کتێب لە جەنجاڵیی دا … نه‌وزاد جه‌مال
لەم دونیا جەنجاڵ و ئاوس بەململانێی سیاسی و گرژی و توندوتیژی بەجۆرەکانیەوە, کتێبی چی؟ لەدونیایەکدا کە مرۆڤەکان بەڕواڵەتکاری مادیەت و خۆشگوزەرانی ئالودەن تارادەی ‘فیتشیزمی’ “کاڵاگەرایی” و “شتگەرایی”، چۆن بپەرژێنە باسی خوێندنەوەو کێشەکانی نوسەر؟ ئاخر لەئێستایەکدا کە کتێب بەشێکی گرنگی ژیانی رۆژانەو خواست و پێداویستیە کولتوریەکان نییە، ئیتر باس لە کام گرفت بکەین؟ کاتێ هەموو قەیران و ئێش و ئازار‌و سەختی و ئەنگیزەو خواست و خەونەکان کەم تازۆر ناوەڕۆکی کتێبەکان داگیردەکات، وەلێ کتێب خۆی لە دونیای کێشەکاندا لەناشوێندایە. بەدەربڕینێکی تر: دونیا لە کتێبەکاندا دا هەیە، بەڵام کتێب لەدونیای ئێمەدا نییە!
تەکنەلۆجیا رۆحی دونیا
ئەمڕۆ لە پێشتر، تەکنەلۆجیا بۆتە رۆحی رەهاو بوونێکی راستینەی دونیا تائەوڕادەی بوونی ئێمەی تێدا بۆتە سێبەری جوڵەکاریی ئامێرەکان. ئەم تەکنەلۆجیا نوێیە، ئەوەندەی مرۆڤی گێل و تەمەڵترو مێشک سسترکردووە، ئەوەندەش وەهمی دەستڕاگەیشتن بەزانیاری و خاوەندارێتی راستیەکانی تێداچەقاندووە. رۆحێک کە دونیای بەبزۆزی و خێرایی خستۆتەبەردەممان، ئاوەهاش لە ئێمەدا چەسپیوە کە ئێمە هەمیشە لەگەشت و جوڵەی بەردەوامداین.
دونیای تەکنەلۆجی ئەوەندە ئامراز‌و هۆکاری داهێناوە مرۆڤی خافڵگیرکردووە لەخۆی و خستوویەتە باری شلۆقیەوە. بۆیە ئەو جیهانە تەکنەلۆجیە مەزنە، لەناوخۆیدا پڕە لە ‘وردەجیهان’ و هەریەکەی بەسەرخۆیدا داخستووەو گومکردووە. لەکاتێکدا پەیوەندییەکان زێدەڕەوو خێران، ماناکانی بەردەوام لەپچڕان و کورتهێناندان. بەدەربڕینێکیتر: دونیایەک سەرلەبەر کراوە بەڕووی دەرەودا، بەڵام داخراو بەرووی ناوەوەدا لەسەر ئاستی تاک. واتە ئەوەندە لەخۆدا داخراو بچووکە کە پارادۆکسی ئەو جیهانەی ئەمڕۆیە.
جەجاڵ: میدیای دیجیتاڵ
میدیای نوێ -دیجیتاڵ- مرۆڤی ئێمەی رەتاندووەو بەڕێژنەی هەواڵ و دەنگوباسی دژبەیەک کە سەرتۆپی بابەتەکانی کێشەی سیاسی و ئابوریین. کەناڵەکان خەڵکیان وڕکردووە بەدراماو زنجیرەتەلەفزێۆنییە بێماناکان کە هەریەکە بەجۆرێ ئەنگیزەو رۆحی بەدواچوون و پرسیاری تێداکوژراوە، هەموو خولیا‌و خانەکانی مێشک بەووزەی خرۆشێنەری وێنەکان و دیمەنە سەرنجڕاکێشەکان تەنراوە. لەو دونیایەدا، وێنەی سەرنجڕاکێش جێگەی وشەی گرتۆتەوە. وادەردەکەوێ سیحری وێنە، زۆرتر توانای دەربڕین و ماناداریی هەبێ.
ئیتر زێدەپەرۆشیی وێنەکان، بۆتە خاڵی گرێدەر بەو دونیایەوە. سیفەتێکی دیمەنی وێنە هەستەکیە، واتە خێرادەکەوێتە بەرهەستەکانمان هەر لەوێشدا دەمرن. چونکی رەتنابن بەهزرو بیرکردنەوەی بیندرێژدا. وێنە بۆ تەماشاکردن و بینین و هەڵوێستەکردنە، وە تەنها هەستی بینین لەمێشکدا بەهێزدەکات، نەک بیرکردنەوەو پرسیار، بەتایبەت کاتێ وێنەو دیمەنەکان هێندە خێرا دێن و دەچن. ئیدی دونیای ئێمە دونیای وێنەیە نەک وشە. وێنەی جوڵاو لەم جیهانە دیجیتاڵەدا، جیگەی هەموو بیرکردنەوەو خوێندنەوەیەکی گرتۆتەوە.
سەرنەپەرژانە سەرکتێب
هەژموونی تەکنەلۆجیا جوڵەیەکی وەهمی و پەیوەندی ناڕاستی بۆ دروستکردوین لەگەڵ جیهان و مرۆڤەکانداو مرۆڤی خستۆتەر بەردەم قاتوقڕی کات-زەمەنەوە. خێرایی وایکردووە هەستی پێڕانەگەیشتن و پێشبڕكێکردن لەگەڵ زمەنەدا ببێتە فشارێکی دەرووونی وەها کە بڵێین ‘کاتم نییە کتیبێکی (٥٠٠) بخوێنمەوە’، بەڵام دەهێندە کات لەبەکارهێنانی ئامرازەکاندا دەکوژین. تیژرەویی وەک رەوتێکی ئاسایی رۆژانە، هەمیشە ئەنگیزەی پێشکەوتن و هاوکات خەمی پاشکەوتن دروستدەکات. بۆیە باسکردنی کتێب و کێشەکانی لە دونیای مرۆڤەکێدا هێندەی لەخەمی ژەمێکی چەورو قورسدان، تەنگەتاوی موچەو کەلوپەلن، بەهەڵەداوان لەدوای ئاڵوواڵادان، لەشتێکی بێ مانا‌و بێ بایەخ ناچێ؟
مرۆڤێ کتێب وەک کاخەزو قەبارەکەی وەک کێشی ‘تەنێک’ کەبەڵکی خواردن نایە هەڵشەنگێنێ، چ جێگەی بۆ کتێب هەیە؟ گوزارەی ‘خۆ کتێب خواردن نییە’، مانای ئەوەیە شتێ بەئەندازەی خۆراک، پۆشاک، ئامێرەکان گرنگ نەبێ، شایەنی پایەخپێدان نییە! کەواتە کتێب پێویستی نییە، بەڵکو دیکۆرسازییە! راستە، کتێب جێگەی خواردن ناگرێ، وەکچۆن هەرگیز خواردنیش رۆڵی کتێب ناگێڕێ. ئیدی گرفتەکە ئەوەیە خۆراک، کاڵا دەبیتە پێوەری نرخاندنی کتێب!
کتێب وەک چێژ
کتێب وەک رێگەیەکی جیاوازی چێژوەرگرتن، لای ئێمە باسێکی نەدۆزراوەیە. چێژخوازی ئێمە لەتێگەیشتنێکی هەستگەرایی راستەوخۆ هەڵچنراوە. چێژ بریتییە لە خواردن، کڕینی کاڵاو هەبوونی خۆشی و تێرکردنی جەستیی! ئەم ‘چێژنواڕییە’ سادەو هەژارە کە چێژخوازیەکی غەریزی نەبێ، چیترنییە! چونکی پێی وایە دانیشتن بۆ چەند کاتژمێرو رۆژێ بەدەم کتێبێکەوە، وشکەو بێزارکەرە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جوڵەجوڵ و بێئۆقرەییەی کە لە تەکنەلۆجیا لە تێگەیشتن و دونیابینی‌دا رواندوویەتی.
بەدیوێکی تردا، دونیای ئێمە حەزو خۆشی کوژە بەو هەموو ئامراز‌و تەکنەلۆجیایەی کە کولتوری ئینتەرنێتی هێناویەتی. هەمووشتێ بەگوزەرێکی ئەلەکترۆنیدا بەشێوەیەکی خەیاڵی و وێنەیی ئەنجامدەدرێ.
کێشەکە چییە؟
گرفت و ئاستەنگەکانی خوێندنەوەو کتێب لە کوردستاندا کەم توێژینەوەی لەبارەوەکراوە، بەڵام دەردێکە تەنها ‘نوسەرەکان’ خۆیان دەزانن چەندە سەختە. کێشەکەش: داخزانی په‌یوه‌ندی راسته‌وانه‌ی نوسه‌رە بەخوێنه‌رەوەو لەوێوە کوشتنی خوێندنەوەیە. پرسیارەکە ئەوەیە: بۆ ‘کتێب’ دیالۆگ دروست ناکات و نابێته بابه‌تێکی هاوبه‌شی خوێنه‌رو نوسه‌ر لە بەرهەمهێنانی مانایەکی تر‌ی رۆشبیرییدا؟ بۆ کتێب نابێتە رووداوێکی کولتوریی؟
کەواتە؛ کتێب لێکترازانی (نوسەروخوێنەر) دروستدەکات و له‌ڕووی ناوه‌ڕۆکه‌وه دیالۆگکار نییه‌و زه‌مینه‌خۆشکه‌ری وتووێژ‌و راگۆرینه‌وەش نییە. وە رانانی کتێب گرفتێکی ترە کەسەرەڕای بەسەر خوێنەری ئاسایی‌دا تێدەپەڕێ، خوێندنەوەی پرۆفیشوناڵ بۆ کتێبەکان ناکرێ لەلایەن رەخنەگر و خوێنەری یەکەمەوە. هەروەها کتێبی کوردی، سەکۆی پیرۆز بوونی راکانی هەندێ نوسەرەو وه‌ک بیروباوەڕو ره‌چه‌ته‌ی ژیان بۆ خوێنەر نمایشدەکرێ. نوسه‌ر دەبێتە داگیرکارێکی رۆشنبیریی و لەباتی خوێنەر بیرده‌کاته‌وه‌و بڕیارده‌دات و ناهێڵێ مانا‌و تێگەیشتنی تایبەتی هەبێ. لێره‌وه، کێشه‌ی سه‌ره‌کی کتێب؛ کێشه‌ی خوێندنه‌وه‌یه، وه‌کچۆن کێشه‌ی نوسین و نوسه‌ریشه هاوکات. پێویستە له‌و ئه‌ڵقه‌داخراوه‌ی که‌خودی کێشه‌که پێکده‌هێنێ،: نوسین، نوسه‌ر و خوێنه‌ره بدوێین.
• کێشه‌ی نوسه‌ر:
کێشەی نوسەر لەچەند پرسیارێکدا خۆی دەبینێتەوە:
– ئایا نوسه‌ر ئەوەیە هه‌رچی نوسی بڵاویبکاته‌وه‌و هاوکات بشخوێنرێته‌وه؟
– ئایا نوسه‌رانی ئێمه دەپرسن بۆ کێ ده‌نوسن؟
– تاچه‌ندە واده‌نوسی خوێنه‌ری کتێبه‌کە یا وتاره‌که‌ی وابزانێ که تایبه‌ت بۆئه‌و نوسراوه؟
– تا چه‌نده خوێنه‌ر هه‌ست به‌و پێگه‌و بایه‌خدانه تایبه‌ته ده‌کات که لەلای نوسەرێ پێیدراوە؟ واته خوێندنه‌وه‌یه‌کی خۆیی ئه‌نگیزه‌و خه‌ون و خواست و پرسیاره‌کا‌نی ده‌کات لەکتێبێکدا؟
– تاچەند نوسەر لە پێگەی هەژموون و ئەوتۆریتەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە بەنوسین خۆی دەسەپێنێ؟
ئه‌مانه پرسیاریی ئاسایی نیین که نوسه‌ر لێوەی بچێته نێو نوسینه‌کانیه‌وه. بێگومان، مه‌رج نییه نوسه‌ر هه‌موو نوسینه‌کانی بڵاوکاته‌وه، بەڵام مەرجە لەنوسین بەردەوامبێ. ئالوده‌بوون به‌زۆر بڵاوکردنه‌وه، ئاکامەکەی که‌مخۆێندنه‌وه‌یە. زۆرله‌به‌رچاوبوونی به‌رهه‌مه‌کانی نوسه‌رێ، که‌م بینی لاخوێنه‌ر دروستده‌کات، چونکی توانای شوێنکه‌وتنی ئاڕاسته‌و خولگه‌کانی هزری نوسه‌ری نامێنێ. ئیدی ‘ماس پرۆده‌کشن’ (زەبەندەبەرهەمیی) له‌نوسیندا، بەپێچه‌وانه‌ی هه‌موو به‌رهه‌م و کاڵایه‌کی ئابووریەوە “بێبازاری” ده‌هێنێ. جگەلەوەی به‌رهه‌م زۆری، کوشتنی خوێندنه‌وه‌یه. مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی به”قه‌ڵه‌م”دا دێ و ده‌خرێته‌سه‌ر کاخه‌ز بڵاوکرێته‌وه.
رەچاوکردنی ‘ستراتیژیه‌تی نوسین’ بریتیه له‌وه‌ی پێوست ناکات هەموو نوسراوێ بڵاوکرێته‌وه. نوسەر نابێ له‌بیریچێ که له‌پشت هه‌موو نوسینێکه‌وه نه‌نوسراوێک هەیه، نه‌وتراوێک هه‌یەو مەرج نییە بەزەقی بیدرکێنێ. زۆر نوسیی، لە ئاخاوتن-قسەکردنەوە نزیکدەبێتەوە. بۆیە، نوسین هێشتنه‌وه‌ی مه‌وداو بواری لێکدانه‌وەیە بۆ زرنگی خوێنه‌ر که‌خۆی تێدابینێتەوە. هێشتنەوەی مه‌ودا(نەک کەلێن و کاڵوکرچی)، ئاکتیڤکردنی هزری خوێنەرە. جگەلەوەی دواخستنی هه‌ندێ پرس و بابه‌ت بۆ ساته‌کانی تر‌ی ته‌مه‌ن و بڵاوکردنەوەیان، دانایی تێدایه.
• کێشه‌ی نوسین
بەگشتی کتێب و وتاره‌کان ناهێنرێنە ئاخاوتن، به‌ڵکو ده‌چنه تونێلی بێده‌نگیه‌وه. هۆکارگەلێ له‌پشت ئه‌وه‌ی که کتێبه‌کان خامۆشانه چاپدە‌بن و بێدەنگ دەکەون: زۆربازاڕیی نوسین، ریکلام و گه‌وره‌کردنی چه‌ند نوسه‌رێ، پێداهه‌ڵدان و پاڵپشی میدیایی که‌سانێ، زۆربوونی رۆژنامه‌وه گۆڤار، زۆریی هه‌واڵ و بابه‌تی رۆژانه‌یی سیاسی و ئابوری و هتد. لەپاڵ هه‌ژموونی خێرایی ئاڵۆگۆره‌کانی ژیاندا هەموو فشار ده‌خه‌نه‌سەر چۆنیەتی نوسین. لەستراتیژیەتی نوسیندا رەهەندی ‘ئابوریی’ کەمتر رەچاودەکرێ، بەواتای ‘زێدە‌مه‌سره‌ف نەکردن’ی زمان! ئەم ستراتیژیەتە واده‌کات نوسینه‌کان کورتترو پوختترو چڕوپڕتربن، به‌ده‌رله‌وه‌ی له‌هه‌ندێ جێگه‌دا ده‌بێ ورده‌کاری هه‌بێ، روونکردنه‌وه‌ی پێویست بدرێته خوێنه‌ر. کاتێ نوسین دەبێتە ناخهەڵرشتن و هەڵوێستنواندنی رووت، لەقسەی ئاسایی و بەرخۆری نزیکدەبێتەوە بەجۆرێ بێحورمەتی بەخوێنەردەکرێ، وەکئەوەی کەرەسەو وشەی بەسەردا ساغکرێتەوە. لەکاتێکدا خوێنەر چاوەڕوانی تر‌ی هەیە، بەتایبەت ئەگەر نوسین هەر باسکردنی خۆبێ، لەگۆشەنیگای خوێنەرەوە بڵاوکردنەوەی و نەکردنەوەی یەکسانە؟
• کێشه‌ی خوێنه‌ر
کێشه‌ی خوێنه‌ر دیوه‌که‌ی تر‌ی کێشه‌ی نوسه‌ره. به‌ڕاستی خوێنه‌ری ئێمه، تەنها به‌مانا باوەکەی خوێنه‌ره. کەسێکە لەگەڵ رەوت و ئاراستەی بیری نوسیندا رێناکات، نوسەر بەتەنیا و بەتەنها لەرێگەدا بەجێدەهێڵێ. بەوەش خۆی دەداتە دەست فێڵەدەروونی و تاکتیکەکانی نوسەر، ملکەچ و دەستەوسان چاوی لەزانیاریی و تەلقینکردنە. خوێنەری ملکەچ و وەرگر بەمانا پاسیڤەکەی، خۆی تەسلیمی نوسەرو ئەنگیزەو حەزەکانی دەکات. نوسەر وەک مردوشۆرو خوێنەر مردوو و کتێبیش بۆتە تاتەشۆرێ. بەڵام ئەم مردووشۆرە، دۆشداماوە لەو تەرمەی لەبەردەستیدا سست و سارد‌و بێڕۆحە کەتکای ورتەو نوزەیەکی لێ هەیە. دواجار وابەستەبوونی خوێنەر بەنوسەرەوە، لە دوورمەودادا ناهومێدکردنی نوسەر خۆیەتی.
لەلایەکی ترەوە، له‌ژێر هه‌ژموونی میدیای نوێ‌دا، هه‌موو له‌خوێنه‌ره‌وه بووینه‌ته نوسه‌ر، بۆنموونە لەکورتیلە رسته‌و سه‌رنج و هه‌ڵویست نوسیی سه‌ر تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا، وەهمی نوسەرێتی تۆخبۆتەوە. خوێنەر ئەرکی یەکەمی لەبیرچووەتەوە لەپرۆسەی بەرهەمهێنانی مانا‌دا به‌گشتی وەک دیالۆگکارێ. جگه‌له له‌و دیوه سایکۆلۆجیه‌ی ئه‌م وه‌رچه‌رخانه که هه‌رکه‌س لەمڕۆژگارەدا شتێکی هه‌یه بیڵێ، به‌ڵام هه‌رکەس به‌هه‌ڵرشتنی ناخی نابێته نوسه‌ر.
کەواتە پرۆسەی خویندنەوە بۆخۆی مانای کولتورێکی دیموکراسییە، چونکی بەشداری دووجەمسەر یازیاترە لە وەدستخستی راستی و ماناکانی دەقدا. کتێب پردی گەیاندن و پەیوەندییە بەشێوەی راستەوانەو پێچەوانەش(لەنوسەر بۆ خوێنەرو بەپێچەوانەوە). بۆیە لەو کولتورەدا ئه‌وتۆریته‌ی نوسه‌ر له‌هی خوێنه‌ر زیاتر نییە له پرۆسه‌ی خوێندنه‌وەو هەڵهێنجانی مانا‌دا. ‘فه‌لسه‌فه‌ی’ دیموکراسی نوسین، دیموکراتیزه‌کردنی سەرهەڵدانی راوبۆچوون له پرۆسەی ‘مانابینی’ خوێنه‌ر\نوسه‌ردا. نوسه‌ر بڕیارده‌رو داگیرکه‌ری تێگه‌یشتنی خوێنه‌ر نییه، به‌ڵکو خوازیاری دیالۆگە. بەڵام لەدونیای ئەمڕۆدا، نوسین له کرده‌یه‌کی نهێنی ده‌چێ کە له‌نێوان نوسه‌رو کتێب خۆیدایە بێ هاوپشکی خوێنه‌ر. کاتێ خوێنەر حزوری نییە لەو پرۆسەیەدا گۆشه‌گیری کتێب دێته‌ئاراوه. کێشه‌ی خوێندنه‌وه، کێشه‌ی نوسین و توانستی نوسه‌ریشه بەدیوێکدا. بۆیە نوسین لای ئێمه زۆرجار له ژانرێکی خۆڕازیکردنی ‘ئیزۆتۆرییه(esoteric) ناخەکیە به‌ڕووی ناوه‌وەی نوسەر‌دا نەک دیالۆگ. باشترە ناوی بنێین مۆنۆلۆگ.