
ئه‌فسووس ئه‌ی شاعیره مه‌زنه‌كه
من هه‌رگیز له‌و باوه‌ڕه‌دا نه‌بووم و هه‌رگیز له خه‌یاڵمدا نه‌بوو، كه وه‌ها زوو كۆچ ده‌كه‌ی. تۆ وه‌ك هاژه و خوڕه له‌سه‌ر ڕوباری شیعر كۆچت كرد، بۆیه وا كتوپڕ ون بوویت. من خۆشمده‌وێی، چونكه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له ڕێگه‌ی شیعره‌كانی تۆوه، ئه‌ده‌ب و وشه و شۆڕشم خۆش‌ویست. كه‌س هێنده‌ی تۆش به‌پاكی و به‌پیرۆزیی باسی كاره‌كته‌ری پێشمه‌رگه‌ی نه‌كردووه (ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی، كه پێشمه‌رگه له تێگه‌یشتنی ئێمه‌دا مانایه‌كی مه‌زن و پیرۆزی هه‌بوو). من هه‌ر له ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكانه‌وه، كه ده‌ستم به‌خوێندنه‌وه كرد، یه‌كسه‌ر ئاشنا بووم به هه‌نگوینی قه‌سیده و شیعره‌كانی تۆ: (ڕووبار، كازیوه، دوو سروودی كێوی…). من له‌و ڕۆژگاره‌دا و ئه‌وساكه، بوومه ده‌روێشی ناو ته‌كیه‌ی چامه و هۆنراوه خۆڕسكه‌كانی تۆ. ئه‌و چامه و هۆنراوانه‌ی، كهپڕن له ئازار و جوانیی سروشتی كوردستان. به‌ڕێزم، گۆران ڕۆحی ڕۆمانسیانه‌ی سروشتی كوردستانی وێنا كرد. تۆش ڕۆحه تراژیدیه‌كه‌ی ئه‌م سروشتهت وێنا كرد. هێژام، ئه‌ی شاعیری دلۆڤانی نه‌ته‌وه‌كه‌م، بیست ساڵ به‌ر له ئه‌مڕۆ هاوڕێیه‌كم گوتی (وا بزانم وه‌سفێكی یه‌كجار پڕ به‌پێستی ناوه‌رۆكی گوتاری ئه‌ده‌بی تۆی كرد) گوتی: ((له‌ناو شیعره‌كانی شێركۆدا، ڕۆحی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌دی ده‌كرێ)). زۆر ڕاست ده‌كا، ئێمه ئه‌م ڕۆحه بریندار و شه‌كه‌ته، زۆر به‌زه‌قی له‌ناو هه‌موو قه‌سیده و شیعره‌كانی تۆدا به‌دی ده‌كه‌ین، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو ئه‌وه ئه‌م ڕۆحه‌یه، كه به زمانه نایاب و ئهفرێنهرهكهی شیعره‌كانی تۆ ده‌دوێ. چه‌ند پێم ناخۆشه و چه‌ندیش بهحهسرهتم، كه تۆ هه‌تا هه‌تایێ ڕۆیشتی و كه‌چی من جارێك به‌دیدارت شاد نه‌بووم. به‌ڕێزم، ئه‌ی شاعیری دلۆڤانی نه‌ته‌وه‌كه‌م، تۆ ده‌تزانی، كه قه‌عقاع و به‌عسییه‌كان و ئیسلامییه سه‌له‌فییه‌كانی ئه‌مڕۆ هه‌ر هه‌موویان، سه‌ربه یه‌ك گروپی چه‌ته‌كانن و له مێژووی خۆشیاندا، بێجگه له كوشتن و داگیركردن و تاڵانكردن هیچ شتێكی دیكه نازانن. به‌ڕێزم، تۆ به‌خته‌وه‌ر به، كه شاعیرێكی شۆڕشگێڕی داهێنه‌ری گه‌لێكی ژێرده‌سته‌ی؛ ئه‌و گه‌له‌ی، كه خۆی ئیسلامه و كه‌چی به ده‌ستی لایه‌ن و ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه‌كان (به‌ره‌ی نوسره، ئه‌ردۆگان، كۆماری ئیسلامیی) خوێنی ده‌ڕژێ. به‌ڕێزم، ئه‌ی شاعیری پێشه‌نگی نه‌ته‌وه‌كه‌م، من قه‌ت ئه‌و كۆڕهشت له‌بیر ناكه‌م، كه ئیسلامییه‌كانی توڕه كرد و ته‌كفیریان كردی؛ ئه‌و كۆڕٍهی، كه له مانگی یازده‌ی ساڵی 91 له هۆڵی میدیای شاری هه‌ولێر سازت كرد و زۆر به خێراییش هۆڵه‌كه جمه‌ی هات و پڕ بوو له عاشقه‌كانی شیعری تۆ. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده قه‌ره‌باڵغ بوو بوو، كه له ڕاڕه‌وی نێوان ڕیزی كورسیه‌كانیش هیچ جێیه‌ك نه‌مابۆوه بۆ ڕاوه‌ستان و دانیشتن. تۆ تازه له‌هه‌نده‌ران هاتبوویه‌وه. سه‌رله‌به‌ری خه‌ڵكه‌كه‌ش له‌سه‌ر ئاو و ئاگر چاوه‌ڕێ بوون. هه‌ر كه بهدهریشكهوتی و هاتیه سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ، سه‌رتاسه‌ری ئاماده‌بووانی ناو هۆڵه‌كه هه‌ناسه‌یان له‌خۆ بڕی و هه‌مووشیان پێكه‌وه هه‌ستانه سه‌رپێ، ئه‌وساش له‌ناو بێده‌نگییه‌كی پڕ له تاسه و شاگهشكهییدا، ته‌نها ده‌نگی ته‌قه‌ی كورسیه‌كان هات و ئیدی پاشان هاژه‌ی ڕوباری چه‌پڵه‌لێدان ده‌ستی پێكرد. هه‌ر كه هاتیشی وه‌ك شتێكی پیرۆز بهدهركهوتی، بۆیه ئێمه‌ش نه‌ویستانه هه‌موو پێكه‌وه له حزورت هه‌ستاینه سه‌رپێ. ئا هه‌ر له‌م ساتانه‌شدا له كورسیه‌كه‌ی دواوه‌ی خۆم گوێم لێ بوو، كه كچێكی سلێمانی پڕ به دڵ گوتی: ((هه‌ی به‌ساقه‌و بم شیركۆ گیان!)). له كاتی خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كانیشت، كه وه‌ك بڵێی خۆشترین گۆرانی بچڕی، هه‌موو گوێیه‌كان بوو بوونه یه‌ك گوێ و هه‌موو ده‌سته‌كانیش بوو بوونه یه‌ك ده‌ست و ناوناوه‌ش هه‌موو پێكه‌وه چه‌پڵه‌یان لێده‌دا. من ئێستا له دوای ئه‌م كۆچه‌ت ته‌نها یه‌ك شت زۆر نیگه‌رانم ده‌كا، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، كه گوێت له‌م قسانه‌م نییه، بۆیه‌ش له دڵی خۆمدا ده‌ڵێم: تازه ته‌واو ئیدی ئه‌و ڕۆیی و ئه‌م قسانه‌ی من چ سوودێكیان هه‌یه؟ به‌ڵكو ده‌بوایه كه له ژیاندا بووی ئه‌م یادگاریانه‌م بگێڕابایه‌وه، ئه‌وسا تۆش هه‌ندێك دڵت پێ خۆشده‌بوو و منیشت وه‌ك خوێنه‌رێك ده‌ناسی و له دڵه‌وه‌ش سوپاسێكی شیعریانه و شاعیرانه‌ت ده‌كردم؛ به‌ڵام بمبووره به‌ڕێزم، كه ته‌نها له دوای مه‌رگت توانیم بتدوێنم. بشمبووره، كه جارێكی دیكه ناتبینمه‌وه؛ به‌ڵام به‌ڵێن بێ، كه ئه‌مجاره هاتمه سلێمانی، سه‌رێك له قه‌سیده‌ی گۆڕه‌كه‌ت ده‌ده‌م: گۆڕی پڕ له نوری شیعر.