Skip to Content

Friday, September 13th, 2024
شیعر له‌ حه‌زی ژیاندا…

شیعر له‌ حه‌زی ژیاندا…

Closed
by August 19, 2013 ئەدەب

 

 

 


سه‌ره‌تا:

كاتێك ویستم له‌باره‌ی ئه‌م كۆشیعره‌وه‌ بنووسم (حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌وه‌نده‌ بژیم: ماڵپه‌ڕی

ده‌نگه‌كان: 14/5/2013، لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی شاعیر) بیرم له‌وه‌ كرده‌وه‌ ،كه‌ ئاخۆ  ده‌بێت له‌گه‌ڵا چ قوتابخانه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌ییه‌وه‌ نزیك بێت و خه‌ریك بوو، به‌ هه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌دا بڕۆم ،كه‌ تیۆرێك پێشوه‌خته‌ به‌سه‌ر ده‌قه‌كه‌دا ساغ بكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام كاتێك بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌مخوێندننه‌وه‌ هه‌ستم كرد ئه‌و قه‌سیدانه‌ بۆ خۆیان خودان تیۆری تایبه‌تن ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌گرێكی به‌توانا و باشتر له‌من ده‌ستی بداتێ ئه‌وا سه‌ره‌داو و بینای تیۆرێكی نوێ ده‌دۆزێته‌وه‌ ،كه‌ پێشتر له‌ ئه‌زموونی (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)دا وه‌ك هێڵێكی كاڵ بوونی هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌م ده‌قانه‌دا ئاسۆیه‌كی فراوان هه‌یه‌ ،كه‌ شاعیر تێیدا ئاوه‌ڵا ده‌بێت و ڕازی خۆی تێدا په‌خش كردووه‌.

  ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم: ئه‌وه‌ی من نووسیومه‌ هیچی خۆم نییه‌، به‌ڵكو خودی ئه‌م قه‌سیدانه‌ ئیلهامی ڕاسته‌قینه‌ییانه‌یه‌ و من ئه‌و شیعرانه‌م كاوێژ كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌ زمانی لێكۆڵینه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌توانم بڵێم من هیچ شتێكی تازه‌م نه‌خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌م قه‌سیدانه‌ ئه‌ویش به‌دوو هۆ، یه‌كه‌میان قه‌سیده‌كان هێنده‌ به‌هێز و به‌پێزن له‌ گوتندا گه‌یشتوونه‌ته‌ بنبه‌ست و له‌ فه‌رهه‌نگی مندا گوتنێكی دیكه‌ نه‌بوو پانتر له‌ گوتنی قه‌سیده‌كان. دووه‌میش بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌ومه‌ هه‌ڵه‌ی به‌سه‌ردا سه‌پاندنی تیۆرێكی لابه‌لا به‌سه‌ر ده‌قه‌كاندا و له‌و باوه‌ڕه‌شدام جیهانی شیعر هێشتا له‌ توانایدا ماوه‌ تیۆر و قوتابخانه‌ی دیكه‌ به‌رهه‌م بهێنێت ،كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕابردوو تازه‌بن و بۆ داهاتووش موژده‌هێنه‌ری قۆناغێكی دیكه‌بن. 

شیعر: مێژووی رۆح:

شیعر چۆن ده‌بێته‌ مێژوو ،كه‌ هه‌میشه‌ نه‌خشه‌ی ئاینده‌ی له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌، ڕۆح چۆن ده‌بێته‌ مێژوو ،كه‌ هه‌میشه‌ دڵی لێده‌دات و له‌ناو دێڕی چیرۆكه‌كاندا نامرێت. ئه‌مه‌ ئه‌و نهێنییه‌یه‌ ،كه‌ شیعر و ڕۆح پێكه‌وه‌ ده‌ڕۆن و هێواش و له‌سه‌رخۆ به‌ ئاماژه‌یه‌كی نهێنی ،كه‌ كه‌س نازانێت چی ده‌ڵێن و باسی چی ده‌كه‌ن، پێ به‌پێی یه‌كتر هه‌نگاو هه‌ڵده‌نێن و یه‌كتر ده‌نووسنه‌وه‌. هه‌م ڕۆح باسی  شیعر ده‌كات و هه‌م شیعریش بڵندگۆی ڕۆحه‌. پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ چۆن شیعر ده‌بێته‌ مێژووی ڕۆح؟ ئایا رۆح ئه‌زموونی مرۆڤه‌؟ یان بیركردنه‌وه‌یه‌؟ له‌ڕاستیدا پرسیاره‌كه‌ كه‌مێك ئاڵۆزه‌ و پێویستی به‌ ڕوونكردنه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یری مرۆڤ بكه‌ین دوو مێژووی هه‌یه‌، مێژووی یه‌كه‌میان مێژووی ژیانی واقعییه‌تی مێژوی گه‌وره‌بوون و قوتابخانه‌و شه‌ڕه‌كانی ناو كۆڵان و  چوونه‌ زانكۆ و…..تاد، كه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌م مێژووه‌ له‌ناو ده‌فته‌ری  فه‌رمانگه‌ و بڕوانامه‌كاندا تۆمار ده‌كرێت، به‌ڵام هاوشان به‌و مێژووه‌ مێژوویه‌كی دیكه‌ی هه‌یه‌ ئه‌ویش مێژووی ڕۆحه‌. مێژووی ئه‌و ئه‌زموونانه‌یه‌ ،كه‌ شاعیر پێیدا تێپه‌ڕده‌بێت، له‌هه‌ر قۆناغێكی ژیانیدا ئه‌زموونێكی دیكه‌ ده‌نووسێته‌وه‌ ،كه‌ زۆرجار شاعیر خۆی خۆی ناناسێته‌وه‌ به‌جۆرێك ده‌گۆڕێت له‌ پێشووی خۆی ناچێت. خودی ئه‌م ئه‌زموونانه‌ش واقیع سه‌نگی مه‌حه‌كیه‌تی، واته‌ له‌واقیعدا درۆ و ڕاستی به‌دیار ده‌كه‌وێت. به‌ڵام ئه‌زموونه‌كه‌ مێژووه‌كه‌یه‌ خودی ڕۆح نییه‌، واته‌ كاتێك شاعیر له‌ ئه‌زموونی منداڵیدا شیعر ده‌دۆزێته‌وه‌ تێگه‌یشتنه‌ له‌و ئه‌زموونه‌ به‌ جۆرێكی دیكه‌ شرۆڤه‌ و پێناسیه‌تی ،كه‌ ئه‌مه‌ش  بیركردنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌رهه‌م ده‌هێنێت، جا ئه‌م شرۆڤه‌ و پێناسه‌یه‌ له‌شیعردا به‌رجه‌سته‌ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مه‌ ڕۆحه‌كه‌ نییه‌. به‌ڵكو ڕێگه‌ی ڕۆشنبوونه‌وه‌ی ڕۆحه‌. واته‌ ئه‌زموونه‌كان و بیركردنه‌وه‌كان كاتێك له‌ وێكهاتنه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌ به‌رهه‌م دێن ،كه‌ شاعیر ئه‌زموونی كردووه‌، له‌ ژیانی واقیعیدا ته‌نیا ڕێگه‌یه‌و ڕێگه‌كه‌ش خودی شیعر خۆیه‌تی. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پێناسه‌یه‌كی ساده‌ی شیعر بكه‌ین، “شیعر وێستگه‌ی ده‌ربڕینی جیهانبینییه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ شرۆڤه‌ی ئه‌زموونه‌ واقیعی و ناوه‌كییه‌كانه‌وه‌ وه‌دی دێن”. هه‌موو ئه‌م ڕێگه‌یانه‌ به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ ده‌مانبه‌نه‌وه‌، ئه‌و ماڵه‌وه‌یه‌ی ،كه‌ ئێمه‌ ده‌زانین هه‌یه‌، به‌ڵام ناتوانین وه‌سفی بكه‌ین و له‌ نه‌خشه‌ی جوگرافیادا بیدۆزینه‌وه‌. نهێنی گه‌وره‌ی شیعر له‌ گه‌ڕان به‌ شوێن  ئه‌م ماڵه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت. 

(حه‌زناكه‌م له‌ شوێنێكی دووره‌ ده‌ست و ژیانێكی تردا بژیم

سه‌رم له‌سه‌ر كتێبی ڕووداوه‌كان هه‌ڵگرت

تیشكی چه‌تری ژوورم دره‌وشانده‌وه‌

ده‌رگای ماڵا

پێ و

ده‌ست و

دڵ و 

چاون

له‌گه‌ڵم دێن و ده‌ڕۆن

خۆم ده‌ده‌نه‌وه‌ ده‌ست و خورپه‌م پێ ده‌به‌خشنه‌وه‌

به‌هه‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ی ماڵ سه‌یری شارم كرد

ماڵێك ڕووناك به‌ ڕه‌نگی ژیان

ژیان گه‌رمایی ئه‌و هه‌نگاوه‌یه‌

به‌ره‌و لای تۆ هه‌ڵیده‌هێنم ئه‌ی ناوكی ڕووناكی)

 

ئه‌م ماڵه‌ش ماڵێكی دیكه‌ و ژیانێكی دیكه‌ و دوورگه‌یه‌كی دیكه‌ نییه‌، به‌ڵكو هه‌مان ماڵه‌ تاكه‌ شتێك ،كه‌ تێیدا ده‌رده‌كه‌وێت (ڕووناكییه‌) دڵێكه‌ ساده‌ و ساكار، ساكارانه‌ له‌ حه‌قیقه‌ت تێده‌گات و سادانه‌ باسی ده‌كات و گرێ و گۆڵی نییه‌. نهێنی نییه‌ ترسی ئاشكرابوونی خه‌وی لێ حه‌رام بكات، نهێنی ئه‌و به‌ناو ژیانیدا په‌رش بووه‌ته‌وه‌، ئه‌و نهێنییه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌ دڵێكه‌ ده‌ستی به‌رداوه‌ له‌و شتانه‌ش ،كه‌ نیه‌تی، ئه‌م  جۆره‌ له‌ شیعر ئه‌زموونی ژیانێكی عاریفانه‌ و سۆفیانه‌یه‌ ،كه‌ ئه‌مه‌ش دوو ته‌رز له‌ خۆ ده‌گرێت، یه‌كه‌میان: وه‌عیه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م ژیانه‌، دووه‌میان: ژیانه‌ له‌ناو ئه‌م ژیانه‌. ئه‌وه‌ی ژیان ده‌كات به‌م جۆره‌ واقیع شیعری راسته‌قینه‌یه‌تی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وه‌عی به‌م دڵه‌ هه‌یه‌ شیعر واقیعی ڕاسته‌قینه‌یه‌تی. ئه‌مه‌ش ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی شاعیره‌ ،كه‌ زمان ده‌كاته‌ ماڵی خۆی.

(ده‌چمه‌ ناو په‌ڕی گڤبووه‌وه‌ی كه‌ڵه‌باب له‌كاتی بانگدان

 بیر له‌ تۆ ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌ی كه‌سوكار و دره‌ختی بنه‌ماڵه‌م شیعر

 ده‌مه‌وێت له‌ناو ڕه‌گ و چڵ و پۆپتدا بمرم) 

كۆتایی شاعیر تراژیدیایه‌؟ چونكه‌ ده‌رگای شیعر و واقیع به‌ڕووی یه‌كتر داده‌خات و واقیع ده‌باته‌ ناو شیعره‌وه‌، به‌ڵام ده‌ترسێ شیعر بباته‌ ناو واقیعه‌وه‌. شاعیر شه‌هیدێكه‌ عاشق، بۆ ژیان  شه‌هید ده‌بێت و ژیانیش نابینێت بۆ عه‌شق ده‌سووتێ و عه‌شقیش ئه‌زموون ناكات، ئه‌و تراژیدیایه‌ چاره‌نووسی شاعیری داگیركردووه‌ و ناهێڵێت ئه‌و  ساده‌ییه‌ وه‌ك واقیع و ئه‌زموون په‌یڕه‌و بكات، به‌ڵكو شیعر هه‌ر بۆ خۆی قۆرخ ده‌كات و نایداته‌وه‌. 

شاعیریش هێنده‌ مه‌ستی ئه‌و ڕووناكییه‌یه‌ ،كه‌ بۆ ئه‌و شیعر ژیانه‌ و ئازاری ناو شیعر ئازاری واقیعه‌ و ساده‌یی ناو شیعر ساده‌یی ژیانه‌، دڵی شاعیر تازه‌ به‌لای شیعردا ڕوو وه‌ر گه‌ڕاوه‌ و ئه‌گه‌ر شیعری ڕازی كرد لای ئه‌و دڵی ڕازی بووه‌.

 

(له‌ناو دڵا و گیانی ئاسووده‌ییدا

ته‌نیا ڕێگه‌یه‌ك

ئاو و نانی له‌م  ده‌ست و ئه‌و ده‌ستدا داندراوه‌

ئاسانه‌ خۆتی له‌گه‌ڵا ئاشنا بكه‌یت

به‌ناویدا  وه‌ره‌ و له‌سه‌ره‌تایدا پشووێك بده‌) 

 

(به‌خشنده‌یه‌

به‌سه‌ر ڕێبوارانی دڵشكاو دابه‌شیان كه‌

كه‌ڵه‌كێوی له‌ چیاكان دێنه‌ خوارێ)

 

مه‌عریفه‌ی ڕێگه‌كه‌ هه‌نگاوه‌كانی شاعیره‌، كه‌ هێواش هێواش له‌ ماڵی ناو شیعر نزیك ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌زموونه‌ واقعیه‌كان یارمه‌تی ده‌ده‌ن ،كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ شیعردا پێی ده‌گات حه‌قیقه‌ته‌ یان وایانزانیوه‌  ،كه‌ هه‌قه‌. ته‌نكبوونه‌وه‌ی شاعیریش حیكایه‌تی دۆڕانه‌كانیه‌تی، هێنده‌ ده‌تۆرێ و هێنده‌ شكست ده‌هێنێت له‌ دۆزینه‌وه‌ی عه‌ردی خه‌ونه‌كانی  رۆژ به‌ڕۆژ شاعیر ته‌نك ده‌بێته‌وه‌. شیعریشی نووسینه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ونانه‌یه‌ ،كه‌ له‌ سه‌یری واقیعه‌وه‌ سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن یاخود تۆماركردنی حیكایه‌تی سه‌ربڕینی ئه‌و خه‌ونانه‌یه‌ ،كه‌ واقیع جێی بۆ ناكاته‌وه‌. بۆیه‌ شاعیر به‌ناچاری و دڵشكاوی شیعر وه‌ك ماڵی ڕاسته‌قینه‌ قبوڵ ده‌كات واقیع به‌درۆ و وه‌همێكی گه‌وره‌ ده‌زانێت به‌جۆرێك واقیع جێگه‌ی فێڵ و  كوشتن و درۆیه‌ و شاعیریش نامۆیه‌ به‌م جیهانه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ خۆی و جیهانه‌كه‌ی له‌ ماڵی شیعردا داده‌نیشێت و جیهان وێنا ده‌كاته‌وه‌. به‌م جۆره‌ شیعر مێژووی  ڕێگه‌كانه‌، حیكایه‌تی ئه‌و شاعیرانه‌یه‌ ،كه‌ به‌ره‌و ماڵی ڕووناكی ڕۆیشتوون. له‌ ڕێگه‌كاندا و  له‌ عیشقی گه‌یشتندا شیعر هاوه‌ڵی مرۆڤه‌. ماڵی ڕووناكی بۆ وه‌سف ده‌كات و به‌دڵ پێوانه‌ی ده‌كات.  وه‌عیه‌كه‌ به‌  ڕووناكی، هێزی ڕۆشنه‌، به‌ڵام كاتێك شاعیر ده‌گاته‌ جێ شیعر له‌ زماندا نامێنێت و زمان به‌جێده‌هێڵێت و له‌ فۆرمێكی دیكه‌دا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌ ،كه‌ فۆرمی زمان نییه‌، به‌ڵكو ته‌نیا ئاماژه‌یه‌ دڵ تێی ده‌گات و ئه‌م ئاماده‌ییه‌ش له‌ دڵه‌وه‌ بۆ زمان ناگوازرێته‌وه‌. هه‌وڵی عاریفه‌كان، هه‌وڵه‌ بۆ دروستكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌، هه‌وڵه‌ بۆ به‌ زمانهێنانی دڵ، به‌ڵام هه‌موویان تێیدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون و ناشبن. چونكه‌ ئه‌و (ناوكی ڕووناكییه‌ به‌ته‌نیا ناوی ده‌برێ، هه‌ر شاعیره‌و ناوێكی ده‌بێت (مه‌حوی) ده‌یكاته‌ (یار)، سه‌باح (نواڵه‌) و….. تاد، كه‌ شیعر  بۆ ناو دڵا په‌ڕییه‌وه‌ هێزی وه‌قسه‌هاتنی له‌ده‌ست ده‌دات. ئه‌وه‌شی  وه‌ده‌ست دێت دڵ نییه‌، (ناوكی ڕووناكی) نییه‌، ڕۆح نییه‌، خودا نییه‌. وڕێنه‌ی دوای عه‌شقی ئه‌وه‌، بۆیه‌ شیعر گه‌مه‌یه‌ و ڕاستیشه‌، وه‌همه‌ و واقیعه‌، درۆیه‌ و ڕاستییه‌ و هه‌یه‌ و نیشه‌. شاعیرانی به‌هه‌ق باربه‌ر و خزمه‌تكاری  ئه‌و ڕێگه‌یه‌ن، كه‌ ناشت باته‌ سه‌ر هیچ. ئه‌مه‌ عه‌شقی ڕاسته‌قینه‌یه‌ و تراژیدیای ژیانی شاعیره‌ و ره‌مه‌زه‌كان لێره‌دا له‌م ژیانه‌ سه‌راسبییه‌دا له‌ دایك ده‌بن ،كه‌ شاعیر خۆشی له‌ بوونی خۆی گومانی هه‌یه‌. هه‌موو ڕۆژێكی په‌شیمانی و ته‌نك بوونه‌وه‌یه‌، شیعر تلیاكی شاعیره‌.

تۆڵه‌سێنی  شیعر:

ئه‌گه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ بیر خۆمان بهێنینه‌وه‌ ،كه‌ شیعر له‌سه‌ر جیهانبینی شاعیر ده‌ژیت، ده‌بێت ئه‌وه‌شی بۆ زیاد بكه‌ین ،كه‌ شیعر به‌ دیوێكی دیكه‌یدا دۆخه‌كانی شاعیر ده‌نووسێته‌وه‌، جا ئه‌و دۆخانه‌ دۆخه‌ ڕۆحی و جه‌سته‌یی و ده‌روونییه‌كان بن، له‌و ساتانه‌دا ،كه‌ شیعر له‌ دایك ده‌بێت ئه‌و دۆخه‌ خواردنی ده‌داتَێت ،كه‌ وه‌ك بنه‌مایه‌ك ده‌بێته‌ چاوه‌ی ده‌سته‌واژه‌ و بیره‌كانیش. شیعر به‌ته‌نیا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵا ڕووناكی ناكات، یاخود مۆڵكی یه‌ك دۆخ و یه‌ك سه‌رچاوه‌ نییه‌. شیعر هه‌موو ڕۆژێك ڕۆژی له‌دایك بوونی خۆی نوێ ده‌كاته‌وه‌ هه‌میشه‌ له‌ شوێنه‌ جیا و له‌كاتی جیادا له‌دایك ده‌بێته‌وه‌، هاتنی شیعر چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌ نازانین كه‌ی دێت و كه‌ی ده‌ڕوات. نازانین كه‌ی ماڵی بوونه‌و كه‌ی ماڵی شه‌ڕ و كوشتار و خوێنه‌.

شیعر كاتێك وێنه‌ی جیهانێكی دیكه‌ وێنا ده‌كات هه‌روا سادانه‌ له‌م وێناكردنه‌دا مامه‌ڵه‌ ناكات. هه‌م بنیادنان هه‌یه‌، هه‌م تێكۆشان، هه‌م دڵنه‌واییه‌ هه‌م تۆڵه‌سێنه‌. گه‌وره‌ترین تۆڵه‌یه‌ك كه‌ ده‌كرێت له‌ شته‌كان شیعر ئه‌نجامی ده‌دات، چونكه‌ ده‌ست ده‌بات بۆ هه‌موو شته‌كان،  له‌م ده‌ستبردنه‌دا مێژووی ئه‌و شته‌ له‌به‌ر چاو ناگرێت، ئه‌وه‌ به‌هه‌ند وه‌رناگیرێت ئه‌م شته‌ چۆن هات و چۆن لێی ده‌ڕِوانن، ئایا پیرۆزه‌ یان قێزه‌وه‌نه‌. چونكه‌ شیعر وه‌ك یه‌كه‌م جار و به‌پێی ئه‌و دۆخه‌ی شاعیر مامه‌ڵه‌ ده‌كات، بۆیه‌ جیهانی شیعر جیهانی هارمۆنی شته‌كان و  جیهانی لێدانه‌ له‌ به‌هاكان و له‌ ماناكان و تۆڵه‌سێنه‌ له‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ڕۆژێك شاعیریان ئه‌زیه‌تداوه‌، یان تووشی سه‌رئێشه‌یان كردووه‌. هه‌موو ئه‌و ئازارانه‌ له‌ نه‌ستدا هه‌ڵده‌گیرین، هه‌تا ڕۆژێك وه‌ختی ئه‌وه‌ دێت ،كه‌ ئه‌م ئازاره‌ بكرێته‌ وشه‌ و وێنه‌ و ڕه‌مزێك  ،كه‌ شاعیر تێیدا ئارام بێته‌وه‌, به‌ڵام ئه‌مه‌ هه‌موو ڕێگه‌كه‌ نییه‌، دیوێكی دیكه‌ی ئه‌م ئازاره‌ هه‌یه‌ ،كه‌ چۆنیه‌تی ڕاسته‌قینه‌یی مامه‌ڵه‌یه‌ له‌م باره‌دا ئه‌ویش  ئه‌وه‌یه‌  شاعیر خۆش  بێت له‌ ئازاره‌كانی و مه‌سیحانه‌ بۆ خۆی ئازارنۆش بێت ‌و بۆ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی شادی هێن بێت.

 

چاكه‌یه‌كی زۆری شاعیره‌

مه‌نگۆلی و 

دڵڕه‌ش و

به‌دگۆ و

ده‌روونكلۆره‌كانم له‌سه‌ره‌

به‌وه‌ی زۆر گێچه‌ڵیان پێكردووم

له‌ گێچه‌ڵیانه‌وه‌ فێربووم به‌ ئه‌ده‌ب بیربكه‌مه‌وه‌

له‌وپه‌ڕی ساده‌ییشدا

بێباك بژیم و ئه‌ده‌ب بژێنم

ئاڵای سرووش و هه‌ناسه‌ی سییه‌كانی سروشت بم

واته‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ناشیرینییه‌وه‌ به‌ره‌و جوانی بڕۆیت، به‌جۆرێك: مرۆڤ  له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ته‌سلیمی واقیعه‌كه‌ بێت خۆی بگۆڕێت به‌جۆرێك ،كه‌ دڵی ده‌یه‌وێت. ئه‌م ئه‌زموونه‌ ئه‌زموونێكی ناوه‌كی دروسته‌. ئه‌زموونێكه‌ خۆی له‌سه‌ر ڕقی ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی بنیادنانێت و به‌پێی واقیعه‌كه‌ مامه‌ڵه‌ ناكات، به‌ڵكو به‌دڵی مامه‌ڵه‌ ده‌كات و شیعریش  هه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شاعیر برینداره‌ ناتوانێت به‌ ڕه‌هایی له‌ برینداركه‌ره‌كانی خۆش بێت. ئه‌مه‌ش خه‌سڵه‌تی مرۆڤه‌ ،كه‌ هه‌میشه‌ له‌ نێوان چاكه‌ و خراپه‌دا له‌ هاتوچۆدایه‌، ڕێبواره‌ و خه‌می گه‌یشتنی هه‌یه‌، به‌ڵام ،كه‌ ده‌شگات ئه‌وه‌نده‌ نامێنێته‌وه‌ جارێكی دیكه‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌. ده‌چێته‌وه‌ ناو هه‌مان ئازار ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ نهێنی به‌رده‌كه‌ی سیزیف بێت. به‌ڵام ئه‌مه‌ش دوا مه‌نزڵا نییه‌، كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌گه‌نه‌ دوا مه‌نزڵ و دوا نهێنی، وه‌ك ئه‌و په‌روانه‌ عاشقه‌ن ،كه‌ به‌ گڕی مۆم خۆی ده‌سووتێنێت و (وتن)تێیدا بێ مانا ده‌كه‌وێت و هه‌موو نهێنییه‌كان له‌ناو بێده‌نگیدا ده‌ڕۆن. بێده‌نگییه‌ك ،كه‌ ئاماژه‌یه‌ له‌نێوان شاعیر و مه‌عشوقدا. ناكرێت به‌ وشه‌ و ڕسته‌ و په‌یڤ، ئه‌وه‌ی ،كه‌  ده‌بێته‌ ڕسته‌ و په‌یڤ پاشماوه‌یه‌ و شاعیر به‌ حه‌قیقه‌تی ده‌زانێت.

 

(سه‌رێك كه‌وته‌ ناو چاڵێكه‌وه‌

ده‌زگای ڕاگه‌یاندنیش ڕۆژنامه‌ی پاڵه‌وانه‌ مه‌قه‌باكان بڵاوده‌كاته‌وه‌

 مه‌شق ده‌كه‌م تا ببم به‌هه‌ڵۆ

به‌چڕنووكم هه‌موو ڕۆژنامه‌كان بدڕێنم  و جیڕ به‌ جیڕیان بكه‌م 

پاشان ببم به‌ ژه‌نگی چاوی ده‌عبا

ئامێری چاپخانه‌كان  بۆ تاهه‌تایه‌ له‌ كار بخه‌م)

شاعیر هه‌رچه‌نده‌ به‌ره‌و ڕۆح بڕوات ده‌روونی لێی نابێته‌وه‌ به‌ ئازاره‌كانی خۆی ژوانی شاعیر و ڕۆح ئاڵۆز ده‌كات و جارێكی دیكه‌ به‌ واقیعه‌وه‌ ده‌یبه‌ستێت، كه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ش هه‌بوو مرۆڤ زۆر كه‌می وه‌چنگ ده‌كه‌وێت له‌پێی بڕینه‌كانی ڕۆح، چونكه‌ ئاگایی به‌ته‌واوه‌تی به‌ ئاگانییه‌. به‌ڵكو به‌شێكی له‌یاده‌وه‌ریدایه‌ و رابردوو  وه‌ك تارمایی شاعیر ده‌گیرده‌كات. بۆیه‌ شیعر وه‌ك تۆڵه‌سێن دێته‌ مه‌یدان، چونكه‌ شاعیر ناتوانێت به‌زه‌یی به‌خۆیدا نه‌یه‌ته‌وه‌و له‌ ئازاره‌كانی خۆش بێت. 

شیعر ماڵی هه‌زار ده‌رگا:

شیعر ئه‌و مه‌له‌یه‌ هێلانه‌ی نییه‌، تا دابنیشێت و چاوه‌ڕِێی مردن بكات،  شیعر ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌یه‌ مردنی نییه‌ تا بنێژرێت شیعر به‌ ڕه‌مزی ده‌مرێت، به‌ڵام به‌ واقیع زیندوو ده‌بێته‌وه‌. بۆیه‌ شیعر فره‌ ڕه‌هه‌ند و فره‌ ڕه‌نگ و فره‌ ژیانه‌. وه‌ك ئامێرێك نییه‌ بۆ یه‌ك مه‌به‌ست و له‌یه‌ك شوێندا مانای هه‌بێت. شیعر فره‌ مه‌به‌ست  و فره‌ شوێنه‌. واته‌ ئه‌گه‌ر قه‌ڵه‌م ته‌نیا بۆ نووسین به‌كاربێت و كاتی نووسین مانای هه‌بێت. ئه‌وا شیعر كات و مه‌به‌ستی بۆ نییه‌، چونكه‌ شیعر خۆی له‌واقیعدا ناژیت. ئه‌وه‌شی له‌واقیعدا نه‌ژیت هه‌لی مانه‌وه‌ی زیاتره‌ له‌وه‌ی له‌ واقیعدا هه‌یه‌ و له‌ فۆرمێكی دیاریكراودا به‌رجه‌سته‌یه‌. هه‌موو ئه‌و شیعرانه‌ی شاعیران نووسیویانه‌ خودی شیعر نییه‌، واته‌ وزه‌ شاراوه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكو فۆرمێكی وزه‌یه‌كه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ڵێین میوه‌ چییه‌؟ بڵێین هه‌نار و سێو…..تاد، به‌ڵام هه‌موویان میوه‌ پێك ناهێنن، چونكه‌ ئێمه‌ نازانین سروشت و چ میوه‌یه‌كی دیی له‌هه‌ناودا هه‌ڵگرتووه‌. بۆیه‌ شاعیران نازانن كۆتایی چییه‌. له‌ناو هه‌موو كۆتاییه‌كدا سه‌ره‌تایه‌ك ده‌دۆزنه‌وه‌، له‌ناو هه‌موو دابڕانێكدا سوسه‌ی پێكگه‌یشتن ده‌كه‌ن. بۆیه‌ هیچ شاعیرێك: ناتوانێت به‌ ته‌نیا شیعر كه‌وی بكات، یان شیعر هی ئه‌و بێت. شیعر به‌م فره‌ ڕه‌هه‌ندییه‌ی هی گه‌له‌ و نه‌ك هه‌ر یه‌ك مانای نییه‌، به‌ڵكو توانای به‌خشینی مانا و وه‌زیفه‌ی دیكه‌یشی به‌هه‌موو شته‌ زه‌مینی و واقیعه‌كان هه‌یه‌، واته‌ ده‌توانێت شێر بكاته‌ قوتابی و قوتابیش بكاته‌ شێر و سه‌رۆك بكات به‌ په‌ڕۆ و شاعیریش بكاته‌ جنۆكه‌، شیعر هێزی مانای به‌خشینی هه‌یه‌. “شیعر له‌ كرۆكی خۆیدا پرۆسه‌ی مانابه‌خشینه‌ به‌شته‌كان” شیعر له‌ جه‌وهه‌ردا ئاماده‌بوونه‌ له‌ هه‌موو كاته‌كاندا، به‌ڵام له‌یه‌ك كاتیشدا پێ ده‌خاته‌ ناو شوێنه‌  جیاوازه‌كان. به‌هه‌مان شێوه‌ له‌یه‌ك كات و ساتدا ئه‌گه‌ر بڕۆینه‌ ناو مێژووه‌وه‌ شیعر له‌وێوه‌ هه‌مان كات هه‌واڵی بپرسین له‌ ئاینده‌ ده‌ڵێت لای منه‌ و ئێستاش هه‌مان وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌، شیعر جنۆكه‌یه‌كی هه‌زار شێوه‌یه‌ و خۆی به‌ شوێن و جێگه‌كاندا بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

 

(بۆ لای ماڵی تۆ هاتم ڕێگه‌یان لێگرتم

چۆرته‌ و چه‌ته‌كان به‌یانتوانی چ بكه‌ین

دڵم ڕێگه‌ی خۆی هه‌بوو

سوپاس بۆ ئه‌و دڵه‌ی خۆم

هه‌زار ڕێگه‌ی هه‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ناوكی ڕووناكی 

نایه‌ڵێت دڵشكاو بم

به‌و جۆره‌ی كه‌ هه‌ی ده‌تناسم

ناشكرێت ئاشنای كه‌سێكی تر بم

ناشبمه‌ براده‌ری كه‌سێك كه‌ بمرێ

دنیا ناوچه‌وانی لێڵه‌

له‌ناو خه‌رمانه‌ی پیرۆزیه‌تی به‌خێرهاتنت ده‌كه‌ین)

 

چۆن دڵی مرۆڤ هه‌ر ڕۆژه‌ و هۆگری شتێكه‌ و هه‌ر جاره‌ و له‌سه‌ر بڕوایه‌ك پێ داده‌نێت. شیعریش به‌ شوێن براده‌ری هاو خاسیه‌تی خۆیدا ده‌گه‌ڕێت، چونكه‌ (دڵا ـ قلب) قابیلی  قڵپ بوونه‌وه‌یه‌ و تووشی خۆگۆڕین ده‌بێت. هه‌ر ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌شه‌ وا ده‌كات شاعیر ئیراده‌ی هه‌بێت و كاتێك قاڵبێك گرتییه‌ خۆی تێكی بشكێنێت و ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ وه‌لانێ‌ ،كه‌ خۆشیشی لێ دیبێت. هه‌روه‌ها ئیراده‌ی هه‌یه‌ تاریكییه‌كان تاقی بكاته‌وه‌ به‌ خه‌یاڵی گه‌یشتن به‌ ڕووناكی، دڵا و شیعر له‌یه‌ك ده‌چن هه‌ردووكیان پیر ده‌بن و گه‌نج ده‌بنه‌وه‌ هۆگر ده‌بن و قسه‌ ده‌كه‌ن، عاشق ده‌بن و ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌، شه‌ڕ ده‌كه‌ن و ئاشتی به‌رپا ده‌كه‌ن. شاعیری چاك و شیعر دۆست، له‌ دڵدا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵا شیعر ده‌كات، چونكه‌ دواجار لێكچووه‌كان پێكه‌وه‌ كۆده‌بنه‌وه‌، هێنده‌ نزیك ده‌بنه‌وه‌ ڕه‌نگی یه‌كده‌گرن، یان ده‌چنه‌ ناو یه‌ك و له‌یه‌كتردا ده‌توێنه‌وه‌، هه‌م دڵا ده‌بێت به‌ شیعر و شیعریش ده‌بێت به‌ دڵی شاعیر. شیعر ئه‌و ڕووناكییه‌یه‌ تاریكی دنیا ڕاو ده‌نێت، شیعر ئه‌و ڕوونیه‌یه‌ لێڵی دنیا وه‌ك دژی خۆی ده‌ناسێنێت. شیعر ،كه‌ شتێكی گوت ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت ،كه‌ ئه‌و شته‌ نیه‌تی. بۆیه‌ شیعر له‌م ساتانه‌دا كۆمه‌كی فیكر ده‌كات، چونكه‌ وه‌ك فه‌لسه‌فه‌ مه‌عریفه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێ شیعر فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ئه‌فلام كارتۆنییه‌، مه‌عریفه‌یه‌كی گاڵته‌ ئامێزه‌. كرۆكه‌ له‌ڕووخساردا و ڕووخساره‌ له‌كرۆكدا. 

 

   پێشڕه‌و عه‌بدوڵڵا

   ته‌ممووزی  2013  هه‌ولێر

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.