Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ئەفسوس .. روناكبیرەكانی ڤیستڤاڵی (المدی) …

ئەفسوس .. روناكبیرەكانی ڤیستڤاڵی (المدی) …

Closed

 

 


ئەفسوس .. روناكبیرەكانی ڤیستڤاڵی (المدی) 

ئەفسوس..  میوانە روناكبیرەكانی وڵاتی میسر

 

 

ئەم وتارە لەكاتێكدا نوسراوە كە ساڵی 2006 ژمارەیەكی بەرچاوی نوسەران‌و روناكبیران‌و هونەرمەندانی عەرەب لەناویشیاندا ژمارەیەكی بەرچاو لەوڵاتی میسرەوە هاتبوون، هەرلەو كاتەدا ناوەندی چاك لەوڵاتانی ئەوروپا سەرگەرمی خۆپیشاندان بوون بۆ ساغكردنەوەی چارەنوسی ئەو ئافرەتانەی لەبەڵگەنامەی ژمارە (1601) ی رێكەوتی 10/12/1989 دا ناویانهاتووە كە فرۆشراون بە نادیەكانی شەوانەی میسر . لەوكاتەدا داوام لە روناكبیرانی كورد كرد كە رۆشنبیرانی عەرەب بەگشتی‌و ئەوانەی میسر بەتایبەتی بەرین بۆ گەرمیان‌و بەتایبەتیش بۆلای ئەو خانەوادانەی ژن‌و كچەكانیان ناویان لەبەڵگەنامەكەدا هاتووە، بەڵام ئەفسوس گوێیان بەم داوایە نەدا، بویە هەر ئەوكاتە ئەم نوسراوەم بەزمانی عەرەبی كە بەریز ڤینۆس فایەق وەرگێری بوو لەرێگەی ئیمایلەوە بۆ زۆریان ناردووە و لەهەندێك شوێنی جیاوازیش بەهەردوو زمان بڵاوكراوەتەوە.  

ئيوه لەلایەن رۆشنبیران‌وسیاسەتمەدارانی وڵاتە ئەنفالكراوەكەمانەوە پێشوازییەكی گەرمتان لێكرا, هەڵبەت منیش وەك سەرنوسەری ساڵنامەی ئەنفالستان, لەدڵەوە بەخێرهاتنتان دەكەم بۆ وڵاتەكەم”ئەنفالستان” زۆر پێخۆشحاڵدەبووم ئەگەر راستەو خۆ بە دیدارتان شاد بوومایەو بەرلەوەی هیچ وێنەیەكتان لەگەڵا بگرم, یەكدو قسەی جیاوازم لەگەڵا كردبان, بەڵام ئەفسوس لەبەرئەوەی من ڕووی ئەو هوتێل‌وچێشتخانانەم پێوەنیە كە كەسانی وەك بەرێزتان لێی دادەبەزن‌و نانی لێدەخۆن, چونكە هێشتا بۆنی پیرەمێردو پیرەژنەكانی نوگرەوسەلمانم لێدێ‌, لەبەرئەوە نەدەكرا شایانی داوەتكردنی میهرەجانی (المدی)بم ‌وبەدیدارتان شادبم . 

    نازانم گەر بتانبینمایە ئێوەش بەسەروفەساڵم شاد دەبوون یان یان دڵتەنگ ؟ خۆزگە یەكدیمان ببینیایە, چونكە منیش بەنیازی داوەتكردنتان بووم, بەڵام داوەتی من بۆ گەشتێكی جیاواز بوو, بە تەمابووم, پێشتان كەوم بۆ دەڤەری گەرمیان, كە هێشتا لێوانە لە غەدر, دەڤەرێك خەڵكەكەی لە تەنیشت مەرگەوە دەژین, نەهوتیلی شیراتۆن‌و نە هیچ پاڵاسێكی تێدایە, مەملەكەتێكە بووەتە مەنزلگاو هەواری مرۆڤە غەدر لێكراوەكانی شاڵاوی ئەنفال‌و هەتا ئەمرۆش مرۆڤەكانی ترس‌وخەم‌و حەسرەتی (دۆزەخ)ی بیابان “نوگرەوسەلمان” بەروخساریانەوەیە, هەڵبەت لە خۆڕاو بێئەدەبانە كارێكی وام نەدەكرد, بەڵكو بەرلەوەی بەرێزتان تەشریف بهێننە هەولێر, من كەسوكاری ئەو هەژدە كچە پاكیزەی گەرمیانم لەهاتنتان ئاگاداركردبوو, كەس‌وكاری ئەوانیش بۆدیدارتان تاسوق بوون, كە ئێوە دێنە میوانداری وڵاتەكەمان بۆچركەساتێكیش بوایە چاویان پێتان بكەوێت‌و لە ماڵەكانی خۆیاندا پێشوازیتان لێبكەن. 

 ئێوە میوانداری گەرمیانیتان نەدیووە بەڵام بامن پێتان بلێم :  ئەوان دوژمنیش بچێتە ماڵیان بە میوانداری شەرمەزاری دەكەن, چ جای ئێوەی روناكبیران‌وهونەرمەندانی وڵاتێك كە هەژدە كەیبانوی تازە پێگەیشتووی ئەوانی لایەوهەتا ئێستا بە سۆراخیانەوەن, ئەوان لە سیاسیەكانی وڵاتی ئێوە توڕەن, بەڵام دۆست‌و ئاشنای ئێوەن, گرنگ بوو چاوتان بەكەس‌وكاری ئەو ئافرەتە ستەملێكراوانە بكەوتایە كە ئەمرۆ كونسوڵی وڵاتەكەتان لە هەموووڵاتانی خۆرئاوا بۆ دیاری كردنی چارەنووسیان, چاویان بە خۆپیشاندەرانی كورد دەكەوێت, نیازی من‌وكەس‌وكاری پاكیزەكانيش ئەوە نەبوو دڵگران‌و بێتاقەتتان بكەین, بەڵكو ئەوە بو لە هەوالی هەژدە مروارى طةرميان بپرسین, بروامان وابوو ئیدی ئێوەش بەپێنوسەكانتان, بەدیالۆگ‌و فلچەی هونەریتان دەبنە كۆمەڵێك چاو بۆ دۆزینەوەی هەژدە مرۆڤی ئەنفالكراوهەژدە پاكیزەی بە زۆر فرۆشراو.

 نیازمان بوو پێتان بڵێین, بۆ لە مەولا كەچوونە باڕ‌و نادیەكان بەئاسایی مەچن بەڵكو بگەڕێن‌و بپرسن, ئەفسوس چاومان پێتان نەكەوت‌و ئێوەش خۆتان لەئێمە گێل كرد, چایەكی كە یبانووەكانی گەرمیانتان نەخواردەوە تا لە میسر بەتامی ئەو چایە كچە هاوشێوەكانیان بدۆزنەوە, دەزانم روناكبیرانی كورد بە هۆی سەرقاڵی میوانداری ئێوەوە, گەورەترین خەمی گەرمیان‌و كوردستانی ئەنفالكراویان لە بیرچوو, هیوادارم شەوانی شیراتۆن‌و داوەتی ئەزمر پاڵاس, ئەم نامەیەتان لەبیرنەباتەوە‌و تەنیا جارێك دەرفەت بەخۆتان بدەن تا بەدیقەتەوە بەنێو دێڕەكانیدا گوزەر بكەن‌و لە ووشەكانی رابمێنن. ئێوە پرسی كچە ئەنفالكراوەكانی ئێمەتان لەبیرنەبوو, بەڵام ئێمە ئێوەمان لە بیرناچێت, روناكبیرەكانی كورد, لەروویان نەهات باسی ئەو ئامانەتییەتان لەگەڵدا بكەن نەبادا دڵتان برەنجێ‌, بەڵام من لە روومدێت‌و بە شەرمی نازانم كە داوای چارەنوسی هەژدە مرۆڤی فرۆشراوتان لێبكەم تا ئێوەش هەوڵبدەن, هەژدە پاكیزەی گەرمیانی ئەنفالكراو دیل‌و بێسەروشوێن لەوڵاتی خۆتان بدۆزنەوە, تكایە كە سۆراخێكیان بوو نمەك حەرام مەبن, ئەو مرۆڤە زوڵم لێكراوانە ببەنە لای خۆتان‌و دڵیانبدەنەوەو میواندارییان بكەن, تائەو رۆژەی (لەو قیامەتەوە رۆحیانەتی مام هەسەنی باوكی شلێرو مێردی حەسیبەی فرۆشراو هەمەی سمایلی گوندی وارانی‌و شیخ حسینی هەزاركانی‌و عەبدوڵای خەرابەیی‌و ڕوحیانەتی ئەوانەی سەگە رەشەكەی بیابان لاشەی خواردن, هەروەها لەم دونیاشەوە میمكە پەسەند‌و پورە ئەستی‌و میمكە كافەومامۆستا یوسفی گەرمیان‌و هاوڕێ‌ مەحمود‌و مامۆستانەجیب گەرمیانی) بەپیریانەوە دێین‌و دەگەنە شەرەم ئەلشیخ, ئەوسا پێكەوە بەڕێیان بكەنەوە بۆ كوردستان. ئەفسوس ..ئێوە تەنها بەدیاریی دەستی بەرپرسەكانەوە رۆیشتنەوە ئەم نامەیەی منتان بیرچوو, راسپاردەی ژنەگەرمیانیەكانتان نەبرد, تەنها وێنەو دیاریتان بردەوە.. ئەفسوس روناكبیرەكانی میسرو دنیای عەرەبی..  ئەفسوس.

لەهەفتە نامەی ئاوێنە زمارە ( 18) لاپەرە 13 بڵاوكراوەتەوە

عومەر محمەد  
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.