
شیعر و شۆڕش … ن: ناسر حه‌قپه‌ره‌ست
هه‌میشه كولتوور و ئه‌ده‌بیاتیش وه‌ك سه‌رخانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌شێك بوون له دیاریكه‌ری رێبازی و ئایدۆلۆژیا و به كورته ئاورێك له مێژووی گۆرانكاریه‌كان و راپه‌رین و شۆرشه‌كان كاریگه‌یان له‌سه‌ر هانی هه‌ستان و خرۆشانی جه‌ماوه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌و جۆره ئه‌ده‌بیات و كولتووه‌ره زیاتر له مه‌به‌ست و هه‌ستی تاكێك، رێره‌وی ئامانجی گشتی ده‌گرێته‌به‌ر و خۆی به ئازار و ئاواته‌كانی ئه‌وانه‌وه گرێ ده‌دات.
له ماوه‌ی رابردوو دا شاهیدی به‌چاپ گه‌یشتنی دوو دیوانه شیعر له شاعیرانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بووم كه ئه‌گه‌رچی ناوه‌رۆكیان ره‌نگه بۆ زۆرێك ئاشنا بێت، به‌ڵام به‌هۆی له‌به‌رده‌ست دا نه‌بوونی سه‌رچاوه‌كان كه‌متر ناوی نووسه‌رانی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌مان ناسراوه یا له‌یاد ماوه.
یه‌كه‌م: “بۆ ئازادی” له نووسینی “رێبوار”*
دووهه‌م: “چۆن بۆت بدوێم” له نووسینی “ئه‌حمه‌د بازگر”*
“ئه‌نوه‌ر حسێن” كۆی كردوونه‌ته‌وه و پێشه‌كی بۆ نووسیون و له به‌رگ و دیزاینێكی جوان دا به چاپ گه‌یشتوون.
ئه‌م دوو كتێبه بۆ من گه‌لێك جێگای سه‌رنج و به‌نرخن بۆیه له‌م كورته باسه دا هه‌وڵ ده‌ده‌م چه‌ند لایه‌نێكیان بخه‌مه به‌رچاو.
جیا له‌وه‌ی ئه‌و دیوانه شیعریانه گه‌لێك ده‌قی ئه‌ده‌بی پر له هه‌ست و ناوازه‌یان له‌خۆ گرتووه، به‌لای منه‌وه به جیاوازیه‌كیش كه پێكه‌وه هه‌یانه، هه‌ردووكیان هه‌ڵگری به‌شێك له رازوره‌مزی گه‌لێك له هه‌ورازونشێوه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه‌ی كوردستانن كه ئاوێته‌ی هه‌ستی پر له هه‌ڵوێست و پاراوی ئه‌و شاعیرانه بوون و له كاردانه‌وه‌یه‌ك دا به‌رامبه‌ر به ره‌وتی رووداوه‌كان هاتوونه‌ته كایه‌وه و بوونه‌ته به‌شێكی دیار له ئه‌ده‌بیاتی چه‌پ و پێشكه‌وتنخوازانه و تێكه‌ڵ به سروود و ئاواز و دروشمی سه‌رزاران بوون و به‌هۆی ئاسۆی روونی بیریان تا ئێستاش هه‌ر دووپات ده‌بنه‌وه.
زۆرێك له‌و شیعرانه ده‌ربری ناوه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌یه‌كی نوێخواز و به‌ره‌نگارین كه ناوی بزووتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه‌ی كوردستان_ه. هاواری په‌نگخواردووی خه‌ڵكی چه‌وساوه و ژنانی بێ ماف و منداڵانی بێ ناز و زایه‌ڵه‌ی ئه‌و هیواو هومێدانه‌ن كه به بیری نوێ و سۆشیالیستی ده‌هۆنرانه‌وه.
ئه‌و شیعرانه زۆربه‌یان سه‌رده‌مانێك بڵاو بوونه‌وه كه باشووری كوردستان له ژێر گوشاری دیكتاتۆری و سانسۆر دا بوو. بڵاو بوونه‌وه‌ی به‌شێك له شیعر و سرووده‌كانی ئه‌و دیوانه شیعریانه له‌و كات دا به ده‌نگی هونه‌رمه‌ندانی ناو ریزه‌كانی كۆمه‌ڵه یا بڵاو كراوه‌كانی وه‌ك گۆڤاری “پێشه‌نگ” كه به هۆی حزووریان له ناو خه‌ڵكی ناوچه ئازاد كرا‌و و شاره‌كانی كوردستان ده‌ست خوێنه‌ران و هۆگران ده‌كه‌وتن، ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌رچاویان هه‌بوو.
“بۆ ئازادی”
ئه‌م دیوانه شیعره له چاپ دانه‌وه‌ی شه‌ش ده‌فته‌ر له شیعره‌كانی (موسلیح شێخولئیسلامی) به ناسناوی”رێبوار” له‌خۆ گرتووه. مێژووی نووسینی شیعره‌كانی ده‌فته‌ری یه‌كه‌م هه‌ڵده‌گه‌رێته‌وه بۆ به‌ر له شۆرشی 1979 له ئێران و له زۆربه‌یان دا شاعیر فه‌زای كۆمه‌ڵگا و ئه‌و رووداوانه وێنا ده‌كاته‌وه كه كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ره‌وتی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی داناوه.
كۆمه‌ڵگای كوردستان له ده‌یه‌كانی 60 و 70 سه‌ده‌ی رابردوو دا له بواری چه‌ندایه‌تی و چلۆنایه‌تی كه‌وتبووه ژێر كاریگه‌ری ئاڵوگۆره‌كانی ناوخۆی ئێران. زۆرینه‌ی خه‌ڵك له‌لایه‌ك له ژیانی گوندیی دابرابوون و ئاواره‌ی شاران ببوون و له لایه‌كی تریش به هۆی نه‌بوونی ژێرخانی وڵاته‌وه به‌ته‌واویی نه‌یانده‌توانی ئاوێته‌ی ژیانی شاریی و پیشه‌سازی بن. له ئاكام دا زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له ژێر پاشماوه‌كانی كولتووری ده‌ره‌به‌گایه‌تی دا كه‌وتنه به‌ر چه‌وساندنه‌وه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری. خه‌ڵك گواستنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌لێك به‌ژان و ئازاریان ئه‌زموون كرد.
كۆتایی ئه‌و ده‌وره‌یه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ گۆرانكاریگه‌لێكی به‌رچاویش له سه‌رخانی كۆمه‌ڵگا كه په‌ره گرتنی رادیۆ و ته‌له‌ویزیۆن و خوێندن و خوێندنه‌واری له قوتابخانه و زانكۆكان و ئاشنا بوون به بیری چه‌پ و سۆشیالیستی و رێكخراوبوون و كاری رێكخراوه‌یی به‌شێك له‌وانه بوو.
رێبواری شاعیریش به‌رهه‌می ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌ستیار و چاره‌نووسسازه‌یه و له ده‌لاقه‌ی بیری خۆیه‌وه رووداوه‌كانی ده‌ورووبه‌ری هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ و وێنایان ده‌كاته‌وه. له به‌شێك له یه‌كه‌م شیعری “گه‌شتی كوردستان”دا ده‌ڵێ:
“وه‌ره با سه‌یرێ له كوردستان كه‌ین/ ئاوپرژێنێكی كوڵی دڵمان كه‌ین/ با بڵێم باسی هه‌ژاری خۆمان/ باسی ژێر ده‌ستی و دیلی كوردان/ با بچین دێ به دێ، ئه‌م شار ئه‌و شار/ ده‌مێ رابوێره له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی هه‌ژار”
لێره دا رێبوار وێرای گه‌شانه‌وه‌ی به سروشتی كوردستان، له‌گه‌ڵ ئاوردانه‌وه له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی دا خه‌م دایده‌گرێت و هه‌ستی هاوسۆزی خۆی ده‌رده‌برێ و وه‌ك ئاوه‌روونكه به‌شوێن رێبازێكی روون دا ده‌گه‌رێت. له‌و سه‌رده‌مانه دا كۆمه‌ڵگا گیرۆده‌ی تاویاوێكی گه‌لێك گرانه. هه‌مووان له رێگه‌ی ده‌ربازبوون له‌و ئازاره كۆمه‌ڵایه‌تیانه ده‌گه‌رێن كه دیكتاتۆریی “شا” و سیسته‌می سه‌رمایه‌داری به سه‌به‌بكاره‌كه‌ی ده‌زانن. زۆربه‌یان ئه‌و رووناكبیر و خوێندكارانه‌ن كه به سه‌ره‌تایه‌ك له تیۆری سیاسیه‌وه ده‌بێ گشت شتێك له رێگای ئه‌زموون و خه‌تاوه به‌رنه پێش. ئه‌م شێوازه‌ش زۆربه‌ی كات كاره‌ساتی ناخۆشی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، وه‌ك “سیاهكه‌ل” له باكووری ئێران و مه‌رگی “كاك ئیسماعیل شه‌ریفزاده” (سمكۆ) و هاورێیانی له كوردستان له كۆتاییه‌كانی ده‌یه‌ی 60. “رێبوار” له شێعری “سنه”دا گه‌لێك جوان وه‌سفی هه‌ستی تاڵی جه‌ماوه‌ر بۆ مه‌رگی “سمكۆ” ده‌كات و هاوكاتیش به یه‌قینه‌وه دڵخۆشه به پۆلوی ژێر خۆڵه‌مێشی شۆرش، تا ئه‌ه‌وی له كۆتایی ده‌فته‌ری یه‌كه‌م دا ده‌گاته “خه‌ونی سوور”.
“با بچم ده‌سته گوڵی لێ دانێم/ دڵی داماوی له‌به‌ر پێ دانێم/ گوڵه‌بارانی گڵی (سمكۆ) كه‌م/ گڵه‌بانانی دڵی پرسۆ كه‌م…/ به هه‌زاران و هه‌زار ده‌ست و تفه‌نگ/ هه‌ڵئه‌گیرسێننه‌وه مه‌شعه‌لی جه‌نگ”
ئه‌گه‌رچی شاعیر وه‌ك كه‌سێكی خاوه‌ن هه‌ڵوێست و ئایدۆلۆژیك، شیعر و ئه‌ده‌بیاتیش به ئامرازی پێشخستنی خه‌بات ده‌زانێ، به‌ڵام قه‌ڵه‌می به‌برشت و بیری تیژی هینده جوان هه‌وێنی هه‌ستی ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌و شیعرانه‌ش دا كه بۆ مه‌رگی هاوسه‌نگه‌رانی نووسیون، وه‌ك ئه‌ستێره به ته‌وێڵی تاریكی ئه‌و نه‌هاته ساڵانه‌وه‌ی داون. له شیعره‌كانی مام ره‌حمان، كاك فوئاد، كاك شوان… دركی جوانیناسانه‌ی له خه‌بات و خۆراگری ده‌هۆنیه‌ته‌وه.
***
له زستانی 1979 شۆرش هه‌ڵده‌گیرسێ و ئاواته‌كانی له لایه‌ن رژیمێكی تره‌وه دیزه به ده‌رخۆنه ده‌كرێن و به فریودان و فه‌وتاندن به‌سه‌ر وڵات دا زاڵ ده‌بێت. ته‌نیا ناوچه‌یه‌ك كه خۆی به‌ده‌سته‌وه نادات كوردستانه. كوردستان ده‌بێته مه‌كۆی خۆراگریی و حیزبه‌كانیش خه‌ریكی ئاماده‌كاری و به‌ره‌نگار بوونه‌وه ده‌بن. یه‌ك له‌وان كه “رێبوار” كادیر و هه‌ڵسووراوێتی و جه‌ماوه‌ری بۆ هان ده‌دات “كۆمه‌ڵه” یه. ئه‌و خۆراگریه‌ی بزووتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه له كوردستان كولتووری خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تی په‌ره پێده‌دات. به حه‌ق (وه‌ك مامۆستا قانیع) شیعر و سرووده‌كانی “رێبوار”یش له‌و سه‌رده‌مه هه‌ستیاره‌دا بۆ جێخستنی كولتووری خه‌بات و پێشكه‌وتنخوازیی پشكی شێریان به‌ر ده‌كه‌وێت.( ئه‌گه‌ر به كورتیش بووه ده‌بێ بڵێم: شیعره‌كانی”ملوانكه‌ی شین”ی “شه‌ریف”یش كه هی سه‌رده‌می راپه‌رین بوون، ز‌ورێكیان له‌و كات دا كرانه سروود و ئاواز و ره‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌یان بوو.) زۆرێك له شیعر و سرووده‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه له دووهه‌مین ده‌فته‌ره شیعری “رێبورا” دا به‌ناوی “سڵاوێك له عاشقانی ئازادی” له ئاگۆستی 1984 بڵاو ده‌بنه‌وه كه شاعیر له كورته‌یه‌ك له پێشه‌كی دا ده‌نووسێ:
” سرووده‌كانی ئه‌م چه‌پكه‌یه له كوردستان له‌سه‌ر زارانن و له نێو جه‌ماوه‌ر دا به‌رین بڵاو بوونه‌ته‌وه و وه‌كو سرووده‌كانی كۆمه‌ڵه ناسراون… ئه‌م شێعرانه هه‌روه‌ك ده‌بینن له نزیكه‌وه مۆری شۆرش و ئاڵوگۆری ئه‌م شۆرشه‌ی پێوه‌یه و تێكۆشاوم شیعره‌كانم رۆژ له رۆژ زیاتر له روانگه‌ی ئێمه‌ی كۆمۆنیسته‌وه بروانێ”
یه‌كه‌مین شیعر “سروودی ئه‌نترناسیۆناڵ”ه كه مانیفێستی شاعیر و حیزبه‌كه‌یه‌تی:
“ده‌سه‌ڵاتداران رزگارمان ناكه‌ن/ نه شا، نه شێخ، نه ئاسمان/ با خۆمان بۆ رزگاری رابین/ ئه‌ی خێڵی به‌رهه‌مهێنه‌ران”
زۆرێك له شیعره‌كانی ئه‌و ده‌فته‌ره بوونه‌ته وێردی سه‌رزاران و ده‌نگی هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك (ناسر ره‌زازی، كاڵێ ئاته‌شی، جه‌ماڵ موفتی، مه‌رزیه فه‌ریقی، نه‌جمه‌دین غوڵامی و به‌كر له‌گزی) له “كۆری بانگه‌وازی كۆمه‌ڵه” دا ئه‌و سرودانه‌یان ئاوێته‌ی هه‌ست و نه‌ستی كۆمه‌ڵگا كرد.
“سڵاوی گه‌رمی دڵی پر هومێدی مه‌ت پێشكه‌ش/ پڵنگی هه‌ردی وڵات ئه‌ی هه‌ڤاڵی پێشمه‌رگه/ له ده‌وری ده‌ست و تفه‌نگت گه‌رێم كه رۆژی خه‌بات/ له ئاستی هه‌ڵمه‌تی تیژت چ ناگرێ به‌رگه”
هاندانی ژنان بۆ ئاوێته بوونیان به خه‌بات و ده‌سته‌به‌ر كردنی مافه‌كانیان یه‌كێك له ده‌غده‌غه‌كانی شاعیر بووه و له “سروود بۆ ژنانی تێكۆشه‌ر” دا ده‌ڵێ:
“شۆرشه هه‌ستن، راپه‌رینه/ ئه‌ی ژنانی گشت وڵات/ شان به شانی پیاوان هه‌ستن!/ وه‌رنه ناوریزی خه‌بات”
دواهه‌مین شێعری “ده‌فته‌ری دووهه‌م” شیعرێكه به‌ناوی “ئه‌و شاعیره‌ی خۆی دۆڕاند” كه بۆ سه‌رزه‌نشتی شاعیرێكی نووسیوه كه خۆی وته‌نی وه‌ك “ویكتۆر خارا”ی نه‌كردووه و ته‌سلیمی زۆری زۆردارانی كۆماری ئیسلامی بووه.
هه‌روه‌ك وتم ئه‌م دیوانه شیعره تاراده‌یه‌ك بووه‌ته ئاوێنه‌ی باڵانوێنی هه‌وراز و نشێوه‌كانی كۆمه‌ڵگای رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، بۆیه له‌چاپدانه‌وه‌ی ئه‌م شیعره به هه‌ڵه نازانم. به‌ڵام دوای چه‌ند ده‌یه، ئێستا ئیتر “رێبوار” ده‌بوو روونكردنه‌وه و قه‌زاوه‌تێكی عادڵانه‌تری له بابه‌ت لێك جێاكردنه‌وه‌ی قوربانی و جه‌لاد هه‌بوایه.
“ده‌نگ هه‌ڵبڕه”
ئه‌مه سێهه‌مین ده‌فته‌ره شێعری دیوانی “بۆ ئازادیه” كه نزیكه‌ی نیوه‌ی لاپه‌ره‌كانی ئه‌و كتێبه‌ی به‌خۆی ته‌رخان كردووه و خۆی به سه‌ر سێ به‌شی جیادا دابه‌ش كراوه. جاری یه‌كه‌م له پاییزی 1988 به‌چاپ گه‌یشتووه”رێبوار” ده‌ڵێ:
” … ئه‌مه‌ش سێهه‌مین هاوار و بانگه‌وازمه بۆ كۆمه‌ڵانی به‌شمه‌ینه‌ت، كه ده‌نگمان هه‌ڵبرین و ده‌رد و ژان و هیوا و ئاواتمان ده‌ربرین. گه‌رچی ساڵ و زه‌مانێكی هێنده بێ ره‌زایه كه خۆم پێم وایه یه‌ك له هه‌زاری ده‌رد و ژانه‌كانم ده‌رنه‌بریون…”
له نێوان ساڵه‌كانی 1984 بۆ 1988 ئاڵوگۆرێكی زۆر به‌سه‌ر شۆرش و شۆرشگێران دا هاتووه كه رێبواریش یه‌ك له‌وانه. سه‌راپای كوردستان میلیتاریزه بووه و هێزی پێشمه‌رگه كشاونه‌ته‌وه بۆ ناو مقه‌ره‌كانیان له باشووری كوردستان كه ئه‌و كات له ژێر ده‌سه‌ڵاتی رژیمی به‌عس دا بوو. ئه‌و ساڵانه دره‌نگتێپه‌ر و پرتوكێنه‌ر بوو. له لایه‌ك خۆراگری له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌كرده‌وه سه‌ركوت كرابوو و له لایه‌كی تریش شۆرشگێران كه یاد مه‌رگی ئازیزترین هاوسه‌نگه‌ره‌كانیان له دڵ دا ببووه گرێ، لێره‌ش كاره‌ساته‌كانی وه‌ك ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و … به‌به‌رچاوی ئه‌وانه‌وه به‌رێوه‌ده‌چوو. كاریگه‌ریه‌كانی ئه‌و به‌سه‌رهاته گه‌لێك كێشه و گرفتی ناو رێكخراوه‌كان و تاكه‌كه‌سی لێ كه‌وته‌وه… له شۆروشه‌وقی ئاپۆره‌ی شه‌قام و شاره‌وه بۆ شه‌ر و گرمه‌ی شاخ و دواتریش ئیزۆله بوون له ئۆردوگاكان دا. ئه‌و ساڵه ئه‌سته‌مانه كه‌سی به‌جه‌رگی ده‌ویست تا به‌رگه بگرێت و بتوانێ له‌سه‌رما و گه‌رمای خێوه‌ت دا د‌رك و داڵی ده‌وری له بیر بكات و به ره‌وتی رووداوه‌كان دا بچێته‌وه، تێفكرێ و كانی لێڵی بیری روون بكاته‌وه… “رێبوار” له‌و كه‌سانه بوو. له‌م ده‌فته‌ره دا كه‌متر سه‌رنجی داوه‌ته ریتم و سه‌روا و له فه‌زایه‌كی ئارامتر و واڵاتر دا توانیویه‌تی چرتر و وردتر بنووسێت.
“سواری ماندوو” كه سێهه‌مین شیعری ئه‌و ده‌فته‌ره‌یه، زۆر باش توانیوێتی نسكۆ و ئاسته‌نگه‌كانی ئه‌و ساڵانه وێنا بكات و سه‌رگوزه‌شتی شۆرش و شۆرشگێران بدركێنێ. سواری ماندوو، به‌سه‌رهاتی پێشمه‌رگه‌یه‌كی هیوابراوه كه ئه‌سبی هیوای وێڵ ده‌كات و روو له ده‌ركای ماڵی خۆیان ده‌كاته‌وه. دایك به دیتنی سیمای سڕ و شانی بێ چه‌كی رۆڵه‌كه‌ی له مه‌سه‌له‌كه ده‌گات و له سه‌راپای ئه‌و شیعره دا هانی هه‌ستانه‌وه‌ی ده‌دات و ئه‌سبی هیوای بۆ زین ده‌كاته‌وه كه كورته‌یه‌كی به‌م جۆره‌یه:
“سواری ماندوو/ دابه‌زیبوو/ له‌غاوی خسته سه‌ر مل ئه‌سپه‌كه‌ی و/ هێی كردبوو…/ به‌ره‌و ئاسۆ سواری به‌زیوی به‌جێهێشت…/ دایك:… بار ئه‌بێ بگاته مه‌نزڵ/ چ كه‌س نیه غه‌یری خۆمان/ ده‌ریایه‌ك ده‌ستی تامه‌زرۆین/ زۆرین وه‌كو خیزی چۆمان/ … هه‌ور كه رۆیی / ئاسمانی شین/ ئاسمانی زه‌نگ/ هه‌تاوی گه‌ش هه‌تا هه‌تا…/ سوار هه‌ستابوو/ ده‌ستی له یاڵی ئه‌سپه‌كه‌ی توند ئاڵا بوو/ لنگی له ئاوزه‌نگی قایم شه‌ته‌ك دابوو/ به نێو كرێوه و تۆفانا/ له چاوی گه‌شاوه‌ی دایكی/ به‌ره‌و ئاسۆی روون/ ئاوابوو…”
رێبوار له‌م ده‌فته‌ره دا به ئه‌نجامێكی یه‌كلاییكه‌ره‌وه گه‌یشتووه و زیاتر له جاران ره‌وابوونی “سۆسیالیزمی زانستی” بۆ ده‌ركه‌وتووه. ژیان و خه‌باتی چینایه‌تی بۆی ده‌بێته ئه‌وله‌وییه‌ت و هیواو ئاواته‌كانی به سه‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی چینی كرێكاره‌وه گرێ ده‌دات. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و كاتانه چه‌ند ده‌یه به‌سه‌ر جێگیر بوونی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی له ئێران تێپه‌ر ده‌بێت و چینی كرێكار كه‌وتووه‌ته به‌ر به‌رداشه‌كانی شه‌ری ئێران و عێراق، هه‌ژاری و خه‌فه‌قانی سیستماتیك و كه‌مترین ناره‌زایه‌تی مه‌رگی به كۆمه‌ڵی ئه‌وانی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، وه‌ك ره‌شه‌كوژیی هاوینی 1988 له زیندانه‌كان دا.
“هانایه‌كم په‌نگاوه‌ته بین و گه‌روو:/ هه‌ی داد، هه‌ی داد!/ له‌م بازاره بێ ره‌حمه دا/ ژیان هه‌رزانتره / له نان!”
رێبوار له به‌شی دووهه‌می ئه‌م ده‌فته‌ره شیعره دا “ژانی له‌ده‌ستچوونی یاران”ی به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه و له یادی كچێكی ئێعدام كرا‌و دا ده‌ڵێ:
“قه‌ڵا له جه‌رگمان ده‌كه‌ندرێ / كه شێت نابین!/ گێرایه‌وه:/ ده‌ستێك لیباسی كچانه‌ی / سێ چوار كون تێ/ سوور بوون به خوێن/ له‌گه‌ڵ جووتێك كه‌وشی وێرنی/ ناسكی پاژنه خوێناوی/ فرێ درا به‌نێو حه‌وش و نێو / كۆشی دایك…/ له‌گه‌ڵ ئه‌سكه‌ناسێكی 50 تمه‌نی/ ئه‌و پاره‌یه‌ش ماره‌یی كچه‌كه‌ته”
یادی به‌ژانی هاورێیانی كۆڵی پێ نادات و له هزری ناخات و مه‌نزڵگه ون ناكات. گه‌لێك ئارمانجگه‌رایانه و وشیارانه رووگه‌ی خۆی ده‌سه‌لمێنێت كه بێگومان ئه‌وه به‌شێكه له ئه‌زموون و ئیلتیزامی شاعیرێكی شۆرشگێر و جیهانبینیه‌كی جیهانداگر كه به‌سه‌ر كولتوور و ئه‌ده‌بیاتی چه‌پ و پێشكه‌وتنخوازانه دا زاڵه. هه‌ر بۆیه به شاره‌زاییه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ودای هه‌ست و بیری خوێنه‌ر له كیس بدات، به‌م جۆره دانبه‌جه‌رگداگر كۆتایی پێ دێنێت:
“… بوغزم قووت دا و/ چاوم بریه به‌رژه‌وه‌ند و/ به‌ره‌و ئاسۆ / رێم گرته به‌ر”
به‌شی سێهه‌می ده‌فته‌ری سێهه‌م و هه‌روه‌ها ده‌فته‌ره‌كانی چوار، پێنج و شه‌ش_یش زیاتر ته‌رجمه‌ی به‌رهه‌می ئه‌و شاعیره گه‌ورانه‌یان له‌خۆ گرتووه كه كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی جیهانی و ناوچه‌كه بووه وه‌ك: تره‌یسی چاپمه‌ن، پوشكین، بێرتۆلت برێشت، جۆهه‌یل، مه‌حموود ده‌روێش… زۆرێك له‌م ته‌رجمانه له‌ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی رابردوو دا به‌شێكی به‌رچاوو بوون له ئه‌ده‌بیاتی كرێكاریی و پێشره‌و، هاوكات گه‌لێك په‌خشان و كورته شیعری دوای ساڵه‌كانی 90 ئاوێته كردوون كه مۆركی سه‌رده‌مانی خۆیان پێوه‌یه و له ژێر تارمایی و ته‌می تاراوگه و ئیفراتی سیاسی دا نیوه‌گیان چاویان پشكوتووه…
به خوێندنه‌وه‌ی دیوانه‌ی شیعری “بۆ ئازادی” وه‌ك پێشتر وتم ده‌كرێ هه‌ست به به‌شێك له هه‌وراز و نشێوه‌كانی نه‌ك هه‌ر شاعیر وه‌ك تاكێك به‌ڵكو ره‌وتی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و شۆرش_یش به‌كه‌یت. بچیته ناو قووڵایی ره‌وتی ئه‌و رووداوانه‌ی كه له نێوان ساڵه‌كانی 60 تا كۆتایی ده‌یه‌ی 80 بڕگه‌یه‌كی چاره‌نووسساز و پر پاڵه‌په‌ستۆیان له مێژووی كوردستان شكڵ پێ دا.
“رێبوار” سه‌ره‌تا وه‌ك خوێندكار و دواتر وه‌ك هه‌ڵسوراوێكی سیاسی و له كۆتایی دا وه‌ك شاعیرێكی شۆرشگێر و به‌توانا كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی به‌ره‌ی چه‌پی كۆمه‌ڵی كورده‌واری داناوه. هه‌ڵبه‌ت من ناوی “بۆ ئازادی و یه‌كسانی” بۆ ئه‌م دیوانه شیعره به گونجاوتر ده‌زانم، چونكه شاعیر هێنده‌ی بۆ ئازادی چریكاندووه چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ش بانگه‌وازی یه‌كسانی مافه‌كانی ژن و پیاو و یه‌كسانی نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی كردووه… تا ئه‌وكاته‌ی ئێش و ئازاره‌كانی هه‌ڵاواردن، بێ عه‌داڵه‌تی و چه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی له گۆرێ دا بێت، ئه‌وا به‌شێكی دیار له شیعر و سروده‌كانی “رێبوار”یش وه‌ك زایه‌ڵه‌ی زوڵاڵی كۆمه‌ڵگا هه‌روا به‌سه‌ر پێوه ده‌بن.
“چۆن بۆت بدوێم”
له به‌شی یه‌كه‌م دا دیوانه شیعری “بۆ ئازادی” “رێبوار” بابه‌تی به‌رباس بوو. له‌م به‌شه دا ده‌چمه سۆراخی دیوانه شیعری “چۆن بۆت بدوێم” كه كۆمه‌ڵێك له شیعره‌كانی “ئه‌حمه‌د بازگر”ی له‌خۆ گرتووه.
به‌شێكی زۆر له‌م شیعرانه‌ش وه‌ك شیعره‌كانی “رێبوار” زیاتر له سێ ده‌یه‌یه كه له رێگای “هونه‌رمه‌ندانی كۆری بانگه‌واز”ی “كۆمه‌ڵه” و بڵاوكراوه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌یه بڵاو بوونه‌ته‌وه و به هۆی هه‌ستی ناسك و هه‌ڵوێستی پێشره‌وانه‌یه‌وه ئێستاش به‌سه‌ر زارانه‌وه ماونه‌ته‌وه. به‌ڵام شاعیر كه‌متر ده‌رفه‌تی خۆناساندن و ده‌ركه‌وتنی بۆ ره‌خساوه.
ئه‌م دیوانه شیعره‌ش وێرای له‌خۆگرتنی چه‌ندین هۆنراوه و سروودی باڵابڵند و پێشكه‌وتنخوازانه، هاوكات وێناگه‌ری گه‌لێك له هه‌وراز و نشێوه‌كانی شۆرشن له نێوان سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی 80 تا 90 زایینی.
پێموایه به هۆی گه‌لێك هاوشێوه‌یی له رووداوه‌كانی دوای شۆرش بۆ هه‌ردووی ئه‌و شاعیرانه، پێویست به دووباره كردنه‌وه‌ی به‌شێكی زۆر له باسه‌كه‌ی پێشوو ناكات و وه‌ك زه‌مینه‌یه‌ك بۆ به‌شی دووهه‌م لێی ده‌روانم.
“ئه‌حمه‌د بازگر” له دایكبووی 1962 و له سه‌رده‌می لاوێتی دا له گه‌ڵ شۆرشی 1979 ئێران به‌ره‌وروو ده‌بێته‌وه و له‌به‌ره‌ی چه‌پی كۆمه‌ڵگا دا به خه‌باته‌وه په‌یوه‌ست ده‌بێت.
له ریزی هه‌ڤاڵانی پرشۆروشه‌وق و بێ ئۆقره‌ی دا له ژێر كاریگه‌ری رووناكبیران و دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه دا شوێنی ئاڵوگۆرێكی بنه‌ره‌تی و خێرا ده‌گرن.
له شیعری “من و ئه‌و” دا شاعیر گه‌لێ ورد و جوان بیره‌وه‌ریه‌كانی سه‌رده‌می منداڵی به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه. وێنای ئه‌و دۆخه ده‌كات كه دواتر ده‌بێته دیاریكه‌ری رێبازی گۆرانخوازیی ئه‌و. منداڵه‌كان ته‌نانه‌ت له‌ناو پۆل_یش دا له توانجی نێگا (ئه‌مجاره‌یان له‌لایه‌ن مامۆستای قوتابخانه! كه میراتی كولتووری ده‌ره‌به‌گایه‌تی بوو) به‌دوور نین. دواتریش هه‌ژاری و نه‌بوونی په‌لكێشی مه‌یدانی كاریان ده‌كات، ئه‌وه به‌سه‌رهاتی زۆرینه‌ی هاوته‌مه‌نه‌كانیه‌تی:
” موعه‌لیم هات، / به‌رپا_یه‌ك و بشینید_ێك/ تیشكی گه‌رمی خۆری به‌هار/ له په‌نجه‌ره‌ی كلاسه‌وه/ وه‌ك توانج/ و بته‌مه‌ركی ئاغا مودیر،/ به ناخمانا ده‌رۆیشته خوار/ … له‌گه‌ڵ پۆلێك ڕووت و ره‌جاڵی هه‌ژارا/ ئاپۆره‌یه‌ك كرێكارا/ چاوه‌روانی كار وێستاوین!”
كۆمه‌ڵگای سه‌رده‌می پێگه‌یشتنی “بازگر” به گه‌لێك ژان و ئازاری ره‌گه‌زیی، نه‌ته‌وه‌یی و چینایه‌تی دووگیان بوو. تێگه‌یشتنی درووست و وێنا كردنه‌وه‌ی به هه‌ڵوێستی گشت ئه‌و رووداوه چاره‌نووسساز و یه‌كدابه‌دووانه ئه‌سته‌م بوو… له سه‌رده‌مێك دا نیه كه خه‌ون و خه‌یاڵی خۆی پێ بهۆنێته‌وه، ده‌بوو راشكاو بی و هه‌ل له‌ده‌ست نه‌ده‌ی. “بازگر” خۆی له به‌ره‌ی جه‌ماوه‌ری وه‌گیانهاتوو دا ده‌بینێته‌وه و بۆ ئه‌وان ده‌چرێت:
“هه‌ستم كرد ده‌بێ من شاعیری كرێكار و زه‌حمه‌تكێشان بم و دواتر زیاتر هێزی جه‌ماوه‌رم ناسی. واتا ئه‌و شۆرشه سه‌ره‌تای قۆناغێك بوو. له جه‌ره‌یانی هه‌ڵگیرساندنی شۆرشگێرانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، بۆیه په‌یوه‌ست بووم كه ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ست و ئاواتی ره‌نجده‌رانی كوردستان بوو.
من شیعری خۆم به‌ته‌نیا به موڵكی خۆم نازانم! به‌ڵكو موڵكی ره‌نج و تێكۆشانی هه‌مووانه. ئه‌وانه‌ی ده‌نگ و ره‌نگی خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێشی كوردستانن.”:
“وه‌رن لێره/ له كوردستان/ له مه‌ڵبه‌ندێ كه‌وا رقمان/ بۆته وشه/ له‌به‌ر چاوی زۆر ئه‌بڵه‌ق بووی / كڕیارانی خوێن و ژینمان/ پر به جیهان ده‌نگ هه‌ڵده‌برین/ گوێم لێ بگرن!”
به‌ڵام سه‌ره‌رای خه‌بات و خه‌باتكاریی، شیعره‌كانی هێنده پر و پاراون كه رسته به رسته‌یان له ده‌راوێكی روونی كانی وشه هه‌ڵبه‌ستراون و بۆ ده‌ربرینی هه‌ستی بزۆزی قه‌ت بۆ وشه دانامێنێ و ئه‌و وشانه‌ش كه له زمانی تر وه‌ری گرتوون، هێنده به‌جێ چنیونی كه هه‌ست به گرێ ناكه‌یت. له شیعره‌كانی “بازگر” دا جوانی ناسی ده‌ستێكی باڵای هه‌یه.
شیعری “گۆمه‌شین” یه‌كه‌مین شیعری دیوانی “چۆن بۆت بدوێم”ه. باسی به‌سه‌رهاتی تاڵی له‌ده‌ستچوونی یارانی شۆرشه له رووداوێكی سرووشتی دا. به‌ڵام شاعیر گه‌لێك ئارمانجگه‌رایانه به‌سه‌ر په‌ژاره‌ی خۆی دا سوار ده‌بێت و له هه‌ڵبه‌ستێكی مرۆڤته‌وه‌ر دا بۆ دوارۆژی سه‌ركه‌وتن موژده‌ی ده‌سته‌مۆ كردنی یاخیگه‌ریی سرووشت ده‌دات و روو له گۆمه‌شین ده‌ڵێت:
“شه‌رته وه‌ها بتبه‌ستمه‌وه،/ به هه‌وراز، به نشێوا، / وێنه‌ی ئه‌سپێكی ده‌سته‌مۆ،/ به ده‌شت و ده‌را خۆش ئاژۆ،/ وا بتبه‌م و بتگێرمه‌وه،/ له‌بن هه‌موو دارێك، هه‌موو بنچكێكدا،/ چۆك دابده‌ی، سوجده ببه‌ی،/ بۆ دار، بۆ گوڵ، بۆ گه‌نم، بۆ ئاوه‌دانی!”
ئاوێته بوون و ئاشنایه‌تی به رنج و ماندوویه‌تی چینه‌كه‌ی له وه‌سف و وێناكردنه‌وه‌ی ئه‌و ژینه نایه‌كسانه دا هێنده روون و ره‌وانی ده‌كاته‌وه، ته‌نانه‌ت وردترین سه‌رنجیش له كیس نادات:
“هه‌موو رۆژێ ئێوارانیش/ له‌به‌ر ده‌رگا،/ چاو له رێگا،/ تا له‌وپه‌ری گه‌ره‌كه‌وه باوكم شه‌كه‌ت،/ هێدی، هێدی/ به‌ره‌و ماڵ ده‌گه‌رایه‌وه!/ دیاری هه‌موو ئێواره‌یه‌ك/ په‌نیری ڕه‌نده نه‌كراو و / نوردوێك نانی گه‌رمه ته‌ندوور!”
“بازگر” نه‌ك هه‌ر وێناگه‌ری دۆخی گرانی هاوچاره‌نووسانیه‌تی، به‌ڵكوو له دوای ده‌سته‌به‌ر كردنی دونیای ئاره‌زوو و مه‌به‌ستیشیانه:
“تا كه‌ی به هێزی شانی من/ دنیا له ره‌نجم وه‌گه‌شێ/ ببمه گه‌نجی دوژمنانم/ بۆ خۆم وێڵ بم له دوی به‌شێ/ بژی یادی یه‌كی ئایار/ به‌رزه ئاڵا و چه‌كی ئایار”
به‌پێی بیروباوه‌ری سۆشیالیستی، رزگاری ژنان له كۆت و به‌ندی دواكه‌وتوویی و چه‌وساندنه‌وه بۆ “بازگر” ده‌بێته ئه‌ركێكی خه‌باتكارانه. له چه‌ند شیعری (زولفا) كه ئاوڕ له ژیانی تاڵی ژنان له كۆمه‌ڵی كورده‌واری ده‌داته‌وه، هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ربرینی هه‌ستی پر كه‌سه‌ری خۆی، ریشه‌ی ئه‌و تراژیدیانه ده‌داته به‌ر تیشكی سه‌رنج. له به‌شێك له شعری “زولفا” دا ده‌ڵێ:
“ده‌ردی ژن بوون/ هه‌موو رۆژێ / له ماڵه‌وه/ له نێو دێ دا/ وه‌ك بار ده‌نیشته سه‌ر لێوم/ ده‌بوو به ته‌م له چاوم دا و / زه‌ردی ده‌كرد گۆنای سێوم/ هه‌ر جاره‌ی ده‌سته خوشكێكم/ به نابه‌دڵی به شوو درابێ،/ له رۆژی به بووك چوونیدا/ له‌و دیوی تارای سووره‌وه/ ئاونگی ئه‌سرینم دیوه”
له به‌شی كۆتایی ئه‌م دیوانه شیعره دا چه‌ندین شیعری خاوه‌ن كێش و سه‌روا به‌رچاو ده‌كه‌وێت كه پێم وایه له دوو شیعری “مه‌یلی بێستان” و “نه‌ورۆزانه”دا توانایی خۆی له‌م بواره‌ش دا به لوتكه گه‌یاندووه. له هه‌ر دووكی ئه‌و شیعرانه دا به كه‌ڵك وه‌رگرتن له سروشتگه‌رایی و ژیندۆسی خۆی گه‌لێك وێنه‌ی ناوازه‌ی خوڵقاندووه و توانیوێتی پر به باڵای ئه‌ندێشه‌ی گیانیان به‌به‌ر دا بكات:
” نامه‌وێ وه‌ك دیل بژیم من مه‌یلی بێستانم ده‌وێ/ په‌یكه‌ره‌ی وشكی ژیانم بانگ ده‌كا گیانم ده‌وێ/ ئیمشه‌و ئێحساسی بزۆزم ئۆقره ناگرێت و ده‌ڵێ/ هه‌ستی نه‌رمی، سۆزی گه‌رمی، شیعری راسانم ده‌وێ/ …دووكه‌ڵی هانای هه‌ناسه‌ی بێبه‌شان هانم ده‌دا/ بێم به‌ره‌و لوتكه‌ی مه‌به‌ستم، رانه‌وه‌ستانم ده‌وێ”
یا له شیعری “نه‌ورۆزانه” دا كه خه‌م و ئاواته‌كان وه‌ك ئاڵه‌كۆكی پاڵ رندوو ئاوێته ده‌كات و موژده‌ی ژینی بێ ژان له سبه‌ی رۆژی به‌هار ده‌دا:
“گوڵی گه‌زیزه‌ی قژ زه‌ردی لاپاڵ/ نه‌رم راده‌ژێ به سروه‌ی شه‌ماڵ/ له ده‌س ئه‌م ژینه ده‌رده دڵیه‌تی/فرمێسكی ئاونگ له‌سه‌ر چڵێتی/ …ئاگری شۆرش ئه‌وه‌نده پر گر بێ/ تا زستانی ژین یه‌كجاری قر بێ”
“بازگر” له كورته‌یه‌ك له پێشه‌كی ئه‌م دیوانه شیعره دا به‌سه‌ر هێندێك هه‌ستی توندئاژۆی له سه‌ره‌تای شۆرش دا ده‌چێته‌وه، ئه‌وده‌مانه‌ی كه تاوتینی لاوێكی شۆرشگێری ئه‌زموون ده‌كرد. به‌شێكیش له شێعره‌كان كه له زه‌مان و مه‌كانێكی ته‌واوه‌ن جیاواز دا نووسراون، وا باشتر بوو له به‌رگێكی تر دا له‌چاپ بدرایه‌ن، چونكه دوو ده‌نگ و ره‌نگی جیاوازن.
وێرای گشت ئه‌وانه زۆربه‌ی هۆنراوه‌كانی دیوانه شیعری “چۆن بۆت بدوێم” له چه‌شنی “بۆ ئازادی” هاوارێكی گه‌لێك ره‌سا و پێشره‌وی ئینسانی و ئه‌ده‌بین و له قاڵبی ژانری ئه‌ده‌بی دا سه‌ڵایه‌كی روون و ره‌وان بۆ ئازادی و یه‌كسانی كۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تی.
سه‌رچاوه/1_ “بۆ ئازادی” كۆبه‌رهه‌مه شیعریه‌كانی “رێبوار” موسلیح شێخ الاسلامی كۆكردنه‌وه‌ی “ئه‌نوه‌ر حسێن چاپی یه‌كه‌م 2013 چاپخانه‌ی كارۆ
2_ “چۆن بۆت بدوێم” شیعر “ئه‌حمه‌د بازگر” ئه‌نوه‌ر حسێن پێشه‌كی بۆ نووسیوه. چاپخانه‌ی كارۆ