Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
کونگرەی نەتەوەیی کورد و چەند سەرنجێک

کونگرەی نەتەوەیی کورد و چەند سەرنجێک

Closed
by August 17, 2013 گشتی

 

 

 

مانگی ڕابردوو بە ئامادەیی ژمارێک حیزبی کوردستانی لە هەر چوارپارچەی کوردستان و بە سەرپەرستیی مەسعوود بارزانی کۆبوونەوەیەک بۆ ئامادەکردنی بواری پێکهێنانی ناوەندێک بەناوی “کونگرەی نەتەوەیی کورد” پێک هات. لەو کۆبوونەوەدا بۆ هەرپارچەیەکی کوردستان رێژەیەک بۆ بەشداریکردن لەو کونگرەیە دیاریکرا و هەروەها دەستەیەک بەناوی “دەستەی ئامادەکاری کونگرە” هەڵبژێردرا و ئەگەری ئەوە هەیە لە دوا رۆژەکانی مانگی ئاگوست کۆبوونەوەی فەرمی دەست پێبکات. وەک چاوەروانیش دەکرا، مەسعوود بارزانی وەک سەرۆکی کاتیی ئەو ناوەندە دیاریکرا.

هەر لە پاش ڕاگەیاندنی کۆبوونەوەی سەرەتایی ئەو ناوەندە هەتا ئێستا، ئێمە زۆر هەڵوێست و ڕاگەیاندن و بیرو رامان لەو بارەوە دیتوە. کە بەشێکی زۆری وەک پێشووازیکردن و ئیجابی نیشاندانی ئەو هەنگاوە بوە. هاوکات بەشێکی کەمیش بەچاوێکی رەخنەگرانەوە لەئاست ئەو ناوەندە هەڵوێست‌یان گرتوە . منیش هەوڵدەدەم را بۆچوونی خۆم لەسەر کونگرەی نەتەوەیی کورد بەکورتی بنووسم.

منیش وەک زۆربەی هاونیشتمانیان هەبوونی ناوەندێکی یەکگرتووی پێکهاتوو لە نوێنەرانی هەر چوارپارچەی کوردستان ( ‌برینی لە هیزە سیاسی‌یەکان، ناوەندەکانی مەدەنی و کەسانی پسپۆڕ و رووناکبیر و بیرمەند)بۆ رووبەوروو بوونەوە لەگەڵ پرسی کورد و “یەکدەنگیی نەتەوەیی” نەک هەر بە پێویست دەزانم بەڵکە لە هەلومەرجی ئیستادا بە گرینگترین و هەنووکەیی ترین ئەرک دەزانم. بۆیە هەر لە روانگەی ئەو پێویستی و زەروورەتەوە دەڕوانمە کونگرەی نەتەوەیی و را و بۆچوونم دەردەبڕم.

وەک باسکرا هەبوونی کونگرەیەکی نەتەوەیی پێکهاتوو لە نوێنەرانی گەلی کورد بە تێکرایی(هەر چوارپارچە) پێویستیەکە و پێموانی‌یە تاقە کوردێکیش هەبێت نکۆڵی لەو هەقێقەتە بکات. بەڵام کاتێک باسی کونگرەی نەتەوەیی دەکرێ، هێندێک فاکتور و بنەما هەن کە بەداخەوە ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەو ناوەندەی کە بەناوی “کونگرەی نەتەوەیی کورد” ڕاگەیەندراوە، خۆی لێ‌یان نزیک نەکردوەتەوە.

لە روانگەی منەوە هەر ناوەندێک کە ناوی “کونگرەی نەتەوەیی کورد” لەسەر خۆی دادەنێ یا هەر ناوەندێک بەهەر ناوێکەوە ئامانجی خۆی وەک قسەبێژی نەتەوەی کورد و پارێزەر و داکۆکیکاری بەرژەوەندیی و ئامانجەکانی نەتەوەی کورد ڕابگەیەنێت، دەبێت خاوەنی هێندێک خاڵ و پرەنسیپ و مەرج و بنەما بێت کە بەڕاستی و لە واقع دا شیاوی ئەو ناوە و ئامانجە بێت کە لە سەر خۆی دایناوە. بێگومان تەنیا لەو کاتەشدایە کە ئەو ناوەندە لە لایەن جەرماوەری خەڵکەوە پشتیوانیی لێدەکرێ و خەڵک بە ناوەندی پارێزەری بەرژەوەندیەکانی خۆیانی دەزانن.

بەمەبەستی درێژنەبوونەوری باسەکە ، بە کورتی ئەو ئامانج و پرەنسیپ و بنەمایانە دەنووسم پاشان لەگەڵ ئەو ناوەندی کە خۆی وەک “کونگرەی نەتەوەیی کورد” ناساندوە هەڵیان دەسەنگێنم و ئەوسا چاوەروانیەکانم لەو ناوەندە ڕادەگەیەنم.

رەنگە کەس یا حیزب و ناوەندێک هەبن کە بڵێن تۆ وەک تاقە کەسێک مافی ئەوەت نی‌یە لە زمانی خەڵکەوە قسەبکەی و رێگەو شوێن بۆ خەڵک یا ناوەندێکی گەورەی وەک “کونگرەی نەوەتەوەیی کورد” دیاری بکەی. هەر لێرەدا بۆ رەوینەوەی هەرچەشنە بیرکردنەوەی ئەوتۆ، ڕادەگەیەنم کە : جیهان گۆڕانی بەسەردا هاتوە و ئیتر حێزبێک یا چەند حیزبی سیاسی ناتوانن ئیدیعا بکەن کە “نوێنەری بێ ئەملاو و ئەولای” خەڵکی کوردن و بەخۆیان نازناوی “حێزبی کڕیکاران و جووتیاران و جەماوەری کوردستان” یا “حیزبی خوشەویستی گەلی کورد” بدەن. لەم چەرخەدا منی تاک خاوەن مافی خۆمم و بۆم هەیە لە دیارکردنی چارەنووسی خۆمدا وشیارانە بەشدار بم. بۆیە هەر کەس و ناوەندێک بە چەشنێک وەک نوێنەری گەلی کورد (کە لە تاکەکان پێک هاتوە)خۆی بناسێنی،بەمافی خۆمی دەزانم را و بۆچوونی خۆمی لەسەر دەربڕم . بەتایبەت لەم هەلومەرجەدا کە شۆڕشی ڕاگەیەنەریی ئەو دەرەتانەی بۆ منی تاک رەخساندوە و تاپۆگەریی حیزبەکانی کاڵ کردوەتەوە، لەمەیداندا بوون و چاودێریی کردنی رووداوەکان بە ئەرکی هەر تاکێک و لەوانە خۆم دەزانم .

بە باوەڕی من لە هەلومەرجی ئێستادا کونگرەی نەتەوەیی کورد دەبێ پێش هەر شتێک، بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەی کوردی لەپێش چاو بێت و ئەو بەرژەوەندیشە بێگومان تەنیا لەلایەن حیزبەکانەوە دەستەبەر نابێت یا ناپارێزرێت. چوونکە لە کۆمەڵگەی فرەچەشنی ئەمڕۆدا ئیتر ئەوە تەنیا حیزبی سیاسی نی‌یە کە نوێنەراتی خەڵک دەکات یا هەوڵ بۆ مافی خەڵک دەدات. بەڵکوو دەیان ناوەندی مەدەنی دیکە لە ئاستی کۆمەڵگەدا هەن کە زۆرجار (بە پێی هەلومەرج)دەوریان لە حیزبی سیاسی زۆرترە. بۆ نموونە دەتوانم لە ناوەندی چاک (داکۆکیکاری مافی مرۆڤی کورد) یا دەیان ناوەندی دیکەی لەو چەشنە لە هەر پارچەیەکی کوردستان ناو بەرم. دیارە ئەمڕۆکە ناوەندە مەدەنی‌یە نا حکوومەتیەکان لە هەر کۆمەڵگەیەدا بوونیان هەیە و دەبێ لەسەریان حیساب بکرێت. جیا لەوانەش هەر کۆمەڵگەیەک خاوەنی دەیان و سەدان و هەزاران پسپۆڕی بوارە جیاوازەکانە لە رووناکبیر، تێکنوکرات و رۆژنامەوان و … کە بە زۆری لە حیزبی سیاسیدا بەشدار نین و وەک خۆیان چالاکن. گەر ناوەندێک کە بۆ بەرژەوەندیی گەلی کورد پێک دێت، لەو هەموو ئیمکانە ئینسانی‌یە کەڵک وەرنەگرێت، ئیتر چۆن دەتوانێت ئیدیعای”نەتەوەیی” بوون بکات؟

جیا لەوانەی کە بۆ پێکهاتنی ناوەندێکی داکۆکیکاری نەتەوەیی پێویستن، سەربەخۆ بوونی ئەو ناوەندە و بەتایبەت سەربەخۆ بوون لە دەسەڵاتە داگیرکەراکانی کوردستان و حکوومەتە ناوچەیی و جیهانی‌یەکان خاڵێکی دیکەیە کە دەبێ وەک بنەما لەبەر چاو بگیردرێت. لەبەر ئەوە گەر ئەو ناوەندە بەهەر هۆیەک سەربەخۆیی خۆی لەدەسبدات، ئیتر بەپێی بەرژەوەندیی لایەنی دەرەکی (دەوڵەتێکی داگیرکەر، دەسەڵاتێکی ناوچەیی یا جیهانی) خەت و رێبازی دەچێتە پێش و گەرچی بە رواڵەت بۆ بەرژەوەندیی کورد پێکهاتوە، لە کردەوەدا پاراستنی بەرژەوەندیی لایەنی دەرکی دەبێتە ئامانجی.

خاڵێکی دیکەی گرینگ بۆ کونگرەی نەتەوەیی کورد، تەبا بوونی کوردە لە ناو خۆیدا. بێگومان هەتا کورد لەناو خۆیدا یەکدست و یەک دڵ هەوڵ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی(لەوانە کونگرەی نەتەوەیی) نەدات، هەرچەشنە هەوڵێکی دەبێتە شانۆگەریی و لە ئەگەری پیکهاتنی ناوەندێکی وەهاش، ئەو ناوەندە فرەتر دەبێتە ناوەندێکی بوروکراتیک بۆ ساخت و پاختەکان لە سەرەوە و قەت توانای پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی نابێت. چوونکە ئەندامانی پێکهێنەری ناوەندێکی ئەوتۆ، نەک لەسەر بەرژەوەندیی نەتەوەیی، بەڵکە لەسەر بەرژەوەندیی شەخسی یا رێکخراوەیی (سەرەڕای ئەوە کە چاوی دیتنی یەکتریان نابیت) یەکیان گرتوە و تەنیا ئیمتیازە حیزبی و شەخسی‌یەکانە کە یەکگرتوویی ئەوناوەندە دەپارێزێت.

بە چاولێکردن لەو خاڵانەی باسم کرد گەر چاوێک لە “کونگرەی نەتەوەیی کورد” و چۆنیەتی پێکهاتن و ئەندامانی پێکهێنەری بکەین، تەنانەت گەر وای دابنێن کە هەموو پێکهێنەرانی هیچ بەرژەوەندیەکی شەخسی رەچاو ناکەن، بەڵام زۆر بەداخەوە دیسان ناتوانین هیوایەکی ڕاستەقینەمان بەو کونگرە هەبێت کە بەهەقێقەت بتوانێ پارێزەری بەرژەوەندیە بەرزەکانی نەتەوەی کورد بێت.

بزانین بۆ:

یەکەم ئەوەی کە پێکهێنەرانی تەنیا حیزبی سیاسین و کۆمەڵانی خەڵک و نوێنگەکانی دیکەی کۆمەڵگە دەورێکیان تێدا نی‌یە. ئەویش حێزب گەلێک کە زۆربەی زۆریان بەچەشنێک تاقیکاریی خۆیان داوەتەوە و لە پڕۆسەی چالاکیی تا ئێستایان نیشانیان داوە کە لە خۆدەقدان لەگەڵ گۆرانکاریەکاندا کڵۆڵن. جیا لەوەش بە زۆری لەجیاتی باوەڕ بە جەماوەر و دەسەڵاتی جەماوەر، هەوڵیان دەسەڵاتداریی خۆیان و پاراستنی دەسەڵاتی رێبەری “مادام ئەل‌عومر”ی حیزبەکەیانە و هەموو بەرژەوەندیەکان و لەوانە بەرژەوەندیی نەتەوەیی قوربانی بەرژەوەندیی حیزبی و سەرۆک یا ڕێبەری حێزبەکەیان دەکەن.

بۆ ڕاستی ئەو ئیدیعایە گەر چاو لە پێکهاتی حیزبەکان(لانی کەم باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان) بکەین دەبینن کە چەشنێک “سازان سەرەڕای ناکۆکی‌یەکانیان” بۆ لە چنگ گرتنی ناوەندەکە و پەراوێز خستنی خەلک و ناوەندە مەدەنی‌یەکان زەق و بەرچاوە. بۆ نموونە لە باشووری کوردستان بارزانی و حیزبەکەی بەهۆی ئەو ئیمکان و تواناوە کە ئەمڕۆ هەیانە، بەشێوەی ئوتوماتیک(بە هۆی لاوازیی حیزبەکانی دیکە و لەوانە یەکێتی نیشتمانی) بوونەتەو بکوژ و ببڕی ناوەندەکە و ‌هێژمۆنی خۆی بەسەر ناوەندەکەدا سەپاندوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەزموونی تا ئێستای بارزانی و حیزبەکەی ئەوەمان پێ دەڵێ کە لانی کەم لەباری باوەڕ بە دێموکراسی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مافی ژنەوە کارنامەیەکی باشیان نی‌یە. هەروەها لەباری سیاسی و پێوەندیەکانەوە دەستی باڵای تورکیە لە کردەوەدا بە روونی دەبینرێ. ئەگەرچی بۆ یەکێتی نیشتمانی ئەوە دەستی ئێرانە کە لەپشت سیاسەتەکانی‌یەوە دەشەکێتەوە !!

لەسەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتیش دەردەکە بەشێوەیەک دیکە دەبینرێت. ئەم حێزبانە لە کاتێکدا هەرکام سێرەی لە سێبەری ئەوەی دیکە گرتوە و وەک دژبەری یەک لە مەیدان دان، لە حەرەکەتێکی دژی دیموکراتیکدا، دێن و شکستی ئینشعاب و دابرانی خۆیان بەسەر حیزبی دیکەدا ساق دەکەنەوە و بۆ بەرژەوەندیی شەخسی، بەشێوەی کاتی یەکدەگرن تا یەک دوو حیزبی دیکە بخەنە پەراوێزەوە. باشە ناوەندێک بە بوونی ئەندامانی لەو چەشنە کەی دەتوانێ باوەڕ و موتمانەی خەڵک( کە پێویستی سەرەکیە بۆ ئیعتبار و مانەوەی هەر ناوەندێک) بەدەست بێنێ.

لەوەش خراپتر ئەوەیە کە قسەبێژانی کونگرەی نەتەوەیی ڕایانگەیاندوە کە دەوڵەتانی ئێران، تورکیە، عەرەبستان سعوودی و…یان  ئاگادار کردوەتەوە کە ئەم ناوەندە(کونگرەی نەتەوەیی کورد) هیچ هەڕەشەیەک لە بەرژەوەندیی ئەوان ناکات و لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە هەرکام لەو دەوڵەتانە بۆ دانیشتنەکانی ئایەندەی کونگرە بانگهێشت کراون!! باشە مەگەر چکۆلەترین بەرژەوەندیی کورد، دژ بە بەرژەوەندیی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان نی‌یە؟  ئەگەر بێت و کونگرەی نەتەوەیی کورد ئیزن نەدات بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانە بکەونە مەترسی‌یەوە، ئیتر بۆچی پێکهاتوە؟ ئایا پێکهێنەرانی ئەو کونگرەیە نازانن کە نەتەوەی کورد بۆ گەیشتن بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی (تا پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ) خەبات دەکات؟ ئیتر چۆن بەخۆیان ئیجازە دەدەن کە ئەوەندە لە ئاست داگیرکەران دابەزن کە چاوپۆشی سەرەتائیترین داخوازی نەتەوەکەمان، واتا مافی دیاریکردنی چارەنووس بکەن. لەکاتێکدا بەپێی پەسنکراوەکانی رێکخرای نەتەوەکانی یەکگرتوو(UN) دیاریکردنی مافی چارەنووس، مافی بێ‌ئەملاو و ئەولای هەر مرڤ و نەتەوەیەکە.

بەباوەڕی من کونگرەی نەتەوەیی کورد گەر بەو شێوەی کە تا ئیستا خۆی نیشانداوە بڕواتە پێش، نەک هەر ناتوانێ داخوازە مێژوویەکانی نەتەوەی کورد نوێنەراتی بکات، بەڵکوو زۆر بەداخەوە دەبێتە ناوەندێکی بوروکراتیک بۆ چەواشە کردنی داخوازە نەتەوەییەکانی کورد بەدەستی کورد ، کە داگیرکەران زۆرتر قازانجی لێدەکەن تا کورد.

هیوادارم ئەم کونگرەیە لە کۆبوونەوەکانی خۆیدا لەسەر بەرژەندیەکانی گەلی کورد و سەربەخۆ بوونی لە سیاسەتە ناوچەیی و جیهانی‌یەکان پێداگری بکات و هەموو هەنگاوێکی بۆ بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی کورد بەدەستی خۆی بێت.

 

خەلیل غەزەڵی

     khalil.ghazali@gmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.