17 وێنه‌كه‌ی كاشــــما
كاشما زۆر حه‌زی له وێنه‌كێشان بوو ، ڕۆژانه له‌ده‌فته‌ری وێنه‌كه‌یدا وێنه‌ی ده‌كێشا ، كه‌نیشانی باوكیشی ده‌دان باوكی ده‌ستخۆشی لێده‌كرد و هه‌ندێك جار رێنمایشی ده‌كرد تا وێنه‌ی جوانتر بكێشَیت . كاشما به هێمنی گوێی بۆ باوكی ڕاده‌گرت . تا بزانێت چی ده‌ڵێت . له‌وانه‌ی هونه‌ریشدا وێنه‌كانی نیشانه‌ی مامۆستای هونه‌ر ده‌دا مامۆستاش به ووردی سه‌رنجی وێنه‌كانی ده‌دا ، چونكه وێنه‌كانی كاشما له وێنه‌ی هاوڕێكانی جیاواز تر بوو . ڕۆژێك مامۆستای هونه‌ر داوای له قوتابیه‌كان كرد كه هه‌ریه‌كه‌و به ئاره‌زووی خۆی وێنه‌یه‌ك بكێشَیت ، كاشما وێنه‌ی كچ و كوڕێكی كێشا كه به‌رگی كوردی ڕه‌نگاو ڕه‌نگیان له‌به‌ردا بوو . ئاڵای كوردستانیشیان به‌رز كرده‌بۆه‌وه . مامۆستا سه‌یری هه‌موو وێنه‌كانی كرد ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر سه‌رنجی ڕ‌اكێشا وێنه‌كه‌ی كاشما بوو، بۆیه كاشمای هه‌ستانه لای ته‌خته ڕه‌شه‌كه تا باسی وێنه‌كه‌ی خۆی بكات . كاشما به‌هێمنی وتی : ئه‌مه دوو منداڵی كوردن به‌جلی كوردییه‌وه ئاڵای كوردستانیان به‌رز كردۆته‌وه تا بۆ جیهانی بسه‌لمێنن كه‌ئێمه‌ش گه‌لێكین وه‌كو گه‌لانی تر خاوه‌ن خاك و نیشتیمان و ئاڵای خۆمانین .