Skip to Content

Tuesday, March 5th, 2024
لاش نۆرێن لە شەوێکی فەلسەفیدا

لاش نۆرێن لە شەوێکی فەلسەفیدا

Closed
by July 26, 2013 شانۆ

 

 

 

 

شانۆنامە نووسی سوێدی “لاش نۆرێن” لە دایک بووی ساڵی ١٩٤٤، لەسەرەتادا بە شیعر دەست پێ دەکات و لە تەمەنی نۆزدە ساڵیدا یەکەم دیوانە شیعری خۆی (لەیلاک، بەفر) بڵاودەکاتەوە. دواتر چەند دیوانێکی تر و ڕۆمان دەنووسێت، شیعر و پەخشان تێکەڵاو دەکات و دونیایەکی ڕەش، یادەوەری و پەرۆشی بۆ شتێکی نادیار، ناوەڕۆکی ڕۆمان و شیعرەکانی ئەوکاتەی پێک دەهێنن. بەڵام ئەم شاعیرە لە دوای چەند دیوانێک شیعرەکانی زیاتر و زیاتر دەچنەوە یەک و کورت و چڕ دەبنەوە، وێنە شیعرییەکانی لە فۆرمی زمانێکی داماڵراودا، دەبنە تەنها تروسکەیەک و وشەکان لە جەستەیەکی بزر بوودا دێن و دەچن. ئەم ڕەوشە، نۆرێن لە جیهانی شیعر، لە زمانە لیریکییەکەی، لە گەمەی وشە و وێنەکان دوور دەخاتەوە، لە هەمانکاتدا تووشی دڵەڕاوکێ و نائارامیی دەکات. شیعرەکان دەبنە هەڵم و لە نێو ڕووپەرە سپییەکاندا بە تەواوی دەتوێنەوە، شاعیریش لە پڕۆسەیەکی کردەیی و داهێنانێکی ئەدەبی و هەستی شاعیرێکی ڕەشبیندا هەست بە پووکانەوەی وشەکانی و بزربوونی جیهانە شیعرییەکەی خۆی دەکات. ئەم شاعیرە زۆر لە خۆی ناکات، شیعری لاواز و بێ ڕەنگ و بۆ نانووسێت و قەڵەمەکەی، کە ڕۆمان و شیعری پێ دەنووسی دادەنێت و لە بری ئەوە ڕوو دەکاتە دونیای شانۆ و نووسینی شانۆنامە. کە دەستیش دەکات بە نووسینی شانۆنامەکانی،دیدە چڕەکەی، وشە زبرەکانی، شیعرییەتی نووسینەکانی و زمانە شیعرییەکەی، ئەتمۆسفێرە ڕەش و سترکتورە ئەدەبییەکەی سەرلەنوێ لە ناو شانۆنامەکانیدا دەدۆزێتەوە. نۆرێن لەم بارەیەوە دەڵێت: “شیعر و دراما دوورن لە یەکترەوە، ئەمەش بۆ من مەسەلەیەکی گران و پارچە پارچە بووە. من بڕیاری خۆمم دا، کە شانۆیشم هەڵبژارد لەبەر ئەوە بوو، کە شیعرەکانم کورت و کورت دەبوونەوە، تا وای لێ هات بە تەواوی بزر بوون. شیعرەکانم هێندە بچووک بوونەوە، لە کۆتاییدا بوونە پارچە ئێسقانی بچووک.”  

ئێستا دوای ئەم هەموو ساڵە، دوای سەرکەوتنە گەورەکانی لە بواری نووسینی شانۆیدا، قەسیدەیەکی درێژ بە ناوی “شەوی فەیلەسوف” لە دوو توێی کتێبێکی ١٩٠ لاپەرەیدا بڵاودەکاتەوە. بەرگی کتێبەکە، لەبری وێنە و نەخشەسازی، دەمووچاوێکی دەمامکئاسای نۆرێنە، کە بە گەچ دروست کراوە، سیمای وەک مردوویەک لە نێو گەچە سپییەکەی بەرگی کتێبەکەدا، بە تەنکی دیارە. ئەم سیمایە و بەو شێوەیە، لە بری جەستەیەکی دیارنەماو، دەبێتە دەمامکێکی مردوو؛ دەمووچاوە سپییەکە، گەچە بەکارهێنراوەکە، ناوینشانی دیوانەکە “شەوی فەیلەسوف” دەروازەیەکی فراوان بۆ خوێندنەوەی دیوانەکە دەکاتەوە. 

خوێنەر لە سیما لە گەچ گیراوەکەی نووسەرەوە و لە ڕەنگی مەرگەوە، دەچێتە ناو کتێبەکەوە و ڕاستەوخۆ، ڕووبەڕووی هەزارەها “من” دەبێتەوە، کە پێکەوە، بە کۆرس، یەکە یەکە و بەتەنها وەک مەنەلۆگێگی ناوەکی دەپەیڤن. ئەم قەسیدە دڕێژە ئاخافتنێکی چڕ و هەمەلایەنە لەگەڵ “من”ی نووسەردا، کە لە دەروازەی یادەوەرییەکاندا دەردەکەون و دەبێتە هەزارەها “من”. ئەم “من”انە چەندە لە یادەوەرییەکاندا دەژین، هێندەش لە ئێستادا ئامادەبوونێکی مەجازی بەهێزییان هەیە. “من”ەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان مردوون، زیندوو دەبنەوە و دەبن بە کەسانێکی تر و هەمیشە لە زیادبوون و تێکەڵاوبوون دان. یەکەم دێڕەکانی ئەم قەسیدەیەش، لە سەفەری “من”ەکاندا بەم شێوەیە دەست پێ دەکات:

من نازانم، من نازانم لە کوێم

بەڵام من ئێستا سەفەر دەکەم، چیتر نازانم بەرەو کوێ 

خامۆش و تاریک نییە، دەمێکە خامۆش نییە

خامۆش و بێ دەنگ./…/ 

هەندێک جار دەقەکە دەبێتە شانۆ و لە ڕەوشێکدا دەوەستێت، دەیەوێت سەرلەنوێ دەست پێ بکاتەوە، بەڵام زمانی دەگیرێت و وشەکان لە نێو دەنگ و ئاماژەکاندا دیار نامێنن، لە نێو تەمومژی دونیایەکی تردا، لە بەرەبەیانێکی سپیدا، لە ئۆقیانووسێکی ترەوە دەردەکەونەوە و دەنگی “من”ەکان بۆ تاوێک بەسەر هەموو شتێکدا زاڵ دەبن. “من”ەکان باسی مەرگ لە ژیاندا دەکەن، بەڵام خۆیان نایانەوێت بمرن، لەبری ئەوە سەرنجی تەماشاکەران، چاوی مردووەکان و هەستی زیندووەکان بەلای خۆیاندا ڕادەکێشن: “تەماشای من بکەن، تەماشای مەرگی من و زیندووبوونەوەم بکەن”. لە لایەکی ترەوە “من”ێکی تر هاوار دەکات و دەڵێت: ئەی من، تەماشای من بکەن. “من”ەکان هەر وەک ئەکتەری سەر شانۆکان، کارەکتەری ناو شانۆنامەکان، پاڵەوانی ناو ڕۆمانەکان و فیگوری داستان و میتۆلۆژییەکان بە بەردەوامی دەمرن و زیندوو دەبنەوە. لە کۆتایشدا، دوای ماڵئاواییکردن، پێکەوە دەمرنەوە یان دەچنەوە جەستەی نووسەر و لە سیما لە گەچ گیراوەکەیدا خۆیان دەشارنەوە. هەندێک جار ئەم “من”انە لە بێدەنگیەکی مەنگدا، لە ئاوێکی وەستاودا، لە وچانێکی کورتدا، لە دیمەنێکی تەواو نەکراوی دوا شانۆنامەییەکدا، لە گۆرانییەکی خەمناکی بێ مۆسیقادا، لە پێدەشتێکی پڕ لە دڕک و داڵدا دایکیان دەدۆزنەوە. دایک مردووە یان ئەو بەشەی، کە ماوە و هێشتا نەمردووە، هێدی هێدی لە زەمەنێکی تێکشکاوی نادیار و رەهادا یان لە زەمەنێکی فیزیکیدا دەمرێتەوە و ماڵئاوایی لە “من”ەکان دەکات.

/…/ یەکەم جار سەرلەنوێ لە دایک بوونەوە

واتە هەمدیس لە گوناە پاکبوونەوە و پاشان 

لە کۆتاییدا مردن.

گوتم مردن.

من لەو وشەیە ئازاد نیم

گۆی دەکەم و لیک بە لالێومدا دێتە خوار

دەزانم. گۆی دەکەم و دەمم ئاو دەکا

دەزانم، دەبێ بزانم، دەبێ بزانم

بڵێم، دایکم هەمدیس دەمرێتەوە

ئەوەی لە دایکم ماوەتەوە، هەمدیس دەمرێ

ئاە، زۆر دەمێکە.

ئەم شەوە فەلسەفییە سەرگوزشتەیەکە لەو شوێنەوە دەست پێ دەکات، کە تەواو دەبێت. مەرگیش ژیانی هەموو پیت و وشەیەکی ئەم کتێبەیە، مەنەلۆژێکە بەر لە هەموو کەسێک و هەموو شتێک خۆی دەخوات و مەرگی خۆی لە یادەوەرییەکان و لە ئێستا و لە ڕیتمی وشەکاندا بەرجەستە دەکات. لەم شەوە فەلسەفییەدا، ئەزموونی دەنگێک بە نێو ڕارەوەکانی یادەوەرییدا، ژیانی ڕۆژانە و شتە ڕووکەشەکاندا دەڕوات و “من”ەکان دەخاتە ناو ڕەوشی شەوە درێژ و قووڵ و تاریکەکانی خودی خۆمانەوە. ئەم دەنگانە پارچە پارچە دەبن و دەبنە چەندین کارەکتەر و رۆڵی جیاواز و فرەمانا دەگێڕن، لەگەڵ یەکتردا دەکەونە دیالۆگێکی فەلسەفییانەوە و تێکەڵاوی تێکستەکە دەبنەوە، هەندێک جاریش بە تەواوی لەیەکتری دەترازێن. بەڵام لە زۆربەی دونیای “من”ەکاندا، لیریکە شیعرییەکە دەبێتەوە بە دراما و بە چواردەوری “من”ەکاندا دەسوڕێنەوە و لە دیمەنی کورت کورتدا دەردەکەونەوە. 

نۆرێن لە یەکەم ڕستەی یەکەم دێڕی لاپەڕەی یەکەم، کە لە سەرەتای ڕستەوە دەست پێ دەکات، دواتر سەرەتای هیچ ڕستەیەکی تر ناچێتەوە سەرەتای دێڕێکی ترەوە، بەڵکو سەرەتای هەموو ڕستەیەک لە ناوەڕاست یان کۆتایی ڕستەیەکی تردا دەست پێ دەکاتەوە. بەمەیش سەفەری “من”ەکان ڕێچکەیەکی تیژڕەوانە لە خۆدەگرێت و لە هیچ وێستگەیەک، بۆ هیچ “من”ێکی تر ڕاناوەستێت. نۆرێن زمان دەکات بە ئامڕازێکی دەسەڵات و لە هەمانکاتیشدا بەندیخانە بۆ تەقەلای “من”ەکانی ئەمڕۆی ئەوروپا، بۆ لە دایکبوونێکی ناشەرعی و مردنێکی ناشایستە و جەستەیەکی بێلانە. ئەم زمانە لەم شەوە فەلسەفییەدا دەبێتە زمانی پەیڤ و گفتوگۆی زیندووەکان لە زەمەنێکی تردا، زەمەنی بەستەڵەک و زەمەنی مردنی هەتاهەتایی. ئەمە زەمەنی هروژمی وشە و وێنە و مەجاز و هێماگەلەکانە، هروژمی مەرگ و ژیانە و وەکوو تەونی جاڵجاڵۆکە، لە وێنەکان، لە ریتم و چڕی شەپۆلەکاندا ژیانی داوەتە دەست مەرگ، هەرچۆن مەرگیشی داوەتە دەست ژیان. ئەمە ژیانە، لەهەمانکاتدا دونیای مەرگ و ئامادەگی مەرگە. چەندە ئەم قەسیدەیە دەخوێنیتەوە، چەندە لە لاپەرەکانی دوایی و وێستگەکانی کۆتایی نزیک دەبیتەوە، هێندەیش بەتاڵ دەبیتەوە، وشە و وێنەکان بە هەنگاوی گەورە بۆ دواوە، بەرەو پێشەوە دەڕۆن. ئەم شەوە فەلسەفییە، بە زمانێکی چڕ چنراوە، چڕی لە وشە و وێنە و مەرگی “من”ەکاندا.

وێنەکان لە جوڵەیەکی بەردەوامدان، ڕەوشەکان دووبارە دەبنەوە، وشەکان سەرلەنوێ دەوترێنەوە و دەنگەکانیش “من”ەکان ڕیز دەکەنەوە و لە چیرۆکێکی تردا دەست پێ دەکەنەوە. لەدوا لاپەڕەکانیشدا “من”ەکان دەبنەوە بە کارەکتەری شانۆنامەکانی نۆرێن و بەشێوەیەکی ئاسان و ساکار خۆیان ئەدەن بە دەستەوە. دەبنە کۆمەڵێک جوڵە و بەریتمێکی مۆسیقی دەجوڵێنەوە، سەما دەکەن و دەکەون و هەڵدەکشێن و دادەکشێن. ئەم “من”انە نە لە هیچ شوێنێک دان و نە هیچ مێژووییەکیان هەیە و نە سەر بە هیچ زەمەنێکیشن، چەندین پرسیار لەناویاندا دێن و دەچن، بەبێ ئەوەی هیچ وەڵامێک لە دەروازەکانی ئەم شەوە درێژە فەلسەفەییەوە، نە دەست “من”ەکان بکەوێتەوە و نە خوێنەریش هیچ وەڵامێک بدۆزێتەوە. ئەم قەسیدەیە، کۆی شانۆنامەکانی ئەم چل ساڵەی نۆرێنە و لێرەدا، لە ئەفسونی وشە و چڕی وێنەکاندا لەت و پەت بوون، پریشکی دیمەن و ڕووداوەکان و پارچەی کارەکتەرەکانە و لە “من”ەکاندا ڕەنگیان داوەتەوە و لە مەملەکەتی مەرگدا بەرجەستەی کردوون و سەرلەنوێ بوونەتەوە بە شانۆنامە یان داستانێکی مۆدێرن و شەوێکی درێژی فەلسەفی.  

نۆرێن لەم قەسیدە درێژەدا خوێنەرەکانی بە وێنە و چیرۆکە پڕ لە ڕازو نهێنییەکانی ڕاو دەنێت، چەندە تراجیدیایە، هێندەیش کۆمیدیایە، چەندە فەلسەفەیە، هێندەیش چیرۆکێکی ساکاری ژیانی ڕۆژانەیە: دایکێک لە پەنای سێبەری کچەکەیدا هاوار دەکات، بەبێ ئەوەی خۆی هەست بە هاوارەکەی خۆی بکات. باوکێک، کە لەسەر قەرەوێڵەکەیەوە بە دەما دەکەوێتە خوارەوە، لە زەوییەکەدا بزر دەبێت، دەتوێتەوە و دیار نامێنێت. “من”ی چاودێر، کە لە شوێنە نادیار و تاریکەکاندا خۆی مەڵاس داوە، کەسانی سێبەرئاسا و مردووەکان تەراتێنی تیادا دەکەن. سەگێک بەرامبەر بە ماشێنێکی کۆن و فڕێدراو، لە ناوەڕاستی بیابانێکدا هەڵتروشکاوە و بە بەردەوامی دەوەڕێت، لەبەر ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان مرۆڤێکی زیندوو لەو ماشێنەدا دانیشتووە. دایک و باوکەکانی ئەم چل ساڵەی شانۆنامەکانی نۆرێن، لە شەڕێکی بێ کۆتایی وەچەکاندا، لە هەرەسهێنانی بنەماکانی خێزاندا، بە سیمای دەمامکئاساوە دەستەو یەخەی “من”ەکان دەبنەوە و بەدوای پێناسێکی تردا دەگەڕێن. 

ئەم قسیدە درێژە لە رۆحی سامۆئیل بێکێت نزیک دەبێتەوە. “من”ەکان لە وشە و وێنە و وچان و بێدەنگییەکانی بێکێت و زمانە فەلسەفییەکەی ئەودا دەژین، کە بزریش دەبن هەر لە دونیا پڕ لە ڕاز و نهێنییەکەی بێکێتدا خۆیان دەشارنەوە. نۆرێن لەم تێکستەیدا، بە چەشنی بێکێت کاری لەسەر مەودا دوور و نزیکەکانی زەمەن کردووە، زەمەنێکی فەلسەفی؛ زەمەنێک بۆ “من”ە زیندووەکان و زەمەنێکیش بۆ “من”ە مردووەکان، ئەم زەمەنەی نۆرێن زەمەنێکی شلە و فۆرمی هەموو دەفرەکان وەردەگرێت و بە ئاسانیش لە پانتاییە بۆشە ناکۆتاکاندا بڵاودەبێتەوە. 

نۆرێن لەم قەسیدە فەلسەفییە درێژەیدا، دەیەوێت بڵێت، کە من مردم لە کوێ بژیم.  

 

دانا رەئوف

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.