
قهترهكانى شیعر و گازگرتن له وشه
(وریا مه‌زهه‌ر) و (زانا خه‌لیل) له ئانى بهخشينى ناسنامه‌ى شيعريدا
فرۆید : ئه‌و كه‌سه شاعیره ، كه ده‌زانێ چۆن خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانى ده‌كاته به‌رهه‌مى هونه‌رى یان حه‌قیقه‌تێكى هه‌ستپێكراو .
1- (وریا مه‌زهه‌ر) و ( هیچ !)
(هیچ!) ، دیوانێكى شیعرى (وریا مه‌زهه‌ر)ى شاعیره و له ساڵى ( 2002)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه .
ئه‌و دیوانه له‌كاتى خۆیدا گرينگى خۆى هه‌بووه له‌سه‌ر ره‌وتى نوێكردنه‌وه‌ى شیعرى كوردى . به پێویستى ده‌زانم له‌م باسه‌مدا له كۆمه‌ڵێك روانگه‌ى فكرییه‌وه قسه له‌سه‌ر (هيچ!) بكه‌م :
(هیگل) له‌مه‌ڕ ئه‌خلاقیاتى هونه‌ره‌وه گۆڕانكارییه‌كى چۆنایه‌تى خوڵقاند ، ئه‌و پێیوابوو داهێنان و تازه‌گه‌رى ده‌بێت توندوتۆڵ بن بۆ نیشاندانى سیفه‌ته جیاوازه‌كانى مرۆڤایه‌تى : (رۆمیۆ)ى (شكسپیر) و (ئه‌خیل)ى (هۆمیڕۆس) ، مرۆڤى تۆكمه‌ن .
(هیگل) ئه‌و دیده ساده‌یه ره‌تده‌كاته‌وه كه بۆ هونه‌ر هه‌یه ، هه‌وڵى نیشاندانى هه‌مان ئه‌و شته ده‌دا ، كه (مۆلێر) نیشانیدابوو (بۆچونه‌كانى هیگل ته‌واو پێچه‌وانه‌ن له‌گه‌ڵ دیدى رۆمانسییه‌كان ) .
پیَموایه (هیگل) نزیكده‌بێته‌وه له ریالیزمییهكان به‌تایبه‌تى له بابه‌تى (ئایدیا)دا ،ئه‌و پێیوابوو پێویسته شیعر وێناى شتى زیندوو بكا . ئه‌و جه‌وهه‌ره‌ش هه‌موو شته ئایدیالیزمییهكهیه .
(وریا مه‌زهه‌ر) هه‌وڵى وێناكردنى شتگه‌لێك ده‌دا ، كه زیندوون و له شارى مردووان‌دا پیاسه ده‌كه‌ن .
ره‌نگه هه‌ر ئه‌و شته زیندووانه‌ى شاعیران هه‌وڵى وێناكردنیان داوه و (هیگل)یش پشتگیرى كردوون ، شتگه‌لێكى مردوو بن .
دواجار پێوه‌رێكمان نییه بۆ سه‌لماندنى ئه‌وه‌ى كه هه‌ر به‌ڕاستی شته مردووه‌كان مردوون و شته زیندووهكان زیندوون ؟ .
ئه‌و نه‌بوونى پێوه‌ره ، هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه (وریا) پێوه‌ر و میتۆدى شیعرى خۆى له‌سه‌ر بینا ده‌كا .
(وریا) نه‌كه‌وتۆته ژێر گوشارى ئایدیاكانى (هیگل)ه‌وه تا له ریالیزم نزیكبێته‌وه ، هاوكات خۆشى نه‌به‌ستۆته‌وه به رۆمانسییه‌كان كه له سه‌ره‌تاوه بزوتنه‌وه‌یه‌كى ناڕه‌زایى بوون به‌رامبه‌ر كلاسیزم و پره‌نسیپ و میتۆده كۆنه‌كان و شێوه‌ى ئه‌رستۆكراتى ئه‌و ناوهڕۆكانهى له بابه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌ڵده‌هاتن .
رۆمانتیكییه‌كان پێیانوابوو هیچ بابه‌تێك نایاب نییه ، بۆیه هه‌موو شتێك شایسته‌ى ئه‌وه‌یه بكرێته هونه‌ر :
((واده‌ى تیاچوون له‌وبه‌رى كات
واده‌ى چاولێكه‌رى به چاوى سێهه‌م
له‌بن
بن
بن
هه‌رچى یاد و بیره‌وه‌رى
كاتى هانا بردن بۆ تاكه حهژمهتهكه
تاكوو باى بیانووت
له‌گه‌ڵ پهڕهسێلكهى پرسیاره‌كانى هه‌ڵبكات
كه :
له‌بن ئه‌و بیره ره‌شه‌دا
زریان ئیتر بۆ هه‌ڵناكا ؟!))
چه‌ندین كه‌س به بۆچونى جیاوازه‌وه له (واتا)ى شیعرى دواون . ئه‌و بۆچونه زۆر و دژ بهیهكانه ، وایانكرد له‌لایه‌ن كهسانیَكهوه بگوترێ : شیعر قسه‌ى بۆشه و جۆرێك له گه‌ڕانه‌وه هه‌بێ بۆ ئه‌و وشه یۆنانییهى شیعرى لێوه دروستبووه .
(سوقرات) دوژمنى گه‌وره‌ى شیعر بوو ، سه‌رچاوه‌ى شیعرى بۆ ئیلهام ده‌گه‌ڕانده‌وه و پێیوابوو شاعیر ناتوانێ شیعره‌كانى لێكبداته‌وه و ره‌خنه‌یان لێبگرێ .
( پلاتۆ)ش پشت له مامۆستاكه‌ى ناكات و شیعر به شتێكى بێ مانا له قه‌ڵه‌م ده‌دا و ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى شیعر به ته‌نها خه‌ریكى لاسایكردنهوهى وێنه‌ى شته‌كان و وێنه‌ى حه‌قیقه‌ته ناتهواوهكانه .
به بۆچونی من ( پلاتۆ) به دیدێكى ئایدیالیزمییهوه مه‌ودایه‌ك ده‌داته كات و شوێنى كۆمه‌ڵ و گه‌ردوون .
ئه‌وانه‌ى به‌ربه‌ره‌كانێى شیعریان ده‌كرد ، شیعریان به هۆكارێكى راگه‌یاندنى زانست داده‌نا و واتاى بنچینه‌یى شیعریان ده‌گه‌ڕانده‌وه بۆ زمانه ئه‌وروپییه تازه‌كان .
(واتا) له شیعرى (وریا)دا راسته‌وخۆ ئیش له‌سه‌ر خوڵقانى نه‌كراوه ، واته (وریا) راسته‌وخۆ ئیشى له‌سه‌ر خوڵقاندنى (مانا) نه‌كردووه .
هه‌وڵى (وریا) بۆ بونیاتنانى (مانا)ى تایبه‌ت ، له چوارچێوه‌ى هه‌مان ئه‌و فهزایهدایه كه شیعره‌كانى تیادا نووسیوه‌ته‌وه .
شاعیر به‌ر له ده‌ستكردن به نووسین ، بیرى له دروستكردنى( مانا) نه‌كردۆته‌وه ، ئه‌و مانایه‌ى زۆر له شاعیران و ره‌خنه‌گرانى كورد پێیانوایه ، شیعر بریتییه له دروستكردنى مانا (عه‌بدولخالق یه‌عقوبى وه‌ها بۆچونێكى هه‌یه ) .
ئه‌و بۆچونه‌ى (عه‌بدولخالق یه‌عقوبى)ى ، خه‌ساندنى وشه‌ى (مانا) و كوشتنى (مانا دروستكردنه) وه‌كو كردارێك ، دواجار پشت به‌ستن به‌و ئایدیایه‌ى (عه‌بدولخالق)، ئه‌وه‌نده‌ى له شیعرى (وریا مه‌زهه‌ر) دوورمانده‌خاته‌وه ، حاڵیمان ناكا لێى .
ئه‌وه من نیم ئه‌و بۆچونه‌ى (عه‌بدولخالق) ره‌تده‌كه‌مه‌وه ، خودى شیعره‌كانى (وریا)ن ، ئه‌وكاته‌ى هه‌ست ده‌كه‌ن چه‌ند نامۆن به‌و بۆچونه و ئه‌و بۆچونه‌ش چه‌ند نامۆیه به ئه‌وان :
((واته ، ئێمه
هه‌ر بۆ واده‌ى چه‌ن خولكهیهك كۆپكى چاومان داده‌خه‌ین و
خولێ له‌نێو تونێله‌كانى ده‌روونمان ده‌خۆین و
ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر شوێنى خۆمان و هه‌م دیسان
چاومان ده‌بێته توونێلێكى ئاوه‌ڵه بۆ تێپه‌ڕبوونى قه‌تار و
قه‌تار
ناڕوا
جووڵه
له شوێنى خۆى ناكا ،
به‌ڵام ئێمه وا قه‌راره
له وێستگه‌ى چه‌نده‌م
دا –
به‌زین))
یاخیبوون له ئه‌زموونه‌وه بۆ فكر ده‌چێت و به ناوى ئایدیاى ره‌هاوه قسه ناكا . ده‌رچوون له لۆژیكى یاخیبوون كه ( كامۆ ) به میانڕه‌وى داده‌نێ ، مه‌ترسیداره .
(كامۆ) هه‌موو یاخیبوونه مێژووییه‌كانى وه‌كو (سپارتاكۆس) و شۆڕشى كۆیله‌كان و شۆڕشى فه‌ڕه‌نسا ده‌خاته ژێر باسه‌وه .
ئه‌وكاته‌ى (كامۆ) قسه له‌سه‌ر كوژرانى شا ده‌كا له‌لایه‌ن فه‌ڕه‌نسییه‌كانه‌وه ، قسه له‌سه‌ر ئه‌و تیۆرانه‌ش ده‌كا كه رێخۆشكه‌ربوون ، تا ده‌گاته نووسینه‌كانى (رۆسۆ) و (په‌یمانى كۆمه‌ڵایه‌تى) .
مرۆڤ خۆى چاره‌نووسى خۆى دیاریناكا ، ئه‌وه ره‌وتى حه‌تمى مێژووه چاره‌نووسى ئه‌و دیاریده‌كا (ئه‌مه دیدى كامۆیه له‌هه‌مبه‌ر فه‌لسه‌فه‌ى هیگل ) .
ئه‌وانه‌ى سه‌رده‌كه‌ون ، له‌به‌ر پێویستى مێژووه ، لێره‌وه‌یه ره‌وایه‌تى دیكتاتۆریه‌تى پرۆلیتارى دێت .
(كامؤ) به‌وه‌ش وازینه‌هێناوه ، (ئه‌فسانه‌ى سیزیف)ه‌كه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كه له‌سه‌ر چه‌مكى پوچى و خۆكوشتن و (مرۆڤى یاخى)یه‌كه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌یه سه‌باره‌ت به یاخیبوون و كوشتن .
ئه‌وكاته‌ى مرۆڤ باوه‌ڕى له‌ده‌ستده‌دا ، ده‌كرێ له به‌رگێكى لۆژیكییانهدا ، بیانوو بۆ كوشتى ئه‌وانیتر بهێنێته‌وه .
مرۆڤى یاخى ئه‌و مرۆڤه‌یه ، له پێناوى به‌هایه‌ك یاخى ده‌بێت . (وریا )ى یاخى ، له‌پێناوى به‌هایه‌ك یاخى ده‌بێت ، كه به‌هایه‌كى تاكه‌كه‌سییه ، وه‌لێ به‌قه‌د تاكه‌كه‌سى به‌هاكه ، تاكه‌كه‌س به مرۆڤایه‌تییه‌وه گرێده‌دا ، ئه‌و ئازارهشى هه‌یه‌تى، ئازارێكى به كۆمه‌ڵه به‌هۆى ئه‌و نه‌مانى سنووره‌ى له سه‌ره‌وه باسمان كرد ، ئه‌مه‌ش جیاوازى نێوان یاخیبوون و پوچێتییه، كه له‌وه‌ى دووه‌میاندا ، ئازار تاكه‌كه‌سییه .
هه‌موو یاخیبوونێك به شتێك ده‌ستپێده‌كا و به شتێك كۆتایى دێت :
ئه‌گه‌ر یاخیبوونى میتافیزیكى به ناوى ئازادى مرۆڤه‌وه ده‌ستپێبكا و به سته‌م كۆتایى بێت و یاخیبوونى مێژوویى به دادپه‌روه‌رى ده‌ستپێبكا و به كه‌مكردنه‌وه‌ى ئازادى تاك كۆتایى بێت ، ئه‌وا یاخیبوونى (وریا مه‌زهه‌ر) به (وریا مه‌زهه‌ر ) ده‌ستپێده‌كا و هه‌ر به (وریا مه‌زهه‌ر)یش كۆتایى دێت :
((ئێستا منم : ساواى كوژراو : وریا مه‌زهه‌ر
كه ده‌نگى خۆى دۆزیه‌وه و
به ده‌نگى خۆم وا باشتره
له به‌رامبه‌ر ئه‌و دادگایه‌ى ئێوه‌ى به‌ڕێز و
به شه‌رافه‌تى ئاوه‌س بوونمان سوێند بخۆم و رایبگه‌یه‌نم :
– كام دادگا و كام ئێوه و كام به‌ڕێز و كام شه‌ڕه‌ف و كام ئاوه‌س بوون ؟
ئۆقره بگرن
پێتا ده‌ڵێم :
هه‌ر وا كه من به ده‌ستى من نه‌كوژراوه
لێره‌ش
قه‌تڵێ
رووى
نه‌داوه !))
2- (زانا خه‌لیل ) و ( كتێبى شێوازه‌كان )
( كتێبى شێوازه‌كان ) ، یه‌كێكه له دیوانه‌كانى (زانا خه‌لیل) كه له‌ساڵى ( 2007)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه . ئه‌و به‌رهه‌مه گوزارشته له به‌شێك له ئه‌زمونى شاعیر . ئه‌وا له خواره‌وه له چه‌ند روانگه‌یه‌كى فكرییه‌وه قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین :
ئه‌وه‌ى ده‌رونشیكارى (سارته‌ر) جیاده‌كاته‌وه له ده‌رونشیكارى (فرۆید) و مه‌ودایه‌ك ده‌خاته نێوان( ده‌رونشیكارى فرۆیدى) و (ده‌رونشیكارى سارته‌رى) , رهتكرانهوهى نه‌سته لاى (سارته‌ر) , یان ده‌كرێ بڵێین كاڵبوونه‌وه‌ى نه‌سته لاى ئه‌و بیرمه‌نده و بۆچونى په‌سه‌ندكراو هه‌ر ئه‌وه‌یه كه گشت نه‌خۆشییه ده‌رونییه‌كان سه‌رچاوه‌كه‌یان دیاریكردنێكى ئاگایانه‌یه .
ده‌رونشیكارى تیۆریایهكى شیكه‌ره‌وه‌یه و به‌قه‌د ئه‌وه‌ى خوێندنه‌وه‌ى دیرۆكى دۆخێكى نیرۆسییه , بریتى نییه له چارهسهركهرێكى ئه‌لته‌رناتیڤى .
ده‌كرێ ئه‌و بۆچونه له سوچه فكری و ده‌رونییه جیاوازه‌كاندا ئیشى له‌سه‌ر بكرێت و گه‌ڕانه‌وه بۆى بریتى نه‌بێت له گه‌ڕانه‌وه بۆ بیرمه‌ندێكى دیاریكراو , به‌ڵكو ده‌شێ گوزارشتكردن بێت له به‌شێك له ده‌ره‌نجامه‌كانى فكرى فه‌لسه‌فى فه‌ڕه‌نسى .
به‌ڵام لاى (فرۆید) ، ده‌رونشیكارى له جه‌وهه‌ردا ته‌كنیكى چاره‌سه‌ركردنى تێكچون و گرژییه‌كانه , ئه‌مه‌ش دژه له‌گه‌ڵ ئه‌و دیده سارتهرییهى خستمانه روو .
هه‌ر له‌و روانگه‌یه‌ى باسمان كرد , (سارته‌ر ) بایه‌خى زۆر ده‌دا به (بۆدلێر) به‌هۆى ئه‌و لێكچونه زۆره‌ى له‌نێوان منداڵیى (سارته‌ر) و منداڵیى (بۆدلێر)دا هه‌یه .
زۆر جار لێكچون چه‌مكێك به‌دواى خۆیدا ده‌هێنێ كه چه‌مكى (بایه‌خدان)ه , بایه‌خدان به ئه‌ویتر به‌هۆى ئه‌و لێكچونهى له‌نێوان من و ئه‌ویتردا هه‌یه . (له‌وچوو) له‌و ساته‌دا شتێكه به ته‌نها و هه‌ر هه‌وڵێكیش بۆ گشتاندنى ئه‌و (له‌وچووه) , كوشتنى (لێچوو) و (له‌وچوو)ه له یه‌ك كاتدا ( مه‌به‌ستمان له كوشتنێكى مه‌عنه‌وییه ) .
(بۆدلێر ) و (سارته‌ر) له ته‌مه‌نێكى زووه‌وه باوكیان له ده‌ستداوه , ئه‌مه‌ش لێكچونه جهوههرییهكهى نێوان منداڵیى (سارته‌ر) و منداڵیى (بۆدلێر) ه كه دواتر هه‌ردووكیان له نێوان فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌بیاتدا ژیان و هه‌ر له‌و نێوه‌نده‌شدا مردن , مردنێك سه‌ره‌تاكه‌ى ئه‌ده‌بیات و كۆتاییه‌كه‌ى فه‌لسه‌فه‌یه , ده‌كرێت به پێچه‌وانه‌وه‌ش بووبێت .
ئه‌وه‌ى گرینگه له‌و ئاسته‌دا , بوونى ژیانى دوو بیرمه‌نده كه نوقمى فه‌زا فه‌لسه‌فى و ئه‌ده‌بییه‌كان ببوو , كارلێكى هه‌ردوو فهزاكهش كۆمه‌ڵێك تێكست ده‌خاته‌وه .
(زانا ) له‌و كۆمه‌ڵه شیعره‌دا زۆرجار هه‌وڵده‌دا له (ئه‌ویترى نادیار) بچێت . لێچون له ئه‌ویتر له شیعرى (زانا)دا , هۆكاره‌كه‌ى سهرهنجدانى شاعیر و بڵندى ئه‌و (ئه‌ویتر)ه نییه له ئاست شاعیردا .
شاعیر زۆر جار خۆى به ئه‌ویتر ده‌چوێنێت تا زیاتر له بوونى خۆى دڵنیا ببێته‌وه , ئه‌و له رێگه‌ى ئه‌و به‌راوردكردنه‌وه , پێگه‌ى شیعرى خۆى قایمتر ده‌كا له شیعره‌كانیدا , ئه‌و كاته‌شى هه‌نگاوێك به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌نێت و ده‌یه‌وێت ئه‌و ئه‌ویتره تێپه‌ڕێنێت , رووبه‌ڕووى ئهویترێكى تر ده‌بێته‌وه كه ده‌ربازبوون لێى گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ لاى( ئه‌ویترى یه‌كه‌م ), بۆیه ناچار شاعیر له‌گه‌ڵ ئه‌و (ئه‌ویترى دووه‌م)ه هه‌ڵده‌كا و ئه‌و ههڵكردنهش تا ئاست و سنوورى كۆتایى هاتنى شیعره‌كه درێژده‌بێته‌وه .
كۆتایى شیعره‌كه كۆتایى ئه‌و ئاشنایهتیهیه , وه‌لێ ئه‌و كاته‌ى تێكستێكى تر دێته پێشه‌وه , ئاشنایهتییهكى تر ده‌ستده‌كاته‌وه به جوڵه كه ئاشنایه‌تى نێوان شاعیر و شتێكه , دۆستى ئه‌ویترى یه‌كه‌م و ئه‌ویترى دووه‌مه كه له ده‌قه‌كانی پێشتردا خۆیان به‌یان كردووه .
لێكچونى نێوان (بۆدلێر) و (سارته‌ر ) له چه‌ند ئاستى جیاوازدا خۆى به‌یان ده‌كا , له گرینگترینى ئه‌و ئاستانه‌ش سه‌رده‌مى منداڵی هه‌ردوو بیرمهندهكهیه , هه‌ردوو بیرمه‌ند له منداڵییه‌وه باوكیان مردووه و جێیهێشتوون , ئه‌و جێهێشتنه‌ش لێكچونى نێوان هه‌ردوو بیرمه‌نده .
ئه‌وكاته‌ى یار شاعیر جێدێڵێت , شاعیر ناچار ده‌بێت خۆى نزیك بكاته‌وه له شتگه‌لێك و هه‌وڵى دۆزینه‌وه‌ى پنتى هاوبه‌ش بدات له‌نێوان خۆى ئه‌و شتگهلانهدا , ئامانجیش پڕكردنه‌وه‌ى مه‌وداكانى نێوان شاعیر و یار و كورتبوونه‌وه‌ى رێگاى گه‌یشتنه به یار :
(( رۆژێك رۆنیشتم و هزریم …باوه‌ڕم وابوو
تۆ … به‌ته‌نیا له ساغه‌ر ده‌چیت .
بۆیه
ئه‌گه‌ر چركه‌یێ دیار نه‌مایت و ون بوویت
یان بوویته تراویلكه
وه‌ره له خیابانهكانى گیانى مندا
به دواى ئه‌درێسى رۆحى خۆتدا بگه‌ڕێ
چونكه بڕیارم داوه
له بچووكترین ده‌رفه‌تدا
تا حه‌ددى ونبوون بتخۆمه‌وه .))
(1) : ئاڕاسته‌ى خوده به‌ره‌وه ئه‌ویترى ئاڕاسته‌كراو
(2): ئه‌ویترى ئاڕاسته‌كراو
هه‌ڵبه‌ت بازنه‌كه تێكسته‌ى شیعرییه‌كانى (زانا) یه و راستههێڵى سه‌ر بازنه‌كه‌ش , ئاڕاسته‌ى شیعرى شاعیره كه ته‌ریبه به ئاڕاسته‌ى خود به‌ره‌و ئه‌ویترى ئاڕاسته‌كراو .
(لایب نتز) ناچارمان ده‌كا له به‌رامبه‌ر نه‌هامه‌تییه‌كاندا بوه‌ستینه‌وه ، چونكه ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن بدرێته‌وه به كه‌سێك ، له سه‌ره‌تاوه ده‌ست ده‌كاته‌وه به ژیان و ئه‌و ژیانه باشترین ژیانێكه ئه‌گه‌رى بوونى هه‌بێت و ئه‌و كێشانهشى هه‌ن ، په‌یوه‌ندییان نییه به خوداوه ، خودا كاره‌كانى باشن .
خراپه له‌ناو نه‌بووندایه ، ئه‌وه مرۆڤه مه‌حكومه به (سروشت) ، خراپه واز له شتێك ناهێنێ ئه‌گه‌رى هاتنى هه‌یه . پێویسته ههمهكییانه سه‌یرى شته‌كان بكه‌ین ، ئه‌گه‌ر جوانى بكه‌ینه پێوه‌رى چاكه و خراپه ، هه‌ست به زاڵبوونى چاكه ده‌كه‌ین به‌سه‌ر خراپه‌دا .
(ڤۆڵتێر ) زۆر به توندى وه‌ڵامى (لایب نتز) ده‌داته‌وه ، (شۆپنهاوه‌ر)یش بۆچونه‌كانى (لایب نتز) ره‌تده‌كاته‌وه . باشترین دونیاى هه‌بوو كه خوداى گه‌وره ئافرێنهریهتى ، بێ مانایه ، مه‌گه‌ر خودا به بچوك دابنێین و پێمانوابێت خودا تواناى دروستكردنى دونیایه‌كى باشترى نییه .
خراپه شتێكه ( زانا) ره‌تیده‌كاته‌وه ، به‌ڵام ئه‌مه واتاى وانییه دووربكه‌وێته‌وه له دیدى (شۆپنهاوه‌ر) و (ڤۆڵتێر) و نزیكبكه‌وێته‌وه له دیدى (لایب نتز) ، رهشبینییهك بۆ ژیان (كه مه‌رج نییه رهشبینییهكى شۆپنهاوهرى بێت و ده‌كرێ هى خودى شاعیر بێت) ،به ئاشكرا هه‌ستى پێده‌كرێ ، رهشبینییهك سه‌ره‌تاكه‌ى ژیانه و كۆتاییه‌كه‌ى ژیان .
( زانا) ره‌شبینه له‌و دونیایه‌ى دڵنیایه له بوونى و گومانى له بوونى نییه ، ره‌شبینه له‌و هاوكێشه‌یه‌ى خۆى شیكارى ده‌كا و كه‌چى ئه‌نجامه‌كان دڵخۆشى ناكه‌ن (بۆى هه‌یه شیكارهكهى هه‌ڵه بووبێت ) .
ژیانی ( زانا) ئه‌و ژیانه‌یه ، به‌دواى ژیانێكى له‌ده‌ستچوودا وێڵه نه‌ك ژیانێكى دیكه ، ( زانا) بۆ ئه‌و ژیانه وێڵه كه هه‌یبووه و له‌ده‌ستى داوه ، نه‌ك بۆ ژیانێكى نادیار و ژیانێك گومان له بوونى هه‌بێت :
(( سه‌یر له‌وه دایه
دوای ئه‌و ئینفۆرماتسیۆنهش
ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ته‌نافه‌كانی
سه‌رزه‌مینی ره‌شبینی چاوه‌روان ده‌كرێ
پێیده‌ڵێن : خه‌ون
كه‌واته زه‌حمه‌ته بۆشاییه‌ك هه‌بێت بۆ به‌خته‌وه‌رى
له‌وه ده‌چێت خه‌ون ته‌نیا سێبه‌رێك بێ
تا ژیان بژیێنێ ))
خۆنووسینه‌وه به سه‌رنجدان له ئه‌وانیتر ، شیعر نووسین به سه‌ره‌نجدان له كه‌سێكى تر (مه‌رج نییه ئه‌و كه‌سه شاعیر بێت یان حه‌زى له شیعر بێت ) ،سه‌ره‌نجدان به گشتى ، شتێكى ئاساییه ، ته‌نانه‌ت له كایه‌ى فه‌لسه‌فیشدا .
(توسیدیدپى) به سهرهنجێكى تایبه‌ت به بنه‌ماى (سۆفستایى) ، هه‌وڵى نووسینه‌وه‌ى مێژووه‌كه‌ى خۆیدا و له شانۆنامهكانى (سوفكل) و (ئوپرێد)دا، هه‌ست به‌و كاریگه‌رییه ده‌كرێ .
له زانیارییه‌كانى سۆفستاییه‌كان ،پڕاگماتیزم و یوتیلیتیرتیزم و گزسیتاسیالیزم و پۆزهتیڤیزممان ده‌ست ده‌كه‌ون .
سه‌ره‌ڕاى ململانێى توندى (سوقرات) و (ئه‌فلاتون) ،ناكرێ كاریگه‌رى سۆفستاییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و مێژوو له‌بیر بكه‌ین .
(توسیدیدپى) بۆ مه‌به‌ستێكى مێژوویى خۆى ، گه‌ڕاوه بۆ سۆفستاییه‌كان ، له كاتێكدا سۆفستاییه‌كان سه‌ر به مێژوو نه‌بوون ، واته گه‌ڕایه‌وه بۆ (ئه‌ویتر)ێك، كه له چه‌قى خوددا نییه (ئه‌گه‌ر مێژوو له به‌رامبه‌ر توسیدیدپیدا به خود ناو ببه‌ین ) . ( زانا) بۆ نووسینه‌وه‌ى خۆى ، سه‌ره‌نج له ئه‌ویتر ده‌دا ، با بڵێین :
سه‌ره‌نج له ئه‌وانیتر ده‌دا ، (ئه‌و – ئه‌وان) ده‌كاته كه‌رسته‌یه‌ك بۆ نووسینه‌وه‌ى (من)ێك ، كه خودى شاعیره . لێره‌وه ( زانا) سنوورى نێوان خۆى ئه‌وانیتر تێكده‌شكێنێ، به بێ ئه‌وه‌ى جێناوه‌كان تێكهڵبكا .
شكانى سنوورى نێوان جێناوه‌كان ، نابێته هۆى تێكه‌ڵبوونى ئه‌و جێناوانه ، به‌ڵكو زیاتر سیفه‌تى سهربهخۆییهكهیان ده‌چه‌سپێنێ و وایانلێدهكا سه‌ر به خۆیان بن و سه‌ر به ئه‌وانیتر نه‌بن :
(( پردێكى ره‌ش هه‌یه له گومانه‌وه ده‌مگه‌یه‌نێته گومان .
پردێكى سوور هه‌یه له گومانه‌وه ده‌مگه‌ڕێنێته‌وه بۆ گومان .
پردێكى خۆڵه‌مێشى هه‌یه ئاسمانى له گومانه و
پردێكى بێ كه‌نار هه‌یه ژێره‌وه‌ى ده‌ریایه‌كه له گومان .
كه‌وابێ من له خاڵێكدا چهقبهستم به‌ناوى گومان
یان گومانێكى چه‌قبه‌ست هه‌یه به‌ناوى من !؟))
نووسينى : بڵند باجه‌لان
—————————————————–
سه‌رچاوه‌كان :
1- كتێبى شێوازه‌كان , شیعر , زانا خه‌لیل , 2007 , هه‌ولێر
2- هیچ! , شیعر , وریا مه‌زهه‌ر , 2002
3- سارتر بین الفلسفه والادب , ترجمه : مجاهد عبدالمنعم مجاهد , منشورات دار مكتبه الحیاه – بیروت
4- حه‌قیقه‌ت و جوانى , بابه‌ك ئه‌حمه‌دى , وه‌رگێرانى : مه‌سعوود بابایى ,2008 ، دهۆك
5- كروچه ،كلیات زیبایى شناسى، برگردان .ف. روحانى ، تهران ، 1350 (1358)
6- Letranger / AlBERT CAMUS / Introduzione di : Dario antiseri / Italia / 1994
7- La chuta / CAMUS / Introduzione di : zulima zulyharr/ Italia / 1995
8- TOTEM UND TABU / S. FREUD /intoduzione di : kassi perez / Italia /1984
تێبینى : ئه‌م لێكۆلَینهوهیه له دووا ژماره‌ى گۆڤارى (نووسه‌رى نوى)بلاَوكراوهتهوه