Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
لۆژیکی تێپەڕاندن یان لۆژیکی به‌زاندن؟

لۆژیکی تێپەڕاندن یان لۆژیکی به‌زاندن؟

Closed

 

 

 

 

کاک به‌ختیار ئه‌م کاته‌تان باش، به‌ هیوام باش بن.

بە پێویستی نازانم نامەکەم بەوە دەست پێ بکەم، کە یەکێکم لە خوێنەرەکانت و بەردەوام بەرهەمەکانت دەخوێنمەوە، چونکە پێشتر زیاتر لە جارێک لەبارەی ڕۆمانەکانتەوە نووسیومە و پشتم بە گوتارەکانت بەستووە، بەڵکو ئەوەی دەمەوێت لێرەدا لێتی نەشارمەوە ئەو سەرنجانەن، کە دوای خوێندنەوەی گوتاری (خۆگێلکردن وەک ستراتیژ – سیروان عەبدول وەک نمونە) لای خۆمم یاداشت کردوون. دیارە نامه‌وێت ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م، که‌ (سیروان عه‌بدول) چۆن له‌ بابه‌ته‌که‌ی پێشووی ئێوە تێگه‌یشتووه‌ و زمانی چۆن بووه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ باسێکی سه‌ربه‌خۆیه، بەڵکو ئەوەی ئێستا بۆ من گرنگە ئەو زمانەی تۆیە. با له‌ ناونیشانه‌که‌وه‌ ده‌ست پێ بکه‌ین. ئێوه‌ وشه‌ی (گێل) به ‌کار ده‌هێنن، که‌ له‌ زمانی ئینگلیزی به‌ مانای (stupid – foolish – silly) دێت. له‌ به‌کارهێنانی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یەدا‌، ئێمه‌ تێده‌گه‌ین تۆ (گێل) وه‌کو دۆخێکی بیرکردنه‌وه‌ی دوور له‌ ئه‌قڵ وێنا ده‌که‌یت، چونکه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و خۆگێلکردنه‌، بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌قڵانه‌یه‌. پارادۆکس لێرەدا ئەوەیە ستافی گۆڤاری ڕه‌هه‌ند هەر لە سەرەتاوە، کە دەرکەوتوون بانگەشەی ئەوەیان کردووە پڕۆژەی نوێکردنەوەیان هەیە و پشت بەو فەیلەسووف و ڕووناکبیرانە دەبەستن، کە لە فکری دنیادا بە ڕەخنەگری مۆدێرنیتە ناسراون، لە (نیتشە)وە بۆ (هایدیگەر) و لەوێوە بۆ (ژان فرانسوا لیۆتارد)، (فۆکۆ)، (جیل دۆلۆز)، (بارت)، (دێریدا) و ئەوانی دیکە. ڕاستییەکەیشی ئەوانە ڕەخنەی توند لە ئەقڵ و زانست دەگرن. 

ئەوەی سەیرە لێرەدا ئەوەیە ئێوە نووسەرانی دیکە بە گەمژە، نەخوێندەوار، فسفسپاڵەوان، جاهیل، بێمەعریفە و شتی لەم بابەتە تۆمەتبار دەکەن. خاڵی هاوبەشی ئەو ئاوەڵناوانەی دەیانخەنە پاڵ نووسەرانەوە، پێوەندییان بە ئەقڵ و زانستەوە هەیە. واتە ئەوانەی ئێوە ڕووبەڕوویان دەبنەوە، لەو دوو شتەیان کەمە. ئەمە لە چییەوە هاتووە؟ ئایا ئەقڵ و زانست لای ئێوە هێندە گرنگن، کە نەبوونیان لای مرڤ وەک کەموکوڕی سەیر بکرێت؟ با لە جیاتی ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، هەوڵی ئەوە بدەین بە کورتی چەند ئاوتڵاینێک لەبارەی فکری پۆستمۆدێرنیتەوە بخەینە ڕوو، کە وەک گوتمان ئەوانە ڕەخنەی توند لە هەردوو چەمکی ئەقڵ و زانست دەگرن. ناکرێت لە (نیتشە) دەست پێ نەکەین. (نیتشە) دوای ڕەخنەگرتنی لە کەلەپووری کانت و سەرجەم ئایدیالیزمی ئەڵمانی، بۆ (هیراکلیتس) دەگەڕێتەوە. واتە بۆ ئەو سەردەمەی هێشتا ئەقڵ کۆنتڕۆڵی جەوهەری مرۆڤی نەکردووە. (هیراکلیتس) باوەڕی وایە هیچ شتێک نییە بە دەر بێت لە خەسڵەتی دژ بە یەک، کە بەم پێیە شتە دژەکان دواجار هەر یەکێکن، وەک ئەوەی دەشێ سارد گەرم بێت، ڕووناکی تاریکی بێت. چێژ و ئازار دژی یەک نین، وەک چۆن نەخۆشی و تەندروستییش هەر یەکێکن. ئەمە وا دەکات (نیتشە) پێی سەرسام بێت، بەوەی هەر بەم میتۆدە حەقیقەتیش درۆیە. بە کورتی (نیتشە) ڕێگارد بۆ (دیۆنیسۆس Dionysus) دەگەڕێنێتەوە، کە لایەنی هەست، نەست و ویست دەگرێتەوە، دوای ئەوەی (ئەپۆلۆ Apollo)، کە نوێنەری لایەنی ئەقڵییە، دەستی بە سەردا گرتووە و ئەنجام بووەتە هۆی لێکترازانی ئەقڵ و هەست. پێی وایە ئەقڵ هەر شتێک بەرهەم بهێنێت لە دیدگا، تێگەیشتن، زانست، فەلسەفە و ئەندێشە، وردە وردە بۆ بت دەگۆڕێن، کە ئەوەی دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەو بتانە ببێتەوە ویستی هێزە. ویستی هێز مانای بەگژداچوونی مۆرالیتیی کۆیلە (Slave Morality)یە، دواجار بەگژداچوونەوەی ئەو تێکستانەشە، کە بەها و مۆرالیتیی کۆیلە لە خۆیان دەگرن و دەیانپارێزن. کەواتە ویستی هێز دەتوانێت نەک هەر لەوەدا فریامان بکەوێت ڕابردوو دووبارە نەکەینەوە و بەو حوکمە ڕازی نەبین، کە واقیع بەسەرمانیدا دەسەپێنێت، بەڵکو ئەو حەقیقەتانەیش تێبپەڕێنین، کە ئەقڵی کۆیلە بەرهەمی هێناون. لێرەوەیە (نیتشە) نەک هەر ڕەخنە لە ئەقڵ دەگرێت، بەڵکو ئەو دوالیزمانەیش تێک دەشکێنێت، کە فەلسەفەی ئایدیالیزم و ئایینەکانیان لەسەر دامەزراوە. بەم شێوەیە زمانیش لای ئەو فەیلەسووفە پیرۆزیی نامێنێت. لەپاڵ ئەقڵدا زانستیش دەداتە بەر ڕەخنە، بەوەی دەشێ زانست دنیای ساختە و وەهم پێشانی مرۆڤ بدات. بۆ نموونە لە لاپەڕە (37&38)ی (زانستی هۆژی، The gay Science)دا دەنووسێت: (ئەگەر دوا ئامانجی زانست فەراهەمکردنی چێژی زۆرە بۆ مرۆڤ و دوورخستنەوەی کەمێک بێزارییە تا ئەو ڕادەیەی دەکرێت، ئەی چی ڕوو دەدات کاتێ چێژ و بێزاری لە یەکتر دەئاڵێن، کە تەنیا گرێیەک پێک دەهێنن، بۆ ئەوەی هەر کەسێ هەندێک چێژ بە دەست بهێنێت، پێویستە بە هەمان ئەندازەیش بەرگەی بێزاری بگرێت. ئەو کەسەی فێری ”ئاسوودەیی هەتا ئاسمان” دەبێت، لە سەریەتی ئامادەی ئەوەیش بێت ”تا ئاستی مەرگ دڵتەنگ” بێت). بەم شێوەیە دەیەوێت بڵێت زانست لەناوەوە پڕە لە شتی دژ بە یەک و ناکرێت وەک حەقیقەت لێی بڕوانین. ئەمە ڕێگا بۆ هەموو ئەو فەیلەسووفانەی دواتر خۆش دەکات، کە بە ڕەخنەگرانی مۆدێرنیتە ناسراون، وەک (فۆکۆ)، (دێریدا) و ئەوانی دیکە، تاکو ڕەخنەی توند لە ئەقڵ و زانست بگرن و وەک کۆنتڕۆڵ لێیان بڕوانن. ڕەخنەی هەموویان لە ئەقڵ و زانست لەو ڕوانگەیەوەیە، کە مۆدێرنیتە ئەگەر بەرەنگاری سەرجەم فکری کۆن بووەتەوە و بوارێکی بۆ بوونی خواوەند نەهێشتووەتەوە، ئەوا ئەو دووانەی، واتە ئەقڵ و زانستی وەک جووتێ خواوەند ناساندووە، کە دەبێت ڕووبەڕوویان ببنەوە.

 بە بڕوای (فۆکۆ) ئەقڵ و زانست نەک هەر ئازادییان نەهێناوە، بەڵکو لە سەپاندنی هێز و دەستەڵات لەسەر تێکڕای ئاستی کایە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤدا بەشدارن، بۆیە ڕەخنەی ئەو ئاڕاستەیە بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان (Soft science) و دیوی ناوەوەیان ئاشکرا دەکات، کە ئەوانە پێکهاتەی دەستەڵاتخوازییان هەیە. (فۆکۆ)یش وەک (نیتشە) هه‌میشه‌ ویستوویەتی ئه‌قڵ بخاتە ژێر پرسیاره‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌قڵ بە سه‌رچاوه‌ی ئه‌و کاولکارییانه دەزانێت‌، که‌ به‌سه‌ر جیهاندا هاتوون.  پڕۆژەکەی خۆی بە کتێبی (مێژووی شێتی لە سەردەمی کلاسیکیدا) دەست پێ دەکات و تاکو مردن درێژەی پێ دەدات. بە کورتی لە دیدی (فۆکۆ)دا زانست پێچەوانەی پێناسە باوەکەی، کە وەک هاوواتای ئازادی ناسراوە، کار بۆ هێنانەوەی پاساو دەکات چۆن دامودەستگاکان لە پەروەردەوە بۆ پۆلیس دەستەڵاتی خۆیان لەسەر ئەندێشە و جەستەدا پیادە بکەن. (فوکۆ) به‌ شێوه‌یه‌کی چڕ له‌باره‌ی (شێتخانه‌)ەوە دواوه‌، که‌ یه‌کێکه‌ له‌ دەستگا مۆدێرنه‌کان و تێیدا ئه‌قڵ ده‌کرێته‌ پێوانه‌ی مرۆڤ و به‌و هۆیه‌وه‌ شێته‌کان له‌ جیهانی ئێستاماندا جیا ده‌کرێنه‌وه‌، که‌ ئه‌مه‌یش یه‌کێکه‌ له‌ خه‌سڵه‌ته‌کانی دنیای مۆدێرن.  بە بڕوای (فۆکۆ) مرۆڤی شێت لە کۆمەڵگا دوور دەخرێتەوە، چونکە لە ئەقڵ بێبەشە، وەک ئەوەی ئێمە لە ڕۆشنبیریی خۆماندا دەیبینین چۆن ئەو نووسەرانەی ئەقڵ و زانستیان نییە پەراوێز دەخرێن و مافی دەربڕینی بۆچوونیان پێ ڕەوا نابینرێت. ڕەخنەگرتن لە ئەقڵ لای (دێریدا) توندتر دەبێتەوە، کاتێ چەمکی سێنترالیزمی ئەقڵ (Logocentrism) بە کار دەهێنێت. بە بڕوای ئەو ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەقڵ مانای ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ مێتافیزیکادا، کە دەستەڵاتی خۆی بەسەر زماندا سەپاندووە و مرۆڤی کۆنترۆڵ کردووە. بە مانایەکی تر ئەوە مێتافیزیکایە زمان هەڵدەسووڕێنێت، نەوەک مرۆڤ. مێتافیزیکا دەنگ دەکاتە سەردار، بۆیە (دێریدا) بە نووسین ڕووبەڕووی دەنگ دەبێتەوە. (دێریدا) هەڵوەشاندنەوە (Deconstruction) دەکاتە ڕێگا بۆ ترازاندنی هەموو ئەو چەمکانەی ساڵەهایە لەناو فکری ڕۆژئاوادا وەک ڕاستیی چەسپاو (Absolute truth) خۆیان سەپاندووە و پیرۆز کراون. دەکرێت بڵێین لای ئەو فەیلەسووفە هەردوو سێنترالیزمی دەنگ (Phonocentrism) و سێنترالیزمی ئەقڵ (Logocentrism) وا دەکەن دوالیزمەکانی وەک (ئەقڵ و گەمژەیی)، (چاک و خراپ)، (نووسین و قسە) و تێکڕای ئەوانی دیکەیش بە شێوەی ڕەها سەیر بکرێن. ئەگەر بۆ لای گوتارەکەی تۆ بگەڕێینەوە بە ئاسانی لەوە تێدەگەین (گێل)، (نەزان) و ئەوانی تریش پێچەوانەی (ئەقڵ)ن. لێرەدا نەک هەر ویستێک نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دوالیزم، بەڵکو لە شێوەی ئەو ئاوەڵناوانەیش بە کار هاتوون، کە کەلتووری کوردی بە قێزەونیان دەزانێت. کەواتە وەک (دێریدا) باوەڕی وایە ئەوەی ئەو دوالیزمەی بە کار هێناوە، مێتافیزیکایە، نەوەک تۆی نووسەر. من مەبەستم نییە بە مێژووی فکری پۆستمۆدێرنیتەدا بچمەوە، بەڵکو دەمەوێت ئەو وێنەیەی لەسەرەوە پێشانم دا، بخمە بەرچاوم و بپرسم ئایا زمانی ڕەخنە ڕێگامان دەدات  ئێمە ئاوەڵناو  بخەینە پاڵ ئەو نووسەرانەوە، کە سەرنجی خۆیان لەبارەی بەرهەمەکانمانەوە دەنووسن؟ ئەمانە وەک جوێن سەیر دەکرێن. دواتر بۆ چەمکی جوێن دەگەڕێمەوە، بەڵام پرسیاری من ئه‌وه‌یه‌ ئایا نووسه‌رێک به‌ قووڵی له‌و فه‌یله‌سووفانه‌ تێگه‌یشتبێت و چه‌ندین جار وه‌ک سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفی له‌ بابه‌ته‌کانیدا ناوی هێنابن، دێت و تۆمه‌تی گێلیه‌تی بخانه‌ پاڵ که‌سێک و به‌ خاڵێکی نێگه‌تیڤی بزانێت؟ ئایا ئه‌وه‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌یه‌ له‌و پڕۆژە‌ فیکرییه‌ت‌، یان له‌ بنه‌ڕه‌تدا تێنه‌گه‌یشتنه‌ له‌و کۆنسێپتانه‌ی، که‌ له‌ به‌رهه‌مه‌کانتدا به ‌کارت هێناون؟ ئایا پرۆسێسی ڕەخنە ڕێگامان دەدات وا لە خوێنەر بکەین وەک ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بەرهەمەکانمان بخوێننەوە و کاتێ سەرنجی ئەوان لەگەڵ ویستی ئێمەدا ڕێک ناکەوێت، بەو میتۆدە وەڵامیان بدەینەوە، کە ئەوان لە ڕێگا ڕاستەکە تێنەگەیشتوون و هاوسات ڕێگا ڕاستەکەیشیان بخەینە بەردەم؟ 

گۆڤاری ڕه‌هه‌ند له‌ دوای ڕاپه‌ڕین‌ ده‌رچوو و کۆمه‌ڵێک نووسه‌ر ویستی ئه‌وه‌یان پێشان دا‌ به‌ میتۆدی جیاواز ئیش بکه‌ن، که‌ خۆت یه‌کێکیت له‌ دەنگە هەر دیارەکانی. من وەک ئەوەی هاوتەمەنی ئەو گۆڤارەم، بەوەی چوار ساڵ دوای ڕاپەڕین لە دایک بووم، بۆم هەیە بپرسم کوا بەرهەمی ئەو گۆڤارە؟ کوا پڕۆژەی یەکە یەکەی ئەو نووسەرانە؟ کوا ئەو زمانە جیاوازەی هێناویانە؟ من ئەو پرسیارانە دەکەم، مانای وا نییە هیچ پڕۆژەیەک نابینم. مانای ئەوەیش نییە هەموو دەنگەکانی ڕەهەند وەک یەکن، وەک چۆن مانای ئەوەیش نییە یەکێکتان لەوەی ترتان بەرپسیارە. بۆ نموونە لە سەرجەم نووسینەکانی (ئاراس فەتاح)دا یەکێ لەو ئاوەڵناوانە نابینم خرابنە پاڵ نووسەرانی دیکەوە، کە کەلتووری ئێمە بە نەگەتیڤیان دەزانێت. تۆ و (ڕێبین هەردی) زیاترین ئاوەڵناوی گەمژە، گێل، نەفام، نەخوێندەوار، فسفسپاڵەوان، جاهیل و هیی ترتان بۆ ئەو نووسەرانە بە کار هێناوە، کە وەڵامتان داونەتەوە، بەڵام مانای ئەوە نییە ئێوە وەک یەک وان. (ڕێبین هەردی) ماوەیەکی زۆرە خۆی بە سیاسەتەوە شۆڕ کردووەتەوە و زمانەکەی لە جاران سادەتر بووەتەوە. گرنگترین گوتاری نووسیبێت لەبارەی (مۆدێرنەبوون و کێشەکانی)ەوەیە، کە لە ستوونی تایبەتی خۆی لە ڕۆژنامەی (ئاوێنە)دا بڵاوی کردووەتەوە. گوتارێکی تا بڵێی سادەیە و زۆر ڕووکەشانە چەمکەکانی بە کار هێناوە. من لەو بارەیەوە گوتارێکم لەژێر ناونیشانی (مۆدێرنەتی و ڕووکەشیی ڕۆشنبیران)ەوە نووسیوە، کە لەم لینکەدا دەتوانیت بیخوێنیتەوە:

http://www.dengekan.info/dengekan/gshty/15415.html

تۆ و (ڕێبین هەردی) تاکو ئەم ساتەیش جیاوازن و زۆریش جیاوازن. من دەتوانم پڕۆژەیەک ببینم بە ناوی (پڕۆژەی بەختیار عەلی)، کە هەر ئەمەیشە وام لێ دەکات ئەم نامەیەت بۆ بنووسم، بەڵام ئەو پرسیارە وازم لێ ناهێنێت: چۆن ڕووناکبیرێک پڕۆژەی فکریی هەیە و ڕۆماننووس و شاعیریشە، بەم زمان و میتۆدە دەنووسێت؟ بە بڕوای من هیچ پڕۆژەیەکی فکری بەبێ تێگەیشتنی قووڵ لە زمان نایەتە کایەوە و ناتوانێت کاریگەر بێت. تۆ بەردەوام ویستووتە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەم لایەنە فەرامۆش بکەیت. ڕیاکشنێکت لە بەرانبەر ئەوانەدا لا دروست بووە، کە لەسەر واوێک، یایەک، یان شتی دیکەی لەم بابەتە ڕێگا بە خۆیان دەدەن بەرهەمی تۆ بشکێنن. ئەگەر ئەوان ڕێنووس و خاڵبەندییان بە لاوە گرنگە، تۆیش بە پێچەوانەوە پێت وایە گرنگ نین، کە ئەوە مانای وا نییە جیاوازیی خۆتت دەرخستووە، چونکە تۆیش وەک ئەوان زمان وەک پێکهاتەیەکی فیزیکی دەبینیت، کە دەشێ مرۆڤ پارچەکانی دەستنیشان بکات. ئەمەت بە ڕوونی لە گوتاری (زمان زانین)دا بەرجەستەت کردووە.  دەستنیشانکردنی پارچەکانی زمان تەواو پێچەوانەی ئەو تێگەیشتنەیە لە (نیتشە)ەوە بۆ (دێریدا) و ئەوانی دیکەدا لە بەرانبەر تێگەیشتنە باوەکەدا هاتووەتە کایەوە. ئیتر زمانیش وەک هەر چەمکێکی تر بە مێتافیزیک دەزانرێت و دەهێنرێتە ژێر دەستەڵاتی ڕەخنەوە، مادام زمان دەتوانێت بە هۆی ڕێتۆریکەوە فریومان بدات و لە شێوەی ئەقڵ و لۆژیکدا خۆی پێشان بدات، بۆیە (نیتشە) بۆ وشە ئۆریگیناڵەکان دەگەڕێتەوە. واتە پێش ئەوەی کۆنتێکستە فکرییەکان شێواندبێتیان، کە دواتر ئەو پڕۆژەیە بە شێوەیەکی جیاوازتر لای (دێریدا)دا سەر هەڵدەداتەوە و وەک گوتمان بە میتۆدی هەڵوەشاندنەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە و نووسین دەخاتە پێش قسەوە. ئەگەر بمانەوێت باسی زمان لای فەیلەسووفانی پۆستمۆدێرنەتە بکەین، ئەوا ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبینەوە، بە تایبەتی لای (هایدیگەر)دا، بەڵام مەبەستمان نییە و دەمانەوێت تەنیا ئاماژە بەوە بدەین ناکرێت زمان پارچەپارچە بکرێت و بڵێین هەندێکی باشە و هەندێکی خراپ. نیوەی پێویستە و نیوەکەی تری زیادەیە، وەک ئەوەی تۆ پێت وایە ڕێنووس، خاڵبەندی و ڕەگەزەکانی تری گرامەر گرنگ نین، بەڵکو تەنیا دەربڕین گرنگە. ئایا ڕێنووس، خاڵبەندی و هەموو نیشانەکانی دیکەی نووسین بەشێک نین لە دەربڕین؟ بەڵێ، بەشێکن. ئایا ئەوانە جیا دەکرێنەوە؟ نەخێر، بەڵام تۆ جیات کردوونەتەوە، تاکو بۆچوونی ئەوان پووچ بکەیتەوە و بۆچوونی خۆتیان لە شوێنی دابنێیت، وەک ئەوەی لەگەڵ (سیروان عەبدوڵ)دا کردووتە. تاکو ئێستا نە ئەوانەی دەڵێن ڕێنووس و خاڵبەندی گرنگن، پێیان گوتووین بۆچی گرنگن و نە تۆ کە بەردەوام پێ لەسەر ئەوە دادەگریت گرنگ نین، پێت گوتووین لەبەرچی گرنگ نین، چونکە هیچ لایەکتان ناتوانن زمان لەتلەت بکەن و تێگەیشتنتان بۆ خودی زمان هەمان ئەو تێگەیشتنە باوە میللییەیە، کە بەسەر بیرکردنەوەی کوردیدا زاڵە. هەر بە گشتی کەلتووری ئێمە زمانی بە کێشە نەزانیوە و بەشێکی زۆری نووسەرەکانیشی ویستی تێپەڕاندنی ئەو کەلتوورەیان نەبووە. (لویدڤیگ ڤیتگینستاین) کێشە فەلسەفییەکان بە کێشەی زمانەوە دەبەستێتەوە. بڕوای وایە بۆ ئەوەی لەو کێشانە تێبگەین، دەبێت تێگەیشتنی دروستمان لەبارەی زمانەوە هەبێت، چونکە فکر و زمان هەمان شتن. بە مانایەکی تر بۆ تێگەیشتن لە کێشە فەلسەفییەکان نەک هەر دەبێت لە زمانەوە دەست پێ بکەین، بەڵکو دەبێت ئەوەیش بزانین تەنیا زمان ڕێگامان دەدات بچینە ناو ئەو کێشانەوە، مادام زمان ئەو ڕێگا هەستی (Means Sensory)یەیە، کە مرۆڤ دەتوانێت بە هۆیەوە بیرۆکەکانی دەرببڕێت. لەبەر ئەوەیە (ڤیتگینستاین) فەلسەفەی خۆی لەسەر ڕاڤەکردنی زمان دادەمەزرێنێت و پێی وایە ئەوە زمانە، نەوەک واقیع ئێمە لێی تێنەگەیشتووین. چەمکی ڕاڤەکردن (Analysis) وەک لە کتێبی (نامەی لۆگیکی فەلسەفی Logical-Philosophical Treatise)دا پێی لەسەر دادەگرێت ڕێگای مەعریفییانەیە بۆ تێگەیشتن لە زمان و لە واقیعی خۆمان. دەبێت ئێمە لەوە تێبگەین هەر جارێ ئەو فەیلەسووفە باس لە زمان دەکات، ئەوا مەبەستی لە فکریشە، چونکە پێی وایە ئەوانە لە یەکتر دانابڕێن. گوتاری (زمان زانین)ی تۆ سنووری زمانی ڕۆژانەی تێنەپەڕاندووە و لە وەسفدا غەرق بووە. بۆ ئەوەی بیسەلمێنیت ڕێنووس و خاڵبەندی گرنگ نین، زمانت لە هەندێک شتی سادەدا کورت کردووەتەوە. لەوێش هەموو ئەو نووسەرانەت بە نەزان زانیوە، کە خەریکی خاڵبەندی، ڕێنووس و شتەکانی دیکەی گرامەرن. ئایا بە ڕاستی ڕێنووس و خاڵبەندی گرنگ نین؟ ئەگەر وایە بۆچی بەشێکن لە زمان؟ سادەیی لێرەوە دەست پێ دەکات، کە پرسیار بکەین ئاخۆ ڕێنووس و خاڵبەندی گرنگن، یان نا، چونکە ئەمە کەمکردنەوەی بایەخی زمانە. ڕاستتر نەبینینی زمانە وەک کێشەیەکی گەورەی ئۆنتۆلۆجی. من هێندە نابێت لەبارەی زمانەوە کۆڕێکم پێشکەش کردووە و لە ئاییندەیەکی نزیکیشدا لە شێوەی گوتاری سەربەخۆدا بڵاوی دەکەمەوە، کە ویستوومە بڵێم تاکو زمان نەکەینە کێشەیەکی گەورە، ناتوانین ڕووبەڕووی فکری گەورە ببینەوە. ئه‌گه‌ر تێگەیشتنی (ڤیتگینستاین) بخەینە بەرچاو‌، ئه‌وا ده‌بێت بڵێین ئێمه‌ بۆیه‌ وه‌ک کێشه له‌ زمانمان نه‌ڕوانیوه‌، چونکه‌ له‌ بنچینه‌دا فیکر لای ئێمه‌ نه‌بووه‌ته‌ جێگه‌ی پرسیار.

دەتوانم بڵێم ئەگەر زمانت بە کێشە بزانیایە ئەم گوتارەت یان نەدەنووسی، یان بە زمان و میتۆدێکی دیکەت دەنووسی، چونکە وردبوونەوە لە زمان هاوساتی وردبوونەوەیە لە فکر. ئەگەر هەموو جووڵەیەکی زمان بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا و تێپەڕاندنی ئەو بابەتە بێت لێوەی دەدوێت، ئایا تۆ لە زمانی ئەم گوتارەتدا دۆخی ئێستا و ئاستی گوتارەکەی (سیروان عەبدول)ت تێپەڕاندووە؟ ئایا دەکرێت لە ڕێگای بەکارهێنانی ئاوەڵناوی وەک گێل و نەزانەوە هیچ دۆخێک تێبپەڕێنین؟ ئەوەی تۆ کردووتە نوێ نییە، بەڵکو کەلتووری ئێمە زیاتر لە چل ساڵە خەریکیەتی، کە دەکرێت ناوی بنێین کەلتووری بردنەوە و بەزاندن.  من یەکێکم لەوانەی پێیان وایە ئەدەبی ڕوانگە خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی فکری و ئیستاتیکای کوردیدا و بەشداریم لەو تەوەرەیەدا کردووە، کە لەبارەیەوە کراوە و ئاماژه‌م به‌ کاریگه‌ریی ئه‌و گرووپه‌ کردووه‌ له‌سه‌ر زمانی پێش خۆی، بەڵام هاوکات ناکرێت ئەوەیش نەبینین، کە دەرکەوتنی زەمینەیەکی لەباریشە بۆ خوڵقاندنی کەلتووری بردنەوە و بەزاندن. کاتێ دەزانین ئەدەبی ڕوانگە ماوەیەکی کورت دوای دەرچوونی بەیاننامەی یازدەی ئادار چاو هەڵدەهێنێت، ئەوسا لەوە تێدەگەین چۆن لۆژیکی شەڕی چەکداری بۆ لۆژیکێکی هاوشێوەی دەگۆڕێت، کە لۆژیکی شەڕی قەڵەمە. ئایدۆلۆجیا شه‌ڕی چه‌کداری دەوه‌ستێنێت، به‌ڵام به‌ ناڕاسته‌وخۆیی ئه‌و شه‌ڕه‌ دەخاته‌ ناو ئه‌ده‌ب و بواری فیکرییه‌وه‌.  واتە شەڕ لە ئاستی بینراوەوە دەهێنێتە ئاستی نەبینراوە. بەم شێوەیە زمان تا ئەو ئاستە سادە دەکرێتەوە، کە بتوانێت بە ڕوونی، بە هەمان ئەو ڕوونییەی گوللە هەیەتی، نیشان بپێکێت. له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌، نه‌وه‌یه‌ک دێت، ویستی تێپه‌ڕاندنی ئه‌و میتۆده‌ی هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت له‌و زمانه‌ باوه‌ ده‌ربچێت. پێشه‌نگی ئه‌و نه‌وه‌یه‌، ڕه‌هه‌ندییه‌کانن، بەڵام وردە وردە بەشێک لەو نووسەرانە بۆ هەمان زمان و میتۆد دەگەڕێنەوە. مەترسیی ئەوانە لەوانەی پێشوو گەورەترە، چونکە پشت بەو سەرمایە سیمبۆڵییە دەبەستن، کە سەرەتا بە دەستیان هێناوە، بەو مەبەستەی لە لایەک لەگێتیماسی بۆ شەڕەکانیان مسۆگەر بکەن و لە لایەکی دیکەیش هەر دەنگێکی ڕەخنەیی بخەنە پەراوێزەوە، کاتێ ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەوەی ئەوانە توانیویانە ڕای گشتی بە دەست بهێنن و ژمارەی خوێنەر، تیراژی کتێب، ژمارەی ئەو گوتارانەی لەبارەیانەوە نووسراوە، ژمارەی دەرکەوتنەکانیان لە تیڤی بکەنە بەڵگەی (بلیمەت)ییان، بۆ ئەوەی لە ئاستی ڕەخنەی (گێل)ەکاندا بەرگری بکەن. من ئێستا وەک یەکێ لە نووسەرانی نەوەی ئەمڕۆ جیاوازی لەنێوان بەشێک لەم نووسەرانە و ئەوانەی پێش خۆیان هەست پێ ناکەم. لە نەوەدەکانەوە ناوی فەیلەسووف و چەمکەکان زۆر دەبن، بەڵام ئەوانە زۆر بە سادەیی کاریان پێ دەکرێت. ئایا ئەگەر بە ڕاستی فکری ئەو فەیلەسووفە ڕەخنەگرانە گەیشتوونەتە ناو کەلتووری ئێمە، بۆچی نەیانتوانیوە کەمترین گۆڕانکاری بکەن؟ بۆچی نەیانتوانیوە ئاستی زمان بگۆڕن؟ کۆمیدیا لێرەدا ئەوەیە هیچ یەکێ لەو فەیلەسووف و ڕەخنەگرە گەورانەی دنیا بۆ ساتێک دەستیان لە زمانی خۆیان هەڵنەگرتووە. هەرگیز یەکێکیان بە میتۆدی بردنەوە و بەزاندنی بەرانبەر کاری نەکردووە. یەکێکیان بە نووسەرێکی دیکەی نەگوتووە گێل و نەفام، بەو مەبەستەی لەو ڕێگایەوە بگاتە ئەو حەقیقەتەی بۆی تێدەکۆشێت. پرسیار ئەوەیە دەبێت ئەو نووسەرانەی ئێمە چەند لەوانە تێگەیشتبن؟ بەشێک لەو نووسەرانە ناوی ئەو فەیلەسووفانەیان بۆ ئەوە نەهێناوە، لێیان قووڵ ببنەوە، بەڵکو ویستوویانە کورتیان بکەنەوە و بۆچوونە ڕەهاکانی خۆیانیان پێ بە هێز بکەن. ئه‌و میتۆده‌ ڕێک له‌ شێوازی ئه‌و حیزب و گرووپە چه‌کدارانه‌ ده‌چێت، که‌ ویستی ده‌ستخستنی زۆرترین چه‌کی ڕۆژئاوایان هه‌یه‌، تاکو له‌ شه‌ڕه‌کاندا سەرکەوتن بۆ خۆیان مسۆگه‌ر بکه‌ن. 

من کاتێک ئه‌و وه‌ڵامه‌ی تۆم خوێنده‌وه‌، هه‌رگیز به ‌لامه‌وه‌ گرنگ نه‌بوو (سیروان عه‌بدول) چیی گوتووه‌، چونکه‌ دواجار ئه‌ویش ڕای خۆی ده‌ربڕیوه‌، به‌ڵام به ‌لامه‌وه‌ سه‌یر بوو ئه‌و زمانه‌ هیی نووسه‌رێک بێت، که‌ ده‌ست بۆ گه‌وره‌ترین فه‌یله‌سووف و ڕووناکبیرانی دنیا ده‌بات و هه‌وڵ ده‌دات کۆنسێپته‌کانیان له‌ نووسینه‌کانیدا به ‌کار بهێنێت. تۆ به‌ر له‌وه‌ی له‌ به‌رده‌م نووسینه‌که‌ی (سیروان عه‌بدول)دا بیت، له‌ به‌رده‌م زمانی خۆت و به‌رپه‌رسیاریه‌تی نووسین دایت. ئێوه‌ ئه‌گه‌ر پێتان وایه‌ خۆتان له‌ به‌رده‌م بابه‌تێکی ساده‌ یان ڕووکه‌شدا بینیوەتەوە، ئایا هه‌ر ده‌بێت به‌ ساده‌یی یان به‌ ڕووکه‌شی وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌؟ پێش ئەوەی (هیراکلیتس) ئاگر بە بنەچەی گەردوون بزانێت و بڵێت بزوێنەری هەموو شتێکە، دواجار فەلسەفەی خۆی لەسەر دابمەزرێنێت، خەڵکی ئاسایی تەنیا وەک پێداویستیی ڕۆژانە لەو مادەیەیان دەڕوانی. ئەوە تێڕوانینی ئێمەیە گرنگیی شتەکان هەست پێ دەکات. ئایا ئەگەر (سیروان عەبدول) نەیتوانیبێت ئاڕاستەی گرنگ لەو چەمکانەدا بدۆزێتەوە، کە بە کاری هێناون، دەبێت تۆیش تەنیا ئاڕاستە پێچەوانەکەی ئەو ببینیت؟ نەدەکرا تۆ بە شێوەی تر لێت بڕوانینایە و ئاڕاستەی دیکەت تێدا بدۆزینایەتەوە؟ پرسیارێک دێته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ئایا‌ دەبێت ئێوه‌ نووسه‌رێک به‌ نەزان بزانن و له‌باره‌ی بابه‌ته‌که‌شیه‌وه‌ بنووسن؟ تۆ نەهاتوویت ئەو چەمکانەی (سیروان عەبدول) بە کاری هێناون، بە شێوازی خۆت قسەیان لێوە بکەیت و لەوێوە جیاوازیی خۆتمان پێشان بدەیت، بەڵکو ویستووتە پێ بە پێ دوای وشەکانی بکەویت و هەمان میتۆد بگریتە بەر. واتە زمانی تۆ ئازاد نییە، بەڵکو پێبەندی زمانی ئەوە. لە سەرەتای گوتارەکەتدا بە ڕوونی دەڵێیت: (ڕاستە دەرگیریی زۆر لەگەڵ ئەم نوسینانەدا دەشێت زیانی بەرچاو بە هەر نوسەرێک بگەێنێت، بەڵام فەرامۆشکردنی بەردەوام و بەخشندەیی زۆریش دەمانخاتە بەر بەرپرسیارێتییەکی سەختەوە، بەرامبەر ئەو تێکدان و شێواندنە زۆرەی لە خۆیان گرتووە.) ویستووتە بڵێی ئەو شێواندوویەتی و من ڕاستی دەکەمەوە، کە ئەمەیش وات لێ دەکات لەپێناوی حەقیقەتدا بنووسیت. ئەوەی ڕێگامان لێ دەگرێت ئەم چەند وشەیە نەنووسین، زمانە، کاتێ بە کێشەی دەزانین. ئەو پەرەگرافە پێمان دەڵێت بۆ ئەوە نانووسین، ئەو بابەتەی بەردەممان تێبپەڕێنین، بەڵکو دەمانەوێت لە ئاستی ئەوانەدا بێینە دەنگ، کە لەبارەی بەرهەمەکانمانەوە بۆچوونی خراپ دەردەبڕن. ململانێیەکە لەنێوان شێواندن و ڕاستکردنەوە، نەزانین و زانیندایە، کە ئەوە پێچەوانەی ئەو بانگەشەیەیە نووسەرانی ڕەهەند کردوویانە، گوایە هەموو حەقیقەتەکان دەخەنە ژێر گومانەوە. ئامانجی ئەم گوتارەت ئەوەیە کاتێ خوێنەر تەواوی دەکات، بۆی دەربکەوێت تۆ هەقیت و (سیروان عەبدول) ناهەقە، کە دەشێت لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیدا ئەو سەرکەوتنە گرنگ بێت و دەزانم بەشێک لە خوێنەرەکانیشت ئاواتی ئەو بردنەوەیەت بۆ دەخوازن، بەڵام لەسەر ئاستی فکردا ئەو بردنەوەیە تەنیا مانای ئەوەیە تۆ پێبەندی ئەو زمانەیت، کە مێتافیزیک دەریدەبڕێت، نەوەک خۆت، وەک لای (دێریدا)دا بینیمان. ئەو جۆرە گوتارە، کە لەناو ڕۆشنبیریی کوردیدا نموونەی زۆرە، بە لۆژیکی دادگا کار دەکات‌، نەوەکا بە لۆژیکی فکر. واتە ئەگەر نووسەر بە لایەکی گوت هەق، ئەوا دەبێت بە لاکەی دیکە بڵێت ناهەق، کە ئەمە ئەو کەلتوورەیە ڕەخنەگرانی پۆستمۆدێرنیتە ڕووبەڕووی دەبنەوە، وەک بە ڕوونی لای (دێریدا)دا دەیبینین چۆن ئەو دوالیزمانە تێک دەشکێنێت. ئەو جۆرە گوتارانە ڕووکەشن، چونکە یەک ئاڕاستەیان هەیە و ئەو ئاڕاستەیەش بۆ ئەوەیە بەو شوێنە دیاریکراوە بگات، کە نووسەر مەبەستیەتی. واتە سەلماندنی ئەوەی نووسەرەکەی لەسەر هەقە و بەرانبەرەکەی ناهەقە. ئارگۆمێنتەکانی بۆ ئەوە نین باسەکەیان پێ قووڵ بکاتەوە و ئاڕاستەی نوێیان پێ لە بابەتەکەیدا بدۆزێتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەیەتی ئەو تاکە ئاڕاستەیەی پێ زەق بکاتەوە و بەو ئەنجامە دیاریکراوە بگات، کە هەوڵی بۆ دەدات. کێشەکەی لە ئاستی فکرییەوە هێناوەتە ئاستی کۆمەڵایەتییەوە و بە لایەوە گرنگە زۆرترین خوێنەر بە ڕاستی بزانن. دەشێ نووسەرێک زمانی وەسفیی لە هیی نووسەرێکی تر بەهێزتر بێت و شەڕەکە بباتەوە، بەڵام دواجار ئەوەی پێی دەگات تەنیا حەقیقەتە، کە ئەو حەقیقەتە هەر خۆی پێشتریش ئامادە بووە. کەواتە ئەگەر ڕەخنە وەک پرۆسێسێکی بەردەوام بریتییە لە تێپەڕاندنی حەقیقەتێک و گەیشتن بە حەقیقەتێکی دیکە، بێ ئەوەی تێیدا بمێنێتەوە، ئەوا لەو جۆرە گوتارانەدا ڕەخنە نە پرۆسێسی بەردەوامە و نە ویستی ئەوەی هەیە حەقیقەتەکان تێبپەڕێنێت، بەڵکو ئامانجی ئەوەیە بە حەقیقەتێکی دیاریکراو بگات، بۆ ئەوەی نووسەرەکەی وەک (جامی سەرکەوتنی یاری) لە بەرچاوی جەماوەرەکەیدا ئەو حەقیقەتە بەرز بکاتەوە و وەک کەلوپەلێکی خۆشەویست و گرانبەها لای خۆی بیپارێزێت. وەک چۆن تێگه‌یشتین لێره‌دا بۆ زمان سادەیە و شتی نوێ ناڵێت، تاکو ئاستی ئەو بابەتەی لێی دەکۆڵێتەوە، تێبپەڕێنێت، بە هەمان شێوە ڕووکەشانەیش لە زەمەن دەڕوانێت‌، بەوەی نووسەر پێی وایە ئەگەر ئەو بەرانبەرەی ئێستا لەم ئاستەدایە، ئەوا لە داهاتوویشدا هەر وا دەمێنێتەوە. بەمەیش لە فکری ئێسکەتۆلۆجی (Eschatology) نزیک دەبێتەوە، واتە لەسەر شێوازی لاهووتی پێشبینیی ئاییندەی ئەو نووسەرە دەکات. مادام نووسەر بە لۆژیکی بردنەوە و بەزاندن کار دەکات و دەیەوێت بە هەر شێوەیەک بێت بەو ئەنجامە دیاریکراوە بگات، ئەوا جوێن و تووڕەبوون دەبنە بەشێک لەو میکانیزمە. جوێن چییە؟ چەمکێکی مێتافیزیکییە. جوێنەکان حەقیقەتن و کەلتوورەکان نەک هەر دروستیان کردوون، بەڵکو پارێزگارییشیان لێ دەکەن. بە تەعبیری (نیتشە) جوێن بتە. ئەگەر (گەمژە) و (زانا) لە کەلتووری ئێمەدا خۆیان کاندید بکەن، ئەوا (زانا) هەموو دەنگەکان بۆ خۆی مسۆگەر دەکات و دەیباتەوە. کەلتووری ئێمە لەسەر دوالیزمەکان دەژیی، نیوەیان بۆ پەرستن و نیوەیان بۆ نەفرەت. ئەگەر سەرنج بدەین لەم پانزدە ساڵەی ڕابردوودا کۆمەڵگای کوردی بۆ لایەنگیریی (بەرسێلۆنە) و (ڕیال مەدرید) دابەش بووە  و زۆر جار شەڕی خۆێناوی لەنێوانیاندا ڕوو دەدات، ئەوەمان دێتە بەرچاو، کە لەبەر ئەوە نییە گیانی وەرزشییان پەیدا کردووە، بەڵکو دوای نەمانی شەڕی نێوان حزبەکان، پێویستییان بەوەیە لە ڕێگای دوالیزمێکی ترەوە ناخی خۆیان دەرببڕن، کە لەگەڵ سەردەمەکەدا بگونجێت. بەشێکی نووسەرانی ئێمە پشت بەو کەلتوورە دەدەن و ئایدیاکانی خۆیانی لەسەر ڕێک دەخەن. لە ڕێگای شەیتانەوە باس لە فریشتە و لە ڕێگای ئەقڵەوە باس لە گەمژەیی دەکەن، کە ئەمە ئاسانکردنەوەی فکر و بچووککردنەوەی ئەرکی زمانە. زمان لێرەدا بۆ ئەوەیە ئەو زانیارییانە بیری خوێنەر بهێنێتەوە، کە بە ئاسانی لە کەلتووری ڕۆژانەی وەرگرتوون. ئەدەبی داهێنەرانە بەو ئاڕاستەیە کار دەکات زانیاریی گشتیمان لە بیر بباتەوە، نەوەک بیرمان بخاتەوە، مادام ئەدەب پرۆسێسێکە لە ناوەوە دەجووڵێت و ئەوەی دەیگەیەنێت لۆژیکی تایبەتی خۆیەتی، نەوەک لۆژیکی کەلتووری ڕۆژانە. ئەدەبی داهێنەرانە شەیتان دروست دەکات، بێ ئەوەی فریشتە بوونی هەبێت. من حەیفم لێ دێت ڕۆماننووسێکی وەک تۆ لایەنگری (زانا) و دوژمنی (گەمژە) بێت و پێی وا بێت ئەمانە حەقیقەتن. ئەوەی ئەمڕۆ ئەقڵە سبەینێ دەبێتەوە گەمژەیی.  (دۆیستۆیڤسکی) لە پێش (نیتشە) و پێش ڕەخنەگرتن لە مۆدێرنیتەوە لەوە تێگەیشتووە، بۆ ئەوەی نووسەرێکی داهێنەر بێت، پێویستە دژی ئەو تێگەیشتنە باوە بێت، کە خەڵک بۆ مانای (گەمژە)یان هەیە، بۆیە لە ڕێگای (میر مشکین)ی کارەکتەری ڕۆمانی (گەمژە)وە ڕووبەڕووی ئەو کەلتوورە دەبێتەوە، کە مرۆڤ بەسەر (زانا) و (گەمژە) دابەش دەکات. پارادۆکس ئەوەیە (میر مشکین)ی گەمژە دیوی ناوەوەی ئەم دنیایە دەبینێت، کە پڕە لە شتی دژ بە یەک و لێوانلێوە لە ساختەکاری. دیارە (نیتشە) لەبەر ئەوەیە دەڵێت لە (دۆیستۆیڤسکی)یەوە زۆر شت فێر بووم. کەواتە جوێن بۆ تێکشکاندنە، نەوەک بۆ بەکارهێنان. بۆ ئەوەیە دژایەتییەکانی ناوی هەڵبوەشرێنێتەوە، نەوەک لە شێوەی قاڵب لە نووسینی فکریدا بخرێتە پاڵ نووسەرانەوە. بەکارهێنانی زمانی توندوتیژی جیاوازە لە بەکارهێنانی میتۆدی دیسپۆتیکی، کە ڕەخنەگرانی وەک (مارکس)، (نیتشە)، (هابرماس)، (مێشێل فۆکۆ)، (کارل پۆپەر) و زۆری دیکە گرتوویانەتە بەر. ئەوانە لە ئاستی ئەو ئۆبجێکتانەی ویستوویانە لێیان بکۆڵنەوە و تێیانبپەڕێنن، توندوتیژن، بەڵام ئاوەڵناوی جۆراوجۆر ناخەنە پاڵ نووسەرانی ترەوە. ناکرێت (نیتشە) بە نووسەرێ بڵێت (بێئەقڵ)، لە کاتێکدا خۆی گەورەترین گومانی لە (ئەقڵ) هەیە، یان (فۆکۆ) ئاوەڵناوی (بێمەعریفە) بداتە پاڵ نووسەرێکی تر، کە هەموو فەلسەفەی خۆی لەسەر ئەوە داڕشتووە مەعریفە دەبێتە دەستەڵات. بەڵێ، هەر بۆ نموونە (نیتشە) بە وشەی توندوتیژ هێرش دەکاتە سەر (سۆکرات)، یان (ڕۆسۆ)، بەڵام لە کۆنتێکستی تەواو جیاوازدا. بۆ نموونە لە کتێبی (Beyond Good and Evil)دا قسەی ناشیرین بە (ڕۆسۆ) دەڵێت لەسەر ئەوەی بانگەشەی یەکسانیی نێوان خەڵک دەکات، بەڵام نووسەری ئێمە بە زمانی کەلتووری باوی کۆمەڵگا جوێن دەدات و تووڕە دەبێت، بۆ ئەوەی زیاتر پێداگیری لەسەر ئەو حەقیقەتە بکات، کە مەبەستیەتی پێی بگات. هەر ئەمەشە وا دەکات لەپێناوی گەیشتن بەو حەقیقەتە و بەزاندنی بەرانبەر کێشە فکری و فەلسەفییەکان ڕوون بکرێنەوە و بە چەند وشەیەکی سادە کۆتاییان پێ بهێنرێت. ئایا دەبێت بە دوو دێڕ قسە لەبارەی (مارکس)ەوە بکەین و  بڕیاری لەسەر بدەین؟ ئایا لە ڕەخنەدا چەمکێک هەیە بە ناوی بڕیار؟ ئه‌وه‌تا ده‌ڵێن: ” ڕستەکەی مارکس کە دەڵێت «کاری فەیلەسوفان تا ئێستا تەفسیری دونیا بووە، ئێدی کاتێتی بیگۆڕن». ئەمە ئەو ڕستەیەیە کە بەڕێزتان و هەموو ئەکتیفیستە سیاسییەکان و پۆزەتیفیستە لیبرالەکانیش لە خۆرهەڵات باوەڕیان پێیەتی. لە ژێر باڵی ئەم رستەیەوە هەموو دیکتاتۆرییەتەکانی سەدەی بیست هاتنەدەرێ.” ئایا ئه‌وه‌ تێگه‌یشتنی نووسه‌رێکه‌ له‌ فیکر پێی وابێت له‌ژێر باڵی ئه‌و ڕسته‌یه‌ی (مارکس)دا دیکتاتۆره‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م هاتوونەتە ‌ده‌رێ؟ لێره‌دا حه‌ز ده‌که‌م فۆکووس بخەمه‌ سه‌ر چه‌ند میتۆدێکی ڕه‌خنه‌گرتن، که‌ لای چه‌ند فه‌یله‌سووفێکی گه‌وره‌ی دنیاوه‌ به ‌کار هاتوون، له‌وانه‌ (نیتشه‌). ئەو ڕەخنەی توند لە (کانت) دەگرێت، بەڵام نایشارێتەوە (کانت) وای کرد ئەقڵ لە خەوی دۆگمایانەی خۆی بێدار ببێتەوە، وەک لە کتێبی (لەدایکبوونی تراجیدیا)دا پێمان دەڵێت (کانت) ڕۆڵی گەورەی لەوەدا بینیوە ڕەخنە لە کەلەپووری کۆن بگرێت و لەپاڵ (شۆپنهاوەر)دا توانیویەتی ئەو لۆجیکی گەشبینییە وەک وەهم سەیر بکات، کە دەڵێت دەتوانین لە ڕێگای هۆکارەوە لە ماهیەتی شتەکان تێبگەین. لە دیدگای (نیتشە)دا (کانت)، ئەو (کانت)ەی ڕەخنەی گەورەی لێ دەگرێت، دژ بەو مێتافیزیکایە دەوەستێتەوە، کە پێی وایە تێگەیشتنی شتەکان لەناو خودی خۆیاندایە. لە کاتێکدا لە بوارەکانی وەک ئیتیک و ئاییندا بێبەزەییانە بۆچوونەکانی تێک دەشکێنێت، بەوەی بە شێوەی ڕەها دەیانسەپێنێت. من مەبەستم نییە باس لەوە بکەم (نیتشە) چۆن (کانت) دەخوێنێتەوە و لە چ دیدگایەوە ڕەخنەی لێ دەگرێت، کە لانی کەم لە دوو کتێبی وەک (لەدایکبوونی تراجیدیا) و (زانستی هۆژی The gay Science)دا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە بڵێم ناکرێت فکری هیچ فەیلەسووفێک کورت بکەینەوە و بۆ مەبەستێکی دیاریکراو بە کاری بهێنین. ئایا بەو مێتۆدە ناتوانین هەر بۆ نموونە (هیگڵ)یش بسڕینەوە و بڵێین بانگەشەی کۆیلایەتی دەکات و هۆکارە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بەشێکی زۆری دنیا کۆیلەیە؟ (هابرماس) بۆ ئەوەی ڕەخنە لە (مارتین هایدگه‌ر)، (مێشێل فۆکۆ)، (جیل دۆلۆز)، (جان لیۆتارد)، (جاک دێریدا) و هەموو ئەو فەیلەسووفانەی تر بگرێت، کە پێیان وایە مۆدێرنیتە سەرکەوتوو نەبووە و تەنیا نەهامەتیی هێناوە، کتێبی (The Philosophical Discourse of Modernity)یان بۆ تەرخان دەکات و لە زۆر شوێنی دیکەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. ئایا هیچ یەکێ لەو فەیلەسووفانەی ڕەخنەیان لە مۆدێرنیتە گرتووە و بە هۆکاری نەهامەتیی دنیای دەزانن، وەک تۆ لە دوو دێڕدا بۆچوونی خۆیان کورت کردوووەتەوە؟ تۆ هۆکاری دروستبوونی دیکتاتۆرەکان دەخەیتە ئەستۆی (مارکس)ەوە، تاکو کێشەی (گەشبینی) و (ڕەشبینی) لە قازانجی خۆتدا یەکلا بکەیتەوە و چی زووترە بەو ئەنجامە بگەیت، کە هەر لە سەرەتاوە هەوڵت بۆی داوە. پرسیار ئەوەیە ئەگەر (مارکس) لە دوو دێڕدا کورت دەکرێتەوە و بڕیاری لەسەر دەدرێت، چۆن هەم لای فەیلەسووفانی هاوچەرخی و هەم لای ئەوانەی دوای خۆی بە سەرچاوەیەکی گەورەی ڕەخنە دەزانرێت؟ کام لە ڕەخنەگرانی مۆدێرنیتە بە (مارکس) سەرسام نەبووە و توانیویەتی خۆی لە فەلسەفەی ئەو دوور بگرێت؟ لەوانە (فۆکۆ). خۆ (دێریدا) لە دوا ساڵەکانی تەمەنی بۆی گەڕایەوە. کام لە (گرامشی)، (سارتەر)، (کامیۆ)، (هابرماس) و زۆری تر لەناو فکری (مارکس)دا پێنەگەیشتووە و لەوێوە ئاڕاستەی خۆی نەگرتووە؟ دیکتاتۆرەکان لە (ستالین)ەوە بۆ (هیتلەر) و لەوێوە بۆ (مۆسیۆلۆنی) و لەویشەوە بۆ هەموو ئەوانی تر بەرهەمی مۆدێرنیتەن، کە (مارکس) بە شێوازی خۆی ڕەخنەی توندی لێ گرتووە. دیکتاتۆرەکان بەرهەمی ئەقڵ و زانستن، کە تەنیا حەقیقەتیان بەرهەم هێناوە و بە تەعبیری (نیتشە) بتەکانیان سواری ملی مرۆڤ کردووە. سەیرە تۆ لە گوتارێکدا سەنگەری ئەقڵ هەڵدەبژێریت و هاوسات دژی (مارکس) دەوەستیت، گوایە دیکتاتۆرەکان لەناو گەشبینیی ئەودا چاویان هەڵهێناوە.

کاک بەختیار عەلی، دوای ئەو نائومێدییەی بە هۆی خوێندنەوەی گوتارەکەتەوە تووشی هاتم، هیچ ڕێگایەکم نەدۆزیەوە هەستی خۆمی پێ دەرببڕم، نووسینی ئەم نامەیە نەبێت. ئەو نائومێدییەم ئەگەر مانایەکی هەبێت، ئەوە لەوەدا بەرجەستە دەبێت، کە من تۆم بە ڕۆشنبیرێکی ئه‌کتیڤ زانیوە. ئەگەر تووشی شۆک بووبێتم، مانای وایە تاکو ئەم ساتەیش تۆ توانات هەیە من تووشی شۆک بکەیت. هیوادارم ئەو توانایەت لە دەست نەدەیت، بەڵکو ئاڕاستەی دیکەی تێدا بدۆزیتەوە. هیوادارم جارێکی دیکە ڕووبەڕووی ئەم زمان و میتۆدەت نەبمەوە.

هەر داهێنەر بیت.

سۆران ئازاد

سلێمانی

15&16. July. 2013

 سەرنج:

1. (زانستی هۆژی)م لە بەرانبەر (The gay Science) بە کار هێناوە، کە کتێبێکی (نیتشە)یە. یەکەمجار (زانستی دڵشاد)م نووسیبوو، بەڵام دوایی هەستم کرد (هۆژی) دروستترە، چونکە ئەو وشەیە هەم وەک ئاوەڵناو و هەم وەک ناو بە کار دێت. مانای (خۆش) و (خۆشی)یە.

2. چونکە باسەکەم لە شێوەی نامەیە، زۆر هەوڵم داوە لەو چوارچێوەیە دەرنەچێت. هەندێ دەستەواژەی تێدایە، کە تایبەتن بە نامە و بۆ گوتار دەست نادەن. ویستوومە بۆ هەر پرسیارێک لەبارەی هەر چەمکێکەوە کردبێتم، باکڕاوندێکی فکریی بۆ دروست بکەم. واتە کاتێ گوتوومە ئەقڵ و زانست لای فەیلەسووفانی پۆستمۆدێرنێتەوە ڕەخنەیان لێ گیراوە، لەو بارەیەوە بە کورتی هەندێک شتم گوتووە.

3. پێش بڵاوکردنەوەی بۆ بەختیار عەلیم نارد. سەرنجی خۆی بۆ نووسیم و دیسان هەر بە شێوازی پرسیار مامەڵەم لەگەڵ کرد. تاکو ئێستا دوو نامەی بۆ ناردووم و هەر بە میتۆدی پرسیار، ئەو میتۆدەی لێرەدا گرتوومەتە بەر، دایەڵۆگم لەگەڵ کردووە. ناتوانم نە نامەکانی ئەو و نە ئەوانەی خۆیشم بڵاو بکەمەوە، بەڵام هیوادارم خۆی ئەو ئەرکە بخاتە ئەستۆی. چاوەڕێ بووم سەرنجەکانی وا بکەن ناوەرۆکی نامەکەم گۆڕانی بە سەردا بێت و بەو گۆڕانکارییانەوە بڵاوی بکەمەوە، بەڵام ئەوە ڕووی نەدا. ئەو نامەگۆڕینەوەیە بۆ من ئەزموونێکی گرنگە و باوەڕ دەکەم لە ئێستاوە گرنگییەکەی لەسەر بیرکردنەوەمەدا دەربکەوێت. هیواخوازم بۆم بلوێت ڕۆژگارێک لەبارەی ئەو گرنگییەوە قسە بکەم.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.