Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
پاشماوەکانی ئۆشویتز   ژۆرژیۆ ئاگامبێن

پاشماوەکانی ئۆشویتز ژۆرژیۆ ئاگامبێن

Closed
by July 26, 2013 فەلسەفە

 

 

 

 

 

زۆرن ئەو کتێبانەی لەسەر ئۆشویتز Auschwitz نووسراون، لێ بێئەندازە کەمن ئەو کتێبانەی بە دەستی بیرمەندە دەگمەنەکانی ڕۆژئاوا لە ڕوانگەێ فەلسەفیی و ئیتیکییەوە لەوبارەوە نووسراون. کتێبی “پاشماوەکانی ئۆشویتز: شایەتەکان و ئەرشیف” گەشتێ فەلسەفی- ئیتیکی ژۆرژیۆ ئاگامبێن Giorgio Agamben ە (1942) بەناو ڕووداوە ئیتیکی (ڕەووشتی) و سیاسییە لەبیرەوەنەچووە شوومەکەی ڕۆژئاوا. هەروەها ئەم کتێبە بەشی سێهەمی زنجیرە کتێبی “هۆمۆ ساکر” Homo sacer ی ئاگامبێن یشە، کە لەسەرێکەوە دەچێتە خانەی ووتن لەسەر بیۆپۆلیتیک Biopolitics   و لە سەرێکی تریشەوە خۆی بە فەلسەفەی زمانەوە گرێدەداتەوە. ئەم بیرمەندە ئیتاڵییە لەناو بیرمەندانی فەلسەفەی کۆنتنێنتالی ڕۆژئاوا بە توێژینەوە چاوەڕێنەکراوە ڕەخنەئامێزەکانی، لەبارەی ژیانژیانێ خراپ و هەلومەرجی مانەوە یان بوون لەژێر سایەی سیاسەتێ ئیتیکی ڕۆژئاوای، ناسراوە.

ئەم کتێبەی ئاگامبێن ، پاشماوەکانی ئۆشویتز، لەچوار بەش ( شایەتەکان، موسڵمان، شەرم یان لەمەڕ خود ، ئەرشیف و شایەتی) پێکدێت و ،هەر بەشە و بەجۆرێ ئیتیکی شایەتی و ، شیاوی و نەشیاوی ووتن و بابەتی بیۆپۆلیتیک شیدەکەنەوە کە لەمیانەی ئەوانەشەوە مرۆی لە نامرۆی جیادەکرێتەوە. بۆیە گەشتی فەلسەفی ئاگامبێن لەم کتێبە بەناو ئەو داهێنانەیە نازیەکان لە ئۆردوگا زۆرەملێیەکان لە بواری کوشتنی ئەویتری جوولەکەدا کردویانە. ئەم داهێنانە ڕەشە نازییە لەمیانەی شایەتی شایەتحاڵەکانی پاش ڕووداوی ئۆشویتز خۆیان وەک ئەرشیف نیشاندەدەن و جڵەوی ووتن و نەووتنەکان دەکەن. بۆیە ئەوی ئاگامبێن دەیکات خۆی وەک تەقەلاێ ناشیاو و ئەستەم دەردەخات کە بەهۆی شایەتحاڵییەوە دەگات بە هەندێ دەرئەنجامی ئیتیکی باوەڕپێکراو.

ئاگامبێن لەڕێگای تێگەیشتنە فەلسەفییە زمانەوانییەکانیەوە ووتنی شایەتحاڵەکان تایبەت بە ڕووداوی ئۆشویتز شرۆڤەدەکات و دەمانگەێنێتیشە شوێنێک دەکارین تێڕامان بەسەر مەرگ و مانەوە، ووتراو و نەووتراو هەروەها مرۆی و نامرۆییەوە بکەین. گەر ڕووداوی ئۆشویتز شایەتیدانی مەحاڵکردبێت ئاگامبێن لەمیانەی وەستانە ئیتیکی و فەلسەفیەکانی لەسەر ووتنەکان ، یان گێڕانەوەکان، شایەتیدانەکان لە مەحاڵ دەربازدەکات. شایەتحاڵیەکان ووتن شیاودەکەن و زەمینە بۆ قسەکردن لەسەر بوونی مرۆی مرۆڤیش دێننەپێشەوە. ئەڵبەتە ئەزموون و تێژیانەکانی دەربازبووەکان لە ئۆردوگا زۆرملێیەکانی نازیەکان زمانی شایەتحاڵی لای ئاگامبێن پێکدێنن لێ ئەوەی ناشێ بووترێ و وەک نموونە لەسەر شایەتحاڵی وەرگیرێت ووتنی مردووەکانە. چونکە مردووەکان ئیدی بوونیان نییە و خاوەنی ووتنی خۆیان نیین. 

ئەوەی بۆ ئاگامبێن زۆر جێیسەرنجە ئەوەیە پارادایمی سیاسی نوێی ڕۆژئاوا لە بناغەدا وادانراوە کە هەریەکێ لە ئێمە دەکات بە موسڵمان، لێرە موسڵمان بەواتای ” ئەو کەسەی ناتوانێ قسەبکات” ، یاخود “تەرمە زیندووەکان”،  دێت هەروەها موسڵمان بۆ ئاگامبێن هێمایە لەسەر ئەو کەسانەی لە کامپەکانا گشت ئاگای و ویستی خۆیان لەدەستداوە و وایانلێکراوە باوەڕیان بە قەدەرێ بێ هەل و مەرج هەبێت. ئەم جۆرە کەسانە لە کامپەکانا “هیچ هیواێکیان نەماوە و گشت خۆشیێکیان بووەبەوەی پارچە خواردنێکیان” دەستکەوێت و لە” شت زۆرتریشیان” لێدروستبووە . موسڵمان لە تێگەیشتنی ئاگامبێن دا بەمانای ئەو کەسەش دێ لە کامپەکانا زۆرترین ئیهانەدەکرێ و لەوەش کەوتووە مرۆی بێت یان بژیت. 

ئاگامبێن لەم نووسینەیەدا تایبەت بە ڕووداوەکان بایەخێ زۆر بە گێڕانەوەکانی شایەتحاڵێ ئیتالی بەناوی پریمۆ لێڤی Primo Levi  دەدات، کە دەربازبووێکی ژوورەکانی گازی ئۆشویتزە. ئەوی لە گێڕانەوەکانی لێڤی دا بۆ ئاگامبێن جێیبایەخە ئەوەیە ناوبراو پێیوایە “دەربازبووەکان شایەتی ڕاستەقینە نیین”. لێرەوە دەگەین بەو تێگەیشتنەی ئەوانەی دەشێ بە شایەتی ڕاستەقینەی ڕووداوەکانی ژوورەکانی مەرگ بژمێردرێن ئەوانەن کە نەیانتوانی شایەتی بدەن. واتە، شایەتی ڕاستەقینە مردووەکانن.

دۆزی شەرمیش لەم شرۆڤەکردنەی ئاگامبێن تێکەڵ بە ڕووداوەکانی ناو ئۆردوگاکان دەبێت. چونکە شرۆڤەکردنەکەی ئاگامبێن بەرەو ئەو سێرکردنە ئیتیکیەشمان دەبات شایەتحاڵەکان شەرم بکەن کە ماونەتەوە. بەقسەی یەکێ لە شایەتحاڵەکان “من دەژیم چونکە تاوانبارم”. کەواتە مانەوە و دەربازبوون لە ژوورەکانی گازی ئۆردوگا زۆرملێیەکانی نازیەکان شەرمە و پاساوی تەنیا بەوە بۆدەکرێ کە “ئەمان ماونەتەوە چونکە بێتاوان نیین”. تێگەیشتن لەم بارودۆخە ئیتیکییەی نەجاتبووەکان بۆ ئاگامبێن لە میانەی واتای شەرمی مانەوە و بەقووربانینەبوون ژێرڕاڤەکردن دەکرێت. “بۆ دەبێت من نەجاتمبووبێت؟” ئەمە شەرم لای دەربازبووەکان لە ژوورەکانی گازی ئۆشویتز دروستدەکات. شەرم لێرە دەبێ بە دیوارێ دەکەوێتە نێوان بوون (مانەوە ) و نەبوونەوە (نەمانەوەوە). مانەوە کە شەرمبێت نەمانەوە شکۆداری و بێتاوانییە.

ئاگامبێن لەڕێگای شیکردنەوە زمانەوانیەکانیەوە دەیەوێت جیاوازی لەنێوان دوو گێڕانەوە دا بکات ، ئەوی دەگێڕدرێتەوە (ووتراوئامێزە) و ئەوی ناگێڕدرێتەوە (نەووتراوئامێزە). یان ئەوی زیندووە دەربازبووەکان ، وەک پریمۆ لێڤی، دەیگێڕنەوە و ئەوی مردووە بێتاوانەکان ناکرێ بیگێڕنەوە. بەس ئەو زمانەی دەربازبووەکان بەکاریدەبەن دەبێ بەو شتەی پاش ئۆشویتز بۆمانماوەتەوە. ئەو زمانە تاکە فاکتەێکە بۆ سەردەرکردن لە چرکە قەترانیەکانی ژوورەکانی گاز لە ئۆردوگا زۆرملێیەکانی نازیەکان. تەنانەت ئاگامبێن زمانی شیعری پۆل سیلان Paul Celan  یشمان وەک نموونە لەسەر زمانی شاعیرێکی دەربازبوو لە کوشتن بۆ بەرباسدەخات. 

ئەزموونی ئۆشویتز ئەزموونێ تاڵە و کارکردنی ئاگامبێن لەسەر ئەو زانیاریانەی بەهۆی گێڕانەوەی، ووتنی، دەربازبووەکانەوە دەستدەکەون ئەو سێرکردنە لای خوێنەر دروستدەکەن هەوڵی نازیەکان لە ئۆردوگا زۆرملێیەکان دا بۆئەوەبووە بەدی بکرێ بە بەشێ لە بوونی مرۆی و مرۆڤیش بە بوونەوەرێ کە بەخیلی بە ئاژەڵ ببات. چونکە ئۆشویتز خۆی وەک شوێنی لەدەستدانی کەرامەت نیشاندەدات و ئاگامبێنیش فەلسەفە بەسەر ئەم شوێنەوە دەکات تا ئەو تێزەی هەنا ئەرندێت H. Arendt مان لا بەرجەستەکاتەوە کە پرسیاری ئیتیکی و سیاسی لەسەر شوێنی ناوبراو ورووژاندووە: پاش ئۆشویتز چیمان بەدەستەوە ماوە؟ 

ئاگامبێن لەڕێگای ئەم جۆرە پرسیارانەوە پاشماوەی بوونی مرۆیی مرۆڤ دەخاتەژێر پرسیارەوە و گفتووگۆکەشی تێکەڵ بە باسی نامرۆی بوونی مرۆی دەکات. چونکە شیاوی هەل و مەرجی شایەتیدان بە دوو لایەنەوە گرێدەداتەوە. یەکەمیان مرۆڤ وەک بوونێ زیندوو و دوەەمیشیان بوونی قسەکردن لای ئەم مرۆڤە. ئەو جیاوازیەی ئاگامبێن لەم کتێبەدا لەنێوان ژیان و مەرگ دەیکات خۆی  لە تێگەیشتنی بیۆپۆلیتیکانەی میشێل فوکۆ جیادەکاتەوە.

 

ئازاد حەمە

Giorgio Agamben، Remnants of Auschwitz: The Witness and the Archive، trans. Daniel Heller-Roazen، Zone Books: New York، 1999.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.