Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
تى ئێن تى …   نەوزاد بەندى

تى ئێن تى … نەوزاد بەندى

Closed

 

 

-1-

 جەژنى جاران ،

یەکەمجار جەژنانەمان ئەدا بە مناڵەکان ،

جەژنى ئێستا

 یەکەمجار جەژنانە ئەدەین بە ئاسیا سێڵ و کۆڕەک تیلیکۆم ..

 

-2-

دواى ئەوەى بوم بە ژێر لافاوى ماڵ و مناڵەوە ،

ئینجا پێناسەى ژنهێنانم دۆزییەوە ،

بریتیە لەو پڕۆسەیەى

کە پیاوێکى کەر و ژنێکى هێلکەکەرى ئەوێ ،

ئەگینا هەڕەشەى هەڵوەشانەوەى لێ ئەکرێ ..

 

-3-

کتێب زەرەرى زۆرى لێدام ..

ئێستا نە مزراح داکوتین ئەزانم

نە کۆلارە هەڵدان ..

نە موشێن ..

نە لێخوڕینى پاسکیل ..

نە جڕت ..

نە چەقەنە ..

نە شەڕەچەقۆ ..

نە دڵداریى ..

کتێب جۆرێک بوو لە کەلەپچە ،

لە حەوت ساڵییەوە کرایە مەچەکم ،

تا هەنوکە ..

 

-4-

سەعات یەک و نیوى شەو ،

کوڕە شەش ساڵانەکەم لە ژوورەکەى دەرپەڕى ،

باوەشى پیا کردم و 

ماچێکى کردم و .. وتى :

بابە ! قەیناکا تاکو بەیانى ئینتەرنێت بکەم ؟!

 

-5-

پێى وتم : ناتوانم ..

ئاخر توانینى ئەوە چیە  ئەگەر خەمبار بم ،

تۆزێ لەگەڵما بگریت ؟

ئەگەر ڕەشەبا یەخەى کراسەکەم هەڵگێڕێتەوە ،

بۆم چاککەیتەوە ..

ئەگەر تەنیایى قۆڵى بادام ،

تەلەفۆن بۆ 104 بکەى ..

ئیتر ئەوەیە خۆشەویستى ..

تۆ بە چى تێگەیشتى ، ئازیزەکەم ؟ !!

 

-6-

هەتاکو 30 ساڵیى ،

زۆر هێواش ئەڕوا ، تەمەن ..

دواى ئەوە ،

ماوەى جگەرەکێشانێ ، ئەبى بە 50

کە ئاوڕ ئەدەیتەوە ،

شەستت تێپەڕاندووە ..و

ئەوەندەى بەرچنەیەک هەنجیرت ماوەتەوە ..

چونکە لە دواى 30 ،

ئیتر خەو و خەیاڵ نامێنێ ..

هەمو کۆڵان و شەقامەکانى دەروون ،

ئەحکامى عورفى  بۆ خەون ئیمزا ئەکەن..

مەحاکیمى تەفتیش ،

ئیلهامێ ببینن ، لە خاچى ئەدەن ..

کچێکى غەیرە ببینن ئەیدەن بە دادگا..

مرۆڤ ئەبێ بە جۆرێک لە جۆرەکانى حەربا ..

خۆى لە یاد ئەچێ و

ڕەنگى ئەوانى تر ئەگرێ ..

بۆ هەمو هاش و هوشێ ئەڵێ : ئەشەوبیللا ..

 

-7-

مناڵى جاران ،

بە جەژنا نوقوڵیان وەرنەئەگرت ..

نەفسیەتیان بەرز بوو ..

تەنها پارەیان وەرئەگرت ..

مناڵى ئێستا ،

پۆل –پۆل بۆ نوقوڵ ئەگەڕێن ..

ئایا ئەمە شەوى بەراتى خەفە کراوە لە ناخیانا و

بە جەژنا ئەتەقێتەوە ؟

ئایا ئەمە دواکەوتنە ..؟

زوڵمە ..؟

پێشێلکردنى مافى مناڵە ؟

نازانم ..

 

nawzadbandy@yahoo.com

 

 

 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.