ئه‌خلاقی دیموكراتی … ئومێد حه‌مه عه‌لی
ڕه‌نگه ده‌گمه‌نترین ژینگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌دونیادا , ئه‌و ژینگه‌یه بێ ئێمه‌ی گه‌مارۆداوه و بووه‌ته ماڵێكی هێمن بۆ هێزگه‌لێكی ڕامیاری ئه‌وتۆ , كه تاقانه خه‌می گه‌وره‌یان مانه‌وه‌یه به‌هه‌ر شێوه و ڕێگه‌یه‌ك بێت و به په‌ندوه‌رگرتن له ماكیاڤیلیزم هه‌موو ڕێگه‌یه‌ك ده‌گرنه‌به‌ر له‌پێناو ئه‌و ئامانجانه‌ی هه‌یانه . ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ڕه‌وشتی سیاسی ئه‌م هێزانه بكه‌ین , یه‌كێتی و پارتی به‌تایبه‌تی , ئه‌وه له‌ئاستێكی مه‌زندا دژ و ناته‌بان له‌ته‌ك به‌ها و پره‌نسیپه ڕه‌وشتییه باڵا مرۆییه‌كان و دژبه‌ری بیر و پراكتیكی دیموكراتی ڕاسته‌قینه‌ن .
ئه‌و هێزانه‌ی ته‌وانا , یان ویستی مامه‌ڵه‌كردنی ڕه‌وشتیانه‌یان نییه له‌گه‌ل كۆمه‌ڵگه و هاوڵاتیاندا به‌رده‌وام ته‌قالای دروستكردنی قه‌یران و كێشه ده‌ده‌ن , تاكو به‌و چه‌شنه بكارن جۆرێك شڵه‌ژان و سه‌رلێشێوان بهێننه‌گۆڕێ كه ڕێگه‌یان پێبدات پایه‌ی فه‌رمانڕه‌واییان تۆكمه‌تربكه‌ن و ته‌مه‌نێكی درێژتر به‌خۆیان بده‌ن .
له ڕه‌وشتی دیموكراتییا هه‌موو شتێ ڕێگه‌پێدراو نییه بۆ هێنانه ئارای خراپه , به‌و شێوه‌یه جیهان ئه‌بێته ئاژاوه . ئێمه پێویسته له‌وه تێبگه‌ین دیموكراتی مانای چاكه‌یه بۆ گه‌ل . به‌و پێیه‌ی ئێمه‌ی مرۆڤ بونه‌وه‌رێكی خۆویست و خۆپه‌رستین له‌به‌رئه‌وه چاكه‌ی گشتی ته‌نها و ته‌نها ئه‌توانێ له‌سنوربه‌ندكردنی ئه‌و ئێگه‌یزم و خۆپه‌رستییه‌دا ده‌ربكه‌وێ . به‌ڵام پرسیاره بنچینه‌ییه‌كه ئه‌وه‌یه : تاچه‌نده ڕه‌وشتی دیموكراتی له ژیانی ڕامیاریماندا به‌رجه‌سته بووه و توانیویه‌تی نمایشببێ ؟ تاچه‌نده پرۆسه‌ی ڕامیاری و بڕیارسازیكردن له‌داووده‌زگاكانی ئه‌م وڵاته‌یا ئه‌م فۆرمه به‌رزه‌ی ڕه‌وشتیان تێدا كاریگه‌ربووه ؟ بۆ ئه‌مه ئه‌گه‌ر ته‌نها سی حوزه‌یرانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌به‌رچاوبگرین , ئه‌وه نه‌ته‌نها ڕه‌وشتی دیموكراتی له‌دۆخی نائاماده‌ییدایه , به‌ڵكه سه‌ره‌تاییترین بنچینه و پره‌نسیپی ڕه‌وشتیانه‌ی گشتیش نائاماده‌یه . وه‌ك ئه‌وه‌ی بیریاری گه‌وره جۆن دیوی پێیوایه : دیموكراتی چه‌مكێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌وشتییه و , له مانا ڕه‌وشتیه‌كه‌یدا ده‌رگیر و ده‌سته‌ویه‌خه‌ی فه‌رمانڕه‌واییه . دیموكراتی له‌خۆیدا هه‌ڵگری فۆرمێكی دیاریكراوی فه‌رمانڕه‌واییه له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م سیسته‌مه فۆرمێكی دیاریكراوی په‌یوه‌ندی گیانی و ڕه‌وشتییه . به‌ڵام ئه‌وه‌ی نیگه‌رانی گه‌وره‌ی هه‌ر مرۆڤێكی ئاماده‌بوی سایه‌ی ئه‌م حوكمڕانییه‌یه , ئه‌گه‌ر توانیبێتی پێشمه‌رجه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی ڕه‌سه‌نایه‌تی بونی خۆی بسه‌لمێنێ , ئه‌وه غه‌مزه‌ده‌ی دژه-ڕه‌وشتیبونی كاروكرده و بیركردنه‌وه‌ی هێزه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كانه , چونكه گه‌وهه‌ر و شوناسی سیسته‌مێكی سته‌مگه‌رانه‌یان له‌باڵای خۆیان بڕیوه , ته‌نها ئه‌وه‌نده له‌ئارادایه , كه هێشتا نه‌یانتوانیوه خۆیان به‌رجه‌سته‌بكه‌ن له‌ئاستێكی باڵادا و بگه‌نه كه‌ماڵ .
هه‌ڵپه‌كردن و ویست بۆ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها و سته‌مگه‌ر له بیر و كرده‌ی سه‌ره‌تاییانه‌ی هێز و پارته ڕامیارییه‌كاندا خۆیان ده‌رده‌خه‌ن , ئه‌وكات به‌رده‌وام ده‌بن له دۆزینه‌وه و ئه‌فراندنی بۆشگه و ژینگه‌ی ڕه‌خساو و ته‌با به ژیان و بونی گه‌را و توخمه بنه‌ڕه‌تییه‌كانیان .
ئه‌وه‌ی له‌سای كرده و بیركردنه‌وه و ڕه‌وشتی ڕامیاری پارتی و یه‌كێتییا ده‌گوزه‌رێت هیچ نییه جگه‌له ته‌قه‌لای لێبڕاوانه‌ی هێزگه‌لێك له‌چركه‌سات و شوێنێكدا كه قه‌له‌قی و نیگه‌رانی گه‌وره له‌ئاست مانه‌وه و ترسی ئاوابوندا شڵه‌ژاندونی تائه‌و ئاسته‌ی هه‌ر چه‌شنه ماسك و ڕوویه‌كی ساخته‌ی نیشتمانی و ڕه‌وشتی دیموكراتیانه‌یان فڕێبده‌ن و جه‌وهه‌ری ڕاستینه‌ی خۆیانمان پیشانبده‌ن .