیاوازتربوو.

لە ھەموو ئەوانە سەرنجراكێش تر، ئەوەبوو، ئەوی كە ئاگای لە ھۆ و جێی سەرھەڵدانی جەنگی نێوان (ینك و پدك)ی نەبووبوو و  شانۆییە كۆمیدییەكەی ئێمەی بینیبوو، پێێوابووبوو، كە شانۆییەكەی ئێمە بووەتە ھۆی ھەڵگیرساندنی جەنگەكە، چونكە لایەنگرانی ھەردوو پارتی دەسەڵاتدار، لەوێدا لەتەك گۆڵكردنی ڕەنگی لایەنەكەی خۆیاندا، تەزبیحە زەرد و سەوزەكانیان لەبەرامبەر یەكدیدا ڕادەوەشاند و كەتواری كۆمەڵگە بەشێوەیەكی زیندوو نمایشدەكرا و كاردانەوەی بێنەر و جوڵەی ئەكتەر، سەراپای باخچەی گلكەند و  مەراسیمەكی كردبووە مەیدانی نواندنی شانۆییەكی مەیدانی و شانۆنامەی ژیانی ئاسایی ھێنابووە سەر شانۆ و بەرگی ھونەریی بەبەرداكردبوو.

بەداخەوە، لێرە بەدواوە ڕەوتی بەشداری من بەھۆی دووركەوتنەوەم لە ھەولێر و ئەو كۆمەڵە ھاوڕێییەی نێو یەكێتی بێكاران و كۆمەڵەی ئاوارەكان و ڕێكخراوی سەربەخۆی ژنان و چالاكانی خوێندكاران، شێوەی بەشداری و چالاكیم لە مەراسیمەكانی یەكی ئایاردا گۆرانی بەسەرداھات، بەڵام ئێستاش ھەر ساڵ چالاكانە بەشداردەبم و ھەردەم ھەوڵدەدەم سەربەخۆیی خۆم بپارێزم و ڕەدووی ڕەوتە ڕامیارییەكان، كە تەنیا ئامانجیان لە بەشداری مەراسیمەكاندا پاگەندەی پارتیی و ڕامیاریی و ڕاوەئەندامكردنە، نەكەوم. لێرەدا بە یاداوەرییەكی خۆش، كۆتایی بە یاداوەرییەكانم دەھێنم؛ دوو ھەفتە پێش یەكی ئایاری ساڵی ٢٠١١ لە نەخۆشخانە كەوتبووم، وەك خوگرتنی ھەر ساڵەم بە بەشداری و ئامادەیی لەو ڕۆژەدا، كێچ چووبووە كەوڵم و ھەردەم بیرم لە چۆنیەتی بەشداریكردن دەكردەوە؛ نەمدەزانی داوای دەرچوونی یەكجاریی لە نەخۆشخانە بكەم و واز لە چارەسەر بھێنم، یا واز لە بەشداریكردن لە یەكی ئایار بھێنم؟ چەند ساتێك پێش دەستپێكردنی مەراسیمی یەكی ئایار، پزیشكی سەرپەشتكار وەك ھەموو بەیانییەك ھاتوو و “گوتی چییە، بۆ وا شێواوی، ئازارت زۆرە؟” منیش وتم ڕاستیت دەوێت، نا، گرفتێكی دیكەم ھەیە، ناتوانم لێرەدا بیڵێم.  لە وەڵامدا گوتی “دواتر وەرە بۆ ژوورەكەم”. منیش بیئۆقرە خۆم گەیاندە ژوورەكەی و گوتم، دكتۆر چیت لێبشارمەوە، ئەمڕۆ ڕۆژی یەكەی ئایارە و حەزدەكەم بچم بەشداری مەراسیمەكە بكەم و بەڵێنم بە ھاوڕێكانم داوە. پزیشكەكە سەیرێكی كردم و گوتی “ھەرچەندە ئەوە كارێكی نایاسییە، مادام كارێكی خۆشییەكت پێدەبەخشێت، بڕۆ بەڵام من ئاگادارنیم و بە كەسی دیكەش مەڵێ و ھەموو لێپرسراوەتییەك لە ئەستۆی خۆت”. بەو جۆرە خۆم گەیاندە شوێنی مەراسیمەكە و  لەوێ كەوتمە بڵاوكردنەوەی بەیاننامەی بەسەرھاتی ڕۆژی یەكی ئایار. لەپڕ كەسێك شانی گرتم و داوای بەیاننامەكی لێكردم و كە ئاوڕمدایەوە، یەكێك لە مامۆستاكانی خۆم بوو، كە بەخۆی یەكێك بوو لە سۆشیالیستە ئازادیخوازەكانی توركیە، گوتی “ئەوە لێرە چیدەكەیت، خۆ ھاوخولەكانت بەتەمابوون بەیانی بە چەپكە گوڵەوە لە خەستەخانە سەردانیتبكەن”. بەیاننامەكەم دایەدەستی و بەسەرھاتەكەم بۆ گێرایەوە و پێمگوت؛ ھاوڕێ، باشترین شت ئەوەیە منت نەبینیوە، ھیچت لە من نەبیستووە و  ھیچت بە من نەگوتووە. توند دەستی گوشیم و  بە چەند ھاوڕێیەكی دیكەی خۆی ناساندمی و ئێوارە گەڕامەوە نەخۆشخانە و لەسەر قەرەوێڵەكەم نەخۆشكەوتمەوە …

دوا وشە، ھیوادارم ھاوڕێیان، ئەوانەی كە لەو ڕۆژگارانەدا چالاك و ئامدەبوون، ئەوانەی من ناویانم لەبیرچووە، بەدڵێكی فراوانەوە لەبیركردنی ناویانم لێوەربگرن و ئەوان ئەوەی كە من لەبیرمكردووە، زیادی بكەن و ئەو شتانەی من لە گێڕانەوەیدا ڕاستگۆنەبووبم، ئەوان بە ڕەخنە و سەرنجەكانیان، بۆ من و خوێنەرانی ھێژا و مێژوو، ڕاستیانبكەنەوە. چونكە ڕاستی و ناڕاستیی گێڕانەوەی ھەر كەسێك پەیوەندی بە گرنگیدان و بەھەندوەرگرتنی شتەكانەوە لە ساتی ڕوودانیاندا، ھەیە. نووسینەوەی مێژوو و ڕووداوەكانی نێوی، كاری تاكەكەس نییە و ئەگەر ھەموومان پێكەوە بە تۆماركردن و پاراستنی ڕووداوەكانی لە یاداوەرییەكانی خۆمدا، نەینووسینەوە، ئەوا ڕامیارانی مێژووشێوێنەر و مێژوونووسانی دەرباری دەسەڵات، راستییەكان ئاوەژوودەكەنەوە. ھەر ئەم بۆچوونەیە، كە بووەتە ھاندەری من بۆ ئەوەی یاداوەرییەكانی خۆم لە فەوتان ڕزگاربكەم

 

 

 

**********************

* بەداوای لێبوردنەوە، لە گێڕانەوەی “یاداوەرییەكانی ٨ی مارچ” و ١٨ی ئازاردا  ناوی ئەم ھاورێیانەم لەبیركردبوو [ئیسماعیل (ئازاد ئاڕمان، ڕێباز، مامە كەریم، فایق حەسەن، شاناز، نەزمییە، كۆمەلێكی دیكە، كە مەگەر ھاوڕێیانی دیكە یا بەخۆیان بیرمبخەنەوە. جارێكی دیكە داای لێبوردن دەكەم و ھیوادارم بەم دەستپێشخەرییە، توانیبێتم، كە ببمە ھاندەری ھاوڕێیان و چالاكانی ئەو ڕۆژانە، تاوەكو ئەوانیش شان بدەنە ژێر نووسینەوەی بەشێكی ئەو مێژووە، كە من تێیدا بەشدارنەبووم یا لەبریمنەماوە.

 

** لەبەرئەوەی كە لێرەدا بوار و شوێنی چوونەسەر پاشینەی ناكۆكییە كەسییەكانی ھاوڕێكخراوەییەكانم لەو مەراسیمانەدا نەبوو، ناچار خۆم لەوە ڕوونكردنەوە و باسكردنیان لادا و بۆ ھەل و شوێنێكی دیكە ھەڵگرتوون. لێرەدا تەنیا ئەوە بە پێویست دەزانم، بڵێم ئەو كەسانەم لە ڕێی چالاكی و ژیانی ڕێكخراوەییەوە، ناسیوون و پێشتر نە وەك كەس و نە وەك بۆچوون نەمناسیوون و ھیچ گرفت و كینەكەی كەسییم بەرامبەریان نەبووە و نییە. بەداخەوە ئەوە ئەوان بوون، كە جیاوازی بۆچوون و شێوازی كاركردن و بیركردنەوەیان بە كێشەی كەسیی وەردەگرت و پەیوەندی كۆمەڵایەتی و ڕێكخراوەیان دەكردە قوربانی ناكۆكییەكان.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.