Skip to Content

Wednesday, April 17th, 2024
هەزار نەفرەت لەم دنیا قێزونە

هەزار نەفرەت لەم دنیا قێزونە

Closed
by August 5, 2013 گشتی

 

 

 

 

دنیایەک، پڕ لە خوێنڕشتن، پڕ لە ناشیرینی، پڕ لە بۆگەنی، پڕ لە نامرۆیی و نەمانی هیچ بەهایەکی مرۆڤ. دنیایەک، تاریک تاریک و ئەنگوستچاو، دنیایەکی ڕەش و بۆر و قێزەون بۆنی سەدەکانی ناوەڕاستی لێدێت، دنیایەک کە بە کۆمەڵ مرۆڤەکان، بوون بە گاگەل، گەمژە کراون، بوون بە مێگەل و دوای هەچەیەک کەوتوون، کاروانیان بەستوە بەرەو گۆڕەپانی خوێنڕشتن و مرۆڤ خواردن، منداڵ تۆقاندن، ئەو پەڕی نامیهرەبانی و دڵڕەقی بەرامبەر بە هەرکەسێک کە بەدەم هاوار و قیژە و خوێنلەبەرڕۆشتنەوە جارێکتر دەدرێتەوە بەر ڕێژنەی گولە، نابێت بژیت، نابێت بمێنیت، نابێت ببییت: کەسانیک لەبەر ئەوەی کوردن، کەسانێکی تر لەبەر ئەوەی عەرەبن، کەسانێکیتر لەبەر ئەوەی تورکن، کەسانێکی تر لەبەر ئەوەی ئیسلامین، کەسانێکی تر لەبەر ئەوە شیعین، کەسانێکیتر لەبەر ئەوەی سونین، کەسانێکی تر لەبەر ئەوەی ناویان عومەرە، کەسانێکیتر لەبەر ئەوەی ناویان عەلیە، کەسانێکی تر لەبەر ئەوە مەسیحین، کەسانێکیتر لەبەر ئەوەی لە حیزبەکەی ئێمەنیین… هەرهیچ نەبێت لەبەر ئەوەی لە من نییت، لەگەڵ من نییت، نەبوویت بە گەمژە، خۆت نەخستوەتە ناو گاگەل و مێگەلەکەوە، لەوەش واوەتر لەبەر ئەوەی پێدەکەنیت، لەبەر ئەوەی دڵت بە ژیان خۆشە، لەبەر ئەوەی بۆ ژیان دەمریت بۆ مردن ناژیت، لەبەر ئەوەی عاشقی جوانییت، لەبەر ئەوەی دڵدارییت کردوە، لەبەر ئەوەی عاشقیت، لەبەر ئەوەی ژنیت، لەبەر ئەوەی دەتەوێت وەک مرۆڤ بژیت، لەبەر ئەوەی خوازیاری دنیایەکی عەقڵانییت، لەبەر ئەوەی مەدەنیەتتدەوێت، لەبەر ئەوەی ڕەخنەگرییت، لە بەر ئەوەی باسی کچەکەی پاشاتکردبوو، دەبێت گولە بنرێت بە ناودەمتەوە، لەبەر ئەوەی بابەتێکت لەسەر گەندەڵی و دزی نووسیبوو، دەبێت لەبەردەرگاکەی خۆتاندا لە بەرچاوی منداڵەکانت و هاوسەرکەتدا بدرێیتە بەر ڕێژنەی گولە، لەبەر ئەوەی دەتەوێت ژیان و مرۆیی بوون بگێڕییتەوە بۆ خۆت و بۆ دەروپشتت، لەبەر ئەوەی ناماقوڵییت کردبوو، خۆت گەیاندبووە ئەو ئاستەی ببیت بە سەرۆکی هەرێم، دەبێت کەرامەتت بشکێت، هەر هی خۆت نا، کەرامەتی خۆت و هەموو شارەکەشت.

 باسی ١٨ ملوێن دۆلارە دزراوەکەت کردبوو، ئەوەت پێڕەوانەبینین بۆیە دەبێت سەروچاوت بەکلکە دەمانچە بشکێنین. وەک ڕۆشنبیرێک چبوویتە ناو ڕیزەکانی خۆپیشاندانەوە، دەبێت هەموو لەشت بە قۆناغە تفەنگ ئەنج ئەنجکەین، بەردتگرتە بارەگا پیرۆزەکەی حیزبمان، دەشتکوژین و خۆشمان دێین بۆ سەرخۆشی و پرسەکەت، تۆ کادری حیزبەکەمان بوویت، ئەمرۆ چبوویتە ناو ڕیزەکانی خۆپیشاندانەوە، دەبێت هەر بە دەستی ئەنقەست بە ساڵ زیندانییتدبکەین و تۆمەتی دنیات بۆ دروستبکەین، تۆی رۆژنامەنووس و،  تۆی کارمەندی ئاسیشی خۆمان، رەخنەتگرتبوو لێمان، دەبێت تاڵاوی دنیا بکەین بە قورگتا، دەبێت بکوژرێییت، دەبێت بمرییت، دەبێت نەمێنیت. 

بووی بەو پیاوەی بزووتنەوەی گۆران دروستبکەیت، دەبێت وێنەکەت بڵاوبکەینەوە کە قۆندەری گەنگە پیاوەکەی ناو حیزبەکەی ئێمە بۆیاخدەکەیت. دەبێت هەموو لاپەڕە ڕەش و ناشیرینەکانی دنیای سیاسەتی ناسیونالستی کوردی بخەیەن ئەستۆی تۆ، دەبێت هەزاران ئاستەنگ و هەزاران درۆو هەزاران داوت بۆ بنێینەوە. 

دەبە ئاوت گرتە سەرۆکە نازدارەکەی پەرلەمان، دەبێت رسواکرێییت، دەبێت بانگت بکەین بۆ سەر کەناڵی تێڤیەکەمان و هەر لەوێوە سوکایەتی دنیات پێبکەین. 

رۆژنامە نووسان بانگ دەکەن ڕەخنە لە ئێمەی بنەماڵە و پاشا و سەرۆکبگرێت، هەر بە پارە و دزییەکەی کە لە خۆتانمانکردوە، دەبێت یەک بە یەکییان بکڕین، دەبێت ئەژنۆی پیاوەتی هەڕچ پیاوێک بشکێنن و ئەژنۆی پێدابدەین کە خۆی بە پیاو بزانێت بەرامبەرمان. 

دەبێت خۆتان و حیزبەکانتان ناچاربکەین چنگ لەسەر شان ڕابکەن بۆ کۆنگرە عەنتیکەکەمان، کۆنگەری نەتەوەیی گەلی کورد بە سەرۆکایەتی سەرۆکە دز و جەردەکان.

باسی ئەوەتکربوو، کەتۆ زیندانی سیاسییت، ئەی نەیخۆییت تاڵە، تۆڕ و ئامێرە وردبینییەکەی ئێمە هێندە وردە نەک هەر ناوکەت لە ناو هەزاران ناودا دەدۆزیتەوە هەرچ ناوێک پیتی یەکەمی (ج) بێت ئۆتۆماتیکی فڕێییدەداتە دەرەوە. 

خۆت کاندیکردوە بۆ پەرلەمان، ئەی نەیخۆییت تاڵە، ئەی ئەوە تۆ نەبوویت دڵی کچەکەی ئەو بنەماڵە کۆیەلەیەت یەشاندبوو، دەیان تۆمەتت بۆ دروستدەکەین، دەیان ساختەکاریی و کاری قێزەون دەدەینە پاڵت، سوکایەتیت پێدەکەین، هەتا بۆمان بکرێت لە وڵاتیشت دەردەپەڕێنین.

وتبووت، هێزەکانی پێشمەرگە بوون بە میلیشیا، ناوی پێشمەرگەت ناشیرین کردبوو، تۆ دەبێت بڕۆییت، بە فەرمانی پاشای گەوەرە تۆ جێگەت نابێتەوە لەم کوردستانە بەرینەدا. 

تۆی جارانی سەرکردەی خۆمان، ئەمڕۆ ڕەخنەمان لێدەگرییت، دەبێت بکوژرێییت، دەبێت نەمێنیت، دەبێت، دەرمانخواردبکرێییت.

ئێوە نەبوون جاران ڕەخنەتان لێدەگرتین، ئێوە هەردووکتان، ئەی ژن و پیاوە دیارەکەی ناو نووسەرانی کورد، هەرچەندە ئەمرۆ پەشیمانن، هەرچەندە ئەمرۆ قەڵەمەکانتان زۆر بە هەرزان پێفرۆشتین، بەڵام هەردەبێت بە ڕسوایی لە پایتەختدا بژین، هەر دەبێت سەرتان شۆڕکەین لای هەموو نووسەران و ئەدیبان، دەبێت کارێکتان پێبکەین هیچ کەس خۆزگەتان پێنەخوازێت.

لە ژێر سایەیی حوکمی ناعەقڵانیی و ئایدۆلۆجیەتی دینە لە قاڵبدراوەکان و تێکستە پیرۆزەکان و کولتوورە سواو و باوەکان و بیرتەسکی ناسیونالستیانەوە وا خەریکە سەرتاپای ناوچەکە لافاوی خوێن و عەشقی خوێنڕشتن بە هەرچ بیانویەکەوە بێت، دەگرێتەوە. 

ژیان، لەم ناوچەیەدا وا خەریکە بە تەواوەتی باردەکات، ژیان لەم ناوچەیەدا وا خەریکە بە تەواوەتی دەتورێت و نامێنێت. 

 هەموو شتێک لەم ناوچەیدا وا خەریکە ئاوەژو دەبێتەوە، خۆشەویسی بۆ مردن، جێگەی خۆشەویستی بۆ ژیان دەگرێتەوە،  عەشق بۆ خوێنڕشتن، جێگەی عەشق لە نێوان کچ و کوڕەکان دەگریتەوە، سوکایەتی و ڕسوای بۆ مرۆڤ، وردە وردە دەچێتە جیگەی ڕێز و شکۆنمەندی بۆ مرۆڤ. خۆشەویستی و هاوڕێیەتی وردە وردە کاڵدەبێتەوە، خۆشەویستی نێوان خێزانەکان کاڵدەبێتەوە، جێگەی ئەمانە، پارە، سامان و دەوڵەمەندی دەیانگرێتەوە. خۆ دەوڵەمەندکردن و ئوتمبیلی مۆدێل بەرز و خانو و باخ و باخات بەهاکانی مرۆڤ کاڵدەکاتەوە. مرۆڤ دەبێت بە کاڵاو و کاڵا جێگەی مرۆڤ و بەهای مرۆڤ دەگرێتەوە.

 سیاسییە نامەردەکانی دنیای قاچاخچێتی و خۆ دەوڵەمەندکردن و چاوچنۆکە تێرنەخۆرەکان مرۆڤگەلێکی دڕندەئاسایان دروستکردوە، مرۆڤگەلێکی گۆشتخۆر، تینیو بە خوێن، لەزەتبینین لە هاوار و قیژەی منداڵی ساوا و سەربێشکە، مرۆڤگەلێک، کە وەک مەکینەی دروێنەی کێڵگەکانی گەنم و جۆ ئەوەی بەردەستیبکەوێت دەیدورێتەوە، مرۆڤگەلێک ئەوەی عەقڵ و بیرکردنەوەی مرۆیی بێت لە مێشکیدا نەماوە. مرۆڤگەلێک فتوا لە تێکستە پیرۆزە ئاسمانیەکانەوە وەردەگرن، یان لە بیرتەسکی و شۆڤێنیزمی ناسیونالستییەوە ئیلهام وەردەگرن.  هەموو کەس دادەپاچن، هەموو کەس دەخۆن، خوێنی هەموو کەس دەڕێژن بێجیاوازی، کچ دەدزن منداڵ بێسەروشوێندەکەن.

ئەمە چ دنیایەکەی ڕەشوتاریکستان بۆ ئێمە گەڕاوەتەوە، ئەم چ کارەسات و تاوانێکە ئەم ناوچەییەی گرتۆتەوە. ئەم چ نامەردیی و دڵڕەقییەکە! ئەمە چ ناعەقڵانێتیەکە! ئەمە چ بێرەوشتی و بێمرۆاڵییەکە‌!. 

جیهاد موحەمەد/نەرویج

٣/٨/٢٠١٣ 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.