گفتوگۆ لەگەڵ کامەران سوبحان
كامه‌ران سوبحان: له بیست ساڵی ڕابردوودا شاكاری ئه‌وه‌نده گه‌وره و مه‌زن نمایش نه‌كراوه، به بێ ده‌نگی ڕۆیشتبێت.
له ناوه‌ندی شانۆی كوردیدا یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی به‌رده‌وام قسه‌ی لێده‌كرێت و وه‌ك جۆرێك له كه‌م و كوڕی لێی ده‌ڕوانرێت، نه‌بوونی ئه‌و بواره گرنگه‌یه كه پێی ده‌گوترێت (ڕه‌خنه‌ی شانۆیی)، كه بێگومان له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی گوزاره‌ی نه‌بوونی (ڕه‌خنه‌ی شانۆیی) نه‌بوونی (ڕه‌خنه‌گری شانۆیی)ش دێته ئاراوه، چونكه ڕه‌خنه په‌یوه‌سته به بوونی ڕه‌خنه‌گره‌وه، نه‌ك بینه‌رێكی ئاسایی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌سانێك له هه‌ر قۆناغێكدا هه‌بوون كه كاریان له‌م بواره‌دا كردووه و به‌رده‌وام له هه‌وڵدابوون بۆ هێنانه ناوه‌وه‌ی دیدی ڕه‌خنه‌ییانه، بۆیه ده‌كرێت ڕاو سه‌رنجی ئه‌وانیش وه‌ربگرین له باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌وه، كه (كامه‌ران سوبحان) یه‌كێكه له‌وانه و له ده ساڵی ڕابردوودا جێگه ده‌ستی له ڕه‌خنه‌ی شانۆییدا دیاره، بۆیه به باشمان زانی له ڕێگه‌ی چه‌ند پرسیارێكه‌وه بینین و بۆچوونی وه‌ربگرین.
*ئایا له ئێستادا دوای ماوه‌یه‌كی زۆر له كاری هونه‌ریی، ده‌كرێت بڵێین كورد خاوه‌نی ڕه‌خنه‌ی شانۆییه؟
– زۆر جار ئه‌م پرسیاره كراوه، هه‌ندێجاریش زیاده‌ڕۆیی تێدا ده‌كرێت به‌وه‌ی ده‌ڵێن كورد هه‌ر ڕه‌خنه‌ی شانۆیی نییه، پێم وابێت ئه‌م پرسیاره و ئه‌م جه‌ده‌له هه‌ڵگری جۆرێك له گرفتی ته‌لیسماوییه، ئێستا شیده‌كه‌مه‌وه بۆچی و له‌به‌رچی ئه‌م پرسیاره گرفتی هه‌یه، كه ده‌ڵێین كورد خاوه‌نی ڕه‌خنه‌ی شانۆییه، ده‌بێت ئێمه هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر كورد بكه‌ین له هه‌موو دونیادا هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی كوردستان، ئه‌وروپا، ڕووسیا و هه‌موو ئه‌و جێگانه‌ی كوردی تێدایه، ئایا بۆ كردنی ئه‌م پرسیاره و كردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌روازه‌یه هه‌رگیز ئه‌م بیردۆزه له به‌رچاوگیراوه؟ به‌داخه‌وه ده‌ڵێم نه‌خێر هه‌میشه كه باس له شانۆی كوردی ده‌كرێت ڕاسته‌وخۆی ته‌نها شانۆی كوردی له هه‌ولێر و سلێمانی له‌به‌رچاو ده‌گیرێت، من له زۆرێك له خاوه‌نی ئه‌و پرسیارانه ده‌پرسم چه‌ندێك ئاگایان له شانۆ هه‌یه له دهۆك، له سنه، له ئامه‌د، له باتمان، له قامیشلۆ، له حه‌له‌ب…هتد ئه‌مانه هه‌مووی كوردستانن و ره‌نگه كه‌مترین شاره‌زایشمان له باره‌ی شانۆكه‌یانه‌وه هه‌بێت، ئه‌ی چۆن زاراوه‌ی شانۆی كوردی، ره‌خنه‌ی شانۆی كوردی و ده‌یان زاراوه‌ی تری كوردی رێكده‌خه‌ین؟ بۆیه من پێم باشه له بری ره‌خنه‌ی شانۆی كوردی جه‌نابتان زاراوه‌ی ڕه‌خنه‌ی شانۆیی له هه‌رێمی كوردستانی عێراق به‌كاربێنن، ره‌نگه ئه‌م زاراوه‌یه گونجاوتر و گرنگتر بێت و جۆرێك له ڕاستگۆیشی پێوه دیار بێت.
له‌باره‌ی بوون و نه‌بوونی ڕه‌خنه‌ی شانۆیی له هه‌رێمی كوردستان، چه‌ند جارێكی تریش به‌م په‌نده كوردییه وه‌ڵامم داوه‌ته‌وه، كه كورد له مێژه وتوویه‌تی (كاڵا… به‌قه‌د باڵا) ڕه‌خنه شانۆییه‌كه‌ی ئێمه‌ش وایه، نه زیاتر نه كه‌متر، وابزانم لانی كه‌م له بیست ساڵی ڕابردوودا شاكاری ئه‌وه‌نده گه‌وره و مه‌زن نمایش نه‌كراوه، به بێ ده‌نگی ڕۆیشتبێت، به‌ڵكو له هه‌ر قۆناغێكدا شانۆ له چ ئاستێكدا بووبێت ڕه‌خنه‌ش یان تۆزێك له پێش یان تۆزێك له‌پاش بووه.
* كه‌واته ڕه‌خنه‌گرانی ئێمه ده‌توانن قسه له باره‌ی شانۆی كوردییه بكه‌ن به شێوه به‌رفراوانه‌كه‌ی؟
-ئه‌ی بۆ ناتوانن هیچ هه‌یه له‌وه‌ی رێگرییان لێبكات، به‌ڵام بیرت نه‌چێت كه تۆ زاراوه‌ی (ڕه‌خنه‌گران)به‌كاردێنێت ده‌بێت ئاگات له‌وه‌بێت ئێمه ده‌زگا و ئۆرگانێكی تایبه‌تمان نییه به ره‌خنه‌گران تا له‌وێوه بڕیار و ڕاسپارده ده‌رچێت و بڵێ قسه له‌سه‌ر فڵان نمایش بكرێت و له‌سه‌ر فڵان نمایش نه‌كرێت، ئه‌م پرسیاره‌ی تۆ له‌وه ده‌چێت كه ئێمه ڕۆژانه ده‌یان نمایشی جۆراوجۆری كلاسیك، مۆدێرن، ئه‌زموونگه‌ریی ..هتد له هۆڵه‌كانمان نماش بكرێت و نرخی بلیتی نمایشه شانۆییه‌كان ژماره‌ی پێوانه‌یی بڕیبێت و شانۆ بووبێته به‌شێك له كولتووریی نه‌ته‌وه‌یمان به‌ڵام گرفت به‌س ئه‌وه‌بێت نه‌توانرابێت وه‌ك پێویست تیۆریزه بۆ ئه‌و كاره هونه‌رییه بكرێت.! به‌ڵام له ڕاستیدا وانییه به‌ڕێزم حاڵی شانۆ له‌م وڵاته‌دا چه‌ند خرابێت خاڵی ڕه‌خنه‌ش ئه‌وه‌نده و هیچ تر. پێویست ناكات له‌م ده‌سته‌واژه زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بدوێین.
*شانۆكاره‌كانمان توانیویانه ڕه‌خنه قبوڵ بكه‌ن؟ یان هه‌میشه ڕه‌خنه‌گرتن به‌دوای خۆیدا گرفت و كێشه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه، ئایا بۆ ئه‌م گرفته نموونه‌ی دیاری كرا‌و هه‌یه؟
– ئه‌مه شتێكی ڕێژه‌ییه، چونكه كه‌م نین ئه‌و گرفت و كێشه به‌رده‌وامانه‌ی كه ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه، له كاتی نووسین یان لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی شانۆیدا، ده‌یان جار بۆخۆم ڕووبه‌رووی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بوومه‌ته‌وه ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆچوونێكی تایبه‌تیم له‌سه‌ر نمایشێك یان كتێبێك یان به‌رهه‌مێكی هونه‌ریی وتووه، هه‌میشه‌ش پێش قسه‌كردنه‌كانم خۆم داناوه بۆ ئه‌و باجه‌ی ده‌یده‌م له‌سه‌ر هه‌ڵوێستێكم، چونكه هه‌ڵوێست ده‌ربڕین و ڕاستگۆیی له قسه‌كردن و نووسیندا كارێكی وا ئاسان نییه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه زۆربه‌ی هاولاتییه‌كانی سه‌رقاڵی میكیاژكردنی یه‌كتری و ڕاگرتنی هاوسه‌نگین، ئه‌گه‌ر له ژیاندا رووبه‌ڕووی هه‌ر گرفتێك بووبمه‌وه له‌سه‌ر بۆچوونێكی هونه‌ریی و ڕه‌خنه‌یم لێی په‌شیمان نیم، چونكه هیچ شتێك نیه بێ باج و گرفت و له‌مپه‌ر، ئه‌گه‌ر باسی ئه‌و خه‌مانه‌ی خۆمت بۆ بكه‌م له‌م بواره‌دا بێ ئه‌نداز زۆره و وازی لێبێنه بۆ ڕۆژی خۆی و بۆ نووسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه تاڵه‌كانم.!!
ده‌یانجار له‌سه‌ر چاوپێكه‌وتن، لێدوان گفتوگۆ و په‌راه‌گرافێكم له نووسینێكدا تووشی سه‌رئێشه‌یان كردووم، به‌وپێیه‌یش له‌م وڵاته‌دا هیچ ده‌زگا و ئۆرگانێك نییه مافی هونه‌رمه‌ندی كورد بپارێزێت بۆیه به‌رده‌وام ده‌بێـت خه‌مه‌كان بۆ خۆمان هه‌ڵگرین، ده‌یانجار ته‌شهیرم پێكراوه له‌ملاولا قسه‌م پێوتراوه نه سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندان نه وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی نه هیچ ئۆرگانێكی هونه‌ریی له‌م وڵاته‌دا نه‌یوووته‌وه خێره براله وا ده‌كه‌ن به‌و كه‌سه، دیاره ئه‌م گرفتانه‌ش له‌سه‌ر شتی كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بووه هه‌روه‌ك ئاماژه‌م پێدا له‌سه‌ر نووسین و ره‌خنه‌بوون، له وڵاتێكدا ڕه‌خنه‌گرتن و قسه‌كردن ئه‌مه باجه‌كه‌ی بێت نابێت دڵمان به‌و وڵاته زۆر خۆش بێت.!!
*ڕه‌خنه‌ی شانۆییمان بۆته ژانرێكی سه‌ربه‌خۆ یاخود له په‌راوێزی شانۆدایه، ئایا تا ئێستا ڕه‌خنه‌ی شانۆییمان ڕه‌خنه‌یه‌كی میتۆدیانه‌یه یان ڕه‌خنه‌یه‌كی ڕاگوزه‌رییانه و سه‌رپێییانه؟
– سه‌باره‌ت به بوونی ڕه‌خنه‌ی شانۆیی به ژانرێكی سه‌ربه‌خۆ ئه‌مه حاڵی كتێبخانه و گه‌نجینه‌ی كولتووریی وڵاته‌كه‌مان ده‌زانێت، به بڕوای من تا هه‌نووكه ئێمه له بواری تیۆرییدا لاوازین، نه‌ك تیۆریی شانۆ، به‌ڵكو تیۆری ئه‌ده‌ب، سۆسیۆلۆژیا، سینه‌ما، ئه‌پستمۆلۆژیا، رامیاری و لایه‌نه‌كانی تریش، میلله‌تی ئێمه له بواری تیۆردا له هه‌ژارییه‌كی كوشنده‌دا ده‌ژی، ئه‌و هه‌ژارییه‌ی گوناهه‌كه‌ی به ته‌نها بۆ من و تۆ ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵكو بۆ ده‌یان سه‌ده و ئه‌و باگراونده كولتوورییه‌ی كه ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئێمه‌ی له‌سه‌ر بونیادنراوه، كه وا به ئاسانی چاره‌سه‌ر نابێت تا نه‌توانین پێناسه‌یه‌كی شیاو بۆ كولتوور و تیۆر بكه‌ین، كه له ئێستاشدا ئه‌وه شتێكی مه‌حاڵه، چونكه ته‌كنه‌لۆژیا و ژیانی ماددی هێنده به خراپی و لایه‌نه نێگه‌تیڤه‌كه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه كاری كردووه به ڕووه گه‌ش و پۆزه‌تیڤه‌كه‌ی كاری نه‌كردووه، سه‌باره‌ت به به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه‌شتان كه ئایا ڕه‌خنه به میتۆدییانه كاری كردووه‌ی یان نا، ئه‌وه به چاوخشاندنێكی خێرا به بارودۆخی لایه‌نی نووسین و تیۆری شانۆیدا ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه ئێمه له‌م بواره‌شدا چه‌ند لاواز و هه‌ژارین، گرفته‌كه له‌وه‌دایه ئه‌م لایه‌نه له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا هێنده روون بووه‌ته‌وه هه‌موو كه‌س ده‌توانێت كه‌وچكی تێخات، جاری وایه نووسینی وام خوێندووه‌ته‌وه شه‌رمم له‌خۆم كردووه كه شتێكم نووسیووه‌و له‌و بواره‌دا هه‌وڵێكی كه‌مم هه‌یه، زۆر سه‌یره هه‌ندێ كه‌س به‌ناوی ڕه‌خنه‌وه جه‌هلێكی زۆر به‌رهه‌م دێنن و هه‌ر خه‌ریكی هۆنینه‌وه‌ی فاڵ و ناو ڕیز كردن و به‌شان و باڵهه‌ڵدانی ئه‌م و ئه‌ودان، تا ئه‌م جۆره قه‌ڵه‌م و بیركردنه‌وانه له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه هه‌بێت چاوه‌ڕێی شتی باش نه‌بین، چونكه چه‌ندێك هه‌وڵی باش هه‌بێت، بوونی چه‌ند قه‌ڵمێكی له‌م شێوه‌یه به‌سه بۆ شێواندنی لایه‌نه گه‌شه‌كانی بواری تیۆری شانۆییمان.!
* ڕۆڵی په‌یمانگه و كۆلێژه شانۆییه‌كان له پێگه‌یاندنی ڕه‌خنه‌گردا چییه، تا ئێستا توانیوویانه به ئه‌ركی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان هه‌ڵسن و كۆمه‌ڵكێك كادیری پسپۆڕ و ئه‌كادیمی پێ بگه‌ینن؟
– بێگومان ڕۆڵی خۆی هه‌یه، چونكه بیرمان نه‌چێت له كورترین پێناسه‌دا ئه‌و كۆلیژ و په‌یمانگه‌یانه ناوه‌ندێكه بۆ پێگه‌یاندنی كادیری ئه‌كادیمی، به‌س ده‌بێت له بوونی و كاركردنی ئه‌و په‌یمانگه و كۆلیژانه‌ش بكه‌وینه گومانه‌وه، ناكرێت بیكه‌ینه تاكه مه‌رجی پێگه‌یاندنی ڕه‌خنه‌گر و شانۆكار، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ئێستادا ئه‌و ناوه‌ندانه‌ش له قه‌یران و ته‌نگه‌ژه‌یه‌كی گه‌وره‌دا ده‌ژین، من بۆخۆم ماوه‌ی ساڵێكه له په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانی سلێمانی وانه‌ی تیۆریی شانۆ ده‌ڵێمه‌وه، ئێستا ده‌زانم گرفتی ئه‌و په‌یمانگه و كۆلیژ و ناوه‌نده ئه‌كادیمیانه له چیدایه؟ ده‌زانم برینه‌كه له كوێدایه و چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌ڵام چاره‌سه‌ر به ته‌نها حه‌ب و شروبێك نییه و به كون فه‌یه‌كونێك چاره‌سه‌ر بێت، به‌ڵكو قوربانی و ماندووبون و خزمه‌تكردنی ده‌وێت، با له پرسیاره‌كه دوورنه‌كه‌وینه‌وه، پێم وایه له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و په‌یمانگه و كۆلیژانه بۆ ئه‌وه درووست بوون كادیری هونه‌ریی درووست بكه‌ن، كادیر به مانا فراوانه‌كه‌ی، ئه‌كته‌ر، ده‌رهێنه‌ر، ڕایكه‌ری دیكۆر، ڕایكه‌ری مۆزیك، ڕه‌خنه‌گرو …هتد به‌ڵام تا ئێستا وه‌ك پێویست به‌م ئه‌ركه هه‌ڵساون، ئه‌گه‌ر بڕیاربێت چاكسازی له سیسته‌می هونه‌ریدا بكرێت پێویسته له‌سیسته‌می په‌روه‌رده‌ییه‌وه ده‌ستپێبكه‌ین، كه پێم وایه خراپی سیسته‌می په‌روه‌رده‌یمان جێگه‌ی نیگه‌رانیی هه‌موو لایه‌كه، تا هه‌نوكه په‌روه‌رده به مانا فراوانه‌كه‌ی به‌ده‌ر له په‌روه‌رده‌ی هونه‌ریی سیسته‌مێكه بۆ وێرانكاریی، سیسته‌مێكه بۆ نه‌خوێنده‌واری و به‌نه‌خوێنده‌واركردنی نه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته، له باخچه‌ی ساوایانه‌وه بۆ زانكۆ هیچ بڕگه و شوێنێك له‌م سیسته‌مه‌دا شك نابه‌م هانی قوتابی و خوێندكار بدات بخوێننه‌وه‌و شه‌یدای كتێب ببن، به‌ڵكو كتێب له‌م سیسته‌مه په‌روه‌رده‌ییه‌دا بووه‌ته دێوه‌زمه و خوێندكار خواخوایه‌تی زوو لێی هه‌ڵبێت، بێگومان كۆلیژ و په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانیش له‌م سیسته‌مه به‌ده‌ر نین، بۆیه ئێستا بۆشاییه‌كی زۆر له‌و ناوه‌نده‌شدا ده‌بینرێت، من بۆخۆم له‌ماوه‌ی ئه‌م ساڵه‌دا له په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كان زۆر هه‌وڵمدا بۆ خوێندكاره‌كانم كه فێری شێوازی نووسینی توێژینه‌وه‌و وتار و لیۆَكۆڵینه‌وه‌یان بكه‌م، بێ ئومێد نه‌بووم به‌ڵام كه سه‌یر ده‌كه‌م ئه‌و قوتابییانه‌م پاشخانێكی هزریی و هونه‌رییان نییه وه‌ك ئه‌وه‌یه ئاسنی ساردبكوتم، دیاره ئه‌مه‌ش گوناهه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ر مامۆستا و فێرخواز و سیسته‌می په‌روه‌رده‌یش، چونكه بیریشت نه‌چێت به‌شێكی زۆری ئه‌م مامۆستایانه‌بوون كه له‌ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كان له‌م په‌یمانگه‌یه وانه‌یان به ئێمه ده‌وت ئه‌ی بۆ له‌و قۆناغه‌دا ده‌یان هونه‌رمه‌ند و شانۆكار په‌روه‌رده‌بوو، ئه‌ی بۆ ئێستا له په‌یمانگه‌یه‌كدا ئه‌و خوێندكارانه‌ی به‌جدی خه‌ریكی شانۆیه لله په‌ینجه‌ی ده‌سته‌كان تێناپه‌ڕن.بۆیه به‌بڕوای من هه‌ر هه‌وڵێكی چاكسازی له بواری سیسته‌می هونه‌ریی و په‌روه‌رده‌یماندا به گۆڕینی كۆی ئه‌و سیسته‌مه خراپه ده‌ستپێده‌كات كه به‌رده‌وام ڕه‌گ داده‌كوتێت، بۆیه پێویسته به هه‌موو توانایه‌كمانه‌وه هه‌وڵبده‌ین له ڕیشكه‌وه ئه‌و سیسته‌مه ده‌ربێننین به هه‌موو لایه‌كه‌وه خه‌مێكی ئه‌م نه‌وه نوێیه بخۆین كه به‌خه‌ونی ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌وه ده‌یه‌وێت له هونه‌ر بگات.!
سازدانی: داستان به‌رزان