بە هەموو جۆرێ … نەوزاد بەندى
-1-
بە هەموو جورێ بێزارم :
بە هوشیاریى ..
کاتى خەوتن ..
بە پێوە ..
بە چوار مشقى ..
بە پاڵکەوتن ..
کاتى چا خواردنەوە ..
وەختى چات کردن ..
کە پێئەکەنم ..
کاتى گوێگرتن ..
بە بیر کردنەوە و
قوڵبونەوە و
ڕامان و
شیعر نوسین ..
کاتێ مناڵ دێتە دنیاوە ..
کە دیکتاتۆرەکان سەدان کەس لەسەر شەقام ئەکوژن ..
بە هەموو جورێ بێزارم ..
بەیانیان کە ڕیش ئەتاشم ..
ئێواران کە بیجامە ئەپۆشم ..
شەوان ، کە تاکو درەنگ ، تەماشاى ئەلجەزیرە ئەکەم ..
کاتى چەرەس خواردن ..
وەختێ پەرداخێ دۆ هەڵئەدەم ..
ئەو کاتەى حەز ئەکەم جگەرەیەک داگیرسێنم ..
کە زەنگى دەرگا لێ ئەدرێ ..
ڕۆژى موچە وەرگرتن ..
کاتێ ئەچین بۆ سەیران ..
لە گەرمەى گەشاندنەوەى خەڵووزا ..
کە لەمدیوى پەنجەرەوە ،
نەزەر لە باران ئەکەم ..
کە دواجار مێشولەکە ئەدۆزمەوە و
ئەیکوژم ..
کاتێ هەمو قیستەکانى دیوان ئەدەینەوە ..
ئەو کاتەى سلفەى خانوبەرە وەرئەگرم ..
کە دەچینە سوپەرمارکێت ..
وەختێ کراسێکى مارکە ئەکڕم ..
لە پڕ ، کە هاوڕێیەکى مناڵیى ئەبینم ،
سەیرێکم ئەکا و ئەڵێ : چاک پیر بوى ! ..
منیش زەردەخەنەیەکى بۆ ئەکەم و
ئەڵێم : توخوا با زوو تەواو بێ .. !
بە هەموو جۆرێ بێزارم ..
کە کۆمۆنیستێ باسى کۆمۆنە سەرەتاییەکان و
برنج و شلەى بە کۆمەڵ و
حیکمەتى سەکسوکەکەى لینینم بۆ ئەکا ..
کاتێ تۆبەکارێکى شێخ ،
باسى کەرامات و شوشە خواردن و
هێزى لە بن نەهاتوى ڕۆح و
ئیمانم بۆ ئەکا ..
وەختێ عەلمانییەک باسى فەلسەفەى ماددە و
گرنگى ئابوورى ئەکا ،
لە بەرز کردنەوەى ئاستى مرۆڤ ، لە مەیمونەوە
بۆ پلە باڵاکانى شارستانیى ..
ئەو کاتەى ئیسلامییەک پێم ئەڵێ :
لە جەماعەت داببڕێى ، گورگ ئەتخوات ..
دەرست نەبێ ، دڵت ئەمرێ ..
-2-
بەیانى ناڕۆم بۆ دەوام ..
با غائیبم بەن ..
بەڵکو خۆم بدۆزمەوە ..
-3-
دونیایش تێکچووە ..
بەشێکى بەڕۆژووە و
وشکە ساڵیى ، بە ڕۆژ و هەفتەکانیا ، پیاسە ئەکا ..
بەشەکەى ترى بە ژێر لافاوەوە ،
غەر غەرە ئەکات ..
بەشێکى نازانێ چى لە پارە بکات ..
بەشەکەى ترى ،
پارە سەرابە و
کەس پێى ناگات ..
دونیایش تێکچوە ،
دز و دەست پاک ..
تیرۆریست و شۆڕشگێر ..
راستى و درۆ .. تێکەڵا بوون ..
ئاڵۆسکاون ..
جیا نابنەوە ..
( مەسەلەکە شێت بونى بە کۆمەڵە ،
کە خۆمان لە ماڵەکانمانا زیندان کردووە و
سەردانى یەکتر ناکەین .. )
مەسەلەکە شێت بوونى جەماعییە ..
ج ە م ا ع ی ی..