Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
کتێب سوتاندن و هەڵوێستی مشەخۆرەکان … 1

کتێب سوتاندن و هەڵوێستی مشەخۆرەکان … 1

Closed
by July 26, 2013 گشتی

 

 

 

بەشی یەکەم

 

کۆمەڵێک لە کوردستان پەیدا بووە، وەک پەپەگای لەهەر کوێیەک ڕستەیەکی بەرگوێکەوت ئیتر بە بەردەوامی دەیجوێتەوە بەبێ ئەوەی وشەیەکی بۆ زیاد یان کەم بکات، ئەم نەوەیە زۆربەیان لە چینە خوێنەوارو (ڕۆشنبیرەکان)ن، کە لەم دوایانەدا دەرکەوت دونیا لە ناو لاپەرەی کتێەکانەوە نابینن بەڵکو لە گیرفانەوە خوێندنەوە بۆ گەردوونیش دەکەن. هەندێک لەم (ڕۆشنبیر و نووسەرانە) نەک هەر کتێب ناخوێننەوەو ئاگایان لە مێژوو کولتوری دونیا نییە، بەڵکو نووسین و گوتارەکانیان لە قسەی ناو چایخانەو چاتەکان تێپەڕ ناکەن، کەچی بە گران و نوێ بە ئێمەی ئەفرۆشن و هەموو کەسێکیان لەلا گەمژەیە خۆیان نەبێت.

ئەم نەوەیە، کە زۆرجار خۆیان وەک نوخبە و گەورە ڕۆشنبیر نیشانی دەرەوە دەدەن هیچ کاتێک راستگۆیانە ڕەخنەیان لە دەسەڵات نەگرتووە جگە لە مینجە مینجکردنێک نەبێت، کەجارناجار لەهەندێک کەناڵ و ڕۆژنامەوە وەک فرۆشتنی هەڵوێست بەخەڵک دەیکەن، کەچی لەبەرامبەر هەڵوێستی چەند گەنجێکدا ئەگەر هەڵەشیان کردبێت دەبنە میتراگری ڕاستەقینەی ئەو دەسەڵاتەی، کە لەبەرچاوی هەموومان و بەڕۆژی ڕوناک سوکایەتی بە هەموو پیرۆزییەکانی مرۆڤەوە دەکات.

زۆرێک لەوانەی، کە ئەمڕۆ فێری چەند ڕستەیەک بوون و ئاگایان لە پاشخان و مێژووی ئەو وتانە نییە و بە گران بە ئێمەی ئەفرۆشن بە بێ ئەوەی ماوەی یاسایی کارکردن یان گەشتنی ئاستی تەمەنیان بە مافی خانەنشینی لەلایەن دەسەڵاتەوە بە پلەی عەقیدو نازانم چەندین پلەی جیاواز خانەنشین کراون و بە مافی خۆیشیان دەزانن، چونکە ڕۆژێک لە ڕۆژان سەربازی هەڵاتوو یان پێشمەرگە بوون، ئاخر ئەگەر نووسەر یان ڕۆشنبیرێک تۆزێک ویژدانی هەبێت و ڕێز لە کەرامەتی خۆی بگرێت ڕێگا دەدات بە پلەیەکی سەربازی خانەنشین بکرێت؟. ئەوەی لەلام سەیرە ئەمانە وەک لەگەندەڵییەکدا بەشدارن و بە مافی خۆیانی دەزانن، ئەی ئەو سوکایەتییە بۆ قبوڵ دەکەن، کە بە پلەیەکی باڵای سەربازیی خانەنشین بکرێن!.

ئەم نەوە لوتبەرزە بێ مەعریفەیە، کە هەموو شتێک ڕەتدەکەنەوە، ئەگەر لەسەر هەمان ئاوازی خۆیان سەما نەکات بە دژایەتیکردنی ئەو گەنجە توڕە بێ ئومێدەی گەرمیان، کە هیچ دەسەڵات و زمانێکی تری ناڕەزایی شک نابەن تەعبیر لە ئازارو خەمەکانیان بکەن بەرامبەر ئەو کەسانەی لە دوورەوە بۆ وڵات دەگرین و دەسووتێن، بەڵام کاتێک دەگەڕێنەوە هەموو کارێکی خۆفرۆشی دەکەن تا بگەنە پۆستێکی حکومی لەسەر لیستی ئەو دەسەڵاتەی بووەتە نەهامەتی بۆ ژیانی ئەوان. 

گەنجێک لە گەرمیان چ چەکێکی پێیە دژی نووسەر، شاعیر و هونەرمەندەکان بەکاری بهێنێت، کە لە ڕێگای دەربڕینەکەنیانەوە فریویان داون، جگە لە فەوتاندن و سوکایەتیکردن بە بەرهەمەکانیان!، بۆ ئەبێت سوتاندنی کتێبی نووسەرێک یان دیوانی شاعیرێک تاوان بێت، کە لە ژێرەوە بەردەوام خیانەتی لە خۆیی نووسینەکانی کردبێت، بۆ ئەبێت ڕێگا لە توڕەیی ئەو گەنجانە بگیرێت، کە زۆربەیان زانکۆو پەیمانگاکانیان تەواوکردووەو هەموو هیوایەکیان ئەو دەنگانەیە لە دوورەوە سەبورییەکیان پێدەدات، کەچی لە پڕێکدا لە هەندەرانەوە بە خۆیان و پاسپۆرتی وڵاتێکی ترەوە بە نیشتیماندا دەکەن و دەبنە ئەندام پەرلەمان یان پۆستێکی باڵای حکومی لەسەر لیستی حیزبە دەسەڵاتدارەکان و لەباشترین حاڵەتدا پاش دوو ساڵ لە هەڵبڕینی هەردوو دەست و هەردوو قاچیان بۆ دەسەڵات هەلێکی ساختە دەدۆزنەوەو بە نرخێکی گران دەیکەنە هەڵوێست و وەک قارەمان دەکشێنەوە و ئیتر بۆ هەتا هەتایە خانەنشین دەکرێن و بە خۆیان و پاسپۆردەکەیانەوە ئینجا دەگەڕێنەوە….

لەهەر وڵاتێکدا نووسەرو ڕۆشنبیر لە ئەرکە ڕاستەقینەکانی خۆیان دوورکەوتنەوەو بوون بە بڵنگۆو ڕاوێژکاری حیزبە دەسەڵاتدارەکان و پشتیان کردە ماف و ئازادییەکانی خەڵک ئیتر دەسەڵات بە ئاراستەی دکتاتۆری و فاشیزمدا دەروات نەک بە پێچەوانەوە، وەک هەندێک پێیان وایە. 

شتێکی تر لەم باسەداجێگای قسە لەسەرکردنە گەرمیانەکانە، کە بوونەتە کەرەستەی سواڵی سیاسی بۆ حیزبەکان و ئیلهامی شیعری و شاعیران و نووسەران، گەرمیانییەکان لە لای سیاسی و شاعیر، نووسەرو ڕۆشنبیرەکانی ئێمە بەتەنها کۆمەڵیک قوربانین و قوربانیش هیچ مافی دەربڕینێکی نییە، جگە لە مایەی بەزەیی پێداهاتنەوە، بۆیە کاتێک کۆمەڵیک گەنجی گەرمیان ڕووبەڕووی ئەم سوکایەتییە دەبنەوە، لە قوربانییەوە دەکرێنە فاشی و تاوانبار و ئەو قسانەی، کە ڕۆژانە لە دەزگا قورمیشکراوەکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە دەیبیستین، کە بە تەنها مافی سادەترین ئازادیشیان پێنادەن، ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن…

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.