Skip to Content

Friday, May 3rd, 2024
ڕەنگدانەوەی ڕاهێنانی فێرکردن لە خوێندنی هونەر

ڕەنگدانەوەی ڕاهێنانی فێرکردن لە خوێندنی هونەر

Closed
by August 19, 2013 گشتی

 

 

 

 

  لێدوان لەسەر بابەتی خوێندن لە بواری هونەردا بۆ پلەیەکی بەرزتر و بە تایبەتی لە خوێندنگەی باڵای ووڵاتی  (شانشینە یەکگرتوەکان- بەریتانیا) کە خوێندکاران بە شێوەیەکی فراوان هەموو بابەتە زانستی و بەهرە ییەکان لە ئاستێکی یەکساندا دەخوێندن و فیردەکرێن، وە ئەم بەهرەمەندییە کاریگەرییەکی زۆری هەیە بۆ بە دەست هێنانی پلەیەکی باشی کارکردنی ماددی، هەڵبەتە ئەمە پاش بە دەست هینانی ئامادەباشی و بوونی مەرجەکان تیایدا، خوێندنگای باڵا گرنگی زۆر دەدات بە گەشە کردن و پێشکەوتنی هوشیاری قوتابی لە سەرو ئەو توانا زانستییەوە کە  لە خۆیاندا بە دی دەکریت، وە چیتر پێویست بکات وەك – هزری ڕەخنە گری، توانای گەڕان و توێژینەوە، گفتوگۆو ئاخاوتن لە ئاست و پلەیەکی بەرزتر و گرنگی دان بە پێناسین و بەکار هێنانی سکێچ بووك (Sketch Book) کە هەموو ئەمانە هەر لە سەرەتای خولەکاندا دەخرێنە بەر دەست و فێری خوێندکار دەکرێن .

لە شوێنێکی وەك برادفۆرد کۆلیج (Bradford College) بەشی قوتابخانەی هونەر و دیزاین، وانەکانی هونەر و دیزاین دەوترێتەوە لەگەڵ دەرئەنجامێکی زۆر ڕۆشن لە ئاستی فێربوون، کە ئەمانە دووبارە دەخرێتە بەر دەم خویندکار هەر لە سەرەتای دەسپێکردنی کۆرس یان خولەکانیانەوە، وە بابەتە تیۆرییەکانیشبە مەبەستی فراوان و گەشە پێدانی توانای خویندکاران بۆ بەیەك گەیاندنی ئە و پەیوەندیانەی لە نێوان بەهرەی سۆراغ و لێکۆڵینەوە کەلتورییەکان لەگەڵ ئەو نوسراوانە و گفتو گۆ زارەکیانە بۆ  ئەنجامدانی کارەکانی.

(Bradford College, Theoretical Studies Handbook) .

بۆ بەدیهێنانی ئەمانە دەبێت خوێندکار بە ٣ سێ قۆناغدا بڕوات:-

 ١- پێشخستن و گەشەپێدانێکی باش لە بواری گەڕان و توێژینەوە Research (بحث)، تۆژینەوە و توانای  Presentation پێشکەشکردن. 

 ٢- گەشە پێدان بە توانای دروست کردنی پرسیاری (چۆن و بۆ) بە شێوەیەکی تیۆری و ئەکادیمی لە بابەتەکاندا، بۆ دروست کردنی بناغەی بۆچوونی تیۆری، بیر و بۆچوونی ڕەخنەیی لە گەڵ ڕەچاوکردنی ئێتنیکی پیشەییدا، کە ئەمەش لە خۆیدا زەمینەیەکی تایبەتە بۆ کارە تیۆری و ڕاهێنانەکان Practice (مەشق).

 ٣- گەیاندنی پەیوەندی بابەتە تیۆریەکان لەگەڵ  کارە کردەییەکان بۆ گەشەپێدان بە توانای داهێنانی چەمکی  هاوکاری  لە نێوان هەموو کارەکاندا، وە لەم ئاستەدا کە لە ڕێ ی (کۆتانامە أطروحة)ی  خوێندکارانەوە دەبێت بە بەڵگە  بۆ بەدی  هێنانی ئەو هێڵە پەیوەندیە. 

خوێندنی باڵا و بەدەست هێنانی ناسنامەی بەکالۆریۆس یان ماستەر ئەمە بە تەنها بۆ مەبەستی گەشە پێدان و پێشخستنی  توانای بەهرەیی تەکنیکییەکی پتەو نی یە ، یان بە مەبەستی بەرهەم هێنانی کارێکی هونەری جوان،(هەرچ هونەرمەندێك  کاری جوان بکات مەرج نییە بێتە ئەزموونێکی ستاتیکی (وەهبی ڕەسول،بەرنامەی مەگەزین،کوردسات تی ڤی ٦/٨/٢٠١٣ ))، هونەر مەرج نیە (جوان بێت) یان(تەواو بووبێت) یاخود تەنها بۆ مەبەستی جوانکاری و ڕازاندنەوەی شوێنێك دروست کرابێت، بەڵکو زیاتر تایبەتە بە گەشە پێدانی توانای هوشیاری ڕەخنە و هەڵسەنگاندن و پرسیار لە مەڕ بەرهەمەکانی خود، وە شناسنامە کردنی گوزەران و تێ پەڕراندنی تێمای هونەرمەند بە ناو هەموو کارە هونەرییەکانیدا وە بە بەڵگەی ڕەنگدانەوە و نمایشکردنی هەمان تێما لە بابەتی نوسین و تیۆریەکاندا. 

هونەر هەندێ جار پەیوەستە بە گەشە پێدانی زمانی تێگەیشتن و گفتو گۆ (قووڵ بوونەوە لە بابەتەکان) و هەندێ جار بیرۆکەی ئەبستراکت، وە لە هەمانکاتدا دنیایەکی فراوان و ڕێڕەوێکی زمانی نێودەوڵەتی بەر بڵاوە بۆ ئاخاوتن و گفتوگۆ و دەربڕین یان گەیاندی پەیامەکانی هونەرمەند بۆ جەماوەرەکەی لە ڕێی کارەکانیانەوە، ئەمانەش دەکرێت کە لە چەند بەشێك یان تەکنیك و مەیدانی جیاوازەوە بەرجەستە بکرێت و بخرێتە بەر دەست و چاو و زەینی بینەر بۆ کاتێکی کەم یان درێژخایەن بێت، ئیتر ئایا بە هەرچ شێوەو ڕێگەیەك بێت و لە هەر شوێنێك بێت، کە نمونەی ئەمانەش زۆرە و لەوانە:-

هێڵکاری، گرافیك، سیرامیك، پەیکەر، پرۆجێکشن، وێنە کێشان، فۆتۆگراف، ئینستڵێیشن، پێرفۆرمەنس و پاشان کتێبی هونەری (Artist Book) و هەر فۆرمێکی دی.

گرنگی ڕۆڵی مامۆستا

مامۆستا یان سەرپەرشتیاران لەم پرۆسێسەدا تەنها هاوکار و فێرکەری پرۆسەکانی فێربوون و پەروەردەی لایەنی تەکنیكی نین، بەڵکو پاڵپشت و پێشنیاری بیرۆکەی جیاواز جیاواز بۆ چاكسازی بەرهەمی خوێندکارەکە دەخاتە بەردەست و ئاماژە پێ دەکات، هەروەها هاندەرە بۆ خۆدۆزینەوە و هاوکاریکردنی لە دۆزینەوەیزمانی دەربڕین و  بەرجەستەکردنی ڕۆڵی  لە نێو  کۆمەڵگادا.  خوێندکار سەربەستە و خودموختارە لە هەڵبژاردنی ڕێگا و ڕێڕەوەی کارە هونەرییەکەیان بەرەو کوێی بەرێ و کۆتایی پێ بێنێ و بەرهەمەکانی  ئەو کاتە بخاتە بەرگومانی هەر مەترسی و پرسیارێکەوە . ئەم جۆرە ستایلە لە سیستمی خوێندن و فێرکارییە هونەریی و کۆلیج و دانیشتگاکاندا زۆر بە شێوەیەکی فراوان و هاوسەنگ باوە لەسەرتاپای بەریتانیادا، وە بەرپرسیارێتی خوێندکار خۆیەتی بۆ هەموو هەوڵ و تەقەلا و کۆششێکی لەم خولەداو مامۆستاش یان فێرکەر هەموو پشتگیرییەك دەخەنە بەر دەستییان و پێداویستیەکانیان بۆ دابین دەکەن.وە خوێندکار مافی و موڵکی سەرەکی خۆیەتی بۆ هەڵبژاردن و بەخشین و فرۆشتنی کارەکەی خۆی بە دوور لە ڕۆڵی مامۆستا و خوێندنگە، وە هەر کارێك ئەنجام بدات موڵکی خوێندکارە و بە بایەخێکی گەورەوە دەمێنێتەوە و دەپاررێزرێت، ئیتر ئەگەر چی و چەند هاوکاری کرابێت لە ڕووی تەکنیکیەوە یان یارمەتی دان بۆ توێژینەوە و گەڕان لە لایەن مامۆستا یان پراکتشنەکانەوە و مافی قوتابی پارێزرراوە و بەمە کارەکە بە ناوی مامۆستاوە ناکرێت یان هەر کەس و لایەنێکی تر، هەر بۆیە ماددەی چوتۆریاڵ Tutorial بە بابەتیکی سەرەکی گرنگ دەبینرێت، کە ئەم ماددەیەش پێکهاتووە لە هەر چەند هەفتە جارێك لە کۆبوونەوە و دانیشتنی قوتابیان و مامۆستایان لە ناو پرۆسێسی کارەکاندا، ئەویش بە مەبەستی بینینی گەیشتنی ئاست و پلەی کاری یەکتر و باسکردن و ئاماژە و پێشنیاری بیرۆکەی باشتر لەسەر کاری یەکتر و سوود وەرگرتن لە ڕەخنەو بۆچوونی یەکتر بۆ مەبەستی هاوکاری و بە ئەنجام هێنانی بەرهەمێکی باش و سەکەوتوو تر.  

 

ئامانجی سەرەکی بۆ ئەم مەبەستە دەکریت ئاماژە کردن بە بەراوورد کردن و جیاوازی چۆنیێتی داڕشتنی سیستمی خوێندنی هونەر و چاندنی نەمامەکانی هەستی خۆشەویستی و بەهای هونەری کوردی، وە پێزانین و ڕێزلێگرتنیان بەتایبەتی، وە فێربوونی وەرگێڕان و خوێندنەوە و تێگەیشتنی زمانی هونەر بە گشتی لە شوێنێکی وەکو کوردوستان و سەرجەم لە ڕێ ی بنکەو خوێندنگا و گەلەرییە هونەرییەکانەوە و هەروەها قوتابخانەکانیش، بەرامبەر ئەو ووڵاتانەی کە مێژووی خوێندنی بزوتنەوەی هوونەریان دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ بەر لە ئێستا و گرنگی دان بە سوود وەرگرتن لە دەوڵەمەندی ئەزمونەکانیان.

لەسەر بنەمای رەنگدانەوەی ئەزمونەکانم و بە باوەڕی من کە ئەم ڕەوشتی فێرکردنە زۆر گاریگەرە بۆ بەهێز و زیادبوونی بە خۆ باوەڕی خوێندکاری بواری هونەر، وە بەگەڕخستن و پراکتیزەکردنی ئەم جۆرە ستایلە بۆ بەرزبونەوەی ئاڕاستەی توانا خۆماڵییەکانی خۆمان و بەرهەم هێنانی میراتییەکی کەلتوری هونەری فرەڕەهەندی باشتر لە ڕوی گەشە پێدانی هونەرمەندان بە توانای دروست کردنی پرسیاری ڕەخنەیی بە شێوەیەکی تیۆری و ئەکادیمی لە بەرهەمەکانیاندا و بۆچوونی بناغەیەکی  تیۆری و بیر و بۆچوونی ڕەخنەیی لەگەڵ چوارچێوەی پەروەردەی ئێتنیکی پیشەیی و بەکاربردنیبە پێویست دەزانم بۆ پڕکردنەوەی ئەو دەلاقە پاشخانە مەعریفی یەی هەندێ هونەرمەندانی ووڵات.

 

یادگار عەلی خەیات

خەرمانان ٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.