ئازاره‌کانی به‌عس، ئازاره‌کانی ئێستا
هه‌رگیز ئه‌و شانسه‌مان نابێته‌وه جارێکی تر مه‌رگێک بێته سه‌ر ڕێگامان، که هاوشێوه‌ی مه‌رگه‌کانی سه‌رده‌می به‌عس بێت. مه‌رگێک هێند جوان، که ماندوونه‌بین له ته‌ماشاکردنی، ماندوونه‌بین له خه‌وبینین پێوه‌ی. ده‌ربڕینی هه‌ستگه‌لێکی ئاوها بریتییه له هه‌ستی تاکێکی مێلانکۆلیی، له تاکێکی پێسیمیست. لێبه‌ڵێ تاکی پێسیمیست تاکی ڕیالیسته، ئه‌و هیچ ناکات بێجگه له گوێزانه‌وه‌ی ڕیالیتێت نه‌بێت بۆسه‌ر لاپه‌ڕه‌کانی به‌رده‌ستی خوێنه‌ر. من پێسیمیستم، که‌واته من باشتریین فۆتۆگرافی ڕیالیتێتم.
نه دیمه‌نه‌کانی سوریا، نه دیمه‌نه‌کانی میسر تووشی شۆکیان نه‌کردووم، من کاتێک تووشی شۆک ده‌بم، ئه‌گه‌ر کوردیش به‌وشێوه‌یه مامه‌ڵه نه‌کات، به‌بێ گوێپێدانه ئه‌وه‌ی، که کێ هه‌ڵده‌ستێت به‌م کاره. بۆ من هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت ئه‌گه‌ر بێتوو کۆمه‌ڵی ئیسلامیی و یه‌کگرتوو جاده‌کانی سلێمانیی و هه‌ولێر بکه‌ن به ڕووباری خوێن یان گۆڕان و به‌ره‌کانی تری شه‌قام، یان هه‌ر لایه‌نێکی تر.
شتێک نییه ناوی بنێین ئه‌ژدیهایه‌کی تووڕه‌ی خه‌وتووی ناو تاک، به‌ڵکوو ئه‌م ئه‌ژدیهایه هه‌میشه به‌ئاگایه و ئاگایانه مامه‌ڵه ده‌کات. ئه‌وه‌ی ئه‌و کاری له‌سه‌ر ده‌کات و ئێمه تێیناگه‌ین بۆیه ناوی ده‌نێین خه‌وتوو بریتییه له کات. کات چاره‌سه‌ری هه‌موو کێشه‌کان ده‌کات، کات هه‌ڵسوڕێنه‌ری هه‌موو کێشه‌کانه، کات ماتۆڕی مێژوو و ئێستا و ئاینده‌مانه. کۆمه‌ڵگای ئێمه وه‌ک هه‌موو کۆمه‌ڵگاکانی تری دونیا، وه‌ک هه‌موو کۆمه‌ڵگا پریمیتیڤه‌کانی دونیا، کۆمه‌ڵگایه‌کی نۆیرۆتیکه.
کووشتنی تاک و کۆ له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا کووشتنێک نییه له چاوه‌ڕوانیی ڕوودانیدا بین، به‌ڵکوو کرده‌ی کووشتن له‌ناو ئێمه‌دا کرده‌یه‌کی شیرۆنییه، که تاک توانای کردنی هیچ شتێکی تری نییه، بێجگه له کووشتن. بکووژه‌کانی ئێمه له ڕێگای مانیپولیره‌کردنێکی ده‌روونییه‌وه، بوونه‌ته ستارێکی گه‌وره‌ی جه‌للاده‌کان، به‌شێوه‌یه‌ک که چاوی هه‌موو که‌سێک له ئاستیدا کوێره و ده‌ست و مه‌چه‌کی خوێناوییان نابینن. بکووژه‌کانی ئێمه نووسه‌رانن، ڕۆژنامه‌کانن، تێلێڤیزیۆن و ڕادیۆکانن، باوک و برا و دایک و خوشکه‌کانن، ژن و کچ و کوڕی خۆمانن، هاوڕێ و مامۆستا و دراوسێ و کۆلێگاکانی سه‌ر کارمانن.
هیچترین مه‌رگ مه‌رگێکه له ڕێگای مانیپولیره‌کردنێکی ده‌روونییه‌وه، جوانتریین مه‌رگ مه‌رگێکه، که له‌پێناوی ئازادیی و مافه‌کانی مرۆڤدا دێته سه‌ر ڕێگات، له پشته‌وه له‌کاتی ڕاکردندا ده‌تده‌نه به‌ر ڕێژنه‌ی گولله، له زیندانێکدا به قولاپێکه‌وه هه‌ڵتده‌واسن، ملت ده‌که‌ن به په‌تی سێداره‌یه‌کدا.
مرۆڤ له نیشتیمانی ئێمه‌دا بۆ یه‌که‌میینجار به ده‌ستی دایک و باوک ده‌کووژرێت، ئینجا خوشک و برا. مرۆڤ له نیشتیمانی ئێمه‌دا به‌رده‌وام ده‌کووژرێت، له ژیانی هاوسه‌ریدا، هاوسه‌رت به وێنه‌ی دایک و باوک و خوشک و براکانت ده‌تکووژێت، میدیا ده‌تکووژێت، کۆمه‌ڵگا ده‌تکووژێت. له‌م جیهانه وێرانه‌دا جێگایه‌ک شک نابه‌یت تیا بسره‌ویت، مه‌رگێکی هیچ به به‌هایه‌کی گه‌وره‌وه دێته سه‌ر ڕێگات، تۆش به هه‌رزان خۆتی پێده‌فرۆشیت. چیی ده‌بوو ئه‌گه‌ر بکووژه‌که‌مان به‌عس بوایه نه‌ک ژن و منداڵ و دایک و باوک و خوشک و برا؟ چیی ده‌بوو ئه‌گه‌ر بکووژه‌که‌مان به‌عس بوایه نه‌ک میدیا و نووسه‌ره‌کانی سه‌ر ڕێگا؟ له نیشتیمانه‌که‌ی مندا هه‌موومان بکووژین و که‌چی له‌سه‌ر سنگمان نووسراوه هاووڵاتی به‌ڕێز و خۆشه‌ویست. له نیشتیمانه‌که‌ی مندا هه‌موومان جه‌للادین و که‌چی له‌سه‌ر سنگمان نووسراوه شاعیر و نووسه‌ری گه‌وره‌ی کورد. هه‌موومان پۆلیسه‌کانی به‌عسین و که‌چی له‌سه‌ر سنگمان نووسراوه سیاسیی نیشتیمانپه‌روه‌ری کورد. چه‌ندمان له‌سه‌ر ڕێپۆرتاژ و هه‌واڵه بڵاوکراوه‌کانی ڕۆژنامه و سایته‌کانمان خۆیان کووشت؟ که‌س خۆکووژه‌کانی بیر نه‌ماوه، به‌ڵام ڕۆژنامه و سایته‌کان نه‌ک که‌س نه‌یانخوێنێته‌وه، به‌ڵکوو بازاڕیان گه‌رمتر و ڕێزیان زیاتر بووه.
ئه‌وه‌نده‌ی قسه له‌سه‌ر سیاسییه‌کانمان ده‌کرێت ئه‌وه‌نده قسه له‌سه‌ر دایک و باوک و خوشک و برا، ژن و منداڵانمان ناکرێت. ده‌شێت که‌ڕاکته‌ری یه‌کێک له مانه سه‌د هێنده‌ی که‌ڕاکته‌ری سیاسییه‌کمان ژیانمان بخاته مه‌ترسییه‌وه، ڕۆژانه ده‌یانجار زیاتر له سیاسییه‌ک بمانکووژێت.
جیاکردنه‌وه‌ی مرۆڤه سیاسییه‌کان و پارته‌کانیان پابه‌ند نییه به‌و ئیدیۆلۆگییه‌وه، که پراکتیزه‌ی ده‌که‌ن، پابه‌ند نییه به فه‌لسه‌فه‌ی سیاسه‌تکردنیانه‌وه، به‌ڵکوو ئه‌م جیاکردنه‌وه‌یه پێویسته بناغه‌ی خۆی له‌سه‌ر ستراکتوری تاکه‌کان لێبدات. هه‌روه‌کوو چلۆن باس له تاکی باش و تاکی خراپ ده‌که‌ین یاخوود تاکی فاشیست و تاکی مرۆڤدۆست ده‌که‌ین پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه بۆسه‌ر ستراکتوری هه‌ڵکه‌وته‌ی که‌سایه‌تییان ئاوهاش تاکی سیاسیی تاکێکه، که خاوه‌ن ستراکتورێکی تایبه‌تی که‌ڕاکته‌ری خۆیه‌تی. به واتایه‌کی تر ئیدیۆلۆگییه‌که‌ی شتێک و که‌ڕاکته‌ری شتێکی تر. زۆرجار ئیدیۆلۆگیی بۆ سیاسییه‌ک هیچ نییه بێجگه له ئاسترومێنتێک بۆ تێکردنی ویسته‌کانی. ئالێره‌دا سیاسییه‌کی وه‌ها ده‌بێته هۆی کرمۆڵکردن و خراپکردنی سیاسه‌ت. ئه‌وه‌ی به گشتیی هه‌تاوه‌کوو ئێستا به به‌رده‌وامیی له‌ناو کورددا چ قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌کرێت و چ پراکتیزه‌ش ده‌کرێت، بریتییه له بوون و نه‌بوونی مۆڕاڵ له سیاسه‌تدا. سیاسه‌ت سیاسه‌ته و مۆڕاڵێش مۆڕاڵ. مۆڕاڵ پابه‌نده به ستراکتوری که‌ڕاکته‌ری مرۆڤه‌وه، به‌شێکه له یه‌که‌یه‌کی ده‌روونیی تاک، واته ئه‌وه‌ی پێویسته تاک هه‌یبێت بریتییه له مۆڕاڵ، چونکه به‌شێکه له یه‌که ده‌روونییه‌کانی ئه‌و له “سه‌ره‌وه‌ی من”ی ستراکتوری که‌سایه‌تییدا. مرۆڤ بۆیه مامه‌ڵه‌ی تاکێکی تر به نائێتیکانه ناوده‌بات چونکه مامه‌ڵه‌که‌ی مۆڕاڵی تێدانییه. ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌وه مامه‌ڵه‌ی تاکی سیاسییه، که به مامه‌ڵه‌یه‌کی نائێتیکانه ناوی ده‌به‌ین، نائێتیکه چونکه مۆڕاڵی تێدانییه. سیاسه‌تیش هیچ نییه بێجگه له پراکتیزه‌کردنی بیرکردنه‌وه‌یه‌ک له مامه‌ڵه‌دا، به‌بێ گوێپێدانه ئه‌وه‌ی، که مامه‌ڵه‌که مۆڕاڵانه‌یه یان نامۆڕاڵانه‌یه. که‌واته ده‌توانین بڵێین، که هه‌بوون و نه‌بوونی مۆڕاڵ له سیاسه‌تدا به‌ستراوه‌ته‌وه به ستراکتوری تاکی سیاسییه‌وه، چه‌ند تاک خاوه‌نی سه‌رومنێکی پته‌وی ته‌ندروست بێت، ئه‌وه‌نده‌ش مامه‌ڵه‌کانی مۆڕاڵانه ده‌بێت. چه‌ند تاک خاوه‌نی سه‌رومنێکی لاوازی ناته‌ندروست بێت، ئه‌وه‌ش مامه‌ڵه‌کانی سادیستانه و نامۆڕاڵانه ده‌بێت.
له نیشتیمانی مندا به‌ها و شکۆی تاک له له‌دایکبوونه‌وه ده‌شکێنرێت، له نیشتیمانی مندا نرخی مێشێک و نرخی مرۆڤێک وه‌ک یه‌ک وه‌هایه، له نیشتیمانی مندا ئیمڕۆ تاکی گه‌وره و گرانی نه‌ته‌وه‌یت و سبه‌ینێش زبڵی زبڵدانی نه‌ته‌وه‌یت.
یه‌کێک له وته باوه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردیی به ناساندنی هه‌موو شته به زبڵدان “مرۆڤ وه‌ک زبڵدان، میدیا وه‌ک زبڵدان …هتد.”. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه چیی زبڵه و چییش هه‌ڵگری زبڵ؟ زبڵدان له خۆیدا ئۆبیه‌کتێکی خاوێنه، ئه‌وه‌ی پیسی ده‌کات ئه‌و زبڵانه‌یه، که مرۆڤ تێیده‌کات. ئه‌وه‌شی پرسیاری ناو ئه‌م پرسیاره‌یه بریتییه له‌وه‌ی، ئایا هه‌موو ئه‌و فڕێدراوانه‌ی ناو زبڵدان زبڵن؟ زبڵ به‌رهه‌می مرۆڤه نه‌ک زبڵدان، زبڵدان لێره‌دا چ قوربانییه و چ له خزمه‌تی شاردنه‌وه‌ی زبڵه‌کانی مرۆڤدایه. له زبڵداندا جێگای شاردنه‌وه‌ی هه‌موو شت هه‌یه. مرۆڤ که تووڕه ده‌بێت یاده‌وه‌رییه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ مرۆڤێکی تردا فڕێده‌داته زبڵدانه‌وه، وه‌ک ناساندنی مرۆڤی دووهه‌م به زبڵ. له زبڵداندا مرۆڤی دووهه‌م ونده‌بێت، به‌ڵام هه‌ندێکجار مرۆڤ پێویسته شتێک له‌کیسبدات، هه‌تاوه‌کوو تێبگات چ شتێکی به‌نرخی له‌کیسداوه.
لێره‌وه بیری ئازاره‌کانی سه‌رده‌می به‌عس ده‌که‌م، لێره‌وه هه‌ڕاجی ئازاره‌کانی ئێستام ده‌که‌م، به هه‌رزانتریین نرخ ده‌یفرۆشم که‌س لێمناکڕێت. لێره‌وه بیری مه‌رگی سه‌رده‌می به‌عس ده‌که‌م و پێیناگه‌م. ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت پێیبگه‌م مه‌رگێکی جوانه، که ژیان نرخی نه‌ما ده‌مه‌وێت ئاهه‌نگێک بۆ مه‌رگ بکه‌م، ئه‌م ده‌ڤه‌ره جێبهێڵم و وه‌ک ملوانه خۆم له گه‌ردنی قومرییه‌ک بکه‌م.
17.08.2013
Danmark