Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
شێركۆ بێكه‌س له‌  نێوان مردن و ژیاندا

شێركۆ بێكه‌س له‌ نێوان مردن و ژیاندا

Closed
by August 19, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

شیعری شێركۆ بێكه‌س به‌ تایبه‌ت له‌ دیوانی من تینوێتیم به‌ گڕ ده‌شكێ‌-وه‌ ده‌بێت به‌ خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تی تایبه‌ت، كه‌ من نامه‌وێ‌ لێره‌دا ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ ببژێرم، چونكه‌ پێشتر له‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا به‌ دوورودرێژی قسه‌م له‌سه‌ر كردوون، ئه‌وه‌ی لێره‌دا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌م ته‌نها دووان له‌و خه‌سڵه‌تانه‌ن، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شیعری شێركۆ بێكه‌س به‌ درێژایی نزیكه‌ی نیو سه‌ده‌ به‌رده‌وام شیعرێك بووه‌ له‌ ناو مردنه‌وه‌ هاتووه‌ به‌ڵام پڕ

بووه‌ له‌ ژیان، له‌ كاره‌ساته‌وه‌ هاتووه‌ كه‌چی پڕ بووه‌ له‌ خه‌ونی زه‌رد و سوور. پێكه‌وه‌ گرێدانی مردن و ژیان، به‌ قازانجی ژیان، یه‌كێك له‌و ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كییانه‌ بووه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام شیعری شێركۆی به‌ ده‌وردا سوڕاوه‌ته‌وه‌. ئه‌و به‌شه‌ له‌ وه‌سیته‌كه‌شی كه‌ داوای كردووه‌ له‌ ته‌نیشتی مۆنۆمێنتی شه‌هیدان و له‌ ناو پاركی ئازادییدا بنێژرێت دیسان ئه‌و پێكه‌وه‌ گرێدانه‌ی مردن و ژیانه‌، به‌ قازانجی ژیان. به‌و وه‌سیه‌ته‌ پێی گوتین: من هه‌ر به‌ ژیانم شه‌ڕی مردن و ژیانم به‌ قازانجی ژیان به‌ ڕێوه‌ نه‌برد، به‌ مردنیشم درێژه‌ به‌ هه‌مان شه‌ڕ ده‌ده‌م. ئێستا ئه‌وه‌تا جارێكی دی، به‌ جۆرێكی دی، هه‌م پێكه‌وه‌ گرێدانی مه‌رگ و ژیان دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌م گرێدانه‌وه‌ی ئه‌م جاره‌ له‌ دوو سه‌ره‌وه‌یه‌، یه‌كه‌میان له‌ خودی مردنه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌، كه‌ تیایدا ژیان ده‌دۆزێته‌وه‌، ئه‌و كه‌ وه‌سیه‌ت ده‌كات له‌ ناو پاركی ئازادیدا بینێژن واته‌ داوای ژیان ده‌كات، به‌و وه‌سیه‌ته‌ له‌ گۆڕستان هه‌ڵدێت و ده‌چێته‌وه‌ ئامێزی ژیان.

دووه‌م پێكه‌وه‌ گرێدانی ژیان و مردن له‌و وه‌سیه‌ته‌دا له‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌ ته‌نیشتی پۆلێك شه‌هیده‌وه‌ ده‌نێژرێت، به‌ڵام له‌ كوێ‌؟ له‌ ناو پاركی ئازادییدا. جگه‌ له‌وه‌ شه‌هید خۆی هه‌م مردنه‌ هه‌م ژیان، شه‌هید ده‌مرێت بۆ ئه‌وه‌ی ژیان به‌رده‌وام بێت. تا ئێره‌ قسه‌كانم له‌سه‌ر خه‌سڵه‌تی یه‌كه‌می شیعری شێركۆ بێكه‌س بوو، خه‌سڵه‌تی دووه‌می شیعری ئه‌م شاعیره‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو شتێك به‌ شیعر بارگاوی ده‌كات، له‌ هه‌موو شته‌كان شیعرێتی به‌رهه‌م ده‌هێنێت. لای شێركۆ بێكه‌س به‌رده‌وام شیعر له‌ ئاسته‌ باڵاكاندایه‌، خه‌یاڵ و زمان له‌ ته‌قینه‌وه‌ و شیعرێتی له‌ هه‌ڵقووڵین دایه‌. سڵاو له‌ گه‌وره‌یی خۆت و شیعره‌كانت، یادت به‌خێر و مه‌زارت پڕ له‌ ڕوناكی و ژیان بێت.

 

* گۆشه‌ی راز و نیاز، كوردستانی نوێ‌،  ژماره‌ (6155) 16/8/2013

 

Previous
Next