
فیکر و سیاسه‌ت له کوردستان
سیاسه‌ت، هه‌ر سیاسه‌تێک، له‌سه‌ر فیکرێک سازبووه. بۆ نموونه؛ سیاسه‌تی لیبڕالیستی له‌سه‌ر فیکره‌ی “تاکه‌کان ئازاد و خاوه‌ن مافن” سازبووه. سیاسه‌تی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردی له‌سه‌ر فیکره‌ی “کورد نه‌ته‌وه‌یه و خاوه‌ن مافه” سازبووه. سیاسه‌تی ئیسلامی سیاسی له‌سه‌ر فیکره‌ی “گه‌ڕانه‌وه بۆ یاساکانی سه‌له‌ف و “ده‌سه‌ڵاتی خودا”” سازبووه. ئیتر سیاسه‌ته‌کانی‌تریش به هه‌مان شێوه. له ڕاستیدا نه‌ک ته‌نیا سیاسه‌ت به‌ڵکو هه‌موو کار و چاڵاکییه‌کی فیزیکی مرۆڤیش پێشتر فیکره‌یه‌که که خاوه‌نه‌که‌ی هه‌ڵیگرتووه و دوایی جێبه‌جێی ده‌کا له‌شێوه‌ی کارێکی فیزیکی. من پێموایه فیکر له بنچینه‌دا ووزه‌یه. بۆیه‌ش هه‌ر فیکره‌یه‌ک، مادام ووزه‌یه‌کی چڕبووی چاڵاکی عه‌قل و ماندووبوونی مرۆڤه‌کانه، ئینجا ئه‌و فیکره‌یه هه‌رچه‌ند بێ‌مانا و ساویلکه، تێکده‌ر یان بیناتنه‌ر بێت، ئه‌گه‌ر زه‌مینه و کاتی ته‌واوی بۆ فه‌رهه‌م ببێ، ئه‌وا هه‌موو ووزه چڕبووه‌که‌ی به‌ڕه‌ڵا ده‌کا. ئینجا ئه‌گه‌ر بنیاتنه‌ربێت ئه‌وا کاری زۆر مه‌زن ده‌کا و ئه‌گه‌ر تێکده‌ربێت ئه‌وا کاری تێکده‌رانه‌ی زۆر گه‌وره ده‌کا. مه‌به‌ستم له‌م پێشه‌کییه ئه‌وه‌یه که بڵێم هه‌ڵسوکه‌وتی سیاسی هێزه‌کانی کوردستان له بۆشایی نه‌هاتوون، به‌ڵکو بیرۆکه و فیکری تایبه‌تیان له‌پشت وه‌ستاوه. بۆیه‌ش ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ له هه‌لسوکه‌وت و سیاسه‌تی ئه‌م هێزانه تێبگه‌ین ده‌بێ سه‌ره‌تا ڕۆشنایی بخه‌ینه سه‌ر بنه‌ما فیکرییه‌کانیان.
ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر دیقه‌ت له شانۆی سیاسی کوردستان بده‌ین ده‌بینین زۆربه‌ی هێزه‌کان ڕه‌خنه له سیاسه‌تی به‌رته‌سکی حیزبایه‌تی ده‌گرن و داوای ئه‌وه ده‌که‌ن که به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی بخرێته سه‌رووی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبایه‌تییه‌وه. به‌ڵام به نیگایه‌کی خێرا بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که پڕاکتیکی زۆربه‌ی هێزه‌کان شتێکی‌تره، بۆ؟ من پێموایه تێگه‌یشتنێکی گشتی زاڵ هه‌یه که له‌وێدا سیاسه‌ت ته‌نها وه‌ک هونه‌ری گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات ده‌بنیرێ. ئاکامی ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه که ململانێ بۆ گه‌وره‌کردنی قه‌باره‌ی حیزبی ئه‌وله‌وییه‌ت وه‌ربگرێ. ئه‌مه واقیعیه‌تێکه و پێموانییه نکۆڵی لێبکرێ. ئایا بیانوو بۆ ململانێ بۆ گه‌وره‌کردنی قه‌باره‌ی حیزبی هه‌یه؟ بێگوومان هه‌یه. چونکه له کۆمه‌ڵگایه‌ک که هێشتا “که‌مینه متمانه‌ی به زۆرینه نییه”، ئه‌وا که‌س جورئه‌ت ناکات ده‌ست له سیاسه‌تی گه‌وره‌کردنی قه‌باره‌ی ڕێکخستنه‌کانی خۆی هه‌ڵگڕێ. چونکه ئه‌وکات مانای وایه ساویلکانه به‌ده‌ستی خۆت چاڵ بۆ خۆت هه‌ڵده‌که‌نی. ئه‌م واقیعه‌ته و هه‌مووانیش ئاگاییان لێیه. بۆیه‌ش من باسی ئه‌وه ناکه‌م به‌ڵکو من باسی ئه‌وه ده‌که‌م که ئایا ئاگایی له‌وه هه‌یه که سیاسه‌تێکی له‌م بابه‌ته تا هه‌تا هه‌تایێ ناکرێ په‌یڕه‌وی لێبکرێ؟ ئایا ئاگایی له‌وه هه‌یه که ئه‌م جۆره له سیاسه‌تکردن له درێژماوه‌دا کۆمه‌ڵگا به‌ره‌و پێکدادانی تووند ده‌با و زیاتر زه‌مینه‌ی پۆپۆلیزم و ناوچه‌گه‌ری و هێزه نادیموکراتیکه‌کان خۆش ده‌کات؟ من پێموایه ئه‌گه‌ر نیه‌ت سازکردنی ده‌وله‌تی یاسا و دیموکراسی بێت، ئه‌وا ده‌بێ له درێژماودا کار له‌سه‌ر گۆڕینی ئه‌م تێگه‌یشتنه له سیاسه‌ت بکرێ.
دیاره ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ش له سیاسه‌ت له بۆشایی نه‌هاتووه به‌ڵکو پاشخانێکی فیکری – میژوویی هه‌یه و میراتێکه بۆمان ماوه‌ته‌وه. به هاتن و گه‌شه‌ی فیکری مارکسیزمی چه‌پی رووسی له سه‌ره‌تای سه‌دده‌ی بیسته‌م له ناوچه‌که‌دا، له‌وانه‌ش کوردستان، وایکرد هه‌مان تێگه‌یشتنی فیکری زاڵ و مه‌وجوودی پێشوو بۆ سیاسه‌ت به‌رگێکی مۆدێرنانه بپۆشێ، به‌جۆرێک به ده‌سته‌واژه و ڕێکخستنی سیاسی هاوچه‌رخانه، ڕابردوو، که‌مووزۆر، کۆپی بکرێته‌وه. بۆیه له بنچینه‌دا تیۆری سیاسه‌ت، له ڕۆژهه‌لاتدا تا ئێستا نه‌یتوانیوه دابڕانێکی بونیادی له‌گه‌ل رابردووی خۆی بکا. ئاکامی ئه‌م تێگه‌یشتنه له سیاسه‌ت وایکردووه که له درێژماوه‌دا، له به‌رامبه‌ر گووتاری نه‌ته‌وه‌یی کلاسیکی، زه‌مینه خۆشببێ بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی به‌رچاوی دوو گووتاری فیکری – سیاسی له کوردستان، ئه‌وانیش:
یه‌که‌م: گووتاری ئیسلامی سیاسی
له تیۆری ئیسلامی سیاسی‌دا کۆمه‌ڵگای ئێستای کوردستان نه‌زان و بێئاگاییه. بۆ نه‌زان‌و بێئاگاییه؟ ئیسلامی سیاسی ده‌ڵێ چونکه ئه‌م کۆمه‌ڵگاییه نه ئایینی خۆی ده‌ناسێ و نه لێیشی تێده‌گات، که ئه‌مه‌ش وایکردووه پشت له یاسا و شه‌ڕعی سه‌له‌فی سالح بکات و خۆی گرێبدا به یاسای مرۆڤانه‌ی مۆدێرن که نایه‌نه‌وه له گه‌ل شه‌ڕع و فه‌رمووده‌کانی خودا. بۆیه‌ش ئه‌گه‌ر دیقه‌ت له گووتاری ڕۆله‌کانی ئه‌م ره‌وته سیاسییه بده‌ین، ده‌بینین خۆیان به نه‌وه‌یه‌کی قوڕئانی بێهاوتا داده‌نێن، به‌جۆرێک ده‌یانه‌وێ کۆمه‌ڵگای کوردستان له‌و “نه‌زانی‌و بێئاگاییه”وه ڕزگار بکه‌ن. ئه‌گه‌رچی ئه‌م نه‌وه‌یه له‌گه‌ل تاکه‌کانی‌تری کۆمه‌لگا ده‌ژین به‌ڵام له‌لایه‌نی شعورییه‌وه ته‌واو خۆیان جیاکردۆته‌وه له کۆمه‌ڵگه‌ی ئێستا. ئه‌وان خه‌ون به کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی‌تری جیاواز له‌وه‌ی که ده‌بینرێ و تیایدا ده‌ژن، ده‌بینن. گووتاری ئیسلامی سیاسی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی به مانا هاوچه‌رخه‌که‌ی ڕه‌تده‌کاته‌وه. ئه‌وان به‌دوای ده‌وڵه‌تێکی‌تر ده‌گه‌ڕێن که جیاوازه ته‌نانه‌ت له‌وه‌ی که له ڕاگه‌یاندنه‌کانی خۆشیان باسی ده‌که‌ن. له‌م گووتاره ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌فهومی “ئوممه‌ی ئیسلامی” سازبووه، که تیایدا ده‌وڵه‌ت ته‌نها مانای ده‌وڵه‌تی خیلافه ده‌گه‌یه‌نێ.
دووه‌م: گووتاری پۆپۆلیستی
پۆپۆلیزم چییه؟ پۆپۆلیزم گووتارێکی سیاسییه که تیایدا چه‌مکی “خه‌ڵک” ڕۆڵێکی ناوه‌ندی ده‌گێڕێ له پڕوپاگنده‌ی سیاسی‌دا. له تێگه‌یشتنی پۆپۆلیستیدا ئاماژه به زوڵم و سته‌می ئیلیتی ده‌سه‌ڵاتدارو کۆمه‌ڵگه به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری “خه‌ڵک” ده‌کرێ. دروشمه‌کانی پۆپۆلیزم لێڵ و ناڕۆشنن و خه‌می سه‌ره‌کیشیان کاریگه‌ری دانانه له سه‌ر سۆز‌و ڕاو ترسی پێشوه‌خته‌ی جه‌ماوه‌ر، به‌بێ گوێدان به ئاکامی هه‌ڵوێست و سیاسه‌ته‌کانیان، ئه‌مه‌ش له‌پێناوی ئیقناعکردنی جه‌ماوه‌ر‌و شه‌رعیه‌ت وه‌رگرتن. بۆیه‌ش ئاکامی سیاسه‌تی پۆپۆلیستی سازبوونی که‌سانی سیاسی دیماگۆجه له‌جیاتی که‌سانی سیاسی ده‌وڵه‌تمه‌دار.
پرسیار ئه‌وه‌یه که چۆن ئه‌م پۆپۆلیزمه‌ی ئێستای کوردستان گه‌شه‌ی کرد؟ ڕاستییه‌که‌ی ئه‌م پۆپۆلیزمه‌ی ئێستا بنه‌ما فیکرییه‌کانی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ گووتاریک که چه‌ند نووسه‌رێکی وه‌ک مه‌ریوان وریا قانع و به‌ختیار عه‌لی و فاروق ره‌فیق و رێبین هه‌ردی و …هتد له ناوه‌ڕاستی ساڵانی نه‌وه‌ده‌کان سازییان کرد. دیاره گووتاری پۆپۆلیستی به‌شێوه‌یه‌کی گشتی نوێ نییه له ناو بزووتنه‌وه‌ی کوردی‌دا. ئه‌وه‌ی نوێیه و ئه‌م توێژه له رۆشنبیرانی کورد سازییان کردووه بریتییه له گووتاری پۆپۆلیستی – ڕه‌خنه‌گرانه له خودی خۆی، واته له بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردی، ئه‌گینا ڕه‌گی پۆپۆلیزم پێشینه و مێژووه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بیری چه‌پی ڕووسی که له دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهانی هاته نێو گووتاری کوردییه‌وه. باشه چی ڕوویدا؟ من پێموایه ئه‌وه‌ی ڕوویدا ئه‌وه‌بوو: گووتاری ته‌قلیدی پۆپۆلیزم، به گۆڕانی واقیعی کۆمه‌ڵگای کوردستان له 15 ساڵی ڕابردوودا له‌رووی ڕۆشنبیری و ئابووری و سیاسییه‌وه، ناچاربوو ئه‌ویش گۆڕانکاری له‌خۆی بێنێته‌کایه‌وه و له گووتارێکی پۆپۆلیست – میلیتانته‌وه به‌رگی خۆی بگۆڕێ بۆ گووتارێکی پۆپۆلیستی پۆست- مۆدێرنانه به‌ڵام به هه‌ناسیه‌کی تووند و هه‌ندێکجاریش ناوچه‌گه‌رییانه. ئه‌گه‌ر دیقه‌ت له‌م گووتاره بده‌ین ده‌بینین له ڕووکه‌شدا سه‌رپۆشێکی فیکری ڕۆژئاواییانه‌ی پۆشیوه، به‌س ڕه‌گه فیکرییه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ فیکری مارکسیزمی چه‌پی رووسی.
ده‌بێ ئاماژه به‌وه‌ش بده‌م که لێره‌وله‌وێ جیاوازی رووکه‌شی له‌نێوان ئه‌م نووسه‌رانه، به گوێره‌ی په‌یوه‌ندی و سیمپاتی حیزبیان، هه‌یه. بۆ نموونه هه‌ندێکیان په‌یوه‌ندی حیزبی‌یان هه‌یه و هه‌ندیکیان نیانه، هه‌ندێکیان له پارتی نزیکن و هه‌ندێکیان له گۆران و هه‌ندێکیان له یه‌کیێتی، هه‌ندێکیشیان له ئیسلامی سیاسی. به‌س له ناوه‌رۆکدا جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆییان نییه. بۆ نموونه: له فیکری فارووق ڕه‌فیقدا شوێنپێه‌ک بۆ ده‌سه‌ڵاتی خودا له کۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵاتدا پێویسته. بۆیه‌ش فاروق ره‌فیق زیاتر له ئیسلامیه‌کان نزیکتره. مه‌ریوان وریا قانع و به‌ختیار عه‌لی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی که ئایین له بنچینه‌دا دژی مۆدێرنیتی نییه و ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌وه‌یه که خراپ که‌ڵک له ئایین وه‌رده‌گیرێ، گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی که پێیانوایه به‌کارهێنانی ئیسلامی سیاسی له‌م قۆناغه‌ی ئێستای کوردستان بۆ بێهێزکردنی ناسیۆنالیزمی یه‌کێتی و پارتی کارێکی ئیجابییه، بۆچی؟ ده‌ڵێن:
یه‌که‌م: ئیسلامی سیاسی کوردستان دیموکراسی قبوول ده‌کا یاخود به‌لایه‌نی که‌مه‌وه له یه‌کێتی و پارتی دیموکراتتره.
دووه‌م: پێیانوایه که ئیسلامی سیاسی ناتوانێ ده‌سه‌لات بگرێته‌ده‌ست، بۆ؟ ده‌ڵێن چونکه هێزی ئازادیخواز‌و مۆدێرنی کوردستان به‌هێزتره له ئیسلامییه‌کان.
منیش ده‌زانم که هێزی ئیسلامییه‌کان له‌ڕووی ژماره‌وه که‌متره له هێزه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به‌ڵام ئه‌مڕۆ له کوردستان هه‌ژموونی جیهانبینی سیاسی ئیسلامییه‌کان ئه‌گه‌ر به‌هێزتر نه‌بێ ئه‌وا به‌لایه‌نی که‌مه‌وه له ئاستی هه‌ژموونی جیهانبینی سیاسی هێزه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانه. پێموایه نه‌بینینی ئه‌م واقیعه‌ته وایکردووه که ئه‌م به‌ڕیزانه نه‌ک ته‌نیا درێژه به‌و وه‌همانه‌ی سه‌ره‌وه بده‌ن به‌ڵکو تیئۆریزه‌شیان بکه‌ن. لێره‌دا یه‌ک پرسیاری بنچینه‌یی دێته پێشه‌وه که بۆچی نووسه‌رانی وه‌ک به‌ختیار عه‌لی و مه‌ریوان وریا قانع و …هتد تووشی ئه‌م وه‌همانه بوونه. ڕاستییه‌که‌ی گووتاری ئه‌م توێژه له ڕۆشنبیران له‌سه‌ر دوو بنه‌مای سه‌ره‌کی سازبووه که لێره‌دا له دوو خاڵدا چڕیان ده‌که‌مه‌وه:
یه‌که‌م: فیکری ئه‌وانه له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌گرتن له مۆدێرنیتی سازبووه، چۆن؟ گوایه مۆدێرنیتی کاره‌ساتی گه‌وره‌تری، به به‌راورد له‌گه‌ل رابردوو، له‌گه‌ل خۆی هێناوه، که قابلیه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه مرۆڤ به‌ره‌و نابوودبوون ببات. دیاره ده‌یان فه‌یله‌سوفی گه‌وره ره‌خنه‌یان له مۆدیرنیتی گرتووه به‌س ئه‌م به‌ڕێزانه‌ی سه‌ره‌وه، ئه‌گه‌رچی مارکسیست نین، به‌ڵام هێشتا به عه‌قلیه‌تێک ڕه‌خنه له مۆدێرنیتی ده‌گرن که له ناوه‌رۆکدا جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆییان نییه له ڕه‌خنه‌ی چه‌پێکی پۆپۆلیست بۆ مۆدێرنیتی و سیسته‌می سه‌رمایه‌داری.
دووه‌م: ئه‌م نووسه‌رانه پێیانوایه که ناسیۆنالیزم به‌گشتی شتێکی ئیجابی نییه و نایه‌ته‌وه له‌گه‌ل دونیای ئه‌مڕۆ، به‌لام ده‌ڵێن له‌به‌رئه‌وه‌ی کورد هێشتا ده‌وڵه‌تی نییه بۆیه پێویسته خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی بکه‌ین، به‌س نه‌ک له‌ژێر سایه‌ی ناسیۆنالیزمی پارتی و یه‌کێتی، بۆ؟ ده‌ڵێن چونکه ئه‌م ناسیۆنالیزمه خێڵه‌کی و دواکه‌وتووه. ئه‌ی چی بکه‌ین؟ وڵامه‌که‌یان بریتییه له خه‌باتکردن له‌ژیر سایه‌ی پۆپۆلیزم. ڕاستییه‌که‌ی پۆپۆلیزمی ئه‌م به‌ڕێزانه شتێکی نوێیه و ده‌توانم بڵێم پۆپۆلیستێکی “کوردانه” و ناوچه‌گه‌رییانه‌یه، بۆ؟ چونکه زۆربه‌ی پۆپۆلیسته‌کان له ناوچه‌کانی‌تری جیهانی سێیه‌م به‌رده‌وام هاتوهاوارو موزایه‌ده‌ی گه‌وره ده‌که‌ن له مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا، به‌س ئه‌وانه‌ی خۆمان نه‌ته‌وه‌ی خۆیان که‌م ده‌گرن. ئه‌گه‌ر له ره‌خنه‌ی ئه‌م به‌ڕێزانه بۆ ناسیۆنالیزمیش ووردبینه‌وه دیسان نه‌فسێکی چه‌پی مارکسی ڕۆژهه‌ڵاتیانه‌ی تێدا ده‌بینین.
سێیه‌م: تێگه‌یشتنی ئه‌م به‌ڕێزانه بۆ ئیسلامی سیاسی هه‌ژاری فیکری پێوه دیاره، به‌جۆرێک فیکری ئیسلامی سیاسی‌یان ساده و قه‌تیس کردۆته‌وه له‌چوارچێوه‌ی ڕاگه‌یاندن و ئیدعاکانی خودی ئیسلامییه‌کان خۆیان. له‌لایه‌کی‌تر ئاگایی ئه‌م به‌رێزانه له پڕۆسه‌ی گه‌شه‌ی فیکری مرۆڤایه‌تی ساویلکه‌یی پێوه‌دیاره و هه‌مه‌لایه‌نی و ئالۆزی ئه‌م پڕۆسه‌یه نابینن.
خاڵه هاوبه‌شه‌کانی پۆپۆلیزمی کوردی‌و ئیسلامی سیاسی
ئێستا بۆ هه‌مووان ڕۆشنه که جۆرێک له هاوپه‌یمانه‌تیێکی فیکری هه‌یه له‌نێوان گووتاری ئه‌م توێژه له ڕۆشنبیرانی کورد، که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدان، له‌گه‌ڵ گووتاری ئیسلامی سیاسی. هاوپه‌یمانه‌تی نێوان ئه‌م دوو گووتاره‌ش چڕ ده‌بێته‌وه له دوو خاڵدا:
یه‌که‌م: وه‌ک له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا که گووتاری پۆپۆلیستانه‌ی ئه‌م به‌ڕێزانه، به هه‌ناسه‌ی چه‌پێکی ڕۆژهه‌ڵاتیانه‌ی پۆست – مۆدێرنانه ڕه‌خنه له مۆدێرنیتی ده‌گرێ. بۆیه له ئاستی فیکریدا ڕه‌خنه‌ی پۆپۆلیزمی کوردی له مۆدێرنیزم یه‌کده‌گرێته‌وه له گه‌ل فیکری ئیسلامی سیاسی که له بنچینه‌دا له‌سه‌ر ره‌تکردنه‌وه‌ی مۆدێرنیزم و گه‌رانه‌وه بۆ سه‌له‌فی سالح سازبووه.
دووه‌م: گووتاری پۆپۆلیستی ئه‌م به‌رێزانه ڕه‌خنه له ناسیۆنالیزمی کوردی ده‌سه‌لاتدار ده‌گرێ به بیانووی ئه‌وه‌ی کۆنه‌پارێزو خیڵه‌کی و دواکه‌وتووه و نایه‌ته‌وه له‌گه‌ل دونیای ئه‌مڕۆ. له‌م خاڵه‌شدا له‌ڕووی فیکری و سیاسییه‌وه دێته‌وه له‌گه‌ل گووتاری ئیسلامی سیاسی، چونکه گووتاری ئیسلامی سیاسیش دژی ناسیۆنالیزمی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه به قازانج ناسیۆنالیزمی ئوممه‌ی ئیسلامی و ده‌وڵه‌تی خیلافه.
پرسه سیاسییه‌کانی ئه‌م دوو گووتاره له کوردستان
ئه‌گه‌ر دیقه‌ت له‌و پرسه سیاسییانه بده‌ین، که ئه‌م دوو گووتاره رووبه‌رووی ده‌سه‌ڵاتی ده‌که‌نه‌وه، ده‌بینین جیاوازن و وه‌ک یه‌ک نین. گووتاری ئیسلامی سیاسی ده‌یه‌وێ هه‌ژموون و تێگه‌یشتنی ئیسلامی به‌سه‌ر ده‌زگا سیاسی و کۆمه‌ڵاتییه‌کان بسه‌پێنێ، که له بنچینه‌دا له‌وێ ده‌سه‌ڵات مانا و بوونی خۆی وه‌رده‌گرێ. بۆیه‌ش چاڵاکییه سیاسییه‌کان به ئاراسته‌ی گه‌شه‌پێدانی ئازادییه‌کان، باشترکردنی مافه‌کانی ژنان، به‌رقرارکردنی یاسا و سازکردنی ده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌کان‌و …هتد، ئه‌مانه له فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی سیاسی‌دا “جه‌هل”و بێئاگاییه و نایه‌نه‌وه له‌گه‌ڵ “شه‌ریعه‌تی خودا”و سه‌له‌فی سالح، بۆیه‌ش به پێشکه‌وتن و ده‌ستکه‌وت حیساب ناکرێن. به‌ڵام گووتاری پۆپۆلیستی ئه‌م ده‌ستکه‌وتانه به پێشکه‌وتن حیساب ناکات چونکه سیاسه‌تی پۆپۆلیزم له ئه‌ساسدا له‌سه‌ر سه‌ره‌وژێرکردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌کان و کارکردن له‌سه‌ر شعوڕو ترسی بدائی‌و پێشه‌کیانه‌ی جه‌ماوه‌ر، سازبووه. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه که ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ی نیوان ئیسلامی سیاسی و پۆپۆلیسته‌کان له‌درێژماوه‌دا ته‌واو له قازانج ئیسلامی سیاسی دایه. من پێموایه گووتاری پۆپۆلیستی یه‌که‌مین قوربانی سیاسه‌ته‌کانی ئێستای خۆی ده‌بێ، بۆچی؟ چونکه له گووتاری ئیسلامی سیاسی‌دا ره‌تکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیستا له‌چوارچێوه‌ی بردنه‌پێشه‌وه‌ی ستراتیژی خه‌لافه‌تی ئیسلامی و “ده‌سه‌ڵاتی خوایی” ده‌چێته پێشه‌وه، به‌ڵام پۆپۆلیسته‌کان خاوه‌ن هیچ ستراتیژێکی ڕۆشن نین. بۆیه‌ش ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ساویلکانه و بێ ئامانجێکی ڕۆشن چاڵ به‌ده‌ستی خۆی بۆ خۆی هه‌ڵده‌که‌نێ. بۆ؟ چونکه پۆپۆلیزمی کوردستان ڕه‌وتێکی سیاسی – نه‌ته‌وه‌ییه، به‌مه‌ش هه‌ر شکستێک له ستراتیژی ئیستای ده‌سه‌ڵاتی کوردستان به‌شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیکی شکستی ئه‌وانیشه. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌م بزووتنه‌وه پۆپۆلیستییه ده‌یکا هه‌مان هه‌ڵه‌یه که ڕه‌وتی قه‌ومی ناسڕی و لیبڕاله‌کانی وڵاتی میسر له پێش و دوای شۆرشی میسر، کردیان، که ئێستا به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن و بوونه‌ته قوربانی فیکر‌و لێکدانه‌وه پۆپۆلیستییه‌کانیان.
حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات
له‌ژێر ڕۆشنایی بوونی گرفت له تێگه‌یشتنی به‌رته‌سکانه بۆ سیاسه‌ت، که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێدا، وه‌زعێک له کوردستان هاتۆته ئاراوه که؛
یه‌که‌م: زۆرجار حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ونه ململانێ له‌سه‌ر جوزئیات له‌سه‌ر حیسابی مه‌سه‌له ستراتیژییه‌کان. ئاکامی ئه‌مه‌ش بۆته شاردنه‌وه‌ی ململانێی نادیاری نێوان هه‌ژموونی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئیسلامی سیاسی و بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، به قازانج ئیسلامی سیاسی، به‌جۆرێک ته‌نانه‌ت وایکردووه بینینی ئه‌م کێشمه‌کێشه شاراوه‌یه سه‌خت بێت و به‌مه‌ش زۆر بێ بایه‌خ سه‌یربکرێ.
دووه‌م: تێگه‌یشتنی به‌رته‌سکانه له سیاسه‌ت و نزمکردنه‌وه‌ی بۆ ته‌نها ئامرازێک له پێناوی ده‌سه‌ڵات وایکردووه که کادری سیاسی و ڕۆشنبیری به ئاگا‌و دووربین نه‌توانێ له چوارچێوه‌ی ئه‌م هێزانه جێگایه‌ک بۆ خۆی بکاته‌وه. ئه‌مه‌ش ئاکامی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌یه له سیاسه‌ت که چاوه‌ڕێ گوێڕایه‌ڵییه له کادری سیاسی و رۆشنبیری نه‌ک بیرکردنه‌وه‌و سازکردنی سیاسه‌ت.
چی بکرێ؟
ڕاستییه‌که‌ی هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی سه‌قامگیری تیادا جێگیرببێ ده‌بێ زۆربه‌ی تاکه‌کانی متمانه و باوه‌ڕیان به‌و پڕه‌نسیپ و بیرۆکانه هه‌بێ که ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وای ئه‌م کۆمه‌لگایه لێیه‌وه شه‌رعیه‌ت وه‌رده‌گرێ. هه‌رکاتێک ئه‌مانه بێهێزبوون یان متمانه‌ی زۆربه‌یان له‌ده‌ستدا ئه‌وا پشێوی دێته کایه‌وه. ئه‌و ململانێیه‌ی ئه‌مڕۆ له‌نێو هێزه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له‌سه‌ر جوزئیات له ئارادایه واده‌کا ڕۆژ به ڕۆژ باوه‌ڕو پره‌نسیپه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بێهێزببن. ئه‌گه‌ر له ئێستاوه ڕێگه‌ی لێنه‌گیرێ ئه‌وا له درێژ ماوه‌دا پرۆسه‌ی سیاسی کوردستان ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی و گرفتی جییدی ده‌بێته‌وه. بۆیه‌ش به باوه‌ڕی من ده‌بێ چاکسازی له کوردستان پشت به‌م خاڵانه ببه‌ستێ :
یه‌که‌م: له ماوه‌ی داهاتوودا هه‌وڵدرێ که کێشمه‌کێشی سیاسی له کوردستان له چوارچێوه‌ی مه‌فهومێکی هاوچه‌رخ له سیاسه‌ت گه‌شه‌ی پێبدرێ. چۆن؟ دیاره منیش ده‌ڵێم سیاسه‌ت هونه‌ره و هونه‌ری مومکیناتیشه. به‌ڵام ته‌نها هونه‌رێک نییه بۆ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵکو له بنچینه‌دا هونه‌رێکه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا. لێره‌وه‌یه که کاری حیزبه‌کانیش ئالۆزکردنی بواری سیاسی نییه به‌ڵکو کۆنتڕۆڵکردنی کێشمه‌کێشی سیاسییه. ئه‌مه‌ش ته‌نها کاتێک دێته‌دی که تێگه‌یشتن بۆ سیاسه‌ت له ته‌نها ئامراز بۆ به‌ده‌سته‌گرتنی ده‌سه‌ڵات بگۆڕێ بۆ ئامرازی ده‌سه‌ڵات و ده‌سته‌به‌رکردنی پێکه‌وه‌ژیان له‌نێوان ڕکابه‌ره‌کان و تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه.
دووه‌م: هه‌موو که‌سێکی سیاسی هه‌ڵگری فیکره‌یه‌که که پێوه‌ی حوکم یان سیاسه‌ت ده‌کات. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ سه‌قماگیری و ئاشتی ڕابگرێ ده‌بێ به‌رده‌وام خۆی ببینێته‌وه. به‌واتایه‌کی‌تر هێزه سیاسییه‌کان ده‌بێ مه‌سه‌له‌ی چاکسازی وه‌ک خۆبینینه‌وه و داننان به هه‌ڵه‌کان و چاره‌سه‌رکردنیان ببینن. گرفت و ئالۆزییه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌بێ وه‌ک ئاوێنه‌یه‌ک بێت بۆ ده‌سه‌ڵاتدار که پیشانی ده‌دا هه‌ڵه‌یه‌ک بوونی هه‌یه به‌مه‌ش به‌رده‌وام له کاتی پێویست ڕیفۆڕم یان چاکسازی بکا. بۆیه چاکسازی سیاسی ده‌بێ له مه‌فهومی موسه‌کن بۆ قه‌یرانه‌کان بگۆڕدرێ بۆ ئامرازێکی ستراتیژی له پێناو ڕاگرتنی ئاسایش و سه‌قامگیری کۆمه‌ڵگه.
سێیه‌م: ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی ئێستا ئاگایی ته‌واوی له‌وه‌دا هه‌بێ که له کاتی ئاسایی و ئاشتیدا ئه‌وه‌ی به مافه سروشتییه‌کان داده‌نرێن ئه‌وا هه‌مان شت نیین له قه‌یران و شه‌ردا. بۆیه‌ش ده‌بێ ده‌سه‌ڵاتی ئێستا ئه‌و پانتاییه له کاراکته‌ری گۆڕاوی مافه‌كان، ببینێ، به‌جۆرێک که کاتێک گشت کۆمه‌ڵگه ده‌که‌وێته به‌ر مه‌ترسی، بوار به خۆی بدات جوله و کراداری گوونجاو بنوینێ، به‌ڵام به‌ومه‌رجه‌ی ده‌سه‌ڵات هه‌وڵدا له کاتی نه‌مانی مه‌ترسیه‌کان کۆمه‌ڵگا به‌زووترین کاتدا بۆ باروودۆخی ئاسایی و نۆڕمال بگه‌ڕێنێته‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌شه که که‌سی سیاسی دیموکراتخواز له که‌سی سیاسی مه‌کیاڤیلیست جیاده‌کاته‌وه، به‌جۆرێک ئه‌وه‌ی دووه‌میان سوود له قه‌یرانه‌کان وه‌رده‌گرێ بۆ سازکردنی ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری. که‌چی ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان قه‌یرانه‌کان وه‌ک ته‌حداییه‌ک له‌به‌رده‌م ئاشتی و پێکه‌وه‌ژیان و ئازادی‌دا ده‌بینێ.
چواره‌م: ڕاسته پاراستنی مافی که‌مینه و زۆرینه له هه‌ر ڕژێمیکدا وا ده‌کا که ڕێگه له زاڵبوونی هه‌ر یه‌کێکیان بگرێ. به‌ڵام نابێ مه‌به‌ست قه‌تیسکردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌فهومه بێت له ته‌نها پاراستنی زۆرینه و که‌مینه‌ی حیزبی، به‌ڵکو بۆ ئه‌وه‌ی که‌مینه و زۆرینه بتوانن هاوسه‌نگانه له‌گه‌ل یه‌کتردا بژین ده‌بێ فراوانتر بڕوانینه کۆمه‌ڵگه به‌وه‌ی هه‌وڵدرێ گه‌شه به توێژی ناوه‌ندی کۆمه‌ڵگه بدرێ. ته‌نها ئه‌م توێژه‌یه که متمانه و ئاسووده‌یی ده‌توانێ به هه‌ردوو توێژی هه‌ژارو ده‌وڵه‌مه‌ند بگه‌ڕێنێته‌وه و دووریان بخاته‌وه له پێکدادانی تووند و به‌مه‌ش ڕاگرتنی ئاسایش و سه‌قامگیری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی.
پێنجه‌م: نابێ ئه‌وه فه‌رامۆش بکه‌ین که له‌ڕووی سروشتیه‌وه کۆمه‌ڵگه یه‌که‌یه‌کی هاڕمۆنی نییه، به‌ڵکو له بنچینه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ته‌ندروست سازببێ پێویسته جۆراجۆریه‌تی و جیاوازی بوونی مسۆگه‌ر بکرێ. بۆیه‌ش جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان ده‌توانێ ئاسایش بپارێزێ و ڕێبگرێ له پێکدادانی فیرقه‌یی و ناوچه‌یی . وه هه‌روه‌ها هاوسه‌نگی و ئازادی و خۆشگوزه‌رانیش بێنیته کایه‌وه.
شه‌شه‌م: ئامانج له سیسته‌می سیاسی ته‌نها بازرگانی و زیادکردنی سه‌روه‌ت و سه‌رمایه نییه، بۆ؟ چونکه ئه‌گه‌ر کۆکردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و بازرگانی ئامانجی کۆتایی ڕژێم و کۆمه‌ڵگا بێت ئه‌وا ده‌بێ وڵاتێکی وه‌ک سعودیه‌ی عه‌ره‌بی یاخود دوبه‌ی باشترین ڕژێم بن. به‌ڵام ئایا وایه؟ نه‌خێر. سه‌روه‌ت و خاوه‌ندارییه‌تی تاکه‌که‌سی بوونیان هه‌یه بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی کاری باشه و پێکه‌وه‌ژیان و دادپه‌روه‌ری نه‌ک دادپه‌روه‌ری و کاری باشه بۆ کۆکردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت به‌کاربهێرێ.
مانگی ئایاری 2013