*نارسیزم وهک خهسڵهتێکی دهسهڵات له کوردستاندا
دهسهڵات دامودهزگا و بنیاد نیه، و بههێزییهکی دیاریکراویش نیه پێمانبهخشرابێت؛
بهڵکو ناوێکه بۆ وهسفکردنی دۆخێکی ستراتیجی ئاڵۆز له کۆمهڵگهیهکی دیاریکراودا.
میشیل فۆکو
پرسی هەموار(کردنەوە یان نەکردنەوە) ی دەستوری هەریم، کۆدێتاکەی 30 حوزهیران، پێداگرتنی دەسەڵات لەسەر جێبەجێکردنی ئەجیندای حیزبی لەپێناو بەرژەوەندی سەرانی حیزب و بنەماڵەی سەرۆکی حیزب و بازنەی یەکەمی دەوروبەری دەسەڵات، قۆرخکردنی داهاتی خهڵك و ناڕۆشنی له گرێبهستهکانی نهوت، گوێنەدان بە ناڕەزایەتی خەڵک و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و تاکڕەوی و دەستێوەردانی حیزب لە هەموو جومگەکانی حکومەت و مۆرکردی ڕێکەوتنامەی ژێربەژێر بۆ بەهێزکردنی پێگەی دەسەڵاتی حیزب. ئوانە هەموو ئاماژەن بۆ کۆمەڵێک ڕەهەندی سایکۆڵۆجی کە پێویستئەکات هەڵوەستەی لەسەر بکرێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو پاڵنەرانەی لە پشت ئەمجۆرە هەڵسوکەوت و هەنگاوانەی دەسەڵاتهوهن بەمەبەستی خوێندنەوە و تێگهیشتن له ئێستا و ئایندهی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا لەو هەلومەرجهی کە خەڵکی کوردستان تیایدا چاوەڕوانی گۆڕانکارین لەسەروبەندی ئەگەر ونەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و ئەنجومونی پارێزگاکان.
بەگوێرەی سەرانی دهسهڵات بێت، کوردستان نموونهی دیموکراسییه. نهک هەر بۆ عیراق بهڵکو بۆ ناوچهکه بهگشتی. بەڵام لەڕاستیدا واقیعی کوردستان شتێکی ترمان پێئەڵێت. بەپێی تایبەتمەندی سیستەمی حکومڕانی وکۆنترۆڵکردنی هەموو جومگەکانی لەلایەن حیزب ولایەنگرانییەوە و باڵادەستی ئەندامانی بنەماڵە و ڕۆڵی پەیوەندی خێڵەکی لە ناو ئەو دەسەڵاتەدا، لەپاڵ ئەوەشدا دەستبەسەراگرتنی گشت سەرچاوەکانی داهاتی گشتی و بەتایبەتی داهاتی سامانە سروشتییەکان و خاوەندارێتی کۆمپانیا گەوەرەکان، بەحیزبیکردنی گشت دامودەزگاکانی حکومەت، ئەمانە هەمووی نیشانەی ئەوەن کە ئەمجۆرە سیستەمە دورە لە دیموکراسییەوە بەڵکو سیستەمێکی کلیپتۆکراسیەKleptocracy. بەو پێیەی لەو سیستەمەدا، دەسەڵاتداران سامانی گشتی بەتاڵان ئەبەن بە کۆنترۆڵکردنی هەموو سەرچاوەکانی داهات و هەموو ڕێوشوێنێک ئەگرنەبەر بۆ سەپاندنی دەسەڵاتیان، وەک پەنابردن بۆ کاری نایاسایی و فروفێڵ و شێواندنی ڕاستییەکان وچەواشەکردنی خەڵك.
نەرجسیەتە واتا (نارسیزم Narcissim ) کە لە هەڵسوکەوتی گەورە بەرپرسانی حکومەت و حیزبی دەسەڵات و بنەماڵە دەرئەکەوێت، خەسڵەتێکی تری ئەو دەسەڵاتەیە. خۆبەزلزانین و بەگرنگزانین و بەخۆ سەرسامبوون، چەند سیفەتێکی نارسیزمن کە هۆکاری سەرەکین لە گرتنەدەستی پۆستە گرنگەکان لەلایەن بنەماڵەی سەرۆکی حیزب و کەسانی نزیک لەوەوە و قۆرخکردنی سەروەت و سامانی وڵات بە مافی خۆیان بزانن.
نارسیزم سیفەتێکە لەلای سەرکردە و زۆربەی ئەندامان و لایەنگران و بەرپرسانی حیزبی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستاندا بە زەقی بەدی ئەکرێت. ئەم دیاردەیەش زانای بەناوبانگ ئەریک فرۆم بە نارسیزمی بەکۆمەڵ Collective Narcissim ناوی هێناوە. ئەمەش زۆرجار تەشەنەئەکات و ئەبێتە دیاردەیەکی بەرچاو لە میدیای حیزب و پەیام و لێدوانی سەرانی حیزب رەنگئەداتەوە و کاریگەری دائەنێت لەسەر سیاسەت و پەیوەندییەکانی ئەو حیزبە لەگەڵ لایەنەکانی تردا. هەر ئەویش زۆرجار ئەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی سیاسی قووڵ و ئاڵۆزبوونی بارودۆخی گشتی، بەهۆی خۆبەزلزانی و لوتبەرزی حیزبی دەسەڵاتەوە و لە هەوڵدانی بۆ سەپاندنی ئەو بڕیارانەی لە بەرژەوەندی دەسەڵاتەکەیدایە، بەبێ گوێدان بەڕاوبۆچوونی لایەنە سیاسییەکانی تر و ڕای گشتی کۆمەڵانی خەڵک. ئەم حاڵەتەش کە ئێستا لە دەسەڵاتی حیزبی لە کوردستاندا بەدیئەکرێت زۆر مەترسیدارە. نمونەی ئەو ڕاستییانەش زۆرن، هەر لە تاکڕەوی لە بڕیاردان و دروستکردنی قەیران یان ڕێکەوتنی یەکلایەنە لەگەڵ حکومەتی بەغدا و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان تا ئەگاتە پێداگرتن لە سەر سەپاندنی پرۆژەی دەستور و درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەریم کە لە کۆدێتای 30 ی حوزەیرانی ناو پەرلەماندا دەرکەوت.
* لە ژمارەی (٦) ی گۆڤاری شار لە ڕۆژی 2013/7/15 دا بڵاوکراوەتەوە.
د. سەڵاحی گەرمیان
selah.germian@yahoo.com.au