ئەو جڤاتەی دێ ژۆرژیۆ ئاگامبێن
سەفەرە فەلسەفییەکانی ژۆرژیۆ ئاگامبێن Giorgio Agamben (1942) بەناو جیهانی ئێستای مرۆڤی هاوچەرخ و گرفتە بووناوییەکانی ئەم مرۆڤە بڕانەوەی نییە مەگەر مەرگێ لەناکاو پێنووسە هزریە بەبڕشتەکەی ئەم بیرمەندە ئیتالییە هاوچەرخە لە قەڵبەزە و کۆچباری هزری بوەستێنێ. دیارە ئەم فەیلەسوفە ئیتالییە بێووچان پرسیارە سیاسی و ئیتیکیەکان دەووروژێنێ و لەڕێگاشیانەوە ستاتۆس بۆ هزرێ فەلسەفی پێویست دادەڕێژێ کە شیاوی بۆ گفتووگۆیێ فڕەجەمسەر دەکاتەوە. بۆچوونە فەلسەفیەکانیشی لە بواری زمانەوانی و جوانکاری شانبەشانی شرۆڤەکردنە سیاسی و ئیتیکیەکانی وێنەێ تری هزری لەسەر تێکڕای سێستەمی فەلسەفی ئەم هزرەڤانە دروستکردووە. وەک بیرمەندێ کۆنتنێنتال لەژێر کاریگەری هایدیگەر، بنیامین و تەنانەت کارل شمیت و دێریدا و فوکۆa دەربازی نەبووە و، لەگەڵیاندا لە گفتووگۆیێ بەردەوامی فەلسەفیشدایە.
یەک لەو لایەنانەی بە بیری ئەم بیرمەندە ئیتالیە و ئەم توێژینەوەیەوە تایبەتە ئەوەیە کە کارێ زۆر لەسەر خوێندنەوەی شارستانیە کۆنەکان و ئاین و ڕووداوە سیاسیەکان دەکا و شارەزایشی لە فەلسەفەی زمان کارێوایکردووە گەلێ لەو واژە و واتا لاتینیانەی لە سمینارەکانی یان لە نووسینەکانیدا (بۆنموونە : هۆمۆساکەر، ئەو جڤاتەی دێ، دۆزی ڕیزپەڕ و….) بەکاریاندەبا گوێگر یان خوێنەر مەجبووردەکا هەمیشە پێویستی بە جۆرە شیکردنەوەێ ئیتمۆلۆژی (ڕیشەی وشەناسی) ئەو واژە و واتایانە هەبێت.
هەرتایبەت بەوی لایسەرەوە وروژاندمان ئەوەش ئێژین کە لە ڕوانینە کولتووریەکانی ئاگامبێن دا ، بەتایبەت لەو شوێنەی باس لە کولتووری ڕۆژئاوا دەکا، بیرێ سیاسی نیومارکسیزمانە زاڵە و، ئەو دیاردە زمانەوانیانەش لەناو ئەو کولتوورەدا چالاکن لە پێوەندی بە سیاسەتەوە ڕاڤەیاندەکا. چونکە “نیشانە کولتووریەکان (ئەَلبەتە جوانکاریەکانیش) بۆ ئاگامبێن ئیشی سیاسی دەکەن”. ئەو دەمەش جوانکاری ئیشی سیاسی لەناو ژیانادەکا سیاسەت پتر لەگشت کاتێتر قابیلە بە ڕاڤەکردن و هەربۆیشە سیاسەت لە فەلسەفەی ئاگامبێن دا بوارێ بەپیتە بۆ گفتووگۆکردن. ئەم جۆرە خۆچڕکردنەوەیەش لەناو سیاسەتدا دواتر باسی جڤات (کۆمەڵە، communauté ، Community) دێنێتەپێشەوە ، کە شانبەشانی بابەتی هۆمۆساکەر، تاڕادەێ پڕبایەخترین تێزی ئاگامبێنە لەبواری سیاسیدا.
ئەگەرچی ئاگامبێن سەبارەت بە پرسیاری بوون لەدەوروخولی فەلسەفەی فێنۆمێنۆلۆژی هایدیگەر دا دەخولێتەوە وەلی بەگشتی ئاگامبێن لەم بارەوە خاوەنی فەلسەفەێکی فێنۆمێنۆلۆژی خۆشیەتی و ، هەرئەم پرسیارە لای ئاگامبێن داڵدەی گەلێ تێزیتر دەدات بەتایبەت ئەوەی کە لە کۆمەڵگەی نوێی ڕۆژئاوا دا پێوەندی بە دۆزی جڤاتەوەیە. جڤات لە هزری سیاسی ئاگامبێندا کولتووری سیاسی ڕۆژئاوا دەخاتە ژێرپرسیارەوە و، ئەمە و بابەتی جڤات مشتومڕی تێمای “سەروەری سیاسی”ش دێنێتەپێشەوە، ئەو بابەتە هەستیارە سیاسیەی لە مێژووی سیاسی ڕۆژئاوا دا هەمیشە باس بووە لەسەر ژیانی تاک و ئەوەش کە چۆن ئەوانەی کاریان بۆ سەروەری سیاسی خۆیانکردوە (قەیسەر بۆنموونە) ئەم تاکەیان خستۆتە ژێرڕکێڤی خۆیانەوە. بۆیە لە هزری سیاسی ئاگامبێن دا تێمای جڤات و ژیان یەکدەگرنەوە و ئەو تێزانە پێکدێنن کە ناوبراو لە نووسینە سەرەکیەکانیدا کاری لەسەرکردوون ( هۆمۆساکەر 1: سەروەری دەسەڵات و ژیانی ڕووت، ئەو جڤاتەی دێ، هۆمۆساکەر 2: دۆزی ڕیزپەڕ ، پاشماوەکانی ئۆشویتز و….).
بایەخدان بە جڤات لەناو ڕوناکبیرانی ڕۆژئاوا لە ڕوانگەی کولتووری یان ئابووری یاخود سیاسی- کۆمەڵایەتیەوە هەمیشە بابەتێ گرینگبووە بۆ شرۆڤەکردن لێ ئاگامبێن لەم کتێبەیدا، ئەو جڤاتەی دێ، واتای جڤاتی هاوچەرخ بەجۆرێ دی شیدەکاتەوە و لەوڕێگایەشەوە دۆزی سیاسی و کۆمەڵایەتی شارستانی ڕۆژئاواش دەخاتە ژێرپرسیارەوە و ڕوانینی بەشێ لە بیرمەندانی کۆنتنێنتالییش تایبەت بەم واتایە ڕووندەکاتەوە و لەو ڕوونکردنەوەیەشدا سەرنج ناخاتەسەر ناسنامە بۆ دەستنیشانکردنی جڤات بەڵکو جڤاتێ سیاسیمان بەبێ ناسنامە بەردەستدەخا. بەواتاێ تر،نووسینەکەی نانسی La communauté désoeuvrée “جڤاتی لەکارکەوتوو ” و وەڵامەکەی بلانشو La communauté inavouable “جڤاتی شەرمهێنەر” نرخیخۆیان بۆ گفتووگۆکانی ئاگامبێن لەم توێژینەوەیە لەسەر جڤات هەیە کە لە 1983 بڵاووبونەتەوە، بەڵام ئاگامبێن زۆرتر بۆ لای دێریدا و بۆچوونی لەسەر جڤات دەگەڕێتەوە بەتایبەت ئەو نووسینەی ناوبراو بەناوی “دیموکراسی هاتوو” نووسیویەتی.
ئاگامبێن لەم بەرهەمە بەیانی وتاری کۆمەڵایەتی و سیاسی هزری فەلسەفی خۆیدەکا و پێلەسەرئەوەش دادەگرێ کە “ئەو سیاسەتەی دێ سیاسەتێکە بەپیرۆزکردنی مرۆیی بەدەمەوە نییە” چونکە هەرچۆنبێ تاکگەرای” ، ئەو گوزارەیەی ئاگامبێن زۆر بایەخیدەداتێ، “ناتوانێ خۆی خۆی چاککات”. ئەمەو ئاگامبێن “سرووشتی هەرچۆنبێ تاکگەرای وەک جڤاتێ بێناوەڕۆک دیاریدەکات”. هاوکات ئەم جڤاتەی ئاگامبێن باسیلێوەدەکات “ئەو جڤاتە نییە لە فۆڕمێ جێگیرا دواتر دێ” چونکە جڤاتی لەمجۆرە، واتە “ئەوەی بزانین دواتر چۆن دەبێ، بۆ ئاگامبێن بوونی نییە” هەروەها “ئەو جڤاتەی دێ ناسنامەێ دیاریکراویشی نییە”. ئەمەو “جڤاتی داهتوو ، ئەوی دێ، بۆ ئاگامبێن بریتینییە لە کۆنترۆلی حاڵەت (یان دەوڵەت) بەڵکو لە ململانێی نێوان حاڵەت و ناحاڵەت”. سەبارەت بەم لایەنەش نموونە لەسەر خۆپیشاندانەکانی چین لە Tiananmen Square دێنێتەوە کە بە باوەڕی ئاگامبێن “ئەوەی لەوێ ڕوویداوە خۆپیشاندان نەبووە بەمانای وشەکە بۆ خۆپیشاندان”. وێرایئەوە، ئاگامبێن وایدەبینێ کە “جڤات و سیاسەتی هەرچۆنبێ تاکگەرای لە ڕووداوی گۆڕەپانی تیانمێن دەرکەوت”. “ئەم ڕووداوە بۆ ئاگامبێن نیشانەیە لەسەر ئەوەی ئەو سیاسەتەی دێ ململانێ نییە لەنێوان حاڵەتەکان بەڵکو لەنێوان حاڵەت و مرۆیی”. هەروەک ووترا، ئاگامبێن لەم توێژینەوەیە “بایەخ بە جڤات نادات وەک تەواوکەرێکی ناسنامە بەڵکو بایەخ بە هەرچۆنبێ تاکگەرای دەدا وەک فۆڕمێ لە بوون”. هەروەها لای ئەگامبێن “بوون بریتی نییە لە هەرشتێک بەڵکو لەوەی کە هەمیشە بریتیە لە حاڵەتێک”. سەرباریئەوە، بەپێی شیکردنەوەکانی ئاگامبێن لەم کتێبە “ناسنامە ماهیەتی نییە”. بەمجۆرەبێ بەبۆچوونی ئاگامبێن “ئەو جڤاتەی دێ ماهیەتی نییە” ، بێماهیەتە، چونکە ناسنامە لەو جڤاتەی دێ شوێنی تیا نابێتەوە و بۆیە ئەم جڤاتە ئاگامبێن وتەنی “جڤاتێ تاکگەرا و بەشبەشە”. ئەمەو “ئەم جۆرە جڤاتە بەبێ نوێنەرایەتیە” واتە ئیدیای جڤات لەدیدی ئاگامبێن نوێنەرایەتیئامێز نییە. ئەڵبەتە بۆ ئاگامبێن لەم نووسینەی ،تێڕامان لە جڤاتی ئەوی دێ، ئەو جڤاتەی لە ڕۆژئاوای نوێ بەڕێوەیە، گرینگە ئەو پرسیارە بکرێ کە واتای وەک بوون بە سوور یان بوون بە کۆمۆنیست، بوون بە فەڕەنسی، یان بوون بە موسلمان مانای چییە؟ لەهەمانکاتدا قسە لە جڤات لای ئاگامبێن لەم توێژینەوەی لە قسەکردن لە ڕەووشت دانابڕدرێ. لەدیدی ئەم بیرمەندە “گشت وتارێ لەسەر ڕەوشت سەرچاوە لەوەوەدەگرێ کە ئەو وتارە پێشینەێ مێژووی یان ڕۆحی نییە و هیچ ئەزموونێ ڕەووشتیش مانای بۆ ئەو وتارە نابێ”.
ئازاد حەمە، مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی
azadhama500@yahoo.fr
Giorgio Agamben. The Coming Community. Translated by Michael Hardt. University of Minnesota Press، Minneapolis، 1993.