Skip to Content

Sunday, June 23rd, 2024
کۆمەڵگای میسر لە نێو بەرداشی دوو ئایدۆلۆژیایی چەوسێنەردایە!

کۆمەڵگای میسر لە نێو بەرداشی دوو ئایدۆلۆژیایی چەوسێنەردایە!

Closed
by August 17, 2013 گشتی

 

 

 

 

شۆڕشی ٢٥/یەنایر/٢٠١١ لە وڵاتی میسر دژی دەسەڵاتە درێژ ماوەکەی حوسنی موبارەک و کەوتنی خودی سەرۆک لە١١ی فیبرایەری ٢٠١١ دا، کۆتایی بەدەورانی درێژ خایەنی تاک سەرۆک هێنا، کە بەسەردەمی سەرۆکە تاکڕەوەکان ناسراو بوون لە وڵاتانی ژێر دەسەڵاتی زلهێزانی جیهاندا. خودی دەرئەنجامەکانی ئەو شۆڕشە یان هۆکاری بەرپابونەکەی بۆ ئەو وەرچەرخانە سیاسی و ئایدۆلۆژیە نەبوو کە ئەمڕۆ دەبینرێت لە نێو شەقام و مەیدانە سیاسیەکاندا، هێندەی کۆمەڵگای میسر  بە دەست هەژاری و بێکاریەوە دەیناڵاند، دەتوانین بەهۆکاری سەرەکی بەرپا بونی شۆڕش بخەمڵێنین. نەبوونی ئازادی، دیارە ئەوە خواستێکی گشتیە لە نێو کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکاندا کە بنەمای ئازادی و مەسەلە دیموکراسیەکان تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت لەژێر سفرەوەیە.

 ڕوداوەکانی ئەم دوایەی میسر کە  بەشێوازێکی چاوەڕوان نەکراو لە ٣٠/٦/٢٠١٣ دا، کۆتایی بە حوکمی دەسەڵاتی یەک ساڵەی بزوتنەوەی ئیخوانی و سەلەفیەکان کە مورسی لە هەڵبژاردنێکدا کرا بەسەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، کۆتای بەدەسەڵاتەکەی هێنراو، بەرەی ئیسلامی سیاسی لە دەسەڵات دورخرایەوە. لە دوای ئەو بەروارەوە تەنگەژە و ئاڵۆزیەکان هێندەی تر پەرەی سەندوە ، هاتنە مەیدان و خۆپیشاندانی لایەنگرانی ئەحزابی سیاسی ئیسلامی بۆ گێڕانەوەی مورسی بۆسەر کورسی دەسەڵات، چوەتە قۆناغێکەوە کە توندوتیژی تێکەوتوە و تا ئێستا بە سەدان کەس کوژرا و بریندار هەیە و تا دێت بارودۆخەکان بەرەو تونێلی تاریکستانی ڕۆدەچێت. لێرەدا دەبێت بپرسین؛ ئاخۆ بەرەی ئیسلامی سیاسی لە میسردا لەسەر هەقن کە خۆپیشاندان بکەن و جومگەکانی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگا بوەستێنن؟ یان لەلایەکی ترەوە، ئاخۆ بۆچی دەسەڵاتەکەی مورسی لەکارخراو و لەلایەن سوپاوە دور خرایەوە؟ ئاخۆ لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی سەلەفی و ئیخوانیەکاندا ژیانی کۆمەڵگا بەرەو کام ئاراستە هەنگاوی پێدەنرا؟ ئاخۆ کۆمەڵگای میسری پێویستی بەگەڕانەوەیە بۆ دەورانی خەلافەتی ئیسلامی یان پیویستیان بەژیانێکی شایستەو ئازادانە هەیە؟ ئایا کاتێک خەڵکی هاتنە نێو شەقامەکان و دژی گرانی ژیانیان و کار و کردەوەی حوکمی ئیسلامیەکان خۆپیشاندانیان کرد بۆ ڕوخانی ئەو دەسەڵاتە، بۆچی سوپا ڕێگری لەو هاتنە مەیدانە کرد و خۆی هات مورسی لەدەسەڵات لادا؟ ئاخۆ گەر خودی ئەو خەڵکەی هاتبوە مەیدان، گەر بەهێز و توانای خۆی دەسەڵاتی ئیسلامیەکانی بڕوخاندایە، ئەوکات جێگایەک دەمایەوە بۆ ئەوەی سوپا بتوانێت بڕیاری خۆی تێدا بدات؟ یان دەتوانین بڵێین ئاخۆ سوپا لەخزمەتی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی گشتی کۆمەڵگادایە یان لە خزمەتی ئەو هەیمەنەتەدایە کە خەریکی پاراستنی قازانج و بەرژەوەندیەکانی لیبرالیزمی بۆرژوازیە؟ ڕەنگە دەیان و سەدان پرسیاری دیکە هەبێت لە بابەت ڕوداوەکانی میسر و کۆی وڵاتانی ژێر دەسەڵاتی زلهێزانی جیهاندا، کە ئەوەی تێیدا برەو بەدەستە، خودی ئایدۆلۆژیای قەومی و ئیسلامی سیاسیە، کە بوون بە نەخۆشی ژێرپەنجە بۆ نێو جەستەی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی.

 خەڵکی میسر خراونەتە ژێر کاریگەری دوو ئایدۆلۆژیا یەک لەیەک چەوسێنەر تر و قازانج خۆرتر و دڕندەترن، خودی ئەو دوو ئایدۆلۆژیایەش، ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی و ئایدۆلۆژیایی لیبراڵیزمی سەرمایەداریە. بەڕێوەبەرانی ئەم دوو ئایدۆلۆژیایە ئەو هۆکارەن لە قڵشت بونی کۆمەڵگای میسری و بەتایبەتیش چینە هەژارەکەی لەنێو خودی پێکهاتە چینایەتیەکەیدا کە لەبنەڕەتدا سەر بەیەک بەرەی چینی هەژارن. ئەم قڵشت کردنە هەروا بێ بەرنامە و لە خۆوە نیە، بەڵکو خودی ئەو حیزبە لیبراڵ و ئیسلامیانەن، کە وەک داشی دامە لەلایەن زلهێزەکانی جیهانەوە یاریان پێدەکرێت و هەر تاو ناتاوێک یەکیکیان کش مەلیکیان لێ دەکرێت.

 خودی وڵاتانی ڕۆژهەڵات ئێستا لە تاقیگایەک دەچێت هێندەی لە کۆمەڵگا بچێت، سەیری ئەو هەلومەرجە بکەن کە لە عێراقدایە، بە چ شێوازێک ئەحزابی بۆگەنی ئیسلامی سیاسی خۆی چڕ کردۆتەوە لەنێو ململانێی مەزهەبی  سونی و شیعی بوندا و کۆمەڵگایان توشی داڕوخان و کاولکردن بردوە، لەم دیوەوە، بارودۆخی سوریا، گەر زۆر کارەسات بارتر نەبێت لە بارودخۆی عێراق ئەوا باشتریش نیە، فتوا دەرانی ئەو مەزهەب گەراییە هەر لە حەسەن نەسروڵڵاوە تا دەگات بە قەرەزاوی، هەریەکەیان بە شێوازێک خەریکی هەڵخراندنی ئیحساساتی دواکەوتوانەی نێو لایەنگرانی ئەو دوو مەزهەبەن و خەڵکی تاو دەدەن بۆ یەکتر کوشتن و کاولکردنی ئەو بونیادە کۆمەڵایەتیەی کە بونی هەبوە لە پێش هاتنی ئەمانەوە.(دیارە خودی ململانێ مەزهەبیەکان یان پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لە سەردەمی دەسەڵاتە دیکتاتۆریەکاندا بەم ئەندازەی ئێستا نەبوە، چونکە هەلومەرجی نێودەوڵەتی ئەو سەردەمە تا ڕوخانی دەوڵەتی سۆڤیەتی وای خواستبوو، نەک بڵێم لە شەرافەتمەندی خودی سەرۆکەکانەوە بوو بێت). خودی ئالۆزیەکانی ئەم سەردەمەی وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی، پرۆژە داڕێژەری سەرەکیان خودی دەوڵەتی سەرمایەداری ئەمریکایە و ئیسرائیلە کە خواستی هەیمەنەت خوازی و ململانێیان لەگەڵ زلهێزانی دیکەی جیهاندا، کارێکی وا دەخوازێت کە بەرەی ئیسلامی سیاسی تێدا زیندوو بکرێتەوە و لەوێدا بۆ دەورانێکی درێژ ماوە ململانێکان تەنها لە پێناو کاولکردنی کۆمەڵگادا بێت نەک لە پێناو بنیات نانی کۆمەڵگادا.

 هەر دەرئەنجامی ئەو دوو ئایدۆلۆژیا دڕندەیەیە(ئایدۆلۆژیای لیبراڵیزمی بازاڕی ئازاد و ئایدۆلۆژیایی ئیسلامی سیاسی) کە زیندویان کردونەتەوە لە دوای ڕوخانی تاک دەسەڵاتەکانەوە یان باشتر وایە بڵێن لە دوای دەست پێکردنی هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەوڵەت نەتەوەوانەوە کە هەر خودی ئیمپریالیزمی جیهانی دەسەتی هەبوو لە دروست کردنیاندا. ئەو بارودۆخەی ئێستا لە تونس و لیبیا هەیە تا دەگات بە یەمەن و عێراق و سوریا و دەوڵەتی فاشیزمی تورکیا، بارودۆخەکان لەنێو هەیمەنەی ئەو دوو بەرەیەدا هەر وەک شەپۆلی ئاو لە پێکداداندان و هەر جار ناجارێک ،  کۆمەڵگا دەدەن بەگژ خۆیداو و بارودۆخێک دروست دەکەن، کە خودی خەڵکی ڕاپەڕیو وا لێبکەن کە خۆزگە بەدوێنێ بخوازن و لەگەڵ ئەوەشدا دوێنێ بۆیەکجاری ڕۆشت و ناگەڕێتەوە.

زلهێزانی جیهان هەر لە دەوڵەتی سەرمایەداری ئەمریکاوە تا دەگاتە روسیا و چین و وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە دەستپێکی قەیرانی دارای ساڵی ٢٠٠٨ کە لە ئەمریکاوە سەری دەرهێنا(بەڵام لە بنەرەتدا قەیرانی ئابوریە و سەرمایەداری هەر چەند ساڵ جارێک توشی ئەو گێژاوە دەبێت، بەهۆکاری بردنە پێشی قازانجی سەرسوڕهێنەر بۆ خاوەن دەوڵەت و شەریکەتە زەبەلاحەکان و لەبەرانبەریشیدا هەژاری زۆر و بێکاری دێنێتە بەرهەم) خودی ئەو قەیرانە ئابوریە ئەو هۆکارە سەرەکیە بوون لە بردنە پێشی ساتەوەختی ڕاپەڕینەکان لە وڵاتانی عەرەبیدا، چونکە لەنێو ئەم وڵاتانەدا تەنها سیستەمی دیکتاتۆریەتی ژێر هەیمەنە خوازی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز، برەوی پێدراوە، نەک چەسپاندنی مافی لایەنی کەمی ژیان بۆ هەموو تاکێک لە کۆمەڵگادا، لەنێو ئەو ئاستە زۆرەی لە هەژاری، کاتێک هەژاری بونی دەبێت ئاستی وشیاریش لە هەلومەرجێکدایە کە ناتیوانێت ئاستی ئیرادەی سیاسی خۆی بناسێ، بۆیە زۆر بەئاسانی لەلایەن ئایدۆلۆژیایی زاڵەوە تەسلیم دەکرێن و کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت.(هەروەک چۆن لە کوردستاندا عەقڵیەتی تاک دابەش کراوە بەسەر خواستی حیزبی زلهێز و بەرە هاوپەیمانەکانیاندا و مرۆڤ وا بچوک کراوەتەوە کە قەت ئامادە نەبێت ڕەخنە لەو بەرەیە بگرێت کە ئەم دەژێنێت، ئەم حاڵەتانە بۆخۆی نیشانەی کارەساتە نەک بردنەوەی ژیان) خودی ئاوا بارودۆخێک وا خەریکە بەتەواوەتی کۆمەڵگا بەقەتیس بونی دواجار دەگەیەنێت و بۆ هەمیشە لەنێو بازنەی بێهودەییدا دەیخولێنێتەوە.

بۆرژوازیەت، وەک سیستەمێکی چەوسێنەر و قازانج خۆر، هەردەم چاوی لە قازنج و چەوساندنەوەیە، ئامادەیە لە پێناو مانەوەی خۆیدا زۆرترین زیان بە ژینگە و ڕوبەرە بەرفراوانەکەی مرۆڤ بگەیەنێت و قات و قڕی بخوڵقێنێت، هەروەک ئەو هەلومەرجەی ئێستا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا دەیبینین و کۆمەڵگایان کردۆتە تاقیگایەک و هەر جارەی بە شێوازێک تاقی کردنەوەی لەسەر دەکەن، ئەوەی بونی ئازادی و مەسەلەی دیموکراسی بێت لەنێو ئایدۆلۆژیای بۆرژوازیدا بەدەست ناکەوێت گەر بۆ قازانجی بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگا بێت، بەپێچەوانەوە ئەم ئایدۆلۆژیا لیبراڵیزمە تاک پەرستی گیرفان پڕە، بەشێوازێک سەری لە مەسەلەی ئازادی شێواندوە، هەر وەک ئەو پانتایەی ئیستا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا دەبینرێت، وەک ئەوەی ئەوە وڵاتانێکن لە پەڕینەوەدان لە سیستەمی دیکتاتۆریەتەوە بۆ گۆڕانی کۆمەڵگا بەرەو شێوازی دیموکراسیەت و بنیات نانی کۆمەڵگای مەدەنی ….. ئەمانە هەموی درۆی گەورەی خاوەنانی لیبراڵیزمە، چونکە گەر ئەوان سندوقی دەنگدان دەکەن بە باشترین جێگا بۆ ئازادی و چەسپاندنی مافی ئەحزاب و بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگا، خۆ بەرەی ئیسلامی سیاسی لە ڕێگای سندوقی دەنگدانەوە چونە نێو کورسی دەسەڵات، بەڵام لە ماوەی ساڵێکدا هێنانیانە خوارەوە لە ڕێگای هەیمەنەی سوپاوە.

 بەڕای من، ئەوە غەدر نەبوو کە لە دەسەڵاتی مورسی کرا، چونکە ئەو دەسەڵاتە ئیسلامیە سیاسیە هەر لەنێو پرۆژەی ئەمریکایدا توانی دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە بگرێت، (زۆرینەی خەڵکی میسر بە شوێن ئازادی ڕاستەقینەوەن، ئازادیەک دوور لە ڕاسیزمی دینی و قەومی، بەڵام ئاخۆ کارێکی وا بەقازانجی ئایدۆلۆژیای لیبراڵیزمی سەرمایەداری دێت؟ ئاخۆ گەر ئەحزابی سەلەفی و ئیخوانی و لیبراڵی بونی نەبێت ئەی بەکام ڕێگای تر دەتوانرێت ئاراستەی واقعیانەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بشێوێنرێت؟ زیندوو کردنەوەی ئەو جۆرە پارتانە لە دوای ڕوخانی دەسەڵاتە تاک ڕەوە دیکتاتۆرەکانەوە، گروژمی کۆمەڵایەتی پێویستی بە شٶڕشی کۆمەڵایەتی یەکسانیخوازی هەیە، بەڵام ئەوە بۆرژوازیەتە، زوو فریای خۆی دەکەوێت و بەدەیان و سەدان ئەحزابی جۆراوجۆر دروست دەکات و هەریەکە بەشێوازێک خەریکی سەرلێتێکدانی کۆمەڵگان لەو ئاراستەیەی کە دەیخواست پێی بگات، ئەو ڕاستیانە دەبێت دەرکی پێبکرێت،)  هێندەی غەدرێکی مەزن لە ژیان و گوزەرانی زۆرینەی کۆمەڵگا دەکرێت و لەنێو بەرداشی ئەو دوو ئایدۆلۆژیا دڕندەیەدا دەکرێنە سوتەمەنی و لەنێو شەقامەکاندا هێندەی بەرەو پێش چونی ڕاسیزمی دینی و تائیفی دەبینرێت، بارودۆخێک نابینرێت کە وەرچەرخانی پێشڕەوانە لەنێو زهنیەت و پەروەردەی کۆمەڵگادا بکرێت.

 چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش لەو کۆمەڵگایانەی کە کراون بەسواڵ کەر و بەری ڕەنجیان لە دانی خوێنی خۆیاندایە، تەنها بەشیان بوە بەبینینی مەرگەساتی ڕۆژانە. خودی ئەو بزوتنەوە جەماوەریانەی کە لە ئەرزی واقیعدا بونیان هەیە، ئەوان ئەو ئەسڵەن کە دەخوازن ژیان و ئایندەی کۆمەڵگا بە جێگایەک بگەیەنن، کە چیتر خەڵکی هەژار نەکرێن بە سوتەمەنی نێو ئاگری بەرژەوەند خوازی دوو ئایدۆلۆژیایی دڕندەی قازانج پەرست، بەڵام ئایدۆلۆژیایی زاڵ خاوەن ئەو سوپا زەبەلاحەیە لە میدیا و ئابوری و کەوادری زۆری چەوسێنەر، هەردەم بارودۆخێک دەخولقێنن کە مرۆڤی هەژارکراو، نەیپەرژێتە سەر ئەوەی هەم خۆی بناسێت وە هەم ئیرادە بەتواناکەی خۆی بناسێت. نموونەی دروستی ئەو ڕاستیەش ئەو بگژدادانەی خەڵکی هەژارە لەنێو ئەو وڵاتانەی بە بەهاری عەرەبی ناسراوە.

گەر کۆمەڵگای چەوساوە لە ڕۆژهەڵاتدا خۆی دەرباز نەکات لەنێو ملهوڕی ئەو دوو ئایدۆلۆژیایەدا، ئەوا بۆ هەمیشە ناتوانێت ئارامی و پێکەوە ژیانێکی دیموکراتیانە بەخۆیەوە ببینێت، ئەوەی تەنها تروسکاییەکی ئومێدا بەخشی تێدا بێت کە دەتوانێت ببێتە ئەلتەرناتیڤی کۆی وڵاتانی ڕۆژهەڵات، دەتوانم بڵێم تەنها ئەو ئەلتەرناتیڤەیە کە ئۆج ئالان لە پەرتوکی مانیفێستۆی شارستانی دیموکراسیەتدا بەیانی کردوە، ئەویش دامەزراندنی کۆمەڵگای شارستانی دیموکراتیە، کە دەتوانێت ئەو ئەلتەرناتیڤفە بێت، کە ژیانی مرۆڤایەتی و ژیانی کۆمەڵگایەک دەڕەخسێنێت کە خودی کۆمەڵگای سۆسیالیستی و خۆبەڕێوە بەرێتیە، هەروەک ئەو هەلومەرجەی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا هەیە و کۆمەڵگا لە بنیات نانی سیستەمی خۆبەڕێوەبردندایە، بەڵام ئەوە بەرەی چەوسێنەری ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی، وە لیبراڵیزمی سەرمایەداریە، کە ڕۆژانە بیانوی بێماناو  جەنگ و مەینەتی بۆ ئەو تروسکاییە دێنێت و دەیەوێت بەهەرچ نرخێکە بیکوژێنێتەوە، چونکە ئەوان باش دەزانن گەر ئەو تروسکاییە پەرەی سەند ئەوا دەتوانێت ببێتە ئەو ڕوناکییە کە کۆی کۆمەڵگاکان لە تاریکستانی ڕزگار بکات.

 گەر دیموکراسیەت و ئازادی بوونی هەبێت ئەو کات چەوساندنەوە و قەتلوعام کردنی کۆمەڵگا بونیان نابێت، بەرەی نوسرەی ئیسلامی سیاسی، خەڵکی سیڤیلی کورد زمان دەگرێت و دەیان کوژێت، ئەم کارە گەر تەنها بۆ بردنە پێشی فاشیزم و ڕاسیزمی قەومی نەبێت بۆ چ کارێکی ترە، ئاخۆ لەنێو ئایدۆلۆژیایی خەڵەتاندنی مرۆڤدا، ئازادی بونی دەبێت؟ ئاخۆ بەرەی نوسرە و بەرەی ئیخوان و سەلەفیەکان، تەنها کاریان بردنە پێشی ئایدۆلۆژیایی فاشیستی و تۆقاندن و گەڕانەوە بە جیهان بینی خورافە و جەهل نیە؟  زیندانی کردنی مرۆڤ لەنێو ئەو دوو ئایدۆلۆژیایەدا، تەنها درێژەدانە بە حوکمی کوشتنی مرۆڤ و قەتیس کردنی لەنێو درۆ و خورافەدا.

تاهیر حاجی حەسەن

١٧/٨/٢٠١٣

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.