
ئەو ڕۆژەی ( فەرەج ) گریا … عومەر محەمەد
بە نیازبووم بۆیادی چل رۆژ تێپەرین بەسەرمەرگی سینەماكاری كورد “تەهای كەریمی”دا كتیبێك بنوسم، چونكە پێش مەرگی هەموو ئەوسەفەرانەم یاداشت كردبوو كە لەمیانەی دووكاری هونەری و ماوەی سێ ساڵدا پێكەوە هەمان بوو، بۆیە هەوڵمدا یاداشتەكان پاكنوس بكەمەوەو بۆیادی مەرگی چاپی بكەم، بەڵام پاشئەوەی ڕەشنوسەكەم پیشانی هاورێیاندا كە هاورێی ( تەهای كەریمی ) یش بوون، بەگشتی وایان پێباش بوو كە پەلە نەكەمو لە دەرفەتێكی تردا چاپی بكەمو بیخەمە بەردیدەی خوێنەران .
بۆیە لێرەدا بەڵین دەدەم كە لە داهاتوویەكی نزیكدا (سەفەر نامە لەگەڵ سینەماكار تەهای كەریمی) دەكەوێتە بەردیدەتان .
هەتا ئێستاش مەرگی تەها بەخەونێك دەزانم، هەرچەندە كاتژمێرێك كەمتر لە دوای روداوەكە گەیشتمە سەری ولەسەر سەكۆی دواماڵئاوایی لە هۆڵی پزیشكی دادوەری جەستەی ساردەوە بووی قوتابیەكەی ( یەڵمازگۆنای)م بەچاوی خۆم بینی، بەڕاكشاوی بینیم وەك خەوی لێكەوتبێ ماچم كرد، بەلام چ ماچێك ؟ ئەفسوس ئەوماچی نەكردمەوەو رومەتە سپییەكەی هیچ گەرمییەكی پێنەخشیم، وەك بڵێی لێم زیزەونەیەوێت ماچم بكاتەوە..
بزەیەك كە هەمیشە لێمدیووە، كەچی هێشتا ناتوانم بڕوا بەمەرگی تەهای كەریمی بكەم ، هێشتا واهەست دەكەم كە رۆژێك زەنگم بۆدەكاوبەهێمنی پێمدەڵێت : دەتوانی كاتێك بڕەخسێنی پێكەوە بەسواری ماشێنە ماندووەكەی “گۆڤاری ئەنفالستان” سەردانێكی میمكە ئەنفالكراوەكانی گەرمیان بكەین ؟ دەتوانیت یاریدەم بدەیتو ئەمجارەش راوێژكارم بیت لەكاری داهاتومدا ؟
من نامەوێ لەم نوسینەدا مەرگی تەهای كەریمی لەخورافەوە بپێچمو شتێكی زیادەی لەبارەوە بڵێم، كەهی خۆی نەبێ، چونكە بۆخۆی ئەوەندە گەورەیە فریای وتنی هەمووشتێك لەبارەیەوە ناكەوین، هەتا خەونو خەیاڵی بۆداتاشین، ئەو كوڕە بەوتەمەنە كەمەیەوە هەمووشتێكی هەبوو، پولوسامان نەبێ .
سەیرە ! لە دوای مەرگی تەهای كەریمیەوە فەرەجی تۆپخانە ( پاڵەوانی فیلمی هەزارویەك سێو) یەخەم بەرنادا..! فرمێسەكەكانی ئەو پیاوەی لەبیابانی لمدا لە كۆمەڵكوژییەكی ئەنفالدا لەناو هەزارلاشەی ساردەوەبوودا رزگاری بوو، كاتێك لە گوندی كوڵەجۆی حاجی حەمەجان زێدی ” تەیمور” عەبدوڵا كە تاكە منداڵی دەربازبووە لەناو حەشری كۆمەڵكوژییەكدا خەریكی وێنەگرتنی “فیلمی هەزارویەك سێو” بووین تەهای دەرهێنەرماندوبونی نەدەزانیو گرتەكانی چەند بارە دەكردەوە، بەلاپاڵی گردێكی گوندی كوڵەجۆوە، تەواو كامێرامانو كاك فەرەجی شەكەت كردبوو، كەچی زۆر لەسەرخۆ دەیگووت : كاك فەرەج من دەمەوێ بگریت بەڕاستی بگریت، ڕاستی هەموومان ماندوو ببوین، لەچاوانی فەرەجدا ئەوەم دەخوێندەوە داوام لێبكات بكەومە نێوانەوەو بەو پیاوە بڵێ وازم لێبێنێ، چیتر توانام نەماوە، بۆیە ناچاربووم تەها بەرمە لاوەو پێی بڵێم تكایە بەسە، چیتر ( فەرەج ) ماندومەكە، نایشارمەوە ووتم : من هەرگیز نەمزانیووە تۆ ئەوەندە بێڕەحموبێ بەزەییت ؟ تۆ بەو هەموو ناسكییەی خۆتەوە ئەم دڵرەقییە چیە ؟ تكایە باگللەیی كاك فەرەجم نەیەتەوە سەر، كەچی تەها بەزەردەخەنەكەی سەرلێوەكانی یەوە بەهێمنی لەروخسارم ورد بووەوەو هیچی نەوت تەنها پێكەنی ، وەستاودوای كەمێك ئینجا ووتی : من دڵڕەق نیم ، ئەوە سینەمایە بێبەزەییودڵرەقە، تكایە لێگەرێ ئەم دەرفەتە دوبارە نابێتەوە ..
من ئەزمونم هەبوو لەگەڵ تەهای مرۆڤدا ئەو تەنانەت لەگەڵ درندەو مارو جانەوەریش توندرەفتار نەبوو بەڵكو زۆر نەرمونیان بوو، من بەكردەوە ئەوەم لێ بینیبوو ڕۆژی (1ی حوزیرانی 2011 ) بوو لە میانەی فیلمی (بەكرێگیراوی سپی) دا عەسرێكی درەنگ لە قۆپییەكانی قەرەداغەوە بەرەو مەزاری شەهیدانی بەگازخنكاوی سێوسێنان دەرۆیشتین، لە پێچێكدا بۆرە مارێك هاتە سەر رێگەمان، منیش بەزەوقو شەوقێكی گەوجانەوە سوكانی ئۆپلەكەم شكاندەوە سەری بەو نیازەی تایەی ئۆتۆمبیلەكە مارەكە بفلیقێنێتەوە، بە خەیاڵی خۆم لەژیر پێچكە بازنەییەكاندا مارم كردووەتە قیمە، بەڵام شێخ ڕەزا ووتەنی (شیڕڕڕڕ وانەبوو) كە دابەزین و سەیرمانكرد بینیمان مارەكە بە كەماڵی ئیسراحەت بەرەو بەرزایی دەكشێ بێباك لەوەی من بە چ دڵڕەقیەكەوە نیازی كوشتنی ئەوم هەیە ..!! بەردێكی گەورەم هەڵگرتبوو تا بتوانم یەكەم هەوڵ هیچ نەبێ سڕی بكەمو نەهێڵم دەربازبێت .
هەر ئەوەندەی دەستم بەرزكردەوە یەكێك لەدواوە دەستی گرتم ! كە ئاوڕم بۆ دایەوە ” تەهای كەریمی” بوو.. ووتی: ئەوە چ گوناهێك دەكەیت جەنابی راوێژكار ؟ ئەوە لەتۆ ناوەشێتەوە تۆ داوا دەكەی خەڵك لەیادی ئەنفال گۆشتی سۆپەرماركێتیش نەخۆن ! ئیدی چۆن بەچ هەقێك گیاندارێك دەكوژی ؟ ووتم ئەوە ماری ژەهراویوكە پێوەبدات خەڵك دەكوژێ !! ئای كە سەرسام بووم بەو جوانییەی كە ووتی: نا سروشت چەندە هی ئێمەیە ئەوەندەش هی گیاندارانە، ئەوانیش مافی ژیانیان هەیە،.. نایشارمەوە زۆر شەرمەزار بووم دەستم شل بوو بەردەكەم فریداو مارەكە بەهێواشی بەرەو ناودەوەنەكان كشا، بێئەوەی پەلە بكات ماوەیەك بەو كەندەڵانەوە بەبەرچاومانەوە مایەوە كە زۆر لەبار بوو بۆ ئەوەی هەر بەبەرد گیانی لێ بسەنمو كۆتایی پێبهێنم بەلام تەها فریا كەوتو نەیهێشت .
لەگەڵ تەهای كەریمیوسەروەری وێنەگر ئەوان لەلایەكو من لەلایەك مشتو مڕمان بوو سەرئەنجام منیش چوومە سەر بروای ئەوان، بۆیەكەمجار وانەیەكم لەتەها وەرگرتو لەوە تێگەشتم چ شەرمەزارییەك لەرابوردومدا هەیە، كە پێشتر لە كۆڕو مەجلیسدا خۆم پێوە هەڵكێشاوەو شانازیم بە كوشتنی گیاندارانەوە كردووە. ئاخر تەهاو سەروەر ( دەرهێنەرو وێنەگر) راستیان گووت، لە دوای ئەنفالەوە دەبوو ئێمە ماریش نەكوژین، چ جای ئەوەی براكان دەستیان بچێتە خوێنی یەكتریوشەری ناوخۆ گۆڕستانەكان فراوانتر بكات. !
ئەو رۆژەی فەرەج گریا دەبوو هەموو كورد بگری ! چ رۆژگارێكە یاران ؟ كارەكتەری سەرەكی “هەزارویەك سێو” لە كۆڕی مەرگی دەرهێنەرەكەیدا بێئەوەی دەرهێنەر رای سپاردبێ (فەرەجی تۆپخانە) شانی بە دیوارێكەوە ناو بەكوڵ گریا، من كەهەتا ئەو چركەساتە خۆم پێرا گێرا بوو، ئیتر دەبووبگریم پێكەوە لەگەڵ فەرەجوهاشم گریاین ..پێكەوە ستافی هەزارویەك سێو فرمێسكمان ڕشت..بەڵام ئەفسوس گریانی بۆ ئەمجارە سیناریۆ نەبوو ئەمجارە لەسەر داوای تەهای دەرهێنەر نەبوو بەڵكو بۆ ماڵئاوایی یەكجاری تەها بوو، گریانی ڕاستی بوو، گریانێك بۆ مەرگی تەهای سینەماكارو دەرهێنەر !! چ خەمێكی وێرانكەرە چ هێزێك سەبوریمان بۆدێنێ چونكە هێشتا مەرگی تەها لە ناخەوە هەڵمان دەقرچێنێ ..
ئەو رۆژەی فەرەجی تۆپخانە گریا كۆستێكی تر بوو، دەتوانم بڵێم كۆستی نەتەوەیەكو شكستو پرسەی كامێراوسینەمای كوردی بوو، ئەو رۆژەی منو هاشمو فەرەج گریاین، دەبوو هەموو كورد بگریابا، چونكە گریانی ئێمە جیاوازبوو، ئەوپیاوانەی لەدۆزەخی ئەنفال گەرابوونەوە هەرگیز لە ئاوەدانی دا نەگریابوون، بەڵام بۆمەرگی تەها گریان . فرمێسكەكانی فەرەج وهاشم واتایەكی تریان بەمن بەخشی واتایەك كە هەموو كەس تێیان ناگات، ئەو فرمێسكانە وەڵامێكی واتا داربوون بۆ ئەودەستانەی جاهیلانە بەردیان لە شاشەی سینەماگرتو وتیان تەهای كەریمی داوای خەڵاتی بۆ جاشەكان كردووە ..ئەوجەهلەی بەناوی دڵسۆزی نیشتمانەوە ویستی فیلمەكەی راگرێت، بێئەوەی بزانى غەدر لە تەهاو لە سینەما گەورەترین بێ رێزیە بە نیشتمان ئەوانە هێندە خوێن سارد بوون، نەپۆزشیان بۆتەهاو نە بۆ فرمێسكەكانی هاشمو فەرەج هێنایەوە نەبۆ سیناریۆو كامێراو سینەماش، نە ئۆفێكیان بۆمەرگی تەهاو نەماتەمینییان بۆجەهلی خۆیان پیشاندا !!