نوێ جه‌ژنه یان نۆ جه‌ژنه …هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزنجی
یه‌كه‌م جه‌ژن دووای مردنی ئازیزان، یه‌كه‌م جه‌ژن به بێ باوك
بۆ مامۆستای ژیانم (( باوكه گیان))، ئه‌و مرۆڤه‌ی تامردن قه‌رزار باری ئه‌وم و ناتوانم قه‌ت له بیری بكه‌م، ئیستاش زیاتر له جاران خۆشم ده‌وێ و بیری ده‌كه‌م.
هه‌ر كه له نوێژی جه‌ژن ته‌واو بووم ، دڵم پر بوو له گریان،وه‌لێ گریانێكی وشك، گریانێكی بێ فرمێسك، ئاخر ئه‌و پیره پیاوانه‌م ده‌بینی له باوكم ده‌چوون، وه‌لێ باوكمی تیانه‌بوو، بۆیه‌كه‌م جار هه‌ستم به بێ باوكی كرد، هه‌تیووی، بێ كه‌سی، ئاخ چه‌نده سه‌خته.
كه چوومه‌وه ماڵ و دایكم به قورگی پر له گریانه‌وه باوه‌شی پیاكردم و جه ژنه پیرۆزه‌ی لێكردم، منیش باوه‌شم پیاكرد و دامه پرمه‌ی گریان و فرمیسك له روخسارمدا شۆلاوگه‌ی به‌ست، ته‌نانه‌ت وشه‌یه‌كیشم بۆ نه‌وترا، هه‌ستم كرد له دووای خوای گه‌وره، هیچ كه‌سی تر نییه له باوك و دایك گه‌وره‌تر، هیچی تر نییه له‌وان به خشنده‌تر، میهره‌بانتر.
ئاخ خودایه، جه‌ژنێك به گریان ده‌ستپیبكات، ده‌بێ خۆشییه‌كه‌ی چی بێت …. ؟؟ !!!
ئێستا له مانای ئه‌و مه‌راسیمه كورده‌وارییه تێده‌كه‌م، ئه‌و مه‌راسیمه‌ی عاده‌تێكی جوانی كورده‌وارییه و هیچ په‌یوه‌ندی به شه‌ریعه‌ت و ئیسلامه‌وه نییه، ئه‌و مه‌راسیمه‌ی به ((نۆ جه‌ژنه)) ناوده‌برێت، جاران پێموابوو شتێكی خراپ و ناشرینه، عاده‌تێكه ده‌بێت وازی لیبهێنرێت، ئێستا تێده‌گه‌م چه‌ند شتێكی جوانی كوردانه‌یه، ئاخر یه‌كه‌م جه‌ژنی دووای مردنی ئازیزانه و، له‌م جه‌ژنه‌دا كه‌س و كاری كۆچكردوو هه‌ست به ته‌نهایی ده‌كه‌ن، زامه‌كه‌یان ده‌كولیته‌وه، هه‌ر كه‌سێكی هاوشێوه‌ی كۆچكردوو ده‌بینن، ئازیزانیان بیر دێته‌وه، جه‌ژنێكه پر پر له‌مه‌راق، جه‌ژنێكه له ناخۆشترین ساته‌كانی ژیان، جه‌ژنێكه له نان خواردنی به‌یانی دا كه‌سێكی لێكه‌مه، جه‌ژنێكه كۆچكردوو وه‌ك جاران نایه‌ت و ده‌ست له ملت بكات و، ئه‌ملاو لات ماچ بكات، تۆش به تامه‌زرۆییه‌وه شانه‌كانی ماچ بكه‌یت، به تامه‌زرۆییه‌وه له باوه‌شی بگریت.
ئه‌م جه‌ژنه كه‌س نه‌بوو پێمبلێ : ((كــــورم، ئه‌وه‌نده‌ی من له تۆ ڕازیم، خــــواش ئه‌وه‌نده لێت رازی بێت)). ئاخ باوكه گیان.
منیش ته‌نها ئه‌وه‌نده‌م له ده‌ست دێت، ده‌ست هه‌لبرم و به قورگی پر گریانه‌وه بلێم : ((خودایه بۆ خاتری ئیسمی ئه‌عزه‌مت له گوناهه‌كانی باوكم خۆشبه و، له به‌هه‌شته‌كه‌تدا جارێكی تر له‌گه‌ل باوكم و دایكم و خوشك و براكانم به یه‌كمان شاد بكه‌ره‌وه، خودایه بۆ خاتری گه‌وره‌ی و میهره‌بانی خۆت)).
ئێستا هه‌ست به جوانی ئه‌م عاده‌ته كوردانه‌یه ده‌كه‌م، نوێ جه‌ژنه، یه‌كه‌م جه‌ژن به بێ باوك، جه‌ژنێك دووای مردنی ئازیزان، ئاخر هه‌ست به بێزاری و ته‌نهایی ده‌كه‌ین، كاتێك خزمان و دۆستان و هاورێیان سه‌دانت ده‌كه‌ن و، له ده‌ورت ده‌بن، دڵخۆش ده‌بیت، ئازاره‌كانت كه‌م ده‌بنه‌وه، له وه‌رسی و بێتاقه‌تی دورده‌كه‌ویته‌وه، بۆیه ئێستا هه‌ست به جوانی ئه‌م عاده‌ته‌ی كورده‌واری ده‌كه‌م و، دژی هه‌موو ئه‌و مه‌لایانه‌ی ئه‌م دیارده‌یه به ناشرین ده‌زانن هاوار ده‌كه‌م: عاده‌ته‌كانی كورده‌واری زۆر جوانن، جوانتر له مێزه‌ره‌كانی سه‌رتان، جوانتر له قسه‌كانتان، جوانتر له خۆتان، تكایه لێگه‌رین و عاده‌ته‌كانی كورده‌واری تێك مه‌ده‌ن ، ئه‌مه عاده‌ته و، عیباده‌ت نییه، گه‌ر چی دلخۆشكردنی /مرۆڤ و ره‌ندنه‌وه‌ی ته‌نهای غه‌م و ناسۆر، به بروای من عیباده‌ته.
8/8/2013
یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژن