Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
هه‌ڵوێسته‌یه‌ك له‌ مه‌ڕ گوتاره‌ شیزۆفرنیاكه‌ی سه‌رۆك

هه‌ڵوێسته‌یه‌ك له‌ مه‌ڕ گوتاره‌ شیزۆفرنیاكه‌ی سه‌رۆك

Closed
by July 20, 2013 گشتی

 

 

 

 لێشاوێك له‌ گوتار له‌  لایه‌ن زۆرێك له‌ نوسه‌ران و سۆسۆلۆژیست و پسپۆرانه‌وه‌  تێوریزه‌ كراوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ئاركۆلۆژیانه‌ی وورد و ئۆرگیۆمێنتانه‌ باس له‌ خه‌سڵه‌ت و ڕگه‌زی كۆلكه‌ دكتاتۆریانه‌ی خێڵه‌كی سیسته‌می سیاسی  كوردستان ده‌كات ، باس  له‌ مه‌ڕ ئیفلیجی و سه‌قه‌تی و دوگمایی ئه‌م سیسته‌مه‌ سیاسیه‌ ده‌كات كه‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو هه‌موو ده‌روازه‌كان به‌ ڕووی ئازادی و و دادوه‌ری كولتوری  دیمۆكراسی و شه‌رعیه‌تدا كڵۆم لێده‌دات ، چ له‌ ڕێگای به‌ كار هێنانی ئامرازی هێزی میلشیایه‌وه‌  بێت كه‌ لایه‌نگری و وه‌لایان بۆ حزب و هه‌ندێك ((بارۆنی ئۆرۆستۆكراتی)) هه‌یه‌ ، یان له‌  ڕێی له‌ قاڵبدان به‌ ناوی یاسای  په‌رله‌مانه‌وه‌: ئه‌و په‌رله‌مانه‌ مردوو بێ‌ ڕۆحه‌ی كه‌ بۆته‌ توحفه‌یه‌كی سیاسی بۆ ڕه‌وایپێدانی  ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكاری ((دۆقه‌كان و بارۆنه‌كانی كوردستان))   ، یان له‌ ڕێی پشه‌سازی ویژدان كڕینه‌وه‌  به‌ پاره‌ی نه‌وتی به‌ تاڵان براوی كوردستان  . سات  به‌ سات هیواو ئومێده‌كان بۆ سیسته‌مێكی دادوه‌رو سیكۆلار كه‌ حورمه‌تی مرۆڤ بوونی مرۆڤی تێدا پارێزراو بیت زینده‌ به‌چاڵ ده‌كات . پایه‌كانی خۆی هێدی هێدی بۆ سیسته‌مێكی سه‌رۆكایه‌تی و په‌راوێز خستنی  دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مان پتر تۆكمه‌ ده‌كات  ، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌كی كۆنسێرفاتیزمی خێڵه‌كی حوكمی هه‌تا هه‌تایی له‌ كوردستان جێگیربكات .  ڕه‌نگه‌ دیمه‌ن و مۆراڵی سیاسی تۆتالیتارانه‌ی خێڵه‌كی سیسته‌می سیاسی له‌ كوردستان  هێشتا بۆ زۆرێك له‌ حه‌شامات و هه‌واداران و ئه‌ندامانی ((یه‌كێتی وپارتی)) كه‌ به‌ ده‌مارگیری  ئایدۆلۆژی سیاسی و تاریك بینی حزبی ده‌نواڕنه‌ دنیاو ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی خۆیان ئاشكرا  نه‌بو بێت . به‌ڵام پاش سی حوزه‌یران ده‌مامكه‌كان له‌ سه‌ر ڕوخساره‌كان  لادرا و په‌راگه‌نده‌یی بیر كردنه‌وه‌ی جۆراو جۆر  پایه‌ماڵ كراو  بوو به‌ مایه‌ی ده‌ركه‌وتنی ڕاستیه‌كان . چاوه‌ڕوانی و داواكاریه‌كانی  زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستان  له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و قبوڵ نه‌كردنی ئه‌و بڕیاره‌ شه‌رم هاوه‌ره‌ بوو كه‌ كۆی پرۆسه‌ی سیاسی خسته‌ ژێر پرسیارو لۆمه‌ كردنه‌وه‌و و هیچ به‌هاو  ڕه‌وایه‌تیه‌كی یاسایی بۆ ده‌سه‌ڵات  نه‌هێشته‌وه‌ . سه‌رۆكی هه‌رێم پاش  مت بوونێكی  كاتی  گوتارێك په‌خش ده‌كات  ، له‌ باتی ووڵامدانه‌وه‌ی خواست و داوه‌كاریه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ڕسته‌كانی گوتاره‌كه‌ی جگه‌ له‌ ((شیزۆفرنیای سیاسی و گرێی شه‌یدا بوونی ده‌سه‌ڵات)) هیچ ماف و ڕه‌وایه‌تیه‌كی بۆ پرۆسه‌ی سیاسی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ كه‌ جێی ده‌ست خۆشی بێت وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان . هه‌میشه‌ جه‌خت له‌ سه‌ر ووشه‌ دووباره‌ بووه‌كانی ده‌كاته‌وه‌ و پتر وه‌كو سه‌رۆكی پارتی و حزبێك خۆی نمایش ده‌كات ، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا  ئه‌و بیرۆكه‌و چه‌مك و ده‌سته‌واژانه‌ی له‌ ڕسته‌كانی گوتاره‌كه‌یدا به‌ر گوێمان كه‌وت  ناهاوسه‌نگی  و دژ به‌ یه‌كی  ئاشكراو ڕوونی  پێوه‌دیاره‌ . ئه‌و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ خواست و تموحی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نییه‌ كه‌ چی له‌ ساڵی (79) سه‌رۆكی پارتی دیمۆكراتی كوردستانه‌و ، جگه‌ له‌وه‌ش  بۆ ماوه‌ی دوو خولی هه‌ڵبژاردنه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 8 ساڵ سه‌رۆكی هه‌رێمه‌و ئه‌م دوو ساڵه‌شی بچێته‌ سه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی نا شه‌رعی ده‌كاته‌ (10) ساڵ ، ئه‌گه‌ر ژماره‌ی ئه‌و ساڵانه‌ی كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ ترۆپكی ده‌سه‌ڵات بووه‌ وه‌كو لێپرسراوی یه‌كه‌م  له‌ هه‌ردوو كایه‌ی حزب و حكومه‌تدا  و براوردیان  بكه‌ین به‌ ته‌مه‌ن و ژیانی سیاسی سه‌رۆكه‌ دكتاتۆره‌كانی ناوچه‌كانی ده‌ورو پشتمان هیچی له‌وان كه‌متر نییه‌ . ته‌نانه‌ت ئه‌و یاسایانه‌ش پێشێل ده‌كات كه‌ خۆیان دایان ڕشووه‌  و پێوه‌ پابه‌ند نابن كه‌ چی باس له‌ دیمۆكراسی و سه‌روه‌ری یاساش ده‌كات ، ئه‌ی پاش ته‌واو بوونی ئه‌و دووساڵه‌ی كه‌ به‌ شێوه‌كی نا شه‌رعی دوور له‌ هه‌موو پێوه‌رێكی دیمۆكراسی   و یاسایی گرنتی چییه‌ واز له‌ كورسی ده‌سه‌ڵات بێنێت ؟  بێگومان ئه‌و كات  ده‌كرێت به‌هانه‌ی جۆراو جۆر بێنێته‌وه‌ بۆ دووباره‌ خۆ سه‌پاندنی به‌ شێوه‌یه‌كی نا شه‌رعی وه‌كو ئێستا  . گوتاره‌ شیزۆفرینیاكه‌ی  سه‌رۆك هێرشێكی فره‌وان  ده‌كاته‌ سه‌ر ئۆپۆزسیۆن و كۆی پۆخڵه‌واتیه‌كان و  ڕه‌فتاری سیاسی قێزه‌ون  و دوگم بوونی سیسته‌می سیاسی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی  ئۆپۆزسیۆن و  ، یه‌كێتی و پارتی  له‌ تێكڕای به‌رپرسیاریه‌ته‌كان بێبه‌ری  ده‌كات . سه‌رۆك له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ ده‌بێت ئۆپۆزسیۆن هاوكاریان بێت ،  هاوكاری لای ئه‌و به‌و چه‌شنه‌یه‌  وه‌كو ئه‌وان ڕه‌فتاری سیاسی بكه‌ن و ببن به‌ به‌شێك له‌ سیاسه‌تی هه‌ردوو حزب و نابێت له‌وان جێواز تر بن و ئه‌جندای سیاسی جێواز تریان هه‌بێت . ئه‌مه‌ یان خۆ گێل كردنه‌ ، یان نا ئاشنایی و چه‌وت تێگه‌یشتنه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی  و هه‌ردوو پنتی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن و گه‌مه‌ی دیمۆكراسی كه‌ ته‌واو كه‌ری یه‌كترن ، بێگومان ئه‌م تێڕوانینه‌ خۆ به‌ گه‌وره‌زان و لوت به‌رزیه‌ی له‌ به‌رامبه‌ر هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان له‌و عه‌قڵه‌ خێڵه‌كیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ سه‌رۆك له‌ ترادسیۆنی خێڵه‌وه‌ پێی گۆش و ئالوده‌ بووه‌ ، پێیوایه‌ هه‌موو تاكێك  و هێزێك له‌م كۆمه‌ڵگایه‌ بوونه‌وه‌رێكی بچوك و  بیر كۆڵه‌و ده‌بێت سودمه‌ندو  گوێ‌ ڕایه‌ڵی  بیر كردنه‌وه‌كانی سه‌رۆك خێڵ بێت  نه‌بادا دووچاری نه‌هامه‌تی ببن . ئه‌و لۆژیكی ماف و ئازادی و هاوڵاتی بوونی به‌ لاوه‌ په‌سه‌ند نییه‌ و ، زیاتر لۆژیكی په‌یوه‌ندی سیاسی ((شوان و مێگه‌لی)) مه‌به‌سته‌ كه‌ ستراكچه‌ری سیسته‌مه‌ تۆتالیتاره‌كانه‌ ، یان هی ئه‌و سیسته‌مانه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ر بناغه‌ی خێڵه‌كی ئاوا كراوه‌ . ده‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌ش بزانیین  هه‌موو یاسا شكێن و گورز وه‌شاندنێك له‌ كه‌مه‌ری ئازادی و دیمۆكراسی كه‌ پارتی  پێی هه‌ڵده‌ستێت و ئه‌نجامی ده‌دات ، یه‌كێتی نیشتمانی  زه‌مینه‌ سازی بۆ ئه‌و پێشێل كاریانه‌  دروست ده‌كات ، چونكه‌ پارتی خۆی به‌ ته‌نها گه‌ر یه‌كێتی هاوكارو پشتیوانی نه‌بێت ناتوانێت هه‌نگاوێكی دكتاتۆرانه‌ی له‌و چه‌شنه‌ بهاوێژێت ، سه‌رباری ئه‌وانه‌ش   پارتی هه‌ر هه‌نگاوێكی سیاسی دژ به‌ خواسته‌كانی خه‌ڵك و بنه‌ماكانی دیمۆكراسی و ئازادی بنێت ئۆباڵه‌كه‌ی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی یه‌كێتی نیشتمانی و خۆی لێ‌ بێبه‌ری ده‌كات  . یه‌كێتی ئێستا كه‌ بووه‌ته‌  دوژمنێكی سه‌ر سه‌ختی ئازادی و دیمۆكراسی و یاسا شكێنی و له‌ گۆڕ نانی شه‌رعیه‌ت ، پێچه‌وانه‌ی به‌رنامه‌و پلاتفۆرمی سیاسی خۆی ده‌بزوێت كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بانگشه‌ی بۆ كردووه‌ .چونكه‌  سه‌ره‌تای كاری سیاسی یه‌كێتی  وه‌كو هێزێكی نوێ‌ و ده‌ست به‌ردار بوون له‌ هه‌ندێك كولتوری سیاسی كلاسیك كه‌ هێزه‌ كۆنسێرفاتیزمه‌كانی كوردستان وه‌كو ڕێچكه‌یه‌كی سیاسی چه‌ق به‌ستوو له‌ سه‌ری ڕاهات بوون هاته‌ نێو گۆڕه‌پانه‌كه‌وه‌ . ئه‌م هێزه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بانگه‌شه‌یه‌كی زۆری ده‌كرد بۆ هه‌ندێك چه‌مكی سیاسی كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئینساندا بوو وه‌كو ((مافی مرۆڤ و ئازادی و دیمۆكراسی و مه‌ده‌نیه‌ت و ….. ده‌یان چه‌مكی سیاسی پڕ به‌های جۆراو جۆر)) . به‌ڵام پاش ده‌سبه‌ردار بوون و جێ‌ هێشتنی زۆرێك له‌ ئه‌ندامان و هه‌وادارانی ئه‌م حزبه‌ كه‌ مه‌یل و دیدگایه‌كی پێشكه‌وتنخوازیان هه‌بوو ، هه‌روه‌ها زاڵ بوونی باڵی سه‌ربازی و كۆنسێرفاتیزم  و هاتنه‌ ئارای به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و دۆلارو سه‌رمایه‌ ، ئێستا ئه‌م هێزه‌ دژایه‌تیه‌كی سه‌رسه‌ختی ئه‌و چه‌مكه‌ سیاسیانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئازادی ئینساندایه‌ ، كۆی گوتاره‌كه‌ی سه‌رۆك بریتی بوو له‌ جه‌خت كردنه‌وه‌یه‌كی تاك ڕه‌وانه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاته‌ نا یاسایه‌كه‌ی كه‌ ئێستا ماوه‌ی به‌ سه‌ر چووه‌ و بێمنه‌تی خۆی ڕاگه‌یاندو هیچ به‌هایه‌كیشی بۆ ئۆپۆزسیۆن دا نه‌نا ، چونكه‌ ئه‌و ده‌زانیێت ئۆپۆزسیۆن جگه‌ له‌ ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕگه‌یاندكار ناتوانن شه‌قام بهه‌ژێنن و فشارو قورسای له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروست بكه‌ن بۆ پابه‌ند بوونیان به‌ یاساوه‌ ، چونكه‌ په‌یامه‌ ئینشاو شه‌رمنۆكه‌كه‌ی  ئۆپۆزسیۆن ده‌بێته‌ فاكته‌رێك بۆ زیاتر هارو هاج بوونی پارتی و یه‌كێتی كه‌ به‌رده‌وام بن له‌ سه‌ر ئه‌و ڕه‌وشه‌ سیاسیه‌ دكتاتۆریه‌یان دژ به‌ خه‌ڵكی كوردستان  .                                                                   

یاسین له‌تیف
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.