
چرپه‌ی منداڵێك ….. عه‌لی حه‌مه‌ڕه‌شید به‌رزنجی
منیش وه‌كو ئێوه زۆر حه‌زم له ته‌ماشاكردنی ته‌له‌فزیۆنه به تایبه‌تی ماوه‌ی منداڵان و گۆرانی و فیلم كارتۆن و ئۆپه‌رێت و به‌رنامه و شانۆگه‌ری منداڵان،به‌ڵام تا ئێستا به ئاره‌زووی خۆم تێر نه‌بووم له بینینیان ،هه‌رچه‌نده كۆمه‌ڵێك كه‌ناڵی ناوخۆیی و ئاسمانی قه‌شه‌نگی كوردیمان هه‌یه چونكه زۆری به‌رنامه‌كانی منداڵانیان له یه‌ك كاتدا په‌خش ده‌كرێت نا‌توانیت وه‌كو پێویست و به ئاره‌زووی خۆت بیان بینیت و چێژیان لێ وه‌ربگریت ،چونكه جاری وا هه‌یه له سێ كه‌ناڵدا به‌رنامه‌ی راسته‌وخۆ هه‌یه و منیش حه‌زده‌كه‌م به‌شداری یان تێدا بكه‌م و بیان بینم، ئیتر كۆنترۆڵه‌كه به ده‌ستمه‌وه گیر ده‌خوات و منیش وه‌كو شتێكی به نرخم لێ ون بوو بێت هه‌ر ده‌یگۆڕم …بۆیه ده‌فته‌ره‌كه‌م ده‌رهێناو ئه‌م چیرۆكه‌م نووسی………
(گوڵناز به بێده‌نگی له ژووره‌كه‌ی خۆیدا دانیشتبوو،به‌رامبه‌ر به ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ی ،باوكیشی تازه له بازاڕ هاتبوه‌وه گۆڤارێكی نوێی بۆ كڕیبوو ،به خۆشی یه‌وه چوو بۆ لای و بۆی برد،به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌لای باوكی یه‌وه سه‌یر بوو گوڵناز ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ی كوژاندبووه‌وه .باوكی وتی گوڵناز ئه‌وه له بیرت چووه ئێستا كاتی به‌رنامه‌ی منداڵانه ،خۆ تۆ زۆری حه‌ز لێ ده‌كه‌یت،گوڵنازیش وتی بابه گیان راست ده‌كه‌یت ،به‌ڵام ئێستا زۆربه‌ی كه‌ناڵه كوردی یه‌كان به‌رنامه‌كانی منداڵانیان ئێستا ده‌ست پێده‌كات منیش حه‌ز ده‌كه‌م هه‌موویان ببینم له یه‌ك كاتدا كه ئه‌مه‌ش نابێت بۆیه وا كوژاندوومه‌ته‌وه،تا خه‌فه‌ت نه‌خۆم ئه‌گه‌ر شتێكی خۆش له دووانیاندا و له یه‌ك كاتدا هه‌بوو….باوكی وتی جا چار چی یه‌گوڵه‌كه‌م؟ گوڵنازیش وتی بابه گیان چار ئاسانه ،من خۆزگه ده‌خوازم كه دڵسۆزانی ئه‌م بواره بیر له كه‌ناڵێكی كوردی تایبه‌ت به منداڵان بكه‌نه‌وه جا با سه‌ره‌تا ناوخۆیی بێت دوایی ببێته كه‌ناڵێكی ئاسمانی وهه‌موو كه‌ناڵه‌كان به‌به‌رنامه‌و گۆرانی و فبلم كارتۆنی وه‌رگێڕدراو بۆ كوردی به شێوه‌یه‌كی زانستیانه ،به‌شداری تێدا بكه‌ن ،من دڵنیام كه گه‌وره‌ترین و پیرۆزترین و باشترین خزمه‌ت پێشكه‌ش به دنیای منداڵ ده‌كه‌ن و ئه‌وسا ئێمه‌ش هه‌ر وه‌كو منداڵانی نه‌ته‌وه جیاوازه‌كانی تر شانازی به‌و كه‌ناڵه جوانه‌مانه‌وه ده‌كه‌ین و به ده‌نگی ناسك و خۆش گۆرانی بۆ ده‌ڵێین)