
سیاسه‌ت لای مه‌کیاڤیللی ) …به‌شی یه‌که‌م)
که‌سایه‌تی نیکۆڵا مه‌کیاڤیللی (1467-1527) گرێدراوه له گه‌ڵ بێمۆراڵی و فێلبازی. هه‌ر کاتێک باسی په‌یوه‌ندی نێوان مۆڕاڵ و سیاسه‌ت بکرێ، ئاماژه به ناوی مه‌کیاڤیللی ده‌کرێ.
نیکۆڵا مه‌کیاڤیللی له شاری فلۆرانس*1* له دایک بووه. فلۆڕانس له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا له هه‌موو شاره‌کانی‌تری ئیتاڵیا شارستانی‌تر بووه، به‌جۆرێک ناوه‌ندی هونه‌ر و نیگارکێشه به‌ناوبانگه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌م بووه. له سه‌ده‌ی چوارده‌م کۆسیمۆ دیمێده‌شی (1389-1464)، که که‌سێکی زۆر زه‌نگین بووه، فه‌رمانڕه‌وایی فلۆڕانسی گرتۆته‌ده‌ست. کۆسیمۆ دێمێدیشی خۆشه‌ویستیه‌کی زۆری بۆ فیکر و هونه‌ری دونیای کۆن و فه‌لسه‌فه‌ی پلێیتۆ (ئه‌فلاتۆن) هه‌بووه، که ئه‌مه‌ش وایکردووه چه‌ند زانا و هونه‌رمه‌ندێک له‌باوه‌ش بگرێ و سه‌رپه‌رشتیان بکا، که ئه‌مانه دوایی بوونه‌ته سه‌ره‌تای به‌رجه‌سته‌بوونی دیاریده‌ی ڕێنه‌سانس*2*. دوای ئه‌و، لۆرێنزۆ دێمێدیشی (1449-1492)، ناسراو به لۆرینزۆ زیمه‌گنیفیسه‌ن، درێژه‌ی به ڕێڕه‌وی باپیره‌که‌ی داوه. به‌مشێوه‌یه له‌سه‌رده‌ستی بنه‌ماڵه‌ی دێمێدیشی فه‌لسه‌فه‌ی پلێیتۆ له فلۆڕانسدا گه‌شه‌یه‌کی به‌رچاوی کردووه. دوای مردنی لۆرێنزو له ساڵی 1492، کوڕی لۆرێنزۆ ده‌سه‌ڵاتی گرتۆته ده‌ست. به‌ڵام کوڕی لۆرینزۆ وه‌ک باوک و باپیره گه‌وره‌که‌ی که‌سێکی ژیر‌و به توانا نه‌بووه، بۆیه‌ش له ساڵی 1494 فه‌رمانڕه‌وایی فلۆڕانسی به قازانج ساڤۆنارۆڵا*3* له ده‌ستداوه. مه‌کیاڤیللی هێشتا گه‌نج بووه کاتێ ساڤۆنارۆڵا ده‌سه‌ڵاتی فلۆرانسی گرتۆته‌ده‌ست. ساڤۆناڕۆڵا وه‌ک قه‌شه‌یه‌کی ڕادیکاڵ ده‌سه‌ڵاتێکی ئایینی تووندڕه‌وی له فلۆڕانس سازکردووه. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی ساڤۆناڕۆڵا پاش چوار ساڵ ده‌ڕووخێ و له جێگه‌یدا کۆماری فلۆڕانس (1498–1512) داده‌مه‌زرێ. له کۆماری فلۆرانسدا مه‌کیاڤیللی پۆستێکی باڵا وه‌رده‌گرێ و تاکو ڕووخانی کۆمار له‌و پۆسته‌دا ده‌مێنێته‌وه. له ساڵی 1512 بنه‌ماڵه‌ی دێمێدیشی جارێکی‌تر ده‌توانن ده‌سه‌ڵاتی فلۆڕانس بگرنه‌وه ده‌ست و به‌مه‌ش مه‌کیاڤیلی ده‌ستگیرده‌کرێ و دوورده‌خرێته‌وه له شاری فلۆڕانس. له مه‌نفادا مه‌کیاڤیللیی په‌رتووکێک به‌ناوی “میر” ده‌نووسێ، که تیایدا، له ڕێگه‌ی رۆشنایی خستنه سه‌ر مێژووی کۆن و ڕووداوه‌کانی سه‌ده‌ی شازده‌م، پیشانی میر و شازاده‌کان ده‌دات که چۆن ده‌توانن ده‌سه‌ڵات و میرنشینه‌کانیان بپارێزن. مه‌کیاڤیللی له‌پێناوی ئه‌وه‌ی میری نوێی فلۆڕانس ئاورێکی لێبداته‌وه و پۆستێکی پێ‌بدا، په‌رتووکه‌که‌ی پێشکه‌ش ده‌کا. به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵه‌ی مه‌کیاڤیللی بێ‌ئاکام ده‌مێنێته‌وه. به‌مه‌ش مه‌کیاڤیللی به ناچاری تا دوا ساته‌کانی ژیانی ڕوو له نووسین ده‌کا و له ساڵی 1527 کۆچی دوایی ده‌کا.
خوێندنه‌وه‌ی په‌رتووکی “میر”
به‌رگی ده‌ره‌وه‌ی زۆربه‌ی چاپه‌کانی په‌رتووکی “میر” ڕازاوه‌ته‌وه به وێنه‌یه‌ک که تیایدا مه‌کیاڤیللی بزه‌یه‌کی له‌سه‌ر لێوانه. مرۆڤ کاتێ سه‌رنج له‌و وێنه‌یه ده‌دات، وا هه‌ستده‌کات که مه‌کیاڤیللی به بزه فریوده‌ره‌که‌ی ده‌یه‌وێ پێتبڵی: “من شتێک ده‌زانم تۆ نایزانی”. کاتێ به قووڵایی په‌رتووکی “میر”دا ڕووچووم، بۆم ده‌رکه‌وت که مه‌کیاڤیللی چه‌ند نهێنییه‌ک ئاشکرا ده‌کات که تاکو ئه‌و کات ته‌نها که‌مینه‌یه‌ک لێی به‌هره‌مه‌ند بووه. مه‌کیاڤیللی له په‌رتووکی “میر” دا مۆدیلێکی نوێ له ده‌وڵه‌ت داده‌هێنێ، که ئه‌گه‌رچی بێمۆڕالی به‌سه‌ردا زاڵه به‌ڵام ئاراسته‌یه‌کی نوێ به فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ده‌دات، به‌جۆرێک که له ڕێره‌وی گه‌شه‌کردنی خۆیدا ده‌بێته مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی مۆدێرن. بۆیه‌ش په‌رتووکی “میر” له ڕووی مێژووییه‌وه په‌رتووکێکی زۆر گرنگه. به‌س ده‌بێ ئاماژه به‌وه‌ش بده‌م که ئه‌گه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی کۆنتێکستی تیایدا نووسراوه بخوێنرێته‌وه ئه‌وا په‌رتووکێکی یه‌کجار هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره. به‌واتایه‌کی‌تر بیرۆکه‌کانی ناو په‌رتووکی “میر” فریوده‌رانه‌ن ئه‌گه‌ر ئاگاییمان له که‌شوهه‌وای سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست، نه‌بێ. چونکه له‌و سه‌رده‌مدا غه‌در و خیانه‌ت و بێمتمانه‌یی گه‌یشتبووه ئاستێک که ته‌نانه‌ت پیاوانی ئایینی کلێساش کاتێک بۆ ده‌عوه‌تکردنی یه‌کتر ده‌چوون له ترسی ژه‌هرده‌رخواردکردن نان و خواردنه‌وه‌ی خۆیان ده‌برد. لێره‌دایه که پێویسته ئاگامان له‌وه بێت که ئامۆژگارییه بێمۆڕاڵه‌کانی ناو په‌رتووکی میر ره‌نگدانه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ناوخۆیی کلێسای کاسۆلیکی و زاڵی بێمۆڕالیه‌ت و خیانه‌تکاری جیهانی سیاسی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاسته.
کلێسای کاسۆلیک له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا بێجگه له‌وه‌ی خاوه‌ن هه‌ژموونێکی ئایینی به‌هێز بووه، ئه‌وا خاوه‌ن سووپا و کاریگه‌رییه‌کی سیاسی گه‌وره‌ش بووه، به‌جۆرێک پاپای کلێسای کاسۆلیک له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌هێزترین که‌سایه‌تی سیاسی جیهان بووه. ئه‌و ڕۆڵه سیاسییه‌ی کلێسا وایکردووه که ئاره‌زووی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات و خۆشیه‌کانی ژیانی دونیایی پاشه‌کشه به ئاره‌زووی خوداپه‌رستی و رووحانیه‌ت لای پیاوانی ئایینی کلێسا بکات. پیاوانی ئایینی له‌پێناوی هێشتنه‌وه‌ی پۆست و ناوه‌نده ستراتیژیه‌کانی کلێسا له ده‌ستی خۆیان و خێزانه‌کانیان، په‌یڕه‌وییان له سیاسه‌تی خزمپه‌رستی (Nepotism)*4* کردووه، به‌جۆرێک هه‌ڵده‌ستان به دانانی یه‌کێک له ئه‌ندامانی خیزانی خۆیان یان یه‌کێک له خزم و که‌سوکارییان له پۆست و ناوه‌نده ستراتیژییه‌کانی کلێسا. بێجگه له سیاسه‌تی خزمپه‌رستی ئه‌وا له‌و سه‌رده‌مه‌دا سیاسه‌تی سایمه‌نیش (Simony) *5* له کلێسادا ته‌شه‌نه‌ی کردووه. پله‌وپاییه ئایینیه ستراتیژی و گرنگه‌کان کرێن و فرۆشتنیان پیکراوه و که‌سانی زه‌نگین توانیویانه به‌بێ بوونی هیچ پێشینه‌یه‌کی ئایینی ببن به کاردیناڵ و که‌سانی ئایینی کاریگه‌ر له ده‌زگاکانی کلێسادا. بۆیه‌ش ته‌شه‌نه‌کردنی گه‌نده‌ڵی وایکردووه ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵک دژ به کلێسا زیاد بکا و وورده وورده پێگه‌ی ئایینی و سیاسی کلێسا بهه‌ژێ و ببێته پاڵنه‌رێک بۆ سه‌رهه‌ڵدانی دیاریده‌ی ڕێنه‌سانس، که تیایدا ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی جیددی ده‌درێته‌وه بۆ زمان و کلتوور و فه‌لسه‌فه‌ی یونانییه کۆنه‌کان. ئه‌م ئاوڕدانه‌وه‌یه واده‌کا که زانا و خوێنده‌وارانی سه‌رده‌می رێنه‌سانس به‌ئاگابێنه‌وه له کلتور و فه‌لسه‌فه‌ی دونیای کۆن، که له ئاکامدا زه‌مینه بۆ هۆشیاری و داهێنانه تاکه‌که‌سییه‌کان له بواری هونه‌ر و سیاسه‌ت خۆش ده‌کا. بێگوومان ڕێنه‌سانس نه‌یتوانی فه‌یله‌سوفێکی گه‌وه‌ره به‌رهه‌م بێنێ و مرۆڤ له ملکه‌چی و پاشکۆیاتی فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست ئازاد بکا، به‌ڵام توانی که‌سێکی به‌رجه‌سته‌ی وه‌ک مه‌کیاڤیللی له بواری فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی‌دا به‌رهه‌مبێنێ. له به‌شه‌کانی داهاتوودا به تێروته‌سه‌لی ڕۆشنایی ده‌خه‌مه سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی مه‌کیاڤیللی.
ئیسماعیل ڕواندزی
————————————————————
په‌راوێزه‌کان:
1- فلۆڕانس له سه‌دده‌کانی ناوه‌ڕاستدا، کۆمارێکی سه‌ربه‌خۆ بووه، که به ده‌وڵه‌ت – شار له مێژوودا ناسراوه. هه‌روه‌ها ناوه‌ندێکی رۆشنبیری و بازرگانی به‌ناوبانگیش بووه. مه‌کیاڤیلی له‌و سه‌رده‌مه‌ی که جوولانه‌وه‌ی ڕێنه‌سانس له لوتکه‌دا بووه، پۆستیکی حکومی به‌رزی له فلۆڕانسدا هه‌بووه.
2- ڕێنه‌سانس (1300-1600)، که مانای “له‌دایکبوونه‌وه” ده‌گه‌یێنێ، جوولانه‌وه و ئاراسته‌یه‌کی ڕووناک‌بیری هه‌مه‌لایه‌نه و بنچینه و سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی مۆدێرنیتی، بوو. ڕێنه‌سانس به‌ئاگاهاتنه‌وه و ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌قینانه بوو بۆ زمان، شیعر، شانۆ، کلتور و فه‌لسه‌فه‌ی دونیای یۆنانی و ڕۆمانی کۆن. ڕینه‌سانس سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن چه‌ند تاکێک له شاری فلۆڕانس ده‌ستیپێکرد و بۆ ماوه‌ی سێسه‌د ساڵ له ناو دڵی گه‌شه‌کردنی ئه‌ده‌ب، هونه‌ر، زانست، ئایین و سیاسه‌ت خۆی حه‌شاردا و توانی زنجیره‌یه‌ک کاردانه‌وه‌ی قووڵ له بواری کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، زانستی و کلتووری له گشت ئه‌وروپادا ساز بکا. ڕێنه‌سانس په‌رده‌ی له‌سه‌ر که‌موکوڕی نه‌ریت و سیسته‌می زاڵ لابرد و بۆ یه‌که‌مینجار له مێژوودا بواری ڕه‌خساند بۆ گه‌شه‌کردنی تاک و سه‌رهه‌ڵدانی هیومانیزم.
3- گیرۆلامۆ ساڤۆناڕۆڵا (1452-1498) قه‌شه‌یه‌ک بوو دژی پاپای کلێسای کاسۆلیک و له ساڵی 1494 ده‌سه‌ڵاتێکی ئایینی تووندڕه‌وی له فلۆڕانس سازکرد. ساڤۆناڕۆڵا زۆر تووند دژی سیمای شارستانییه‌ت و ژیانی خۆشگوزه‌رانی نوێی فلۆڕانس وه‌ستایه‌وه و داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ خوداپه‌رستی و یاسا ئایینیه‌کان ده‌کرد. به‌ڵام ساڤۆناڕۆڵا نه‌یتوانی ئاراسته و ئاڵۆزی شانۆی سیاسی ئیتاڵیا و هاوسه‌نگی هێزه‌کان له‌و سه‌رده‌مه‌دا به ووردی بخوێنێته‌وه، بۆیه‌ش پاش چوار ساڵ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ڕووخاو له ساڵی 1498 ده‌ستگیرکراو و له سێداره‌درا. پاش له سێداره‌دانی ساڤۆنارۆلا، مه‌کیاڤیللی گووتی: مێژوو پێمانده‌ڵێ که ئه‌و پێغه‌مبه‌رانه‌ی خاوه‌ن چه‌ک و سووپا بوون توانیان سه‌ربکه‌ون به‌ڵام ئه‌وانه‌ی چه‌ک و سووپایان نه‌بوو شکستیان هێنا.
4- “Nepotism” واته کرداری به‌کارهێنانی هێز و نفوزی خۆت بۆ دامه‌زراندن و دانی پۆست و پله‌وپاییه به‌شێوه‌یه‌کی نادادپه‌روه‌رانه به ئه‌ندامانی خێزان و بنه‌ماڵه‌که‌ت.
5- “simony” واته کرده‌وه‌ی وه‌رگرتنی پله‌یه‌کی ئایینی و ڕووحانی یاخود پله‌وپاییه‌ک له کلێسادا له‌ڕێگه‌ی به‌رتیل.