Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
لە دەربەندی پەپوولەوە … بەکر ئەحمەد

لە دەربەندی پەپوولەوە … بەکر ئەحمەد

Closed

 

 

 

 

 

لە پشووی هاوینی ئەمساڵدا و لە ناوچەی Petaludas Vally، ١٥ کیلۆمەترێک دوور لە کەنارەکانی خۆرئاوای دورگەی “ڕۆدۆس”دام لە یۆنان و و بەڕێوەم بۆ   Butterflies Vally. دەڵێن بێیتە ڕۆدۆس و نەچێتە (دۆڵی پەپوولان) وەک ئەوەیە شتێکی گەورەت لە کیس چوو بێت. 

 

ناوچەیەکی شاخاوی بەرز و دۆڵێکی پڕ لە درەختی چر. کاتێک بە سەر پردە دارینە دروستکراوەکانی ناو دۆڵەکەدا دەکەویتە سەفەری ناو ئەم دۆڵە،  بێدەنگی و تیشکی بە هەزار زەحمەت تێپەڕیو بۆ ناو دارستانەکە، کەشێکی هەتا بڵێی ئەفسووناوی دەخوڵقێنێ وەک ئەوەی لە خەیاڵدا بیت.  لە پڕێکدا جووڵەیەکی ناڕێکی تەماشاچییان پۆلێک پەپوولە هەڵدەستێنێت. دار و بەردی ئەو جۆگە ئاوەی بە دۆڵەکەدا تێدەپەڕێت، کورد واتەنی پەپوولەی گرتووە. ئەم دیمەنەی کە تۆ لە دارستانێکدایت و بێدەنگی و ئاسمانێکی پڕ پەپوولە، دەکرێ ئینسان بخاتە ناو زیندە خەوێکی ئەفسووناوییەوە. ساتێک کە تەنها لە شیعر و چیرۆکدا دەکرێ هەستی پێبکرێ. 

لە کەشێکی وادا، تەلەفۆنەکەی گیرفانم دەلەرێتەوە و زۆر بە ئەسپایی تەماشایەکی دەکەم. 

لە sms: کەدا نووسراوە:” شیرکۆ بێکەس کۆچی دوایی کرد، حەزمکرد ئاگادارت بکەم.” 

من دەمزانی شێرکۆ دەمرێ. بەر لە سەفەر، لەگەڵ کۆمەڵێ هاوڕێی نزیکمەوە لە ستۆکهۆڵم ئەو هەواڵەیان پێوتم. بەڵام ئیس ئێم ئێسەکە جەرگبڕ بوو. ئاخر من ڕێک لە ناوەراستی :” دەربەندی پەپوولە”دا بووم.  دەربەندێک کە شێرکۆ لە ڕیی دیوانە جوانەکەیەوە زۆرێک لە خوێنەرانی ئەم شیعرەی بە سەفەرێکی وادا بردبوو. بۆ دەبێ لە شوێنێکی وادا هەواڵی مەرگی شیرکۆ بێکەس ببیستم؟ ڕاستیشت دەوێ، تا پێش تەماشاکردنی ئێس ئیم ئێسەکە، من  Butterflies Vally م بۆ نەدەچوویەوە سەر وەرگێرانێکی وەک دەربەندی پەپوولە. بەڵام ئەم دۆڵە بە حەق دەربەندی پەپوولە بوو.  

 

من لە سەر پردە دارینەکە دێمە خوارەوە و لە سەر بەردێکی گەورەی ناو دۆڵەکە دادەنیشم. پۆلێک پەپوولە بەسەرمدا دەفڕن و منیش لەگەڵیاندا.

باوکم دیوانی کازیوەم بۆ دەکڕێ و منیش تەقەی سەرم دێ لە شیعر. ڕەنگە هۆکارەکەیشی لەوەوە بێت، تەمەنی من لەو رۆژگارەدا، وەک شیعرەکانی دیوانی کازیوە “کورت” بوو بێ. من سیانزە ساڵانێک دەبووم. 

لەگەڵ قوتابیانی پۆلدا دەچم بۆ شانۆگەری ئاسک. لە ماڵی برادەرێکم دیوانی ڕووبار وەردەگرم و دەیخوێنمەوە. لە ژمارە جۆراوجۆرەکانی (نووسەری کورد)دا، لێرەو لەوێ، شیعری شێرکۆ دیتە ماڵمان. دوو سروودی کێوی دەکڕم. دەیبەمە سەربان و نازانم چۆن دەیخوێنمەوە. 

دواتریش شیعرەکانی جوامێر لێرە و لەوێ دەستاودەستدەکەن.

 

لە دانشگا، شیعری بەیان، پەرەی سپی لە قسمی داخلیدا ناهێلێت و درۆمنەکردبێ، سەدان نووسخەی دەستنووسی ئەم شیعرە بە ناو قوتابیانی کورددا بلاودەکرێتەوە. تا ئێستاش ئەو قەسیدە درێژەم هەمووی لە بەرە. 

لە دوای ڕاپەڕینەوە، من بۆ یەکەمجار شێرکۆم لە یەکەم کۆڕی دوای گەڕانەوەیدا لە هۆڵی سەقافە و جەماهیر بینی و لە سالێ ١٩٩٤ یشدا لە شاری یۆتۆبۆری. 

لە ناوەراستی نەوەدەکاندا، سەد دانە زیاتر لە کۆکراوەی  دیوانەکەی کە لە سوید چاپ کرابوو، بۆ ماوەیەکی زۆر لە رێی هاوڕییەکی نزیکی خۆیەوە لە ماڵی ئێمە بوو. 

من هەر چەند لەم پیاوە ورددەبمەوە، هەستدەکەم، ژیانی من و نەوەی من لە شیعری ئەم پیاوەدا تۆمارکراوە. شیرکۆ ئەگەر لە شیعرێکیشدا تورەی بکردیتایە، بە شیعرێکی دی، بانگی دەکردیتەوە بۆ ناو جیهانەکەی خۆی. 

ئای لەو رۆژگارانەی پە پێوەرە چەپە نا کۆمەڵایەتییەکان و تەنها لە چاویلکەی ئایدیۆلۆژیای ڕووتەوە لە شێرکۆم دەڕوانی، چ جەدەلێکی خۆش و وشک و درێژمان لەسەر شیرکۆ دەکرد. 

بەڵام ڕاستتان دەوێ، نەوەی من و ئەوانەی لەگەڵ شیعرەکانی شیرکۆدا گەورە بوون، بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی شێرکۆت خۆشدەوێ یان نا، لە ڕێی بەرهەمەکانی ئەوەوە، پڕ کراوین لە شێرکۆ. من لەگەڵ مەرگی شێرکۆدا، هەستدەکەم ژیان و یادەوەری  شەخسی و کۆمەڵایەتی خۆم لە کۆمەلگای کوردستاندا تووشی ڕاچلەکاندنێکی گەورە دەبێت.  شیرکۆ میژووی ژیانی منی وەک گەنجێکی شاری سلێمانی ، وەک کوردێک لە ژێر دەسەڵاتی ناسیونالیزمی بەعسدا، وەک کوڕی کرێکارێک، وەک ئاشقێک، تۆمارکردووە بێ ئەوەی خۆشم پیی بزانم. 

هەر بۆیەش کۆچی ئەم پیاوە، مەرگێکی سادە نییە، بەڵکو هەلفراندنی پەپوولەی یادەوەرییە شەخسییەکانی خۆیە لە ناو دەربەندی پەپوولەیەکدا کە شیرکۆ بانگمان دەکاتە ناوییەوە. من لەمڕۆدا ، شێرکۆیەکی زیاترم تێدایە وەک لە دوێنێ، 

 

 

 

١٠ی ئاوگوستی ٢٠١٣

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.