دوو قاپ شەراب … فەتاح حەسەن
رۆژێکی خۆرەتاوی مانگی مایس بوو، لە ماڵ هاتمە دەرەوە بەو نیازەی بڕۆم بۆ
( سەنتەری ڤالبی )*، بە پێ کەوتمە رێ ، کەم تا زۆرێك رێگەکەم بەدەم جگەرە کێشانەوە بڕیبوو، لە کاتی کوژاندنەوەی یەکێك لە جگەرەکاندا، چاوم کەوتە سەر
جیزدانێکی بەرباخەڵ، بۆی دانەویمەوە، هەڵمگرت.
کە سەیرم کرد ( هەزارکرۆن) ییەکو هەندێك وردەی تیادا بوو، لەگەڵ کۆمەڵێك
کارتی بانق و مۆڵەتی شۆفێری و … ، لە یەکێك لە کارتەکانەوە ناونیشانی خاوەنەکەیم
خوێندەوە دانیمارکییەك بوو لە ( ڤالبی لانگ گادە ) کە لەسەر رێگەکەم بوو بۆ سەنتەر.
لە دەرگای ماڵەکەیمدا، پیاوێکی بە تەمەن کردییەوە ، پاش سڵاو کردن، لێمپرسی
ئێرە ماڵی فڵانە، ئەو، وتی بەڵێ فەرموو ، جیزدانەکەم بۆ دەرهێناو بۆم درێژکرد
ئەمەم لەسەر رێگەکەم دۆزیوەتەوە.
سەیرێکی کردو سوپاسی کردم، وتی دوو خولەك چاوەڕوان بە، کە هاتەوە سەدکرۆنییەکی
بەدەستەوە بوو، وتی فەرموو، هەرچەند هەوڵمدا وەرینەگرم، وتی دەبێت وەریگریت
یەکەم ئەوە داب و نەریتمانە دووەم من، خۆم پێمخۆشە.
وەرمگرت و بەردەوام بووم بەرەو سەنتەر، لەوێ دوو قاپ شەرابم پێکڕی.
ئێستا لە هۆڵەکەمدا قاپێکیانم هەڵپچڕیوە، پێکێکم تێکردووە لە چاوی ئەو، وە تۆش
کە ئەم بەسەرهاتەتە دەخوێنیتەوە هەڵی ئەدەم، قاپی دووەمیش با بمێنێت بۆ یادگاری.
*/ سەنتەری ڤالبی نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە ماڵەکەمەوە دوورە.
لایك
لە ( گۆ گادەی کۆبنهاون )* پیاسەمان دەکرد، شت نەما باسی نەکەین، لە کوردستانەوە دەمانهێنا لە دانیمارك دەمانبڕییەوە.
باس و خواس هاتە سەر فەیسبووکە حەیاتەکە، وتم ئەرێ بەڕاست ماوەیەکە وەك
( مراوییە ناشرینەکە ) ی ( هۆسی ئەندەرسن )** مامەڵەم لەگەڵ دەکەن، کەس ئاوڕم لێناداتەوە، کەسێ پێمناڵێ کەرت بەچەن.
ئەو، وتی ئێ وایە، کاکە تۆ نە لایکێك دەکەی، نە کۆمێنتێك دەنوسی، نە بابەتی هاوڕێیەك ( شیر ) دەکەی، ئەی چۆن.
بە گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە، بابەتێکم نووسی لەسەر
شتە سەیر و سەمەرەکانی فەیسبووك
بملایکێنی دەتلایکێنم ، بمکۆمێنتێنی دەتکۆمێتێنم ، شیرم بۆ بکەی بۆتدەشەیرێنم.
رەخنەم لێبگریت دەتبلۆکێنم.
لە وانە سەیرتر، گەر کوڕێك بە ناوی خۆیەوە، شیعرێکی شاعیری پایەبەرزی کورد
( گۆران) دابەزێنێت ، وە نەزانرێت شیعری ئەو زاتەیە، سێ دەستخۆش و دوو لایکی
تێدەگرن، ئەویش بەمەرج ( دەبێت لە بازنەی کۆمێنت و لایکەکانی خۆیان بن ).
گەر کچێکیش، شیعرێکی هەلەقوپەلەق دابەزێنێ، هەر بابایە و ( شیر ) ی دەکات
ئەوەندە کۆمێنت و لایکی بۆ دەچێت هەر مەپرسە.
لە وەڵامیاندا دەنوسێت ( سپاس، کومینتوو لایکەکانتان زۆرن، سپاستان دەکەم ).
هەندێك لە حەفتەیەکدا هەمان بابەت سێ بارە و چوار بارە دادەبەزێنێت ، هەواڵی
سایتە ئەلکترۆنییەکان گەرم دەکاتەوە و دەنوسێت ( بە پەلە ) ، کە میوانی دێت، پێش
نانخواردن میوان و مێزی نانخواردنەکە دادەبەزێنێت، لە چایخانە تاوڵە دەکات
کە بردییەوە بۆ یادگاری وێنەیەك دەگرێت و یانزەی شەو دایدەبەزێنێت.
فەیسبوکێکی سەیرە گوڵم !!
ناتلایکێنم، چونکە لایکت لە من زۆرترە ، ناتکۆمێتێنم، چونکە کۆمێنتەکانت بۆ من هەر
( دەستت خۆش بێ ) یە.
ئیتر هەرگیز جاوەڕوانی لایك و کۆمێنتی من نەکەی، ها ، ئەی دوێنێ لایکی بابەتەکەی ( یەکێتی یا گۆڕان یا پارتی یا ئیسلامیەکان ، یا ، یا … ) ت نەکرد.
وادەزانی هەروا، ئاساییە، بڕوابکە جارێکی تر دوبارەی بکەیتەوە، دەتبلۆکێنم.
* گۆ گادەی کۆبنهاون لە ( کۆبنهاونس غۆدهوس – ئەنجومەنی شارەوانی کۆبنهاون ) ە وە
دەست پێدەکات، تا ( کۆنگ نی تۆرڤ ) ، لە( نۆڤەمبەری ١٩٦٢) بنیاتنراوە.
درێژترین گۆگادەیە لە ئەوروپادا، درێژییەکەی ( ١.١ کم ) ە .
لە هاویندا، لە رۆژێکدا نزیکەی ( ٢٥٠ هەزار ) کەسی پیادا تێپەڕ دەبێت .
لە زستاندا، لە رۆژێکدا نزیکەی ( ١٢٠ هەزار ) کەسی پیادا تێپەڕ دەبێت .
** نوسەر و شاعیرێکی بەناوبانگی دانیمارکە، لە ( ٢/٤/١٨٠٥ ) لە ئۆدنسە لە دایك بووە،
لە ( ٤/٨/١٨٧٥ ) کۆچی دوایی کردووە، لە گۆڕستانی ( نۆربغۆ ) لە ( کۆبنهاون ) نێژراوە.
……………
تێبینی :- بۆ زیاتر ئاشنابوون بەتایبەتمەندییەکانی فەیسبووکەچیرۆك، دەتوانیت بابەتێك لەم سایتەدا بخوێنیتەوە بەناونیشانی ( فەیسبووکەچیرۆك ) .
فەیسبووکەچیرۆکەکانم، بەزۆری زادەی کۆمەڵگەی دانیمارکیین.
فەتاح حەسەن
دانیمارك / ڤالبی