جەدەلی دین و جەهالەت…2…. د. کەمال میراودەلی
داوای لێبوردن دەکەم کە بۆ بەشی دووەمی جەدەلی دین و جەهالەت ناچارم لایەک لە کێشەی نێوان وتارخوێنی مزگەوت و وتارنووسی دەسەلات بکەمەوە.
جارجارە وتارخوێنێکی توندڕەوی ئەم یان ئەو مزگەوت، [کە بە داخەوە هێشتا بە ناهەق هەموو وتارخوێنەکان مەلا-یان پێدەوترێ]، قسەیەکی توندرەو دەکەن، بە ناو رۆشنبیرانیش دەیکەنە هەڵاو جەنگی مەغڵوبە: داوا دەکەن وتارخوێنان قەدەغە بکرێن، مەلاکان لغاو بکرێن.
هەروەکو چۆن یەکێک لەو مەلا بەرێزانە جارێک، لە چاوپێکەوتنێکی ئاوێنە دا، راشکاوانە داوای لغاوکردنی رۆشنبیرانی کردبوو، چونکە بە لێکدانەوەی ئەو، کە لە رووی زمانەوانییەوە راست دەکات، وشەی عەقل لە زمانی عەرەبیدا بە مانای لغاو یان پەتک دێت. وشەکانی (عەقل) و (عەقال) واتە ئەو عەگالەی عەرەب لە سەری دەنێ یەک رەگ و چاوگیان هەیە. بەم مانایە عەقڵاندن یانی بەستنەوە و لغاو کردن، عاقڵکردن: یانی شەق تێهەڵدان و کوتەک لێدان.
لێرەدا زەمینەی هاوبەش لە نێوان: ئەو روناکبیرانەو ئەو گوایە وتارخوێنە توندرەوانە دروست دەبێ: لغاوکردنی زمان و بەستنەوەی بیر و باڵاکردنی دەسەلات. ئەنجامەکەش گومرایی وجەهالەت و دووبەرەکی نانەوەیە.
نەخێر لە قورئان – دا عەقڵ مانای لغاوکردن نییە. عەقل لە گەڵ وشەکانی (تفکر) و (تدبر) بەکارهاتوون: بە مانای بیرکردنەوەی ئینسان لە ئایات – ی خودا‌و ئەسراری گەردوون و ژیان و تەنانەت بوونی بایۆلۆجی و دەروونیی واتە نەفسی خۆشی و تەدبیرکردنی ژیانی لە رێگای (عەقڵ) ەوە، هاتووە.
کۆژیریی /کۆمنسێنس
گەر رۆشنبیران ئاستی سەرەتایی عەقڵ بەکاربێنن کە بە ئینگلیزی پێێ دوترێت: کۆمن-سێنس واتە کۆژیریی، [واتە هەندێ شت ئەوەندە ئاشکراو دیارە کە لە ئاستی سەرەتایی غەریزەیی بەکارهینانی هۆشیارییدا دەتوانین دەرکی پێ بکەین،] لەم ئاستەدا دەبوو ئەوە بزانن کە وتارخوێنێکی بەرێز هەرچی بلێت: ئەو دەسەلات نییە، حکومەت نییە، یاسا نییە، ئەو دەزگای نییە، حیزبی نییە، عەشیرەتی نییە، لەشکری نییە، ئەمن و ئیستیخباراتی نییە، دەزگای راگەیاندنی نییە، کۆمەڵێ نووسەرو غەزەلنووس و رۆشنبیر و بێرۆکراتی بەکرێگیراوی نییە، ئەو تەنیا قسەی خۆی دەکات و دەبڕێتەوە، قسەش باش یان خراپ، شل یان توند، سەهۆڵیی یان ئاگراویی، لە ناو هەموو کۆمەلگایەکدا دەکرێ.
ئەو مزگەوتەش کە تییدا وتار دەدات دەسەڵات بۆی ئامادەکردووە، دەسەلات وەک وتارخوێن دایمەزراندووە ، سەدی سەد لەوەش یەقینە کە دەسەلات بەو قسانەی نەک ناخۆشحال نییە رەنگە ئەجندای ئەو بێت، ئەو خەڵکەش کە گوێ دەگرێ، وەک تاک یان کۆ، لە ئاستی غەریزەیی ئاژەلیی دا بن، یان لە بەرزە لوتکەی عەقڵ وهۆشیاریی ئینسانییدا، ئەوە بەرهەمی ٢٢ ساڵەی ئەم دەسەلاتەیە.
الناس علی دین ملوکهم
هەموو مرۆڤێک بەرهەمی سیستمی خێزان و قوتابخانەو کۆمەل و دەوروبەرو دەسەلاتەکەیەتی.
بە گشتی لە رووی بیری باوەوە ئەوە راستە کە دەوترێت: الناس علی دین ملوکهم.
واتە خەڵک لەسەر دینی پادشاکانیانن. لێرەدا دین بە مانای بیرکردنەوەو رێباز‌و رەوشت و خوو دێت.
(ئیبن کەثیر) دەربارەی لێکدانەوەی ئەم وتەیە کە هەندێ سەرچاوە بە حەدیسی دادەنین دەنووسێ:
ئەگەر خەمی حاکم ئاوەدانی بێت، خەلک لە یەکتر دەپرسن: چت دروستکردووەو چیت ئاوەدان کردۆتەوە.
ئەگەر خەمی دەسەلات ژن و ژنبازی بێت: خەلک لە یەکتر دەپرسن: جەند ژنت هێناوە.
ئەگەر حاکمەکان لۆتی بن لۆتیباز زۆر دەبێ و گەر ئارەقخۆر بن ئارەقخۆر زۆر دەبێت. گەر ئازا‌و بەخشندەو بە کەرامەتێش بن خەلک روو دەکەنە ئازایی و بەخشندەیی و کاری چاک.
http://www.ahlalhdeeth.com/vb/showthread.php?t=313377
لە سەر ئەم لێکدانەوەیەی ئین ئەسیر دەتوانین بلێین:
گەر پیاوانی دەسەلات دز بوون، دز زۆر دەبن؛
گەندەڵ بوون ، گەندەڵ زۆر دەبن؛
داوینپیس بوون، داوێنپیس زۆر دەبن؛
گەر بە دوایی پارەو دەوڵەمەندبوونی خێرا‌و حەرام و نارەوا دا وێڵ بوون، خەڵک خولیای پارەپەرستیی و دەولەمەندبوونی خێرای حەرام، ختووکەیان دەدات.
گەر بێگانەپەرست بوون ، زۆڵەکوردو بێگانەخواز زۆر دەبن؛
گەر ناحەزی شێرکۆکان و بیرمەندان و بێباکیی زمان و کەلتووری نەتەوەیی بوون، ئەو خەلکانە دروست دەبن کە جوێن بە شێرکۆکان بدەن و پشت لە زمان و ئەدەبی نەتەوەیی خۆیان بکەن.
ئەگەر دەسەلات دەسەلاتی ئەنفالکردن و مردن چاندن بوو: ئەوە دوپشک و مار دەڕوێنەوەو خەلک دەکوژن، جاددەکان وەک عەزیا خەلک هەڵدەڵووشن، دەرمان سەرەتان دروست دەکات، دەرزی چاو، چاو کوێر دەکا، خواردنی بەسەرچوو دەبێتە هۆکاری بەسەرچوونی ژیان. مردن دەبارێ و دەسەلات هەموو چەترەکان دەشارێتەوە، کورد لەو دیو سنوور دەمرێت و دەسەلات بە درۆی دەخاتەوەو دەروازەکان دادەخات و دەستی خیانەت لەگەڵ داگیرکەارن تێکەڵ دەکات.
گەر دەسەلاتداران ژنکوژو داوینپیس بن، ژنکوژیی لە تاکە تاکە رووداوەوە دەبێت بە دیاردە، دەبێت بە پەتا، دەبێت بە ئەنفالێکی بەردەوام.
دیارە ئەمە وەک یاسایەکی گشتی دروستە، مارکس هەر ئەو لێکدانەوەی ئیبن-کەثیر بە شێوەیەکی مۆدێرنتر تیۆریزە دەکات: دەزگاکانی دەسەلات سەرخانی ئایدیۆلۆجی دەسەڵاتن و بەهاو بەرژەوەندییەکانی دەسەلات دەسەپێنن و بەهاو عادەتەکۆمەلایەتییە باوەکان رەنگدانەوەو درێژکراوەی سەرخانی ئایدیۆلۆجیی دەسەڵاتن.
دیارە ئێستا کە دەسەلات هەموو بوارێکی سەربازیی، ئەمنیی، ئابووریی، میدیایی، پەروەرەدیی و هەموو دەزگاو سەرچاوەو زەوی‌و زار و سامانێکی لە ژێر دەست دایە، هیچ دیاردەیەک بە بەدەر لە دەوری دەسەلات ناشێ لێکبدرێتەوەو حوکمی بەسەردا بدرێت.
لەم رووەوە، هەراو هوریاو کامپەینی رۆشنبیران بەرامبەر مەلایەک، یان مزگەوتێک، یان داوایەک، لە خۆ‌لخەلەتاندن و خەلک گومراکردن زیاتر نییە: ئەوە لە مەسەلە کوردییەکە قەباعەتترە کە دەڵێت: بە کەرێ ناوێرێت بە کورتانی رەپەرەپ.
بەلکودەبێ بلێین: بە حوشتر ناوێرێت، لقە لە خۆی دەدات.
لە لایەکی ترەوە گەر دەزگای لێکۆلینەوەی زانستیی و ئەکادیمی هەبایە، دەردەکەوت کە زۆر لە وتارانە لە کاتێکی هەستیاردا دەدرێن بۆ دروستکردنی هەرایەکی بۆش و شاردنەوەو لە بیربردنەوەی پرسی زۆر گرنگتر‌و چارەنووسساز تر.
بەکورتی گەمەی دەسەلاتە بۆ مانەوەی دەسەلات.
کارەساتی مردنی دایەلۆگ
١٣٠٠ رۆشنبیر بەرامبەر بە مەلایەک
وا بزانم هەر وتاری لغاوی ئەو مەلا بەرێزە بوو، یان مەسەلەیەکی تر بوو، کامپیەنێکی بەرامبەر کرا ١٣٠٠ نووسەرو رووناک‌بیر و هتد هتد ئیمزای کردبوو!!!
قەڵەمی تیژ و ئاسمانبڕی ١٣٠٠ رۆشنبیر دژی مینگەمینگی رۆژێکی جومعەی مەلایەک کە لە مووچەخۆرێکی دەسەلات زیاتر نییە. بەلام بێدەنگبوون بەرامبەر دەسەلاتەکە خۆی!!
شتی ئاوا لە چ شوێنێکی ئەم دنیایەداهەیە؟
بۆ نرخاندنی هەرشت و رووداوێک؛ دەبێت: چوار دامێنی سەرەکی لێکبدەینەوە:
١.رەوشی بوونی: واتە چییەتی و چۆنێتی ئەو رووداوە
٢. هەلومەرجی یارمەتیدەری بوونی
٣.ئەو فەزایەی تێیدا روودەدات
٣. ئەرکی بوونی بە پێوەندی بە بەرژەوەندییەکان و یاساکانی دەسەلاتەوە.
رووناکبیران و دەسەلات
لێرەدا بەشیک لەو وتارە رەخنەیی یە، کە دڵنیام نەتانبینیوە، بلاودەکەمەوە کەوەختی خۆی لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١١ دا، لە سایتی ستاندارد دەربارەی ئەو کامپەینە بلاوم کردەوە بە تایبەتی کە زۆر شت دەربارەی پاشخانی هەندێ کێشەی تری رۆشنبیریی و رۆشنبیری کورد لەم کاتەدا، وەک کتێبسووتاندن، روون دەکاتەوە.
بەداخەوە لە ئەرشیفی سایتی ستانداردا نەمبینییەوە بەلام لە ئیمەیلەکەمدا ماوە کە لە ٢٥/١/٢٠١١ دا بۆ ستاندارد نێردراوەوهەر ئەو کاتەش بە ناونیشانی رود له خۆشه‌ویستی، نه‌فره‌ت له وشه‌ی زڕو مردوو!
بلاوبۆوە. هەرچەند درێژە بەلام زۆر شتتتان بیردێنێتەوە لە ولاتی سەیرو سەمەرەو قەزاو قەدەردا.
درود له خۆشه‌ویستی، نه‌فره‌ت له وشه‌ی زڕو مردوو!
د. که‌مال میراوده‌لی
ستاندار، ٢٥/١/٢٠١١
لانه، كچه‌کوردی ته‌مه‌ن سێ ساڵه، له لیڤه‌رپول له به‌ریتانیا رۆژێ دوای سه‌ری سال به نه‌خۆشی فلووی به‌راز ده‌مرێ و، و خێرا ناو‌و وێنه‌ی مناڵه‌که ده‌چێته سه‌ر شاشه‌ی هه‌واله‌کانی ته‌له‌فزیۆن و لاپه‌ره‌ی یه‌که‌می رۆژنامه‌کان. رۆژنامه‌ی زۆر بلاوی (ده‌ییلی مه‌یل) له رۆژی 14/1 دا لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می رۆژنامه‌که‌و دوو لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی ناوه‌وه بۆ هه‌وال و وێنه‌کانی لانه‌و وتارێکی باوکی که دکتۆره ته‌رخان ده‌کا. خه‌سته‌خانه‌که به‌وه تاوانبار ده‌که‌ن که لانه‌یان ناردۆته ماڵه‌وه بێ ئه‌وه‌ی دژ به فلوی به‌راز بیکوتن چونکه ئه‌وه سیاسه‌تی حکومه‌ته که مناڵی ته‌مه‌ن که‌متر له 5 سال نه‌کوترێ. باسی ئه‌وه ده‌که‌ن و به وێنه نیشانی ده‌ده‌ن، چۆن لانه‌ی سێ ساله کچێکی رووخۆش و ده‌م به پێکه‌نین بووه، حه‌زی له گۆرانی و سه‌ما بووه. رژنامه‌که ده‌نووسێ به سه‌دان خوێنه‌ر پێوه‌ندیان کردووه‌و وتویانه که وێنه‌ی لانه یان بینیوه گریاون. باوکی ده‌نوسێ با لانه ببێته هۆیه‌ک منالان به هۆی نه‌بوونی کوتانه‌وه نه‌مرن. لانه به ناکامی مرد به‌لام به‌و ساواییه ژیان و مردنی بوو به به‌شیک له مرۆڤایه‌تی. لانه‌ی کوردی سێ ساله ئێستا چیرۆکێکه له ده‌یان لاپه‌ره‌ی رۆژنامه‌کاندا به وێنه جوانه‌که‌یه‌وه هه‌یه و چۆته دڵی سه‌دان که‌سه‌وه. (1).
هه‌ر له به‌ریتانیا دوو حه‌فته پێش کریسمس کچێکی گه‌نج به ناوی جوانا یه‌یتس له بریستل ون بوو. دوای دوو هه‌فته ته‌رمه‌که‌ی دۆزرایه‌وه. ئه‌و کچه خنکێنرا بوو. پۆلیسی بریستۆل حه‌فتا ئه‌فسه‌رو پله‌داری پۆلیسی ته‌نیا بۆ گه‌ران به دوای كچه‌که‌و دۆزینه‌وه‌ی تاوانه‌که ته‌رخان کرد. به ده‌یان راپۆرت و کۆنفرانسی رۆژنامه‌نووسی له‌و کاته‌وه پیشکه‌شکراون. له یه‌کیکیاندا ئه‌فسه‌ره‌که له به‌ر عاتیفه قسه‌ی پێنه‌ده‌کراو خه‌ریک بوو ده‌گریا. که پۆلیس بی و پرۆفیشناڵ بی مانای ئه‌وه نییه ئینسان نه‌بی و هه‌ست و سۆزت کپ بکه‌ی. جیرۆکی ژیانی ئه‌و کچه له لایه‌ن خێزانه‌که‌ی و دۆستانی و خه‌لکه‌وه به ده‌یان جار و شیوه گێڕدراوه‌ته‌وه. به سه‌دان جار وێنه جوان‌و ساکاره‌کانی و خه‌ون و هیواو نموونه‌کانی ژیانی ئه‌و کچه له ته‌له‌فزیۆن نیشان دراون و نیشان ده‌درێن به چه‌شنێک که هه‌موو که‌س وه‌ک ئه‌ندامێکی خێزانه‌که‌یان ده‌موچاوی ده‌ناسنه‌وه‌و زۆریش چیرۆکه‌که‌ی ده‌زانن و رۆژ به رۆژ له چاوه‌رێی ئاشکراکردن و گرتنی تاوانباراندا به دوای هه‌واله‌کانی ده‌که‌ون. ئێستاش باخێکی تایبه‌تی بۆ زیندوو راگرتنی ئه‌و كچه له بریستل دروست ده‌کرێ. (2)
له مۆریشیۆس ژنه ئێرله‌ندی بووک میشێل هارت ی 27 ساڵه له مانگی هه‌نگوینیدا به رووداوێکی ناخۆش ده‌کوژرێ، ته‌رمه‌که‌ی ده‌چێته‌وه بۆ ولاته‌که‌ی له 18ی ئه‌م مانگه‌دا، سه‌رۆک کۆماری ئێرله‌ندا خۆی و ده‌یان هه‌زار که‌س به گوڵ و گریانه‌وه له ناشتنه‌که‌یدا به‌شداری ده‌که‌ن.(3}
حه‌فته‌ی رابردوو که‌سێک له ئه‌ریزۆنا له ئه‌مریکا ئه‌ندامێکی سیناتی ئه‌مریکی بریندار کرد‌و شه‌ش که‌سی کوشت. ئۆباما خۆی چووه شاره‌که‌و له ماته‌مینییه‌که‌دا به‌شدار بوو-و وتارێکی پێشکه‌ش کرد. ئۆباما باسی ژیانی یه‌ک به یه‌کی قوربانییه‌کانی کرد، و زۆر جار گریانی له قوڕک ده‌ماو له به‌ر خه‌م و په‌رۆش ده‌نگی ده‌گیرا، به‌لام راستگۆیی و هه‌ست و په‌رۆشیی بۆ ژیانی خه‌لکی ولاته‌که‌ی و هاولاتییانی، له دڵی هه‌موو به‌شداراندا ده‌نگی دایه‌وه، ته‌نانه‌ت کۆمێنتاری میدیای هه‌ره راستره‌و دوژمنی ئۆباما، فۆکس نیوز، گلێن بێک ده‌ڵێ: سووپاس ئۆباما که بوویه سه‌رۆکی ئێمه.” کۆمێنتاری لیبرال جۆ کلاین ده‌نووسێ: ئۆباما هاوسۆز بوو له‌گه‌ڵ خێزانی قوربانیان، ئه‌و وه‌ک سه‌رۆکی خیزانی نه‌ته‌وه‌ییمان قسه‌ی کرد، دلی ده‌داینه‌وه، وره‌ی به‌رز ده‌کردینه‌وه، داخی له‌گه‌ڵمان ده‌خوارد، هانی ده‌داین ببینه فریشته‌ی باشتر.” ئه‌م وتاره‌ی ئۆباما به یه‌کیک له وتاره هه‌ره جاک و میژووییه‌کانی دانراوه وه‌ک وتاری دوای هه‌لبژاردنه‌که‌ی داده‌ندرێ. (4}
مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ لەپێش هەموو شتێکەوەیە
رۆژانه ده‌یان نموونه‌ی ئاوا هه‌یه. له ولاتێکدا که‌مترین بنه‌مای مرۆڤایه‌تی و هه‌ستی ئینسانی تێدا بێ، مرۆڤ له پێش و له سه‌رووی هه‌موو شتێکه‌وه‌یه‌و به ته‌نگه‌وه‌هاتنی ژیانی مرۆڤ و گۆڕینی مردنه تراژیدی و خه‌فه‌تباره‌کان به بۆنه‌یه‌ک و کاره‌سات و پرسه‌و هاوبه‌شیی خه‌می نه‌ته‌وه‌یی ئه‌رکی یه‌که‌می ویژدانی و ئینسانی و نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و یاسایی و سیاسی ده‌سه‌لاته و ره‌مزه‌کانی ده‌سه‌ڵات به‌و په‌ڕی ئینسانییه‌ت و سۆزی راسته‌قینه‌وه پێشه‌نگی نه‌ته‌وه‌ییکردنی ئه‌و پرسه‌و ماته‌مینیانه ده‌که‌ن و هه‌موو ده‌زگاکانی ده‌وله‌ت ناسه‌کنن تا تاوانکاران نه‌دۆزرێنه‌وه‌و برین سارێژ نه‌کرێنه‌وه و ده‌زگاکانی ارگه‌یاندن که سه‌ربه‌خۆن و میدیای حیزب وجودی نییه، ناو‌و چیرۆکی ژیان و وێنه‌ی کوژراوان و قوربانیان به ده‌یان شێوه‌وه ره‌نگ بلاو ده‌که‌نه‌وه. وه‌ک چۆن هاوولاتییه‌کی ئینگلیز ئاگای له چۆنێتی مردنی کچه ساوای کورد لانه هه‌یه، منیش وه‌ک کوردێک ئاوا ئاگام له ژیان و مه‌رگی تراژیدی جوانا یه‌ییتس هه‌یه‌و ئه‌وه‌نده‌م لاپه‌ره‌کانی ژیانی له سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌که‌م و لاپه‌ره‌ی رۆژنامه‌کان بینیوه هه‌ست ده‌که‌م هاورێیه‌کی من کوژراوه‌و ده‌بێ به دوای هه‌وڵی گرتنی تاوانکاران بکه‌وم
بەربەرستانی مەرگ و مەرگ و مەرگ و تاوان
له به‌به‌رستانی ئێمه‌شدا، ئه‌وه بیست ساله زیاتر له 12000 ژن بوونه قوربانی و قه‌ره‌برووتی ئه‌م سسیتمه شاخییه به‌ربه‌ری و گه‌نده‌ڵه، (5) هه‌زاران هاولاتی له سه‌ر جادده‌کانی مه‌رگدا له ڕیگای سلێمانی و عه‌ربه‌ت، سڵێمانی و دوکان، هه‌ولیرو سۆران، هه‌ولێرو که‌رکوک، ده‌ربه‌ندیخان و که‌لار، که‌لار و کفری، به رووداوی سه‌یاره خوێن و گۆشت و ئێسقانیان تێکه‌ڵ بوو (6) ده‌یان خیزان به کۆمه‌ڵ مردن وه‌ک خیزانه 9 که‌سییه‌که‌ی که‌مپی کاوه‌و خێزانه‌که‌ی بنه‌سلاوه له شوباتی 2008 دا، (7)، تا 70 قوربانییه‌که‌ی ئوتێل سۆما له سڵیمانی له 19 ی ته‌موزی 2010 دا، (8) سه‌دان که‌س خۆیان کوشت(9) سه‌دان گه‌نجی سه‌رهه‌ڵگرتوو له ڕیگای ئاواره‌ییدا بوونه پارووی شه‌پۆلی ده‌ریاکان و خنکێنخانه‌ی پاش لۆرییه‌کان و گه‌مه‌ی ده‌ست قاچاغچێکان، ده‌یان کوردی تریش له به‌ریتانیاو ئه‌وروپا خۆیان کوشت یان خۆیان بریندار کرد تا نه‌نێردرێنه‌وه بۆ دۆزه‌خی هه‌رێم و ته‌نیا له به‌ریتانیا زیاتر له سێ هه‌زار کورد له زینداندان، (10) هه‌زارانیش له وڵات تووشی نه‌خۆشی سه‌ره‌تان بوون و بێباکی و به‌ربه‌رێتی حکومه‌تی به‌ربه‌رستان تا ئه‌و ئاسته‌یه ته‌نانه‌ت داتای ژماره‌ی نه‌خۆشه‌کان و جۆر‌و ماوه‌ی مانه‌وه‌ی نه‌خۆشه‌کانیشی نییه. (11) و جگه له‌وه‌ش به قسه‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێم خۆی زۆربه‌ی خه‌ڵک له هه‌رێمی دۆزه‌خی حیزب‌دا تووشی نه‌خۆشی ده‌روونی بوون و له چاوپێکه‌وتنێکدا ئاشکراشی ده‌کا که زۆربه‌ی نه‌خۆشیییه‌کانی کوردستان له ئه‌نجامی ئه‌و خواردنه خراپ و گومانلێکراوو ئێکسپایه‌ره‌یه که له %95 ی له‌ده‌ره‌وه‌دێ و (12) که‌س نییه بیوه‌ستێنێ چونکه قازانجه‌که‌ی بۆ فیرعه‌ونه‌کانه. له‌گه‌ل بودجه‌ی ده بلیۆن دۆلاری سالانه‌شدا ئه‌وی له ولاتی ئێمه‌دا قاتییه کۆمه‌ڵ و کۆمه‌لایه‌تی و ئینتیماو خۆشی و به‌خته‌ره‌رییه.
له‌و هه‌موو کوژاروو قوربانیانه و له 12000 ژنی سووتاوو کوژراو ناو‌و وێنه‌ی چه‌ندیان بلاو کراوه‌ته‌وه؟ جیرۆکی کامیان له سه‌ر ته‌له‌فزیۆن باس کراوه؟ چه‌ند راپۆرتی پۆلیس و کۆنفرانسی رۆژنامه‌گه‌ریان ده‌رباره کراوه؟ چیرۆکی مردنه‌کانیان و به زوخالبوونیان چه‌ند که‌سی گریاندووه چه‌ند رموزی ده‌سه‌لات چوونه په‌رله‌مان یان له سه‌ر ته‌له‌فزیۆن راگه‌یاندنیان داوه‌و خه‌م و په‌ژاره‌یان بۆ قوربانییه‌کان ده‌ربڕیوه؟ نا، کاری ده‌سه‌لات ته‌نیا ئه‌وه‌یه راپۆرته‌کانی رێکخراوه‌کانی جیهانیی مافی مرۆڤ به درۆ بخاته‌وه‌و له سه‌ر ژماره‌کان بیکاته هه‌را. (13)
له ژماره‌ی رۆژی 9/1/2011ی رۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا بۆ یه‌که‌مین جار ناو‌و وێنه‌ی دوو ئافره‌تی کوژراو‌و هه‌والی کوشتنه‌که‌یان به روونی ده‌خوێنینه‌وه. به‌ڵی دوو کچی کوژراو ناو‌و وێنه‌یان هه‌یه: شۆخان فازڵ 21 ساڵ، شادی فازڵ 18 ساڵ. دوو وێنه‌ش دوو راپۆرتیش له دوو ژماره‌ی تاقه رۆژنامه‌یه‌کداو ته‌واو. ئه‌و دوو کچه له 2/1/2011 له ماڵ ده‌چنه ده‌ر له 3/1/2011 دا ته‌رمه‌کانیان له رێگای گوندی شامار له نزیک چه‌مچه‌ماڵ دۆزراوه‌ته‌وه هه‌ر یه‌که‌یان چه‌ند فیشه‌کێک له سه‌ریان دراوه‌و له سه‌ر پردێکه‌وه فرێدراونه خوار. به‌ریوه‌به‌ری پۆلیس ده‌ڵی خێزانه‌که‌ی داوایان دژی که‌س تۆمار نه‌کردووه‌و گومانیان له که‌س نییه؟ ئیدی ته‌واو؟ گه‌ر گومانیان هه‌بووایه چ ده‌بوو، یان ده‌کوژران، یان ده‌دران به مه‌کته‌بی کۆمه‌ڵایه‌تی حیزب بۆ سوڵح. له چ ولاتێکدا شتی وا هه‌یه تاوانێکی وا گه‌وره ده‌سه‌لات نه‌جووڵێنێ، که‌س له په‌رله‌مان نه‌یه‌ته قسه، شاعیرێکی ده‌ربار شیعرێکیان بۆ نه‌نووسێ چونکه شه‌هیدی حیزب نین و هی ده‌ستی حیزبن؟
دیاره ئه‌وه‌نده راپۆرته هه‌وال و وێنه‌ی هاولاتیش بۆ ئه‌و کجانه زۆره، ئه‌وان ناویان هه‌یه‌و یه‌ک دوو مامۆستا‌و هاوڕیکانیان باسی ره‌وشت به‌رزی و زیره‌کی ئه‌وانیان کردووه. چه‌ند کچی تر به‌ختی ئه‌وه‌یان هه‌بووه دوای مردن ناو‌و وێنه‌یان بلاو بکرێته‌وه؟ هه‌ر دوای کپبوونی هه‌والی ئه‌و دوو کجه قوربانییه، هاولاتی له 18/1 دا هه‌واڵی دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی سێ خوشکی تر به یه‌که‌وه له قه‌زای شێخان له 16/1 دا بلاو کرده‌وه. هه‌ر سێکیان شوێنه‌واری فیشه‌ک به جه‌سته‌وه‌یانه. هاولاتی هه‌واڵه‌که‌ی له مالپه‌ری وارڤین تایبه‌ت به پرسی ژنان وه‌رگرتووه. به‌لام ئه‌و ژنانه نه ناویان هه‌یه نه وێنه نه جیرۆک. ته‌نیا چه‌ند پیتێکی یه‌که‌می ناوه‌که‌یان و ته‌مه‌نیان: گ.ح.خ: ته‌مه‌ن 61 ساڵ، خ.ح.خ: ته‌مه‌ن 52 ساڵ، ش.ح.خ: ته‌مه‌ن 56 ساڵ. ته‌واو ئه‌وانیش بوونه ژماره‌ه‌یکی ون بۆ سه‌ر 12000 ژنه قوربانییه‌کان.
چ جیاوازییه‌ک هه‌یه له نێوان ماف و پیرۆزی ژیانی شۆخان و شادی و 12000 ژنه‌که‌ی تر‌و هه‌زاران قوربانی تر له ژیانی لانه و جوانا و میشێل ئه‌وه نه‌بی که ئه‌وان له به‌ربه‌رستانی حیزب‌دا دا ده‌ژین که رۆژ به رۆژ کۆمه‌ڵگا زیاتر به‌ره‌و جه‌هل و وه‌حشیگه‌ریی و هه‌ڵپه‌ی ده‌وله‌مه‌ندبوونی حه‌رام و دڵره‌قی و یاریکردن به که‌رامه‌تی مرۆڤ ده‌به‌ن؟ ئه‌وه رووداوه‌که‌ی کانی گۆمه‌و فلیمه ڤیدیۆکه‌شی گه‌وره‌ترین وترسناکترین به‌ڵگه‌ن له سه‌ر وه‌حشییه‌تی کۆمه‌لگای حیزبی شاخیی به‌ربه‌ری؟ (14) ئایا ئه‌مه له هه‌ر ولاتێکی دیمۆکراتی تردا بایه له ماوه‌ی 24 سه‌عاتدا هه‌موو سیستمی پۆلیس و ئاسایش و حکومه‌تی هه‌ڵنه‌ده‌گێڕایه‌وه؟
کام قودسییەتی وشە؟
ئایا شه‌رمه‌زاری نییه بۆ نووسه‌ران له کۆمه‌لگای ئه‌وادا باسی قودسیییه‌تی وشه ده‌که‌ن؟ گه‌ر مرۆڤ قودسییه‌تی نه‌بوو، ژیانی مرۆڤ به‌های نه‌بوو، که‌رامه‌تی مرۆڤ وه‌ک پێلاو سه‌یر کرا، وشه‌ی زه‌ردی زری بۆش چ کاریگه‌رییه‌کی ماوه؟ ئه‌وه بیست ساڵه وشه چی کردووه جگه له دروستکردن و جوانکردن و ماستاوکردن بۆ ئه‌و ده‌سه‌لاته و ناشیرین کردن و بی قیمه‌تکردنی وشه‌و مانا‌و عه‌قل و لۆجیک و ئه‌خلاق؟ ئایا باشترین کتێبی فه‌لسه‌فه‌و ئه‌ده‌ب گه‌ر هه‌بن له 500 دانه‌یان زیاتر لێ جاب ده‌بێ و ده‌فرۆشرێو له 50 که‌س زیاتر ده‌یانخوێننه‌وه؟ نه‌ک له به‌ر ئه‌وه‌ی خوێنده‌واری زیره‌ک و باشمان نییه به‌لکو له به‌ر ئه‌وه‌ی که‌س باوه‌ڕی به کاریگه‌ری ئه‌ده‌ب و زانین و به که‌سێتی نووسه‌رانی حیزبخواز نه‌ماوه. ئایا ده‌وری زانکۆکان چییه‌و چ ته‌ئسیرێکیان له سه‌ر کۆمه‌ڵگا هه‌یه؟ ئایا باشتیرین کتێب و به‌رهه‌م تاقه وتارێکی ره‌خنه‌یی جددی له سه‌ر ده‌نووسرێ؟ ئایا لافاوی مه‌تبوعاتی حیزب هه‌موو زمان و ئه‌ده‌بیاتی نه‌کردۆته زه‌لکاو؟ میدیا‌و ته‌له‌فزیۆنی حیزب نه‌بۆته گاڵته‌جاڕیی عه‌قڵ و به‌های نه‌ته‌وایه‌تی و ئه‌خلاق؟ ئایا نووسه‌رێ رێزی خۆی بگرێ و مانای عه‌قڵ و به‌رپرسیی ویژدانیی نووسین بزانێ و نرخی وشه‌و رێزی خۆی لابێ، دوای بیست ساڵ له‌م وه‌زعه هێشتا له رۆژنامه‌ی حیزبی‌دا ده‌نووسێ و له میدیای حیزبی‌دا ده‌رده‌که‌وێ که به پاره‌ی دزی و گه‌نده‌ڵی و خیانه‌تکاری ده‌رده‌چن؟ چ ماوه نه‌وترێ و نوسین چ مانایه‌کی ماوه له کاتێکدا ئه‌وه‌تا سه‌دان ئافره‌ت به گڕی له‌شیان و خه‌لووزی رۆحیان دژی ئه‌م ژیمه گه‌نده‌ڵه هاوار ده‌که‌ن، که‌چی شاعیره‌کان شه‌رم ناکه‌ن شیعری خۆشه‌ویستی و باسی جوانی ژن و له‌زه‌تی ژن ده‌نووسن؟ ده‌مێکه به ده‌ستی نووسه‌ران خۆیان وشه کوژراوه‌و رۆحی له ئاوده‌ستخانه‌ی حیزب‌دا هه‌ڵواسراوه. بۆیه تا زیاتر ده‌نوسرێ و ده‌وترێ دزه‌کان دز تر ده‌بن، گه‌نده‌له‌کان گه‌نده‌ڵتر ده‌بن، ملیۆنه‌رانی حه‌رام بلیۆنه‌رتر ده‌بن تا راده‌یه‌ک که زه‌وی و زار‌و گردو سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌رزه‌مینی و ژێرزه‌مینی نه‌ماوه حیزب هه‌ڵینه‌لوشیبێ و کوردستانی بۆ نه‌کردبێته بازارێکی کۆلۆنیالی ده‌وله‌ته داگیرکه‌ره‌کان.
کۆیلایەتی مووچە و کۆیلایەتی بودجە
ئه‌و هه‌راوهوریایه بۆشه‌ی ناوبه‌ناویش به ناوی ئازادی وشه‌وه ده‌کرێ له گه‌مه‌و ئه‌جنداو ته‌کتیکی ده‌سه‌لاته‌کان زیاتر نییه، ئه‌میان نا ئه‌و. کۆمه‌لیش له پێش هه‌موویانه‌وه نووسه‌ره دووسه‌ره‌کانی حیزب و ده‌سه‌لات و هونه‌رمه‌نده
سه‌رنه‌ویکه‌ره‌کان زیاتر و زیاتر ده‌بنه کۆیله‌ی مووچه‌و خه‌لات و به‌راتی حیزب و حیزبه‌کانی ئۆپۆزیسیۆنیش زیاتر ده‌بنه کۆیله‌ی بودجه؟
به‌ربه‌رستانه‌که‌ش به‌رده‌وامه‌و قوربانی به‌رده‌وام بێگه‌رد حوسێنه‌کان و له‌یلا عه‌لییه‌کان و دوعاکان و شۆخان و شادییه‌کان و هه‌زاران گه‌نج و پیری بێناوی ئه‌م ولاته‌ن که وشه بۆشه نه‌رجسییه نه‌خۆشه‌کان نایانبینن و هه‌ست به ئازاره‌کانیان ناکه‌ن؟ ئه‌وه هێشتا شه‌هیدانی هه‌له‌بجه‌و 182000 شه‌هیده‌که‌ی ئه‌نفال و هه‌زاران قوربانی شه‌ری خیانه‌تکاری حیزبیش، هه‌ر هاواریانه بۆ عه‌داله‌ت و راستیی. ئه‌وه ژیان وته‌ندروستی کۆمه‌لگا و پاشه‌رۆژی نه‌ته‌وه‌که‌شمان بوونه ره‌هنی ده‌سه‌لاتیكی بیویژدان و دزو داگیرکه‌رو مرۆڤ‌کوژ. هه‌تا که‌ی؟ جاریکی تر سه‌یری فلیمه‌که‌ی کانی گۆمه بکه‌نه‌وه‌و ده‌موچاوی خۆتان له ئاوێنه‌ی به‌ربه‌رستانی حیزب‌دا ببینن.
ئایا کارێکی شیاوه 1300 رۆشنبیر‌و شاعیر‌و هونه‌رمه‌ند له خوتبه‌ی مه‌لای مزگه‌وتێ بترسێ؟
ئایا کارێکی شیاوه 1300 رۆشنبیر‌و شاعیر‌و هونه‌رمه‌ند له خوتبه‌ی مه‌لای مزگه‌وتێ بترسێ؟ داوای قه‌ده‌غه کردنی خوتبه‌ی جومعه‌ی مه‌لاکان بکه‌ن؟ یان داوای قه‌ده‌غه کردنی کتێبێ بکرێ چونکه مه‌لایه‌ک نووسیوێتی و ره‌نگه کۆمه‌لی شتی زۆر راست و چاکی تێدا بێ و هه‌ندێ شتی خراپیشی تێدا بێ؟ به‌لام ئایا مانای ئازادی نووسین که ئه‌وه نه‌بێ چییه؟ ئایا بای ئازادی دوو هه‌وای هه‌یه یان راستتر هه‌وای ئازادیی دوو بانی هه‌یه؟ بانی رؤشنبیران و بانی مه‌لایان؟ ئایا که ئه‌مڕۆ داوامان له ده‌سه‌لاتێکی ئاوا گه‌نده‌ڵ و داگیرکه‌ر کرد به یاسا ئازادییه‌ک قه‌ده‌غه بکات مانای رێچکه‌شکاندن ورێخؤشکردن نییه تا ئازادییه‌کی تر‌و ئازادییه‌کانی تر قه‌ده‌غه بکات؟ چ جیاوازییه‌ک له نێوان ئازادییه‌کی ده‌ربڕین و ئازادییه‌کی ده‌ربڕینی تر هه‌یه؟ به قسه‌ی کێ و به چ پێوانه‌و ستانداردێ یه‌کیان پێشکه‌وتنخوازه‌و یه‌ک پێشکه‌وتنکوژ؟ ئایا نابی ئه‌مه یاسا و دادوه‌ریی سه‌ربه‌خۆ لێکی بکاته‌وه، که له‌م ولاته‌دا بوونیان نییه ؟
ئایا پێوانه‌ی پێوانه‌کان ژیانی مرۆڤ و که‌رامه‌تی مرۆڤ نییه؟
ئایا پێوانه‌ی پێوانه‌کان ژیانی مرۆڤ و که‌رامه‌تی مرۆڤ نییه؟ ئایا ئه‌و لێشاوی ئیعلامه‌ی حیزب به پاره‌ی دزراوی شه‌هیدان و هه‌ژاران، ته‌له‌فزیۆنه‌کانیان ، راگه‌یاندنه‌کانیان، رۆژنامه رووزه‌ده‌کانیان، دراما‌و مۆسیقا‌و هونه‌ره ساخته‌کانیان، سرینه‌وه‌ی هه‌موو ره‌سه‌نی و به‌هاو جوانییه‌ک له هونه‌رو مۆسیقا‌و وشه‌ی کوردی نییه؟ هینانی دراما‌و به‌رنامه‌ی پووچ و پۆپی تورکی دژ به کورد بۆ سڕینه‌وه‌ی مێشکی گه‌نجی کورد‌و تورکاندنی که‌لتوری کورد و بلاوکردنه‌وه‌ی فلیمی سیکسی و زۆر کردنی خانه‌ی له‌شفرؤشان و کاری له‌شفرۆشیی و داوێنپێسی و ژێرپێدانی که‌رامه‌ت و پیرۆزیی ژن، ئه‌وه عه‌لمانیه‌ت و پێشکه‌وتنه؟ ئایا ده‌سه‌ڵاتێکی دزو داگیرکه‌ر که سه‌دان خێزان وا هه‌ژارو نه‌دار بکا که مناله‌کانیان له سه‌ر جادده کار بکه‌ن یان هه‌شبن ناچاریی له‌شفرۆشتن بن، یان له‌شفرۆشان به لێشاو له خیزانانی هه‌ژارو لێقه‌وماوی عه‌ره‌به‌وه بێنن، ئه‌وه ئینسانییه‌ت و عه‌لمانیه‌ته؟ ئایا ئه‌مانه خه‌ته‌رترن یان مه‌لای مزگه‌وتێ بۆ کۆمه‌لێ نوێژکه‌ری که‌م و دیاریکراو بیرباوه‌ڕێکی خۆی ده‌ربڕێ؟ له لایه‌کی تره‌وه، ئایا ئه‌وه ئیهانه نییه بۆ خه‌لکی کورد‌و بۆ عه‌قلی کورد‌و بۆ نوێژکه‌رانی کورد که وای دابنێی گه‌ر مه‌لایه‌ک شتێکی هارۆژێنه‌ری له خوتبه‌یه‌کدا وت ئیدی ئه‌مه هانادانی توند‌و تیژییه‌و ئه‌و خه‌لکه وه‌ک عه‌قل و بیر‌و لیکدانه‌وه‌ی خۆیان نه‌بێ به ده‌هۆلی ئه‌و مه‌لایه هه‌ڵده‌په‌ڕن؟ یان گه‌ر جه‌ماوه‌ری کورد په‌نای ته‌نیا مزگه‌وت بێ و قسه‌یه‌ک که قنیات به دڵی بێنێ وباوه‌ڕی پێبکا وتاری دینیی بێ ئه‌وه خه‌تای کێیه؟ ئه‌وه خه‌تای مه‌لاکه‌یه یان خه‌تای ئه‌و رؤشنبیرانه‌یه که بوونه کاسه‌لێس و پاشكۆی حیزب و داپۆشه‌ری تاوان و گه‌نده‌ڵییه‌کانی و عامه‌ی خه‌لک باوه‌ریان به شیعر‌و وتاره‌کانیان نه‌ماوه؟ ئایا ئه‌و هه‌موو حیزب و رێکخراوه دیمۆکراتی و ! مه‌ده‌نی و رێکخراوی ئافره‌تان و کۆمه‌لگای مه‌ده‌نی و رۆژنامه‌ی حیزبی و ئه‌هلی و هه‌زاران رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر ، هتد ناتوانن به‌رامبه‌ر هێرشی مه‌لایه‌ک یان چه‌ند مه‌لایه‌ک دیفاع له ماف و ئازادی ژنان بکه‌ن؟ ناتوانن به وشه وه‌لامی وشه بده‌نه‌وه؟ یان به راستی ئه‌وه دین و مزگه‌وت و مه‌لایه که ژنی له سه‌رکردایه‌تی حیزب، حکومه‌ت، کۆمه‌ڵ، بازاری کار و وه‌زیفه، کۆمپانیا و بازرگانی و بازاڕ، هونه‌رو ئه‌ده‌ب و رۆژنامه‌گه‌ری، هتد وه‌لا خستووه‌و په‌راوێزو بێده‌نگی کردووه‌و کردوویه‌تیه کۆیله‌ی پیاوانی ده‌سه‌لات و ده‌وله‌مه‌ندانی دزو حه‌رامخۆر؟
گه‌ر کۆمه‌ڵێ 1300 رؤشنگه‌ری بیرمه‌ندو دلسۆزو پێشکه‌وتوو-و به هه‌لوێستی هه‌بێ ئایا له خوتبه‌ی مه‌لایه‌ک ده‌ترسێ؟ ئه‌وه فه‌شه‌لی وتاری رۆشنبیری و زالبوونی وتاری تۆتالیتاری ئه‌خلاقکوژو جوانیکوژی حیزبییه که ئه‌م هه‌ل و فه‌زایه‌ی بۆ وتاری دینی خۆش کردووه، گه‌ر شتی وا له بنچینه‌دا هه‌بێ. له لایه‌کی تره‌وه، گه‌ر پێوانه‌ی زانستی و ئه‌نجامی پشکنینی زانستی باس و لێکۆڵێنه‌وه‌ی زانستیمان له به‌ر ده‌ستدا نه‌بێ، تاوانه وا به گشتگیری هه‌موو مامۆستایان و مه‌لایان و وتاربێژانی هه‌ینی به یه‌ک ته‌رازوو بکێشین. له کاتێکدا زۆر له رۆشنبیرانی حیزبی نه‌ک هه‌ر بێده‌نگ بوون به‌لکو هاوبه‌شی تاوانه‌کانی ده‌سه‌لاتن و بوون به‌رامبه‌ر مرۆڤی کورد له زۆر کاتدا له‌و چه‌ند سالانه‌ی ده‌سه‌لاتی حیزبی ته‌نیا مزگه‌وت و وتاری زۆر مه‌لای گه‌لپه‌روه‌رو پاک و مرۆڤدۆست بووه که ئازایانه دژی دزی و داگیرکردنی حیزب و ناهه‌قی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌اکن ده‌نگیان هه‌ڵبڕیوه. له هه‌موو ولاتێکدا ، له پێشکه‌وتووترین ولاتی دنیاشدا، بۆچوون وتار‌و ره‌فتارو هه‌لوێستی ئێکستریم هه‌ر ده‌مێنێ. ماوه‌یه‌ک له‌مه‌و پێش رێکخراوێکی مه‌سیحی له ئه‌مریکا ویستی قورئان بسوتێنێ، که‌س نه‌یوت ده‌بێ ئه‌و رێکخراوه به یاسا قه‌ده‌غه بکرێ، به‌لام هوشیاری خه‌لک که باوه‌رییان به جیاوازی و رێزی بیر‌و ئاینه جیاکان هه‌یه، فشارێکی گه‌وره‌ی له‌سه‌ریان دروست کرد که په‌شیمان بنه‌وه. له به‌ریتانیا و له هه‌موو ئه‌وروپاو ئه‌مریکا ولاتانی رۆژاوا، هه‌موو یه‌کشه‌ممه‌یه‌ک (ماس) ی مه‌سیحی ده‌کرێ و وتاری ئایینی و دروودی ئایینی له هه‌موو که‌نیسه‌یه‌کدا پێشکه‌ش ده‌کرێ و زۆر جار وتاری توندی دژی ده‌سه‌لات ده‌درێ و زۆر جار ره‌خنه له یاساکانیش ده‌گیرێ به‌لام ئه‌مه یه‌ک زه‌ڕره کار ناکاته سه‌ر ئازادی و مافه‌کانی خه‌ڵک نه‌ک له به‌ر ئه‌وه‌ی سانسۆریان له سه‌ر داده‌ندرێ به‌لکو له به‌ر ئه‌وه‌ی سیستمێکی دیمۆکراتی ئازادی دادپه‌روه‌ر هه‌یه که به پێی یاسای یه‌کسانی به‌رامبه‌ر یاسا و به حوکمی داد‌و دادوه‌ریی سه‌ربه‌خۆ کار ده‌کات و له به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌مێکه رۆشنبیرانی ئه‌م ولاتانه‌و رۆژنامه‌گه‌ری ئازاد حیزبیان تووڕ هه‌ڵداوه‌و ده‌سه‌ڵاتیان خستۆته ژیر چاودێری خه‌لکه‌وه؟ له چ ولاتێکی دیمۆکراتیدا ته‌نیا یه‌ک رۆژنامه‌و ته‌له‌فزیۆنی حیزب و حیزبی هه‌یه؟ ئایا بوونی ئه‌و هه‌موو میدیا سه‌قه‌ت و دواکه‌وتوه‌ی حیزب خه‌ته‌رتره له سه‌ر کۆمه‌ل و هۆکاره بۆ دروستکردنی کۆمه‌لگای تۆتالیتاری یان وتاری مه‌لاکان؟
دروستکردنی جیاوازیی و دابه‌شیی عه‌لمانیی و دینیی
دروستکردنی جیاوازیی و دابه‌شی عه‌لمانی و دینی له بنه‌ره‌تدا شتێکی ده‌سکردی داگیرکه‌ران و حیزبه‌کانی کوردی خۆیانه‌و فڕی به سه‌ر مێژووی فیکر‌و سیاسه‌ت و واقیعی کۆمه‌ڵگای کوردییه‌وه نییه و له ساوێلکه‌یی و به‌دواکه‌وتنی ته‌کتیکی حیزبیی نانه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌گه‌رو کوردکوژه‌وه‌یه که رۆشنبیرانی کورد خۆیان خستۆته ناو ئه‌م مه‌هزه‌له‌یه‌وه. ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی مه‌لای خه‌تێ ش ده‌وترێ ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نییه.
بیری نه‌ته‌وه‌یی کوردی له بناغه ره‌سه‌ن و مۆدێرن و پێشکه‌وتنخوازه‌کانیدا وه‌ک له سامانی فۆلکلۆرو ئه‌ده‌بیاتی کوردی کلاسیکی و به تایبه‌تی له قوتابخانه‌ی په‌رزو پیرۆزی ئه‌حمه‌دی خانی و حاجی قادری کۆیی دا به‌رجه‌سته‌و ته‌واو بووه، بیرێکه جیاوازی له نێوان دین و دنیا‌و مڵک و میلله‌ت و خه‌لک و ناوچه‌و عه‌شیره‌ت ناکا:هه‌مووی له خزمه‌تی مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌و پێشکه‌وتندا به‌کاردێنێ. ئه‌وه‌ی رێبه‌رو پێوانه‌یه خۆشه‌ویستی نیشتمان و ئازادیخوازیی و چاکه‌ی میلله‌ت و پێشخستنی زمان و زانست و کۆمه‌له به پێشخستنی ژنان و گه‌نجانه‌وه به پله‌ی یه‌که‌م. واته پێوانه‌که‌ی بیری چاک و وته‌ی چاک و کرداری چاک و دروستکه‌رانه‌و دادپه‌روه‌رانه‌یه.
مەلاکان بناغەدانەری بیری نەتەوایەتی و زمانی نووسین و ئەدەبیاتی کوردیین
ئه‌وانه‌ی بناغه‌ی بیری نه‌ته‌وایه‌تی و زمانی کوردی نووسین و قوتابخانه‌کانی ئه‌ده‌بیاتی کلاسیکی کوردی‌یان دانا مه‌لاکان و پێگه‌یوه‌کانی مزگه‌وت و مه‌دره‌سه‌کانی کورده‌واری بوون. ئه‌گه‌ر ئێمه گله‌ییه‌کمان له مه‌لاکانمان و مامۆستا ئایینییه‌کانمان هه‌بێ ده‌بێ ئه‌و کاته بێ که له‌و میراته دینییه نه‌ته‌وه‌ییه به‌رزو پیرۆزه لاده‌ده‌ن و له بنه‌ما نه‌ته‌وه‌یی و کۆمه‌ڵییه پیشکه‌وتووه‌کانی ئه‌وان لاده‌ده‌ن. ئه‌وه مزگه‌وته‌کان بوون که شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی و مه‌لای جزیری و حه‌ریری و فه‌قێ ته‌یران و ئه‌حمـه‌دی خانی و ئیبن ئاده‌م و مه‌ولانا خالید‌و حاجی قادر‌و مه‌وله‌وی و بێسارانی و نالی و سالم و کوردی و مه‌حوی و حه‌مدی و زێوه‌رو قانیع و فانی و له‌لایه‌کی تره‌وه شێخ عه‌بدولسه‌لام بارازانی شه‌هیدو شیخ قادر‌و شێخ سه‌عیدی شه‌هیدو قازی محه‌مه‌دی شه‌هیدی ئازادی و شیخ مه‌حمودی ڕێبه‌ریان دا به‌و میلله‌ته.
ئایا ده‌سه‌ڵاتێکی کوردی دواکه‌وتوو، بێگانه‌په‌رست، کۆمه‌لکوژ، ئابووری ناوخۆ کوژ، جوانیکوژ، ده‌سه‌لاتێ که خۆی له سه‌رۆکێکی ره‌هاو کوره‌زاو برازا‌و هه‌زار پیاودا ببینێته‌وه، پێویستی به زمانحاڵ و سه‌رخانیکی ئایدیۆلۆجی نییه که ته‌قدیسی ئه‌و ده‌سه‌لاتی بنه‌ماله بکاو له بیری پێشکه‌وتووی میلله‌ت و سه‌رده‌م که به ئاقاری پێچه‌وانه‌دا ده‌ڕوا بیپارێزێ و قودسییه‌تی که‌سی و بنه‌مالی و ده‌سه‌ڵاتیی بۆ دروست بکا؟ ئایا هه‌ره‌شه بۆ سه‌ر میدیای ئازاد‌و قه‌ده‌غه‌کردنی خۆپیشانادن و چه‌نده‌ها هه‌نگاوی دژی داد‌و ئازادی تر به‌شێک نییه له مه؟ ئایا مه‌لایه‌ک له خۆیه‌وه ده‌توانێ ئایدیۆلۆجیه‌تی سیاسی و سنووری ئازادی بۆ خه‌لک دابنێ؟ ئایا ئه‌و جۆره مه‌لایانه گه‌رهه‌بن مووجه‌خۆرو ژیرفه‌رمانی کێن؟ ئایا کورد گوته‌نی ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵی نووسه‌ر ده‌یکه‌ن مانای ئه‌وه نییه: شته‌کان به سه‌راوبنی ده‌بینن؟ جیاکردنه‌وه‌ی مزگه‌وت له ده‌سه‌لات و دانانی به خه‌ته‌رتر له سه‌ر کۆمه‌ڵگا له ده‌سه‌لات خۆی له ته‌کتیک و ئه‌فسانه‌یه‌ک زیاتر نییه که خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌نده‌ڵییانه‌و نادیمۆکراتییانه‌و ناداپه‌روه‌رانه‌ی ده‌سه‌لات ده‌کا.
مان لە نووسین بگرن و بۆ میدیای بەعسییانەی حیزبەکان مەنووسن
گه‌ر گۆرانتان ده‌وێ و دیفاع له ئازادی و پیرۆزی وشه ده‌که‌ن، مان له نووسین بگرن و نووسین له میدیای به‌عسییانه‌ی حیزبی‌دا حه‌رام و شه‌رمه‌زار که‌ن تا جوانی و پیرۆزیی و سه‌نگ و مانا‌و رێزی خوێنه‌رو جه‌ماوه‌ر بۆ وشه‌ی کوردیی ده‌گه‌ڕێته‌وه
وه‌رن با ده‌یان هه‌زار ئیمزا دژی میدیای حیزب و بۆ یاسای خۆمالیکرنی یان به مڵکیمیلله‌تکردنی هه‌موو ده‌زگا ئیعلامییه‌کانی حیزب و هه‌موو کۆمپانیا حیزبی و بنه‌ماڵه‌ییه‌کان کۆ بکه‌ینه‌وه که‌مپه‌ین بکه‌ین، که به پاره‌ی دزراوی خوێنی شه‌هیدان و له سه‌ر حیسابی خوێن و ئیسک و پروسکی ئه‌م گه‌له به نا‌هه‌ق و تاوان و که‌ڵه‌گایی بۆ خێڵجێتی و حیزبگه‌ریی و دزی و داگیرکاری دروستبوون.
دیاره من دڵنیام ئه‌و به‌رێزو خۆشه‌ویستانه‌ی ئه‌و بانگه‌وازه‌یان ئیمزا کردووه‌و زۆربه‌یان به وردی بیریان لێنه‌کردؤته‌وه‌و له گه‌ڵ کۆمه‌ڵ که‌وتوون و هیواداریشم ئه‌م ره‌خنه دلسۆزانه‌و بۆچوونه تایبه‌تییه‌م به سنگیكی فراوانه‌وه لێ قبوڵ بکه‌ن و ببێته سه‌ره‌تای دایه‌لۆگێکی جددی ده‌رباره‌ی پیوه‌ندی نێوان رۆشنبیر‌و ده‌سه‌لات.
بژی ژیان، بژی ئازادی، دروود و پیرۆزی بۆ خشه‌ویستی.
http://www.awene.com/article/2013/05/28/22270
.1. بۆ نموونه بڕوانه:
http://www.dailymail.co.uk/news/article-1346971/My-darling-daughter-died-lack-6-jab-Grief-anger-swine-flu-victims-doctor-father.html
http://www.dailystar.co.uk/news/view/172772/Murder-victim-garden-tribute/.2. بروانه
.3. http://www.belfasttelegraph.co.uk/news/local-national/northern-ireland/michaela-harte-mcareavey-funeral-huge-crowds-mourn-honeymoon-bride-15057173.html
4. http://www.guardian.co.uk/world/2011/jan/13/tucson-memorial-speech-verdict-presiden
. http://www.daralhayat.com/portalarticlendah/2062140. .5.
.6. http://www.destur.net/bzharay-hefte/1907-slemani-amari-kushtn.html
http://peyamner.com/details.aspx?l=1&id=44438… .7.
http://www.kurdiu.org/album/index.php?pageid=9 بڕوانه: .8
. 9. بروانه: http://www.islamicgroup.net/Direje.aspx?Babet=Reportaj&Jimare=82
10) له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی 12 رێکخراوی هه‌موو بيشه‌کانی کوردتان له له‌نده‌نی بیرورای هاوکۆیی هه‌مووان ئه‌وه بوو که زیاتر له 5000 کوردی زۆرنه‌ی هه‌ره‌زۆری هی هه‌رێمی کوردستان له سه‌ر تاوانی جۆراوجۆر له زینداندان ئه‌وانه هه‌موویان نه‌وه‌کانی به‌رهه‌می ده‌سه‌لاتی کوردی و قوربانییه‌کانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ن.
(11) بروانه چاوثێکه‌وتنی ئاوێنه
http://www.awene.com/Direje.aspx?Babet=Babet&Cor=Chawpekewtin&jimare=1991
(12) بروانه؛ چاوپێکه‌وتنی چاو‌دێر له‌گه‌ڵ وه‌زیری ته‌ندروستی له 10/12/2010 دا
http://www.cawder.org/yeke.php?besh=Nusraw&perrge=nusraw&nujimare=18539
(13) بروانه وتاری ستاره عارف: ره‌تکردنه‌وه‌ی راپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌کان هاولاتی
http://83.169.12.202/K_Direje.aspx?Jimare=1235&Besh=Witar&Cor=2
(14) بروانه هاولاتی رووداوه‌كه‌ی كانی گۆمه، ترس بلاَوده‌كاته‌وه
http://83.169.12.202/K_Direje.aspx?Jimare=808&Besh=Aburi&Cor