دیرۆکی گەڵا … فەتاح حەسەن
کە، چرۆ دەبێت بە گەڵا
بیر لە خەزان دەکاتەوە ؟
***
گوێم لە ورشە ورشی گەڵایە
بڵێی لە یەکتر تێبگەن ؟
***
کێ دەزانێت
گەڵاکانی، دنیا چەندن ؟
بڵێی، هێندەی ژمارەی مرۆڤ بێ ؟
***
پێش کەوتنی هەر گەڵایەك
سەر بۆ زەوی، نەوی دەکا.
وەکو بڵێی، سوژدە دەبا !
***
ساتی کەوتنی، گەڵاکان
ئایا، هەست بە ئازار دەکەن ؟
یا، وەکویەك سەما دەکەن ؟
***
لە خەزان و لە رەشەبا
بێباکە، سنەوبەر
بڵێی، هەست بە خەمی
کەوتنە خوارەوەی گەڵا کا .. ؟
***
خشەی گەڵای دەم رەشەبا
ئاوازی ماتەمیینی پایزە
وەرزەکانی کە، نایزانن.
***
با، لوول دەخوات
گەڵا، بە دوای خۆیدا دەبات.
کە، دەبێتە گەردەلول و گێژەڵوکە
لە راستەوە
گەڵا، بەرەو چەقی دەبات.
دیرۆك/ مێژوو
فەتاح حەسەن / دانیمارك/ ڤالبی