کۆما ده‌نگێ زارۆکێن ئامه‌د و ئاهه‌نگی له‌هجان
موحسین جوامێر……..
له وتارێکدا که تاکهدۆستی کورد ئیسماعیل بێشکچی له تورکیاوه بۆ ڕۆژنامه‌ی ئاوێنه‌ی ناردووه، ده‌ڵیت : ( له‌مانگی 11ی ساڵی 2006 دا كۆما ده‌نگێ زارۆكێن ئامه‌دێ، به‌شداری له ( فیستیڤاڵی مۆسیقای جیهان ) دا كرد، كه له سانفرانسیسكۆی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریکا سازكرابوو. 3/11 له سانفرانسیسكۆ، 5/11 له ساندیاگۆو 7/11یش له لۆس ئانجلۆس كۆنسێرتی پێشكه‌ش كرد. له فیستیڤاڵه‌كه‌دا، گڕووپی مۆسیقای وڵاتانی چین، هیندستان، ئێراق، ئه‌فریقا، ئیتالیا و ئیسپانیا به‌شداربوون. لهدیاربهكریشهوه، كۆما ده‌نگێ زارۆكێن ئامه‌دێ وه‌ك نوێنه‌ری كورد به‌شداربوون. كۆما ده‌نگێ زارۆكێن ئامه‌دێ، له فیستیڤاڵه‌كه‌دا به نۆ زمان گۆرانیی پێشه‌كه‌ش كردووه: ئه‌رمه‌نی، سریانی، ئینگلیزی، ئه‌ڵمانی، عیبری، رووسی، كرمانجی (زازایی، سۆرانی)، عهرهبیو توركی… كۆما ده‌نگێ زارۆكێن ئامه‌دێ، له‌كاتی كۆنسێرته‌كانیدا، له‌ژێر ئاڵای كورددا سروودی نه‌ته‌وه‌یی ( ئه‌ی ره‌قیب ) یشیان پێشكه‌ش كردووه. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی كۆما زارۆكێن دیاربه‌كر له ئه‌مه‌ریكا گه‌ڕاونه‌ته‌وه، داواكاریی گشتی له دیاربه‌كر لێكۆڵینه‌وه‌ی یاسایی‌ی له‌سه‌ر ئه‌م كۆرسی منداڵانه ده‌ست پێ كردووه. ئه‌و منداڵانه‌ی كه ته‌مه‌نیان له‌نێوان 12-17 ساڵدایه، له‌لایه‌ن داواكاری گشتیی دیاربه‌كره‌وه راپێچ كراون بۆ ئه‌وه‌ی وته‌كانیان وه‌ربگیرێت. پاشان له داداگهی ( سزا قورسه‌كان ) له‌دیاربه‌كر، به‌پێی ماده‌ی 2/7ی « یاسای نه‌هێشتنی تیرۆر » ده‌عوا له‌سه‌ر سیانیان تۆمار كراوه، كه ته‌مه‌نیان له‌ده‌وروبه‌ری 16 ساڵدایه. وا باس ده‌كرێت كه رۆژی 8ی مایسی 2008، ده‌عواكه له دادگای سزا قورسه‌كانی دیاربه‌كر ده‌بینرێت ).
بڕوا ناکه‌م له دنیادا مرۆڤێک هه‌بێت به ئه‌ندازه‌ی ئیسماعیل بێشکچی ئاشقهکورد بێت، ئه‌وه‌نده داکۆکیی لێ کردبێت و ئه‌وه‌نده‌یش له‌سه‌ر داواکه‌ی سوور، بوێر و به‌حه‌وسه‌ڵه بووبێت، به‌ده‌گمه‌ن هه‌تا له‌نێو کوردانیشدا پیاوی ئاوا خۆبه‌خش هه‌ڵده‌که‌وێت. به‌نده زۆر جار له تورکایه‌تیی ئه‌و پیاوه ده‌که‌ومه گومان، ئاخر ناهه‌قم نییه، تا ئیسته هاوشێوه‌ی نییه. ده‌بێ ناو و مێژووی ئه‌و پیاوه مه‌زنه، هاوته‌ریب بێت له‌گه‌ڵ کورد و کوردستان و بخرێته ناو ڕسته‌ی ڕێزمانه‌کان و دووتوێی کتێبه‌کانی میژوو و په‌روه‌رده‌ی نیشتمانی. ئه‌وه‌ی کتیبه‌کانی ئه‌و بلێمهته بخوێنێته‌وه که له‌سه‌ر کێشه‌ی کورد و ڕه‌وشی وانی نووسیوه، ئه‌وسا ده‌زانێ ئه‌گه‌ر پیشهوایانی کورد به‌گوێی سه‌رنجه‌کانی بێشکچییان بکردایه، ئه‌وه بێ‌شک بارودۆخ به ئاڕاسته‌یه‌کی ههرهچاکتردا ده‌ڕۆیشت. کاتێ پێت ده‌ڵێت : ( جگه له کورد خۆی، ئێراق کوردستانی خۆی هه‌یه، ئێران کوردستانی خۆی و تورکیا کوردستانی خۆی هه‌یه ) ئا ئه‌و وه‌خته یه‌کسه‌ر کوده‌تایه‌ک له مه‌ژیت دروست ده‌کا، که پێت ده‌ڵێ : ده‌می ڕاپه‌ڕینه و تاکه‌ی نابییته کوێخای خۆت.!
وا بزانم قه‌ڵه‌م، به‌ندیخانه و چه‌وسانه‌وه‌ی ئه‌و مهزنهپیاوه، ئاوێته‌ی خوێن و خه‌باتی زیندوو و مردووانی کوردان بوو و به‌رده‌وامیشه.. هه‌تا ئێره هاوکات و هاوڕێمان بوو، ههرمانیش هه‌ر بۆ خوایه، ئێسته له به‌شێکدا بازێکی گه‌وره‌مان هاوێشتووه، زێتر بۆنی ده‌وله‌تی لێ دێ وه‌ک قه‌واره‌یه‌کی فیدڕاڵی.. هه‌ر ده‌ڵێی قه‌ده‌ریش ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ی هه‌ڵبژاردووه، که پێشه‌نگ و نموونه‌ی کوردستانه‌کانی دیکه بێت.. که مێژووی میلله‌تانیش ده‌خوێنیته‌وه، تێبینی ده‌که‌یت که ئه‌و به‌شه‌ی زووتر له ده‌سکه‌گوڵی سه‌رداری، فه‌رمانڕه‌وایی و حوکمڕانی ده‌دا، ده‌بێته سه‌رکاری به‌شه‌کانی دیکه و ده‌کرێته سه‌رچاوه‌ی زمان و رۆشنبیریی وان، ئه‌وانیش به‌و هه‌قه ڕازین، چونکه له یه‌ک ئه‌سڵ و بنه‌چه‌ن.
ئه‌وه‌ی سه‌رنجی پیاو له په‌ڕه‌گرافی یه‌که‌می وتاری پێشکچیدا ڕاده‌کێشێت، ناوهێنانی له‌هجه‌کانی کوردییه له ڕێزی 9 زمانه‌که‌دا، نه‌ک زمانی کوردی، که به‌م شێوه‌یه هاتووه ( کرمانجی " زازایی، سۆرانی " ).. واته به زمانی کرمانجی، زازایی و سۆرانی، چالاکیی هونه‌رییان نواندووه.. ئه‌و گردبوونه‌وه‌یه‌ی زارۆکی کوردان، پێکه‌وه له ئه‌مریکا، له‌گه‌ڵ منداڵانی دنیا، نیشانه‌ی بۆپێشهوهچونی کورد و مهسهلهکهیهتی و ئه‌و دادگاییهیش که له‌لایه‌ن تورکانه‌وه پیاده ده‌کرێت، پێلهقهیهکه له قه‌برغه‌ی که‌مالیزم ده‌درێ و هه‌مدیس به زیانی وی ته‌واو ده‌بێت. به‌ڵام ته‌خمین ناکه‌م له‌نێو هه‌موو ئه‌و قه‌ومانه‌ی له‌گه‌ڵ کورد ئاهه‌نگیان گێڕاوه، بێجگه له کورد، قه‌ومێکی دیکه به غه‌یری زمانی ستاندارد، واته بهلههجان، گۆرانی و سروودیان وتبێت،
وه‌کوو له خه‌به‌ره‌که ده‌خوێنرێته‌وه، پیاو زه‌ینی بۆ ئه‌وه ده‌چێ ئاخۆ ئه‌گه‌ر به‌یانی منداڵانی کوردی هه‌موو کوردستانه‌کان گه‌یشتنه یه‌ک، ئاوه‌ها به له‌هجان گۆرانی ده‌ڵین و به له‌هجه‌کان قسه له‌گه‌ڵ یه‌کدا ده‌که‌ن، که خوا شایه‌ده ئه‌وسا که‌س له‌که‌س ناگات.؟ من ئه‌م وه‌ڵامه بۆ خه‌یاڵ و خه‌ملاندنی خوێنه‌ری دووربین جێ ده‌هێڵم و تا ئه‌مڕۆ گله‌یی له که‌س ناکه‌م.. به‌ڵام ده‌پرسم ئایا ئه‌گه‌ر ڕه‌وشی زمانه‌وانیی کوردان ئاوه‌ها بروات، کورد وه‌ک کورد ده‌مێنن، یان ده‌بنه قه‌ومی کرمانج، سۆران و زازا، هه‌روه‌کوو دۆست و که‌سی کورد بێشکچی له وتاره‌که‌یدا تۆماری کردوون، واته په‌یتاپه‌یتا له به‌رانبه‌ر یه‌کدا ده‌بن به عه‌ره‌ب، تورک و ئه‌رمه‌نی؟ یاخود حکوومه‌تی کوردستان که ده‌بێ خاوه‌ن و خه‌مخۆری هه‌موو کوردێک بێت، لێره‌وه بڕیاری یه‌کزمانی یه‌کگرتووی کوردی ده‌دا و یه‌کجاری ئاواتی ( ئه‌ی ڕه‌قیب ) که زارۆکێن کوردان به‌ری دوو ساڵان له ئه‌مریکا چڕیویانه و له‌سه‌ر ئه‌م گوناحه له تورکیا مه‌حکه‌مه ده‌کرێن، دێته دی و کوردان به‌ته‌واوه‌تی و بێتهرجومان، یه‌کدی فام ده‌که‌ن و به کوردی موه‌قه‌ت نامێننه‌وه.؟
2008/05/07
mohsinjwamir@hotmail.com