Skip to Content

Sunday, July 14th, 2024
کودەتایەکی دیموکراتیی؟

کودەتایەکی دیموکراتیی؟

Closed
by July 16, 2013 گشتی

 

 

 

هیوادارم خوێنەر تێبینیی ئەوە بکات کە لەو ناونیشانەی سەرەوەدا نیشانەی پرسیار هەیە و یەکسەر واتێنەگات کە من بێ هیچ تەحەفوزێک لایەنگری ئەوەم سوپا لە میسر بە هەڕەشەی چەک سەرۆکی وڵاتی لە پۆستی سەرۆکایەتیی لابرد.

من لە ناونیشانەکەدا دوو ووشەی دژەبەر کۆدەکەمەوە بۆ ئەوەی بڵێم دروست نییە بۆ قسەکردن لەسەر ڕەوایی یان ناڕەوایی ئەو کردارە هەموو دۆزەکە تەنها لە تاکە پرسیارێکی لەو چەشنەدا کورت بکەینەوە کە ئایا ئەوە کودەتا بوو یان نا، چونکە ئەگەر وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە بە ”نەخێر” ئینکارکردنی ئەو ڕاستییەیە کە سەرۆکێکی بەدیموکراتیی-هەڵبژێردراو پێش تەواوبووونی ویلایەتی خۆی بەزۆر لە پۆستەکەی لابرا، ئەوا لەبەرامبەردا وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە بە ”بەڵێ” پشتگوێخستن و بەهەندوەرنەگرتنی ئەو هەموو ناڕەزایەتییە دەبێت کە لەو ڕۆژەدا دژ بە یەک ساڵ حوکمی فاشیلانەی ئەو سەرۆکە، سەدانهەزار هاوڵاتیی تووڕەی هێنابووە سەر جادە.

من پێموایە چەقپێگرتنی هەموو دێباتەکە (چی لە میسر و چی لە کوردستان و چی لە هەموو وڵاتانی تر) تەنها بەدەوری وەڵامدانەوەی ئەو تاکە پرسیارەدا، وایکردووە کە ئەوانەی بە ”بەڵێ” وەلام دەدەنەوە و ئەوانەی بە ”نەخێر” وەڵام دەدەنەوە، ببن بە دوو تیپ کە هەر لایەکیان ئارگیومێتنت بەدەوری ڕەوایی وەڵامەکەی خۆیدا دەکات بەڵام پۆینتی بەرامبەرەکەی ناهێنێتە ناو باسەکەوە. بە مانایەکی تر، کەسێک کە پێیوایە کودەتایە، هەوڵدەدات بڵێت کە مادام کودەتایە، کەواتە ئیتر پێویست ناکات باسی ئەوە بە باسێکی پەیوەنددار بزانین کە موحەمەد مورسی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا سەرۆکایەتییەکی بێئەندازە فاشیلی وڵاتی میسری کرد. لەبەرامبەر ئەمەدا دروست نییە ئەوەی کە سەرۆکێکی بەدیموکراتیی-هەڵبژێردراو لەسەرۆکایەتیی دەخرێت و دەستوور هەڵدەوەشێنرێتەوە و پیاوێک کە بڕیارە یاساپارێز بێت، بە نایاسایی لەلایەن سوپاوە دەکرێتە سەرۆکی وڵات، هێشتاش هەر دوودڵ بین لەوەی ئەوە ناو بنێین کودەتا.

من پێموایە ئەوەی ڕۆژی سێی تەمموز ڕوویدا بەپێی پێناسە کودەتا بوو، بەڵام کودەتایەک تەنها بەپێ پێناسە نەک بەپێی نامەقبولییەت. ئێمە دەبێت ئەوە ڕەسمییەت پێ بدەین کە ئەوە کودەتا بوو بەپێی پێناسە، بۆ ئەوەی ئیتر دێباتەکە لەو گۆشە تەسکە دەربکەین کە تیایدا گیری خواردووە. ئەمە گرنگە بۆ ئەوەی ئیتر دەرفەت هەبێت باسی ئەوە بکەین کە بەڵێ ئەو لابردنەی سەرۆک لادان بوو لە ڕێساکانی گەمەی دیموکراتیی، بەڵام لابردنی سەرۆکێک بوو کە خۆی هیچ ڕێزێکی بۆ ڕێساکانی گەمەی دیموکراتیی نەبوو و هەموو کارەکانی لە یەک ساڵی تەواودا تەنها لەپێناو پوچەڵکردنەوەی خودی دیموکراتییەت و چەسپاندنی دیکتاتۆرییەتی زۆربەدا بوو.

ئینکارییکردن لەوەی کە ئەو ڕووداوە کودەتا بوو دەرفەتی داوەتە دەست هەموو هێزە بەئەسڵ دژەدیموکراتییەکان تا وەک دیموکراتخوازی مەغدور خۆیان دەربخەن و، فۆکەس لەسەر ئەو ڕووەی مەسەلەکە لاببەن کە ئەو کودەتا و ئەو لادانە لە ڕێساکانی گەمەی دیموکراتیی هەر تەنها لەبەر تەماحی سوپا لە دەسەڵاتدارێتیی ڕووی نەدا. بەمە هیچ ناکەین جگە لە بەدەستهێنانی پشتگیریی بۆ ئەو هێزانەی کە پشتگیرییان پێویستە بۆ ئەوەی بتوانن گەمەی دیموکراتیی بنکۆڵ بکەن. ئێمە دەبێت بڵێین بەڵی بە پێناسە کودەتا بوو و تەواو. ئەمە لەپێناو ئەوەدا کە دەستکۆتای ئەو تیۆری دەسیسەیە بکەین کە دەڵێت لەبەر ئەوەی حوکمی ئیسلامیی بوو بۆیە کودەتا کرا و، بۆ ئەوەی تەرکیزی دێباتەکە بخەینە سەر ئەو خاڵە جەوهەرییە کە ئەو لادانە لە ڕێساکانی گەمەی دیموکراتیی ئەو ڕاستییە کردییە زەرورەت کە حوکمی تەنانەت ڕەوتی میانڕەوی ئیسلامی سیاسییش ڕەنگە حوکمێکی وا بێتۆڵێڕانس بێت لەبەرامبەر فرەییدا کە ببێتە کارکردنێکی ڕووت بۆ چەسپاندنی فاشیزمێکی ئاینیی لە وڵاتدا.

ئەم ڕووەی ئەو ڕووداوانەی میسر بۆ ئێمە گرنگن و ئەمەیە کە کۆمەڵگای کوردیی دەتوانێت وانەی گرنگی لێوە فێر بێت. ئەوەی کە حوکمی ئیخوانە میانڕەوەکان لە میسردا تەنها ساڵێک تەحەمول کرا، دەبێت وانەیەک بێت بۆ هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لە کوردستاندا و ببینن کە قۆرخکردنی حکومەت بۆ حیزب بۆی هەیە ڕوخانی دەسەڵاتدارێتی خۆیانی بەدوادا بێت. بەڵام من پێموایە ئەو ڕووداوە، لە پارتیی و یەکێتیی زۆر زیاتر، وانەی گرنگی تیایە بۆ بزوتنەوەکانی ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان و ئینجاش بۆ خەڵکی کورد و ئینجاش بۆ ئەو ڕۆشنبیرە سکۆلاریستانەی کە لە سەردەمی ”بەهاری عەرەبیی”دا لەناو کوردستان و لە هەموو وڵاتانی تر سەریان هەڵدا و کەوتنە داکۆکیی لەوەی کە حوکمی ئیسلامی میانڕەو گرفتێک و تەحەدییەکی وا گەورە بۆ دیموکراتییەت دروست ناکات. من پێموایە ئەو کەوتنەی حوکمی ئیخوانەکان لە میسر، لەپاڵ ئەوەوەی کە بە هۆی ئەوەوە بوو کە ئیخوانەکان وەک پارتیی و یەکێتیی هەوڵیان دەدا دیکتاتۆرییەتی زۆرینە فەرز بکەن، بەڵام ئەو هەوڵەی ئیخوانەکان بۆ خۆفەرزکردن بەناوی شەرعییەتی شۆڕشگێریی نەتەوەییەوە نەبوو وەک پارتیی و یەکێتیی، بەڵکو بەناوی ئەو حەقدارییەی حوکمی خوداوە بوو کە بزووتنەوە ئیسلامییەکانی کوردستان و بزووتنەوە ئیسلامییەکانی هەموو وڵاتانی تری لەسەر دامەزراوە، نەک حیزبە نائیسلامییەکان. بۆیە ئەو ڕوخانەی حوکمی ئیخوانەکان دەبێت وانەیەکیش بێت بۆ خەڵکی کوردستان و ببینن کە ئیسلامی سیاسیی بە هەرە توندڕەو و هەرە میانڕەویشیانەوە، داکۆکییکاری ئەوەن کە جیاوازیی لەنێوان ئینسانی موسڵمان و ناموسڵماندا هەیە و، ئەمەش لە کاتی دەسەڵاتدارێتییاندا گرفتی گەورە بۆ دۆزی دیموکراتییەت و بۆ پرەنسیپی تەفرەقەنەکردنی هاوڵاتییان لەسەر بنەمای باوەڕ دروست دەکات، وە لەدرێژەشدا بۆی هەیە سەر لە فاشیزمێکی ئاینییەوە دەربێنێت.

من پێموایە دروستترە بڵێین ڕوخانی حوکمی مورسیی لە میسردا زیاتر پیشاندەری ئەوەیە کە زیادبوونی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیی لە کوردستاندا بۆی هەیە چی حوکمدارییەکی ناپەسەند بخاتەوە، نەک حوکمی پارتیی و یەکێتیی. حوکمی پارتیی و یەکێتیی لە چەندین ڕووەوە ئەوەندە ڕەشە کە غەدرێکی گەورە دەبێت لە مورسیی ئەگەر بیشوبهێنین بە حوکمی یەکساڵەی ئەو لە میسردا. بەڵام لەبەرامبەردا، مادامێک یەکێک لە ڕووە هەرە ناشیرینەکانی حوکمی مورسیی کارکردن بوو بۆ پێداگریی لەسەر ئەفزەڵییەتی هاوڵاتیانی موسڵمان و ئاینی ئیسلام بەسەر تائیفە و ئاینەکانی تر و خەڵکی بێباوەڕدا، ئەوا شوبهاندنێکی ناحەقانە دەبێت بە پارتیی و یەکێتیی ئەگەر مامەڵەی ئەوان لەگەڵ کەمایەتییە نەتەوەیی و ئاینیییەکانی تر لە کوردستاندا بشوبهێنین بەو ئیسلامگەرییە تەمیزکەرانەی کە حوکمداریی مورسیی لەو ساڵەدا مومارەسەی کرد. ئێمە دەبێت جورئەتی ئەوەمان هەبێت ئەوە بڵێین کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەپاڵ هەموو ئەو هەوڵانەیەوە کە بۆ بەدیکتاتۆربوون دەیدات و ئێستا هیچ شەرعییەتێکی دەسەڵاتدارێتیی پێنەهێشتووە، ئەوا ئەو یەکێک بووە لەو کەسە بەرچاوانەی کە، ئەگەر بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن و بردنەوەی دەنگیش بێت، لە چەندین دەرفەتدا جەختی لەسەر یەکسانبوونی هاوڵاتیی کورد و هاوڵاتییانی سەر بە نەتەوە و ئاینەکانی تری ناو کوردستان کردۆتەوە و هەوڵی داوە ئەو ژیانە هاوبەشە پڕ لە تۆڵێڕانسەی نێوان نەتەوە و ئاینە جیاوازەکانی ناو کوردستان دەست پێوە بگرێت کە هەیە. تۆلێڕانسێک کە یەکێکە لە خەسڵەتە هەرە جوان و گرنگەکانی کۆمەڵگای کوردیی لە هەرێمی کوردستاندا کە خەڵکی ئەو هەرێمەی ئێمە مافی خۆیانە شانازیی گەورەی پێوە بکەن. بە مانایەکی تر، ئەوەی کە ئاینە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستاندا، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکدا کە پڕە لە هەڵنەکردنی ئاینیی لەگەل یەکتردا، ئاوا هەڵیانکردووە لەگەڵ یەکتردا و تا ئاستێکی باش موسڵماننەبوون نەبۆتە هۆی جیاکاریی وا گەورەی نێوان هاوڵاتییان لەو چەشنەی کە لای وڵاتە دراوسێکانمان هەیە، ئەوە شانازییەکەی بۆ هەر تەرەفێک بگەڕێتەوە، نابێت بۆ ئیسلامی سیاسیی بگەڕێتەوە کە هەر خۆی ئایدۆلۆجیایەکە کە بۆ پێداگریی لەسەر جیاوازیی نێوان هاوڵاتیی موسڵمان و هاوڵاتیی ناموسڵمان دامەزراوە.

من پێموایە گرنگە لەو دێباتەدا کە ئێستا بەدەوری ئەو کودەتایەدا دروست بووە کە لە میسر کرا، ئەم ڕووانەی ئەو دێباتە بەرچاو بکەون. ئەوەی ڕێگرە لەبەردەم ئەمەدا ئەو پێداگرییەیە لەسەر ئینکارکردنی ئەوەی کە ئەو ڕووداوە بە پێناسە، بەڵام تەنها بە پێناسە، کودەتا بوو. ئەوەی کە ئایا کودەتا و لادان لە ڕێساکانی گەمەی دیموکراتیی بەگشتیی چەند خەتەرناکە ئەوە بابەتێکی گرنگە. بەڵام بۆ حاڵەتی میسر و دێبات بەدەوری ئەو دۆەزدا، من پێموایە دۆزەکە ئەوەندە ئالۆزیی هەیە کە لەوەسفکردنیدا ناچارین بە شێوەیەکی کاتیی ڕازیی بین بەوەی بە دەستەواژەیەکی پڕ لە ناکۆکیی و تەناقوزاتی وەک «کودەتایەکی دیموکراتیی» وەسفی بکەین.

 

 

14.07.2013

سیروان عەبدول
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.