ئایا ڕووخساری ڕه‌شی ئه‌مریكا به ئۆباما سپی ده‌بێته‌وه؟
_باسێك ده‌رباره‌ی باراك حوسێن ئۆباما_
كێ بڕوای ده‌كرد ڕه‌شپێستێكی هاوخوێنی (مارتن لۆته‌ر كینگ) ببێته سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا؟ ئه‌مریكایه‌ك كه تا ساڵی (1965) مرۆڤی ڕه‌شپێست بۆی نه‌بوو له هه‌ڵبژاردندا ده‌نگ بدات، تا ساڵی (1955) نه‌یده‌توانی له نێو پاس و قیتاردا دا‌نیشێت ئه‌گه‌ر سپیپێستێك به‌پێوه وه‌ستابێت و شوێنی دانیشتنی نه‌بێت. ئه‌مریكایه‌ك كه تا ئه‌م ساته‌ش مرۆڤی ڕه‌شپێست تێیدا پله دووه، با ماسمیدیاكان به درۆ هه‌ر لافی یه‌كسانی و مافی مرۆڤ لێبده‌ن! نه‌ك له ئه‌مریكادا، له زۆرێك له وڵاتانی كیشوه‌ری ئه‌وروپاشدا تا هه‌نووكه (سه‌رڕه‌ش) _هێمایه بۆ كه‌سێ كه ڕه‌نگی قژی زه‌رد نییه و له‌وان ناچێت_ به نامۆ و پله دوو ته‌ماشا ده‌كرێت چ بگات به ڕه‌شپێست. ئه‌ی نه‌تانده‌بینی وه‌ختێ (سامۆئیل ئیتۆ)ی یاریزانی به‌رشه‌لۆنه گۆڵێكی تۆمار ده‌كرد، هانده‌رانی یانه‌ی به‌رانبه‌ر مۆزیان بۆی فڕێده‌دا و به مه‌یموونیان ده‌شوبهاند؟!
” گرنگییه‌كی زۆر درا به هه‌ڵبژاردنی كه‌سێكی به ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئه‌فریكایی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماریی ئه‌مریكا”.
ئه‌مه یه‌كێك بوو له ڕسته‌كانی نێو ئه‌و وتاره‌ی (باراك ئۆباما)ی چلوچواره‌مین سه‌رۆك كۆماری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له زانكۆی قاهیره و له ڕۆژی 4/6/2009دا _چوار مانگ و چوارده ڕۆژ دوای ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك سه‌رۆك_ دای به گوێی دانیشتوانی ئه‌وێ و بینه‌رانی سه‌رانسه‌ری دونیادا، ئه‌و بینه‌رانه‌ی به تامه‌زرۆییه‌وه چاوه‌ڕوانی وتاره‌كه‌ی ئۆباما بوون كه ئاڕاسته‌ی ئوممه‌تی ئیسلامیی كرد.
هه‌ندێ كه‌س هه‌ن به جامێك ئاو ده‌كه‌ونه مه‌له، جگێكیش هه‌ن ئه‌رز و ئاسمان یه‌ك بگرن له سه‌ر بڕیاری خۆیانن و به یاسای بشفڕێت هه‌ر بزنه كار ده‌كه‌ن. خه‌ڵكانێك دوای ئه‌و وتاره هێنده زۆر ڕۆیشتن، خه‌ریكبوو سوێند بخۆن ئۆباما موسڵمان بووه، هه‌ندێكی تریش وتیان ئه‌وه فێڵێكه و ئۆباما بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی موسڵمانان به‌كاری هێناوه و نابێت باوه‌ڕی پێ بكه‌ین.
ئایا ئه‌و وتاره‌ی ئۆباما هێنده گرنگ بوو وا خه‌ڵكی ئه‌و هه‌موو ئومێده‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵچنیبوو؟ ئایا وتاره‌كه گرنگه هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بكرێت یان وتاربێژه‌كه؟ عه‌ره‌ب ده‌بێژن (كلُّ إنا‌وٍ بما فیه ێنچَح)، واته: مه‌نجه‌ڵ چی تێدا بێت، ئه‌وه‌ی لـێ هه‌ڵده‌قوڵێت.
زانای به‌ناوبانگی ئیسلامی (د.یوسف قه‌رزاوی) له وه‌ڵامی پرسیاری كه‌سێكدا كه له‌باره‌ی گوناحه‌وه لێی ده‌كات، ده‌ڵێت: “ته‌نانه‌ت پشیله‌ش ده‌زانێت كام كاره گوناحه و كامه‌یان گوناح نییه”. ئه‌و ده‌ڵێت پشیله كاتێك پارچه گۆشتێ یان ئێسقانێكی بۆ فڕێده‌ده‌یت، ڕاسته‌وڕاست له به‌رده‌متدا داده‌نیشێت و به به‌رچاوته‌وه ده‌ست به خواردنی ده‌كات، وه‌لـێ وه‌ختێ خۆی ڕانه مریشكێك له ده‌فری ماڵه‌كه‌ت ده‌ڕفێنێت، چوار پێی هه‌یه و چواری تری بۆ قه‌رز ده‌كات و له حه‌فتا شوێن ئه‌و ڕانه ده‌شارێته‌وه!
كه سه‌یری چاوی كه‌سێك ده‌كه‌یت، مه‌گه‌ر گێل بیت، ده‌نا هه‌ستی پـێ ده‌كه‌یت خاوه‌نی ئه‌و چاوه چی له دڵدایه. هه‌ڵبه‌ت هه‌ندێك توانایان هه‌یه چاویان به شێوه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی نیگای به‌رانبه‌ر بكه‌ن، نه‌هێڵن ئه‌وه‌ی له دڵیاندایه به‌ده‌ركه‌وێت، به‌ڵام چاوانێك هه‌ن په‌ی به‌ویش ده‌به‌ن.كێ هه‌یه ئۆبامای بینیبێت و بۆ یه‌كه‌م سات هه‌ستی به شتێكی جیاواز له‌ودا نه‌كردبێت؟
(د.عه‌لی وه‌ردی) ده‌ڵێت: “عوسمانی كوڕی عه‌ففان پیاوێكی به‌شه‌رم و ته‌نانه‌ت سه‌رۆكێكی باشیش بوو، نه‌گبه‌تی ئه‌و له‌وه‌دا بوو كه‌وتبووه نێوان دوو به‌رداشه‌وه، ئه‌و دوای عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب هاتبوو، ڕكابه‌ره‌كه‌یشی كه له دوای وی ئه‌گه‌ری هاتنی هه‌بوو، عه‌لی كوڕی ئه‌بوو تالیب بوو”.
وه‌ختێ مه‌لایه‌كی باش له گوندێك ده‌ڕوات و ناوبانگێكی باش له دوای خۆی جێدێڵێت، كێشه‌كه بۆ مه‌لاكه‌ی دوای ئه‌و ده‌مێنێته‌وه، ده‌بێت شه‌و و ڕۆژ نه‌خه‌وێت تا كارێك بكات به‌وه‌ی پێش خۆیدا بگات، ئه‌گه‌ر زۆر له‌ویش باشتر بێت، ئه‌ركه‌كه‌ی هه‌ر قورسه و ماوه‌یه‌كی باشی پێویسته تا دڵی خه‌ڵك وه‌ده‌ست بێنێت.
ڕێك به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه، ئه‌گه‌ر مه‌لایه‌كی خراپ بڕوات، ئه‌وه‌ی دوای ئه‌و به ئاسانی ناوبانگی خاسه ده‌رده‌كات، ئه‌گه‌رچی له‌ویش خراپ تر بێت، ئاخر ماوه‌یه‌كی ده‌وێت تا خه‌ڵكی له خراپییه‌كانی حاڵی ببن و لێی بێزار ببن.
باراك ئۆباما له نموونه‌ی دووه‌مه‌وه نزیكه، ئه‌و دوای كه‌سێكی وه‌ك (بووش) هات، هه‌ربۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرا خه‌ڵكی پێشوازیی لـێ بكه‌ن، بووش له دوادواییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیدا ببووه یه‌كێك له بێزراوترین سه‌رۆكه‌كانی مێژووی ئه‌و وڵاته، چی له ده‌ره‌وه و چی له لای هاوڵاتیانی خودی ئه‌مریكایش.
به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌شمان له به‌رچاو بێت، مه‌لای گوندێك كه ده‌ڕوات، هه‌رچه‌ند خراپ بێت، ته‌نها زیانی له خۆی داوه و جگه له هه‌لێكی باش بۆ زوو ده‌ركه‌وتن، بۆ مه‌لاكه‌ی پاش خۆی هیچیتر جێناهێڵێت، مه‌لایه‌كی خراپ نه قورئانه‌كانی ناو مزگه‌وت ده‌دڕێت و نه بینای مزگه‌وت ده‌ڕووخێنێت، ئه‌و چۆن هات ئاواش ده‌ڕوات، ته‌نها شتێك له دوای به‌جێبمێنێت نه‌فره‌ت و ڕقی خه‌ڵكییه، بۆیه كاری مه‌لاكه‌ی دوای خۆی دژوار ناكات. وه‌لـێ سه‌رۆكێكی خراپ كه ده‌ڕوات، خراپییه‌كانی له دوای وه‌ك پیسایی سه‌ره‌ڕێ زه‌ق زه‌ق دیارن. بووش له هه‌موو سه‌ره‌ڕێیه‌كدا پاشه‌ڕۆیه‌كی لـێ به‌جێمابوو. باری ئابووری وڵات گه‌یشته خراپترین دۆخی مێژووی ئه‌و وڵاته، ئه‌و كورتییه‌كی له بودجه‌ی وڵات‌دا به بڕی یه‌ك تریلیۆن دۆلار بۆ سه‌رۆكی دوای خۆی به دیاری به‌جێهێشت. باری سه‌ربازی هه‌ر مه‌پرسه، ئه‌و دوو چاڵی گه‌وره‌ی دۆزییه‌وه و سه‌ربازه‌كانی ئه‌مریكای تێفڕێدان، ته‌نها له عێراقدا ژماره‌ی سه‌ربازه كوژراوه‌كانی ئه‌مریكا گه‌یشتنه هه‌شت هه‌زار. ناوبانگی وڵات وه‌ك باڵه‌خانه‌یه‌كی كۆنی سه‌دان ساڵه‌ی بێخزمه‌تی لێهاتبوو، هه‌ر ته‌نها نه‌ڕوشابوو، بگره درزیش كه‌وتبووه دیواره‌كانی. ئه‌مریكا له هه‌موو كاتێك زیاتر دووژمنی له سه‌رانسه‌ری دونیادا هه‌بوو.
هاوڕێیه‌كم هه‌بوو یادی به‌خێر ده‌یگوت: “هه‌ندێك كه‌س هه‌ن ساڵی یه‌كجار قسه ده‌كه‌ن، كه ده‌م ده‌كه‌نه‌وه یه‌كسه‌ر وشه‌یه‌ك دێت به زاریاندا یاخوا به زاری كه‌س نه‌كه‌وێت!” بووش له‌وانه نه‌بوو كه كه‌م قسه ده‌كه‌ن، له مانگێكدا چه‌ندین جار و له چه‌ندین شوێندا وتاری پێشكه‌ش ده‌كرد، وه‌لـێ له‌و كه‌سانه بوو، هه‌موو زاركردنه‌وه‌یه‌كی كاره‌ساتێكی ده‌نایه‌وه، هه‌رگیز ئه‌و حیكمه‌ته‌ی نه‌بیستبوو، یان ئه‌گه‌ر بیستبێتیشی لێی تێنه‌گه‌یشتبوو كه ده‌ڵێت: (دوژمنت یه‌ك بێت و دۆستت هه‌زار)، هه‌ربۆیه ڕوخساری ئه‌مریكای لای ته‌واوی خه‌ڵكی دنیا ده‌هێنده ناشرین كرد.
ئۆبامای ئه‌سمه‌ری دڵ پڕ ئومێد، دوای ئه‌و هه‌موو په‌ن و گۆبه‌نانه‌ی بووش كلیلی كۆشكی سپی درایه ده‌ست. به‌پێچه‌وانه‌ی بووشه‌وه، ئه‌م كه‌متر پێده‌كه‌نێت و به ئاشكرا خه‌مێكی قووڵ به ڕووخسارییه‌وه دیاره، ئه‌گه‌رچی له‌گه‌ڵ هاوڕه‌گه‌زه‌كانیدا ساما ده‌كات و له خۆشیی هاوڵاتییه‌كانی وڵاته‌كه‌شیدا به‌شدار ده‌بێت. هه‌قیشیه‌تی ئاوها بێت، ئاخر ئه‌و له ئازاری ژێر ده‌سته‌ییه‌وه هه‌ڵقوڵاوه، ڕه‌گی ئه‌و له (ڕه‌گه‌كانی)ی (هیكسلی)یه‌وه هاتووه، ڕه‌نگی پێستی ئه‌و هه‌مان ڕه‌نگی پێستی (ماڵكۆم ئێكس)ه، هه‌موو تاڵاوی نادادی و نایه‌كسانی به گه‌رووی ئه‌ودا تێپه‌ڕ بووه، ئه‌و ده‌ستی له شه‌ڕی باكوور و باشوری ئه‌مریكاشدا هه‌یه، ئه‌ی مه‌گه‌ر هۆكاری سه‌ره‌كیی شه‌ڕی ناوخۆی ئه‌مریكا به‌ره‌بابه‌كانی ئه‌م نه‌بوون؟ ئه‌ی مه‌گه‌ر له سه‌ر بوون و نه‌بوونی كۆیله ڕه‌شپێسته‌كانی ئه‌فه‌ریكا شه‌ڕ هه‌ڵنه‌گیرسا؟ كۆیله‌گه‌لێك كه وه‌ك سندووقه ته‌ماته، له سه‌ر یه‌ك له ناو كه‌شتییدا كه‌ڵه‌كه ده‌كران و، له ڕێی ده‌ریاوه به چه‌ند مانگێك ده‌گه‌یه‌نرانه ئه‌مریكا!
ئایا كه‌س چاوه‌ڕێ ده‌كات ئۆبامایه‌ك كه ڕه‌گوڕیشه‌ی له نێو خه‌م و ژانی بێدادی و نایه‌كسانی و ژێرده‌سته‌ییدا ڕۆچووبێت، وه‌ك بووشێكی بێ‌ئاگا له هه‌ر ناخۆشییه‌كی ئه‌م دونیایه و په‌روه‌رده‌ی ناو ناز و نیعمه‌ته‌كان هه‌ڵسوكه‌وت بكات؟
با له‌م سه‌ره‌تایه‌وه وا دانێین ئۆبامای له‌دایكبووی (1961) مه‌سیحێكی نوێیه و په‌یامی ئاشتیی بۆ هه‌موو دونیا له‌گه‌ڵ خۆی هێناوه، ئایا پێگه‌ی ئه‌و وه‌ك سه‌رۆكی گه‌وره‌ترین هێزی جیهان ڕێگه‌ی ده‌دات چی حه‌زلێیه ئه‌نجامی بدات و چۆنی پێخۆشه وا بكات؟ بۆ كه‌سێكی ساده و خۆشباوه‌ڕ به‌ڵێ بێگومان, وه‌لـێ بۆ كه‌سێك له ئه‌لف و بێی سیاسه‌ت ئاگادار بێت و بۆ یه‌كێك شتێك له‌باره‌ی سیاسه‌تی ئه‌مریكییه‌وه بزانێت ئه‌مه مه‌حاڵ دێته پێش چاو. با ته‌ماشایه‌كی وتاره‌كه‌ی زانكۆی قاهیره بكه‌ین و كه‌مێك له‌سه‌ر ئه‌نجامگیرییه‌كه‌ی بووه‌ستین. دوای وتارێكی دورودرێژ كه پڕ بوو له ناوهێنانی قورئانی پیرۆز و هێنانه‌وه‌ی نموونه‌ی قورئانی و موجامه‌له‌كردنی هێزه ئایینییه‌كانی جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی و نه‌رمینوواندنێكی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر، ئۆباما باسی له جیهانێك كرد كه ئومێدی هه‌یه به‌دیبهێنێت، خه‌سڵه‌ته‌كانی ئه‌و جیهانه‌شی له‌م پێنج خاڵه‌ی خواره‌وه‌دا كورت كرده‌وه:
1. جیهانێك تیایدا گه‌له‌كه‌مان (گه‌لی ئه‌مریكا) له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا نه‌بێت.
2. جیهانێك تیایدا سه‌ربازه ئه‌مریكاییه‌كان گه‌ڕابێتنه‌وه بۆ نیشتمانی خۆیان.
3. جیهانێك تیایدا فه‌ڵه‌ستینییه‌كان و ئیسرائیلییه‌كان به ئارامی و هه‌ریه‌كه له ده‌وڵه‌تی خۆیاندا ژیان به‌سه‌ر به‌رن.
4. جیهانێك تیایدا هێزی نه‌وه‌وی ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی ئاشتییانه به‌كاربهێنرێت.
5. جیهانێك تیایدا حكوومه‌ته‌كان خزمه‌تی گه‌له‌كانیان بكه‌ن و ڕێز له مافی به‌نده‌كانی خودا بگرن.
وه‌ك بیریاری مه‌غریبی (د.محه‌مه‌د عابد ئه‌لجابیری) ده‌ڵێت: “ئه‌و جیهانه‌ی ئه‌مریكا داوا له عه‌ره‌ب و مسوڵمانه‌كان ده‌كات له‌گه‌ڵیدا هه‌وڵی به‌دیهێنانی بده‌ن, ئاشكرایه جیهانی ئه‌مریكاییه، ئه‌مه خاڵه‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌م ده‌گرێته‌وه، ئه‌ودوای خاڵه‌كان گشتیین و شتێكی نوێیان تێدا نییه”.
دوای تێپه‌ڕینی زیاتر له چوار ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و وتاره‌دا با بزانین چه‌ند له‌و پێنج خاڵه به‌دیهاتوون. من نازانم گه‌لی ئه‌مریكا له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی چیدا بوون؟ ئه‌وه‌ی هه‌یه و نییه ڕووداوه‌كه‌ی 11ی سێپته‌مبه‌ر بوو، كه زۆر توێژه‌ر به سیناریۆیه‌كی ئه‌مریكا خۆیان زانی بۆ هێرشكردنه سه‌ر چه‌ند وڵاتێكی ئیسلامی، به بیانووی له‌ناوبردنی تیرۆر. ئه‌رێ به‌ڕاست هیچ هێزێك له دنیادا هه‌یه شانی له شانی ئه‌مریكا بخشێنێت له تاوانكاری و تیرۆردا؟ ده‌وڵه‌تێك زیاد له نیو سه‌ده‌یه ده‌ست له كاروباری هه‌موو وڵاتانی دنیا وه‌رده‌دات و له هه‌ركوێیه‌ك سته‌م هه‌بێت ده‌ستی ئه‌وی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ تێدایه، له‌چاو ئه‌و هه‌موو تاوانه‌ی كردوویه‌تی و ده‌یكات كامه‌یه دووژمنی؟ هه‌رچی خاڵی دووه، ڕاسته ئۆباما توانی هێزه‌كانی له عێراق بكشێنێته‌وه, وه‌لـێ تا ئه‌م ساته‌ش سه‌ربازی ئه‌مریكایی له ئه‌فغانستاندا ده‌كوژرێت و له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیدایه. خاڵی سێیه‌م وه‌ك نوكته دێته پێش چاو، ئاخر ئه‌وه ئۆباما یان ته‌نانه‌ت ئه‌مریكاش نییه كه بڕیار ده‌دات ئیسرائیل چی بكات، به‌ڵكو پێچه‌وانه‌كه‌ی ڕاسته. وه‌ك ده‌بینن ئیسرائیل و فه‌ڵه‌ستینییه‌كان ماوه‌یه‌كی زۆره هیچ دانوستانێكیشیان پێكه‌وه ئه‌نجام نه‌داوه چ بگات به دوو ده‌وڵه‌ت. ئه‌و پشتگیرییه‌ی فه‌ڵه‌ستین له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا به‌ده‌ستیهێنا كه وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی چاو‌دێر دانی پێدا نرا، ئه‌مریكا نه‌ك ده‌ستی تێیدا نه‌بوو، بگره دژیشی بوو. خاڵی چواره‌میش قسه‌ی موفت و بێمانایه، با ئۆباما هێزی زه‌به‌لاحی نه‌وه‌ویی وڵاته‌كه‌ی له‌ناو بدات و ئه‌وجا باسی به‌كارهێنانی ئاشتییانه‌ی وزه‌ی ناوه‌كی بكات. ئه‌وه‌ی ئۆباما له وتاره‌كه‌یدا مه‌به‌ستی بوو ئێران و كۆریای باكوور بوو، وه‌ك ده‌زانن ئه‌و دوو وڵاته هه‌تا ئه‌مڕۆ گۆڕان به‌سه‌ر هه‌ڵوێستیاندا نه‌هاتووه هیچ، بگره په‌ره‌یشیان به توانا ناوه‌كییه‌كانیان داوه. خاڵی پێنجه‌م باس له‌وه ده‌كات حكوومه‌ته‌كان ڕێز له هاوڵاتییه‌كانیان بگرن. شۆڕشی گه‌لانی عه‌ره‌بی ناسراو به (به‌هاری عه‌ره‌بی) ئه‌مریكا پێی خۆش نه‌بوو، به‌تایبه‌ت كه سوور ده‌یزانی و ده‌زانێت شوێنگره‌وه‌ی ئه‌و سیستیمه دیكتاتۆرییانه ته‌نها هێزه ئیسلامییه‌كانن، ئێستاش ده‌بینین چۆن ته‌ماشای كوشتاری ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكی سووریا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌وه ده‌كات و هه‌نگاوێكی كرداریی نانێت، له‌م دواییانه‌شدا بینیمان چۆن به پشتیوانیی میره عه‌گاڵ له‌سه‌ره‌كانی سعوودییه و ئیمارات و له ڕێی كوده‌تایه‌كی سه‌ربازییه‌وه كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی شه‌رعیی وڵاتی میسر هێنرا و یه‌كه‌م سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌و وڵاته له سه‌رۆكایه‌تیی دوورخرایه‌وه و تا ئێستاش كه‌س نازانێت له كوێیه و، ئۆباماش وه‌ك هه‌ر سه‌رۆكێكی پێش خۆی نه‌یتوانی هه‌ڵوێستێكی ئه‌وتۆ بنوێنێت، له مێژوودا به‌زیندوویی بیهێڵیته‌وه!
ڕه‌نگه (باری) _ ئۆباما له گه‌نجیدا به‌و ناوه بانگ ده‌كرا_ كه‌سێكی خراپ نه‌بێت و له خه‌یاڵیشیدا حه‌زی به چاكسازی بێت، وه‌لـێ دوو خاڵ هه‌یه ده‌بێت بیزانین، یه‌كه‌میان: سه‌رۆك كۆمار له ئه‌مریكادا ده‌سه‌ڵاتی دیاریكراوه و هه‌رچه‌ند ده‌سه‌ڵاتی یه‌كه‌مه، لـێ ناتوانێت له ستراتیجی گشتیی وڵات لابدات و چی پێخۆش بوو بیكات، ئه‌مریكا وڵاتێكی ئیمپریالیستییه و ئه‌وه‌ی وابزانێت به كه‌سێك چاكده‌كرێت مایه‌ی به‌زه‌ییه. دووه‌م: ئۆباما ئه‌گه‌رچی دوو خولی چوار ساڵه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكای برده‌وه و له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵبژێردرا، به‌ڵام تا ئێستاش له كۆشكی سپی‌دا نامۆیه، ساده‌بیران گاڵته‌یان به‌م قسه‌یه دێت، لـێ وه‌ختێ بزانین تا ئێستاش جیاوازیی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه له ئه‌مریكادا هه‌یه، ئه‌وكات شته‌كه‌مان به‌لاوه ئاسایی ده‌بێته‌وه، (فه‌وزی ئه‌لئه‌سمه‌ر) بابه‌تێكی له ژماره (15245)ی ڕۆژنامه‌ی (الریاچ)ی سعوودییدا نووسیوه، به نێونیشانی (أوباما اڵاسود والعنصریه البیچا‌و). تێیدا زانیاریی سه‌یرمان پێ ده‌ڵێت. ئه‌و ده‌نووسێت: “له‌و كاته‌وه‌ی باراك ئۆباما به سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هه‌ڵبژێردراوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كه زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی له هه‌ڵبژاردندا به‌ده‌ستهێناوه، كه‌چی له یه‌كه‌م ساته‌وه هێرشی ڕه‌شۆكانه و په‌لاماری ئیدیۆلۆژیانه‌ی له دژ به‌رده‌وامن، به شێوه‌یه‌ك قه‌ت له‌وه‌وپێش دژی هیچ سه‌رۆكێكی وڵات نه‌كراوه. سه‌رۆكه‌كانی پێشوو ده‌كه‌وتنه به‌ر ڕێژنه‌ی ڕه‌خنه و شه‌ڕی فیكری له‌لایه‌ن خه‌ڵكانێكه‌وه كه له ڕوانگه‌یه‌كی حیزبی یان ئیدیۆلۆژییه‌وه ئه‌و كاره‌یان ده‌كرد، سه‌رچاوه‌كه‌شی ئه‌و كێشمه‌كێشه ڕۆتینییه‌ی نێوان دوو پارته گه‌وره‌كه‌ی ئه‌مریكا بوو له پێناو گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدا”.
“ڕه‌نگه ڕه‌شه‌كه‌ی، هۆكارێكی سه‌ره‌كی ئه‌و دژایه‌تیكردنانه‌ی ئۆباما بووه. له زیاد له بۆنه‌یه‌كدا، زیاد له كه‌سێك له پرۆگرامه ته‌له‌فزیۆنییه‌كاندا وتوویه‌تی: (ئه‌مه سه‌رۆكی من نییه)، قسه‌یه‌ك كه قه‌ت له‌وه‌وپێش نه‌بیستراوه، ته‌نانه‌ت سه‌رده‌می بووشی كوڕیش، ده‌مانبیست خه‌ڵكانێك ده‌یانوت: (به‌داخه‌وه هه‌ر چه‌ند ئه‌مه سه‌رۆكمه, وه‌لێ نه‌یاریم له‌و كارانه‌یدا كه ده‌یانكات)”.
“بۆ نموونه له سه‌روه‌ختی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا كه ئۆباماش ته‌ره‌فێك بوو تێیاندا، ڕه‌گه‌زپه‌رستیی هێنده ئاشكرا ده‌ركه‌وت، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی هه‌ندێ له ئه‌ندامانی پارتی كۆماری وێنه‌ی مه‌یموونێكیان به‌رز ده‌كرده‌وه و له‌سه‌ریان ده‌نووسی: ئۆباما. هه‌روه‌ها ئاماژه‌دان به ناوه سییانییه‌كه‌ی: (باراك حوسێن ئۆباما)، ڕوانینێكی ڕاسیستانه‌ی پیشان ده‌دا و به ناڕاسته‌وخۆیی به ده‌نگده‌ری ئه‌مریكاییان ده‌وت ئه‌م كابرایه له ئێمه نییه.”
“ئه‌م ڕوانینه ڕه‌گه‌زپه‌رستییه له یه‌كه‌م مونازه‌ره‌ی نێوان ئۆباما و جۆن مه‌كینی پاڵێوراوی كۆمارییه‌كانیشدا زۆر به ڕوونیی ده‌ركه‌وت، مه‌كین به درێژایی ماوه‌ی دبه‌یته‌كه ته‌ماشای ئۆبامای نه‌كرد، ئه‌وه‌ش سه‌رنجی ملیۆنه‌ها بینه‌ر و ته‌نانه‌ت میدیاكانی ئه‌مریكا و جیهانیشی ڕ‌اكێشا. له مونازه‌ره‌ی دووه‌میشدا ماكین ئۆبامای به (ئه‌و) ناو ده‌برد، ئه‌م وشه‌یه بۆ كه‌سی فه‌رمیی به‌كارناهێنرێت و وه‌ك ئیهانه‌كردن وایه.”
” دوای ئه‌وه‌یه‌شی بوو به سه‌رۆك كۆمار، تێبینی ده‌كرا هه‌ندێ له میدیاكان وه‌ختێ ناوی ئۆبامایان ده‌برد وشه‌ی سه‌رۆكیان له‌گه‌ڵدا به‌كار نه‌ده‌هێنا، ئه‌وه‌ش نه‌ریتێكی ناباو بوو له میدیای ئه‌مریكاییدا، هه‌ر ئه‌وه پاڵی به كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنیی (ئێس. ئێم. ئێن. بی.سی)ی ئه‌مریكاییه‌وه نا ئه‌ڵقه‌یه‌ك بۆ ئه‌و بابه‌ته ته‌رخان بكات و له‌و ئه‌ڵقه‌یه‌شدا باسی مامه‌ڵه‌ی ڕاسیستانه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئۆبامادا خرایه به‌ر باس، هه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ش بووه هۆی به‌رپابوونی هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره و كه‌ناڵێلێكی له‌و شێوه‌ی ناچار كرد خۆیان بگۆڕن.”
” ئه‌و ڕوانینه به چاوی كه‌مییه‌وه بۆ ڕه‌نگی ڕه‌شی سه‌رۆك، وای كرد ئه‌ندامێكی گۆنگرێس، كه له پارتی كۆماری بوو، له وه‌ختی پێشكه‌شكردنی وتارێكدا قسه له زاری ئۆبامادا وشك بكات و، بێ گوێدانه ئه‌وه‌ی سه‌رۆك وتار بۆ ئه‌ندامانی گۆنگرێسی وڵات ده‌دات به (ئه‌نجوومه‌نی پیران و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیشه‌وه)، به ده‌نگی به‌رز هاوار بكات: “درۆزن”، وتاره‌كه‌ش ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن میدیاكانه‌وه ده‌گوازرایه‌وه، ئه‌گه‌رچی دواتر ئه‌و ئه‌ندامه‌ی كۆنگرێس له‌و تاوانه ئه‌خلاقییه‌ی په‌شیمان بوویه‌وه، وه‌لێ په‌شیمانبوونه‌وه‌كه‌ی نه‌بووه ڕێگر له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌ی وشه‌ی درۆزن له‌سه‌ر تی.شێرتگه‌لێك چاپ بكرێت كه نه‌یارانی سه‌رۆك له‌به‌ریان ده‌كرد!”
له درێژه‌ی بابه‌ته‌كه‌یدا (ئه‌لئه‌سمه‌ر) ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت: “خۆم و هاوسه‌ره‌كه‌م به چاوی خۆمان ڕووداوێكی ڕاسیستانه‌مان له شه‌قامه‌كانی واشنتۆندا بینی، وه‌ختێ به‌و شه‌قامه‌دا پیاسه‌مان ده‌كرد، پیره‌مێردێكی ڕه‌شپێستمان چاوپێكه‌وت ده‌ستی له‌و كه‌سانه‌ی به‌وێدا ڕه‌تده‌بوون پان ده‌كرده‌وه، به‌ڕێكه‌وت ژنێكی سپیپێستیش هاوڕێ له‌گه‌ڵا مێرده‌كه‌یدا به هه‌مان شه‌قامدا ده‌ڕۆیشتن، وه‌ختێ له ده‌رۆزه‌كه‌ره‌كه نزیكبوونه‌وه، ژنه‌كه به ده‌نگێكی به‌رز پێی وت: (بڕۆ بۆ لای سه‌رۆكه‌كه‌ت)!”
ئه‌گه‌ر سه‌رۆكێك له‌لایه‌ن هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌یه‌وه ئاوها ته‌ماشا بكرێت، هیچیشی نه‌كردبێت گومانی له‌سه‌ره و له ڕووی ده‌روونییشه‌وه له‌ژێر فشاردایه و ناتوانێت هه‌نگاوێك بنێت ئه‌و گومانه‌ی لای هاونیشتمانییه‌كانی تۆخ بكاته‌وه. بگره مه‌ترسیی تیرۆركرانیشی له‌ئارادایه، ئه‌ی مه‌گه‌ر له 27ی ئۆكتۆبه‌ری 2008دا (ته‌نها حه‌وت ڕۆژ به‌رله‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنی له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ڕابگه‌یه‌ندرێت) هێزه ئه‌منییه‌كانی ئه‌مریكا له ویلایه‌تی (تینیسیی باشوور) دوو كه‌سیان له سپیپێسته توندڕه‌وه‌كان (ئه‌وانه‌ی به نازییه نوێیه‌كان ناسراون) ده‌ستگیرنه‌كرد به تۆمه‌تی پلاندانان بۆ له‌ناوبردنی ئۆباما، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م ئه‌مریكاییه‌كی به ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئه‌فریكاییه خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری ده‌پاڵێوێت؟
ئۆباما لای ئیسرائیلیش كه‌سێكی خۆشه‌ویست نییه، هه‌موو ده‌زانن ماوه‌یه‌ك خه‌ریكبوو گرژیی ده‌كه‌وته نێوان هه‌ردوو وڵاته‌وه، تا له دواییدا ئۆباما نه‌رمی به‌رانبه‌ر (ناتنیاهۆ)ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل نواند. (ڕۆژنامه‌ی هائارێتسی ئیسرائیلی له ژماره‌ی ڕۆژی 25/12/2009ی‌دا ڕێپۆرتاژێكی بڵاوكرده‌وه، تێیدا نووسیویه‌تی: “له‌ناو ئیسرائیل‌دا ئومێد ده‌خوازرێت پرۆژه‌كه‌ی ئۆباما بۆ چاكسازیی ته‌ندروستی هه‌ره‌س بهێنێت، چونكه له ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنیدا كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر ڕه‌وشی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێت”).
ئۆباما له‌ناو خۆیشدا كارێكی گرنگی ئه‌نجامنه‌داوه، ماوه‌یه‌ك قه‌یرانی ئابووری خه‌ریكبوو چۆك به وڵاته‌كه‌ی دابدات. ئه‌و چاكسازییه‌ی ده‌یویست له كه‌رتی ته‌ندروستیدا بیكات تا ئێستاش ئه‌نجامێكی نییه. ئه‌و په‌یمانه‌یشی بۆ داخستنی زیندانه به‌دناوه‌كه‌ی (گوانتانامۆ) دای نه‌یبرده سه‌ر.
ته‌نها ده‌ستكه‌وتی ئۆباما بۆ وڵاته‌كه‌ی ئه‌وه‌یه، وه‌ك سه‌رۆكه‌كه‌ی پێش خۆی تووشی شه‌ڕ و گۆڵمه‌زی نه‌كردووه، ئه‌و هه‌میشه به نه‌رمی ده‌دوێت و باسی گفتوگۆ ده‌كات له‌گه‌ڵ وڵاتاندا، ڕه‌نگه هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ش بێت له 9ی ئۆكتۆبه‌ری 2009دا خه‌ڵاتی (نۆبڵی ئاشتی)ی ساڵی 2009ی پێ به‌خشرا. ئه‌گه‌رچی ئه‌م خه‌ڵاته _ئه‌وه‌ی تایبه‌ته به ئاشتی_ به زۆر سیاسه‌تكاری تریش دراوه، تیایاندایه خوێنی هه‌زاران كه‌سی له‌سه‌ر ده‌ستدا ڕژاوه، له‌وانه‌ش جۆرج بووشی كوڕ!
هه‌روه‌ها به‌خت یاوه‌ری بوو كه (ئوسامه بن لادن)ی سه‌رۆكی (ڕێكخراوی ئه‌لقاعیده)، له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی ئه‌ودا كوژرا و ئه‌وه‌ش ڕۆڵی هه‌بوو له زیادبوونی جه‌ماوه‌ریدا.
دوای ئه‌و هه‌موو بگره و به‌رده‌ی باسمكرد، له‌وه بێگومانم كه (ئۆباما) یه‌كێكه له سه‌رۆكه هه‌ره خۆشه‌ویسته‌كانی مێژووی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له سه‌رتاسه‌ری دونیادا، به‌گوێره‌ی ڕاپرسییه‌ك كه له ئایاری 2009دا، (هاریس ئینتراكتیڤ) بۆ كه‌ناڵی (فرانس 24) و ڕۆژنامه‌ی (ئینته‌رناشناڵ هیراڵد تریبیۆن) ئه‌نجامی داوه، ده‌ركه‌وتووه ئۆباما پڕجه‌ماوه‌رترین سه‌رۆكه له جیهاندا. له‌وانه‌یه ئه‌مه بۆ ڕه‌نگی پێستی بگه‌ڕێته‌وه، مرۆڤ بێ ویستی خۆی خاوه‌نی ئه‌و ڕه‌نگی پێسته به سته‌ملێكراو ده‌زانێت نه‌ك سته‌مكار، پێده‌چێت بۆ نه‌رمی و هه‌ڵسووكه‌وتی له‌سه‌رخۆیانه‌ی بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌و ته‌نانه‌ت بزه‌كردنه‌كانیشی خه‌مێكیان پێوه دیاره. ڕه‌نگه هۆكاره‌كه‌ی ساده‌یی و خاكیبوونه‌كه‌ی بێت. یاخود شێوه‌ی ده‌ربڕین و قسه‌كردنی خه‌ڵكی كه‌مه‌ندكێش كردبێت، ئاخر زۆر كه‌س به وتاربێژێكی ده‌گمه‌ن وه‌سفی ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌شم بیرنه‌چێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌نده‌ی ده‌ڵیت: “له پشت هه‌ر پیاوێكی مه‌زنه‌وه ئافره‌تێكی مه‌زن هه‌یه” بۆ كه‌س ڕاست نه‌بێت، بۆ ئۆباما ڕاست ده‌رده‌چێت. مێشێلی هاوسه‌ری پشتیوانێكی گه‌وره‌ی بووه له ژیانیدا، ئه‌وان كه له ساڵی 1989دا یه‌كتریان ناسیوه و له ساڵی 1992دا هاوسه‌رگیرییان كردووه، تا ئێستاش خۆشه‌ویستییه‌كی كه‌موێنه‌یان له‌نێواندا هه‌یه. ئۆباما له زۆربه‌ی گه‌شته‌كانیدا، جگه له مێشێل هه‌ردوو كچه‌كه‌شی (مالیا و ساشا) له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات. هه‌رچه‌ند ئه‌مه كارێكی جوانه و نیشانه‌ی پته‌ویی په‌یوه‌ندیی خێزانیی ده‌گه‌یه‌نێت، وه‌لـێ هه‌ندێجار پرسیارێك یه‌خه‌م پێ ده‌گرێت: ئه‌رێ ئه‌و دوو كچه‌ی ئۆباما خوێندنیان نییه؟ (هه‌ردووكیان قوتابین و له ساڵی 2009دا وه‌ختێ ماڵیان هاتووه‌ته واشنتۆن، په‌یوه‌ندییان به قوتابخانه‌ی هاوڕێیانی سادوێله‌وه كردووه، پێشتر له قوتابخانه ئه‌زموونییه‌كانی شیكاگۆدا خوێندوویانه)، ده‌بێت له ساڵێكدا چه‌ند ڕۆژ مۆڵه‌ت وه‌ربگرن؟ ئاخۆ ئه‌مه ناچێته چوارچێوه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه؟ خۆیان و خوای خۆیان، هه‌ركه‌س ده‌چێته قه‌بری خۆیه‌وه!
هێمن خورشید
بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته سوودم له‌م بابه‌تانه‌ی خواره‌وه وه‌رگرتووه:
1. پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنیی (وێكیپیدیا)، ژیانی هه‌ریه‌كه له باراك ئۆباما و مارتن لۆته‌ر كینگ.
2. بابه‌تێكی (د.محمد عابد الجابری)، به‌نێونیشانی: (خگاب اوباما و الترغیب فی التنازل). له پێگه‌ی جابیرییه‌وه وه‌رمگرتووه.
3. بابه‌تێكی (فوزی الاسمر) به‌نێونیشانی: (أوباما اڵاسود والعنصریه البیچا‌و)، جریده الریاچ، العدد: 15245.