
بۆچیی من به ته‌نها موڵکی خۆمم؟ … پۆڵا سەعید
له وتاری کۆمه‌ڵگای ناته‌ندروستدا گله‌ییت له‌وه بوو، که نووسییبووم “من به ته‌نها موڵکی خۆمم”، ده‌مه‌وێت لێره‌دا بۆت ڕوونبکه‌مه‌وه، که بۆچیی من به ته‌نها موڵکی خۆمم.
پرینسیپی من له ژیاندا بناغه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئازادیی لێداوه، ئازادیی ئه‌و چه‌مکه کۆمپلێکسه‌ی، که چه‌ند قوڵبینه‌وه تێیدا ئه‌و هێشتا قوڵتر ده‌ڕوات. خۆشه‌ویستیی من بناغه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئازادیی لێداوه، ئه‌وه‌ی خۆشمویستووه له ئازادییدا بووه و ئازادانه‌ش ئازادم کردووه. مرۆڤ ده‌توانێت موڵکدارێتیی پارچه زه‌وییه‌ک، ئاوتۆمۆبیلێک، کورسییه‌ک …هتد. بکات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌رگیز ناتوانێت ببێته خاوه‌نی بریتییه له ڕۆحێکی تر. هه‌ر ڕۆحێک تۆ حه‌ز بکه‌یت له‌لات بێت ئازادی بکه، ئه‌گه‌ر ئه‌و تۆی بوێت، خۆی دێته لات، دێته‌وه لات.
گه‌شه‌ی ده‌روونیی مرۆڤ له له‌دایکبوونیه‌وه ده‌ستپێناکات، به‌ڵکوو له چرکه‌ساتی جووتبوونی هه‌ردوو تۆوی ژن و پیاودا له سکی دایکدا. منداڵ سه‌ره‌تا له سکی دایکیدا ده‌ست به‌فێربوونی قسه‌کردن ده‌کات، نه‌ک له ده‌ره‌وه‌ی سکی دایکیدا. منداڵ له سکی دایکیدا سروشتی ژیانی دایکی ده‌گوێزێته‌وه ناوخۆی و ده‌یکات به سروشتی خۆی. که فرۆید ده‌ڵێ، مرۆڤ له سروشته‌وه بوونه‌وه‌رێکی خراپه، مه‌به‌سته‌که لێره‌دایه، که ستراکتوری که‌سایه‌تیی مرۆڤ پێشهاتنه دونیایه‌وه بناغه‌ی خۆی له سکی دایکیدا لێداوه و له ده‌ره‌وه‌ی سکی دایکیدا هه‌تا ته‌مه‌نی سێ ساڵیی ته‌واوی ده‌کات.
به‌وپێیه‌ی له کۆمه‌ڵگای کوردییدا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نه له پێشتر و نه له ئێستاشدا گرنگیی به گه‌شه‌ی ده‌روونیی منداڵ نه‌دراوه، به گرنگیی ده‌زانم لێره‌دا چه‌ند سه‌رنجێک بخه‌مه پێشچاوی خوێنه‌ر، ئه‌مه‌ش بۆیه گرنگه چونکه کێشه‌که کێشه‌ی سیاسه‌تێکی خراپ نییه، به‌ڵکوو کێشه‌که کێشه‌ی که‌ڕاکته‌رێکی خراپه، که سیاسه‌ت خراپ ده‌کات. کێشه‌که کێشه‌ی سیستێمێکی خراپ نییه، به‌ڵکوو کێشه‌که کێشه‌ی که‌ڕاکته‌رێکی خراپه، که سیستێمێکی خراپ به‌رهه‌مدێنێت. لێره‌دا ده‌گه‌ینه ڕه‌گی ئه‌و ڕاستییه‌ی، که تێیدا ده‌بینین چلۆن مرۆڤ له سروشته‌وه خراپ ده‌بێت یان خراپه، ئه‌ویش له ستراکتوری کهڕاکتهریدایه.
1. له 266 هه‌مین ڕۆژدا منداڵه‌که له سکی دایکی دێته‌ده‌ره‌وه.
2. یه‌که‌میین شۆک، که تووشی ده‌بێت به‌هۆی که‌ناڵی ته‌سکی له‌دایکبوونه‌وه‌یه، که ناهێڵێت هه‌ناسه‌بدات. به‌هۆی لێکردنه‌وه و جیاکردنه‌وه‌ی له دایکی تووشی هه‌ناسه‌ته‌نگیی ده‌بێت، منداڵه‌که ده‌گریی چونکه ده‌ترسێت و هه‌ست به لێکردنه‌وه‌ی خۆی له دایکی ده‌کات.
3. منداڵه‌که له‌گه‌ڵ له‌دایکبوونیدا ده‌توانێت ڕووناکیی و تاریکیی لێکجیابکاته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه واتای ئه‌وه نییه، که توانای بینینی هه‌یه.
4. له چ ته‌مه‌نێکدا منداڵی ساوا توانای جیاکردنه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌کانی هه‌یه، هه‌تاوه‌کوو ئێستا زانست نه‌یتوانیوه ڕوونیبکاته‌وه.
5. ئه‌وه‌ی دڵنیایه، ئه‌وه‌یه که ساوای ته‌مه‌ن دوو بۆ سێ مانگیی توانای جیاکردنه‌وه‌ی هه‌ندێک ڕه‌نگیان هه‌یه.
6. له‌دوای که‌متریین کاتژمێر، له‌دوای له‌دایکبوون ساوا توانای ناسینه‌وه‌ی ده‌نگی دایکی خۆی هه‌یه. ساوا ده‌توانێت له‌نێوان چه‌ندیین که‌سی قسه‌که‌ردا بزانێت، که کامه‌یان دایکیه‌تی.
7. له‌دوای دوو ڕۆژی یه‌که‌م، ساواکه سه‌رنجی ده‌موچاوی دایکی ده‌دات، به‌ڵام توانای بینینی دایکی نییه.
8. له‌دوای چوارده ڕۆژ ساواکه توانای ناسینه‌وه‌ی بۆنی دایکی هه‌یه.
9. له‌دوای شه‌ش مانگ ساواکه توانای ناسینه‌وه‌ی شتێک یان که‌سێکی هه‌یه.
10. هه‌تا ته‌مه‌نی سێ مانگیی ساواکه بێ ئۆبیه‌کته، ئه‌م پله‌یه‌ش به پله‌ی بێ ئۆبیهکتیی ناوده‌برێت.
11. به‌ڵام له‌دوای سێ مانگی یه‌که‌م منداڵه‌که ده‌چێته پێش پله‌ی ئۆبیه‌کته‌وه. ساواکه ته‌ماشای ڕووخساری دایکی ده‌کات و پێده‌که‌نێت، به‌ڵام منداڵه‌که به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ڕووخساری دایکی ناناسێت بێجگه له چه‌ند سکێچێکی تایبه‌ت نه‌بێت، که ئه‌ویش چاویه‌تی. زۆرینه‌ی دایکان لێره‌دا به هه‌ڵه‌دا ده‌چن، چونکه پێیانوایه، که ساواکانیان ئه‌وان ده‌بینن، ئه‌وه‌شی که واده‌کات دایکان له‌م بینینه دڵنیابن پێکه‌نینی ساواکه‌یه.
12. بۆ یه‌که‌میینجار ساوا، که به ته‌واوی ڕووخساری دایکی خۆی ده‌بینێت له ته‌مه‌نی هه‌شت مانگییدایه، هه‌ربۆیه له زانستی ده‌روونناسییدا پێیده‌گووترێت “ترسی هه‌شت مانگیی”. ته‌مه‌نی هه‌شت مانگیی ته‌مه‌نی په‌یوه‌ندییه، په‌یوه‌ندیی نێوان ساوا و دایک. ته‌مه‌نی به‌ستنی ئۆبیه‌کت لیبیدۆ. له‌م ته‌مه‌نه‌دا ساوا دایکی خۆی ده‌بینێت و ده‌ناسێته‌وه، ساواکه پێده‌که‌نێت، پێکه‌نینه‌که‌شی واتای کردنی دایکیه‌تی به ئۆبیه‌کت لیبیدۆی خۆی، به ئۆبیه‌کتی خۆشه‌ویستیی خۆی.
گه‌شه‌ی پێشینه‌ی منداڵیی:
ئێکسیستێنسی ساوا و ژیانی پێ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان خۆی و دایکی داده‌گرێت، یان ئه‌و که‌سه‌ی که ڕۆڵی دایکی ساواکه ده‌بینێت. ڕێنێ شپیتس ده‌ڵێ، ساوا له دوو ساڵی یه‌که‌می ته‌مه‌نییدا ته‌نها کاردانه‌وه‌ی بۆسه‌ر هه‌ستی بزوێنه‌ر هه‌یه، واته هه‌رچ هه‌ستێک له سکه‌وه، له ناوه‌وه‌ی منداڵه‌که‌وه دێت ده‌بێته هۆی کاردانه‌وه‌ی له گریان و بزه و پێکه‌نینیدا. ساوا پابه‌نده به ناوه‌وه‌ی خۆی، ئه‌و ئه‌م جیهانه‌ی ده‌ره‌وه به ته‌واوه‌تیی ڕه‌تده‌کاته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ک، که بۆ ساواکه به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بوونی نییه. ئه‌م قۆناغه بۆ شپیتس قۆناغی بێ ئۆبیهکتییه. ئه‌گه‌ر ساوا له‌م قۆناغه‌دا ته‌نها بهتهنگهوههاتنێکی وه‌های پێدرا، که برسیی نه‌بێت، سه‌رما و گه‌رمای نه‌بێت خاوێن بێت، به‌بێ وه‌رگرتنی خۆشه‌ویستیی و هه‌ست و باوه‌ش و گه‌رمیی خۆشه‌ویستیی، ئه‌وا ساواکه ده‌که‌وێته مه‌ترسیی وه‌رگرتنی ئه‌ناکلیتیشه دێپرێسیۆنه‌وه. ساواکه لێره‌دا هه‌بوونی ئه‌م مه‌ترسییه به قیژه، گریانی به‌رده‌وام و درێژ ده‌رده‌بڕێت، که ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی هۆسپیتالیسمووس، ساوا له‌م باروودۆخه‌دا ده‌مرێت. له وتاری “ئۆدیپووس”دا، که سه‌ره‌تای ساڵی 2013 له سایتی ده‌نگه‌کاندا بڵاومکرده‌وه، قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌م مردنه له‌ناو کۆمه‌ڵگای کوردییدا کرد، که چه‌ند ساوا به‌وشێوه‌یه مردوون و دایک و باوک نه‌یانزانیوه بۆچیی، بێجگه‌له‌وه‌ی بڵێن، منداڵه‌که‌مان هیچی نه‌بوو له‌پڕ خوای لێیستاندینه‌وه و مرد.
له قۆناغی ترسی هه‌شت مانگییدا، کاتێک ساوا به‌خته‌وه‌ره و به ته‌ماشاکردنی ڕووخساری دایکی پێده‌که‌نێت، واتای ئه‌وه‌یه، ساوا و دایک په‌یوه‌ندییه‌کی باش و ته‌ندروستیان له‌گه‌ڵ یه‌کدا هه‌یه. ساوا لێره‌وه پیشانی دایکی ده‌دات، ئه‌و ئاماده‌گییه‌کی باشی بۆ به‌ستنی په‌یوه‌ندیی هه‌یه، بۆ به ئۆبیه‌کت لیبیدۆکردنی دایکی هه‌یه. به‌رهه‌مهێنانی لیبیدۆ به واتای به ڕاست وه‌رگرتنی دایک، دروستتر به ڕاست وه‌رگرتنی ڕووخساری دایک، فۆکۆسیرهیهکی ده‌روونیی و کردنی ڕووخساری دایک به چاوگه‌یه‌کی هێزی ده‌روونیی خۆی.
شێواندنی ئه‌م قۆناغه ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌یه‌کی زۆری گریانی ساوا، سکچوون، ڕشانه‌وه و تێکچوونێکی زۆری ساواکه. لێکدابڕانی دایک له‌م فازه‌یه‌دا له ساواکه به هۆی هه‌ر هۆیه‌که‌وه بێت ده‌بێته هۆی شێواندنی ساواکه. تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌ی درێژ به‌سه‌ر دوورکه‌وتنه‌وه‌ی دایک له ساوا ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌ناکلیتیشه دێپرێسیۆن، که دواجار به مردنی ساواکه کۆتایی دێت. ساوا له یه‌که‌م چرکه‌ساتی جووتبوونی تۆوی ژن و پیاوه‌وه له سکی دایکدا گه‌شه‌ی ده‌روونیی خۆی هه‌تا ته‌مه‌نی سێ ساڵیی درێژه پێده‌دات، له‌م پێریۆدهدا دایک پێویسته زۆرتریین خۆشه‌ویستیی بدات به ساوا، هه‌تاوه‌کوو ببێته خاوه‌نی گه‌شه‌یه‌کی ده‌روونیی ته‌ندروست.
ساوا له‌گه‌ڵ یه‌که‌م په‌یوه‌ندییکردنی به مرۆڤه‌وه، په‌یوه‌ندییش ده‌کات به کولتووری ئه‌و مرۆڤانه‌وه، که ئه‌و پێکه‌وه له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژیی. وه‌رگرتنه‌کان سه‌ره‌تا له نائاگاییدایه. له هه‌ندێک کو‌لتووردا ساوا له سکی دایکدا تووشی ئازاردانێکی زۆر ده‌بێت، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی، که دایکه‌که به‌هۆی زۆر کارکردنیه‌وه ئازارێکی زۆری ساواکه‌ی سکی ده‌دات، دایکه‌که له کولتوورێکدا دووچاری تووندوتیژیی ده‌بێته‌وه، ساوا تووشی زیانی چ فیزیکیی و چ ده‌روونیی ده‌بێته‌وه، دایکه‌که به‌هۆی نابه‌خته‌وه‌ریی خۆیه‌وه ڕقی له ساواکه‌ی ناو سکی خۆی ده‌بێت و به‌قه‌ست ئازاری ده‌دا، زۆرجار به‌قه‌ستی کووشتنی له‌ناو سکی خۆیدا. ئه‌م به‌قه‌ست کووشتنه هه‌تاوه‌کوو ئێستا له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا پڕاکتیزه ده‌کرێت. له کولتووری کوردییدا ساواکه له سکدا به‌قه‌ست ده‌کووژرێت و پاشانیش له له‌بارچووندا فڕێده‌درێته ته‌والێتی ماڵه‌که‌وه. ئه‌مه‌ی من لێره‌دا باسی ده‌که‌م فه‌نتازیای ئه‌م نووسینه نییه، به‌ڵکوو ڕیالیتێته له کۆمه‌ڵگای کوردییدا له باشووری کوردستان ڕوویداوه.
له هه‌ندێک کولتووری تردا ساوا له سکی دایکه‌وه هه‌تا هاتنه دونیایه‌وه مامه‌ڵه‌یه‌کی باش و پڕ خۆشه‌ویستیی ده‌کرێت، ئه‌مه هانده‌ره بۆ گه‌شه‌یه‌کی ده‌روونیی ته‌ندروست. له هه‌ردوو کولتوورهکهدا ساوا ده‌بێته خاوه‌ن ئیدێنتیتێت، لێ دوو ئیدێنتیتێتی جیاواز. ساوا له سکی دایکیه‌وه بناغه‌ی باوه‌ڕی خۆی به دایک لێده‌دات و ده‌یکات به ڕه‌گی باوه‌ڕی خۆی. له هاتنه دونیایه‌وه هه‌تاوه‌کوو ته‌مه‌نی یه‌ک مانگیی ده‌چێته سه‌رڕێگای دۆزینه‌وه‌ی ئیدێنتیتێتی خۆی وه‌ک ئه‌رکی ژیانی. له‌گه‌ڵ هه‌ر گه‌شه‌یه‌کی فیزیکییدا ساوا گۆڕان به ڕه‌گی باوه‌ڕی خۆیدا ده‌هێنێت، بۆ نموونه له قونهخشكێ و گروگاڵکردندا، کاتێک ساوا دڵنیایه له پشتگیریی دایک و باوک هه‌وڵی ڕۆیشتن به پێ ده‌دات، کاتێک فێرده‌بێت به باشیی به پێ بڕوات واز له قونه‌خشکێ و به‌ده‌ست رۆیشتن دێنێت. ئیدێنتیتێت و ڕه‌گی باوه‌ڕ بۆ هه‌تاهه‌تایه له‌گه‌ڵ یه‌کترییدا چ تێکه‌ڵ ده‌بن و چ ته‌ریب ده‌ڕۆن، مرۆڤ له هه‌ر ته‌مه‌نێکدا بێت ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ری و گۆڕانی به‌سه‌ردا دێنێت.
خود:
له مێژووی ڕۆشنبیریی کوردییه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا، نووسه‌رێک نه‌بووه زانستییانه قسه له‌سه‌ر خود، من، ئیدێنتیت بکات. ئه‌مه‌ش کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی بۆ په‌روه‌رده و گه‌شه‌ی ده‌روونیی تاکی کورد دروستکردووه، چونکه تاکی کورد نه ده‌زانێت “من” چییه، نه ده‌زانێت “خود” چییه نه ئیدێنتیتێتیش. تاکی کورد کاتێک قسه له‌سه‌ر خود ده‌کات، بۆ نموونه خوده‌که بۆ دڵنیابوون به‌کارده‌هێنێت، که فڵان کاری کردبێت، فڵان که‌سی بینیبێت (من خودی خۆم له‌وێ بووم، خودی خۆم بینیم، خودی خۆم گوێم لێ‌بوو) …هتد. له‌لای هاینتس کۆت “Heinz Kohut” خود بریتیی نییه له ئینستانسێکی ده‌روونیی”به‌رپرسێکی ده‌روونیی” وه‌ک “حه‌ز، من، سه‌ره‌وه‌ی من”، به‌ڵکوو چه‌قی ئه‌کتیڤیتێت و ئینیتیاتیڤه “یه‌که‌م هه‌نگاو به‌ره‌و مامه‌ڵه”. واته بوونه‌وه‌ری ناوه‌وه‌ی مرۆڤێک، یه‌که‌یه‌ک که دوای ڕێگای خۆی ده‌که‌وێت. به‌پێچه‌وانه‌ی کارڵ گووستاف یوونگه‌وه، که پێیوایه خود دواهه‌میین پله‌ی ته‌واوبوونی گه‌شه‌ی ئیندیڤیدوومێکه، کۆت ده‌ڵێ، خود له سه‌ره‌تای ژیانی مرۆڤه‌وه ده‌ست به گه‌شه ده‌کات و له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی مرۆڤیش‌دا گه‌شه‌ی له به‌رده‌وامییدایه. له‌لای ئێریکسۆن خود بریتییه له گه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆبوون و جیابوونه‌وه له دایک. ئه‌م سه‌ربه‌خۆبوونه به‌بێ گرفت ناڕوات به ڕێگاوه، به‌ڵکوو دایک و باوک ده‌بنه وێنه‌یه‌کی ئیدیاڵیی و له فازه‌ی نارسیستدا ته‌مه‌نی دوو ساڵیی به‌هۆی شێواندنه‌وه منداڵ له بیرکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی خودێکی باڵا و خه‌یاڵییدا ده‌بێت. پرسیاری من لێره‌دا ئه‌وه‌یه، چه‌ند له ئێمه له کۆمه‌ڵگای کوردییدا خاوه‌نی “خود”ین؟ چه‌ندمان توانیوومانه ته‌ندروستانه خود به‌رهه‌مبهێنین؟ به‌شی گه‌وره‌ی شێواندنه‌کانی خود که‌سایه‌تیی نارسیستی لێذهکهوێتهوه، که له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا وه‌ک گه‌ڵای وه‌ریووی سه‌ر رێگا ده‌بینرێت.
نووسه‌ر که بوو به موڵکی خه‌ڵکیی، ئه‌کتیڤیتێتی و ئینیتیاتیڤی له‌ده‌ستده‌دات و ده‌بێت به ئاسترومێنتی یان ئۆبیه‌کتی خودێکی تر یان خودگه‌لێکی تر، که ئیدی لێره‌دا ئه‌مان ئه‌کتیڤیتێتی خۆیان له‌ناو ئه‌ودا ئه‌کتیڤ ده‌که‌ن، که ئیدی لێره‌وه ئه‌مان ئینیتیاتیڤی خۆیان له‌و ئه‌ودا پڕاکتیزه ده‌که‌ن. ده‌شێت مرۆڤ به گشتیی و تاکی کورد به‌تایبه‌تی له خۆشه‌ویستییانه‌وه بۆ نووسه‌رێک ئه‌م موڵکدارێتییه‌ی نووسه‌ر به‌کاربهێنن، به‌ڵام ئه‌مه به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ته‌ندروست نییه. من پیاوی کوردم بینیوه، که نه‌ک به‌ته‌نها ژنه‌که‌ی، به‌ڵکوو ڕۆحی ژنه‌که‌شی به موڵکی خۆی ده‌زانێت، ئه‌مه نه‌خۆشییه، نه‌ک خۆشه‌ویستیی.
مرۆڤ که خاوه‌نی خود نه‌بوو، ئیدی لێره‌وه وه‌ک وتم ئه‌و هیچ نییه بێجگه له ئۆبیه‌کتێکی به‌تاڵ، که تاکی تر ئه‌کتیڤیتێت و مامه‌ڵه‌ی خۆی تێدا پڕاکتیزه ده‌کات. بۆ نموونه ژنێک بڕیار له‌سه‌ر پیاوه‌که‌ی ده‌دات، که هاوڕێیه‌تیی کێ بکات و نه‌کات، چیی له‌به‌ربکات و چیی نه‌کات …هتد. پیاو لێره‌دا یان خاوه‌نی خود نییه، یان ئه‌وه‌تا خودی کردووه به موڵکی ژنه‌که‌ی و ئه‌و ئه‌کتیڤیتێت و مامه‌ڵه‌ی خۆی تێدا پڕاکتیزه ده‌کات. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئاخۆ ده‌توانین مرۆڤێک بکه‌ین به موڵکی خۆمان؟ وه‌ڵام ئۆبیه‌کتیڤانه ده‌شێت بڵێین به‌ڵێ، به‌ڵام سوبیه‌کتیڤانه هه‌رگیز ناتوانین. بۆ نموونه ڕه‌شپێسته‌کان له سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاستدا له گواستنه‌وه‌یاندا به‌ره‌و ئه‌مێریکا، به خۆیان و زنجیر و قاچ و ده‌ستی به‌ستراوه‌وه خۆیان فڕێده‌دایه ئۆقیانووسه‌کانه‌وه. ئۆبیه‌کتیڤ بازرگانه‌کان بوون به خاوه‌نی ئه‌م ڕه‌شپێستانه، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه ببنه خاوه‌نی “خود”یان، هه‌ربۆیه ئه‌کتیڤانه خۆیان یه‌که‌م هه‌نگاو له مامه‌ڵه‌ی ئازادی خۆیاندا ده‌نێن. لێره‌دا دوو جۆر خۆکووشتن هه‌یه، که یه‌کیان ته‌ندروست و ئازاده و ئه‌وی تریان نه‌خێر. ئه‌وه‌ی ته‌ندروست نییه، بریتییه له‌وه‌ی، که نه‌خۆشییه‌ک ده‌بێته هۆکاری دروستکردنی هه‌ستی خۆکووشتن و تهندروستهکهشیان له ته‌ندروستییدا هه‌سته‌که به‌رهه‌مدێت و پابه‌نده به ئه‌کتیڤیتێت و مامه‌ڵه‌کانی خوده‌وه، که ئازادیی خۆکووشتن لێره‌دا به‌شێک ده‌بێت له‌و مامه‌ڵانه‌ی، که تاک له ئازادییدا ده‌یدات. پیاوێک ده‌توانێت ژنێک داگیربکات و ژنێکیش پیاوێک هه‌مانشێوه، به‌ڵام هه‌میشه مه‌ترسیی له‌کیسدان له‌به‌رده‌میدایه، چونکه تاک که گه‌یشته سنوری خۆی ئیدی به‌رگه‌ی ئه‌م داگیرکردنه ناگرێت خۆ ئازادکردنی به ڕۆیشتنی و به خۆکووشتنی یه‌ک شته.
لێره‌دا، که ده‌ڵێم خۆکووشتن ته‌واو و ڕێک مه‌به‌ستم له “خود”ه، چونکه تاک لێره‌دا “خود”ه‌که‌ی خۆی ده‌کووژێت.
له سه‌ره‌تای ساڵی 2013 دا له وتاری ئۆدیپووسدا هه‌مانشێوه به کورتیی قسه‌م له‌سه‌ر کێشه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان دایک و منداڵ له قۆناغه‌کانی سه‌ره‌تایی منداڵدا کرد. ئامانج تێیدا شیکردنه‌وه‌ی فازه‌ی فال یاخوود ئۆدیپووس بوو. نه‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌کی پته‌وی خێزانی له فازه‌ی فالدا ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی داگیرکردنی باوک له‌لایه‌ن کچه‌وه بۆ خۆی و داگیرکردنی دایک له‌لایه‌ن کوڕه‌وه بۆ خۆی. ئه‌م فازه‌یه له ته‌مه‌نی چوار بۆ پێنج ساڵیدا سه‌رهه‌ڵده‌دات. بۆ زیاتر قوڵبوونه‌وه خوێنه‌ر ده‌توانێت بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر وتاری ئۆدیپووس.
ستراکتوری مۆدێلی که‌سایه‌تیی له‌لای زیگمووند فرۆید
که‌ڕاکته‌ری فال
به گه‌ڕانه‌وه بۆسه‌ر “خود”، تێده‌گه‌ین، که منداڵ له ترسی هه‌شت مانگییدا تێده‌گات، که له ده‌ره‌وه‌ی “خود”ی خۆیدا پێویسته ئۆبیه‌کتێکی خۆشه‌ویستیی هه‌ڵبژێرێت، که ئه‌ویش دایکیه‌تی. منداڵ ئاماده‌یه بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ی، که ئه‌نه‌رگیی ژیان و به‌خته‌وه‌رکردنی وا له‌ناو مرۆڤێکی تردا نه‌ک له‌ناو “خود”ی خۆیدا. هه‌ربۆیه له زووتریین کاتدا په‌یوه‌ندیی نێوان خۆی و دایکی پته‌و ده‌کات، دایک یه‌که‌م خۆشه‌ویستی منداڵه، یه‌که‌م ئه‌زموونی سێکسوال منداڵ له‌گه‌ڵ دایکی خۆیدا پراکتیزه‌ی ده‌کات. منداڵ تێده‌گات، که ده‌م سه‌رچاوه‌ی نه‌ک به ته‌نها تێرکردنی برسێتییه، به‌ڵکوو سه‌رچاوه‌ی تێرکردنی سێکسوالیشه. منداڵ تێده‌گات، که خواردن له ڕێگای مژینه‌وه دووجار به‌خته‌وه‌ریی ده‌به‌خشێت، جارێک برسێتیی ناهێڵێت و جارێکیش سێکسوال ئاسووده‌یه. هه‌روه‌کوو فرۆید له شیکردنه‌وه‌ی سێکسوالهکهیدا ده‌ڵێ، منداڵ له‌دوای مژینی مه‌مکی دایکی و تێربوونی، گووپه‌کانی سوور و گه‌رم ده‌بێت و ده‌نوێت. له ته‌مه‌نی چوار بۆ پێنج ساڵیدا له فازه‌ی فالدا، که به فازه‌ی ئۆدیپووس ناسراوه، بچووکتریین تێکچوونی فازه‌که ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی کێشه له ستراکتووری که‌سایه‌تییدا و ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی که‌سایه‌تییه‌کی هێستریی. ئه‌گه‌ر هاتوو منداڵ له‌م فازه‌یه‌دا لیبیدۆئۆبیهکتهکهی له‌کیسدا، ئه‌وا هه‌رچیی خۆشه‌ویستیی هه‌یه، که ده‌یدا به ئۆبیهکتهکهی، ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه ناو “من”ی خۆی، که ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی “من ـ ی لیبیدۆ”، ئه‌م منی لیبیدۆیه فرۆید ناوی ده‌نێت لیبیدۆی نارسیست. له ئاینده‌دا کوڕ ڕقی خۆی به‌رانبه‌ر به دایک له نائاگاییدا ده‌هێڵێته‌وه. ئه‌م کوڕه خاوه‌نی که‌ڕاکته‌رێکی نارسیستی فاله و خۆبهختهوهرکردنی بۆ نموونه له جگه‌ره‌کێشاندا ده‌بینێته‌وه، مژینی جگه‌ره‌که لێره‌دا جێگای گۆی مه‌مکی دایک ده‌گرێته‌وه. کۆمه‌ڵگای ئێمه، کۆمه‌ڵگایه‌کی ئۆدیپیی نییه، به‌ڵکوو وه‌ک هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کی تری جیهان کۆمه‌ڵگایه‌کی نۆیرۆزه. ده‌شێت له‌سه‌ر ئاستیی جیهاندا وڵاتی سوێدن تاکه وڵات بێت، که خاوه‌نی که‌متریین تاکی نۆیرۆزه، هۆکاره‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و په‌روه‌رده سێکسوالییهی، که له‌وێ له منداڵییه‌وه هه‌تا قۆناغیی گه‌ییووی پراکتیزه ده‌کرێت. سه‌یر ئه‌وه‌یه، که زۆرینه‌ی ژن و کچی کورد له‌و وڵاته به‌ده‌ستی باوک و برا و مێرد کووژراون، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆئه‌وه‌ی، که کورد ویستی به‌شداربوونی له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ی سێکسوالدا نییه و نه‌بووه. ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆئه‌وه‌ی، دایک و باوکان خۆیان نۆیرۆزن، منداڵه‌کانیان ئه‌گه‌ر له کوردستان له‌دایکبووبن به نۆیرۆزیی هاتوونه‌ته سوێدن. منداڵه‌کان له سوێدن له‌دایکده‌بن و به‌هۆی په‌روه‌رده‌ی هه‌ڵه‌ی دایک و باوکی نۆیرۆزهوه منداڵه‌کانیش نۆیرۆز ده‌بن.
وه‌ک له وتاری پێشتردا “تێگه‌یشتن له ڕزگاریی” ئاماژه‌م به ترس دا، چلۆن ڕۆڵی ماتۆڕی هه‌ڵسوڕێنه‌ری مامه‌ڵه‌کانمان ده‌بینێت، ئاوهاش لێره‌دا دیسانه‌وه قسه له‌سه‌ر ترس ده‌که‌م، که چلۆن هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌م ماتۆڕه ههڵماندهسوڕێنێت. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر لێره‌دا قسه له‌سه‌ر دڵپیسیی بکه‌ین، ئه‌وا ده‌ڵێم، که ڕه‌گی دڵپیسیی وا له‌ناو ترسی هه‌شت مانگیی منداڵدا. ئه‌و منداڵه‌ی، که له‌م مانگی ترسه‌دا تووشی تێکچوون نابێت، له ئاینده‌دا ده‌بێته تاکێکی نادڵپیس یان خاوه‌ن که‌متریین هه‌ستی دڵپیسیی. دایکی ته‌ندروست له‌م مانگه‌دا منداڵه‌که‌ی نیگه‌ران ناکات، به‌ڵکوو ته‌واوی خۆشه‌ویستیی خۆی و گه‌رمیی خۆی ده‌دات به منداڵه‌که‌ی. کوڕ له فازه‌ی فالدا خاوه‌نی گه‌وره‌تریین هه‌ستی جووتبوونه له‌گه‌ڵ دایکیدا و هه‌مانکاتیش خاوه‌نی ڕقێکی گه‌وره‌یه به‌رانبه‌ر به باوکی. کوڕه‌که خوازیاری ئه‌وه‌یه، که دایکه‌که هه‌موو کات بۆ ئه‌و له‌وێ بێت. هه‌موو جۆره تێکدانێک له‌م فازه‌یه‌دا، ده‌بێته هۆی تێکدانی که‌سایه‌تیی منداڵه‌که له ئاینده‌دا، ده‌بێته هۆی لێکه‌وتنه‌وه‌ی که‌سایه‌تییه‌کی هێستریی. له‌کاتی له‌کیسدانی دایکدا وه‌ک ئۆبیه‌کت لیبیدۆ، منداڵه‌که ته‌واوی خۆشه‌ویستیی خۆی بۆ دایکی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و ده‌یدات به “من”ی خۆی.
کاتێک کوڕ گه‌شه ده‌کات، له ته‌مه‌نی گه‌ییووییدا، ڕقی خۆی به‌رانبه‌ر به‌دایک له نائاگاییدا ده‌هێڵێته‌وه. کوڕی نارسیستی فال ئاسووده‌یی خۆی له جگه‌ره‌کێشاندا ده‌دۆزێته‌وه. مژیینی جگه‌ره لێره‌دا جێگای مه‌مکی دایک ده‌گرێته‌وه. کوڕه‌که ڕق له دایکبوون لێره‌دا وه‌رده‌گێرێته سه‌ر جگه‌ره‌کێشان و دژ به خۆی به‌کاریده‌هێنێت. تاکی فال کچ بێت یان کوڕ هه‌رئه‌وه نییه، به‌دمه‌سته به جگه‌ره‌کێشانه‌وه، به‌ڵکوو شاردنه‌وه‌ی ڕقه له‌دایکیش. تاک ده‌زانێت، که جگه‌ره‌کێشان زیانبه‌خشه، لێ ئه‌و ههردهیکات، چونکه له ڕێگایه‌وه ئاسوووده ده‌بێت. مرۆڤی نارسیستی فال له‌کاتی ته‌ماشاکردنی دایکییدا تووشی ئازاری سک ده‌بێت، سکی ده‌چێت، پێچ به سکیدا دێت، ماسولکه‌کانی سکی گرژده‌بن …هتد. ئه‌و ده‌یه‌وێت دایک له‌ناو خۆیدا هه‌ڵبگرێت، به‌ڵام پێی هه‌زم ناکرێت.
هه‌روه‌ک له وتاری پێشتردا ئاماژه‌م پێدا، ترس فاکتۆرێکی ئهمبیڤالێنته له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ی مرۆڤ، لێره‌دا ترسی کاستراسیۆن ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی، که کوڕه‌که ده‌ستبه‌رداری دایکی بێت وه‌ک ئۆبیه‌کت لیبیدۆی خۆی و له‌گه‌ڵ باوکییدا به ئاشتیی بژیی. هه‌نووکه منداڵه‌که ئاماده‌یه، که له ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا ئۆبیه‌کتێک بۆ خۆشه‌ویستیی هه‌ڵبژێرێت. منداڵه‌که تێده‌گات، که وزه‌ی ژیان، ئه‌نه‌رگیی ژیان له مرۆڤێکی تره‌وه دێته ئه‌مه‌وه.
هاوکار برای شیریینم، یه‌کێک له سه‌رنجه‌کانی ترت بریتیی بوو له‌وه‌ی بۆچیی له ڕۆژنامه‌کانی کوردستاندا نانووسم؟ من نزیکه‌ی دوو ساڵ له داخی ڕۆژنامه‌کانی کوردستان وازم له نووسیین هێنا، نه‌ک ڕۆژنامه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردیی له باشووردا پیاوانی بچووک ده‌یبه‌ن به ڕێگاوه، به‌ڵکوو پیاوانی بچووک سه‌رتاپای ژیانی کوردیان داگیرکردووه. من تا یه‌ک دێڕم بۆ بڵاوده‌کرێته‌وه نیوه‌ی سه‌رم سپیی ده‌بێت له چاوه‌ڕوانییدا. چه‌ند مانگێک له کوردستانی نوێ‌دا نووسییم، به‌ڵام ئه‌وه‌ش له گۆشه‌دا بوو، لێ هه‌رکاتێک بابه‌تێکی گرنگی ڕۆژ هه‌بوایه یان دایاننهدهبهزاند یان چه‌ندیین هه‌فته و مانگ به‌سه‌ر ڕووداوه‌که‌دا تێده‌په‌ڕی ئینجا وتاره‌که‌ی من بڵاوده‌بۆوه. ڕۆژنامه‌کانی تریش، که تۆ ناوت هێناون، هه‌ر وه‌ڵامیشم ناده‌نه‌وه. چه‌ند ساڵێک به‌رله‌ئێستا دۆستێک داوای کرد له خه‌نداندا بنووسم، منیش په‌یوه‌ندییم پێیانه‌وه کرد، به‌ڵام وه‌ڵامیان نه‌بوو، ئه‌و دۆسته وه‌ڵامی دامه‌وه، که هه‌واڵه‌که‌یان دابوو به‌و وتبوویان “گه‌ووادی وا حه‌دی چییه له ڕۆژنامه‌ی ئێمه‌دا بنووسێت”. من له سه‌ره‌تای ساڵی 2011 دا له ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ‌دا له‌سه‌ر ئه‌م پیاوه بچکۆلانانهم نووسیی. پیاوه بچکۆلانه‌که به‌رهه‌می ئه‌قڵی ڤیلهێلم ڕایشه، به‌ڵام من تاکه نووسه‌ربووم، که بۆ یه‌که‌مجار له کوردستانی نوێ‌دا قسه‌م له‌سه‌ر کردووه.
مرۆڤه بچکۆلانه‌کان له نیشتیمانی ئێمه‌دا گه‌وره‌ن، گه‌وره‌ن چونکه خاوه‌ن پۆستن، گه‌وره‌ن چونکه ناودارن، وه‌زیرن، سه‌رۆکن، نووسه‌رن. به‌ڵام ئه‌مانه وه‌ک ڕایش ده‌ڵێ، له‌وێدا ده‌مێننه‌وه، که جارێک بوون، ئه‌ویش له پیسییدا. ئه‌مانه له حکومه‌تی ئاینده‌دا، ئۆپۆسیزیۆنی ئاینده‌دا، له پارتی ئاینده‌دا، ڕۆژنامه و پۆستی ئاینده‌دا به لومپیی ده‌مێننه‌وه، به بچووکیی ده‌مێننه‌وه. ئه‌مانه چ بوون و چ ئێستاش پیاوه بچکۆلانه گه‌وره‌کانن.
لێره‌وه ده‌مه‌وێت بۆ پیاوه بچکۆلانه‌کان په‌یامێک بنێرم وه‌ک ڕایش ده‌نووسێت،”هاوارده‌که‌یت چونکه ده‌ترسیت. تۆ له‌به‌رانبه‌ر ڕاستییهکانمدا هیچت پێناکرێت پیاوی بچووک. تۆ ته‌نها ده‌توانیت لێمبدهیت، هه‌روه‌کوو چلۆن له زۆر هاوڕێی ڕاسته‌قینه‌ی تری خۆتت داوه.
„Du Schreist weil du Angst hast. Du kannst gar nicht gegen meine Wahrheit unternehmen, Kleine Mann. Du kannst mich nur erschlagen, wie du so viele andere deiner Wahren Freunde erschlagen hast.“: Wilhelm Reich
هه‌روه‌کوو دوو ساڵ پێش ئێستا له کوردستانی نوێ‌دا وتم، گه‌وره‌ییی له پێزانینی به‌های خوددایه نه‌ک له سیاسییه‌کدا، کۆی گه‌وره‌ی پیاوه بچووکه‌کان پیاوه گه‌وره‌کانی وه‌ک “هیتله‌ر، ستالین، مۆسۆلۆنیی، سه‌ددام حسین” به‌رهه‌مدێنن. پیاوه بچووکه‌کانی ناو پیاوه بچووکه‌کان هیتله‌ر و ستالین پاشاکان باشتر له نیچه و فرۆید و کانت ده‌ناسن. تاکی کوردی بچووک هاووڵاتییه‌کی ساده و ساکار بێت یان سیاسییه‌کی گه‌وره‌ی خاوه‌ن ده‌سته‌ڵاتی گه‌وره هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت. ئه‌و تاکه‌شی، که هه‌وڵ بۆ ئازادکردنی نیشتیمان و پیاوه بچووکه‌کانی ده‌دات، ده‌بێت تاکێک بێت، که پیاوه بچکۆلانه‌که‌ی ناو خۆی ناسیبێت. که له بچووکییه‌وه ده‌ستیپێکردبێت، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه یان ئه‌وه‌تا هێشتا کۆیله‌ی چه‌ند که‌سێکه یان لانیکه‌م یه‌کێک له په‌ته‌کانی ملی خۆی نه‌بینیوه و هێشتا “که‌سێک، ئیدیۆلۆگییه‌ک، سیاسه‌تێک” به‌دوای خۆیدا ڕایده‌کێشێت.
بێده‌نگییش قسه‌کردنه:
ده‌شێت ئێمه نهماونهوێت له‌سه‌ر هه‌ندێک شت قسه بکه‌ین، به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئاخۆ باروودۆخێک هه‌بووه، که ئێمه تێیدا قسه‌مان نه‌کردبێت؟ من ده‌ڵێم نه‌خێر، چونکه مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکه ناتوانێت قسه نه‌کات، ئه‌گه‌ر مرڤ نه‌توانێت یان نه‌یه‌وێت بدوێت، ئه‌وا سروشتی ئه‌و وه‌ک مرڤ ڕێگایه‌کی تر ده‌دۆزێته‌وه هه‌تاوه‌کوو هه‌سته‌کانی، بۆچوونه‌کانی خۆی نیشان بدات، بۆ نموونه به میمیک. ڕووخسارێکی تووڕه، دڵخۆش، نیگه‌ران …هتد. پیشانده‌دات، ئیدی ئه‌گه‌ر به وشه‌ش ده‌رینه‌بڕێت، ئه‌و مامه‌ڵه‌ی خۆی کردووه. هه‌ر بۆ نموونه من دێم بۆ فه‌ڕه‌نسا، له سووپه‌رمارکێتێکدا، که‌سێک به قه‌ست خۆیم پێداده‌کێشێت و ده‌مخات، من فه‌ڕه‌نسیی نازانم و بڕیارده‌ده‌م، که هیچ نه‌ڵێم، چونکه نه به کوردیی و نه به ئه‌ڵمانیی تووڕه‌بوونم هیچ قازانجێکم پێناگه‌یه‌نێت، به‌ڵام میمیکم هه‌ستم بۆ به‌رانبه‌ره‌که‌م ئاشکرا ده‌کات، ئه‌ویش به‌وه‌ی ڕووخسارێکی تووڕه پیشانده‌ده‌م. واته وه‌ک هێلموت شێلسکی کۆمه‌ڵناسی سه‌ده‌ی بیست ده‌ڵێ، “مرۆڤ ناتوانێت قسه نه‌کات”. بۆ شێلسکی قسه‌کردن خوێنه، که به ده‌ماره‌کانی کۆمه‌ڵدا تێده‌په‌ڕێت. ده‌مه‌وێت بڵێم، که خودی په‌یڤ چ فاکتۆرێکی گه‌وره‌ی چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی کۆمه‌ڵه و چ فاکتۆرێکی گه‌وره‌ی نانه‌وه‌ی کێشه‌کانی کۆمه‌ڵه.
قسه‌کردن هه‌رئه‌وه نییه، سواری فڕۆکه‌ی هه‌فته‌ی ئایندهی دووسلدۆرف بیت و بفڕیت بۆ هه‌ولێر یان سلێمانیی، له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی کراوه‌دا مایکرۆفۆنێک بگریت به‌ده‌سته‌وه و بڵێیت ئه‌م ده‌سته‌ڵاته کووته‌ک وه‌شێنه. ئه‌ندریاس پۆپ، که یه‌کێکه له ئه‌قڵه ئه‌کتیڤیسته گه‌وره‌کانی ئێستای ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێ، مرۆڤی تێر ناچێته سه‌رجاده. به‌ڵام له نیشتیمانی ئێمه‌دا ئه‌وه‌نده‌ی برسییه‌کان له ماڵه‌وه ده‌رگایان له‌سه‌ر خۆیان داخستووه به چاره‌کی ئه‌وه له‌سه‌رجاده نین. ئێمه تێرهکانمان زیاتر له‌سه‌ر جاده‌ن، چونکه برسیی زۆرترن وه‌ک له‌وه‌ی، که هه‌یانه. پاره‌ی زیاتر، ناوبانگی زیاتر، کاری زیاتر …هتد. شه‌قامی کوردیی مه‌یدانی شۆڕشی پیاوه بچکۆلانهکانه. وه‌ک ئه‌ندریاس پۆپ ده‌ڵێ، ده‌سته‌ڵات کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی به‌دڵ نییه و لێیان بێزاره هه‌ربۆیه له ڕێگای میدیاوه کۆمه‌ڵێکی تر دروستده‌کات، به‌ڵێنێکی نوێی پێده‌دات هه‌تا له هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌دا سه‌ربکه‌وێت. نیشتیمانی ئێمه‌ش هه‌مانشێوه‌یه، نه‌ک به‌ته‌نها ده‌سته‌ڵات، به‌ڵکوو میدیا و نووسه‌ره‌کانیشی هه‌مانشێوه‌ن، له کۆمه‌ڵ بێزارن له ڕێگای میدیاوه کۆمه‌ڵێکی نوێ بۆ خۆیان دروستده‌که‌ن.
کێشه‌ی میدیای کوردییش له‌وه‌دایه، که هه‌میشه لایه‌نێک تێیدا زاڵده‌سته و ڕێگا به لایه‌نی به‌رانبه‌ر نادات خاوه‌نی ئارگوومێنتی خۆی بێت، ئالێره‌دا تێده‌گه‌ین که ئازادیی ڕۆژنامه‌وانیی ته‌نها قسه‌یه‌کی ئه‌بستراکته و هیچی تر، ئالێره‌دا تێده‌گه‌ین که ئازادیی ڕاده‌ربڕیین ته‌نها قسه‌یه‌کی ئه‌بستراکته و هیچی تر.
01.08.2013
Danmark